ڕۆڵ و ئیماژی رۆشنبیر له دیدگایه‌كی نوێ‌دا … د. شه‌ونم یه‌حیا
رۆشنبیر وه‌ك كۆنسێپت و كێ رۆشنبیره ؟…
له ئه‌نجامی كار كردنم له‌سه‌ر ڕۆلێ رۆشنبیران له گۆرانكارییه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا له كۆنتێكستی فه‌لسه‌فه‌ی كۆمه‌ڵناسی مێژوویی ، گه‌یشتین به رۆل و ئیماژێكی نوێ له كاره‌كته‌ری رۆشنبیر .
پێناسه‌ی جۆراوجۆر بۆ رۆشنبیر كراوه، هه‌ر رووناكبیرێك یان زۆر جار هاوڵاتیه‌كی ئاسایی له‌لای خۆیه‌وه وێنایه‌كی تایبه‌تی بۆ رۆشنبیر داناوه، ئه‌مه به‌و ماناییه‌یه كه ئیماژی رۆشنبیر له زه‌ینی هه‌ر ئه‌كته‌رێكی كۆمه‌ڵایه‌تی به جۆرێكه. كاتێك كه باسی رۆشنبیر ده‌كه‌ین گرنگه كۆنسیپتی رۆشنبیر له كه‌سایه‌تی “پێرسۆنال” ی رۆشنبیر جیا بكرێته‌وه، چونكه ئه‌م كۆنسیپته له‌رووی مێژوویی و زمانه‌وانیه‌وه له هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك كات و زاراوه‌ی تایبه‌ت به خۆی هه‌بووه، بۆنموونه مێژوویی ئه‌م كۆنسێپته له زمانی ئینگلیزی‌دا له سه‌ده‌ی هه‌ڤده‌مه‌وه به كارهاتووه ئه‌ویش له وشه‌ی intellect هاتووه, كه به‌مانای فیكری دێت،
ئه‌م كۆنسێپته له زمانی عه‌ره‌بی (المپقف)ی پێ ده‌وترێ، له‌زمانی ئینگلیزیشدا (intellectual)ی پێ ده‌ڵێن و له‌زمانی ڕووسیدا به‌رامبه‌ر وشه‌ی (intelligemty) ،به‌كارهێنانی ئه‌و چه‌مكه له‌ڕووی زمانه‌وانیه‌وه له‌بنه‌ڕه‌تدا له‌وشه‌ی (intellectual)ی لاتینیه‌وه وه‌رگیراوه كه مانای داهێنه‌رو و شاره‌زا و لێهاتوو دێت .
له كۆتایی سه‌ده‌ی نۆزده‌م له وڵاتی فره‌نسا، له‌ساڵی 1894 (دادگایكردنی دریفۆس ) گاریگه‌ری زۆری له‌سه‌ر ده‌ست نیشانكردنی ناوه‌رۆك و رۆلی رۆشنبیر دانا .كه‌واته چه‌مكی رۆشنبیر له سه‌ره‌تادا به‌و شَوهیه پێناسه كرابوو، ئه‌م چه‌مكه به‌و مانایه‌ی كه لایه‌نگیرانی (دریفۆس ) به‌كاریان ده‌هێنا.
له كتێبی فه‌رهه‌نگ و كلتوور ، ل20 ، له‌رووی مێژووییه‌وه ئه‌و كۆنسێپته بۆ سالێ 1920 ده‌گه‌رێته‌وه، كه ووشه‌ی “مونه‌وه‌ریان” بۆ رۆشنبیر به‌كارده‌هێنا ، ئه‌م كۆنسێپته هه‌ر ته‌نیا له‌لایه‌ن كورده‌وه به‌كار نه‌ده‌هات ، بهڵَكو له‌لایه‌ن “عه‌ره‌ب و تورك و فارسیش ” به‌كار ده‌هات ، تا كۆتایی سه‌ده‌ی نۆزده‌م، پاشان له‌گه‌ڵ گه‌شه‌سه‌ندنی و فراوانبوون و كرانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه، كورد به‌دوای تێرمێك ده‌گه‌ران له‌جیاتی مونه‌وه‌ر به‌كاری بهێنی ئه‌ویش زاراوه‌ی (رۆشنبیر یان روناكبیریان) . ئه‌مه كورته‌یه‌ك بوو له‌سه‌ر رۆشنبیر وه‌ك چه‌مك كه له‌هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك میژوو و زاراوه‌كی تایبه‌تی هه‌بووه .
