په‌یوه‌ندی نێوان نه‌مری و داهێنان له شیعری ( غه‌زه‌لێك به‌شی تۆ ناكات )ی كه‌ریم ده‌شتی دا.. نووسینی/ عەتا قەرەداخی
(١)
(غه‌زه‌لێك به‌شی تۆ ناكات ) شیعرێكی نوێ شاعیر كه‌ریم ده‌شتییه كه له ژماره 127ی گۆڤاری رامان دا بڵاوی كردۆته‌وه . لێره‌دا هه‌وڵده‌ده‌ین خوێندنه‌وه‌یه‌كی ئه‌م شیعره بكه‌ین . سه‌ره‌تاش ده‌بێ ئاماژه بۆ ئه‌وه یكه‌ین كه كه‌ریم ده‌شتی یه‌كێكه له‌و شاعیره دیارانه‌ی نه‌وه‌كه‌ی خۆی كه له دوو ئاستدا تایبه‌تمه‌ندی خۆیی هه‌یه كه یه‌كه‌میان ئه‌وه‌یه ئه‌م شاعیره خاوه‌نی جیهانبینی تایبه‌تی خۆیه‌تی و له‌و بواره‌شدا له ئاستێكی قوڵدا كار ده‌كات و به گشتی شیعری ئه‌م شاعیره هه‌ڵگری كۆمه‌ڵێ پرسیاری گرنكن كه بواری جۆراو جۆری په‌یوه‌ست به مه‌سه‌له‌كانی بوون و ژیان و مردن و نهێنییه‌كانی ناخی مرۆڤ و په‌یوه‌ندی مرۆڤ و سرووشت و سه‌رجه‌م ره‌گه‌زو پێكهاته‌كانی سرووشت ده‌گرنه‌وه و پرسیار له گه‌وهه‌رو ماهیه‌تی مێژوو كاریگه‌ری و رۆڵی مێژوو و رابردووه‌ش له سه‌ر ئێستا‌و ده‌ووری له ئاماده‌كردنی ئێستا‌و به‌ده‌ستهێنانی داهاتوودا له خاسێته دیاره‌كانی پرسیاری شیعری ئه‌م شاعیره‌ن .هه‌روه‌ك خاسێتێكی دیاری تری ئه‌زموونی شیعری ئه‌م شاعیره ئه‌وه‌یه كه له رووی فۆرمی شیعرییه‌وه به یه‌ك شێواز نانووسێت و هه‌ست به‌وه ده‌كرێت كه په‌یوه‌ندییه‌كی دیالكتیكانه هه‌یه له نێوان جیهانبینی شیعری و شێوازی نووسیندا به جۆرێكی ئه‌وتۆ هه‌ست به‌وه ده‌كرێت كه پرسیار‌و جیهانبینی ده‌قه‌كانی شێواز یان فۆرمی تایبه‌ت به خۆیان به‌رهه‌م ده‌هێنن یان به شێوه‌یه‌كی تر گونجاندنێك له نێوان جیهانبینی شیعری و شێوازی نووسیندا پێكدێت و ئه‌وه‌ش وای لێده‌كات كه وه‌كو شاعیرێكی ئه‌زموونگه‌ر بناسرێت .
یه‌كێك له خاسێته دیاره‌كانی ئه‌زموونی شیعری ئه‌م شاعیره ئه‌وه‌یه كه له گه‌ڵ هه‌ڵكشانی كاتدا روانینی ئاشكراتر ده‌بێت و ئه‌م حاڵه‌ته‌ش ته‌نیا له‌سنووری روانین و جیهانبینی شیعریدا نامێنێته‌وه به‌ڵكو ده‌په‌ریَِته‌وه بۆ ئاستی بنیادی شیعری و به گشتی زمانی نووسین و وێنه‌ی شیعری و فه‌زای شیعریش ده‌گرێته‌وه كه ده‌توانین بڵێین سه‌رجه‌می ره‌گه‌زه‌كانی به‌رهه‌م هێنانی شیعر ده‌خاته خزمه‌تی به‌رهه‌م هێنانی شیعریه‌ته‌وه له ئاستێكی باڵادا . هه‌روه‌ك جێگای خۆیه‌تی ئاماژه‌ش بۆ ئه‌وه بكه‌ین كه كه‌ریم ده‌شتی سه‌رباری ئه‌وه‌ی یه‌كێكه له‌و چه‌ند شاعیره به ژماره كه‌مه‌ی كه ده‌زانن چه‌مكی شیعر چییه دیسان له رووی به‌رهه‌مهێنانی شیعریه‌ت و ده‌قی زیندووه‌وه تاكو ئێستاش پڕ به‌رهه‌مترین شاعیری نه‌وه‌كه‌ی خۆیه‌تی .ئه‌م شاعیره له‌و شیعرانه‌ی كه له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دوایدا له گۆڤار‌و رۆژنامه‌كاندا بڵاویان ده‌كاته‌وه‌و له كۆمه‌ڵه شیعری ( سیفری ئاگر )یشدا ته‌واو به زمانێكی سفت و مۆسیقایه‌كی ده‌وڵه‌مه‌ندو هه‌ندێ جار گه‌ڕانه‌وه‌ش بۆ كێش و سه‌روایه‌كی سرووشتی دوور له هه‌وڵ یان ویستی زۆره‌ملێ ده‌نووسێت .هه‌موو ئه‌م خاسێتانه‌ی كه لێره‌دا ئاماژه‌مان بۆ كردن هه‌ریه‌كه به جۆرێك ده‌ور ده‌بینێ له ده‌وڵه‌مه‌ند كردنی ئه‌زموونی شیعری ئه‌م شاعیره‌دا . ئێستا ده‌توانین بڵێین كه‌ریم ده‌شتی ئه‌و شاعیره‌یه كه تایبه‌تمه‌ندی خۆیی هه‌یه‌و له هه‌ندێ ئاستی شێوازی نووسین و هه‌ندێ چركه‌ساتی به‌رهه‌مهێنانی شیعریه‌ت و هه‌ندێ مامه‌ڵه كردنیدا نه‌بێت له‌گه‌ڵ هێماو ئه‌فسانه و ره‌گه‌زی مێژوویدا كه جۆره نزیكیه‌كی له‌گه‌ڵ ئه‌زموونی شیعری ئه‌نوه‌ر قادردا هه‌یه ئیتر كاریگه‌ری ئه‌زموونی شیعری كوردی پێش خۆیی پێوه دیار نییه ئه‌و كه‌مه نزیكیه‌ش كه له ئاستێكی لاوازدا له‌گه‌ڵ ئه‌زموونی شیعری زریانی ئه‌نوه‌ر قادردا هه‌یه‌تی ناگاته ئه‌و ئاسته‌ی كه به‌كاریگه‌ری دابنرێت . هه‌ر ئه‌م جۆره سه‌ربه‌خۆییه‌ش وای كردووه كه كه كه‌ریم ده‌شتی وه‌كو شاعیرێكی خاوه‌ن ده‌نگ و ئه‌زموونی تایبه‌تی به خۆی ده‌ربكه‌وێت .
ناونیشان كه وه‌كو كلیلی كردنه‌وه‌ی ده‌ق سه‌یر ده‌كرێت و هه‌ندێ جار ده‌بێته ئه‌و رسته سه‌ره‌كیه‌ی كه ده‌قێكی ئه‌ده‌بی یان هونه‌ری لێی ده‌دوێت , ناونیشانی ئه‌م شیعره ( غه‌زه‌لێك ) ده‌مانگێڕێته‌وه بۆ رابردوو كه وشه‌ی غه‌زه‌ل له شیعری كلاسیك‌دا به‌كارهاتووه , ده‌شێ ئه‌وه‌ش وه‌ها لێك بده‌ینه‌وه كه كه‌ریم ده‌شتی وه‌كو شاعیرێك توانیوێتی په‌یوه‌ندییه‌كی به‌هێز له نێوان كه‌لتووری رابردووی ئێمه‌و گیانی سه‌رده‌م و نوێخوازیدا درووست بكات و به‌كارهێنانی ئه‌م وشه‌یه‌ش له‌و تێڕوانینه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت . به‌ڵام لێره‌دا ناونیشان كه بریتییه له ( غه‌زه‌لێك به‌شی تۆ ناكات ) شتێكی گشتییه‌و پێش شیكردنه‌وه‌ی ده‌قه‌كه نه ده‌زانرێت ئه‌و كێیه‌و نه ئامانج له گوتنی ئه‌و غه‌زه‌له‌ش ئاشكرایه , به‌ڵكو چ ( تۆ ) و چ غه‌زه‌لیش دوو ده‌ربڕین یان دوو ره‌گه‌زی گشتین كه ده‌شێ مه‌به‌ست له ( تۆ ) هه‌ر كه‌سێك بێت و مه‌به‌ست له غه‌زه‌لیش ده‌شێ هه‌ر جۆره غه‌زه‌لێك بێت ته‌نیا ئه‌وه هه‌یه لێره‌دا كه وه‌های لێك بده‌ینه‌وه كه مه‌به‌ست له‌و ( تۆ ) خۆشه‌ویست یان دڵدار بێت و مه‌به‌ست له غه‌زه‌لیش پێشكه‌شكردنی یان نووسینی غه‌زه‌لێك بێت به‌و , به تایبه‌تیش له ناونیشانه‌كه‌دا جۆره ئاراسته كردنێكی راسته‌وخۆ هه‌یه بۆ كه‌سی دووه‌می تاك هه‌رچه‌نده ده‌شێت ئه‌و ئاراسته كردنه راسته‌وخۆ بێت یان ناڕاسته‌وخۆ واته ده‌شێ سه‌رباری ئه‌وه‌ی كه ( تۆ ) كه‌سی دووه‌مه به‌ڵام له رووی فیزیكییه‌وه ئاماده‌بوونی نه‌بێت له به‌رامبه‌ر ئه‌وی شاعیردا به‌ڵكو له‌سه‌ر بنه‌مای ئاماده‌بوونی ده‌روونی یان مه‌عنه‌وه‌ی له هۆش و زیهن و خه‌یاڵی ئه‌مدا به‌و جۆره راسته‌وخۆیه بیدوێنێت.
سه‌رباری ئه‌م لێكدانه‌وه‌یه‌ی سه‌ره‌وه بۆ ناونیشانی ئه‌م شیعره‌یه, ئه‌وه‌مان بۆ ئاشكرا ده‌بێت كه ئه‌و كه‌سه‌ی كه غه‌زه‌له‌كه‌ی پێشكه‌ش ده‌كرێت یان كه‌سێكی له‌وه گه‌وره‌تره كه ته‌نیا به پێشكه‌ش كردنی غه‌زه‌لێك بگاته ئاستی قایل بوون به‌وه‌ی كه حه‌قی خۆیی پێدراوه یان ده‌شێ ئه‌و كه‌سه خۆشه‌ویسته‌كه‌ی بێت كه بێگومان ناشێت ته‌نیا غه‌زه‌لێك به‌س بێت بۆ گوزارشت كردن له خۆشه‌یستی ئه‌وو له هه‌ست و سۆزی ئه‌می شاعیر به‌رامبه‌ری یان به شێوه‌یه‌كی تر ده‌شێ وه‌های لێكبده‌ینه‌وه كه ئه‌و واته كه‌سی غه‌زه‌ل پێشكه‌ش كرا‌و زۆر له‌وه جوانتر‌و مه‌زنتره له‌لای ئه‌می شاعیر كه بتوانێت به ته‌نیا غه‌زه‌لێك گوزارشتی لێبكات ,یان خۆشه‌ویستی خۆیی بۆ ده‌رببڕێت .
( 2 )
تا دێ شه‌وم درێژ ده‌بێ و رۆَژانم كورت
تا دێ خه‌ونم گه‌وره ده‌بێ و پشتیشم كوڕ
تا دێ دڵم كز ده‌بێت و زه‌ینم فراوان
ده‌مه‌وێ به‌ره‌و چیا بچم له گۆڕ نزیك ده‌بمه‌وه
شاعیر له ده‌ستپێكی ئه‌م ده‌قه شیعریه‌دا كۆمه‌ڵێك دووانه بنیاد ده‌نێت هه‌تا بیانكات به بنه‌ما بۆ درووست كردنی جۆرێك له به‌راود له نێوان باره تایبه‌تیه‌كانی خۆیدا و له‌وێشه‌وه هه‌وڵده‌دات دوو مێژوو له پاڵ یه‌كتردا دابنێت و له هه‌مان كاتیش‌دا جیاوازی نێوان ئه‌و دوو مێژووه بكات په‌یوه‌ست به كه‌سێتی خۆی . مێژویه‌كیان له رابردووه‌وه یان له تافی مندالێیه‌وه ده‌ست پێده‌كات تاكو ساته‌وه‌ختی به‌رهه‌مهێنانی ده‌قه‌كه . مێژووی دووه‌میش له ساته‌وه‌ختی به‌رهه‌مهێنانی ده‌قه‌كه‌وه ده‌ست پێده‌كات به‌ره‌و ئاینده . له میانه‌ی ئاماژه كردنه‌وه بۆ داهاتوو رووناكی ده‌خاته سه‌ر رابردووی خۆیی كه‌رابردوو به گوێره‌ی ئه‌وو له میانه‌ی ئه‌وه‌ی له ده‌قه‌كه‌دا به‌رجه‌سته كراوه قۆناغی لاوێتی و چالاكی جه‌سته‌یی و هه‌ڵچوونی فیزیكی و سه‌رده‌می پشت به‌ستن به‌هێزو به‌كارهێنانی هێزه . به‌ڵام ئاینده قۆناغی داڕمانی توانی جه‌سته‌یی و فیزیكی و چالاكی به‌ده‌نی و هێزه , له به‌رامبه‌ردا قۆناغی گه‌شه‌كردن و په‌ره‌سه‌ندنی عه‌قڵ و هۆش و زیهن و توانای لێكدانه‌وه‌یه .
