
كوردییه‌كی تێكشكاو.. د.هیوا عه‌ساف
زمان ڕۆڵێكی گرنگی له ژیانی مرۆڤ و ڕێكخستنی كۆمه‌ڵگادا هه‌یه. مرۆڤ په‌یوه‌ندییه‌كانی به‌هۆی زمانه‌وه بنیادده‌نێت و ڕێكده‌خات. جگه له په‌یوه‌ندیكردن له ژیانی ئاسایی‌دا، زمان هۆكارێكی گرنگی گه‌یاندن و ڕێكخستنه له بواری سه‌ربازی، ده‌وڵه‌تداری، ئابووری، په‌روه‌رده …هتد.
له جیهاندا شه‌ڕ و ململانێی زمان زۆر باوه و میلله‌تان زۆر گرنگیی پێ ده‌ده‌ن. به جۆرێك، جگه له هه‌وڵی سه‌پاندن و بڵاوكردنه‌وه‌ی زمانه‌كه‌یان له ده‌ره‌وه‌ی نیشتیمان و نه‌ته‌وه‌ی خۆیاندا، له ناوه‌وه‌ش ئه‌كادیمیا و ده‌زگا زانستییه‌كان خه‌ریكی پلاندانانی زمانی و خزمه‌تكردن و په‌ره‌پێدانی زمانی خۆیانن و له هه‌وڵی ئه‌وه‌دان له لایه‌ك زمانه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ پێشكه‌وتن و گۆڕانی كۆمه‌ڵدا هه‌ڵبكات، له لایه‌كی تره‌وه له هێرشی زمانان بیپارێزن و ڕه‌سه‌نایه‌تی له‌ده‌ستنه‌دات. یاسای بۆ ده‌رده‌كه‌ن، كۆڕ و كۆنگره‌ی بۆ ده‌به‌ستن، ڕێگه له شێوانی ده‌گرن، چونكه زمان ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یه و به مردنی زمان نه‌ته‌وه‌ش ده‌مرێت. به‌ڵام كورد له‌مه‌شدا خه‌مسارده و به ده‌ستی خۆی زمانه‌كه‌ی نه‌خۆشخستووه. به‌تایبه‌تی قۆناغی دوای ڕاپه‌ڕینی (1991) له باشووری كوردستان. له‌م قۆناغه‌دا به‌هۆی كرانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگای كوردی به ڕووی جیهاندا و به‌هۆی زۆری وه‌رگێڕ و وه‌رگێڕانی خراپ و نازانستی و، به‌هۆی هه‌وڵی لاساییكردنه‌وه‌ی زمان و شێوازی نوسینی میلله‌تان له‌لایه‌ن هه‌ندێك له وه‌رگێڕ و نوسه‌رانه‌وه، ئیستا شێوازێكی زمانی كوردی بووه به باو، كه زمانێكی تێكشكاوه و زۆر له زمانی قۆناغی پێشووی لاوازتره. ئێستا زمانی پرۆگرامی خوێندن و نوسراوی ده‌زگا حكومییه‌كان و ناونیشانی شوێنه بازرگانی و گشتییه‌كان، كه‌متر كوردانه‌یه و زۆرجار له زمانی كه‌سێك ده‌چێت، كه زمانی دایكی (كوردی) نه‌بێت.
بۆ نموونه هه‌ندێك له تابلۆی شوێنه گشتی و بازرگانییه‌كان لادانی ڕێزمانییان تێدایه، هه‌ر زمانێك خاوه‌نی كۆمه‌ڵێك یاسای ڕێزمانیی تایبه‌ت به خۆیه‌تی، كه به سه‌دان ساڵ چه‌سپاوه و سیسته‌مێكیان پێكهێناوه، كه له ڕێزمانی زمانێكی تر جیایده‌كاته‌وه. یه‌كێك له هه‌ڵه‌كانی نوسینی سه‌ر تابلۆكان لادانه له یاسای گرێ پێكهێنان. له زمانی كوردیدا له كاتی پێكهێنانی گرێی ناویدا به‌زۆری (دیارخه‌ر) ده‌كه‌وێته دوای (دیارخراو)ه‌وه، وه‌ك (كۆشكی سپی)، لێره‌دا سپی (دیارخه‌ر)ه و كه‌وتووه‌ته دوای (كۆشك)ه‌وه، كه (دیارخراو)ه. هه‌ندێك جاریش ده‌كه‌وێته پێشه‌وه، به‌ڵام ئه‌و كات پێویستی به مۆرفیمی به‌ستنی (ه) هه‌یه، وه‌ك شێره پیاو، كۆڵه دار…هتد. به‌ڵام له زمانی ئینگلیزی‌دا به پێچه‌وانه‌وه دیارخه‌ر ده‌كه‌وێته پێش دیارخراوه‌وه و ده‌گوترێت (White House). به‌هۆی لاسایی زمانی ئینگیزییه‌وه ئێستا ڕاگه‌یاندن و بازاڕه‌كانی كوردستان پڕن له ناونیشانی وه‌ك (هه‌رزان بازاڕ، وه‌لید ماركێت، هه‌ڵۆ ستایل، لانه مۆڵ …هتد)، كه ده‌بوو (بازاڕی هه‌رزان، ماركێتی وه‌لید …هتد) بن.