سه‌باره‌ت به رۆشنبیر وه‌ك كه‌سایه‌تیش ئه‌ویش به‌هه‌مان شێوه به گوێره‌ی كات و شوێن واتا پێوه‌ره‌كان له سه‌رده‌مێك یان له كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك بۆ یه‌كێكی دیكه دگۆردرێت. بۆ نموونه رۆشنبیر لای ئه‌نتۆنیوگرامشی دوو كاتیگۆریه له‌وانه رۆشنبیری ئۆرگانی، مه‌به‌ستی ئه‌و كه‌سانه‌یه كه له‌نێو رێكخراو یان رێكخستنه ج سیاسی یان كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان كار ده‌كه‌ن، كاتیگۆری دووه‌میش رۆشنبیری ترادیسیۆناڵه وه‌كو مامۆستا وپیاوانی ئاینی وئه‌ندازیار و بزیشك و دادوه‌ر و پاریزه‌ر….هتد.
هه‌روه‌ها له‌لای ئیدوارد سه‌عید رۆشنبیر دوو جۆره له‌وانه رۆشنبیری “هه‌قیقی و هاوی “ئاره‌زوومه‌ندانه ، سارته‌ر باس له رۆشنبیری Engager واتا مولته‌زم ده‌كات ، میشل فۆكۆ به‌هه‌مان شێوه باس له دووجۆره رۆشنبیر ده‌كات له‌وانه رۆشنبیری تایبه‌ت و گشتی پاشان هه‌ر بۆخۆی دێت ڕه‌خنه ده‌گرێت ده‌ڵی شتێك نه‌ماوه به‌ناوی رۆشنبیری گشتی ئه‌و رۆشنبیره‌ی كه ده‌بێت هه‌موو شت بزانێ. بیربۆردیۆ ئه‌ویش باش له گێلگه‌ی رۆشنبیری ده‌كات .
بۆیه له‌نێوان هه‌موو ئه‌و تێڕوانین و بۆچوونانه‌ی سه‌باره‌ت به رۆشنبیر كۆمه‌لێك پرسیار له‌لامان دروست ده‌بێت. به‌لای ئێمه كاتێك گرامشی پێ وایه ئۆرگانی و ترادیسۆناڵ هه‌موویان رۆشنبیرن به‌ڵام مه‌رج نیه وه‌زیفه‌ی رۆشنبیر بگێرن، پێم وایه هه‌موو ئه‌وانه ئه‌كته‌ری رۆشنبیرین پێش ئه‌وه‌ی رۆشنبیر بن، بۆ نموونه له‌نێو رۆشنبیری ئۆرگانی ئه‌وانه‌ی له‌ناو رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی یان رێكخراوێكی سیاسی كار ده‌كه‌ن، هه‌موویان ئه‌كته‌ری رۆشنبیرین ، دوای له‌نێوان ئه‌وان ئه‌كته‌رێكی داهێنه‌ر و به‌توانا هه‌ڵده‌كه‌وێت ، و ده‌توانێ به‌لانسی نێوان ئیلتیزامی سیاسی و به‌های مرۆیی و ئه‌خلاقی بپارێزیت، ئه‌وكاته ده‌كه‌وێته ناو بازنه‌ی رۆشنبیر ، بۆ رۆشنبیری ترادسیۆنالیش
هه‌روه‌ها پۆلینی ئیدوارد سه‌عید بۆ رۆشنبیر دوو جۆره “هه‌قیقی” و “هاوی” واتا ئاره‌زوومه‌ندانه” ئه‌كته‌ری هاوی رۆشنبیر نیه به‌ڵكو ئه‌كته‌ری رۆشنبیرییه ، ئه‌كته‌ری هاوی له ئیماژی رۆشنبیره‌وه دووره ، ئیدوارد سه‌عید لێره‌دا كه‌وتۆته هه‌ڵه‌وه كه سیفه‌تی رۆشنبیری داوته پاڵ هاوی و كردویه‌تی به رۆشنبیر ، چونكه رۆشنبیر ده‌بێ هه‌قیقی نه‌ك هاوی بێت.