وه‌ك پێشتر گوتمان شاعیر لێره‌دا كۆمه‌لێك دووانه بنیاد ده‌نێت له‌وانه‌ش دووانه‌ی (شه‌و/ رۆژ ) ,( دڵ/ زه‌ین ) , (چیا/ گۆڕ ) یان ( هه‌ڵچوون/مردن ) كه ئه‌مه‌ی دواییان له ئامێزی دووانه‌ی ( چیا/ گۆڕ )ه‌وه به‌رهه‌م دێت .له ته‌نیشت یه‌كتر دانانی ئه‌م دووانانه بۆ ئه‌وه‌یه كه وێنه‌ی كه‌سێتێكمان بۆ به‌رجه‌سته بكات كه چۆن له قۆناغێكی دیاری كراوی ژیاندا ده‌گاته ئه‌و ئاسته‌ی كه به شێوه‌یه‌كی واقیعانه بیر بكاته‌وه‌و سه‌یری ژیان و دنیا بكات به جۆرێك كه له سه‌رده‌می لاوێتیدا هه‌ڵگری كۆمه‌ڵێك حه‌زوو ئاره‌زوو ویستی دنیاییه‌و هێزو چالاكی و جوڵه‌ی فیزیكیش هۆكارو جوڵێنه‌ری مرۆڤن بۆ ئه‌وه‌ی له‌و قۆناغه‌ی ته‌مه‌ندا به‌و جۆره ره‌فتار بكات . به‌ڵام كاتێ ته‌مه‌ن ده‌چێته سه‌ره‌وه و سه‌رچاوه‌ی ئه‌و هێزوو جوڵه‌یه به‌ره‌و لاوازی ده‌ڕوات ئیتر قۆناغی گه‌ڕانه‌وه بۆ لێكدانه‌وه‌و بیركردنه‌وه‌و تێڕامان ده‌ست پێده‌كات . لێره‌دا سه‌رده‌می لاوێتی وه‌كو رۆژ نیشان ده‌درێت و له‌گه‌ڵ هه‌ڵچوونی ته‌مه‌ندا ئه‌و رۆژه كورت ده‌بێته‌وه‌و دیاره جه‌مسه‌ری به‌رامبه‌ر به رۆژ كه شه‌وه درێژ ده‌بێته‌وه .كه‌واته لێره‌دا سه‌رده‌می چالاكی جه‌سته‌یی و فیزیكی وه‌كو رۆژ نیشان ده‌درێن و سه‌رده‌می پیرێتیش كه سه‌رده‌می كاركردنی عه‌قڵ و هۆش و بیركردنه‌وه‌و لێكدانه‌وه‌یه به شه‌و ده‌شوبهێنرێت .ئه‌مه‌ش ئه‌و ده‌لاله‌ته هه‌ڵده‌گرێت كه له گه‌ڵ چوونه سه‌روه‌ی ته‌مه‌ندا رووبه‌ری بیركردنه‌وه‌و كاركردنی عقڵ و هۆش فراوانتر ده‌بێت كه ئه‌مه‌ش حاڵه‌تێكه له‌گه‌ڵ لۆژیكی بوونی مرۆڤ له‌گه‌ردووندا ده‌گونجێت كه ته‌مه‌نی عه‌قڵ و لێكدانه‌وه له ئاستێكی دیاری كراوی ته‌مه‌نی بایۆلۆژیانه‌دا ده‌ست پێده‌كات .هه‌رچه‌نده له‌و ته‌مه‌نه‌دا مرۆڤ بیه‌وێت وه‌كو سه‌رده‌می گه‌نجێتی خۆی نیشان بدات ناتوانێت چونكه چه‌ندێ ته‌مه‌ن هه‌ڵبكشێت مردن نزیكتر ده‌بێته‌وه , ئه‌مه‌ش دیسان ئه‌و ده‌لاله‌ته هه‌ڵده‌گرێت كه مرۆڤیش هه‌مان شێوه‌ی سه‌جه‌م زینده‌وه‌رانی تر مل كه‌چی یاساكانی سرووشته‌و دوور له ویست و ئیراده‌ی خۆی پیر ده‌بێت و ده‌شمرێت . به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه له‌م ده‌قه‌دا به‌رجه‌سته ده‌كرێت كه مرۆڤ له‌گه‌ڵ هه‌ڵكشانی ته‌مه‌نیدا به‌و ئه‌ندازه‌ی كه له رووی فیزیكی و جه‌سته‌ییه‌وه لاواز ده‌بێت له رووی بیر‌و هۆش و لێكدانه‌وه‌و تێرٍامانه‌وه به‌هێزتر ده‌بێت ئه‌وه‌ش بارێكی سرووشتیه .
تۆ وه‌ك گیا وه‌ك گه‌ڵای پونگ
له خه‌ره‌ندی سه‌ختی دڵی مندا شین بووی
به‌ڵام ئاخ وه‌كو تاوێرێ
به دڵۆپی فرمێسكانم توایته‌وه
لێره‌دا ( تۆ ) ده‌شوبهێنرێت به گیا و به گه‌ڵای پونگ كه هه‌ردووكیان دوو ره‌گه‌زی نێو سرووشتن و هه‌ڵگری خاسێتی جوانین و له هه‌مان كاتیش‌دا كورت ته‌مه‌نن .لێره‌دا تیشكێك ده‌خرێته سه‌ر شووناسی ( تۆ ) به تایبه‌تیش كاتێ ئه‌می شاعیر له‌وه ده‌دوێت كه ئه‌و له ناو دڵی ئه‌مدا كه به شوێنێكی سه‌خت وه‌سفی ده‌كات , شین بووه , ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت كه له دڵی ئه‌مدا جێگایه‌كی گرتووه واته ئه‌می خۆشی ده‌وێت , كه‌واته ئێستا كه‌سێتی ( تۆ ) كه له ناونیشانی شیعره‌كه‌دا غه‌زه‌لێك به‌شی ناكات , بریتییه له ئه‌وی خۆشه‌ویست , به‌ڵام ئه‌م خۆشویسته هه‌رچه‌نده وه‌كو تاوێر وه‌سف ده‌كرێت كه دیاره تاوێر ماده‌یه‌كی ره‌قه‌و هه‌روا به ئاسانی ناتوێته‌وه كه‌چی ئه‌و به فرمێسكه‌كانی ئه‌م ده‌توێته‌وه . هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه ئاشكرایه كه تاوێر ماده‌یه‌كی ئه‌وتۆ نییه كه زوو بتوێته‌وه به‌ڵام سه‌رباری ئه‌وه‌ش ناتوانێت له‌به‌ر فرمێسكه‌كانی ئه‌مدا خۆی رابگرێت , ئه‌مه‌ش ئه‌و ده‌لاله‌ته هه‌ڵده‌گرێت كه فرمێسكه‌كانی ئه‌م فرمێسكی ئاسایی نین . دیسان ئه‌مه‌ش ئه‌و ده‌لاله‌ته هه‌ڵده‌گرێت كه ئه‌م كه‌سێتیه كه ده‌نگی شاعیره كه‌سێتیه‌كی ئاسایی نییه و ده‌شێ هه‌ڵگری كۆمه‌ڵی ئازار‌و ژانی سه‌ختی ئه‌وتۆ بێت كه كاریگه‌ری فرمێسكه‌كانی له تواندنه‌وه‌ی تاوێردا به‌جۆرێك سه‌ختی و دژواری ژیانی خاوه‌نی فرمێسكه‌كه نیشان بدات .هه‌روه‌ك له هه‌مان كاتدا ئه‌وی دڵدار هه‌رچه‌نده ده‌شوبهێنرێت به تاوێر به‌ڵام له راستیدا ده‌شێ گه‌وهه‌رو ماهیه‌تێكی ناسكی هه‌بێت.
كه ده‌تۆرێی هێنده به‌رز ده‌بیته‌وه
به ئاسته‌م له‌و ئاسمانه دیاری
كه ئاشتیشت ده‌كه‌مه‌وه هێنده نه‌وی ده‌بیته‌وه
به ئاسته‌م له ژێر زه‌مینه‌وه ده‌تبینم
چۆن بتگه‌مێ كه هه‌موو ژیانم
له نێوان ئه‌و به‌رز و نزمییه ئاوا ده‌بێ
شاعیر له نێوان خۆی و ئه‌وی خۆشه‌ویستدا وێنه‌ی چه‌ق و خولگه ده‌كێشێت كه خۆی ده‌بێته چه‌ق و ئه‌ویش به هێزێك پێوه‌ی به‌ستراوه كه له مه‌داری ئه‌مدا ده‌خولێته‌وه . هه‌ندێ جار ئه‌و له‌و خولگه‌یه ده‌رده‌چێت ئه‌وه‌ش كاتێك روو ده‌دات كه ئه‌و هێزه‌ی كه به چه‌قیه‌وه ده‌به‌ستێت لاواز بێت . لێره‌دا شاعیر ئه‌م په‌یوه‌ندیه له شێوازی یاسایه‌كی فیزیكیدا نیشان ده‌دات كه له گه‌ردووندا جگه له هێزی راكێشانی زه‌وی هه‌ریه‌كه له هه‌ساره‌و ئه‌ستێره‌كانیش مه‌داری خولانه‌وه‌ی خۆیان هه‌یه كه به‌پێی یاسایه‌ك رێكخراوه , ده‌رچوونی ئه‌و هه‌ساره‌و ئه‌ستێرانه‌ش له مه‌داری خۆیان ده‌بێته هۆی كاره‌ساتی گه‌وره‌و ترسناك له گه‌ردووندا . به‌ڵام ده‌رچوونی ئه‌و له مه‌داری ئه‌می خۆشه‌ویستی تا ئه‌ندازه‌یه‌ك ده‌شێ ببێته هۆی ونبوونی . دیاره ده‌رچوونی هه‌ساره‌و ئه‌ستێره‌كان له مه‌داری خولانه‌وه‌ی خۆیان شتێكی مه‌حاڵ و چاوه‌ڕوان نه‌كراوه , به‌ڵام ده‌رچوونی خۆشه‌ویست له مه‌داری خۆشه‌ویسته‌كه‌ی روو ده‌دات و له خراپترین حاڵه‌تدا ده‌شێ ببێته هۆی شكست هێنانی ئه‌و په‌یوه‌ندی خۆشه‌ویستیه‌و ئاسه‌واری ئه‌و كاره‌ساته‌ش ره‌نگه رووبه‌رێكی ته‌سك داگیر بكات به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر ئاستی هه‌موو كۆمه‌ڵگا و ژیان خۆشه‌ویستی هه‌ره‌س بهێنێت ئه‌وا ده‌شێ خودی كۆمه‌ڵگاش به‌ره‌و هه‌ره‌س و كاره‌سات بڕوات چونكه یه‌كێك له‌و هۆكارانه‌ی كه به‌رده‌وامی ده‌دات به ژیان خۆشه‌ویستییه .
ئه‌و كاتانه‌ی كه ئه‌وی خۆشه‌ویست له مه‌داری خۆشه‌ویستی ده‌رده‌چێت نزیكه له‌وه‌ی كه ون ببێت به‌ڵام هه‌ر چۆن چه‌قی زه‌وی هه‌موو ششتێك به هێزێك به‌لای خۆیدا راده‌كێشێت ئه‌میش به هێزی خۆشه‌ویستی ئه‌و به‌لای خۆیدا راده‌كێشَت و ده‌یهێنێته‌وه ژێر سنووری ده‌سه‌ڵاتی خۆی .لێره‌شدا ئه‌وی خۆشه‌ویست وه‌ها وه‌سف ده‌كرێت كه‌هه‌میشه له بارێكی ناسایدایه له روانگه‌ی ئه‌و شوێنه‌وه كه تیایدایه كه ئه‌ویش بارێكی مامناوه‌ندی نییه به‌ڵكو یان ئه‌وه‌تا هێنده به‌رزه كه ناتوانێت بیبینێت یان ئه‌ونده نزم ده‌بێته‌وه دیسان له مه‌ودای بینین ده‌رده‌چێت واته ده‌كه‌وێته خوار ئاستی بینینه‌وه , ئه‌مه‌ش واده‌كات كه ئه‌م نه‌توانێت پێی بگات له كاتێكدا ئه‌و له نێوان دوو جه‌مسه‌ری دوور له‌یه‌كتردا دێت و ده‌چێت .لێره‌دا له ئاستی نه‌گوتراوی ده‌قه‌كه‌دا ئه‌و ده‌لاله‌ته به‌رهه‌م دێت كه وه‌ستان له‌سه‌ر ئه‌م جه‌مسه‌ر یان ئه‌و جه‌مسه‌ر كارێكی گونجاوو له بار نییه به‌ڵكو باری په‌سه‌ندو گونجاو له ناوه‌نددا بوونه . ئه‌گه‌ر ئه‌مه بگوازینه‌ه بۆ سه‌ر ئاستی فیكر یان هه‌ڵوێست وه‌رگرتن ئه‌وا هه‌ریه‌كه له‌و دوو جه‌مسه‌ره كه ده‌كه‌ونه ئه‌مسه‌رو ئه‌و سه‌ره‌وه هه‌ردووكیان ده‌لاله‌تی جۆرێك له تووندڕه‌وی هه‌ڵده‌گرن و له بارێكی وه‌هاشدا بوار بۆ به‌یه‌كتر گه‌یشتن له‌گه‌ڵ ئه‌وانی دی یان ئه‌وانی جیاوازدا نامێنێته‌وه .ته‌نانه‌ت ئه‌م وه‌كو كه‌سێك كه ده‌یه‌وێت به‌و بگات و رامی بكات له نێوانی ئه‌و دوو جه‌مسه‌ره له‌یه‌كتر دووره‌دا ناتونێت به هیچ لایه‌كیان بگات , هه‌رئه‌وه‌ش وای لێده‌كات كه هه‌ست به ونبوون بكات , ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت كه هه‌ڵس و كه‌وت كردن له‌گه‌ڵ هه‌ر ئاراسته‌یه‌كی ئه‌و په‌ڕیندا كارێكی زه‌حمه‌ت و گرانه چونكه له روانگه‌ی فیكر‌و روانینه‌وه ئاستی ئه‌و په‌ڕین ده‌لاله‌تی جۆرێك له ره‌هایی بوون هه‌ڵده‌گرێت كه له بارێكی وه‌هاشدا هیچ بوارێك بۆ گفتوگۆ‌و پێكه‌وه ژیان نامێنێته‌وه , هه‌رئه‌وه‌شه كه واده‌كات ئه‌م نه‌توانێت ئه‌و ببینێت كه ده‌شێ مه‌ست پێَك نه‌گه‌یشتن و نه‌توانینی پێكه‌وه ژیان بێت .
