Skip to Content

پێگەی تایبەتی ٨ی مارس لە شۆڕشی ژنان.. و: کاوە عومەر

پێگەی تایبەتی ٨ی مارس لە شۆڕشی ژنان.. و: کاوە عومەر

Closed
by ئازار 5, 2023 General

حەسەن ساڵحی: ئێمە لە سەروبەندی ٨ی مارسدا، ١٧ی ئەسفەند، ڕۆژی جیهانی ژنانداین. لە کۆمەڵگای ئێراندا حەماسەتێکی زۆر هەیە بۆ ئەوەی ئەم ڕۆژە تا ئەو جێگایەی کە دەکرێت بە شکۆمەندانە لەسەر تەوەری شۆڕشی ژن، ژیان ئازادی، بەرز ڕابگرن. لەم پێوەندییەدا کۆمەڵێک پرسیار لەگەڵ حەمید تەقوای دەخەینە بەرباس.

حەمید تەقوایی، هەموو ساڵێک لە ٨ی مارسدا گردبوونەوە و مەراسیم ئەنجام دەدرا و لەو کۆبوونەوانەشدا باس لە بێ مافی ژنان و داواکارییەکانی ژنان دەکرا. بەڕای ئێوە ٨ی مارس ١٧ی ئەسفەند ١٤٠١ لەسەر بەستێنی شۆڕشی ژناندا دەبێت چۆن  بێت؟

حەمید تەقوایی: هەروەک ئاماژەت پێدا، هەشتی مارس، ڕۆژی جیهانی ژنان، هەمیشە بۆنەیەکی تایبەت بووە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین لە ئێران، چونکە حکومەتێکی دژە ژن، حکومەتێک کە تا سەر مۆخی ئێسک کۆنەپەرستانە و هەموو مافەکانی ژنان پێشێل دەکات، حوکمڕانی کۆمەڵگا دەکات . پرسی حیجاب وەربگرن، کە هەر لە یەکەم مانگی هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامییەوە، ناڕەزایەتییەکی بەرفراوانی لێکەوتەوە، لە ناڕەزایەتی کچانی شەقامی ئینقلابەوە تا تێکۆشانی ژنان بۆ سەرەتاییترین مافەکانیان، مافی سەفەرکردن، و مافی سەرپەرشتیکردنی منداڵ، مافی بەشداریکردن لە چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان، تەنانەت مافی گۆرانی وتن، مافی وەرزشکردن، مافی بەشداریکردن لە یاریگا وەرزشییەکان و هتد. ژنان هەمیشە خەباتیان کردووە، بەڵام ئەمساڵ ناڕەزایەتی لە ڕۆژی جیهانی ژناندا تایبەتمەندییەکی زۆر بەرچاوتر و گرنگتری هەیە و لە ڕەوتی پێشهاتە سیاسییەکاندا یەکلاکەرەوەترە. هۆکارەکەی ڕوونە. ئێستا زیاتر لە پێنج مانگە شۆڕشێکی ژنان لە ئارادایە. شۆڕشی ژنان بەو مانایەی کە یەکێک لە ئامانجە گرنگەکانی بریتییە لە نەهێشتنی هەر جۆرە هەڵاواردن و نایەکسانییەک بەرامبەر بە ژنان و هەروەها بەو مانایەی کە هێزی چالاک و پێشەنگایەتییەکەی ژنانی کۆمەڵگایە. بەتایبەت کچان و ژنانی گەنج. بەم مانایە ڕۆژی جیهانی ژنانی ئەمساڵ بارودۆخێکی زۆر تایبەتە و بۆنەیەکی زۆر تایبەتە لە کۆمەڵگای ئێراندا. ڕۆژێکە لە چوارچێوەی سەرهەڵدانی کۆمەڵگا بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی و بە دروشمی کۆماری ئیسلامیمان ناوێت و دروشمی مەرگ بۆ ئەم حکومەتە دژە ژنە! هەر لەو چوارچێوەیەدایە کە نەک هەر ژنان دژی نادادپەروەری و ئاپارتایدی جێندەرین، بەڵکو هەموو خەڵک دژی ئەم حکومەتە دژەژنە جارێکی دیکە دێنە سەر شەقام و ناڕەزایەتی دەردەبڕن و کۆدەبنەوە و خۆپیشاندان دەکەن و من هیوادارم، و دەکرێت چاوەڕوانیش بکرێت، ئەو ٨مارسی ئەمساڵ ببێتە ڕۆژی ئەنجامدانی  شۆڕشێکی شکۆمەند و سەرتاسەری ژن، ژیان، ئازادی دژ بە حکومەت.

