 
	کانت …. حەیدەر هەمەوەند
ئیمانوێل کانت Emanuel Kant لە ساڵانی نێوان (1724-1804 ) لە ئەڵمانیا ژیاوە کە خاوەنی رووانگەی تایبەتی خۆیەتی لە زۆربەی بوارە فەلسەفیەکاندا . تێزەکانی سەبارەت بە مەعریفەتناسی چەند تەوەرەیەک لەخۆ دەگرێت . هەر دوو رووانگەی ژیرگەرایی Rationalism و رووانگەی ئەزموونگەرایی Empiricism لای کانت وەکو دووتای هاوسەنگی یەک تەرازوون و تەواوکەری یەکدین . ئەم رووانگەیەی کانت تەواو پێچەوانەی فەیلسووفەکانی پێشی خۆی بوو کە پێیان وابوو کە ئەم دوو رووانگەیە بەیەکەوە ناگونجێن و بۆ بەدەستهێنانی مەعریفە پێویستە تەنیا پشت بە رووانگەیەکیان ببەسترێت . بۆیە کانت پێیوابوو کە شۆڕشێکی کۆپەرنیکۆسیانە Copernican Revolution کردووە بە پێکەوە گونجاندنی ئەم دوو رووانگەیە . ئەو هەردوو رووانگەکەی وەکو یەک بە گرینگ دەزانی کە پێویستن بۆ بەدەستهێنانی مەعریفە چونکە سروشتی پرۆسەی تێگەیشتن لای مرۆڤ بەندە بەو کەرەستانەی کۆی دەکاتەوە لە رێگەی ئەزموونەوە و ئینجا بەهۆی کارکردنی ژیرمەندانەوە هەوڵی تێگەیشتن و دەرەنجامگیری دەدات .
جۆرەکانی مەعریفە لای کانت  Kant and the Kinds of Knowledge
کانت باوەڕی وابوو کە  مەعریفەت لای مرۆڤ سێ جۆرن :
یەکەم :  پێشەنی  شیتەڵکارانە           Analytic a priori
کاتێک خەسڵەتێك لەناو جەوهەری ووشەکە هەڵگیراوە ئەوکات چەمکی شیتەڵکارانە Analytic  بەکاردێت . 
بۆ نموونە کە دەڵێین: 
– هەموو جەستەکان  قەبارەیان هەیە . یان
– هەموو پشیلەکان ئاژەڵن
لە نموونەی یەکەمدا هەبوونی قەبارە خەسڵەتێکی پێویست و جەوهەری جەستەکانە چونکە جەستەیەک نییە بێ قەبارە .
لە نموونەی دووەمدا پشیلەیەک نییە کە ئاژەڵ نەبێت .
دووەم : پێشەنی دەستکردانە Synthetic a priori
دەستکرد واتە ئێمە دامانهێناوە لەسەر بنەمای مەعریفەیەکی  پێشینی  رێکەوتووین لەسەر حاڵەتێکی تایبەت جێبەجێکراوە و پێویست بە ئەزموون کردن ناکات ، بۆ روونکردنەوەی ئەمە سێ نموونە دەهێنینەوە:
1-   ئەم ژوورە سێ رەهەندی هەیە . یان
2-     5+7 = 12  یان
3-   کورترین دووری لە نێوان دوو خاڵدا هێڵێکی راستە .
لە نموونەی یەکەمدا ئاشکرایە کە هەموو تەنێک یان جەستەیەک سێ رەهەندی Dimension هەیە کە درێژی و پانی و بەرزییە ( 3D (  و ئەم مەعریفەیە لەرێگەی دەرەنجامگیری ژیرگەراییەوە بەدەست هاتووە ,   هەروەها لەم نموونەیەکدا ژوورەکە  حاڵەتێکی دەستنیشانکراوە لەلایەن ئێمەوە .
لە نموونەی دووەمدا  5+7 = 12  ئاشکرایە کە ماتماتیک مەعریفەیەکی نائەزمووە و لە رێگەی دەرەنجامگیری ژیرگەراییەوە بەدەست هاتووە ، واتە پێویستە بە ئەزموون کردن ناکات . ئەم حاڵەتەش لەلایەن ئێمەوە دەستنیشان کراوە ئەگینا 10+2  , 9+3   ,6+6 ,  و هتد  بەهەمان شێوە دەرەنجامەکانیان یەکسانە بە 12 .
نموونەی سێیەم بەڵگەنەویستێکی ئەندازەییە بەڵام هەردوو چەمکی خاڵ و هێڵی راست هەڵگری  دەستەواژەی  کورتترین دووری نین بەڵكو ئەم دەستەواژەیە لەلایەن مرۆڤەوە داهێنراوە واتە دەستکردە Synthetic .
سێیەم : پاشەنی دەستکردانە      Synthetic aposteriori
دەستکرد واتە ئێمە چەمکێکمان داهێناوە ئینجا لە رێگەی ئەزموونەوە مەعریفەیەکمان بەدەستهێناوە .