ده‌نگێ له ژێر ئه‌و دار كاژه‌وه دێ
ده‌یناسمه‌وه رابردووم بیر دێنێته‌وه
كه بۆی ده‌چم كپ ده‌بێ
كه دوور ده‌كه‌ومه‌وه دێ
ئاخ چۆن ئه‌و رابردووه بدۆزمه‌وه
شاعیر باسی ده‌نگێ ده‌كات كه له ژێر داركاژێكه‌وه دێت , هه‌رچه‌نده ئه‌و شوێنه‌ی كه ده‌نگه‌كه‌ی لێوه دێت له رووكه‌شدا وه‌ها نیشان ده‌درێت كه شوێنێكی دیار یان ناسراوه به‌ڵام له راستیدا ئه‌و ده‌نگه له شوێنێكی نادیاره‌وه دێت چونكه داركاژه‌كه شتێكی نه‌ناسراوه , به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه گرنگه ئه‌م ئه‌و ده‌نگه ده‌ناسێته‌وه ئه‌ویش له‌و روانگه‌یه‌وه كه رابردووی بیر ده‌خاته‌وه , كه‌واته لێره‌دا تێده‌گه‌ین كه ئه‌و ده‌نگه په‌یوه‌ندی به رابردووه‌وه هه‌یه یان له راستیدا ده‌نگی رابردووه واته ده‌نگێگ له مێژووه‌وه دێت , به‌ڵام دیسان ئه‌و ده‌نگه‌ش له ئاستێكدایه كه به ئاسانی رام ناكرێت ,بۆیه لێره‌دا ئه‌و پرسیاره سه‌رهه‌ڵده‌دات : ئایا له راستیدا ئه‌و ده‌نگه چییه‌و له كوێوه دێت و دنگی كێیه‌و چ په‌یامێكی هه‌ڵگرتووه ؟
كاتێ ده‌نگێ له شوێنێكی نادیاره‌وه بێت ئه‌وا ده‌شێ وای بۆ بچین گوزارشت كردنه له سه‌رچاوه‌ی نادیار یان نه‌زانراوی ئه‌و ده‌نگه كه ده‌شێ له‌وه‌شدا جۆرێك له گه‌ڕانه‌وه بۆ توانای سنوورداری مرۆڤ بێته ئاراوه كه نه‌ك هه‌تا ئێستا هه‌موو نهێنییه‌كانی گه‌ردوونی ئاشكرا نه‌كردووه به‌ڵكو خۆی به سرووشتی سه‌رچاوه‌ی زۆرێك له رووداو و دیارده‌كانی نێو سرووشت ده‌سپێرێت به نه‌زانراو و پێی وایه هێزێكی باڵا له ده‌ره‌وه‌ی توانا‌و ده‌سه‌ڵاتی ئه‌م به‌ڕێوه‌یان ده‌بات .ئه‌و ده‌نگه‌ی كه شاعیر وه‌كو قسه‌كه‌رى شیعره‌كه ده‌یبیستێ گوایه ده‌یناسێته‌وه كه ده‌نگی رابردووه , به‌ڵام ئه‌م ناتوانێت رابردوو ركێف بكات یان ده‌ستی به‌سه‌ردا بگرێت ئه‌مه‌ش واده‌كات كه نه‌توانێت ئه‌و رابردووه كه‌شف بكات یان ته‌نانه‌ت بیدۆزێته‌وه . ده‌شێ لێره‌دا له سنووری ده‌قه‌كه‌وه به ئاراسته‌ی زه‌مینه‌ی واقیعی مێژوویی خۆمان هه‌نگاو بنێین و بیر له بوون و ئاماده‌بوونی خۆشمان له‌و مێژووه‌دا بكه‌ینه‌وه . دیاره ئاشكرایه كه رابردووی ئێمه وه‌كو كورد رابردوویه‌كی بێ شووناسه له‌و روانگه‌یه‌وه كه نه‌مانتوانیووه هیچ ئاماده‌بوونێكى له رووی به‌رهه‌مهێنانی شارستانی و خۆسه‌لماندنه‌وه تیا فه‌راهه‌م بكه‌ین یان شووناسی رابردوویه‌كی ئاماده‌مان پێشكه‌ش بكات , به‌واتا ئێمه رابردوومان نییه ئه‌و ده‌نگه‌ش ته‌نیا شتێكمان به‌ناوی رابردوو بیر ده‌خاته‌وه نه‌ك شووناسی رابردوویه‌كی ئاماده بێت , هه‌ر ئه‌وه‌ش واده‌كات كه ئه‌م نه‌توانێت بگات به‌و رابردووه یان ئه‌و رابردووه‌ی كه پێی وایه لێی ون بووه یان لێى زه‌وت كراوه بدۆزێته‌وه .لێره‌وه تێده‌گه‌ین كه ئه‌م كه‌سێتیه به جۆرێك له هوشیارییه‌وه ده‌زانێت شتێك هه‌یه به ناوی مێژوو یان به‌ناوی رابردوو , هه‌روه‌ك له هه‌مان كاتیش‌دا ناراسته‌وخۆ پێمان ده‌ڵێت ئه‌و رابردووه‌ی ئێمه رابردوویه‌كی ته‌موو مژاوویه‌و ته‌نانه‌ت له ئێستادا ناتوانین له‌سه‌ر بنه‌مای عه‌قڵ و لێكدانه‌وه ئه‌و رابردووه ئاشكرا بكه‌ین خۆ ئه‌گه‌ر هه‌وڵێكی له‌و جۆره‌ش بدرێت ئه‌وا كه‌متر ده‌توانێت به به‌ڵگه‌و به لێكدانه‌وه‌ی ورد بسه‌لمێنرێت .كه‌واته ئێستا ئه‌م كه‌سێتیه كه به‌پێی لێكدانه‌وه‌ی ئه‌رستۆیانه قسه‌كه‌ری شیعره‌كه‌یه به گومانه‌وه ده‌ڕوانێته سه‌رچاوه‌ی ئه‌و ده‌نگه‌ی كه ده‌یبیستێ و بۆی رام ناكرێت .
هه‌موو یه‌كتر به رێ ده‌كه‌ین
هه‌موو ده‌چینه‌وه ئه‌وێ
ئه‌وێ نیشتمانی ئه‌به‌دییه
شاعیر لێره‌دا باسی ئه‌وه ده‌كات كه چۆن نه‌وه به نه‌وه مرۆڤ یه‌كتر به‌رێ ده‌كه‌ن و به‌رو دوا هه‌موو به‌ره‌و یه‌ك جێگا ده‌ڕۆن بۆ جێگایه‌ك كه دوا نیشتمانی هه‌مووانه . هه‌ڵبه‌ت ئه‌م كۆپله‌یه ئه‌وه به‌رجه‌سته ده‌كات كه هه‌موو زینده‌وه‌ران مل كه‌چی یه‌ك یاسان ئه‌ویش ئه‌و یاسایه‌یه كه هارمۆنیای سرووشتی رێكخستووه‌و خاسێتی گرێچنی ئه‌رستۆیی هه‌یه هه‌رچه‌نده گرێچنی ئه‌رستۆیی له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌وه‌ی له سه‌رزه‌مینه‌ی واقیع په‌یوه‌ست به ژیانی زینده‌وه‌ران هه‌یه به‌رجه‌سته كراوه كه هه‌موو بوونه‌وه‌رێك سه‌ره‌تاو هه‌ڵكشان و لوتكه‌و دابه‌زین و كۆتایی هه‌یه , كۆتایش ئه‌و خاڵه‌یه كه تیایدا نه‌وه به دوای نه‌وه‌دا یه‌كتر به‌ڕێ ده‌كه‌ن هه‌تا ده‌گه‌نه دوا مه‌نزڵ كه ئه‌ویش بریتیه له خاك واته لێره‌دا مرۆڤ ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رچاوه‌ی ئه‌سڵی خۆی .دیاره لێره‌دا شاعیر پێمان ده‌ڵێت ژیان له‌سه‌ر ئه‌م زه‌مینه شتێكی كاتییه‌و زه‌ویش نیشتمانێكی كاتییه نیشتمانی هه‌تاهه‌تایی له دوای مردنه‌وه ده‌ست پێده‌كات كه ده‌شێ له ئاستی ئاسایدا وه‌كو خاك سه‌یری بكه‌ین و له ئاستی قوڵتری ده‌قه‌كه‌شدا مه‌به‌ست ئه‌و دنیای ته‌مه‌ن درێژ و بێ كۆتایی بێت .لێره‌وه‌و له‌سه‌ر بنه‌مای پشت به‌ستن به‌م لێكدانه‌وه‌ی سه‌ره‌وه روویه‌كی ئایینی جیهانبینی ده‌قه‌كه ده‌رده‌كه‌وێت كه لای كه‌ریم ده‌شتی ئه‌و ئاراسته‌یه له سنووری ده‌قه‌كه‌دا سیمایه‌كی ته‌سه‌وفیانه وه‌رده‌گرێت .
شتێ هه‌میشه بۆ لای خۆی رامده‌كێشێ
منیش بێ ویست و ئاره‌زوو بۆ لای ده‌چم
نازانم چییه
به‌ڵام ده‌زانم گیانم پڕ خرۆش ده‌كا
ئه‌م یه‌كه‌م جار خۆی ده‌بووه چه‌ق و ئه‌وی خۆشه‌ویستی به لای خۆیدا راده‌كێشاو هه‌وڵیده‌دا له مه‌داری ئه‌و نه‌چێته ده‌ره‌وه , به‌ڵام ئێستا جێ گۆڕكێ روو ده‌دات و له بری ئه‌وه‌ی كه ئه‌م ئه‌وی دی به‌لای خۆیدا رابكێشێت هێزێكی تر ئه‌م راده‌كێشێت به‌لای خۆیداو ئه‌میش بێ ویستی خۆی به‌ره‌و ئه‌و هێزه كێش ده‌كرێت و ئه‌مه‌ش ئه‌و ده‌لاله‌ته هه‌ڵده‌گرێت كه ئه‌م وه‌كو كه‌سێك خاوه‌نی بڕیاری خۆی نییه له جوڵه‌و كردارداو ده‌شێ له ده‌ره‌وه‌ی ویست و ئاره‌زووی خۆی بڕیاری بۆ بدرێت و بجوڵێنرێت یان ئاراسته بكرێت , ئه‌مه‌ش له ئاستێكی قوڵتردا یان باشتر بڵێین له ئاستی نه‌بینراوی ده‌قه‌كه‌دا ئه‌و ده‌لاله‌ته به‌رهه‌م ده‌هێنێت ئێمه وه‌كو مرۆڤ كه له‌م ده‌قه شیعرییه‌دا كه كه‌سێتی قسه‌كه‌ری شیعره‌كه نوێنه‌رایه‌تیمان ده‌كات تاكو ئێستا نه‌گه‌یشتووینه‌ته ئه‌و ئاسته‌ی كه توانای بڕیار دانمان هه‌بێت و بتوانین بڕیاری چاره‌نووسی خۆمان بده‌ین چ وه‌كو تاكه كه‌س یان وه‌كو كۆمه‌ڵگا , به‌ڵكو هه‌موو بڕیاریكى په‌یوه‌ست به چاره‌نووس و داهاتووی ئێمه وه‌كو مرۆڤ له ده‌ره‌وه‌ی ویست و ده‌سه‌ڵاتی خۆمان ده‌درێت و ئیِمه مه‌گه‌ر زۆر به ده‌گمه‌ن ئه‌گینا توانای گۆڕینی هیچ شتێكی ئه‌وتۆمان نییه له‌و بواره‌دا .