حەسەن ساڵحی: بابەتێک کە دەتوانێت کاریگەری لەسەر ٨ی مارس هەبێت لەم دۆخەی ئێستادا، پرسی ژەهراویکردنی زنجیرەیی قوتابیانی قوتابخانەکانی کچانە. تا ئێستا زیاتر لە ٨٠٠ منداڵ و هەرزەکار ژەهراوی بوون. ئەم ڕووداوە وەک تاوانێکی بە ئەنقەست، تیرۆری بایۆلۆجی دژ بە خوێندکاران و بە تایبەت خوێندکارانی کچ باسی لێوە دەکرێت. جێگای ئەم تاوانە قێزەونە لە ٨ی مارس چییە؟

حەمید تەقوایی: پێموایە ئەم بابەتە دەبێتە یەکێک لە ئامانجە گرنگەکان و یەکێک لە پایەکانی ناڕەزایەتییەکانی ٨یمارس. وەک ئاماژەت پێدا، ئەمە کارەساتێکە، کارەساتێکی تەواو و سەرتاسەری وڵات. ئێستا مەسەلەکە لە قوم و بۆروجەرد و هەندێک شاری دیکە تێپەڕیوە و زیاتر لە ١٣ شاری گرتۆتەوە. بەپێی ئەو کەمترین ئامارەی کە دراوە، ئێستا زیاتر لە ٣٠ قوتابخانە بەدەست ئەم کێشەیەوە دەناڵێنن. سەدان کەس ژەهراوی بوون و خەوێندراون لە نەخۆشخانە و کچێکی قوتابخانەی تەمەن ١١ ساڵ بە ناوی فاتمە ڕەزایی بە هۆی ژەهراوی بوون گیانی لەدەست دا. ئەمە کارەساتێکی شۆککەر و قووڵایی تاوان و دڕندەیی حکومەت نیشان دەدات. ئەم کارەساتە دژایەتی حکومەتی ئیسلامی بەرامبەر ژنان و کچان نیشان دەدات و ماهیەتی کۆنەپەرستانەی خۆی لە پێشێل کردنی مافی هەموو خەڵکدا ئاشکرا دەکات. چونکە ئەم بابەتە تەنها پەیوەندی بە خوێندکاران و خێزانەکانیانەوە نییە، بەڵکو پرسی هەموو خێزانەکان و هەموو خەڵکە. ئەم هێرشە لەدژی قوتابیانی کچ دەستی پێکرد و ئێستا تەشەنەی کردووە بۆ قوتابخانەی کوڕان و زانکۆکانیش لەگەڵ ژەهراوی بوونداسەرقاڵن. ئەم کارەساتە لە هەموو شارەکاندا خەریکە دەبێتە کێشەیەکی سەرتاسەری. بەم مانایە کێشەی هەموو خەڵکە و پێموایە ٨ی مارس یەکێکە لە گرنگترین پرسەکان کە دەتوانێت ببێتە هۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک بە هێزێکی زیاترەوە بێنە سەر شەقام و دژی کۆماری ئیسلامی بوەستن، ئەم پرسی ژەهراویکردنەی کچانە.

