Skip to Content

لە دەفتەری بیرەوەریی رۆژانەوە-36- ستیڤان شەمزینی

لە دەفتەری بیرەوەریی رۆژانەوە-36- ستیڤان شەمزینی

Closed
by شوبات 7, 2022 General

فلاشباک


بەشی سی و شەش

هیچ کاتم بە فیڕۆ نەداوە، دوو مانگ و نۆ رۆژە، هەمووی شەش جار لە ماڵ چوومەتە دەرەوە. تەنیا ئەخوێنمەوە، هەر کتێبێکیش ئەخوێنمەوە تێبینی خۆمی لەسەر ئەنووسم، زۆر خۆشحاڵم لەم کەشە بێدەنگەدا کارم تەنها گەڕانە بەناو جیهانی پڕ فەنتازیای کتێبەکان، هەرچی بێتە بەردەستم ئەیخوێنمەوە، لەبەریشەوە شت ئەنووسم، بەڵام دوایی لێی پەشیمان ئەبمەوە، لە ماوەی دوو هەفتەدا، دوو نووسینی کورتم نووسی، دیسان لە ژێر کاریگەریی “زەردەشت وەهای گوت”ی نیتشە، یەکەمیان بە ناوی “مەنەلۆج” کە بەمشێوەیە نووسیوومە:
*زۆر دەمێکە دەزانم هەموو بەهاکان جگە لە وەهم شتێکی زیاتر نین، بەڵام تازە دانیپێدادەنێم.
*لە نێوان ئەو و مندا، خۆم ون کردووە، ئیدی دۆزینەوەی خۆم بووە بە ئەرکێکی زۆر مەحاڵ.
*رقم لە هیچ مرۆڤێک نییە، چوونکە هیچ شتێک ئەوەندە بە گرنگ نابینم بەهۆیەوە رقم لە مرۆڤ بێت.
*ئازاری من لەبەرئەوە نییە ناگەم بە خۆزگەکانم، ئازاری من لەبەرئەوەیە خۆزگەم نەماوە.
*شەو بە دۆستی خۆم دەزانم، چوونکە یارمەتیم دەدات تێر تێر بە بیرۆکە ساکارەکانم پێبکەنم.
*یەکەمجار کە خۆم بۆ هەمیشە بزر کرد، ئەو چرکەساتە بوو پێیانووتم ئیدی خۆت بناسە.
*لە نێوان نیتشە و مارکس دا، هیچ خاڵێکی هاوبەش بەدی ناکەم، جگە لە خودی خۆم.
*لە بەرزایی دەترسم، ئەمە گرێیەکی سایکۆلۆجی نییە، بەڵکو ترسێکە لە کوشندەیی هەقیقەت.
*وەختێک کتێب دەخوێنمەوە، دوو دیمەن بە چارەنووسم دەزانم، مەرگێکی لۆرکایی یان ژیانێکی دۆنکیشۆتی.
*یەکەمجار بە شێوەیەکی گاڵتەئامێز ئەوم خۆشویست، پاشتر بە تراجیدیا دەستبەرداری بووم.
دووەم نووسینیش لە ژێر ناونیشانی “رازەکانی شێتی”یە کە ئەویشم بەمجۆرە لە چەند دێڕێکدا داڕشتۆتەوە:
*یاخیبوون لە ناو خوێنمدا هاتوچۆ دەکات، خوێنم لە ناو یاخیبووندا هاتوچۆ دەکات.
*ئەگەر منت بینی و فرمێسکت لەسەر رووخسارم نەبینی، گوومان لە چاوەکانت بکە.
*مردن قۆناغێکە لە قۆناغەکانی ژیان، ژیان قۆناغێکە لە قۆناغەکانی مردن.
*تاراوگە ئەو شوێنەیە تۆی لێ نیت، نیشتمان ئەو شوێنەیە کە منی لێم.
*کزەی با، جوانترین قەسیدەم بۆ دەخوێنێتەوە وەختێک گەمە بە تاڵە قژەکانت دەکا.
*فەلسەفە درۆیەکی جوان و قەشەنگە، منیش ئارەزووی درۆکردنم زۆرە.
*لە رەشایی چاوەکانتدا چارەنووسم دەبینم، لە سەوزایی چاومدا بەهاری خۆت ببینە.
*عەشق پاسپۆرتێکی جیهانییە، عاشقیش شێتێکی نێودەوڵەتی.
*بەوە پێدەکەنم گشت پێکەنینەکانم درۆ بوون، چوونکە من نەوەی فرمێسکم.
رۆژانە لەگەڵ خوێندنەوە، ئەلکهول و جگەرەشم زیاد کردووە، ژیان خۆی کورتە، من یارمەتی ئەدەم زیاتر کورت بێتەوە. خەریکە لە حزبایەتی و سیاسەت دێمە دەرەوە، ئەزانم راکردن لە سیاسەت باش نییە، بەڵام لەگەڵ سروشتی کەسێکی وەک من یەکناگرێتەوە. ئاخر من و سیاسەت زۆر بە یەکتر نامۆین، ئەگەرچی چەندان ساڵ لە تەمەنی خۆم لە سیاسەت بەفیڕۆ داوە، ژ بەرئەوەی لای من دوالیزمی ئەخلاق و سیاسەت دوو پێدراوی جیاواز نەبوون بەڵکو پێکەوە بەسترابوون، تەنیا ناکامبوونم بۆ ماوەتەوە!. نازانم من راستم کرد یان دوای نیکۆڵۆ مەکیاڤیللی و کتێبی میر، سیاسەت لەهەر جۆرە ئاکارێک داڕنراوە؟!. من هەنووکە سەرقاڵی ئەوەم وەڵامێکم بۆ ئەو پرسیارە چنگ بکەوێت.
ئەگەرچی هیچ کەسێک لە ژیانمدا نییە، کچگەلێکی زۆریش بە چواردەورمەوەن، بەڵام تێکشکانم لە عەشقی یەکەم رۆحی کردووم بە خەرابستان، هەست ئەکەم زەمەنی دێوانەکان گوزەشت، ئەوەی ئێستا تەحەکوم بە جیهانەوە ئەکات قەحپەیەکی وەک پارەیە. لەو رۆژانەش کچێکی هاوڕێم بە ئیمەیل بۆی نوسیبووم “خۆشم ئەوێی” بەداخەوە هەستیم ورد و خاش کرد، بەڵام نەمویست درۆی لەگەڵ بکەم، لەوەڵامدا دوو تراکت شیعری خۆم بۆ نوسیبوو:
هاوڕێ نازدارەکەم، رۆژگارێکە
عەشق بەرماوەی سۆزانیخانەکان و
عاشقیش دۆڕاوێکی گەدای بێ ناونیشانە


ئەمەیە قەدەری ئەشق:
هیچ کات و هیچ رێگەیەک
ئاشق و مەعشووق بە یەکتر ناگەیەنێ ***
15-6-2001

تێبینی: ئەم بەشە لە لاپەڕە 122-126 کتێبی “فلاشباک”چاپ و بڵاوکراوەتەوە. کتێبەکەش لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٧ چاپ بووە.

Previous
Next
Kurdish