ئێمه نازانین ئه‌و شته‌ی كه ئه‌م به‌لای خۆیدا راده‌كێشێت چییه‌و چ جۆره هێزێكه‌و ئه‌و توانای كێش كردنه‌ی ئه‌می له كوێوه به‌ده‌ست هێناوه , به‌ڵام به جۆرێك كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئه‌م داناوه كه بێ هیچ به‌ربه‌ستێك به‌ره‌و ئه‌و هێزه كێش ده‌كرێت , بۆیه ده‌شێ وه‌های لێك بده‌ینه‌وه كه ئه‌و هێزه هێزی خۆشه‌ویستییه كه ده‌شێ به‌جۆرێك كار له مرۆڤ بكات كه هه‌موو ئیراده‌یه‌كی لێ بسه‌نێته‌وه‌و بیكاته بوونه‌وه‌رێك یان پێكهاته‌یه‌كی قه‌ده‌ری كێش كرا‌و به دوای رووداوه‌كاندا .له راستیشدا ئه‌م هیچ شتێك له‌باره‌ی ئه‌و سه‌رچاوه‌وه نازانێت كه به‌و جۆره به‌لای خۆیدا كێشی ده‌كات , به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه تێی ده‌گات ئه‌وه‌یه كه ئه‌و هێزه گیانی ئه‌م ده‌وروژێنێت واته سه‌رگه‌رم و مه‌ستی ده‌كات بۆ كه‌وتنه جوڵه به‌و ئاراسته‌یه‌ى كه ده‌یگه‌یه‌نێت به‌و ناوه‌نده یان به‌و چه‌قه . هێزێك ئه‌م به‌لای خۆیدا كێش ده‌كات و كار له هه‌ست و سۆزی ده‌كات وده‌یۆروژێنێت ئه‌مه‌ش ده‌ری ده‌خات كه زیاتر پاڵنه‌رێكی دنیایی له پشتی ئه‌و هێزه‌وه‌یه كه ئه‌م به‌لای خۆیدا راده‌كێشێت كه ده‌شێ ئه‌و هێزه‌ش هه‌ر ئه‌وی دڵدار یان خۆشه‌ویست بێت كه ئه‌م هه‌وڵیده‌دا له سنووری مه‌داری خۆیدا بیهێڵێته‌وه . هه‌روه‌ك خرۆشان بۆ خۆی ده‌لاله‌تێكی سێكسی هه‌یه‌و له‌و روانگه‌یه‌شه‌وه ده‌توانین بڵێین ئه‌و هێزه‌ی كه ئه‌م به‌لای خۆیدا كێش ده‌كات ده‌شێ هێزێكی دنیایی بێت كه ته‌نیا له ئه‌وی ره‌گه‌زی به‌رامبه‌ردا هه‌یه .كه‌واته لێره‌دا ئه‌وه زیاتر ئاشكرا ده‌بێت كه ئه‌و كه‌سه‌ی شاعیر وه‌كو قسه‌كه‌ری شیعره‌كه ده‌یدوێنێت ئه‌وی خۆشه‌ویست یان ئه‌وی ئافره‌ته ئه‌گه‌ر له ئاستێكی گشتیدا سه‌یری بكه‌ین .
هه‌موو ئه‌وانه‌ی گه‌وره‌یان ده‌كه‌ین
رۆژێ دێ جێ‌مان ده‌هێڵن
هه‌موو ئه‌وانه‌ی جێ‌مان ده‌هێڵن
رۆژێ بچووك بووینه لای ئێمه
یاساكانی سرووشت به‌و شێوه‌یه كه هه‌موو ئه‌و زینده‌وه‌رانه‌ی كه نه‌وه ده‌خه‌نه‌وه , نه‌وه‌كانی خۆیان گه‌وره بكه‌ن تا ئه‌و كاته‌ی كه نه‌وه‌كان وایان لێ دێت پێویستیان به باوانیان نه‌مێنێت . ئیتر ئه‌و كاته باوانیان به جێده‌هێڵن و سه‌ربه‌خۆیی خۆیان وه‌رده‌گرن . شكسپیر له شانۆگه‌ری بازرگانی ڤینیسیادا ده‌ڵێت : هه‌موو بێچووه باڵنده‌یه‌ك كه‌گه‌وره بوو ئاره‌زوو ده‌كات كه دایك و باوكی به‌جێبهێڵێت . ئه‌مه‌ش له‌سه‌ر زمانی یه‌كێك له كه‌سێتیه دووه‌میه‌كانی ئه‌و شانۆگه‌رییه‌وه به شایلكۆك ده‌گوترێت له كاتێكدا كه جێسیكای كچی شایلۆك له‌گه‌ڵ لۆرینزۆی خۆشه‌ویستیدا به دزی شایلۆكه‌وه هه‌ڵدێن . كه‌ریم لێره‌دا هه‌مان بۆچوون به‌رجه‌سته ده‌كاته‌وه و پێمان ده‌ڵێت ده‌بێ ئه‌وه به سروشتی وه‌ربگرین كه یاسای سرووشت وه‌هایه كه هه‌موو زینده‌وه‌رێك له پێناوی سه‌ریه‌خۆیی و سه‌لماندنی خۆیدا باوك و دایكی به‌جێده‌هێڵێت . شاعیر لێره‌دا قسه بۆ كه‌سێك یان بۆ كه‌سانێك ده‌كات به‌ڵام له هه‌مان كاتدا واده‌رده‌كه‌وێت كه بۆ ئێمه هه‌موومان ده‌دوێت .هه‌روه‌ك له هه‌مان كاتدا ئه‌وه‌شمان پێده‌ڵێت كه هه‌موو ئه‌وانه‌ی كه ئێستا ئێمه به‌جێده‌هێڵن رۆژانێك له‌لای ئێمه بچووك بوون . هه‌ڵبه‌ت لێره‌دا قسه له‌سه‌ر مانای به‌جێهێشتن دێته ئاراوه كه ئه‌م وشه‌یه ته‌نیا كاتێك مانای ته‌واوه‌تی خۆی ده‌به‌خشێت كه ئه‌وه‌ی به جێ‌مان ده‌هێڵێ له راستیدا ده‌بێ په‌یوه‌ستبوونێكی ره‌چه‌ڵه‌كی یان مه‌عنه‌وی به‌هێزی هه‌بێت پێمانه‌وه . دیاره ئه‌وانه‌ی كه ئێستا ئێمه به‌جێده‌هێڵن یان نه‌وه‌كانی خۆمانن یان خۆشه‌ویستمانن یان كه‌سانێكن كه په‌یوه‌ندی به‌هێز له نێوانماندا هه‌یه .واته لێره‌دا ئه‌و ده‌لاله‌ته به‌رهه‌م دێت كه ئه‌وانه‌ی رۆیشتتنیان ده‌بێته مایه‌ی خه‌م بۆمان ئه‌و كه‌سانه‌ن نزیكن لێمان و جێ‌مان ده‌هێڵن كه له راستیشدا خۆمان گه‌وره‌مان كردوون و ده‌شێ به‌شێك بن له خۆمان .
بێگومان ئێمه پێشتر ئاماژه‌مان بۆ ئه‌وه كرد كه یاساكانی سرووشت به‌و جۆره رێكخراون كه ده‌بێ هه‌ر نه‌وه‌یه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی ژیان به‌رده‌وام بێت نه‌وه‌ی نوێ بخاته‌وه‌و په‌روه‌رده‌شی بكات . نه‌وه‌ی نوێش له‌گه‌ڵ پێگه‌یشتنیدا به‌سرووشتی هه‌وڵی سه‌لماندنی بوونی خۆی ده‌دات, به بۆچوونێكی فرۆیدیانه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی كه بوونی خۆی بسه‌لمێنێت ده‌بێ راسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ تاوانی كوشتنی باوك ئه‌نجام بدات كه ده‌شێ كرداری به‌جێهێشتن لێره‌دا وه‌كو ئه‌و تاوانی كوشتنه سه‌یر بكرێت .كه نه‌وه‌كان له پێناوى سه‌لماندتی بوونی خۆیاندا ئه‌و تاوانه ئه‌نجام ده‌ده‌ن . هه‌ڵبه‌ت له‌م تاوانه‌شدا هیچ سزایه‌ك بوونی نییه چونكه ئه‌م كاره بووه‌ته پێداویستیه‌كی رێكخستنی هارمۆنیای سرووشت و پێداویستیه‌كانی ژیانی بایۆلۆجی و مه‌عنه‌ویش پێویستیان به‌وه‌یه كه نه‌وه‌كان بۆ ته‌واوكردنی ئه‌ركی سرووشتی بایۆلۆجیانه‌ی خۆیان و بۆ درێژه دان به ژیان ده‌بێ ئه‌و رێگایه له‌به‌ربگرن كه یاساكانی سرووشت سه‌پاندوێتی .دیسان ده‌شێ له روویه‌كی تریشه‌وه وه‌های لێكبده‌ینه‌وه كه هه‌موو بوونه‌وه‌ران و له سه‌رووی هه‌مووشیانه‌وه مرۆڤ به خۆڕسكی ویست و ئاره‌زووی به ده‌ستهێنانی شووناسیان هه‌یه . به‌ده‌ستهێنانی شووناسیش ته‌نیا له له سه‌ربه‌خۆیدا به‌دی دێت , كه‌واته هه‌وڵدانی ئه‌و بچووكانه‌ی كه گه‌وره ده‌بن بۆ به‌جێهێشتنی باوانیان یان گه‌وره‌كانیان له پێناوی گه‌یشتن به ئازادیدایه كه ئه‌وه‌ش له‌گه‌ڵ خۆیدا ئامانجی به‌ده‌ستهێنانی شووناسی هه‌ڵگرتووه .به واتایه‌كی تر ناتوانین ته‌سه‌وری به ده‌ستهێنانی شووناس له ده‌ره‌وه‌ی ئازادی یان به بێ ئازادی بكه‌ین ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست له شووناس و به ه‌ستهێنانی خۆسه‌لماندن بێت . به چه‌مكی هیگڵی به ده‌ستهێنانی شووناس ته‌نیا له گه‌یشتن به رۆحی ره‌هادا به‌ه‌ست ێت دیاره ئه‌وه‌ش ئاشكرایه كه به‌بێ گه‌یشتن به رۆحی ره‌ها قسه‌كردن له‌سه‌ر ئازادی هیچ مانایه‌كی نییه . لێره‌دا ئه‌و ده‌لاله‌ته به‌رهه‌م دێت كاتێ نه‌وه‌كان باوانیان به‌جێ ده‌هێڵن مانای وایه له پێناوى ئازادی تاكه كه‌سی خۆیاندا ئه‌وه ده‌كه‌ن و له‌و كاره‌شیاندا رۆحی تایبه‌تیان ده‌گاته ئاستی بڵندبوون بۆ ئاستی ره‌ها .
ئێمه به خاتری تۆ بوو په‌نجه‌ره‌كانمان واڵا كرد
به‌ڵام تۆ هه‌موو ده‌رگاكانت لێ داخستین .
ئێمه دوو دنیای جیاوازین
یه‌كمان دڵی پڕ ئاگره
ئه‌وی تر یه‌ك پارچه به‌فر
ئاگر به‌فر ده‌توێنێته‌وه
به‌فر ئاگر ده‌كوژێنێته‌وه
شاعیر پێشتر به ناوی كه‌سی یه‌كه‌می تاكه‌وه ده‌دوێت , به‌ڵام لێره‌دا به‌ناوی كه‌سی یه‌كه‌می كۆوه خۆی پێشكه‌ش ده‌كات , دیسان ئه‌وی به‌رامبه‌ر هه‌ر بریتییه له كه‌سی دووه‌می تاك واته ( تۆ ). ئه‌مان له‌به‌ر خاتری ئه‌و هه‌موو په‌نجه‌ره‌كان واڵا ده‌كه‌ن به‌ڵام ئه‌و نه‌ك هه‌ر په‌نجه‌ره ناكاته‌وه ته‌نانه‌ت ده‌رگاكانیش به روویاندا داده‌خات .لێره‌دا قسه‌كه‌ری شیعره‌كه ده‌یه‌وێت وای نیشان بدات كه ئه‌مان كه‌سانێكی به‌خشنده‌ن و بۆ پێك گه‌یشتن له‌گه‌ڵ ئه‌ودا هیچ به‌ربه‌ستێكیان نه‌هێشتۆته‌وه كه‌واته ئه‌مان هه‌ڵگری پرۆژه‌ی گوێ له‌یه‌كتر گرتن و لێكتر تێگه‌یشتن و یه‌كتر قبوڵ كردنن , به‌ڵام ئه‌و هیچ ئاماده‌گیه‌كی نییه بۆ ئه‌و مه‌سه‌لانه , بێگومان له بارێكی له‌و جۆره‌شدا رووبه‌رێك بۆ پێكه‌وه ژیان نامێنێته‌وه .له راستیشدا ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر زه‌مینه‌ی واقیعی كۆمه‌ڵایه‌تی كۆمه‌ڵگای كوردی بۆ هاوشێوه‌ی ئه‌و بۆچوونه بگه‌ڕێین ئه‌وا ده‌توانین بڵێین ئه‌م بۆچوونه یان ئه‌م حاڵه‌ته كۆنترۆڵی واقیعی كه‌لتووری و عه‌قڵی ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌ی كردووه .راسته لێره‌دا قسه‌كه‌ر له شیعره‌كه‌دا به‌ناوی كه‌سی یه‌كه‌می كۆوه ده‌دوێت به‌ڵام زیاتر پێ ده‌چێت كه هه‌ر خۆی بێت به‌ته‌نیا به‌ڵام به‌مه‌بستی به‌هێزكردنی هه‌ڵوێستی خۆی به‌ناوی كه‌سی یه‌كه‌می كۆوه ده‌دوێت .