لەسەر ئاستی جیهانی نابێت چاوەڕێی هەفتەیەکی تر بکەین، بەڵکو لە ئەمڕۆوە کارەساتی ژەهراویکردن بکەینە گوتاری گشتی و ڕای گشتی خەڵکی جیهان لەو تاوانە ئاگادار بکەینەوە. به تایبه تی به مه به ستی مه حکووم کردنی ئه م تاوانەی کۆماری ئیسلامی و داوای ده رکردنی له داموده زگا نێوده وڵه تییه کان و داوای به زوترین کات ڕاگرتنی ئه م تاوانه ، له ڕێگه ی ڕێکخراو و داموده زگا و حکوومه ت و حیزب و هێزه سیاسییه جۆراوجۆره نێوده وڵه تییه کانەوەداوا بکرێت. ئەم کۆکردنەوە جیهانییە دەتوانێ کاریگەر بێت و کار بکات، هەروەها ئەمەش ئەرکی حزبە ڕادیکاڵ و شۆڕشگێڕەکانی وەک حزبی ئێمەیە کە ئەم بابەتە بەرەو پێشەوە ببەن. هیوادارم لەو ڕۆژانەی کە لە ٨ی مارس نزیک دەبێتەوە، بتوانین گوشارە جیهانییەکان لەسەر حکومەتی ئیسلامی زیاد بکەین و نەک هەر هێرشی کیمیاوی حکومەت بۆ سەر کچان و منداڵ و هەرزەکاران ڕابگرین، بەڵکو گورزێکی بەهێزی دیکەش لەم حکومەتە منداڵکوژە بدەین.

حەسەن ساڵحی: با ئاوڕێک لە کاریگەرییەکانی شۆڕشی ژنان لە ئێران بدەینەوە لەسەر پرۆسەی یادی  ٨ی مارس لە جیهاندا. ئەمڕۆ دروشمی ژن ژیان ئازادی دروشمێکی جیهانیەە. ئەم دروشمە بە زمانی جیاواز هاوار دەکرێت. پرسیار ئەوەیە، شۆڕشی ئێستای ئێران دەتوانێت چ کاریگەرییەکی لەسەر پرۆسەی یادکردنەوەی ٨ی مارس لە ئاستی نێودەوڵەتیدا هەبێت؟

