Skip to Content

خوێندنەوەیەک بۆ ئیستاتیکا.. عەبدوڵا سڵێمان ( مەشخەڵ)

خوێندنەوەیەک بۆ ئیستاتیکا.. عەبدوڵا سڵێمان ( مەشخەڵ)

Closed
by ئه‌یلول 18, 2023 General, Literature


بەرەو ئاراستەی بەهێزکردنی ئیستاتیکای مارکسیزم


ئیستاتیکا چییە؟
مانای بنەڕەتی ئیستاتیکا لە یۆنانییە کۆنەکانەوە وەرگێراوە و مەبەست لێی زانستی پەیوەست بە هەستەکانە، دواتریش وەک لقێکی تایبەت بە هەست و ویژدان بینیویانە. زانستی ئیستاتیکا، زانستێکی نوێیە بەڵام مێژوویەکی دوور و درێژی لەڕامانی فەلسەفی دەربارەی جوانی و هونەر لەپشتەوە وەستاوە. (ئیستاتیکا بەکۆی ئەو شتە هەبووهەست پێکراوە چێژ بەخشانە دەگوترێ کە دیمەنی شتە جوانەکان پێکی دەهێنن،کە جوانی دوو چەشن لەخۆ دەگرێت لەوانە(جوانی سروشت،جوانی کاری هونەری(١) هەر لە کۆنەوە فەیلەسوفان باسیان لە جوانی کردووە و جوانی جێی بایەخ و سەرنجیان بووە. هەر بۆیەش) ئیستاتیکا لقێک و بەشێکی گرنگی فەلسەفەیە. ئەم وشەیە واتا ئیستاتیکا،لەبنچەدا بەواتای هەست وسۆز دێت کە لەناوەڕۆکدا باسی جوانی و بەهاکانی جوانی و چێژ و پێوەرەکانی جوانی و ڕێژەکەی دەکات، بەهۆی ئەو بایەخ و گرنگە زۆرەی کە هەیەتی لەکایەی ژیانی مرۆڤدا ،بەردەوام فەیلەسوفان وبیرمەندان لەقۆناغە جیا جیاکانی مێژووی مرۆڤایەتیدا گفتوگۆوبۆچوون وڕەئی جیاوازی لەسەر گوتووە و باس و شڕۆڤە کراوە.)(٢)ئیستاتیکا بوارێکی تیئوری پڕ بایەخە کە بەڕۆڵی خۆی بایەخ بە سروشتی جوانی و هونەر و چێژ و داهێنان و خەمڵاندنی جوانی دەدات. ئەفلاتون (٤٢٧ پ ز – ٣٤٧ پ ز) چونکە پێیوابوو هونەر لاسایی سروشت دەکاتەوە، بۆیە هەڵوێستی ئەفلاتون سەبارەت بە ئیستاتیکا نەرێتی بووە. بەبۆچوونی ئەفلاتۆن دەبێت جوانی لەسەر بنەمای خۆشەویستییەک بێت کە هەستی بەرژەوەندیخوازانەیی تێدا باڵادەست نەبێت. بۆ نموونە خۆشەویستی پیاو بۆ ژن ناکرێت ناوی لێبنێ خۆشەویستیکی جوان وڕاستەقینە ئەگەر لەسەر بنچینەی چێژی سێکسی بنیات نرابێت،کەلە جوانێکی کاتییدا خۆی وێنادەکات. بەتێڕوانینی ئەفلاتۆن و تەنانەت ڤیساغۆرسیش (موزیک)بەجوانترین بابەتی ئیستاتیکا دادەنرێت. هەرچی ئەرستۆیە (٣٨٤ پز – ٣٢٢ پ ز ) بەگرنگی دەزانێت جیاوازی بکرێت لەنێوان جوانی ڕاستەقینە و جوانی کاتیی، کەپێوایە جوانی کاتیی شتێکی سنووردارانەیە،ئەگەر لەسەر بنەمای هەستی بەرژەوەندی خوازانەبێت.(٣)