قسه‌كه‌ری شیعره‌كه رایده‌گه‌یه‌نێت ئه‌م و ئه‌و كه‌سه‌ی كه ده‌یدوێنێت دوو كه‌سی جیاوازن و ته‌نانه‌ت له بری ئه‌وه‌ی وه‌كو ته‌واوكه‌ری یه‌كتری سه‌یریان بكات وه‌كو دوو دژ لێیان ده‌ڕوانێت كه هه‌ریه‌كه‌یان وه‌كو له‌ناوبه‌رى ئه‌ویتریان ده‌رده‌كه‌وێت .له سنووری ده‌قه‌كه‌دا ئه‌م و ئه‌و وه‌كو ( ئاگر و به‌فر ) پێشكه‌ش ده‌كرێن به‌ڵام ئه‌وه دیاری نه‌كراوه كه كامیان به‌فره‌و كامیان ئاگره , به‌ڵكو ئه‌وه‌ی مه‌به‌سته ئه‌وه‌یه كه ئه‌م دوو ره‌گه‌زه وه‌كو دوو دژ له‌به‌رامبه‌ر یه‌كتردا داده‌نرێن و هه‌ریه‌كه‌ش ده‌توانێت ئه‌ویتریان له‌ناو ببات .هه‌رچه‌نده ئه‌وه ئاشكرایه كه دژه‌كانیش ته‌واوكه‌ری یه‌كترین .دیسان له به‌رجه‌سته‌كردنی ئه‌م دوو كه‌سێتیه‌دا له شێوه‌یه‌كی دژ به‌یه‌كی ئه‌وتۆدا شاعیر ده‌یه‌وێت پێمان بڵێت هارمۆنیای سووشت له‌سه‌ر بنه‌مای بوون و به‌رامبه‌ر یه‌كتر وه‌ستانی دژه‌كان بنیاد نراوه , به‌واتا له‌به‌رامبه‌ر یه‌كتر وه‌ستانی دژه‌كاندا جۆرێك له هاوسه‌نگی پێك دێت كه ئه‌وه‌ش له دوای ململانێ و ناكۆكی ده‌گاته ئه‌نجام . دیاره ئه‌وه‌ش ئاشكرایه كه ئه‌و ململانێ و ناكۆكیانه رۆڵی گرنگ ده‌گێڕن له درووست كردنی گۆڕانكاریدا و به جۆرێكی ئه‌وتۆ كه ده‌توانین بڵێین به‌ره‌و پێشه‌وه چوونی كۆمه‌ڵگاو بنیادنانی شارستانێتیه‌كان به‌رهه‌می ئه‌و ماملانێ و پێكدادانانه‌ن كه نه‌گه‌یشتوونه‌ته ئه‌و ئاسته‌ی كه وێرانكاری درووست بكه‌ن . ئاگرو به‌فر ئه‌گه‌ر به شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ به‌ریه‌كتر بكه‌ون ئه‌وا ده‌شێ هه‌ردووكیان دووچاری له نێوچوون ببن واته وه‌كو ئه‌وه‌ی له ده‌قه‌كه‌دا هاتووه ئاگر بكوژێته‌وه‌و به‌فریش بتوێته‌وه . به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌م دوو ره‌گه‌زه له‌گه‌ڵ یه‌كتر ناكۆكه به شێوه‌یه‌كی هێمن و گونجاو به‌ریه‌ك بكه‌ون یان له‌یه‌كتر نزیك ببنه‌وه ده‌شێ ئاگر هه‌ندێ سارد ببێته‌وه‌و به‌فریش ببێت به ئاو به‌ڵام هیچیان له ناو نه‌چن .ئه‌مه‌ش ئه‌و حاڵه‌ته‌یه كه به ئاستی ناوه‌ند ناوده‌برێت كه ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر ئاستی كۆمه‌ڵگاو ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی سه‌یری هاوشێوه یان وێنای ئه‌م حاڵه‌ته بكه‌ین ئه‌وا ده‌بێ چاوه‌ڕوانی درووستبوونی بارێكی ئه‌وتۆ بكه‌ین كه تیایدا گفتوگۆ‌و لێك تێگه‌یشتن و یه‌كتر قبوڵكردن و پێكه‌وه ژیان دێته ئاراوه .
هه‌موو شتێ وه‌ختی خۆی هه‌یه و به‌سه‌ر ده‌چێ
به‌ڵام كه وه‌ختی هاته‌وه سه‌رده‌ردێنێ
مرۆڤ نه‌بێ كه وه‌ختی هات
بۆ ئه‌به‌د به‌سه‌رده‌چێ و ناگه‌ڕێته‌وه
ژیانی بوونه‌وه‌ران سه‌ره‌تاو به‌رزبوونه‌وه‌و لوتكه‌و هاتنه خواره‌وه‌و كۆتایی هه‌یه . زۆرێك له توخم و ره‌گه‌زه‌كانی نێو سرووشت به رووه‌ك و ئاژه‌ڵه‌وه ساڵانه سووڕی خۆیان دووباره ده‌كه‌نه‌وه‌و ئه‌وه‌ی پایزی ئه‌مساڵ پیر ده‌بێت و ده‌مرێت , ساڵی ئاینده له به‌هاردا سه‌رله‌نوێ سوڕێكی تر ده‌ست پێده‌كاته‌وه‌و ئه‌مه‌ش به‌رده‌وامی ژیان درووست ده‌كات . شاعیر, مرۆڤ له هه‌موو توخم و ره‌گه‌زه‌كانی تری سرووشت جیا ده‌كاته‌وه به‌وه‌ی كه مرۆڤ ته‌نیا یه‌ك سووڕی ژیانی هه‌یه‌و كه ده‌مرێت جارێكی دی ناگه‌ڕێته‌وه . ده‌شێ لێره‌دا ئه‌و پرسیاره سه‌رهه‌ڵبدات :ئایا زینده‌وه‌رانیش نامرن و له ناو ناچن هه‌مان شێوه‌ی مرۆڤ ئیتر بۆ ده‌بێ ته‌نیا به‌سه‌رچوونی مرۆڤ یان مردنی مرۆڤ ئه‌به‌دی بێت ؟ بێگومان ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی ساده وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره بده‌ینه‌وه ئه‌وا ده‌توانین بڵێین كه زینده‌وه‌رانیش هه‌مان شێوه‌ی مرۆڤ ده‌مرن . كه‌واته بۆچی شاعیر ده‌ڵێت ته‌نیا مردنی مرۆڤ ئه‌به‌دیه ؟ له راستیدا لێره‌دا ئه‌وه به‌رجه‌سته ده‌بێت كه مرۆڤ له هه‌موو زینده‌وه‌ران و بوونه‌وه‌رانی تر جیاوه‌زه ئه‌ویش له رووی هۆش و عه‌قڵه‌وه كه ئه‌مه‌ش واده‌كات كه هه‌ر مرۆڤێك خاوه‌نی شووناسی تاكه كه‌سی خۆی بێت كه به‌و پێیه‌ش خاوه‌نی تایبه‌تمه‌ندی خۆی ده‌بێت چ له رووی بیركردنه‌وه‌و به‌رهه‌مهێنان و ئاماده‌بوونه‌وه چ له رووی ژیانی بایۆلۆجی و فیزیكیه‌وه, كاتێكیش كه مرۆڤێك ده‌مرێت به خۆیی و تواناكانییه‌وه ده‌ڕوات ده‌شێ به ملیۆنه‌ها مرۆڤی تر هه‌بن به‌ڵام ناشێت ته‌سه‌وری ئه‌وه بكه‌ین كه هیچ كه‌س ببێته هاوشێوه‌ی هیچ كه‌سێكی تر بۆیه ئه‌و كه‌سه‌ی كه ده‌مرێت له هه‌ر ئاستێكدا بێت بێ هاوشێوه ده‌مێنێته‌وه , به‌ڵام به‌گوێره‌ی بوونه‌وه‌رانی تر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خاوه‌نی هۆش وعه‌قڵ و تواناكانی مرۆڤ نین و تایبه‌تمه‌ندی خۆیانیان نییه له سنووری پۆله‌كه‌ی خۆیاندا بۆیه به ئاسانی جێگایان پڕ ده‌بێته‌وه‌و ئه‌و بێچووه‌ی كه له دوای دایك و باوكه‌كه‌ی دێت ده‌شێ هه‌موو ئه‌و ئه‌ركانه جێبجێ بكات كه ئه‌وان پێش ئه‌م ئه‌نجامیان داون .یان ده‌شێ ئه‌و رووه‌كه نوێیه‌ی له شوێنی رووه‌كێكی پیردا ده‌ڕوێنرێت یان سه‌وز ده‌بێت هیچ جیاوازییه‌كی نه‌بێت له‌گه‌ڵ ئه‌وی پێشوودا .
دیسان لێره‌دا قسه‌كردن له‌سه‌ر چاره‌نووسی مرۆڤ دێته ئاراوه كه چۆن پێكهاته‌یه‌كه یه‌ك مێژووی هه‌یه ئه‌ویش ئه‌و مێژووه‌یه كه تیایدا ده‌ژی , ئه‌گه‌ر نه‌یتوانی له‌و مێژووه‌دا بوونی خۆی بسلمێنێت , ئه‌وا پێ ناچێت هه‌لێكی تری ده‌ست بكه‌وێت بۆ خۆ سه‌لماندن . لێره‌دا له ئاستی نه‌گوتراوی ده‌قه‌كه‌دا ئاماژه بۆ چاره‌نووسی ونی مرۆڤ ده‌كرێت كه یه‌ك جار ده‌ژی و ده‌مرێت و له ناو ده‌چێت ., نه ئومێدی گه‌ڕانه‌وه‌ی هه‌یه نه له ده‌قه‌كه‌شدا ئاماژه‌ش بۆ ئه‌وه ده‌كرێت كه به پێی بنه‌ماكانی ئایین ژیانێكی تر هه‌یه كه‌ژیانی ئه‌به‌دییه و مرۆڤ كه زیندوو ده‌بێته‌وه ئیتر بۆ هه‌تاهه‌تایه ده‌مێنێته‌وه . له راستیدا لێره‌دا ئه‌و بێ ئومێدییه‌ی كه به‌رامبه‌ر به چاره‌نووسی مرۆڤ ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌و ده‌لاله‌ته هه‌ڵده‌گرێت كه كه‌سی قسه‌كه‌ری شیعره‌كه به گومانه‌وه بڕوانێته ژیانی دووه‌م یان ئه‌و دنیا بۆیه پێی وایه نه‌مری له ژیانی سه‌رزه‌ویدا به‌ده‌ست ده‌هێنرێت و ئه‌وی نه‌توانێت لێره بوونی خۆی بسه‌لمێنێت مانای ئه‌وه‌یه ئیتر له ناو ده‌چێت و ده‌سڕرێته‌وه چونكه به‌پێی ئه‌و بۆچوونه‌ی كه لێره‌دا به‌رجه‌سته ده‌بێت مرۆڤ یه‌ك زه‌مه‌نی مێژوویی هه‌یه كه تیایدا بژی .
ئه‌مشه‌و كه‌سێك مرد
ته‌واوی شاره‌كه‌م خه‌مگین بوو
ته‌نها ئاو له هیچ شتێ ناچێ
ته‌نها ئاو وه‌ك ئاو وایه
شاعیر له رسته‌یه‌كی راگه‌یاندندا هه‌واڵێك ده‌گه‌یه‌نێت كه ئه‌ویش هه‌واڵی مردنی كه‌سێكه به‌ڵام هیچ له باره‌ی شووناسی ئه‌و كه‌سه‌وه پێشكه‌ش ناكات , هه‌رچه‌نده له رسته‌یه‌كی تری راگه‌یاندندا پێمان ده‌ڵێت ئه‌و كه‌سه خاوه‌نی پێگه‌و جه‌ماوه‌رێكى دیار بووه له شاره‌كه‌دا هه‌ر بۆیه ته‌واوی خه‌ڵكی شار بۆی خه‌مبار بوون . به‌ڵام لێره‌دا ئه‌و پرسیاره سه‌رهه‌ڵده‌دات : ئایا ئه‌و كه‌سه كێیه ؟ ئه‌ی ئه‌و شاره‌ی كه لێی مردووه كوێیه ؟ ئایا بۆچی ته‌واوی خه‌ڵكی شار بۆی خه‌مگین بوون ؟ هه‌وڵدان بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیارانه رووناكی ده‌خاته سه‌ر شووناسی ئه‌و كه‌سه‌و ئه‌وه‌شمان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت كه كه‌سێكی به ناوبانگ و ناسراو بووه‌و ئاماده‌بوونی هه‌بووه هه‌ر بۆیه مردنی ده‌بێته هۆی خه‌مباربوونی هه‌موو شار . راسته پێشتر له‌م ده‌قه‌دا باسی ئه‌وه كراوه هه‌موو ئه‌وانه‌ی ده‌مرن له وه‌رزێكی تردا نوێ ده‌بنه‌وه ته‌نیا مرۆڤ نه‌بێت كه ته‌نیا جارێك له دایك ده‌بێت و ته‌نیا جارێكیش ده‌مرێت و گه‌ڕانه‌وه‌ی نییه , بۆیه ئاساییه كه مردنی مرۆڤ زیاتری خه‌م له‌گه‌ڵ خۆیدا بهێنێت به تایبه‌تیش ئه‌گه‌ر ئه‌و كه‌سه خاوه‌نی شووناس و ئاماده‌بوون بێت ئه‌وا خه‌می له ده‌ستچوونی گه‌وره‌تره .