له‌لایه‌كی تره‌وه له ئێستادا به‌كارهێنانی ناو و وشه‌ی بێگانه له تابلۆ و له ڕیكلامه‌كاندا بووه به مۆدێل و زۆر به‌رفراوانه. له زماندا به‌كارهێنانی كه‌ره‌سته‌ی بێگانه ئاساییه، به‌ڵام له‌و كاته‌دا، كه زمانه‌كه خۆی كه‌ره‌سته‌ی پێویستی بۆ ئه‌و چه‌مكه نه‌بێت. بۆ نموونه له زمانی كوردیدا وشه‌ی به‌رامبه‌ری (ڕێستورانت، كافی، سیتی، گاردن، گرین …هتد) هه‌یه و خواستن و به‌كارهێنان ناچاری و پێویست نییه و هیچ شانازییه‌كیشی تێدانییه.
ئه‌وه‌ی ئێستا له سه‌ر تابلۆكان و له ڕاگه‌یاندنه‌كان و ته‌نانه‌ت له پرۆگرامه‌كانی خوێندنیشدا ده‌بینرێت، لێشاوێكی شێوازی نامۆ و وشه‌ی نامۆ و گوزارشتی نامۆیه، (وه‌ك بسكیتی خرماوی، یاریی شانساوی، دووگیانبوونی گوێدرێژ، مه‌ڕی نێر، مرداربوونی سه‌گ …!). ئێستا له ڕاگه‌یاندن و له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان سوپایه‌ك له خه‌ڵكی وا، كه كه‌مترین ئاگاییان له‌باره‌ی زمانی خۆیانه‌وه هه‌یه و د‌رك به مه‌ترسیی ئه‌و بابه‌ته ناكه‌ن، ڕۆژانه منداڵ و گه‌نجی كورد به‌و شێوازه زمانه گۆشده‌كه‌ن.
ئه‌م دۆخه پێویستی به سیاسه‌ت و پلانی زمانی هه‌یه، كه له ڕێگه‌یه‌وه ئه‌م شه‌پۆلی شێواندنی زمانه پێویسته ڕێگری لێ بكرێت. ڕاگه‌یاندن و تابلۆی شوێنه گشتی و بازرگانییه‌كان، زمانی خوێندن… پێویسته له‌ژێر چاودێریدا بن، له هه‌مان كاتدا كه‌ره‌سته‌ی زمانیی پێویستیشیان بۆ سازبكرێت. ئه‌مه‌ش ئه‌ركی زانكۆ و په‌روه‌رده و ڕاگه‌یاندن و ناوه‌نده ئه‌كادیمییه‌كان و ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان و جێبه‌جێكردنه. پێویسته هه‌موو په‌خش و بڵاوكراوه‌یه‌ك به فلته‌رێكی زمانی‌دا تێپه‌ڕبێت، پێویسته هیچ تابلۆیه‌ك بێ چاودێری هه‌ڵنه‌واسرێت، هیچ لیژنه‌یه‌كی چاودێریش بێ پسپۆڕێكی شایسته‌ی زمان نه‌بێت، پێویسته هه‌موو ده‌زگایه‌كی ڕاگه‌یاندن ناچاربكرێت، هه‌ڵه‌چنی زمانیی هه‌بێت، هیچ فلیمێكی كارتۆنی و درامایه‌كی دۆبلاژكراو…هتد بێ فلته‌ر و پێداچوونه‌وه‌ی زمانی، په‌خش نه‌كرێت.
د.هیوا عه‌ساف