حەمید تەقوایی: پێموایە کاریگەرییەکی زۆر گرنگی هەیە. تا ئێستا بەشێک لە ڕێکخراوە فێمینیستەکان و داکۆکیکارانی مافی ژنان ڕایانگەیاندووە کە تەوەرێکی گرنگی کۆبوونەوە و خۆپیشاندانەکانیان لە ڕۆژی جیهانیی ژناندا پشتیوانیکردنە لە شۆڕشی ژن  ژیان ئازادی لە ئێران و پێم وایە لە وڵاتانی جۆربەجۆری ئەوروپادا شاهیدی ئەو دەبین حزب و هێزە سیاسییەکان ، و ناوەند و ڕێکخراوەکانی پشتیوانی لە مافەکانی ژنان پێویستە زیاتر سەرنجیان لەسەر ئەم بابەتە بێت و ئەم بابەتە بخەنە بەرنامەی کاری ناڕەزایەتی یان ڕێپێوانەکانی ٨ی مارسەوە. بێگومان ئەو کاریگەرییەی کە شۆڕشی ژن ژیان ئازادی لەسەر هەیبووە، لەوە زیاترە. شۆڕشی ژنان لە ئێران پرسی ژنان لە جیهاندا بە پێشهاتە سیاسییەکانەوە گرێداوە. لە زۆرێک لە وڵاتانی ئەورووپایی ڕۆژی جیهانی ژنان وەک ڕۆژی خەباتی یاسایی و هەڵمەتی یاسایی بۆ مافەکانی ژنان دادەنرێت. بەڵام ئەمساڵ بە هۆی شۆڕشی ژنان لە ئێران داخوازی مافی ژنان بۆتە بزووتنەوەیەکی دژ بە ئایین، دژی بزووتنەوەی ئیسلامی سیاسی، دژی حکوومەتە دژە ژنە نەک تەنیا لە ئێران، بەڵکو لە ئەفغانستانیش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ، و تەنانەت دژی بێمافی ژنانیش، کە لە وڵاتانی ڕۆژئاواش حکومەت، ئایین و هێزە ڕاستڕەوە توندڕەوەکان و فاشیستەکان لێی بەرپرسیارن. دەمەوێت بڵێم شۆڕشی ژن ژیان ئازادی کێشەی ژنانی بردەوەتە سەر ڕەگ و ڕیشە ڕاستەقینەکەی ، ڕەگ و ڕیشە سیاسی و چینایەتییەکانی لە هەموو جیهاندا و بەتایبەتی هێزە چەپەکان زیاتر و زیاتر درک بە گرنگی ئەم شۆڕشە دەکەن و پشتیوانی لێدەکەن. لەبیرمان نەچێت پێش ئەم تێزە کۆنەپەرستانەی وەک ڕێژەگەرایی کولتووری، وەک نەترسان لە ئیسلام و هتد و تەنانەت هێزە چەپەکانیش بەم تێڕوانینە لە کۆماری ئیسلامی و پێگەی ژنان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نزیک دەبوونەوە. ساڵانێکە ئێمە لەدژی ئەم تێڕوانینە کۆنەپەرستانە دەجەنگین کە ڕۆڵی ئیسلام و دەوڵەتە ئیسلامییەکان لە وڵاتانی وەک ئێران و وڵاتانی ئیسلامیکراودا پاساوی ئەدەن. خۆشبەختانە ئەمڕۆ لە سایەی شۆڕشی ژناندا، ئەو تێز و تیۆرییە کۆنەپەرستانەی ڕێژەگەرایی کولتووری و ئیسلامۆفۆبیا و وازیان لێ هێنراوە و ڕوون بووەتەوە کە پرسی مافەکانی ژنان پرسێکی جیهانییە. وە ئەم ڕاستییە زیاتر و زیاتر دەرکەوتووە کە بەرگریکردن لە مافەکانی ژنان لە هەر وڵاتێک، لە هەر شوێنێکی جیهان، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست یان لە دڵی ئەوروپا، پایەیەکی گرنگە لە بەرگریکردن لە بەها گشتگیرەکان و ئازادییەکان و مرۆڤایەتی. خۆشبەختانە ئەمڕۆ شۆڕشی ژنانە لە ئێران، شۆڕشێک کە بەرگری لە ژن لەگەڵ بەرگری لە ژیان و ئازادی تێکەڵ دەکات، ئەم ئاڵایەی بەدەستەوەیە و هیوادارم و پێموایە لە ٨ی مارسدا ئەم دروشمە و ئەم پەیامە بگوازرێتەوە بۆ هەموو جیهان، لە بەرگریکردن لە مافەکانی ژنان، یەک دەنگ لە دژی حکومەتە کۆنەپەرستەکان، دژی ئایینەکان، دژی هێزە سیاسییە ڕاستڕەوەکان کە لە هەموو شوێنێک تووشی شۆڤێنیزم و پیاوسالاری بوون بێتە دەرەوە وپاشەکشەیان پێبکات..

