 
	بــاڵــنــدە … لیۆ تۆلستۆی .. و: محەمەد بەرزی
منداڵە ژیرەکان ، توانا  لە ڕۆژی جەژنی لە دایکبوونیدا ، دیاری زۆر جوانی بۆ هاتبوو .  مامیشی دیارییەکی سەیری بۆ هێنابوو ، کە  بریتیی بوو لە قەفەزێکی پچکۆلە و داوێک بۆ گرتنی باڵندە .  توانا بەو دیارییەی مامی زۆر دڵخۆشبوو ، لە هەموو دیارییەکانی تریشی لا بەنرختر بوو ، بۆیە لە خۆشیاندا بەڕاکردن بردی بۆ لای دایکی و وتێ : ( دایە گیان لە ناو هەموو دیارییەکاندا   ئەم دیارییەی مامم لە هەموو دیارییەکان  پیێ جوانتر و باشترە ، چونکە دەتوانم  باڵندەی پیێ بگرم ) .  جا چونکە دایکی حەزی لە گرتن و ئازاردان و بەندکردنی باڵندە نەبوو ، بەو دیارییە زۆر دڵتەنگبوو ،  بۆیە بە توانای وت : ( ئەو دیارییە دیارییەکی باش نییە ، چونکە نابێ باڵندە بگرین و ئازاریان بدەین و لە ناو قەفەزدا بەندییان بکەین ) .  بەڵام توانا بە پێچەوانەی دایکییەوە زۆر شادمانبوو ، هەر بۆیە گوێی لە دایکی نەگرت ، هەر زۆر بە خێرایی ڕایکردە ناو باخچەکەیان و داوەکەی بۆ باڵندەکان نایەوە و تۆزێکیش دانی بە دەوری داوەکەدا بۆ ڕۆکردن ، لە پەنایەکیشدا خۆی شاردەوە و  خوا خوایبوو داوەکە  دانەیەکیان بگرێت .  ئەوەی سەیر بوو باڵندەکان کاتیک لە دانی دەوری داوەکە نزیکدەکەوتنەوە ، دەترسان و بە خێرایی دووردەکەوتنەوە . جا ئەگەرچی  توانا ماوەیەکی زۆر چاودێریکردن ، بەڵام هیچ باڵندەیەکیان  نە چوون بە لای داو و قەفەزەکەدا ، ئیتر توانا بە تەواوی تاقەتی نەما ، بە ناچاری  باخچەکەی بەجێهێشت و چوو بۆ خواردنی نانی ئێوارەی .  پاش نانخواردن ، توانا زۆر بە پەلە گەڕایەوە بۆ ناو باخچەکە ، سەیریکرد داوەکە باڵندەیەکی پچکۆلانەی گرتووە  ، هەر بۆیە لە خۆشیاندا نەیدەزانی چیی بکات ، باڵندەکەش  لە ترساندا دڵی وەک بینی ئاو دەلەرزی ، بەڵام توانا گوێی نەدایە و گورج لە داوەکەی کردەوە و خستییە ناو قەفەزەکەوە و دەرگاکەشی خڕ لەسەر داخست و خێرا بە ڕاکردن و  هاوار هاوار و خۆشییەوە چوو  بۆ لای دایکی و وتی : (  دایە گیان ئەها داوەکەم چۆلەکەیەکی گرتووە ) . دایکی کە دیمەنی باڵندەکەی  بینی وتی :  ( ئەوە چۆلەکە نییە ، ئەوە بولبولە و دەنگیشی زۆر خۆشە ) …  ئنجا بە توانای وت : ( تکایە ئەو بولبولە دەنگخۆشە بەرەڵڵابکە ، با تووشی ئازار نەبێت ) .  توانا لە وەڵامدا وتی :  ( نەخێر بەرەڵڵای ناکەم و زۆر حەزدەکەم لە لام بمێنێتەوە ، هیچ خەمێکیشت نەبێ ،  ڕۆژانە هەر خۆم  دان و ئاوی بۆ دادەنیم و ژێرەکەشی بە جوانی  پاکدەکەمەوە و خزمەتی باشیشی دەکەم ) . 