کەچی هیگڵ (١٧٧٠ – ١٨٣١) کە یەکێک بوو لە گەورە فەیلەسوفەکانی مێژوو؛ تێکۆشاوە دیاردە کۆمەڵایەتییەکان بە هونەریشەوە لە میانی میتۆدی دیالەکتیکی بێئەوەی توخمە کۆمەڵایەتییەکان لەیەکتر جیا بکاتەوە، شیبکاتەوە.(٤) چەمکی زانستی ئیستاتیکا وەک لقێکی فەلسەفە بۆ یەکەمین جار لەلایەن فەیلەسوفی ئەڵمانی ئەلکسەندەر بومگارتن (١٧١٤ – ١٧٦٢) لەسەدەی هەژدەهەم بەکارهاتووە. ئیستاتیکا بەگشتی سەروکاری لەگەڵ سروشت وجوانی و چێژ و هونەر هەیە. زۆربەی لێکۆڵەرەوانیش کۆکن لەسەر ئەوەی کە ئیستاتیکا خوێندنەوەیەکی ڕەخنەگرانەیە بۆ سروشت و ڕۆشنبیری و هونەر. بەوپێیەی هەمیشە تێکەڵییەک لەنێوان هونەر و جوانیدا دەکرێت، هەرچەندەش زۆر نزیکن لەیەکەوە، بەڵام جیاوازیشن بەتایبەتی لە بوارە هەستیی و ویژدانییەکان. ئیستاتیکا هەست نییە بەڵام زیاتر پەیوەستە بە کارە ویژدانی و هەستەوەرەکانی مرۆڤ. هەرچی هونەرە خوڵقاندن و دووبارە خولقاندنەوەی مادە هەستپێکراوەکانە وەک تابلۆی هونەری یان پەیکەرێک، یان شیعر و پارچە مۆسیقایەک.(٥). بەڵام دیارە ئیستاتیکا نەک هەر وەکو چەمک نامێنێتەوە، بەڵکو لە کۆمەڵگە چینایەتییەکان؛ ئەویش وەکو ئەدەب و هونەر و زانست و هەر چالاکییەکی ئینسانیی ناکەوێتە ئەودیو کێشە چینایەتییەکانەوە. بۆیە لەکۆمەڵگە چینایەتییەکان ، چینی فەرمانڕەوا مۆرکی بەرژەوەندی چینایەتی خۆی دەدات لەهەموو ڕووداو و دیاردەیەک لە کۆمەڵگە. بەوپێیەی زانست و فەلسەفە تا کۆتایی سەدەی نۆزدەهەم لە لێکدانەوە و خوێندنەوەکانیاندا چەمکی ئیستاتیکایان لەبەرژەوەندی بۆرژوازی لێکداوەتەوە. لەگەڵ هاتنەمەیدانی مارکسیزم وەک زانستی ڕزگاریبەخشی چینی کرێکار لەستەمی سەرمایەداری، ئیتر مێژووی لێکدانەوە و خوێندنەوەی چینایەتی لە کۆمەڵگەی سەرمایەداری گۆرانی بەسەردا هات. خوێندنەوەی مارکسیستانە بۆ ئەدەب و هونەر و ئیستاتیکا شوێنێکی گرنگی لە مێژووی خوێندنەوەکان گرت. بەڵام تا سەرەتای سەدەی بیستەم ئەم زانستە نەیتوانی شکڵ و شێوە بەخۆی بدات و بنەماکانی خۆی دیاری بکات و بچەسپێت.