حەسەن ساڵحی: ئایا دەتوانین چاوەڕوانی ئەوە بین کە ئاهەنگی ٨ی مارس کە هاوکاتە لەگەڵ ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی ئەسفەندی ئەمساڵ سەرەتایەکی نوێ بێت لە شۆڕشی ژن ژیان ئازادیدا، وەک ئەوەی لە ٢٧ی بەهمەندا ڕوویدا؟ لە هەلومەرجێکدا کە ڕژیم بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە بزووتنەوەکە کۆتایی هاتووە، لە ٢٧ی بەهمەندا لە زیاتر لە بیست شاردا شاهیدی ناڕەزایەتییەکان بووین. ئایا ٨یماەس دەتوانێت ببێتە ڕۆژێکی وا؟

حەمید تەقوایی: گەشبینم و هیوادارم ئەمە ڕووبدات. ئاماژەکان هەن کە ئێمە بەرەو ئەم ئاراستەیە دەڕۆین.

دەبینیت لەسەر ٢٧ بەهمەن، کە ئاماژەت پێدا، بزووتنەوەیەکی ڕێکخراو بوو، بزووتنەوەیەکی خۆبەخۆ نەبوو بە تەنها بانگەوازێکی گشتی، بەڵکو ٥٠ ڕێکخراو لە تۆڕێکی چالاکی خوێندکاری، گەنجانی گەڕەک، ڕێکخراوەکانی بەرگری لە مافی ژنان، پزیشکان و …هتد .ئەم بانگەوازەیان ڕاگەیاند و لەوەش گرنگتر ئەوان ڕێکیان خستبوو. ئێستا هەمان هێز بۆ ٨یمارس بەکارهێنراوە. ٥٢ ڕێکخراو ئەم بانگەوازەیان داوە و بەهۆی ئەم ڕێکخراوبوون و ڕێکخراوکردنەوە، چونکە کۆمەڵگە خۆی پێکهێناوە و بەتایبەتی گەنجان، خوێندکاران، ڕێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافی ئافرەتان، گەنجانی گەڕەکەکانی شارە جیاجیاکان لەم تۆڕەدان و چالاکن، هیوادارم کە ١٧ی ئەسفەند ئەمساڵ زۆر زیاتر ببێتە بزووتنەوەیەکی گشتی بە شێوەیەکی بەرفراوانتر لە ٢٧ بەهمەن. گرنگی بەو ڕاستییە بدەن کە ئێستا کۆمەڵگا زۆر تووڕە بووە و ڕق و کینەی لەحکومەت گەیشتووەتە ئاستی تەقینەوە لە ئەنجامی ئەم کارەساتەی کیمیابارانی کچانی قوتابخانە و ئەمەش فاکتەریەکە کە دەتوانین لە وەڵامدانەوەیدا ئومێدی پێبکەین ئەم کارەساتە لەسەر ئاستێکی فراوانی کۆمەڵگا دەست بکە بە ناڕەزایەتی و ڕووبەڕووی ئەنجامێکی زۆر بەهێزتر دەبینەوە لە ٢٧ی بەهمەن یان ڕۆژانی پێشوو.

حەسەن ساڵحی: پلانی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی ئێران بۆ بەرزڕاگرتنی ڕۆژی جیهانی ژنان چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوەی وڵات چییە و جەخت لەسەر چ خاڵێکی سەرەکی دەکەیتەوە؟

حەمید تەقوایی: لە وڵاتدا، تا ئەو جێگایەی ئێمە پەیوەندیمان هەیە و ڕێکدەخەین و بەشدار دەبین لەو بزووتنەوەیانە، هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی ڕۆژی هەشتی مارس ببێتە دەرئەنجامێکی بەهێز لە شۆڕشی ژن،ژیان، ئازادیدا. بێگومان لەگەڵ گرنگیدان بە پرسی بێ مافی ژنان و بەداخەوە ئەمڕۆ ناچارین بڵێین کوشتنی ژنان بەتایبەتی لە ناڕەزایەتی بەرامبەر هێرشکردنە سەر قوتابخانەکانی کچان. با ئەوەش بڵێم، کیمیابارانکردنی کچان هاوشێوەی فڕێدانی تێزابە بەسەر دەموچاوی ژنان، یان تەقەکردن لە فڕۆکە، یان ئاگرنان بە زیندانی ئەڤین، هەنگاوێکی بە ئەنقەست و پلان بۆ داڕێژراو. بۆیە لە ناڕەزایەتییەکان بەرامبەر بەو سیاسەتە تاوانکارییانە، هەموو سیستەمەکە نیشانەیە. لەم ڕوانگەیەوە ٨ی مارسی ئەمساڵ دەخرێتە چوارچێوەی شۆڕشی دژ بە حکومەت.

