
کەی جەژنە، سبەی یان دووسبەی؟!.. سیروان بابەعەلی
جەژنەکان جوانن و ماکی ژیاندۆستیین؛ زۆربەی زۆری جەژنە ئایینییەکانیش، لایەنە مرۆڤانەکانی ئایین نیشان دەدەن کە بریتین لە خۆشەویستیی و میهرەبانیی و لێبوردەیی. هەر لەبەرئەوەیە جەژنەکان، تێکەڵ بە کولتوورەکان بوون و لەوە زیاترن کە تەنها بۆنەی ئایینیی بن. هەندێك لە جەژنەکانیش، وەك نەورۆز، کولتووریین، زۆر لەپێش سەرهەڵدانی ئایینییشدا هەبوون و پاشان ئایینەکان لەبەر پاکیی و بەرزی پەیامەکەیان پاراستوویانن و پەرەیان پێداون.
لای خۆمان هەموو ساڵێك، ڕۆژێك یان دوورۆژ پێش جەژن، کۆمەڵگە تووشی هەنگامە و سەرلێشێوان و فڕانفڕان دەبێت، چونکە نازانرێت سبەی یان دووسبەی جەژنە؛ ئەو دیاردەیە تەنانەت لە وڵاتانی ڕۆژئاوایشدا، کە موسوڵمانان کەمیینەن، شەرمهێنەرە.
بۆ نموونە، ئۆروپییەکان زۆر ڕێزی کولتوورەکان و بۆنەکانیان، بە تایبەتیی هی موسوڵمانان، دەگرن. لە وڵاتی بریتانیادا، ڕێگە بە هەمووکەس دەدەن، ڕۆژی جەژنان (ڕەمەزان و قوربان) پشوو وەربگرن و ئاهەنگ بگێڕن (مووچە و کرێ لە فەرمانبەر و کرێکار نابڕن)؛ بەڵام بۆ دیاریکردنی ڕۆژەکە، ساڵ نییە تووشی گرفت و قاقۆس نەبن و خوێندنگە و کۆمپانیا و کارگەکان پلانیان لێ تێك نەچێت… ئەو دیاردەیە لە لای خۆمان، بەهۆی شێوانشێویی تێکڕای لایەنەکانی ژیانەوە، کاریگەریی کەمترە و خەڵك لە سەری ڕاهاتوون، بەڵام گەر هاتوو، لە پاشەڕۆژێکی بەزاکووندا، بوارەکانی ژیان پەیت بوون و ڕێکخستن و بەرنامەگەلی تەندروست جێکەوتن، خەڵك تووشی کێشەی گەورە دەبن.
من هیچ شارەزای ئەستێرەناسیی نیم؛ بەڵام نێوەندەکانی ئەستێرەناسیی و پسپۆڕەکانی گەردوونناسیی لە جیهاندا هێندە زۆرن کە بە ئاسانیی بتوانین سەبارەت بە بینیینی مانگ زانیاریی دروست وەدەست بهێنین. ئەوە زانستێکە لەمێژوودا ڕەگاژۆیە و بەردەوام گەشەی کردووە. لە مێژوویەکی دووری بەر لە ئیسلامدا، واڵاکاریی لەو بوارەدا کراوە؛ لە میزۆپۆتامیا، بابلییەکان و کلدانییەکان خشتەیان بۆ بینیینی هەسارەکانی کەیوان و بەیان و ناهید و هەروەها بۆ مانگیلە (مانگی یەک شەوە/ هیلال)، هتد، هەبووە. دەوڵەتی مێد ڕووانگەی ئەستێرەناسیی دامەزراندووە.
ئەمڕۆ تەنانەت چەند نێوەندێکی زانستیی ئیسلامیی جیهانیی هەن کە پشت بە نوێتریین تەکنۆلۆژیا دەبەستن. ئەوانە، زۆر پێش لە وادەی خۆی، دەتوانن کاتی دەرکەوتنی مانگ دیاریی بکەن. یەك لەو نێوەندە جیهانییانە، نێوەندی گەردوونیی نێودەوڵەتیی (مركز الفلك الدولي)یە کە لە شاری ئەبوزەبییە؛ یەکی تریان، ئەنجومەنی ئۆروپیی ڕادان و لێکۆڵینەوە (المجلس الأوروبي للإفتاء والبحوث)ە کە لە شاری دبلنە و زانایان و گەردوونناسانی ئیسلامیی سەر بە زیاتر لە حەفتا وڵات تێیدا بەشدارن.
ئەوەی سەرسوڕهێنەرە، زۆربەی ئیسلامییە تاوگیر و بنچیینەگرەکان بایەخ بە دوو تێڕوانیین دەدەن کە وایان لێدەکات پشت لە زانست بکەن و ئەو مژارە بە بڤە و نەتەکن وەربگرن:
یەکەم: چونکە بەپێی پەیامی پەیامبەری ئیسلام، دەبێت مانگ بە چاو ببینرێت.
دووەم: چونکە لە هیچ سەرچاوەیەکی ئیسلامییدا باس نەکراوە کە پشت بە ئەستێرەناسیی ببەسترێت.
هەردوو پاساوەکە زۆر نائاوەزمەندانە و سەیرن!
_ ئایا گەر ئەمڕۆ پەیامبەری هەر ئایینێك بمایە، ناچار نەدەبوو، ئوتومبێل، مۆبایل، ئینتەرنێت، یان هەر پێویستیی و ئاسانکارییەکی تری بواری تەکنۆلۆژیا و زانست بۆ بەڕێوەبردنی ژیانی ڕۆژانەی خۆی و کۆمەