Skip to Content

لە بارەی کێشەی گەلی کلدۆ ئاشوورەوە.. نووسینی: ستیڤان شەمزینی

لە بارەی کێشەی گەلی کلدۆ ئاشوورەوە.. نووسینی: ستیڤان شەمزینی

Closed
by شوبات 1, 2021 General, Opinion

خوێندنەوە و شرۆڤەکردنی دۆزی گەلی کلدۆ ئاشووری هەروا تێمایەکی ئاسان نییە و هەموو کەسیش ناتوانێت دەرەقەتی بێت، بەو پێیەی خۆی لە خۆیدا دۆزێکی مێژوویی و سیاسیی فرە رەهەندە. ئاگایی مێژوویی و سیاسیی زۆر پێویستە بۆ ئەوەی بتوانیت بابەتییانە لەمەڕ ئەو پرسە بدوێیت. ئێمە لێرەدا لە رێگەی دوو وتاری رۆژنامەوانییەوە هەوڵمانداوە بەشێک بین لە پرۆسەی قسەکردن لەمەڕ کێشەی گەلی کلدۆ ئاشوور. لێرەدا دەبێت خوێنەر سەرنجی ئەوە بدات هەردوو وتارەکە بە زمانێکی رۆژنامەوانی بەحت نوسراون و هەر لە رۆژنامەکانیشدا بڵاوکراونەتەوە. ئەگەرچی کلدۆ ئاشوورییەکان لەچێوەی عێراقدا دوو ئاڕاستەی سەرەکین لە رووی سیاسییەوە، یەکەمیان گووتارێکی کوردستانیی هەیە، هەرچی دووەمیشیانە ئەنتی کورد و خاوەنی نەزعەیەکی عێراقچێتییە. لەگەڵ ئەمەشدا ئێمە وەک یەک مەسەلە لە پرسی ئاڵۆزی گەلی کلدۆ ئاشوور دەڕوانین و شیکاریی بۆ دەکەین. هەڵبەتە دابەشبوونی جوگرافیی پێکهاتەکە رۆڵێکی گەورەی هەبووە لەوەی دۆزەکە بەهەند وەرنەگیرێت، چوونکە لە هەموو شوێنەکانی عێراق بوونی پێکهاتەی کلدۆ ئاشووری هەروەک کەمینەیەک دەرکەوتووە.

لە ساتەوەختی پێشووی فەرمانڕەوایی بەعس و سەدامدا تێکڕای ئەو پێکهاتەیە وەک عەرەبی مەسیحیی لێیان دەڕوانرا، واتە سیمای ئاینیی زاڵکرابوو بەسەر ئەو گەلە دێرینەی میسۆپۆتامیادا، ئەگەرچی حزبی سیاسیی و رێکخراوی جۆراوجۆری کولتووریی لە ئارادابوون کە پارێزگارییان لە مانەوەی ئەو گەلە دەکرد، بەڵام هەموو ئەوانە بەپێی یاساکانی بەعس یاساغ بوون و هیچ کۆمەڵە و حزبێکی کلدانی سریانی ئاشووری مۆڵەت پێدراوی تەنانەت کارتۆنیش رێگەپێدراو نەبووە، هەروەک چۆن لە ماوەی فەرمانڕەوایی بەعسدا ئۆتۆنۆمی کارتۆنی و پارتی دیموکراتی کارتۆنی بۆ کورد چێکرابوو کە لە واقیعدا بەعسیزمی کوردێنراو بوو، بەڵام ئەو رێکخراوانە بۆ هیچ پێکهاتەیەکی تر بە دیاریکراویی کلدۆ ئاشوورییەکان لە ئارادا نەبووە، چوونکە لە کولتووری بەعسیزمدا حاشا لە گەلێک بەو ناوەوە دەکرا، هەروەک ئاماژەم پێدا وەک کەمینەیەکی ئاینیی بە رەگەز عەرەب شوناس دەکران.

لە پاش رووخانی سەدام، بارودۆخی سیاسیی لە عێراقدا لە سەرەتادا و لە کاتی هەبوونی سوپای هاوپەیمانان دەرفەتێکی باشی بۆ هەموو لایەک رەخساند تاکوو خۆیان تەرح بکەن، لەوانەش گەلی کلدۆ ئاشووری دەرفەتی بۆ رەخسا کە گوزارشت لە خۆی بکات. هەرچەند لە ساڵی 1992ەوە لە یەکەم خولی پەرلەمانی کوردستاندا پێنج کورسی کۆتا بۆ کلدۆ ئاشوورییەکان جێگیرکرا و مافی دامەزراندنی حزب و کۆڕ و کۆمەڵە سیاسیی و فەرهەنگییەکانی ئەو گەلە بە یاسایی کرا و چەندان خوێندنگەش بە زمانی سریانی دامەزران و دواجاریش عەینکاوە وەک ناوەندی دەسەڵاتێکی ئۆتۆنۆمی نافەرمیی رۆڵی دەگێڕا، بەڵام لەسەر ئاستی عێراق ئەمە لە ئارادا نەبوو، تا هەنووکەش بەو ئاستە نییە لە کوردستان هەیە، بەپێچەوانەوە حکوومەتی عێراقی نەیتوانیوە پارێزگاریی لە ژیان و ماڵی هاووڵاتیانی کلدۆ ئاشووری بکات، لە ئەنجامیشدا زۆرتر لە نیوەی ئاشوورییەکانی بەغداد و موسڵ ئاوارەی کوردستان و وڵاتانی ئەوروپا بوون.

رێگەچارەی هەرە دروست بۆ چارەسەری کێشەی ئەم گەلە کە پێکهاتەیەکی رەسەنی کوردستان و عێراقن، بە دیتنی من پێدانی مافی ئۆتۆنۆمییە لە چوارچێوەی کوردستان یان عێراق، لەو شوێنانەشی زۆرینە پێکدەهێنن مافی دامەزراندنی ئیدارەی تایبەت بە خۆیان هەبێت، ئەمەش بە پێی یاسایەکی روون و کۆنکرێتی رێکبخرێت و لە هەردوو پەرلەمانی کوردستان و عێراق بە دەنگی پەرلەمانتاران پەسەند بکرێت. هەروەک پێویستە ئەم مافە بە دەستووریش گرانتی بکرێت. بۆ تورکمانەکانیش هەمان بیردۆز چارەسەرێکی دادپەروەرانەیە. پێموایە لە کوردستان لە ئێستادا کە هەرێمێکی فیدراڵییە و رەنگە لە دواڕٍۆژیشدا ببێتە دەوڵەت هیچ ئاستەنگ و کۆسپێک نابینم لەسەر رێی پیادەکردنی ئەو بیرۆکەیە، ئەوەی دەمێنێتەوە عێراقە، عێراقیش تاکوو ئێستا بەهەمان لۆژیکی دیکتاتۆرییەتی زۆرینەیەکی شیعەمەزهەب بەسەر ئەوانیتردا بە کورد و سووننە و ئاشوورییەکانەوە بیر دەکاتەوە و هەنگاو هەڵدەگرێت.

چاپتەری یەکەم
تەنگژەى عێراق و چارەنووسى ئاشوورییەکان


گەلی ئاشوور یان کلدۆ ئاشووری بە یەکێک لە دێرینترین گەلانى میزۆپۆتامیا دەژمێردرێت، ئەم گەلە بە رەسەن سامییە سەرەتا وەک چەند هۆزێک لە نیوە دورگەى عەرەبى ژیاون، بەڵام بەپێى سەرچاوە مێژووییەکان لە چوار هەزار ساڵ بەر لە زایینەوە بەرەو وڵاتى میزۆپۆتامیا کۆچیان کردووە. لەگەڵ ئەو کۆچکردنەشدا دەوڵەتێکیان لە ناوچەکە دروستکردووە کە دواتر بووەتە ئیمپراتۆریایەکی مەزن و شارى نەینەوا (موسڵی ئێستا)یان کردووە بە پایتەخت، هاوکات رۆژ لە دوای رۆژ سنوورى قەڵەمڕەوى ئەم دەوڵەتە رووى لە زیادبوون کردووە، تا دواجار بووەتە یەکێک لە گەورەترین ئیمپراتۆرییەتەکانی ناوچەکە. هەرواش ئیمپراتۆریاى ئاشوور بەردەوام لە جەنگدا بووە تا بتوانێت دەسەڵاتى خۆى بەسەر تەواوى ئەو ناوچەیەى کە ئێستا پێى دەڵێن رۆژهەڵاتى ناڤین بسەپێنێ، بۆ نموونە لە ساڵانى 884-860 (پ.ز) چەندین هەڵمەتیان بردۆتە سەر (لۆلۆ)کان، لە ئەنجامدا لە ناوچەکانى زاموا (سلێمانى) و مەریوان و پێنجوێن دەریان پەڕاندوون، کە دواى سەرکەوتنەکانى پادشاى ئاشووریی (ئاشوور ناسرپاڵ) بەسەر (ئامینخا)ى پادشاى لۆلۆ (ئەستونى سەرکەوتنى) لە سەراى نەینەوا نیشانداوە، بەڵام لە دواهەمین جاردا بە هاوپەیمانێتى مادەکان و بابلییەکان لە سەردەمى پادشا (سەنحاریب)دا ئیمپراتۆریەتی ئاشوور تووشى شکستى گەورە هات و لە ئاکامدا ئیمپراتۆریەتەکە لە بەریەک هەڵوەشایەوە، ئیتر لەو کاتەوە گەلى ئاشوور بووەتە گەلێکى پەڕاگەندە و وڵاتەکەى لەسەر ئەتڵەسى جیهان سڕاوەتەوە و مێژوو بە درێژایى زیاتر لەم دوو هەزار ساڵە رووبەرێک بووە بۆ پاکتاو و لەناوبردنى گەلى ئاشووری، هەر لەو رێکەوتەوە مێژووییەوە، کێشەیەک خۆى خزاندۆتە ئەم دەڤەرەوە کە ناوى کێشەى ئاشوورییەکانە و تا بە ئەمڕۆش دەگات بێ چارەسەر ماوەتەوە، بەڵکو لەنێو کورەی ئاگری رۆژهەڵاتی ناویندا بوونی ئەو گەلە خەریکە دەتوێتەوە.

کێشەیەکى مێژوویى و پەڕاوێزکراو

کێشەى گەلی ئاشوور یەکێکە لە گرنگترین کێشە نەتەوەییەکانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست، بەڵام دابەشبوونی ئاشوورییەکان بەسەر چەند دەوڵەتێکدا کارێکى وایکردووە کێشەکە ئاڵۆزتر بێت، لەوەش گرنگتر ئەوەى کارەکەى کردووەتە کارێکى ئەستەم و زەحمەت نەبوونى نیشتمانە، راستە ئاشوور لەسەردەمى ئیمپراتۆیەکەیدا خاوەنى جوگرافیایەکى پان و پۆڕ و فراوان بووە، بەڵام لەگەڵ کەوتنى ئاشووردا و لە پرۆسەیەکى مێژوویى و داگیرکارییدا بەتایبەت دواى زاڵبوونى دەسەڵاتى فارسە ئەخمینییەکان و دواتریش فتوحاتى ئیسلامى سنوورى جوگرافیاى پێشووی ئیمپراتۆریای ئاشوور و نیشتمانی ئاشوورییەکان رۆژ بە رۆژ رووى لە کەمى کردووە، تا کار گەیشتووە بەوەى گەلى ئاشوور لە ناوچەیەکى بەرتەسکى نێوان دەوڵەتى عوسمانلى و سەفەویدا لە چەند جێگەیەکى وەک شەمزینان و هەکارى و دەوروبەرى قەتیس بکرێت. گەرچی دەشتی نەینەوا مەڵبەندی سەرەکیی نیشتەجێبوونی ئاشوورییەکان بووە، کەچی لەگەڵ پرۆسەی غەزاوەتی ئیسلامیدا ناسنامەی ناوچەکە دەگۆڕێت و تەعریب دەکرێت و دەبێتە خاکی عەرەب.

پاشانیش هاوکێشە سیاسییەکانى دواى جەنگى جیهانى یەکەم و دروستبوونى چەند دەوڵەتێکى نوێ لەسەر جەستەى ئیمپراتۆریاى عوسمانلى “پیاوە نەخۆشەکە” بە تایبەتى دەوڵەتى تورکیاى عەلمانى رادیکاڵ لەسەر دەستى مستەفا کەمال ئەتاتورک و قەلاچۆکردنى ئاشوورییەکان لەسەر دەستى ئەو دەوڵەتە بووە فاکتۆرى توانەوەى تەواوەتى جوگرافیا و نیشتمانى گەلى ئاشوور، چوونکە ئاشوورییەکان ناچار بوون لەژێر کاریگەریى پرۆسێسى پاکتاو و جینۆسایددا بەشێوەیەکى بەرفراوان کۆچ بکەن، بۆ نموونە کۆچ بەرەو ئەوروپا و دەوڵەتانى ترى دراوسێ. لە پایتەختی مێژوویی ئەو گەلەشدا “دەشتی نەینەوا” ئاشوورییەکان کەمینەیەکیان پێکدەهێنا لەسەر ئەو زەوییەی لە پرۆسەی غەزەواتدا بەر لە سیانزە سەدە تەعریبکرابوو، بۆیە لەو زێدە رەسەنەدا وەک هاووڵاتی پلە دوو بگرە پلە سێش دەبینران بەهۆی جیاوازیی ئیتنیکی و ئاینییەوە. بەمجۆرە کێشەى ئاشوورى لە کێشەیەکى نەتەوەیى و میللییەوە گۆڕا بۆ کێشەى کەمایەتى و ئیتنى کە ئەمەش دیسان بووە هۆى ئاڵۆزکانى فایلى قەزیەى گەلى ئاشوور.

لەلایەکى ترەوە کێشەى ئاشوورییەکان (وەک کێشەی کورد) لە بەرژەوەندیى زلهێزەکان نەبووە تا داکۆکى لێبکەن، بۆیە تەرکیزى رۆژئاواییەکانى هەتا هەنووکەش رانەکێشاوە، ئەمەش دۆزەکەی کردووە بە کێشەیەکى پەڕاوێزخراو، هەرچەندە لە سەرەتاى سەدەى رابردوودا روسیا و دواتر بەریتانیا هەریەک لە دوو قۆناغى جیادا پشتگیریى خۆیان بۆ کێشەى ئاشوورییەکان دەربڕی، بەڵام ئەمانە تەنیا بەکارهێنان بوون چونکێ هاوکێشەکانى دواى یەکەم جەنگى جیهانى و هاتنە سەرکارى دەسەڵاتى بەڵشەفیکی لە روسیا، هەردوو دەوڵەتەکە پشتیان لەم گەلە کرد و دواتریش چاوپۆشیان لە کوشتار و بە کۆمەڵ کوشتن و قڕکردنى ئاشوورییەکان کرد!، بۆ نموونە ئەو کوشتارگایەى حکوومەتى پادشایی کۆڵۆنیکراوی ئینگلیز لە عێراق لە ساڵى 1933 لە شارۆچکەى سیمێڵ لە سنوورى پاێزگای دهۆکی ئێستا بەرپایکرد.

ونبوون لە بۆتەى مەسیحییەتدا

دواى بڵاوبوونەوەى ئاینى کریستیانى، گەلى ئاشوور لە یەکەمین ئەو گەلانە بوو کە باوەڕیان بە ئاینەکە هێنا و لە پەرستنى خودا رەسەنەکانى ئاشوورەوە بەرەو ئاینى یەکتاپەرستیى عیسایی وەرچەرخان، بەڵام مەسیحییەت بووە مایەى ئیشکالیەتێکى گەورە بۆ ئەم گەلە، لەبەرئەوەى هێدى هێدى نەتەوەکە لە چوارچێوە و بۆتەى ئاینى مەسیحییەتدا توایەوە و زەمینەى بۆ ئەوە خۆشکرد کە ئاشوور لە گەلێکەوە بۆ کەمینەیەکى ئاینى وەرچەرخێت، چونکێ قبوڵکردنی ئاینى نوێ (مەسیحییەت) لاى ئاشوورییەکان بە جۆرێک بوو کە هەستى ئاینى زاڵتر بوو یان زاڵترە بەسەر هەستى نەتەوەییدا، دروست بەپێچەوانەى جولەکەوە کە هەمیشە ئاینیان بۆ خزمەتى خەونە نەتەوەییەکانیان بەکارهێناوە بەڵکو ئاین پڕۆژە و میکانیزمێکی دەستى بزووتنەوەی ناسیۆنالیستى گەلى جولەکە بووە!.
زیاتر پابەندبوون و توانەوەى ئاشوورییەکان لە بۆتەی مەسیحییەتدا وەک پابەندبوونى کورد وایە بە ئاینى ئیسلامەوە. هەمیشە و تا ناوەڕاستی سەدەی بیستەمیش کورد وزە و هێز و بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانى خۆى خستۆتە خزمەتى ئیسلامەوە، ئەوەتا سەرکردەیەکى وەک سەلاحەدینى ئەیوبى بە رەگەز کورد خۆى و سوپاکەى دەخاتە خزمەتى ئاینى ئیسلامەوە و لە ئاکامیشدا ئاینپەروەریى کوێرانە دەیخاتە نێو گێژاوێکی مەزهەبی و بارودۆخێکی نەخوازراوی نێگەتیڤ و دەبێتە سوارچاکى کوشت و بڕى کریستیانەکان و گەلی جولەکە “بنی اسرائیل” لەسەر زەمینى رەسەنى خۆیاندا! ئەمە لە میانەی ئەو جەنگەی بە جەنگی خاچپەرستان ناودێر کراوە لە مێژوودا، کە بۆ دووەم جار پاش غەزوی قودس لە سەروەختی خەلافەتی عومەری کوڕی خەتتابدا، موسڵمانەکان دەستیان گرت بەسەر رووگە و ناوچەی پیرۆزی هاوبەشی جولەکە و کریستیانەکاندا.

بەو شێوەیەش هەستى ئاینپەروەریى ئاشوورییەکان و زاڵبوونى شوناسى ئاینیى ئەوەى خستەوە کە کێشەى ئاشوورى بچووک بێتەوە بۆ کێشەیەکى مەزهەبى، بۆ وێنە لە عێراقدا دەسەڵاتى بەعس هەوڵیدەدا کە ئاشوورییەکان تەعریب بکات و بە عەرەب حیسابیان بکات. هەر بۆیە هەموو ئاشوورییەکیان بەوە ناچار دەکرد کە خۆیان بە عەرەبى مەسیحى ئەژمار بکەن!. ئێستاش بە تایبەتى لە دواى رووخانى رژێمى بەعسەوە، کێشەى ئاشوورى یەکێک لەو کێشانەیە کە باس و خواسى زۆرى لەسەرە و هاتۆتەوە ناو هاوکێشە سیاسییەکانى عێراقەوە، بەڵام هەتا ئەمڕۆش لە عێراقدا کێشەى ئاشووری وەک کێشەى کەمایەتییەکى ئاینیی سەیر دەکرێ نەک کێشەیەکى نەتەوەیى.
ئاشوورییەکان چى هەڵدەبژێرن؟
وەک ئاماژەمان پێدا لە بارودۆخى نوێى عێراقدا چانسێکى کەم لە بەردەم دۆسێى کێشەى ئاشوورییەکاندا کراوەتەوە، ئاشوورییەکان تا راددەیەک بەشدارن لە گێڕانەوەى دەسەڵاتى حکوومەتى نوێی عێراقدا، بەڵام هیچ کاریگەریەکیان نییە‍ بە ئاقاری بە رۆژەڤکردنی دۆزەکەیاندا، بەڵکو کێشەکەیان وەک کێشەى نەتەوەیى هێشتا بەردەوامى هەیە، دانانى وەزیرێک وەک نوێنەرى گەلى ئاشوور بە هیچ جۆرێک بەڵگەى سەلماندنى مافى تەواوەتى ئاشوورییەکان نییە، ئەگەر وابێت خۆ لە سەردەمى دیکتاتۆرەکەى پێشوودا (تاریق عەزیز) وەک کەسێتییەکی ئاشووری تەعریبکراو لە بەرزترین ئۆرگانى حزبى بەعس و حکوومەتەکەى سەدامدا بوو‍‍! یان چەندان وەزیرى کورد هەبوون لە حکوومەتى بەعسدا کەچى لە هەمان کاتدا کورد بە کیمیایى قەسف دەکرا و قڕ و ئەنفال دەکرا!. کەوابوو ئاشوورییەکان دەبێ چى بکەن؟، چى سەر پشک بکەن؟، چۆن بەرەو رووى واقیعەکان ببنەوە؟.