شاعیر شتێكمان پێ ده‌ڵێت كه رۆژانه چه‌ندین جار ده‌یبینین و ره‌نگه هیچ بیریشی لێنه‌كه‌ینه‌وه كه ئه‌ویش ئاوه . ئه‌و پێمان ده‌ڵێت ته‌نها ئاو له هیچ شتێك ناچێت , یان ئاو ته‌نها وه‌ك ئاو وایه .به مانایه‌كی تر شاعیر ده‌یه‌وێت پێمان بڵێت جگه له ئاو شته‌كانی تر لێچوون و هاوشێوه‌یان هه‌یه به‌ڵام به گوێره‌ی ئاو هیچ هاوشێوه‌یه‌كی نییه . ئه‌مه‌ش ئه‌وه نیشان ده‌دات كه ئاو تاكه ره‌گه‌زێكه كه خاوه‌نی شووناسی دیار‌و تایبه‌تی خۆیه‌تی و به‌بێ هاوشێوه‌كردن یان به‌راوردكردن له‌گه‌ڵ توخم و ره‌گه‌زه‌كانی تردا ده‌ناسرێته‌وه . ئه‌گه‌ر له ئاستێكی قوڵتریشدا سه‌یری ئاو بكه‌ین ئه‌وا ده‌زانین كه ئاو سه‌رچاوه‌ی بوونه ئه‌ویش ته‌نیا له‌و روانگه‌یه‌وه نا كه ره‌گه‌زێكی سه‌ره‌كیه بۆ ژیان , نه‌خێر به‌ڵكو هه‌موو زینده‌وه‌ران سه‌رچاوه‌ی بوونیان ئاوه .سپێرم و هێلكه پێش پیتاندن له‌ناو ئاودان و له ناو ئاویشدا كرداری پیتاندن رووده‌دات و كۆرپه‌له‌ش له منداڵدانی دایكی‌دا له ناو ئاو یان شله‌مه‌نیدا ده‌ژی و له دوای له دیكبوونیش دیسان ئاو سه‌رچاوه‌ی ژیانێتی . هه‌روه‌ك له گه‌ردوونیشدا ته‌سه‌وری ئه‌وه ناكرێت كه به‌بێ ئاو ژیان هه‌بێت . ئه‌مه سه‌رباری ئه‌وه‌ی كه به‌پێ تیۆری كلاسیكی درووست بوون و پێكهاتنی گه‌ردوون ئاو یه‌كێكه له‌و چوار ره‌گه‌زه سه‌ره‌كیه‌ی كه گه‌ردوونیان لێپبَكهاتووه‌و جگه له مرۆڤ و وشكاوه‌كیه‌كان و به‌شێك له رووه‌كه‌كان , بوونه‌وه‌رانی تر‌و زۆرێك له رووه‌كه‌كانیش له نێو ئاودا ده‌ژین كه‌واته ئاو سه‌رباری ئه‌وه‌ی كه سه‌رچاوه‌ی ژیانه ناوه‌ندێكیشه بۆ ژیان . هه‌روه‌ك به‌پێی سه‌رچاوه ئایینیه‌كانیش هه‌موو شتێك به ئاو خاوێن ده‌كرێته‌وه .كه‌واته ئه‌و تایبه‌تمه‌ندیانه‌ی كه ئاو هه‌یه‌تی وای لێكردووه كه ئاو ته‌نها له خۆی بچێت و له هیچ شتێكی تر نه‌چێت و هیچ شتێكیش نه‌بێت كه له ئاو بچێت .
تۆ ئه‌ی تۆ
كه‌ی جریووه‌یه‌ك ده‌خه‌یته ناو نامه‌یه‌ك
دڵ ئاوه‌دان ده‌كه‌یته‌وه
كه شه‌ونمێ له روخسارت ده‌ده‌ی به با
جارێ بۆ لاى من بێته‌وه
كه‌ی له نێو كتێبه‌كانم دێیته ده‌رو
تۆزێ سه‌یری سیمام ده‌كه‌ی ؟
شاعیر جارێكی تر ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ دواندنی ئه‌و كه‌سه‌ی كه پێشتر وه‌كو خۆشه‌ویست راسته‌وخۆ یان ناراسته‌وخۆ ده‌یدواند , به‌ڵام لێره‌دا شووناسی كه‌سی به‌رامبه‌ر زیاتر ئاشكرا ده‌بێت و قسه‌كه‌ری شیعره‌كه وای نیشان ده‌دات كه بوون و ژیانی ئه‌م به‌ستراوه به‌وی به‌رامبه‌ر یان ره‌گه‌زی به‌رامبه‌ره‌وه , هه‌روه‌ك له ئاخاوتنیدا له‌گه‌ڵ ئه‌ودا وێنای عاشقێكی رۆمانسیمان بۆ ده‌كات كه له پشتی وشه‌كانه‌وه ئه‌و بۆچوونه راوه‌ستاوه كه عاشق بوون سه‌رچاوه‌ی ژیانه یان به ده‌ربڕینێكی تر ژیان له ده‌ره‌وه‌ی عیشق هیچ مانایه‌كی نییه .ئه‌م وه‌ها خۆی پێشكه‌ش ده‌كات كه له‌ده‌ره‌وه‌ی عیشق و خۆشه‌ویستی دڵ بریتیه له وێرانه‌یه‌ك.هه‌ربۆیه له‌و ده‌پرسێت كه‌ی به ده‌نگێك كه ئه‌و به جریووه‌یه‌ك به‌رجه‌سته‌ی ده‌كات دڵی ئه‌م ئاوه‌دان ده‌كاته‌وه , واته ته‌نیا ده‌نگێك كه هه‌ڵگری په‌یامی عیشق بێت ده‌توانێت دڵی ئه‌م ئاوه‌دان بكاته‌وه . ئه‌م چاوه‌ڕوان ده‌كات كه شه‌ونمی رووخساری ئه‌و له‌گه‌ڵ بادا بێت و بگاته لای ئه‌م . هه‌روه‌ك لێشی ده‌پرسێت داخۆ كه‌ى له كتێبه‌كان دێته ده‌ره‌وه‌و سه‌یری سیمای ئه‌م ده‌كات .
كه‌سی قسه‌كه‌ری شیعره‌كه چاوه‌ڕوانی درووستبوونی ده‌نگ ده‌كات له لایه‌ن كه‌سی به‌رامبه‌ره‌وه كه به (تۆ ) ناوی ده‌بات واته وه‌كو گوێگر ده‌یدوێنێت .لێره‌دا مه‌سه‌له‌ی درووستبوونی ده‌نگ دێته ئاراوه كه چۆن ده‌نگ وه‌كو به‌رهه‌می بوویه‌كی ئاماده یان خاوه‌ن شووناس لێكده‌درێته‌وه , واته كاتێ ده‌نگ درووست ده‌بێت مانای وایه ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ی كه ده‌توانێت ده‌نگ به‌رهه‌م بهێنێت بوون و ئاماده‌بوونی هه‌یه . كاتێ زه‌مینه‌یه‌ك له‌و ئاسته‌دا نه‌بێت كه ده‌نگ درووست بكات مانای وایه نه‌گه‌یشتۆته ئاستێك كه بوونی هه‌بێت كه ئه‌وه‌ش له‌گه‌ڵ وێرانه‌دا هاوشێوه‌یه كه له سنووری ده‌قه‌كه‌دا به چۆڵه‌وانی ناوده‌برێت , كاتێ كه باس له‌وه ده‌كات كه چۆن جریووه‌یه‌ك دڵ ئاوه‌دان ده‌كاته‌وه .كه‌واته هه‌رچۆن عیشق سه‌رچاوه‌ی ژیانه‌و به‌بێ عیشق , بوون هیچ مانایه‌كی نییه , به‌هه‌مان شێوه ناتوانرێت ته‌سه‌وری بوون بكرێت به‌بێ بوونی ده‌نگێك كه هه‌ڵگری توخم و ره‌گه‌زه‌كانی بوون و خۆسه‌لماندن بێت.
شاعیر دنیایه‌ك درووست ده‌كات كه ده‌توانین پێی بڵێین دنیای كتێب كه وای نیشان ده‌دات ئه‌و كه‌سه‌ی كه ده‌یدوێنێت له نێو ئه‌و دنیایه‌دا زیندانی كراوه یان به ویستی خۆی له‌وێدا خۆی حه‌شار داوه , ئێستا ئه‌م داوای ئه‌وه ده‌كات كه دیواره‌كانی دنیای داخراوی كتێبه‌كانی بڕوخێنێت و بێته ده‌ره‌وه , كه ده‌شێ لێره‌دا مه‌به‌ست ئه‌وه بێت كه به بڕوای شاعیر ئه‌و كه‌سه‌ی كه ئه‌م له ده‌قه‌كه‌دا ده‌یدوێنێت كه‌سێكی ناواقیعی بێت و زیاتر له وه‌همدا بژی و بێ‌ئاگا بێت له ژیانی راسته‌قینه‌ی نێو واقیع .به واتایه‌كی تر مه‌به‌ست له نێو كتێبه‌كان زه‌مینه‌یه‌كی دوور له واقیع بێت كه ئه‌وه‌ش وای له‌م كه‌سێته كردبێت نه‌توانێت واقیع وه‌كو ئه‌وه‌ی كه هه‌یه ببینێت یان لێی تێ بگات . كاتێكیش كه داوای لێ ده‌كات كه له نێو كتێب بێته ده‌ره‌وه‌و سه‌یری سیمای ئه‌م بكات , مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه كه ئه‌وی به‌رامبه‌ر له وه‌همدا ده‌ژی و ئه‌م ده‌یه‌وێت له ئه‌نجامی سه‌رنج دانی ئه‌مه‌وه ئه‌و پرسیاره‌ی لا دروست ببێت كه ئایا ئه‌م له كوێدایه‌و چۆن ده‌ژی و چی پێ ده‌كرێت . هه‌روه‌ك ده‌شێ سیمای ئه‌م وای لێبكات به ناخی خۆیدا شۆڕبێته‌وه‌و له هه‌مان كاتیش‌دا ئه‌و سیمایه ده‌شێ پاڵنه‌ری مرۆڤ بێت بۆ تێڕامان و خوردبوونه‌وه وهه‌ڵسه‌نگاندن .
تۆ له مێژه له ناو كتێبه‌كانم خه‌وتووی
جارێ واگا ناێیته‌وه
دروودێ به‌خشی به رۆحم
ئێستا ئه‌و پرسیاره سه‌رهه‌ڵده‌دات : ئایا شاعیر مه‌به‌ستی كێیه یان مه‌به‌ستی له چییه كاتێ به نووستووی ناو كتێبه‌كانی خۆی داده‌نێت ؟ده‌شێ له ئاستی بینراوی ده‌قه‌كه‌دا وای لێك بده‌ینه‌وه كه مه‌به‌ست له‌و كه‌سه خۆشه‌ویسته‌كه‌یه‌تی و مه‌به‌ست له كتێبه‌كانیش ئه‌و دنیایه كه ئه‌وی تیادا ده‌ژی و ده‌شێ له بارێكی خامۆشدا بێت به جۆرێك كه ئاگای له‌م نه‌بێت .ئه‌م ده‌خوازێت كه جارێ ئه‌و به ئاگا بێته‌وه‌و له عیشق و خۆشه‌ویستی ئه‌م تێ بگات , به‌واتایه‌كی تر ئه‌م وای ده‌رده‌بڕێت كه سه‌رباری ئه‌وه‌ی كه ئه‌م خۆشی ده‌وێت , پێ ده‌چێت ئه‌و له‌م بێ ئاگا بێت و ده‌خوازێت له هه‌ست و سۆز‌و خۆشه‌ویستی ئه‌م تێ بگات و هه‌ست به بوونی ئه‌م بكات , ئه‌مه‌ش ئه‌و حاڵه‌ته‌یه كه ئه‌م تیایدا ئاسووده ده‌بێت و رۆحی په‌شێوی ئارام ده‌گرێت. بێگومان ده‌شێ له ئاستی قوڵ یان نه‌بینراوی ده‌قه‌كه‌دا جۆره لێكدانه‌وه‌یه‌كی تر بێته ئاراوه ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه شاعیر باسی ئه‌زموونی شیعری خۆی بكات و پێی وابێت كه ئه‌و ئه‌زموونه‌ی ئه‌م له جوگرافیای شیعری كوردیدا تاكو ئێستا له سنووری داخراوی كتێبه‌كانیدا ماوه‌ته‌وه و نه‌بۆته ئه‌زموونێكی باو‌و باڵا ده‌ست كه بتوانێت كۆنترۆڵی ناوه‌ندی رۆشنبیری یان ناوه‌ندی شیعری كوردی بكات , كه دیاره ئه‌گه‌ر ئه‌وه رووی بدایه ئه‌وا ئه‌و له سه‌ر جوگرافیای شیعری كوردی پێگه‌و ده‌سه‌ڵاتێكی به‌رفراوانی به ده‌ست ده‌هێنا و ئه‌وه‌ش ئاسودیی به رۆحی ده‌به‌خشی چونكه ئه‌وسا ده‌گه‌یشت به‌و یه‌قینه‌ی كه ناوه‌ندی رۆشنبیری كوردی دان به بوونیدا بنێت . ئه‌مه سه‌رباری ئه‌وه‌ی كه ده‌زانین داهێنان خاسێتێكی زۆر تایبه‌تمه‌نده‌و مه‌رجیش نییه ئه‌و داهێنانه له سه‌رده‌مه‌كه‌ی خۆیدا ئه‌و ناوبانگه به‌ده‌ست بهێنێت , به‌ڵام ئه‌وه‌ی به‌ڵگه نه‌ویسته ئه‌وه‌یه كه داهێنه‌ر كه‌سێگی خاوه‌ن شووناسه هه‌رچه‌نده له‌وانه‌یه له سه‌روه‌ختی خۆیدا دان به‌و شووناسه‌یدا نه‌نرێت .كه‌ریم ده‌شتیش یه‌كێكه له‌و ده‌نگه دیارانه‌ی كه له شیعری كوردی نه‌وه‌ی دوای حه‌فتاكاندا جێگه‌و پێگه‌ی خۆیی هه‌یه‌و ره‌نگه به هه‌ڵه‌شدا نه‌چووبین كه بڵێن كه‌ریم ده‌شتی ئه‌و شاعیره‌یه كه خاونی ئه‌زموونی دیاری خۆیه‌تی , به‌ڵام وه‌كو زۆرێك له شاعیرانی پێش خۆیی و دوای خۆیشی شوێنی ئه‌م شاعیره ده‌ست نیاشان نه‌كراوه .واته ئه‌وه‌ی كه كه‌ریم به ئه‌زموونی خۆیی ده‌زانێت تاكو ئێستا له سنووری ده‌قه‌كانیدا ماوه‌ته‌وه‌و وه‌كو پێویست و به‌راورد به ئاستی داهێنانی مافی خۆیی نه‌دراوه‌تێ وه‌كوپێویست قسه‌ی له‌باره‌وه نه‌كراوه‌و ره‌هه‌نده‌كانی ئه‌زموونی شیعری ئه‌و به شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت و به جۆرێك كه توانای ده‌شتنیشان كردنی هه‌بێت دیاری نه‌كراوه تابه‌و پێیه‌ش ئاخاوتنی پرسیاری سه‌ره‌كی ده‌قه‌كانی كرابێت و جیهانبینی شیعری ئه‌و دیاری كرابێت ئه‌گه‌ر قه‌سه‌یه‌كیش له‌سه‌ر ئه‌زموونی شیعری ئه‌و كرابێت ئه‌وه زیاتر به شێوه‌یه‌كی گشتی و له چوارچێوه‌ی ئه‌و قسانه‌دا بووه كه له سه‌ر ئه‌زموونی شیعری نه‌وه‌كه‌ی ئه‌و كراوه به‌بێ ئه‌وه‌ی ره‌چاوی تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی شیعری ئه‌و كرابێت . ده‌شێ ئه‌وه‌ی كه‌ریم باسی ده‌كات و داواده‌كات له سنووری كتێبه‌كانی بێته ده‌ره‌وه ئه‌زموونی شیعری ئه‌و بێت به جۆرێك كه بدوێنرێت و له سنووری داخراوی ده‌قه‌كانییه‌وه بگوازرێته‌وه نێو نێوه‌ندی رۆشنبیری و لایه‌ن و ئاسته شاراوه‌كانی ئه‌و ئه‌زموونه به جۆرێك ده‌ربخرێت كه چیتر وه‌كو نهێنی یان بابه‌تێكی په‌رده له‌سه‌رنراو نه‌مێنێته‌وه . دیاره ئه‌وه‌ش مایه‌ی نیگه‌رانی و جۆرێك له ئازاریشه كه ئه‌و وه‌كو شاعیر هه‌ست بكات ئه‌وه‌ی ئه‌و كردویه‌تی وه‌كو پێویست ده‌نگدانه‌وه‌ی نه‌بووه ئه‌ویش له‌به‌ر ئه‌وه‌نا كه جێگای بایه‌خ نییه , نه‌خێر به‌ڵكو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئاستی تێگه‌یشتنی ناوه‌ندی رۆشنبیری كوردی له داهێنان و له ئه‌فراندن ئه‌وه‌نده لاوازه ناتوانێت ده‌قی زیندوو له ده‌قی مردوو جیا بكاته‌وه , ناتوانێت داهێنان له هه‌ر شتێك یان نووسینێكی تر جیابكاته‌وه كه به ناوی داهێنانه‌وه فڕێ ده‌درێته نێو پانتایی رۆشنبیری كوردییه‌وه . كه‌ریم هه‌ست به‌و ئازاره ده‌كات كه وه‌كو پێویست و به‌پێی ئاستی ئه‌وه‌ی پێشكه‌شی كردووه پێگه‌و جێگه‌ی له سه‌ر جوگرافیای شیعری كوردی پێ نه‌دراوه , ئه‌وه‌ش له بری خۆشی و ئاسووده‌یی به‌خشین به رۆحی ئه‌و نیگه‌رانی و خه‌م و په‌شێویی پێبه‌خشیووه . ئیستا ده‌خوازێت ده‌سه‌ڵاتی ئه‌زموونی ئه‌و به جۆرێ به‌هێز بێت كه سنووری ده‌قه‌كانی به‌جێ بهێڵێت و به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه ده‌سه‌ڵات به‌سه‌ر به‌شێك له پانتایی و ناوه‌ندی رۆشنبیری كوردیدا بكات , بَگومان ئه‌وه‌ش ئاسووده‌یی رۆحی و ده‌روونی پێ ده‌به‌خشێت .