  بەم هەڵسەنگاندنە پێشوازی لە ٨ی مارسی ئەمساڵ دەکەین. تا ئەو شوێنەی پەیوەندی بە ناوخۆی وڵاتەوە هەیە، ئێمە لە هەموو ئەو ڕێکخراوانەین، لەوانەش ئەو ٢٠ ڕێکخراوەی کە جاڕنامەی کەمترین داواکارییان بڵاوکردەوە و ئەو ٥٢ ڕێکخراوەی کە داوای ٨یمارسیان کردبوو، هەروەها ڕێکخراوە ناحکومییەکان و کۆمەڵە، ناوەندەکان،ئەنجومەنەکان، و شورا.کرێکاریەکان و بزووتنەوەی مافی ژنان، بزووتنەوەی داوای یاسایی و بزووتنەوەکانی تر، و بانگەوازەکەمان ئەوەیە لە ٨یمارسدا بە پێدانی لێدوان و ڕاگەیاندن پێکەوە و بە هاوبەشی لەگەڵ یەکتر یەکبگرین و بە تایبەتی دژی ئەم سیاسەتە تاوانکاریانەی حکومەت، وەک تیرۆری کیمیایی .خوێندکاران، بێنە سەر شەقامەکان و ناڕەزایەتی دەرببڕن. لەم ڕۆژەدا پێویستە قوتابخانە دابخرێت، بازاڕ دابخرێت. زانکۆکان دەبێ مان بگرن و بەم مانایە ڕۆژی جیهانی ژنان بزووتنەوەیەکی بەهێز بێت لە پڕۆسەی ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامیدا.

لە هەمان چوارچێوەدا چالاکیی ناڕەزایەتی لە دەرەوەی وڵات ڕێکدەخەین. لە دەرەوەی وڵاتیش، حیزب لە شارە جیاجیاکان ڕۆژی شەممە بزووتنەوەی ناڕەزایەتی ئەنجام دەدات، ئێمەش ڕۆژی چوارشەممە ٨یمارس بزووتنەوەی ناڕەزایەتی ڕێکدەخەین. لە ٨ی مارسدا زۆرێک لە ڕێکخراو و تەشکیلاتەکانی وڵاتانی ڕۆژئاواش دێنە سەر شەقامەکان و هەوڵ دەدەین پرسی شۆڕشی ژن، ژیان ئازادی و پشتیوانی لەم شۆڕشە و شەرمەزارکردنی کۆماری ئیسلامی و بە تایبەتی بایکۆتی ئەم حکومەتە بکەینە ئەو ڕاگەیاندن و لێدوانانەی کە ئەم ڕێکخراوە چالاکانە لە ٨یمارسدا بڵاوی دەکەنەوە، ببێتە گوتار و ناوەڕۆکی بڕیارنامەکە. حیزب خۆی لە هەر شوێنێک کە بتوانێ لە شارەکانی ئەوروپا و ئەمریکای باکوور خۆپیشاندان و چالاکیی بۆ ئەم ڕۆژە ڕێکدەخات. بەم شێوەیە هیوادارم چ لە ناوخۆی وڵات و چ لە خۆپیشاندان و گردبوونەوەکانی دەرەوەی وڵات، لە ٨ی مارسدا بزووتنەوەیەکی شکۆمەند و سەرتاسەری پێکبهێنرێت و بتوانین گورزێکی توند لە حکومەتی منداڵکوژ و دژە ژنی کۆماری ئیسلام یبدەین.