یان رۆشنبیری شۆرشگیر وه‌ك له خوێندنه‌وه‌كانی حسین عودات بۆ رۆشنبیر باس له‌و جۆره رۆشنبیره ده‌كات ، به‌لای ئێمه رۆشنبیری شۆرشگێر ئه‌وه‌نده مه‌یلی به‌لای شۆرشه ئه‌وه‌نده مه‌یلی به‌لای چاكسازی نیه، و پاساو بۆ شۆرش ده‌هێنێته‌وه وه‌ك له‌وه‌ی پاساو بۆ چاكسازی بهێنیته‌وه، چونكه ئه‌وان له‌و بڕوایه‌دان گۆرینی سیسته‌می سیاسی ته‌نیا به هه‌نگاوه‌كانی چاكسازی جی به‌جێ نابێت ، به‌ڵكو به بزووتنه‌وه‌ی چه‌كداری یا به كوده‌تای سه‌ربازی ده‌بێت، هه‌رجه‌نده ئه‌م تێروانینانه له‌لایه‌ن رۆشنبیرانی پاریزخوازی وه‌كو (الكیس دی توكفیل ) له فره‌نسا و (ادموند بیرك) له بریتانیا ره‌خنه‌ی لێ گیرا. جگه له‌وه رۆشنبیرانی شۆرشگیر هه‌وڵی بڵاوكردنه‌وه‌ی ئایدیۆلۆژیا ده‌ده‌ن یان هه‌ڵگری ئایدیۆجی چه‌پ ” یسار” یان نه‌ته‌وین ” قومی” نێگه‌تیڤی شۆرش لێره‌دایه كه توندوتیژی لی ده‌كه‌وێته‌وه، ئه‌گه‌ر چی خاوه‌ن پرۆژه‌ش بێت به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌رئه‌نجامه‌كانی شۆرش روون نیه و زۆرجار شۆرش ئه‌و یۆتۆپیاییه بۆ هاوڵاتیان دروست ناكان و به ئاراسته‌یه‌كی پێچه‌وانه‌ی ئامانجه‌كانی ده‌روات، له شیوه‌یه‌كی ڕێژیی.
ئه‌و رۆشنبیرانه‌ی كه پێان ده‌وترێت ” شۆرشگیر یان مولته‌زم ” له روانگه‌ی ئێمه‌وه ئه‌و جۆره رۆشنبیرانه له یه‌كدیه‌وه نزیكن به‌لام پرسیار لێرده‌ایه ئایه ئه‌وانه فیگوری رۆشنبیرن یان نا ؟ له روانگه‌ی هه‌ندێ ئه‌وان رۆشنبیرن ، به‌ڵام له روانگه‌ی كۆمه‌لێكی تر پێچه‌وانه ئه‌وانه فیگوری رۆشنبیر نین ، چونكه مه‌رج نیه ئیلتیزامی ئه‌وان له‌روانگه‌ی ئه‌وانی دیكه ڕاست بێت ، به‌ڵكو له روانگه‌ی ته‌نیا توێژێكی دیاریكراو پۆزه‌تیڤه ، بۆ نموونه ( ئه‌و رۆشنبیرانه‌ی له‌شه‌ری ناوخۆی 1994 ی نێوان یه‌كیتی نیشتمانی كوردستان و و پارتی دیموكراتی كوردستان به‌شدار بوون و هه‌وڵویستیان دژ به یه‌كتر وه‌رگرتبوو ) ، هه‌روه‌ها رۆشنبیرانی شۆرشگیر ئه‌م جۆره له رۆشنبیران زۆر جار ده‌كه‌ونه ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی بابه‌تیبوون، چونكه به‌ره‌و نه‌ته‌وه‌په‌رستی تا ئاستی “ڕاسیست” یان په‌یره‌وكردنی ئایدیۆلۆژیایه‌كی توندڕه‌و و ڕه‌تكردنه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر هه‌نگاو ده‌نێن ، بۆیه فیگوری رۆشنبیری له‌م بازنه‌دا جێگیر نیه.