سەرپشکردنى عێراق

دەشێ بەو پرسیارە دەست پێبکەین: ئایا ئاشوورییەکان عێراق سەرپشک دەکەن یان نا؟ واتە هەڵبژاردنى هەرێمى عەرەبیی عێراق کە هەردوو پێکهاتەی سووننە و شیعە قەڵەمڕەوی دەکەن، بەڵام تابلۆ سیاسییەکە دەریدەخات حکومی رەها دەکەوێتە دەستی شیعە، ئەوانیش بەپێی رێساکانی مەرجعیەت و ویلایەتی فەقیەی هاوشێوەی کۆماری ئیسلامی ئێران دەوڵەت تیۆکراتیزە دەکەن، وەڵامى پرسیارەکە گەلەک قورس و زەحمەتە و دەشێ هەر تاکێکى ئاشووریى وەڵامێکى تایبەتى خۆى بۆى هەبێت، بە باوەڕى من ئاشوورییەکان نابێت هەرێمى عەرەبیى عێراق سەرپشک بکەن، ئەمیش لەبەر دوو هۆکار:

یەکەم: لەبەرئەوەى هەموو ئەو ئاشوورییانەى لە عێراقدا دەژین لە رووى دابەشبوونى سوکانییەوە نەکەوتوونەتە هەرێمى عەرەبییەوە بەڵکو ژمارەیەکى زۆر لەوە زیاتر لە کوردستان، لە شارەکانى کەرکوک و هەولێر و سلێمانى و دهۆک و شەقلاوە و ئامێدى و زاخۆ تاد.. دەژین، لە حاڵەتى سەرپشکردنى هەرێمى عەرەبیدا کارێکى قورسە کە هەموو ئاشوورییەکان بەرەو هەرێمى عەرەبى کۆچ بکەن، لە ئاوها حاڵەتێکدا دەبێتە هۆى دابڕانێکى گەورەترى نەتەوەیى لە نێوان تاکەکانى گەلى ئاشووردا.

دووەم: چونکێ دەسەڵاتى عەرەب هەمیشە خەڵکانى جیاواز لە خۆى بە هەڕەشە دەزانێ لەسەر خۆی. ئەمەش دەبێتە بناغەى کێشەیەکى قەبەتر لە ئایندەدا، ئاشوورییەکان هەم عەرەب نین، هەم موسڵمان نین، ئەم خاڵەش کەلێنەکە فراوانتر دەکات، جگە لەوەش ئەزموونى دەسەڵاتى عەرەبیمان دیوە لەبەرامبەر کەمایەتى و نەتەوەکانى ژێر دەستیان، ئەگەر بە سەرنجەوە بڕوانین بۆ مامەڵەى عەرەب لەگەڵ قیبتییەکانى میسر و ئەمازیخ و بەربەر و گەلى دارفۆر و کورد و تورکمان و چەندان نموونەى تریش، ئەو راستییەمان لەلا ئاشکرا دەبێت کارێکى ئەستەمە عەرەب بتوانێت لەگەڵت هەڵبکا بێ نەفیکردن و پلە نزمیی تۆ، بە تایبەتى لەکاتێکدا ئەگەر تۆ بتەوێ شوناس و کولتوور و هەبوونى نەتەوایەتى خۆت بپارێزی و هاوکات مومارەسەى دینێک بکەیت جیاواز لە دینى عەرەبەکان کە ئیسلامە. کەوابوو زۆر زەحمەتە ئاشوورییەکان بتوانن لە چوارچێوەى دەسەڵاتى عێراقى عەرەبی و مەزهەبیدا بگەنە مافەکانى خۆیان، ئەم نوقتەیەش سەرپشکردنى عێراقى کردۆتە کارێکى دوور و نەکردە. خۆ ئەگەر پلاتفۆرمی هێزە ئاشوورییەکان رووەو بەغداد بێت، ئەوە قووڕەکە خەستتر دەکاتەوە.

سەرپشکردنى کوردستان

ئەگەر بە پێچەوانەوە گەلی ئاشوور کوردستان سەرپشک بکا، دیسان تووشى هەمان ئیشکالیەت دەبێ کە لە کاتى سەرپشکردنى هەرێمى عەرەبیدا دێتە بەردەمى، لەبەر ئەوەى چۆن هەموو ئاشوورییەکان لە باشوور و ناوەڕاستى عێراق چڕ نەبوونەتەوە بە هەمان شێوەش هەموو لە هەرێمى کوردستان چڕ نەبوونەتەوە، بەڵام دەبێ هێما بۆ ئەوە بکرێ بارودۆخى کوردستان جیاوازیگەلی زۆرى هەیە لە زەمینە و فەزاى هەرێمى عەرەبیى، هەموو ئەوەى لە ماوەی (13) ساڵى رابردوودا لە سایەى دەسەڵاتى کوردستان بەڕێوە چووە “سەرباری هەر کەموکوڕییەک” ئەوەبووە بە هیچ جۆر و شێوەیەک ئاشوورییەکان نەکەوتوونەتە بەر هەڕەشە و پەلاماردان لەبەرئەوەى لە رووى نەتەوەیى و ئاینییەوە لە کورد جیاوازن، بەڵکو بە پێچەوانەوە ئەم جیاوازییە بۆتە مایەى رێزگرتن و خۆشەویستى بۆیان لەلاى کوردەکان!. هەرواش بەشداریى چالاکانەیان هەبووە لە دەسەڵات و حکوومەتى هەرێمى کوردستاندا چ وەک ئەوەى لیستێکى تایبەت بە ئاشوورییەکان هەیە لە پەرلەمانى کوردستان چ وەک بەشداریى لە کابینەکانى حکوومەتى هەرێمدا.
ئەوەشى بووەتە هۆى ئەوەى ئاشوورییەکان بە شێوەیەکى گشتیى ئینتمایەکى کوردستانییان نەبێ، لەوانەیە لەو ترسەوە سەرچاوەى گرتبێت ئەگەر کوردستان لە عێراق جیا بێتەوە دەبێتە شۆکێکى مەزن بۆ ئاشوورییەکان چوونکە ئەو یەکبوونەى ئاشوورییەکان کە ئێستا لە عێراقدا هەیانە (هەرچەندە پەرش و بڵاویشە) نامێنێ و دەبێتە هۆى دوولەتبوونى ئەو یەکبوونە. کەواتە ئاشوورییەکانی کوردستان پێویستە ئەجیندای خۆیان لە کوردستان لەوەدا چڕ بکەنەوە، مافی ئۆتۆنۆمی دەستەبەر بکەن، بەشدارییان لە پرۆسەی سیاسیی ببێتە بەشدارییەکی کردەیی، ئەمە جگە لەوەی پێداگریی زۆرتر بکەن لە راستای بەدیهێنانی مافە کولتووریی و فەرهەنگیی و نەتەوەییەکانیان. ئەمە رێگەیەکی دروستە بۆ گەلێکی بێ نیشتمان.