ئیستاتیکا لەڕوانگەی مارکسیزمەوە
مێژووی سەرهەڵدانی ئیستاتیکا دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای پەیدابوون و پەرەسەندنی فەلسەفە و هونەر. گەرچی مێژووی هونەر لە مـێژووی فەلسەفە کۆنترە، بەڵام فەلسەفە توانی ببێتە سەرزەمینی قسەکردن لەسەر جوانناسی. وەک دەزانرێت بەرهەمە ئەدەبیی و هونەرییەکانیش زادەی هەلومەرجێکی کۆمەڵایەتی و ئابووری دیاریکراون لە کۆمەڵگەدا. واتە ئەو بەرهەمانە ڕووداوگەلێکن لەپەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانەوە لەدایک دەبن. ئەم بەرهەمە ئەدەبی و هونەرییانە گوزارشتن لە هەست و سۆزی ئینسانەکان کە نەک بەشێوەیەکی ئەبستراکتانە، بەڵکو کۆمەڵایەتییانە و هونەرییانە داڕێژراون و نمایش دەکرێن. جوانناسی مارکسیستی یان ئیستاتیکای مارکسیزم وەک یەکێک لە ڕەهەندە ڕەخنەییەکانی ئەدەبی مارکسیستی بناغەکەی دەگەڕێتەوە بۆ تێگەیشتنی مارکسیستانە بۆ دەق و کۆمەڵگە. چونکە ئیستاتیکای مارکسیزم لەسەر بنەمای مێژوویی شێوازەکانی موڵکایەتی و چینەکان و ئایدیۆژۆژییەکانیان دەجووڵێ و مارکس وای دەبینێ کە هونەر شێوەیەکە لەشێوەکانی نوێنەرایەتی جیهان. ئەمەش واتە هونەر دەروازەیەکە، هۆکارێکی مەعریفییە،پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتییە، چەکێکی چینایەتییە، دەوڵەمەندکردنی ئینسانییەتە، کارێکی هۆشیارییە و لەکۆتایشدا ئاوێنەی کۆمەڵگەیە. (٦)هەورەها وەک بلیخانۆف ئاماژەی پێدەدا مارکس (١٨١٨ – ١٨٨٣) پێیوابوو ئیستاتیکای هیگڵیی، هەنگاوێکی گەورە بوو بۆ پێشەوە بۆ تێگەیشتن لە ماهییەتی هونەر و مێژووەکەی. هەرچەندە مارکس هەرگیز وەک بابەتیکی سەربەخۆ باسی لە ئیستاتیکا نەکردووە، بەڵام لێکۆڵەرەوان و ڕەخنەگرانی مارکسیست هەر زوو سەرنجیان چۆتە سەر ئەم مەسەلەیە و دواتریش لەسەر دەستی گیورگی بلیخانۆف و بلینیسکی و تشیرنیفیسکی و برتۆڵد برێشت و جۆرج لۆکاش و هێربێرت مارکۆزە و واڵتەر بنیامین و ئەنتۆنی گرامشی و تێری ئیگڵتن و لویس ئاڵتوسێر تا دەگات بە ڕۆلان بارت و زۆر ئەدیب و هونەرمەندی تری ئەو زانستە، بناغەکەی داڕێژرا و پەرەی پێدرا. بلیخانۆف لە ساڵی ١٩١٢ لە کتێبی ( هونەر و ژیانی کۆمەڵایەتی) کەوتە ڕەتکردنەوەی هەر بیروبۆچوونێک سەبارەت بە دابڕانی هونەر و ژیان. بلیخانۆف دەڵێت( هەرئەوەندە بەس نییە بڵێین ئەدەب و هونەر وێنای ژیان دەکەن، بەڵکو دەبێت بزانین هونەر چۆن گوزارشت لە ژیان دەکات و چۆن لە جووڵەی دیالەکتیکی ژیان تێدەگات.)