به‌هه‌مانشێوه ، سارتر كاتێك باس له رۆشنبیری ئه‌نگاژی واتا مولته‌زم ده‌كات ، لێره‌دا پرسیار له‌سه‌ر ئیلتیزامبوون ده‌بێت كه زۆر ڕه‌هه‌ندی هه‌یه ، ” سیاسی ” یان ” كۆمه‌ڵایه‌تی و مرۆیی ” زۆربه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه پێیان ده‌گوترا رۆشنبیر، كاتێك كه ڕژێمی به‌عس كیمیاباران و ئه‌نفالی كوردی كرد ، زۆرێك له رۆشنبیرانی عه‌ره‌ب بێ ده‌نگ بوون له‌و تاوانانه‌ی كه ڕژێمی به‌عس به‌رامبه‌ر به گه‌لی كورد ئه‌نجامی دا، له‌و دۆخه‌دا رۆشنبیرێكی عیراقی به‌ناوی “هادی عه‌له‌وی” هه‌ڵویستی هه‌بوو و ره‌خنه‌ی له تاوانه‌كانی رژێمی به‌عس به‌رامبه‌ر به كورد گرت، “هادی عه‌له‌وی” توانی ئیلتیزامی سیاسی نه‌ته‌وه‌ی و ئیلتیزامی ئه‌خلاقی مرۆیی و كۆمه‌ڵایه‌تی بپارێرێزێت ، له‌و بازنه‌یه وه‌كو رۆشنبیر بمێنێته‌وه.
ئه‌و رۆشنبیرانه‌ی كه به‌رده‌وام دژی ده‌سه‌ڵاتن له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی پاساو ده‌هێنه‌وه (تبریری) هاشمی غه‌زلانی له كتێبی رۆشنبیر و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ، باسی ئه‌م جۆره رۆشنبیره ده‌كات، ئه‌م دوو كاتیگۆرییه له چوارچێوه‌ی یه‌ك بازنه‌دا كۆمانكردۆته‌وه به‌لای ئێمه‌وه فیگوری ئه‌م جۆره رۆشنبیرانه له یه‌كدیه‌وه نزیكن ، چونكه گووتاری دژی ده‌سه‌ڵات یان له‌گه‌ڵی، له هه‌ردوو حاڵه‌تدا پاساو بۆ بۆچوون و قسه‌كانی ده‌هێنێته‌وه، ئه‌مه‌ش له بازنه‌ی بابه‌تی و لۆژیك دوور ده‌كه‌وێته‌وه .
هه‌روه‌ها رۆشنبیری ریفۆرمخواز ئه‌مه‌شیان جۆرێكه له جۆره‌كانی رۆشنبیر، ئه‌و له‌گه‌ڵ ریفۆرمكردنه له سیسته‌می سیاسی و دامه‌زراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه، دكتۆر عزمی بشاره له كتێبی “عن المپقف و الپوره ” (رۆشنبیر و شۆرش) ده‌ڵی ” به ئاسانی ده‌توانین رۆشنبیر ریفۆرمخواز جیا بكه‌ینه‌وه ، چونكه ئه‌و ده‌خوازێت به فۆرمێكی زانستیانه‌تر كاریگه‌ری له‌سه‌ر گۆرانكارییه‌كان هه‌بێت ، دوور له توندڕه‌وی ، هه‌وڵی دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و په‌یوه‌ندنی و لێكتێگه‌یشتنانه كه له نێوان رۆشنبیر و ده‌سه‌ڵات دایه له پێناو چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان ده‌دات.
بۆمان به دیار ده‌كه‌وێت كه خاڵی جیاوازی نێوان رۆشنبیرانی شۆرشگیر و رۆشنبیرانی ریفۆرمخواز ، شۆرشگێر له‌گه‌ل گۆرینی سیسته‌می سیاسی و ده‌سه‌ڵاته به شێوه‌یه‌كی ریشه‌یی و رووخانی و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی، به‌لام ریفۆرمخواز له‌گه‌ل رووخان و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه نیه به‌ڵكو له‌گه‌ل گۆرین و ریفۆرمكردنه به قۆناغ ، جگه له‌وه رۆشنبیری ریفۆرمخواز له‌رووی هه‌ڵویستی كاركردن ده‌كه‌وێته به‌رده‌م دوو هه‌ڵبژارده له كاتیگوری رۆشنبیران له‌وانه ” شۆرشگیر و پارێزخواز ” له‌وه‌ی ئایه له كام له‌و دوو كاتیگۆرییه‌وه نزیكه له‌رووی میتۆده‌وه، پێمان وایه رۆشنبیرانی ریفرۆمخواز له رۆشنبیرانی پاریزخواز نزیكه . هه‌روه‌ها رۆشنبیری ریفۆرمخواز له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خاوه‌ن پرۆژه‌یه بۆ باشتركردنی دۆخه به‌لای ئیمه‌وه فۆرمیكی پۆزهتیڤیی هه‌یه ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دووره له توند‌و تیژی و به‌ری لادان.