قەیرانى ئەڵتەرناتیڤ

ئەگەر ئاشوورییەکان لە چوارچێوەى عێراق و کوردستان تووشى ئیشکالیەت دەبن، ئەى رێگا چارەسەر چییە؟ ئایا دەتوانن مافى چارەنووس بڕیار بدەن؟ ئایا دەتوانن داواى دەوڵەتێکى ئاشووریى سەربەخۆ بکەن؟ بێگومان نەخێر! چونکێ گرنگترین رەگەزى دەوڵەتی نەتەوەیی هەبوونى نیشتمانە کە لە ئێستا ئەو پێشمەرجە گەلى ئاشوور نییەتی، ئەمەش وا دەکات کە بە درێژایى ساڵان و قۆناغەکانى ئایندەش ئەم خواستە دەستەبەر نەکرێت. گرنگترین شت ئەوەیە کە پلاتفۆرم و ئەجینداى گەلى ئاشوور و پارتەکان لە دەورى ستراتیژیەتێک کۆبکرێتەوە کە بریتییە لە داننان بە هەبوونى نەتەوەیى گەلی ئاشووریی لە دەستووری هەمیشەیى دەوڵەتى عێراقدا و حسابکردنى هاووڵاتیانى ئاشووریى وەک هاووڵاتى پلە یەک و بە دەستهێنانى مافى نەتەوەیى و ئیتنییەکان کە وەک وتم لە رێگەى ئۆتۆنۆمییەکەوە لە چوارچێوەى دەوڵەتێکى فراواندا کە ناوى عێراقە. لە دواجاریشدا پێویستە پڕۆژەى سیاسیى گەلی ئاشوور لە دەورى ئەو تەرحە کۆببێتەوە کە لایەنگرى دەکات لە دامەزراندنى دەوڵەتێکى عەلمانى و فیدراڵی و دیموکراتیک لە عێراق، چوونکێ بەبێ مسۆگەرکردنى عەلمانیەت و دیموکراسییەت لە عێراق و لە کاتی هەبوونی دەوڵەتێکی سەنتراڵی نەتەوەیی یان مەزهەبی لە هەر چرکەیەکدا مافى گەلى ئاشوور موعەرەزە بۆ پێشێلکردن.

چاپتەری دووەم
دەستوورى هەرێمى کوردستان و مافى گەلى کلدۆ ئاشووری


من پسپۆرى بوارى دەستوور و دیزاینی دەستووریی نیم، بەڵکو رەنگە کەمترین زانیاریم لەو بارەوە هەبێت، بۆیە ناتوانم بەشێوەیەکى ئەکادیمیی شەنوکەوى دەستوورى هەرێمى کوردستان بکەم، بەڵام لە دواى چەند جارێک لە خوێندنەوەى دەستوور هەر لە دیباجەکەیەوە تا دوا رستەى دەروازەى حەوتەم کە دوا دەروازەى دەستوورەکەیە چەند سەرنج و تێبینییەکم لەلا دروست بوو. هەروەک پێشتر وتم چوونکە کەسێکى شارەزای دەستوور نیم نەمویست لە بارەیەوە هیچ بنووسم، بەڵام بە وردبوونەوەى زیاترم لە دەستوورەکە بۆم دەرکەوت پێگەى گەلى کلدانى ئاشوورى سریانى لەم دەستوورەدا جێگەى قسەوباس لەسەرکردنە، بۆیە هەوڵدەدەم کەمێک لە دەرگاى ئەو مەسەلەیە بدەم و چەند تیشکیش بخەمە سەر هەندێ خاڵى ناکۆک و پێچەوانەى ناو دەستوورەکە. بە کورت و کرمانجی لە رەهەندە سیاسییەکەوە زیاتر لەم بابەتە دەدێم تا رەهەندە یاسایی و دەستوورییەکە.

گەلى کلدانى ئاشوورى سریانى یەکێک لەو گەلانەیە لە پاڵ گەلى کورد و تورکماندا نیشتەجێى سەر خاکى کوردستانە و بەشداربووە لە هەموو ساتێکى خۆش و ناخۆشى ئەم وڵاتەدا. دیرۆک و مێژووى ئەم گەلە لە پێشخستنى ژیار و شارستانێتى ئەم وڵاتە دیرۆکێکى دیار و پڕ لە گرنگییە، چوونکە هەبوونى هەزاران ساڵی ئەم گەلە لەم دەڤەرەدا کاریگەریى و کارتێکردنى زۆرى هەبووە لەسەر هەموو دۆخ و بارە جۆراوجۆرەکانى کۆمەڵگە لە هەموو قۆناغە مێژووییەکاندا، بە تایبەتى لەو کاتەوەى ئیمپراتۆریاى ئاشوورى لە بەهێزترین حاڵى خۆیدا بوو. هەرچەندە ئێستا بوارى ئەوەمان نییە رووناکى بخەینە سەر مێژووى تژ لە هەڵبەز و دابەزەى ئەم گەلە و لە کاریگەرییان بکۆڵینەوە لەسەر کولتوور و رۆشنبیریى ناوچەکە و ناتوانین خەبات و قوربانیدان و چەوساندنەوەى ئەم گەلە وەبیر بخەینەوە، بەڵام هیچ گومانێک لەسەر ئەوە نییە هاووڵاتیانى گەلى کلدۆ ئاشوورى هاووڵاتییەکى پلە یەک و رەسەنى کوردستانن، بۆیە دەکرێت لە ماف و ئەرکدا لەگەڵ هاووڵاتیانى کورد یەکسان بن.

لێ هەست بەوە دەکەین تێنەگەیشتن هەیە لەمبارەوە، ناوهێنان و بە پلە یەک دانانى هاووڵاتیانى ئەم گەلە لە ریاکاریى و مجامەلەى رووکەشى تێنەپەڕیووە. بۆ نموونە ئەگەر سەیرى خاڵى یەکەم لە ماددەى (6)ى دەروازەى یەکەمى دەستوور بکەین نووسراوە: گەلى کوردستان- عێراق پێکهاتووە، لە کورد و نەتەوەکانى دى (تورکمان – کلدان– ئاشوورى– ئەرمەن- عەرەب) لەوانەى بە پێى یاسا هاووڵاتی هەرێمن!!. ئەگەر کەمێک لەم پەرەگرافە وردبینەوە تێدەگەین چەندە کاڵفامى هەیە لە تێگەیشتنى گەلى کلدۆ ئاشوورى، چون لە راستیدا دوو گەل نییە یەکێکیان بە ناوى گەلى ئاشوورى و ئەویتریان بە ناوى کلدانى، بەڵکو تەنیا یەک گەل هەیە ئەویش بەناوى (گەلى کلدانى ئاشوورى سریانى) نەک ئەوەى هەریەک لە کلدان و ئاشوورى دوو نەتەوە و گەلی جیابن، ئەمە هەروەک ئەوە وایە بڵێى گەلى هەورامى و گەلى سۆرانى و گەلى لوڕیى لە کاتێکدا ئەمانە گەل نین و لقى بچووکن لە میللەتی کورد. قسە لەسەر ئەوەیە: ئاخۆ دەسەڵاتێک یان حکوومەتێک هێشتا تێنەگەیشتبێت لەوەى کلدانى و ئاشوورى یەک گەلن!، ئیتر چۆن لە مافەکانى تێدەگات و بە کام میکانیزم دەیپارێزێت لە دەستدرێژیى و پەلاماردان؟!.