(٧) ئیستاتیکای مارکسیزم و تیئورییەکەی پشتبەستوو بە تێڕوانینەکانی کارڵ مارکس داڕێژراوە و کاری ئەو خوێندنەوەی دەق و هونەرە لەسەر بنەمای ماتریالیزمی دیالەکتیک. بەتایبەتیش ئەو بابەتانەی کە پەیوەستن بە چێژ و جوانی و هونەر. تێگەیشتن لە ئیستاتیکای مارکسیزم تێگەیشتنە لە ئاستی گەشەی کۆمەڵگە و هێزەکانی بەرهەمهێنان و پەیوەستکردنەوەی ئەو تێگەیشتنە بە دەق و کارە هونەرییەکان و لەوێشەوە خوێندنەوەی دەق و نووسەر و ئیلتزامی چینایەتییە. مارکس و ئەنگڵس پێیانوابوو کە هەموو چالاکییەکی کردەیی ماددی ئینسانی، دیوێکی ئیستاتیکای هەیە. پەیوەندی نێوان ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی و ئیستاتیکای مارکسیزم، پەیوەندییەکی تووند و تۆڵە و ڕەخنە مارکسیستی بەبێ ئەم چەکە مەعریفییە کاریگەرە ناتوانێت زۆر بەباشی بچێتە پێشەوە و ئامانجەکانی بپێکێت. جەوهەری زانستی ئیستاتیکای مارکسیزم خولانەوەیە بەدەوری ئەو ناوەندە مەزنەی کە ناوەڕۆکی دەقە ئەدەبییەکەی لەسەر بنیاد نراوە کە ئەویش ئینسانە. دەق لە فیکری ئینسانی پێکدێت. دەق بێ فکری ئینسانی، وەک بلینسکی دەڵێت دەقێکی بێ گیان و مردووە. پێچەوانەی تێڕوانینی ئەدەبی بۆرژوازی بۆ ئیستاتیکا کە فۆکس لەسەر فۆرم و شێوە دەکاتەوە، ئیستاتیکای مارکسیزم جەغد لەسەر ئیلتزامی چینایەتی دەکاتەوە و تەوەری سەرەکی ئیشکردنی، دیاریکردنی ڕۆڵی ئینسانە لە ململانێی چینایەتییەکان.
ئیستاتیکای مارکسیزم تیئۆرییەکە لە جوانناسی، لەسەر تیئۆرییەکانی کارل مارکس بنیادنراوە. ئەم زانستە پشت بە میتۆدی ماتریالیزمی دیالەکتیک دەبەستێت بۆ چەسپاندنی تێڕوانینی مارکسیزم لە بواری ڕۆشنبیری و بەتایبەتیش لە بوارەکانی پەیوست بە هونەری و جوانی. هەلومەرجە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان بەتایبەتیش پەیوەندییە چینایەتییەکان گاریگەرییان هەیە بەسەر هەموو لایەنەکانی ژیانی تاک لە کۆمەڵگە. لێکۆڵینەوەی ئیستاتیکیی لەڕوانگەی ماتریاڵیزمی مێژووییەوە لەهەر بەرهەمێکی ئەدەبی یان هونەری سەرەتا بەبێ تێگەیشتن لە مارکسیزم ناتوانێت ئامانجی خۆی بپێکێت. بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوەی ئیستاتیکی مارکسیستی بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، دەبێت نووسەر دەق وردبکاتەوە بەسەر چێژ و خەیاڵ و زمان و فۆرم و پەیوەندی دەق بە کۆمەڵگە و هەورەها جێوشوێنی دەق لە ململانێی چینایەتیدا. بەمجۆرە زانستی ئیستاتیکای مارکسیزم (زانستێکە لەو یاسا و پەیوەندییە ئیستاتیکییانە دەکۆڵێتەوە کە ئینسان بە جیهانی دەوروبەرەوە دەبەستێتەوە.)(٨)