رۆشنبیرانی پارێزخواز، ئه‌م جۆره كاتیگۆریه له رۆشنبیران له‌گه‌ڵ پاریزگاركردنن له به‌هاو نۆرم و داب و رێساكانی كۆمه‌ڵن، ئه‌و رۆشنبیرانن كه پاشكۆی بیركردنه‌وه و رۆشنبیرییان زیاتر ئاینیه ، ئیسلام یان مسیحی یان جوو یان هه‌ر ئاینیكی تر بێت ، به‌لای ئێمه‌وه ئه‌وانه فیگور و ئیماژی رۆشنبیری هه‌قیقی له كۆمه‌ڵ نین به‌ڵكو ئه‌وان زیاتر ئه‌كته‌ری رۆشنبیری ئاینین، چونكه یه‌كێك له نیشانه‌كانی رۆشنبیر قبوڵكردن و گفتوگۆكردنه له‌گه‌ڵ به‌رامبه‌ر، كه‌سایه‌تی تێوكراس زۆر به زه‌حمه ده‌توانی له بازنه‌ی تێكسته ئاینیه‌كان ده‌ربچێ به تایبه‌تی ئاینی ئیسلام ،كه‌سایه‌تی تێوكراس جیاوازه له كه‌سایه‌تی دیموكراس، یه‌كێك له پێوه‌ر گشتیه‌كانی رۆشنبیر هه‌ڵگری فۆرمێكی دیموكراس بێ.
له ئایندا نه ئازادی نه دیموكراسی هه‌یه ، به‌ڵكو وابه‌سته‌یه به ئه‌حكام و شه‌رع و تیكسته ئاینیه‌كان. ئه‌م جۆره به‌لای ئێمه‌وه نیگه‌تیڤه ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خاوه‌ن هیج پرۆژه‌یه‌ك نیه، به‌ڵكو كار بۆ مانه‌وه‌و پارێزگاریكردنه له نۆرم و به‌هاو نه‌ریته‌كان جا ج ئاینی یان كۆمه‌لایه‌تی بێت ده‌كات، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌كته‌رێكی رۆشنبیری ئاینی توانی به‌لانسی نێوان ئاینه‌كان به‌گشتی و پێوه‌ره مرۆیی و ئازادی مرۆڤ بپارێزێت و ریفۆرمخواز بێت، له‌و حاڵه‌ته ده‌كه‌وێته ناو بازنه‌ی رۆشنبیر .
رۆشنبیری ڕه‌خنه‌گر، ره‌خنه‌یی ئه‌وان له شۆرش نیه به‌ڵكو له گۆرینی سیسته‌مه به‌ره‌و سیسته‌مێكی باشتر كه خۆشگوزارنی و دادپه‌روه‌ری زیاتر بۆ هاوڵاتیان فه‌راهه‌م بكرێت ، پێان وایه زۆرجار شۆرش له ئامانجه‌كانی دوور ده‌كه‌وێته‌وه، گومانی ئه‌وان له په‌رۆشی رۆشنبیری شۆرشگێر نیه بۆ شۆرش ، به‌ڵكو ئه‌وان گومانیان له هه‌وڵویسته ئه‌خلاقیه‌كان هه‌یه، له‌وه‌ی رۆشنبیری شۆرشگیر ئه‌وه‌نده شۆرشی پێ پیرۆزه ئه‌وه‌نده بیر له ده‌رئه‌نجامه نێگه‌تیڤه‌كانی شۆرش وه‌ك تێكدان و وێرانی كۆمه‌ڵگه ناكاته‌وه، له‌كاتی شۆرش كه چه‌ندان كێشه‌و لانی كۆمه‌ڵایه‌تی و دزی و فه‌وزا و ئاژاوه و تاوان سه‌رهه‌ڵده‌دات .
چونكه رۆشنبیری ڕه‌خنه‌یی هه‌ست به مه‌ترسیه‌كان ده‌كات .