حەسەن ساڵحی: باست لە ٢٠ ڕێکخراو کرد کە جاڕنامەی لانی کەمی داواکاریەکانیان دەرکرد و لە ٨ی مارسدا بەیاننامەیان دەرکرد. پێت وایە ئەم جاڕنامەیە چ کاریگەرییەکی لەسەر لێدوان و ناڕەزایەتییەکانی ٨ی مارس دەبێت؟

حەمید تەقوایی: بڕگەیەکی گرنگی ئەم جاڕنامەیە پەیوەندی بە پرسی ژنانەوە هەیە، ئەویش بە شێوەیەکی زۆر ڕوون وئاشکرا و چارەنووسساز و ڕادیکاڵ ئەم بابەتەی وروژاندووە و داوای یەکسانییەکی تەواو لە نێوان ژن و پیاودا دەکات. داواکاریی گرنگی تریش پێشنیار کراون، وەک ئازادیی بێ مەرج و جیایی ئایین لە دەوڵەت و یاساکان و هتد، کە هەموو ئەمانە پەیوەندییان بە پرسی ژنەوە هەیە.

جگە لەوەش جاڕنامە دەنگ و مانیفێست و دەکرێ بڵێین ئاڵای شۆڕشی ژن ژیان  ئازادییە. هەر هێزێکی شۆڕشگێڕ کە سەرکەوتنی ڕاستەقینەی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی دەیەوێت،پێشبینی ئەوی لێدەکرێت کە لە هەموو شوێنێک باسی شۆڕشی ژن  ژیان ئازادی بکات ئەم ئاڵایە هەڵبکات و ڕایبگەیەنێت کە ئەمڕۆ شۆڕشەکەمان مانیفێستی خۆی هەیە؛ خاوەنی جاڕنامەیەکە کە گوزارشت لە ئامانج و داواکارییە بنەڕەتییەکان دەکات کە داواکاریی هەموو بەشەکانی کۆمەڵگان و زۆر مۆدێرن و ئازادیخوازانە و مرۆڤدۆستانەیە. ئەم جاڕنامەیە ئەبێت لە هەموو بۆنەیەک و لە هەموو مینبەرێکدا لەگەڵمان بێت، لە دەستی ئێمەدا بێت، گوتارمان بێت لە هەموو هەڵمەتێکدا کە لە دەرەوەی ئێران و لە ناوخۆی ئێراندا ڕێکدەخەین یان هەر خەبات و مانگرتن و خۆپیشاندانێک کە بەشداری دەکەین. ٨ی مارس دەرفەتێکی باشە بۆ هێنانە پێشەوەی ئەم جاڕنامەیە بەتایبەتی بڕگەکانی پەیوەست بە ئازادی ژنان و مافەکانی ژنان و داوا لە بەشداربووانی مەراسیم و وتار و خۆپیشاندان و ڕێپێوان لە دەرەوەی وڵات بکرێت پشتگیری ئەم جاڕنامەیە بکەن جاڕنامەکە بۆ زۆر زمان وەرگێڕدراوە، لە هەموو وڵاتێکدا هەوڵدەدەین ئەمە بە زمانیئەو وڵاتە بخەینەڕوو و لەو بڕیارنامانەی کە لە ٨ی مارس دەرچووە، بڕگەیەک تەرخان دەکەین بۆ بەرگریکردن لە شۆڕشی ژن، ژیان ئازادی، و مانیفێستەکەی،واتە جاڕنامەی ٢٠ ڕێکخراو.

٢ی مارس ٢٠٢٣، ١١ی ئەسفەند ١٤٠١

بە پشتبەستن بە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ کەناڵە جەدیدە کۆکراوەتەوە

سوپاس بۆ ئەمیر تەوەکولی بۆ نوسینەوەی دەقی سەرەتایی ئەم چاوپێکەوتنە

Previous
Next
Kurdish