ئەم لێک جیاکردنەوەیەى کلدان و ئاشوورى بووە مایەى ناڕەزایەتییەکى زۆر لەنێو هاووڵاتیانى ئەم گەلە و لە ئاستى نێوەندى سیاسیشدا قسە و باسى زۆرى بەدوى خۆیدا هێناوە. تەنانەت گەیشتۆتە راددەیەک، کادرى پێشکەوتووى پارتى و وەزیرى دارایى و ئابوورى حکوومەتى هەرێم (سەرکیس ئاغاجان) ناڕەزایەتى دەرببڕێ و وەک ئاشوورییەک بەرگریى لە گەلەکەى بکات و کەموکورتییەکانى رەشنووسی دەستووری هەرێم باس بکا. ئەو لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕى (عەینکاوە) ناڕەزایەتییەکانى خۆى دەربڕى و لە بەشێکى قسەکانیدا وتى (دەستوور ئێمەى جیا کردۆتەوە بە شێوەیەک هاتووە وەک ئەوەی ئێمە دوو گەل بین ئەوەش جێگەى قبوڵ نییە، ئێمە لەگەڵ دەستەواژەیەکى لێکدراوین بەمشێوەیە: الشعب الکلدانى الاسورى السریانى). هەروەها ئاغاجان لە وتەکانیدا داواى ئۆتۆنۆمى و مافى خۆجێى بۆ ئەم گەلە کرد کە لە دەستوور و ئەجینداى حکوومەتى هەرێمدا تەواو فەرامۆشکراوە. لەگەڵ ئەمیشدا پارت و رێکخراوەکانى ئاشوورى کلدانى سریانى داواى مافى ئۆتۆنۆمى دەکەن لە چوارچێوەى هەرێمى کوردستاندا، چوونکە بارودۆخى کوردستان بە دەورانێکدا تێدەپەڕێ هەنگاو بەرەو دەوڵەتبوون دەنێ، ئەمەش مافێکى سروشتى و ئاسایى ئەم گەلەیە، بەڵام لایەنى کوردیى ناچنە ژێر بارى ئەم داواکارییانە، ئەوەش دیسان ئەزموونى عەرەبى عێراقمان وەبیر دەخاتەوە لە پێنەدانى مافى ئۆتۆنۆمى بۆ کورد، کەچى هەنووکە کورد لە دۆخێکدایە بەرزترین پۆستى بەڕێوەبردنى عێراقى لە دەستدایە و وەک دەڵێن ئەمێستا قەندیل حوکمى بەغداد دەکات.

بە درێژایى هەموو ماددە و بڕگە و دەروازەکانى دەستوور هیچ بەندێکى ئەوتۆ نابینین مرۆ هەست بکات وەک گەلێکى سەربەخۆ و خاوەن ئیرادە لە گەلی کلدانى ئاشوورى سریانى روانرا بێت، بەڵکو بە شاراوەیى و لە بۆتەى دەستووردا مافەکانى ئەم گەلە سنووردار کراون و بچووک کراونەتەوە. دەستوورى هەرێمى کوردستان یەکێکە لەو دەستوورانەى لافى پێشکەوتنخوازیى و دیموکراسییەت لێدەدات و بە ئاشکراش مافى گەلێکى هاوپەیمان رەش دەکاتەوە. خۆ جارانیش سەدام حسێن لە چوارچێوەى یاساى ئۆتۆنۆمى کە بە ئۆتۆنۆمى کارتۆنى نێودەبرا هەندێ مافى کولتووریى و رۆشنبیریى و تەنانەت نەتەوەیشى بە کورد بەخشى بوو،ـ بەڵام سەرئەنجام کورد وەک نەتەوەیەک کۆت و بەند بوو لە زیندانى رەگەزپەرستى عەرەبیدا. هەروا سنوور و ئەوپەڕى مافەکانى کورد تەنیا لەو چوارچێوەیەدا بوون کە بەعس دیارى کردبوون، ئەمڕۆش دەسەڵاتى کوردیی هەندێک مافى کارتۆنى دەدات بەم گەلە، خۆ ئەگەر پارتەکانى کلدانى ئاشوورى سریانى پێى رازی بن بوونیان دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە و ناتوانن لە پارتى شۆرشگێڕى کوردستان و پارتى دیموکراتى کوردستانى ئەوساى سەردەمى بەعس شتێکى زیاتر بن.

بەداخیشەوە لایەنى کوردیى لە روانگەى پارسەنگى هێز و بەهێزیى پێگەى سیاسیى خۆى و پاڵپشتیى و هاوپەیمانێتى لەگەڵ ئەمەریکا بە پارادایمێکى ئۆپۆرتۆنیستانە مامەڵە لەگەڵ گەلى کلدۆ ئاشوورى دەکات، لە کاتێکدا ئەمە کتومت دووبارەکردنەوەى هەمان ئەزموونى فاشیلى رژێمى بەعسى عێراقە. ڤۆڵتێر وتى (خەڵکانى وڵاتێک لە هێزدا یەکسان نین، بەڵام دەکرێت لە ئازادیدا یەکسان بن) دەکرێت هێزى گەلى کلدۆ ئاشوورى سریانى و پاڵپشتى و هاوپەیمانییەکانى لە بازنەیەکى تەسک و لاوازتردا بن لە چاو کورد، ئەوەش ماناى ئەوە دەرنابڕێت کورد گەمە بەم حزورە لاوازەى ئەم گەلە بکات و ویست و ئەجینداکانى خۆى بەسەردا بسەپێنێت. با هێز و تواناییەکان جیاواز بن و یەکێک لەوى دیکە کەمترى هەبێت، بەڵام دەبێت لە ئازادیدا وەک یەک بن، ئەوەش کلیلى دەرگاى دیموکراسى و سیحرى سەرکەوتنى ئەزموونى کوردستان دەبێت. نابێت دیموکراسی لە ئاکامدا ببێتە ئەو نەریت و دیاردە دزێوەی بۆ نموونە لە تورکیا پەیڕەو دەکرێت کە بریتییە لە دیکتاتۆرییەتی زۆرینە بەسەر کەمینەدا.

کورد بەوە سەرکەوتوو نابێت هێڵى سوور بە دەورى مافەکانى گەلى کلدۆ ئاشووریدا بکێشێت، هەروەک ئەوەى هیچ سوودمەند نابێت لە سەپاندنى دەستوورێکى تژ لە کەموکوڕیى بەسەر ئەم گەلەدا، چوونکە دواجار کێشەیەکى زۆر بەرۆکى دەگرێت و دەبێتە مایەى سەرئێشەیەکى گەورە بۆى، مارکس وتەنیش (نەتەوەیەک نەتەوەیەکى دى بچەوسێنێتەوە مەحاڵە ئازاد بێت). جگە لە هەموو ئەمانەش ئەم دەستوورە دەستوورێکى عەلمانى نییە و ئاین ئامادەگى هەیە لە داڕشتن و تەبەنیکردنیدا، مەبەستیش لە ئاین بێگومان ئیسلامە. بڕوانن لە مادەى حەوت لە دەروازەى یەکەم چى هاتووە؟!! (ئەم دەستوورە جەخت لەسەر ناسنامەى موسڵمانێتى زۆرینەى گەلى کوردستان دەکاتەوە و بنەماکانى شەریعەتى ئیسلام یەکێکن لە سەرچاوە سەرەکییەکانى یاسادانان). لێرەدا جگە لەوەى بە زۆرى زۆرداریى ناسنامەى ئیسلامیبوون و موسڵمانبوون بەسەر گەلی کورددا سەپێنراوە و نووسێنراوە بە تەوێڵیانەوە، شەریعەتى ئیسلامیشى کردۆتە چاوگێکى گرنگى تەشریع لە کوردستاندا، ئەمەش راستەوخۆ پێچەوانەى سروشتى عەلمانیەتە.