من هه‌میشه گه‌ڕیده‌م و نازانم بۆچی ده‌گه‌ڕێم
من هه‌میشه هه‌ر راده‌كه‌م نازانم بۆچی راده‌كه‌م
من هه‌میشه خه‌یاڵێ دوور دوورم ده‌بات و
نازانم بۆ كوێم هه‌ڵده‌گرێ
ئه‌وه نه‌بێ كه سه‌ر به كتێبێ ده‌كه‌م
خه‌ون به تۆوه ده‌بینم
شاعیر له وه‌سف كردنی خۆیدا وێنه‌ی مرۆڤێكی هه‌ستیارمان بۆ به‌رجه‌سته ده‌كات كه ده‌شێ به مرۆڤی ئه‌م قۆناغه جه‌نجاڵه‌ی ئێستای ناو ببه‌ین كه هه‌میشه له جوڵه‌دایه‌و له هیچ شوێنێك ئۆقره ناگرێت و به‌پێی ئه‌و وه‌سفه‌ی كه له‌ده‌قه‌كه‌دا هاتووه ئه‌م مرۆڤه ناشزانێت بۆچی ده‌گه‌ڕێت و به دوای چیدا راده‌كات .ده‌شێ له ئاستی بینراوی ده‌قه‌كه‌دا وای لێك بده‌ینه‌وه كه ئه‌وه‌ی شاعیر وێنای كردووه هه‌ر مرۆڤێكی ئاساییه كه سه‌وداسه‌ری به دیهێنانی پێداویستییه‌كانی ژیانه‌و له‌و پێناوه‌شدا ده‌گه‌ڕێت و له جوڵه‌ی به‌رده‌وامدایه .به‌ڵام ده‌شێ له پشتی ئه‌م لێكدانه‌وه‌یه‌وه‌و له ئاستى نادیاری ده‌قه‌كه‌دا وێنه‌ی كه‌سێكی داهێنه‌ر به‌رجه‌سته ببێت كه له هیچ شوێنێك ناحه‌وێته‌وه‌و سه‌قامگیر بوون به خۆیه‌وه نابینێت هه‌رچۆن ده‌قی داهێنه‌رانه یان هه‌ر به‌رهه‌مێكی داهێنراو بریتییه له گه‌ڕانی هه‌میشه‌یی و به‌رده‌وام به دوای پرسیاره گرنگ و ئه‌نتۆلۆجیه‌كانی مرۆڤدا هه‌ر به‌هه‌مان شێوه كه‌سی داهێنه‌ریش كه هه‌میشه كه‌سێكی گومانكه‌رو دوو دڵ و نیگه‌رانه زه‌مه‌نێكی نییه بۆ ئۆقره گرتن و شوێنێكیشی نییه تا تیایدا سه‌قامگیر ببێت بحه‌وێته‌وه چونكه ئه‌و له رووی رۆحی و ده‌روونییه‌وه ناسه‌قامگیره . كه‌ریم ده‌شتی له ده‌ربڕینێكی ناراسته‌وخۆدا باس له‌و نیگه‌رانی و ناسه‌قامگیرییه ده‌روونی و رۆحییه‌ی خۆی ده‌كات كه ده‌شێ ئه‌وه‌ش به‌رهه‌می خه‌یاڵ و نه‌ست بێت و هیچ نه‌خشه‌یه‌كی داڕێژراو له پشتییه‌وه نه‌بێت .به‌واتا ده‌توانین بڵێین ئه‌و گه‌ڕانه‌ی كه كه‌ریم باسی ده‌كات گه‌ڕانی كه‌سی داهێنه‌ره به دوای مانا‌و به دوای دۆزینه‌وه‌ی پرسیاره گرنگه‌كانی مرۆڤدا و به دوای به‌رهه‌مهێنانی جیهانبینی نوێ و ئه‌زموونی نوێ‌دا . هه‌ڵبه‌ت گه‌یشتنیش به ئاستێك یان به‌خاڵێك كه جێگای قایل بوون بێت بۆ كه‌سی داهێنه‌رو ئه‌زموونگه‌ر شتێكی مه‌حاڵه چونكه داهێنان نه سنووری هه‌یه‌و نه هیچ سنوورێك ده‌ناسێت , هه‌ر بۆیه كه‌سی داهێنه‌ر هه‌میشه له گه‌ڕاندایه‌و ناگاته حاڵه‌تی وه‌ستان چونكه وه‌ستان بۆ كه‌سی داهێنه‌ر ته‌نیا كاتێك ده‌بێت كه بگات به یه‌قین , بێگومان گه‌یشتنیش به یه‌قین مانای كۆتایی هاتنی گومان و نیگرانییه ئه‌وه‌ش بۆ داهێنه‌ر مانای مردن ده‌به‌خشێت .
شاعیر باسی خه‌یاڵی خۆی ده‌كات كه خه‌یاڵێكی فراوانه‌و سنووره‌كانی دیار نییه‌و ئه‌م وه‌كو شاعیریش هیچ ده‌سه‌ڵاتێكی به‌سه‌ر ئه‌و خه‌یاڵه‌دا نییه چونكه ئه‌وه ئاشكرایه كه خه‌یاڵى داهێنه‌ر خه‌یاڵێكی نائاساییه و هه‌ر ئه‌و خه‌یاڵه‌ش یه‌كێكه له پایه سه‌ره‌كیه‌كانی داهێنان و ده‌شێ كه‌سی داهێنه‌ر به‌ره‌و نهێنی و نه‌زانراو و نائاشكرا ئاراسته بكات یان بیجوڵێنێت و له‌وێڕا واته له‌و رووبه‌ره نه‌زانراوه‌دا كه ده‌شێ ته‌نیا له خه‌یاڵدا بوونی هه‌بێت یۆتۆپیایه‌ك درووست بكات كه ده‌شێ به‌هه‌شتێك بێت به هه‌موو جوانییه‌كانیه‌وه یان دۆزه‌خێك بێت به هه‌موو ناشیرینی و هه‌موو ئازار‌و ناشیرینییه‌كانیه‌وه.به هه‌رحاڵ به گوێره‌ی شاعیر ئه‌و خه‌یاڵه‌ی كه ده‌یبات خه‌یاڵێكی مه‌ودا نادیاره‌و له راستیشدا ناتوانرێت خه‌یاڵ به‌پێی به‌رنامه‌و نه‌خشه‌ی دیاریكراو ئاراسته بكرێت , هه‌ر ئه‌وه‌شه وا له شاعیر ده‌كات نه‌زانێت ئه‌و خه‌یاڵه بۆ كوێی ده‌بات , كه‌واته لێره‌دا ئه‌وه‌شمان بۆ ئاشكرا ده‌بێت كه كه‌ریم ده‌شتی وه‌كو شاعیرێك ده‌یه‌وێت پێمان بڵێت كه ئه‌و له به‌رهه‌مهێنانی شیعردا بڕوای به هیچ به‌رنامه‌یه‌كی پێش وه‌خته نییه بۆ نووسین به‌و ئه‌ندازه‌ی كه خه‌یاڵی خۆی ره‌ها ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی بجوڵێت , ئه‌مه‌ش رێگا خۆشكه‌ره بۆ ئه‌وه‌ی له پاڵ كاركردنی خه‌یاڵدا رۆڵی نه‌ستیش له به‌رهه‌مهێنانی ده‌قه‌كانیدا ده‌ربكه‌وێت , كه كاركردنی ئه‌م دوو پایه سه‌ره‌كیه‌ى به‌رهه‌مهێنانی شیعر پێكه‌وه‌و له‌گه‌ڵ توانا‌و لێهاتوویی شاعیردا له ئاستی زمانی شیعری و شێوازی شیعری و سه‌رجه‌م ره‌گه‌زه هونه‌رییه‌كاندا كه ئه‌زموونی نووسینی ئه‌م یان شێوازی ئه‌م پێك ده‌هێنن هه‌موو پێكه‌وه تاكو ئێستا له لایه‌ك به هه‌رجۆرێك بێت یان هه‌ر هۆكارێكی له پشته‌وه بێت وه‌كو پێویست نه‌بووه‌ته ئه‌زموونێكی خاوه‌ن شووناس و باڵاده‌ست له نێوه‌ندی رۆشنبیری كوریدا, له لایه‌كی تریشه‌وه هێشتا له سه‌ر پانتایی رۆشنبیری كوردی ئاخاوتنێكی وه‌ه‌های له‌سه‌ر نه‌كراوه كه بنه‌ماو ره‌هه‌نده‌كانی دیاری بكرێت .به‌ڵام ئه‌وه‌ی گرنگه ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی كه لێره‌دا شاعیر لێی ده‌دوێت هه‌ڵوێستی كه‌سی داهێنه‌ره كه نه‌خاوه‌نی خه‌یاڵێكی سنوور دیاریكراوه ,نه خاوه‌نی شیوازێكی ته‌قلیدییه له نووسیندا . هه‌روه‌ك ده‌قه‌كانی هه‌ڵگری پرسیاری جدین له‌و روانگه‌یه‌وه كه هه‌ڵگری پرسیارن سه‌باره‌ت به نه‌زانراو .
