Skip to Content

ناسیونالیزمی کورد و جێگەوڕێگەی ئیسلامی سیاسی.. نادر عەبدولحەمید

ناسیونالیزمی کورد و جێگەوڕێگەی ئیسلامی سیاسی.. نادر عەبدولحەمید

Closed
by ئه‌یلول 28, 2022 General, Opinion


ئیسلامی سیاسی بەرەیەکی کۆنەپەرستی ڕێکخراوی سیاسییە لە کوردستانی عێڕاقدا، بەربەستی بەردەم پێشکەوتووخوازیە لە کۆمەڵگەدا، ئەویش لە هاوپەیمانەتیاندا لەگەڵ ڕەوتی کۆمەڵایەتی سیاسی ناسیونالیزم بە هەردوو باڵی دەسەڵاتدار و ئۆپۆزیسیۆنیەوە.
حزب و ڕێکخراوە ئیسلامیـیەکان لە پەراوێزی کۆنەپەرستیـیەت و ئیستیبدادی ناسیونالیزمی کورددا درێژە بەژیانی خۆیان دەدەن و تەواوکەرینی، ئەوەی کە ناسیونالیزم ڕاستەوخۆ بۆی نالوێت دایسەپێنێت بەسەر کۆمەڵگەدا، بوار دەڕەخسێنێت تا لە ڕێگەی ئیسلامی سیاسیـیەوە داسەپێت.
بەدرێژایی دوو دەیەی ڕابردوو ئیسلامی سیاسی لە زوربەی کابینە یەک لەدوای یەکەکانی (حکومەتی هەرێم)دا تەواوکەری ناسیونالیزمی دەسەڵاتدار و جارجارەش لەگەڵ حزبە قەومیـیە ئۆپۆزیسیۆنەکاندا تەواوکەری ئۆپۆزیسیۆنی قەومی نیولیبرالی بووە.
ئیسلامی سیاسی گەرچی هێزێکی واقعی ڕێکخراوی کۆنەپەرست و مەترسیدارە، بەڵام دوورە لەوەی بورژوازی کورد و کۆمەڵگەی کوردستان نەک هەر ئەو چانسەی پێبدا ببێتە ڕەوتێکی دەسەڵاتدار و فەرمانڕەوا، بەڵکو هەتا ئەو چانسەشی پێنادات ببێتە ئۆپۆزیسیۆنی سەرەکی و پلە یەک، وەک لە شەپۆلی ڕاپەڕینەکانی دەیەی ڕابردوودا دەبینرا لە چەند وڵاتێکی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقادا، هەربۆیە ئۆپۆزیسیۆن بوونی ئیسلامی سیاسی لە کوردستانی عێڕاقدا هەمیشە پاشکۆ و تەواکەری ئۆپۆزیسیۆنی ناسیونالیزمی کورد بووە.
ئەوەی کە لە ئێستادا ئیسلامی سیاسی توانای کێشکردنی گەنجان و لاوانی هەیە بۆ کونجی مزگەوتەکان، وە توانی سازدانی نمایشی باڵاپۆشکردن و لچک دابەشکردنی هەیە بەسەر کچاندا، هۆکارەکەی بە پلەی یەکەم دەگەڕێتەوە بۆ ئەو بارودۆخە فکری و سیاسییە ڕەشبینییەی کە لەم ساڵانەی دواییادا هاتۆتەئاراوە، ئەویش دوای ئەوەی ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکانی کرێکاران و کارمەندانی کەرتە جۆراوجۆرەکانی وەک پەروەردە و خوێندن و تەندروستی و ژینگەپارێزی و لاوانی کچ و کوڕی بێکار و ئامادە بۆ کارکردن دوای تەواوکردنی خوێندگاکان، لە شکڵی مانگرتن و خۆپێشاندانە پیشەییەکانیاندا نەیتوانی فشارێکی کاریگەر بخەنەسەر حکومەت و دەسەڵاتی هەرێمەکە و ناچاریان بکات بە وەڵامدانەوەی خواستەکانیان، بۆیە ئەو ناڕەزایەتییانە لە ڕووی چۆنایەتی و چەندایەتییەوە بەرەو هەڵکشان چوون، جەماوەر هاتنەمەیدان بە شەپۆلی خۆپێشاندانی گەورە و سەراسەری شۆڕشگێڕانەوە کە هەڵپێچانی دەسەڵاتی هەرێمەکەی کردبووە ئامانج، بەڵام دەسەڵات شەڵاڵی خوێنی کردن جگە لە گرتنی هەڵسوڕاوان و ڕاوەدوونانیان.
بەم پێیە ئاشکرابوو کە جەماوەری زەحمەتکێش و ئازادیخواز بەم هاوسەنگی هێزەی ئێستاوە دەرەقەتی ئەم دەسەڵاتە نایەت، ئەمەش شەپۆلێک لە کۆچ و ڕەوی بەکۆمەڵی بەدوای خۆیدا هێنا ڕووەو دەرەوەی وڵات و ئەو کەشوهەوا فکری و سیاسییە ڕەشبینیەیەشی هێنایەئاراوە کە ڕەوتە ئیسلامییەکان بتوانن گەنجان و لاوانی کوڕ و کچ کێشی کونجی مزگەوتەکان بکەن و شانۆسازی بۆ باڵاپۆشکردن و لچک کردنەسەری کچان ئەنجام بدەن.
هەربۆیە هەوڵدان بۆ هەڵساندنەوە و وەڕێخستنی بزوتنەوەی جەماوەری زەحمەتکێش و ڕێکخراوکردن و ڕابەرایەتی کردنیان بە ئاسۆیەکی سۆشیالیستی شۆڕشگێرانەی ئینتەرناسیونالیستییەوە کە پاشەکشە بە باڵادەستی فکری و سیاسی ناسیونالیزمی کورد و حکومەت و دەسەڵاتەکەی بکات لەم هەرێمەی کوردستانی عێڕاقدا، بەهێزترین گورزێک دەبێت کە دەسرەوێندرێتە ئیسلامی سیاسی.
ئەم لێکدانەوەیە بە کەمگرتنی بایەخ و گرینگی خەباتی فکری و ڕۆشنگەری سێکیولارەکانی کوردستان نییە، بەڵکو خستنەناو چوارچێوەی واقعی خۆیەتی ئەگەر بڕیار بێت سێکیولاریزم لەم سەردەمەی ئەمڕۆدا ڕۆڵێک ببینێت لە بەرژەوەندی جەماوەری ئازادیخواز و کرێکاران و زەحمەتکێشان.
تێبینی: ئەمە بەشێکە لە وتاری (جەنگی ئەسڵی لە کوردستاندا، جەنگی نێوان ناسیونالیزم و سۆشیالیزمە). بۆ خوێندنەوەی تەواوی ئەم وتارە دەتوانن کلیک لەسەر ئەم لینکەی خوارەوە بکەن:
https://www.albadeel-alsheoi.org/ar/?p=5849

Previous
Next
Kurdish