ئیستاتیکای مارکسیزم و ئەدەبی کوردیدا
ئەدەبی کوردی گەلێ بایەخی بە ئیستایکا و مەسەلە جوانییەکانی دەق و داهێنان داوە. بەڵام بایەخی بە ئیستاتیکای مارکسیزم نەک بەپێی پێویست نەداوە، بەڵکوو لە چوار دەیەی ڕابردوودا سەرباری هەوڵەکانی بزووتنەوەی ئەدەب و هونەری پێشکەوتووخوازی و کرێکاریی لە کوردستان، کەچی بەتەواوەتی هەست بە کاڵبوونەوەی دەکەین. (٩) جێی خۆیەتی لێرەدا ئاماژە بەوە بکەین کە چێژ و چەشەی ئەدەبی و جوانناسی و ئیستاتیکا و گەلێ تایتڵی تر دەبنە چەتری دەیان نووسین و وتار جیددی بەزمانی کوردی کە سەرجەمیان لەدیدگای جیاجیای ئەدەبییەوە سەبارەت بەو کایە گرنگەی ئیستاتیکا، بەڵام لە دیدگای غەیرە مارکسیستییەوە نووسراون،(١٠) لەکاتێکدا دەبوایە ئیستاتیکای مارکسیزم بەتایبەت لەلای نووسەران و ئەدیبانی کرێکاریی و مارکسیستی بێی بایەخ و بوایە و دیان وتار و سەدان ڕەخنەی ئەدەبییان لێهەڵبهێنجایە. بەهەرحاڵ واقیعی ئەم دۆخە و لاوازی ئەم ڕەوتە ئەدەبییە کرێکارییە هۆکارێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی قەتیسبوون و گەشەنەکردنی ئیستاتیکای مارکسیزم کە بایەخدان بەم پرسە خەمی جەوهەری بزووتنەوەی ئەدەبی کوردی نییە. ئەو خەمە، خەمی لێکۆڵەرەوان و ڕەخنەگرانی مارکسیستییە تا بتوانن لەسەر هەمان ڕێچکەی بیرمەندانی مارکسیستی برەو بەو پرسە بدەن.
یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئاوڕنەدانەوە لەم بزواتە و ئیشنەکردن لەسەری بریتییە لە پاشەکشەی کۆمۆنیزم و مارکسیزم و هەروەها چینی کرێکاری کوردستان لە گۆرەپانی ململانێیە چینایەتییەکان. کاریگەری ئەم پاشەکشێیە نە تەنها بەسەر ئەدەبیاتی کرێکارییەوە دیارە، بەڵکو زۆر سەخت و گورجکبڕانە بەسەر واقیعی ژیانی خەڵکی ستەمدیدەی کوردستانەوە شکاوەتەوە. خەڵکی کوردستان بەهۆی ئەم پاشەکشێیە و هەم لەڕووی ئابوورییە و لەدۆخێکی سەختدا ژیان بەسەر دەبەن و هەمیش لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە چەند دەیە گەڕێنراوەتە دواوە. ئەم دواکەوتنە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەی خەڵکی بەشمەینەتی کوردستان ڕاستەوخۆ کاریگەری هەیە بەسەر زەوق و چەشە و هەستە چینایەتییەکان. ئەو جوانییەی کە ئینسانێک لە دۆخێکی ئاسایی و ژیاریدا دەیبینێت، جوانتر و ئیستاتیکیترە لە هەمان جوانی کە هەر هەمان ئینسان لەدۆخێکی دژواردا دەیبینێت. خەڵکی کوردستان قوربانی سیاسەت و ستەمی چینایەتی بۆرژوازی کورد و جیهانییە بەو ئەدەب و هونەر و کلتوورەشی ک بەرگری لە لیبڕالیزم و ستەمکاران دەکەن. چەشەی ئینسانی زەحمەتکێشی کورد هیچی کەمتر نییە لە چەشە و هەستە مرۆییەکانی هەر ئینسانێک جا لەهەر گۆشەیەکی دنیادا بێت. دەبێت و ئەرکمانە کە خەڵکی ستەمیدە و بەشمەینەتی کورد جارێکی تر ئاشنا بکەینەوە بە دەق و کارە هونەرەییە ناوازە و بە سەلیقەکان تا جوانناسی خۆیان واتە ئیستاتیکای ئینسانیی خۆیان شوێنی بەرزی شیاوی خۆی وەربگرێت و چێژ لەو ژیانە بکەن کە تیایدا دەژێن و شایانیانە، نەک جەهەنەمی بۆرژوازی و سەرمایەداری.