ئه‌و خه‌یاڵه مه‌ودا فراوانه‌ی كه شاعیر باسی ده‌كات و ناشزانێت به‌ره‌و كوێی ده‌بات , سه‌رئه‌نجام ئه‌م ده‌خاته سه‌ر رێگایه‌ك بۆ كار كردن یان گه‌ڕان به دوای دۆزینه‌وه‌ی یان ئاشكرا كردنی نه‌زانراودا , كه ئه‌وه‌ش بێگومان ته‌نیاو به‌س ته‌نیا له كتێبدا ده‌دۆزرێته‌وه یان ئاشكرا ده‌كرێت .چونكه ئاشكرایه سه‌رچاوه‌ی هه‌موو زانینێك هه‌ر كتێبه , ئه‌میش له رێگای ئه‌و خه‌یاڵه مه‌ودا قوڵه‌ی كه هه‌یه‌تی هه‌ر ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئامێزی كتێب .واته له نێو كتێبدا هه‌وڵده‌دات ئه‌وه‌ی كه ده‌یه‌وێت بیدۆزێته‌وه یان له بارێكی تردا خه‌یاڵ ئه‌م ده‌باته‌وه بۆ نێو كتێب . ده‌شێ مه‌به‌ست له‌مه‌ش ئه‌وه بێت كه به‌رهه‌می خه‌یاڵه‌كانی ئه‌م به‌رهه‌م هێنانی ئه‌و ده‌قانه بێت كه هه‌ڵگری ئه‌زموونی ئه‌من و ئه‌و ئه‌زموونه‌ش له نێو كتێبه‌كاندا ماونه‌ته‌وه و تاكو ئێستاش وه‌كوپێویست نه‌بووه‌ته ئه‌زموونێكی وێنراوو قسه له‌سه‌ر كرا‌و له نێوه‌ندی رۆشنبیری كوردیدا .به‌ڵام خه‌یاڵ له رێگای كتێبه‌وه ده‌یگه‌یه‌نێته‌وه به ئه‌و بێگومان ئه‌و گه‌یشتنه‌ش كه له رێگای خه‌یاڵه‌وه ده‌بێت مه‌ودای فراوانی ئه‌و خه‌یاڵه ده‌رده‌خات ئه‌مه‌ش ده‌وڵه‌مه‌ندی یه‌كێك له پایه سه‌ره‌كیه‌كانی شیعری ئه‌م شاعیره ده‌رده‌خات چونكه ئه‌وه ئاشكرایه كه یه‌كێك له پایه‌كانی به‌رهه‌مهێنانی شیعر خه‌یاڵه , به‌ڵام ده‌بێ ئه‌و كێ بێت كه ئه‌م له‌قوڵایی خه‌یاڵه‌كانیدا خه‌ونی پێوه ده‌بینێت .بێگومان ئێمه ده‌زانین هه‌ر له‌سه‌ره‌تای ده‌قه‌كه‌وه قه‌سه‌كه‌ری شیعره‌كه كه‌سێك ده‌دوێنێت كه ده‌شێ ئه‌وی دڵدار یان خۆشه‌ویست بێت. به‌هه‌ر حاڵ لێره‌دا ده‌شێ وه‌هایشی بۆ بچین كه گه‌ڕانی ئه‌وی شاعیر گه‌ڕان بێت به دوای ئه‌زموونی نوێ و پرسیاردا واته پرسیارێك كه شووناسی پرسیاری هه‌بێت به‌و مانایه‌ی كه پرسیار بێت سه‌باره‌ت به نه‌زانراو واته لێره‌دا ده‌توانین بڵێین ئه‌وی شاعیر كه‌سێَكه هه‌میشه به دوای نامه‌ئلوفدا ده‌گه‌ڕێت كه ئه‌ویش له پرسیار و ئه‌زموونی نوێ‌دا به‌رجه‌سته ده‌بێت .كه‌واته ئه‌و خه‌ونه‌ی كه ئه‌م ده‌یبینێت خه‌ونه به به‌رهه‌مهێناینی ده‌قی زیندووه‌وه ئه‌مه‌ش شووناسی شاعیر وه‌كو به‌رهه‌مهێنی ده‌قه‌كه ده‌رده‌خات كه چۆن له خه‌می داهێناندایه .
ده‌زانم كه كه‌سێ هه‌یه
ئه‌مانه‌تی من دراوه‌و
له ناو دێڕی شیعره‌كانم
له سه‌ر به‌رگی كتێبه‌كانم
له ناو ره‌فه‌ی وشه‌كانمدا خه‌وتووه
خودایه چۆن واگای بهێنمه‌وه
كه ده‌زانم ئه‌گه‌ر وه‌ئاگا بێته‌وه
دووباره ون ده‌بێته‌وه .
شاعیر باسی ئه‌وه ده‌كات كه ئه‌م له‌وه تێگه‌یشتووه كه ئه‌ده‌ب به گشتی بێ ئه‌رك نییه به‌ڵكو ئه‌م وه‌كو شاعیر باوه‌ڕی به‌وه هه‌یه كه هه‌موو ده‌قێكی زیندوو یان هه‌موو بابه‌تێكی ئه‌ده‌بی و هونه‌ری هه‌ڵگری ئه‌ركن كه ده‌شێ ئه‌و ئه‌ركه ئه‌ركێكی كۆمه‌ڵاَیه‌تی یان ئه‌خلاقی یان ئێسه‌تیكی بێت كه ئه‌مه‌ی دواییان زیاتر مه‌سه‌له‌ی چێژ وه‌رگرتن ده‌گرێته‌وه .ئه‌م پێی وایه كه‌سێك خراوه‌ته ئه‌مانه‌تی ئه‌مه‌وه‌و له ناو دێڕی شیعره‌كانیدا و له سه‌ر به‌رگی كتێبه‌كانی و له ناو وشه‌كانیدا جێگیر بووه . ده‌شێ ئه‌و كه‌سه‌ی كه ئه‌م باسی ده‌كات گه‌وهه‌رو ماهیه‌تی داهێنان بێت یان ده‌شێ ئه‌و پرسیارانه بێت كه هه‌ر شیعرێكی ئه‌م به‌رزی ده‌كه‌نه‌وه یان له‌وانه‌یه ئه‌و مانا‌و ده‌لالاتانه بێت كه ده‌قه‌كانی ئه‌م هه‌ڵیان ده‌گرن یان به شێوه‌یه‌كی گشتگرتر ئه‌و جیهانبینییه بێت كه ده‌شێ هه‌ر ده‌قێكی ئه‌م هه‌ڵی بگرێت . ئێستا ئه‌م به دوای ئه‌و شێواز یانه رێگایه‌دا ده‌گه‌ڕێت كه چۆن ئه‌و پرسیارانه‌ی پێ ئاراسته بكات یان چۆن بتوانێت ئه‌و ده‌لالات و مانایانه له باری نه‌گوتراو یان نه‌دركێندراوه‌وه بڵێت و بدركێنێ كه ئه‌وه‌ش له كرداری گواستنه‌وه‌یاندا ده‌بێت بۆ نێو پێكهاته‌ی زمانی ده‌قه‌كه یان به‌مانایه‌كی تر بارگاوی كردنی ئه‌و زمانه‌ی كه ده‌قه‌كه‌ی پێ به‌رهه‌م ده‌هێنێت به‌و مانا‌و ده‌لالاتانه‌ی كه ده‌شێ هه‌ریه‌كه له ده‌قه‌كانی ئه‌و هه‌ڵیان بگرن .
ئه‌م ده‌پرسێت چۆن و به چ شێوازێك ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستێتی كه پێشتر وه‌كو ئه‌ركی نووسین باسمان كرد به‌رجه‌سته بكات یان بیدركێنێ كه دیسان ئه‌م وه‌كو سیحری نووسین یان سیحری داهێنان سه‌یری ده‌كات و ده‌ترسێ له‌وه‌ی كه ئاشكرا كردنی ئه‌و سیحره ببێته هۆی پوچ بوونه‌وه‌ی هه‌رچه‌نده ئێمه دڵنیاین كه مه‌سه‌له‌ی داهێنان ئه‌وه‌یه كه نه‌كات و نه شوێن و نه هیچ رووداوێك ناتوانێت هه‌ڵیبووه‌شێنێته‌وه یان پووچی بكاته‌وه , بۆیه ده‌بێ شاعیر له‌وه دڵنیا بێت ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی له پشتی ده‌قه‌كانی ئه‌وه‌وه‌یه دوای به‌ئاگا هێنانه‌وه‌شی ون ببێته‌وه ئه‌وه گومانی تێدا نییه كه دیسان جارێكی تر‌و ده‌شێ له كاتێكی تردا یان له شوێنێكی تردا ئاماده‌بوونی خۆی بسه‌لمێنێته‌وه .
ده‌شێ وه‌هایشی لێك بده‌ینه‌وه كه ئه‌و كه‌سه‌ی كه ئه‌م باسی ده‌كات و پێی وایه له له ناو وشه‌و له دێڕی شیعره‌كانیدا ئاماده‌یه‌و بوونی هه‌یه له‌وانه‌یه سه‌رچاوه‌ی به‌خشینی ئیلهام بێت و مۆتیڤی به‌رهه‌م هێنانی شیعریش بێت له لای ئه‌می شاعیر ,كه‌واته ده‌بێ ئه‌و كه‌سه كێ بێت ؟ بێگومان ئه‌م كه‌سه هه‌ر هه‌مان ئه‌و كه‌سه‌یه كه له‌م شیعره‌دا هه‌ر له سه‌ره‌تاوه شاعیر یان قسه‌كه‌ری شیعره‌كه ده‌یدوێنێت , هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه‌ش ئاشكرا كه ئه‌و كه‌سه خۆشه‌ویست یان دڵدار یان به شێوه‌یه‌كی گشتی ره‌گه‌زی به‌رامبه‌ره كه ده‌شێ وه‌ها سه‌یری ره‌گه‌زی به‌رامبه‌ر بكرێت كه هۆكاری به‌رهه‌م هێنانی ده‌قه‌كه‌یه یان به شێوه‌یه‌كی گشتی پاڵنه‌ری جوڵێنه‌ره بۆ به‌رهه‌م هێنان و بنیادنان و ئاوه‌دان كردنه‌وه كه داهێنانیش وه‌كو به‌رهه‌می فیكری و موعریفی و ئێسه‌تیكی ده‌كه‌وێته ئه‌و رووبه‌ره‌وه . به‌هه‌رحاڵ ئه‌و كه‌سه‌ی یان ئه‌و شته‌ی كه شاعیر وه‌كو به‌رامبه‌رێك ده‌یدوێنێت و ژیان و بوون و مانه‌وه له بوونی ئه‌وو خۆشه‌ویستی ئه‌ودا ده‌بینێت شووناسێكی گشتی هه‌یه‌و ده‌شێ لێكدانه‌وه‌ی جیاوازی بۆ بكرێت له نێوان ئه‌وی ئافره‌ت و گه‌وهه‌رو ماهیه‌تی ژیان دۆستی و گه‌وهه‌رو ماهیه‌تی داهێنان و ئه‌زموونگه‌ری و به‌رزكردنه‌وه‌ی پرسیاری جۆراو جۆر سه‌باره‌ت به مه‌سه‌له گرنگ و په‌یوه‌سته‌كانی ژیان و بوون و شوێنی دیاری مرۆف و جیاكردنه‌وه‌ی له سه‌رجه‌م بوونه‌وه‌رانی تر‌و له هه‌مان كاتدا ئاخاوتن له‌سه‌ر شووناسی كه‌سی داهێنه‌ر ده‌كات كه كه‌سێَكه له هیچ شوێنێك ئارام ناگرێت و هه‌میشه له گه‌ڕاندایه به دوای دۆزینه‌وه‌و ئاشكرا كردنی نه‌زانراوو نادیاردا .
(٣)
ئه‌م ده‌قه‌ی كه‌ریم ده‌شتی به‌رجه‌سته‌ی ئه‌و كه‌سێته ده‌كات كه به گومانه‌وه ده‌ڕوانێته هه‌موو شتێك و وه‌هاش سه‌یری مرۆف و سه‌رجه‌م بوونه‌وه‌رانیش ده‌كات كه له به‌رده‌م مه‌ترسی مردن و له نێوچووندان , به‌ڵام چاره‌نووسی مرۆف له هه‌موو بوونه‌وه‌رانی تر زیاتر له مه‌ترسیدایه چونكه مرۆڤ ته‌نیا یه‌ك مێژووی هه‌یه كه تیایدا بژی و له‌گه‌ڵ مردنیدا كۆتای پێ دێت. لێره‌دا ناراسته‌وخۆ ئه‌و ده‌لاله‌ته به‌رهه‌م دێت كه مرۆڤی داهێنه‌ر ده‌كه‌وێته ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م بۆچوونه چونكه داهێنه‌ر جۆرێك له نه‌مری به‌ده‌ست ده‌هێنێت و سنووری دیاری كراوی كات ده‌به‌زێنێت و ده‌شێ مێژوویه‌كی درێژتری هه‌بێت بۆ مانه‌وه . هه‌ر لێره‌شه‌وه ده‌رده‌كه‌وێت گه‌ڕانی به‌رده‌وامی كه‌سێتی شیعره‌كه كه ده‌شێ بڵێین شاعیر خۆیه‌تی گه‌ڕانه به دوای داهێناندا به‌و ئومێده‌ی كه داهێنان نه‌مری پێ ببه‌خشێت و نه‌بێته ئه‌و مرۆڤه ئاساییه‌ی كه ته‌نیا له زه‌مه‌نێكی دیاری كراودا ده‌ژی و دوای مردنی بایۆلۆجیانه‌ی ئیتر بوونی نامێنێت به‌ڵكو ئه‌م ده‌یه‌وێت له رووی مه‌عنه‌وییه‌وه نه‌مری به‌ده‌ست بهێنێت , كه‌واته ئه‌وی شاعیر له سنووری ئه‌م ده‌قه شیعرییه‌دا به‌دوای ئه‌و نه‌مرییه‌دا ده‌گه‌ڕێت .رۆحی ئه‌و نه‌مرییه‌ش ئه‌وه‌یه كه له ناو دێڕو وشه‌كانیدا له گه‌وهه‌ری ئه‌زموونی شیعری ئه‌مدا خه‌وتووه به‌ڵام گرنگ ئه‌وه‌یه ئه‌م به‌چ شێوه‌یه‌ك به‌رجه‌سته‌ی ده‌كات و ده‌یكاته حاڵه‌تێكی باو‌و ئاماده‌ی ئه‌وتۆ كه تیایدا هه‌ست به نه‌مری خۆی بكات و له مه‌ترسی ونبوون و سڕینه‌وه‌ی دوای مردن رزگاری ببێت .