بۆ نموونە کە دەڵێین :
– خێرایی دەنگ ٣٣٣ مەترە لە چرکەیەکدا ،
لێرەدا مەتر و چرکە بەشێک نین لە جەوهەری دەنگ بەڵكو مرۆڤەکان رێککەوتوون کە ئەم دوو چەمکە بۆ پێوانی خێرایی و کات بەکاربهێنن واتە دەستکردن .ئینجا دوای داهێنانی ئەم چەمکانە بە ئەزموون دەرکەوتووە کە خێرایی دەنگ ٣٣٣ مەترە لە چرکەیەکدا .
دیدی  کانت بۆ واقیع                Kant’s View on Reality
کانت پێیوایە کە بوونی شتەکان لە سروشتدا دوو رەهەندیان هەیە سەبارەت بە دەرفەتی بەدەستهێنانی مەعریفە .
# ( شتەکە -لەناو-خۆی) : (The Thing -in- Itself)  یان (noumena),واتە بوونی شتەکان پشت نەبەستوو بە ئێمە و لێکدانەوەکانی ئێمە سەبارەت بەم شتانە . لەم رەهەندەدا مرۆڤ دەرفەتی بەدەستهێنانی مەعریفە ی نییە سەبارەت بە جەوهەر یان خودی شتەکان  لەناو خۆیاندا .
کانت ئەو شتانەی کە ناکەونە بەر هەستەوەرەکانمان یان لەدەرەوەی مەودای  ئاگایی  Consciousness   ئێمەدان  ناودەنێت ترانسدێنت  ( یان مەودابەدەر)   Transcendent    ،وەک  نموونە بۆ  ترانسدێنت یان مەودابەدەر دەتوانین ئاماژە بە  خودا بکەین  چونکە خودا لەدەرەوی مەودای ئاگایی ئێمەدایە و ناکەوێتە بەر هەستەوەرەکانمان وەک بینین و بیستن و هتد .
# (شتەکە-بۆ-ئێمە) : ( The Thing – for – Us) ، یان چۆنیەتی بەدیارکەوتنی شتەکان بۆ مرۆڤ (phenomena). لەم حاڵەتە مرۆڤ دەرفەتی بەدەستهێنانی مەعریفەی هەیە سەبارەت بە شتەکان کە چۆن بۆ ئێمە دەردەکەون . ئەو مەعریفەیەی کە مرۆڤ دەتوانێت بەدەستی بهێنێت سەبارەت بەو شتانەی کە دەکەونە بەر هەستەوەرەکانمان و لە مەودای ئاگایی ئێمەدان کانت ناویان دەنێت ئیمانێنت Immanent . نموونە بۆ ئیمانێنت ، مەعریفەی مرۆڤە سەبارەت بە کەرەستە بەکارهاتووەکانی رۆژانەمان ، دەریاکان ، شاخەکان ، ئاژەڵان و هتد .
کاتیگۆریەکانی کانت  Kant`s Categories
پۆلبەندی (یان کاتیگۆری) Category لای کانت واتە چەمکێکی پاراویPure Concept  تێگەیشتن  و خەسڵەتەکانی دەرکەوتنی شتەکان بە گشتی پێش ئەزموونکران .
 کانت دوازدە کاتیگۆری دەستنیشان کردووە بەم شێوەیەی خوارەوە :
1- چۆنایەتی (Quality )  کە ئەمانە دەگرێتەوە :
واقیع Reality ، نەفی Negation ، سنوورداریەتی Limitation.
ئەم سێ کاتیگۆریە بۆ دەستنیشان کردنی هەبوون یان نەبوونە لە واقیعدا یان هەبوونێکی سنووردار لە واقیعدا .
 2- چەندایەتی (Quantity ) کە ئەمانە دەگرێتەوە :
یەکتایی Unity ، فرەیی Plurality ، گشتگیریەتی Totality.
ئەم سێ کاتیگۆریە بۆ دەستنیشانکردنی بڕی شتەکانە ، یەک یەکە یان زۆر یان گشت
3- شێواز  ( Modality) کە ئەمانە دەگرێتەوە :
بوون Existence ، شیان Possibility ، پێویست کردن Necessity
ئەم سێ کاتیگۆریە بۆ دەستنیشانکردنی بوون یان نەبوون ، شیان و نەشیان ، پێویستکردن و پێویست نەکردنە.
4- پەیوەندی (Relation ) کە ئەمانە دەگرێتەوە :
جەوهەر و خەسڵەت Inherence and Subsistence ، هۆکاریەتی و کاریگەریەتی
Causality and Dependence ، هاوبەشیەتی  Community . 
ئەم سێ کاتیگۆریە بۆ دەستنیشانکردنی پەیوەندی نێوان جەوهەر و خەسەڵەت ، هۆکاریەتی و کاریگەریەتی ، هاوبەشیەتی نێوان دوو بژاردە .

 
			 
			 
			