ئەم دەستوورە هەزار جار لەوە زیاتریش هاوارى عەلمانیبوون و دیموکراسیبوون بکات مادام دین بۆتە رەگەزێکى تەشریعى و بنەمایەکى دەستووریى هەرگیزاو هەرگیز نابێتە عەلمانى. لەبەرئەوەشى دەستوور عەلمانى نییە پەیڕەوکارانى ئاین و ئاینزاکانى ترى غەیرە ئیسلام دەکەونە ژێر هەڕەشە و مەترسییەوە، گەلی کلدۆ ئاشوورى وەک پەیڕەوانى ئاینى کریستیانى بە دوور نابن لە هیچ یەکێک لەو هەڕەشە و مەترسییانە. عەلمانییەت رەگەز و بنەمایەکى پتەوى دیموکراسییەتە، مادام باڵ مەرجى فڕین و زمان مەرجى قسە و چاو مەرجى بینینە، ئاوهاش عەلمانیەت مەرجى دیموکراسییە. (فرێد هالیدى) دەنووسێت (بەبێ بوونى دەوڵەتێکى عەلمانى راستەقینە دیموکراسى بەرجەستە ناکرێت). حکوومەتى کوردستان لەلایەک خوازیارى دیموکراسییە و لەلایەکى تریشەوە ئاین بەشدار دەکات لە داڕشتن و فۆرمۆڵەبەندیى دەستووردا!!!، دیارە بەشداریى پێکردنى ئیسلام لە دەسەڵات و دەستووردا ئەوەندەى تر بوار بۆ ئیسلامگەراکان و مەلا فەتواچییەکان دەڕەخسێنێ بۆ دەستگرتن بەسەر کۆمەڵگەدا و گڵۆپى سەوزیان بۆ هەڵدەکات تا لاشەى دیموکراسى هەلا هەلا بکەن.

دووبارە (فرێد هالیدى) دەنووسێت (بە سەرچاوەکردنى ئاین بۆ دەسەڵات و یاسا و حوکمکردن و تەشریع لە کۆمەڵگەدا وا دەکات پیرە پیاوانى ئاینى بێنە سەر دەسەڵات، ئەمەش حوکمێکى نادیموکراتیکە). ئامادەبوونى ئاین لە دەستووردا لە قازانجى کەس نییە جگە لە گروپە توندڕەوە ئیسلامییەکان، ئەوانەى دەیانەوێ رەوڕەوەى مێژوو بۆ هەزار و چوار سەد ساڵ لەمەوبەر و سەردەمى محەمەد بگەڕێننەوە. ئەوانەى دەیانەوێ ژن لە حیجابدا تەلبەند بکەن و وەزارەتى حەڵاڵ و حەرام و قانوونى سەنگەسار و چەقۆکێشى و شووڵ لێدان بهێننەوە سەر شانۆى کۆمەڵگە. هەتا ئیسلامییە منەوەرەکان و موسڵمانە رۆشنگەر و موحایدەکان لەگەڵ دەوڵەتى ئاینیدا نین و بانگەشەى بۆ ناکەن!، بەڵکو دەیانەوێت ئیسلام وەک دیاردە و پارادایمێکى رۆحیى لە بووندا بێت. بۆ وێنە نووسەر و موسڵمانی رۆشنگەرى عەرەب (جەمال بەننا) لە چاوپێکەوتنێکیدا دەڵێت (ئەگەر پیاوێکى ناموسڵمان دادپەروەرانە حوکمى نەتەوەى موسڵمان بکات، ئەوا زۆر باشترە لەوەى شێخێک یان ئیمامێک بەشێوەیەکى ناڕەوا و درۆزنانە حوکم بکات!!).
لێرەدا مەبەست لەوەیە رۆحى ئیسلام بریتییە لە دابینکردنى ئازادیى و دادپەروەریى لەسەر زەوى جا ئەم شتانە کافرێکیش بیهێنێتەدى مەسەلەیەک نییە، کەوابوو دادپەروەریى ئەولەویى و گرنگە نەک دەوڵەتى ئاینیى، خۆ پیاوێکى ناموسڵمان “وەک جەمال بەننا باسى دەکات” هەڵبەتە بەپێى قورئان و رێساى ئیسلام کار ناکات بەڵکو بەپێى میتۆد و رێڕەوێکى دنیایی و مرۆڤکرد دەسەڵات بەڕێوە دەبات. ئەم نموونەیەم بۆیە بە یاد هێنانەوەیە تا بە بەڵگەوە بیسەلمێنم موسڵمانە میانڕەو و رۆشنگەرەکان موهتەم نین بە دەوڵەتى ئاینیی- ئیسلامى و نایانەوێ بۆ گێڕانەوەى خەلافەت خوێنى چوار ملیار مرۆڤى سەر گۆى زەوى حەڵاڵ بکەن، تەنیا و تەنیا ئەوانەى لەم رووەوە سوودمەند دەبن گروپە ئیسلامییەکانن کە دەستوور وەک چەکێکى دووسەر و مەتاتى دەخەنە خزمەتى خۆیانەوە.
هەر لێرەشەوە ئەرکى ریفۆرمکردن و تەئویلى هاوچەرخ بۆ ئیسلام دەست پێدەکات بەوەى ئیسلام بگەڕێنرێتەوە بۆ نێو مزگەوت و بکرێتە پەیوەندییەکى رووتى رۆحیى بەندە لەگەڵ هێزە میتافیزیکییەکەى سەرو خۆى و دوور بخرێتەوە لە کارى سیاسیى و دروستکردنى بڕیارى سیاسیى و یاسا و حوکم و کایەی پەروەردە. تەنانەت زۆرێک لە رۆشنبیرانى عەرەب بە دیقەت گرتنیان لەم مەسەلەیە گەیشتنە ئەو بڕوایەى لەکردەى بە عەلمانیکردندا رێفۆرمکردنى ئیسلام ئەرکێکى پێویست و یارمەتیدەرە. بۆ نموونە (عەفیف ئەخزەر) لە بارەى عەلمانیەتەوە دەنووسێت: هەنگاوى یەکەم و سەرەکى بۆ بە ئەنجام گەیاندنى پرۆسەیەکى لەم جۆرە (عەلمانیەت) ئەوەیە چاکسازیى لە ئیسلامدا بکەین، ئەویش لە رێگەى ریفۆرمکردن لە بوارى خوێندنى ئاینیى و گووتارى ئاینییدا، ئەرکى دووەممان بە تاڵکردنەوەى ئەو خودئەڤینییە ئاینییەیە کە ئیسلام بە تەنیا ئاینى سەر زەوى دادەنێت، هەرچى یەهودیەت و مەسیحییەتیشە وەک دوو شەریعەتى بەر لە ئیسلام سەیر دەکات و پێیوایە بەهاتنى ئیسلام هەردووکیان نەسخ بوونەتەوە، یان پێیوایە سەرجەمى پێغەمبەران هەر لە ئیبراهیمەوە تاوەکوو عیسا موسڵمان بوون.

