Skip to Content

عەشق ئەوەی جوانە بێ هۆیە.. بەشی دووەم …خۆدواندنی: ستیڤان شەمزینی

عەشق ئەوەی جوانە بێ هۆیە.. بەشی دووەم …خۆدواندنی: ستیڤان شەمزینی

Closed
by حوزه‌یران 14, 2020 General, Poems

لیزا: ئەی دڵ مەگەر ئەو سەرچاوەی عەشق و ئەوین نییە؟.
ستیڤان: دڵ سیمبولێکە و دەسەڵاتدارێکی رەمزییە، هەموو جارێک دڵەکوتێی عاشقان لە بناغەوە فەرمانەکەی لە مێشکەوە دێت.
لیزا: کەواتە چۆن دەکرێت دڵ و مێشک دوو شتی لەیەکتر جیا بن، بەم پێیەی تۆ بێت دڵ تەنها ئامێرێکی رووتی خوێن پاڵاوتن و ترومپای هاتوچۆی خوێنە؟.
ستیڤان: منیش ویستم هەمان شت بڵێم.
لیزا: کەی سەفەرەکەت دەستپێدەکەیت؟.
ستیڤان: من هەمیشە لە سەفەردام، وەک ئەو هۆزە رەوەندییانەی گەرمیان و کوێستان دەکەن، سەفەری ئەم جارەم بەرەو سەختترین کوێستانەکانی ناو تەونی جاڵجاڵۆکەیی مێشکی خۆمە.
لیزا: چ شتێک لەگەڵ خۆت دەبەیت بۆ ئەو سەفەرە؟.
ستیڤان: تەنها سەرکێشیی، سەرکێشیی ئەسپێکە وەک سوارچاکێک دەتگەیەنێتە هەموو لوتکە سەختەکان.
لیزا: گەمەکردن لەسەر لوتکە بەرزەکان کارێکی مەترسیدارە. ئەوە پیشەی هەڵۆکانە!، دەزانیت سروشتی هەڵۆکان چییە؟.
ستیڤان: هەڵۆکان سەرچڵ و سەربەرزانە دەژین و کاتێک پیر بوون خۆیان دەکوژن.! خۆکوشتن لەو کاتەیەدا دێت هەست بە لاوازبوونی خۆت بکەیت.
لیزا: کەوایە خۆکوشتن بڕیارێکی ترسنۆکانەیە، تۆ دەتەوێت ئەمە بڵێیت وانییە؟.
ستیڤان: هەتا پێشتر ئازا و سەرکێش نەبووبیت ناتوانیت لە کاتی لاوازیدا پەنا ببەیتە بەر خۆکوشتن.
لیزا: ئێستا بڕۆ و لە سەفەرەکەت دوا مەکەوە، بە هیوای بینینەوەت.
ستیڤان: وەک وتم من ئێستا لە سەفەردام. ئەگەر هەڵدێرام لە شاخێکەوە ئیدی چۆن دەتوانم بتبینمەوە؟. بەم هۆیەوە بەڵێنی بینینەوەت پێ نادەم.


ستیڤان: حەزم لە هیچ کۆتاییەک نییە تەنانەت کۆتایی ئەو فیلمانەشی عاشقەکان تێیدا بەیەک دەگەن!! عەشق خەباتکردن نییە بۆ بەیەک گەیشتن!! عەشق تەنیا ئازار چەشتنە لە پێناوی نەمریدا.
لیزا: ئەوەندە من تێگەیشتبم عەشق ئالوودەبوونە بە کەسێکەوە، عەشق کورتکردنەوەی ژیانە لە کەسێکدا، لای عاشق هەموو گەردوون چۆڵەوانییەکە و تەنیا یەک کەسی تێدا دەبینرێت، لای عاشق سەرتاپای زەوی لە تاریکی هەڵکێشراوە تاکە رووناکییەک ئەگەر هەبێت شەمعی مەعشوقە.
ستیڤان: عەشق ئەوەی جوانە بێ هۆیە. هەرکات هۆکارێک لە ئارادا هەبوو، بێگومان بەرژەوەندییەکیش هەیە. لە کاتێکدا عەشق و بەرژەوەندیی دوو پێدراوی دژ بەیەک و پێچەوانەن.
لیزا: ئازیزم.. یەکەم دێڕی رۆمانی “ئانا کارنینا”ت وەبیر دێنمەوە کە دەڵێ: هەموو بنەماڵە دەوڵەمەندەکان یەک جۆر خۆشبەختیان هەیە، بەڵام بنەماڵە هەژارەکان هەریەک جۆرە نەگبەتییەکی تایبەت بە خۆیان هەیە منیش بە غرورێکەوە دەڵێم: هەر عاشقێک چارەنووسێکی تایبەت بەخۆی هەیە. ئایا من هەڵەم؟.
ستیڤان: نەخێر تۆ هەڵە نیت، عەشق هونەرێکی مەترسیدارە، یاریکردنە بە ئاگرێک کە لە کۆتاییدا دەتسووتێنێ و دەتکاتە مشتێک خۆڵەمێشی بۆنخۆش بە دەم “با”ی شەماڵەوە.
لیزا: من وەک تۆ نازانم پێناسەی عەشق بکەم، بەڵام عەشق پەتی سێدارەی گەردنی رۆحە. ئەوەندە دەزانم عاشق مازۆخییە و چێژ لەو سزایە وەردەگرێ بە عەشق ناوزەد کراوە. ئەوەندە دەزانم عەشق عاشق لە ژوورێکی رازاوە و پڕ زەخرەفەی وەک دڵی مەعشووقدا کۆت کراوە. ئەوەندە دەزانم عاشق دیلی دڵی خۆیەتی. دڵ وەک خەسڵەتە بایۆلۆژییەکە نا، بەڵکو ئەو هێزەی هەست و سۆز دەجوڵێنێت و لە شەڕێکی نەپساوە و دەستە و یەخەشدایە لەگەڵ ئاوەزی ناو سەرمان.
ستیڤان: ئاخر ئیشی من لە ژیاندا تەنها عەشقە. بۆ زۆرینەی خەڵک عەشق قۆناغ یان تافێکە لە ژیان و تەمەن، بەڵام بۆ من عەشق هەموو تافەکانی تەمەن و هەموو قۆناغەکانی ژیانە. ئەوەی جیام دەکاتەوە لە تێکڕای خەڵک هەر ئەوەیە من ژیان بەهەموو تانوپۆکەیەوە وەک بەشێک لە عەشق دەبینم، بەڵام زۆرینە عەشق بە بەشێک لە ژیان دەبینن!. لەم سۆنگەوە دووریی تێڕوانینی من و تێکڕای خەڵک هێندەی دووریی زەوییە لە هەسارەی ئۆرانۆس. جیاوازیی ئەندێشەی من و زۆربەی خەڵک هەر وەک جیاوازیی هەردوو جەمسەری سارد و گەرم وایە.

تێبینی: ئەم تێکستە بریتییە لە مۆنۆلۆگ نەک دیالۆگی دوو کەس، کۆی بەشەکانی ئەم مۆنۆلۆگانە لەنێوان 2010-2017 نووسراون. لە بەرگی دووەمی کتێبی “قوتووی عەتار” لەلاپەڕە 488-522 بەشێوەی کتێبی کاغەز لە ساڵی 2018 چاپ بوون.

Previous
Next
Kurdish