رۆشنبیری ره‌خنه‌گریش خاوه‌ن هیج پرۆژه‌یه‌ك نیه ئه‌و ته‌نیا ره‌خنه ده‌گرێت بۆیه ئه‌م جۆره له كاتیكۆرییه به‌لای ئێمه‌وه نیگه‌تیڤه چونكه هه‌نگاوه‌كانی گۆران و به‌ره‌وپیشتردن وباشتركردنی كۆمه‌ڵگه ته‌نیا به ره‌خنه‌گرتن جێ به‌جێ نابێت. بۆیه ئه‌وان له‌و حاڵه‌تانه‌دا له دۆخی ئه‌كته‌ری رۆشنبیری ڕه‌خنه‌ی ده‌مێنێته‌وه ، له كاتێكدا ده‌گوازرێته‌وه بۆ بازنه‌ی رۆشنبیر ئه‌گه‌ر هاتوو خاوه‌ن پرۆژه ی گۆرانكاری به‌ره‌و دۆخێكی باشتر بێت .
بازنه‌ی رۆشنبیرانی ” هه‌قیقی و گفتوگۆكار و پرۆفیسۆنال یان تایبه‌تمه‌ند و داهێنه‌ر” به‌لای ئێمه‌وه ئه‌وانه چوارچێوه‌ی فیگور و ئیماژی نوێ رۆشنبیر و رۆلی رۆشنبیر له كۆمه‌ڵگه ده‌نوێنی، چونكه بێگومان رۆشنبیر ده‌بێت له‌سه‌ر ته‌واو پرسه‌كانی كۆمه‌ڵگه هه‌قیقه‌ت بڵی و ته‌نیا داكۆكیكاری ئایدیۆلۆژیایی سیاسی و ئاین و نه‌ته‌وه‌یه‌كی دیاریكراو نهبیتَ، و پێویسته بابه‌تیی بێت و له هه‌مانكاتدا داهێنه‌ر بێت داهێنانه‌كه‌ی له خزمه‌تی مرڤایه‌تی بێت، بۆیه به‌لای ئێمه‌وه ئه‌م بازنه‌یه فیگوری كه‌سایه‌تی رۆشنبیر و رۆلی رۆشنبیر زیاتر روونتر ده‌كاته‌وه .
له‌هه‌موو ئه‌م كاتیگۆرییانه، ده‌گه‌ینه پێناسه‌یه‌كی نوێ بۆ رۆشنبیر له كۆنێكستوالیزاسیۆنی فه‌لسه‌فه‌ی كۆمه‌ڵناسی مێژوویی ، كه‌كۆكراوه‌ی تیرمینۆلۆژی نێوان (ئه‌نتۆنیوگرامشی و بیربۆردیۆ و ئالان تۆرین )ه، چونكه رۆشنبیر ته‌نیا پرسێكی ئه‌ده‌بی یان فه‌لسه‌فی نیه به‌ڵكۆ كۆمه‌ڵناسیشه، چوونه ناو بازنه‌ی رۆشنبیر له‌م پێناسه نویِ یه ده‌رده‌كه‌وێت.
(هه‌موو ئه‌كته‌رێكی كۆمه‌ڵایه‌تی ناو كایه‌كانی كۆمه‌ڵگه ، توێژێكی گرنگن له گێڵگه‌ی رۆشنبیری‌دا به‌ڵام ئه‌وه به‌و مانایه نیه كه هه‌موویان وه‌زیفه‌ی رۆشنبیر بگێرن ، ئه‌و كاته‌ی ئه‌كته‌رێك له ناو كایه‌كانی كۆمه‌ڵگه بتوانی داهێنانێك دروست بكات له رووی سیاسی یان كۆمه‌ڵایه‌تی یا فه‌رهه‌نگی یا ئابووری و ئه‌و داهێنانه بتوانێ گۆرانێك دروست ، ئه‌و كاته ده‌كه‌وێته ناو بازنه‌ی رۆشنبیر).
به‌لای ئێمه‌وه ئه‌و كاته كه هونه‌رمه‌ندێك یا نوسه‌رێك یا دكتۆرێك یا ئه‌ندازیارێك …..هتد له رێگای كاره‌كه‌ی بتوانێ كاریگه‌رێكی به هێز دروست بكات له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه جا چ له رووی سیاسی یان كۆمه‌ڵایه‌تی یان ئابووری یان فه‌رهه‌نگی بێت و ببێته سه‌رچاوه‌ی گۆرانكارییه‌ك له یه‌كێك له‌و بوارانه واتا بتوانێت داهێنانێك دروست بكات ئه‌وا ئه‌وكاته ئه‌و هونه‌رمه‌نده یا نوسه‌ر یا ئه‌ندازیاره ده‌كه‌وێته ناو بازنه‌ی رۆشنبیر.