یەکێکیش لە نهێنییە ئاینییەکانى تیرۆرى ئیسلامى لێرەدایە، بەمجۆرە دەتوانین لەوە تێبگەین بۆچى سەرۆکى پێشووى لیژنەى فەتوا لە ئەزهەر ساڵى 2001 رایگەیاند (دیالۆگى ئاینەکان هیچ مانایەکى نییە، تەنیا بەوە نەبێ پاپاى ڤاتیکان بانگەشەى هاتنە نێو ئیسلام بکات). پێموایە عەلمانى نەبوونى دەستوورى هەرێم و بە سەرچاوەکردنى ئیسلام بۆ یاسادانان هەڕەشە لە چارەنووسى کلدۆ ئاشوورییەکان دەکات وەک مەسیحییەک، لەبەرئەوەى هیچ گرەنتى و زامنێک نییە بۆ پاراستنى ئەم هاووڵاتیانە لە دەستى ئەو ئیسلامگەرانەى پێیانوایە دەبێت پاپاش ببێتە موسڵمان. بۆیە تا ئەو (با) یە لە کونەوە بێت پەیڕەوانى ئاینەکانى ترى غەیرە ئیسلام هەست بەدڵنیایى و ئاسایش ناکەن. هەنووکەش پڕۆژەی عەلمانیەت کۆمەکێکى باشى دەسەڵاتەکان دەکات بۆ رێکخستنەوەى کۆمەڵگاکان و هاووڵاتیان، ئەزموونى عەلمانییەت بەشێوەیەکى گشتیى ئەزموونێکى سەرکەوتوو بووە لە دنیادا، هەرچەند ئیسلامییەکان و کۆنەپارێزەکان پێیانوایە عەلمانیەت تەنیا شەقڵێکى رۆژئاوایى یان مەسیحیى هەیە، بەڵام لە راستیدا عەلمانیەت ئەزموونێکى یونیڤرساڵە و دەکرێت لەهەر سوچێکى ئەم جیهانەدا پەیڕەو بکرێت. هەروەک بیرمەندى ئەمەریکى (فرانسیس فۆکۆیاما) دەڵێت (سکۆلاریزم دیاردەیەکى رۆژئاواییە لە کاتێکدا ئەم ئەزموونە ئەزموونێکى مرۆڤایەتییە و دەکرێت بەسەر هەموو شوێنێکدا گشتگیر بکرێتەوە).

ئەگەر دواتریش سەیرى تەواوى دەستوورى هەرێم بکەین دەبینین زۆر بڕگە و ماددەى باش هاتووە لێ ئەوەى لە زۆر لایەنەوە پڕ لە کەموکورتى و ناتەواوییە لە راستاى دابینکردنى مافەکانى تاک و مافە مەدەنییەکان، بۆ نموونە ئایا یاسا رێگە دەدات موسڵمانێک ئاینى خۆى بگۆڕێت بۆ مەسیحى و ناسنامەى موسڵمانبوون لەسەر پسووڵەى ناسنامەى بارى کەسێتى ئەو بسڕدرێتەوە و بکرێتە مەسیحى هەروەها بە پێچەوانەوەشەوە؟ یان یاسا رێگە دەدات بە زەواجى دوو کەسى ئاین جیاواز؟ یان… بەدەر لەمەش خۆ ئەگەر سەیرى دەستوورەکانى وڵاتانى چواردەور و دەوڵەتانى عەرەبى و رۆژهەڵات بکەین زۆر بڕگە و بەندى باش و دیموکراسى و راقییان تێدایە!، بەڵام ئەوەش واقیعى حاڵیانە و تا بینەقاقایان کێشە و قەیرانە و گیرۆدەى چەند سەرکردەیەکى دیکتاتۆر و زەمینەیەکى پڕ لە سانسۆر و بەربەست بوون، مرۆڤ لە وڵاتەکانیاندا کراوەتە رۆبۆتێک و دەسەڵات بە ویستى خۆى وەک بووکەڵەیەک دەیجوڵێنێ و نمایشى پێ دەکات.
رەنگە دەستوورى هەرێمى کوردستانیش هەرەوەکو دەستوورى ئەو دەوڵەتانە بێت، ئەوى خراپە لەسەر ژیانى خەڵک بەردەوام زەق بکرێتەوە و بخرێتە بوارى پراکتیزەکردنەوە، ئەویشى لە بەرژەوەندیى گشتیى خەڵکە ببێتە قسەى ناو داستان و حکایەت و مرەکەبى وشکەوەبووى سەر کاغەز. بۆ ئەوەى زیاتر لەمە دوور نەکەومەوە لە تایتڵى نووسین و ناوەڕۆکى باسەکەم، دەڵێم دەستوورى هەرێم دەستوورێکە جێگەى دڵخۆشیى گەلى کلدانى ئاشوورى سریانى نییە بگرە و لەوانەیە نهۆ پیرە پیاوێکى دنیادیدەى ئاشوورى دەست بخاتە ژێر چەنگەیەوە و بە قووڵى لە بیرکردنەوەدا بێت و بە دەنگێکى مات و مەلوول و لەبەرخۆوە بڵێت: ئایا تراژیدیاى سیمێڵ کۆتایى پێهاتووە؟ ئایا سمکۆى شکاک هێشتا لە کەمیندا نییە بۆ مار شەمعون؟ ها…ها.. نا.. نازانم… نازانم.

نووسینی: ستیڤان شەمزینی
ستۆکهۆڵم – سۆلنا

————————————————————–

پەڕاوێز:
*چاپتەری یەکەم وتارێکی شیکارییە و پێش چواردە ساڵ، لە ژمارە (81)ی رۆژنامەی (باسەڕە) لە شاری کەرکوک، لە زستانی ساڵی 2004 بڵاوبووەتەوە.

*چاپتەری دووەم وتارێکی رۆژنامەوانییە و پێش دوانزە ساڵ، لە ژمارە (88)ی رۆژنامەی (کوردستان راپۆرت) لە 15-10-2006 بڵاوبووەتەوە.

تێبینی:
کۆی ئەم وتارە وەک بەشی شەشەمی کتێبی “گەمەی شەیتان” لەلاپەڕە 212-232 بڵاوکراوەتەوە کە ئەو کتێبەش سەرەتای ساڵی 2018 بەشێوەی کاغەز چاپ و بلاوکراوەتەوە.

Previous
Next
Kurdish