توانا بۆ ماوەی دوو ڕۆژ زۆر بە پەرۆشەوە خزمەتی بولبولەکەیکرد . دان و ئاوی بۆ دادەنا و قەفەزەکەشی بۆ پاکدەکردەوە .  بەڵام ڕۆژی سێیەم ، تۆزێک تاقەتی نەما و بولبولەکەی  لەبیرکرد . کاتێ دایکی تەماشای بولبولوکەیکرد  ، سەیریکرد  نە دان و ئاوی بۆ دانراوە ، نە ژێریشی پاککراوەتەوە .  هەر بۆیە بە توانای وت : (  تکایە واز لەو بولبولە بەسزمانە بهێنە و دەرگای قەفەزەکەی بۆ بکەرەوە با ئازاد بێت و بچێتەوە لای هاوڕێکانی .  باشە ئەی تۆش حەزدەکەی ئاوا بتخەنە ناو قەفەزێکەوە و دەرگات لەسەر دابخەن ؟ ) . بەڵام توانا گوێی لەو قسانەی دایکی نەگرت ، تەنها وتی : (  تۆ خەمت نەبێت ، ئیتر هیچکاتێک پشتگوێی ناخەم و  لە مەولا  هەموو ڕۆژێک  دان و ئاوی بۆ دادەنێم و  بە جوانیش قەفەزەکەی  بۆ پاکدەکەمەوە ) . هەر بۆیە گورج چوو بۆ لای قەفەزەکە و دەرگاکەیکردەوە ، تا پاکی بکاتەوە ، پاشان جامی ئاوەکەی دەرهێنا ، تا ئاوی تازەی بۆ بهێنێت ، بەڵام لەبیری چوو لە دوای خۆیەوە دەرگای قەفەزەکە دابخات ، بە مەش بولبولەکە فرسەتی هانی و بە هەموو هێز و توانای خۆیەوە گڤەیکرد و باڵەکانی کردەوە و دەرپەڕییە دەرەوە و لە ناو ژوورەکەدا چەند جارێک بە خێرایی خولایەوە .  پاشان لە ناکاو و  زۆر بە قایم خۆیدا بە پەنجەرەیەکدا ، تا بڕواتە دەرەوە ، بەڵام نەیزانی ڕووی پەنجەرەکە شووشەیە ، هەر بۆیە یەکسەر  بە تەوقی سەردا کەوتە خوارەوە و تەپەیەکی پچکۆلەی  لیێ هەستا .   کاتی توانا بولبولەکەی لەسەر زەوییەکە بینی ، گورج چوو هەڵیگرتەوە و خێرا نووسانی بە سنگییەوە ، بەڵام  بە حاڵ دڵە پچکۆلەکەی لێی دەدا و بە گران هەناسەی دەدا ..  توانا ڕوویکردە دایکی و وتی : (  دایە گیان :  تکایە چیی بۆ بکەین باشە ؟ ) . لە وەڵامدا دایکی وتی : ( ئیستا ناتوانیین هیچی بۆ بکەین ) .  ئەو ڕۆژە توانا بە خەمباری و زویری  تا دەرنگانێکی شەو بە دیار بولبولەکەوە مایەوە .  پاشان ئەوەندە ماندوو بوو چوو نووست ، بەڵام لەبەر خەفەتی بولبولە جوانەکەی نەیدەتوانی بنووێت ، ئەو شەوە  چەند جارێک خەبەری بۆوە .  بۆ بەیانی ، کە لەخەوە هەستا خێرا ڕایکرد بۆ لای قەفەزەکە ، تەماشایکرد بولبولەکە لەسەرپشت کەوتووە و قاچەکانی لێ بڵاوکردۆتەوە  و گیانی دەرچووە .  بەمەش توانا زۆر دڵتەنگ و پەست و بێزار بوو ، چاوەکانی پر بوون لە فرمێسک و زوو زووش  دەیوت : (  من هۆکاری مردنی ئەم بولبولە جوانە بووم ، خۆزگە ئەو دیارییەم بۆ نەهاتایە و ئەم باڵندەیەم نەگرتایە ، خۆزگەش هەر زووش بە قسەی دایکە خۆشەویستەکەی خۆمم بکردایە و  ئەم بولبولە جوانەم  بەرەڵلابکردایە و ئاوا  نەمردایە ) .  ئنجا بە چاوی پڕ لە فرمێسکیشەوە وتی : (  مەرج بێت لەمەودوا نە هیچ باڵندەیەک بگرم ،  نە هیچ باڵندەیەک ئازار بدەم و نە هیچ باڵندەیەکیش لە ناو قەفەزدا بەند بکەم . چونکە پێویستە ئەوانیش وەک من و دایکم و  هەموو گیانلەبەرێکی تر  ، بۆ خۆیان بە خۆشی و شادی و ئازادی بژین )  .  
تێبینی : دەستکارییەکی زۆر کەمی ئەم چیرۆکەم کردووە .


 
			 
			 
			