ئەنجام
ئیستاتیکای مارکسیزم وەک زانستێک پەیوەستە بە هەستەکان کە مێژوویەکی درێژی لە ڕامانی فەلسەفە دەربارەی هونەر و ئەدەب لەپشتدا هەیە. لەوەتەی هونەر و ئەدەب هەیە ئەم جوانناسییەش هەبووە و بەڵام درەنگ وەک زاراوە جێگیر کرا. مارکسیزمیش بێبەش نییە لەم زانستە و بایەخی داوەتێ. هەرچەندە مارکس و ئەنگڵس بە وردی و سەربەخۆ باسی ئەم زانستەیان نەکردووە، بەڵام دوای ئەوان لەسەر دەستی بیرمەندان و فەیلەسوفان و ئەدیبانی مارکسیست بایەخی پێدرا. لە ئەدەبی کوردیشدا ئیستاتیکای مارکسیزم پشتگوێ خراوە و گرنگی پێنادرێت، بەڵام ئەرکی ئەدیبان و هونەرمندان و نووسەرانی مارکسیستییە ئەو پرس و بابەتە بوروژێنن و لای لێبکەنەوە و بیکەنە بەردی بناغەی وتار و نووسینە ڕەخنەییەکانیان.

عەبدوڵا سڵێمان ( مەشخەڵ)
ئازار و نیسانی ٢٠٢٢

—————————-

ژێدەر و سەرچاوە

(١)و(٢)و(٣) کورتە نووسینی فەلسەفەی ئیستاتیکا چییە، سایتی فەلسەفە. پۆستی ١٦ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٨؛
(٤)علم الجمال عند لوکاش ص ٦-٧
(٥)فلسفة الجمالhttps://ar.wikipedia.org/wiki/
هەروەها بڕوانە فەرهەنگی زاراوەکانی ئەدەب و زانستە مرۆڤایەتییەکان دکتۆر نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد لەبڵاوکراوەکانی ناوەندی غەزەلنووس بۆ چاپ و بلاوکردنەوە چاپی یەکەم تاران ٢٠١٥، لاپەڕە ٧٦.
(٦)https://en.wikipedia.org/wiki/Marxist_aesthetics
(٧)الفن و علم الجمال المارکسي فٶاد الکنجي موقع الحوار المتمدن
(٨)المفهوم المارکسي اللینیني لعلم الجمال موقع العالم الجدید
https://al-aalem.com/news
(٩)لێرەدا بە تایبەتی ڕۆڵی کانوونی هونەر و ئەدەبی کرێکاری کوردستان و حەلقەی ئەدیبانی کۆمۆنیست نابێت نادیدە بگرین کە سەرباری کەموکوڕییەکان و ئاستەنگەکانی بەردەمیان توانیویانە لانیکەم لایەک لەم مەسەلەیە بکەنەوە و کاریگەری خۆشیان دابنێن.
(١٠)لەئەدەبی کوردیدا هەر لە هەوڵە سەرەتاکەی کەمال میراودەلییەوە( فەلسەفەی جوانی و هونەر) ەوە بگرە تا دەگاتە وەرگێرانەکانی عەزیز گەردی و پاشان تا دەگاتە سمکۆ محەمەد (ئیستاتیکا) و چێژەکانی خوێندنەوە و نووسین و گێڕانەوەی شاخەوان سدیق و چەشە و چەشنە ئەدەبییەکانی د.حەمە منتک کە دەربارەی ئیستاتیکا دواون، نموونەیەکن لەو هەوڵانە.

تێبینی : ئەم بابەتە لە گۆڤاری وانەر ژمارە ١١ ی ساڵی ٢٠٢٣ دا، بڵاوبۆتەوە.

mm

ساڵی 1964 لە شاری کەرکوک لە دایک بووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی وپاشان پەیمانگای تەکنەلۆجیای لە ساڵی 1986 هەر لە کەرکوک تەواو کردووە. لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردووەوە شیعر دەنووسێ و لە زۆربەی گۆڤار و رۆژنامەکانی کوردستان و دەرەوەی کوردستان و سایتە ئەلەکترۆنییەکان شیعر و وتاری رەخنەیی ئەدەبی و سیاسی و جەماوەری بڵاو کردۆتەوە.

Previous
Next
Kurdish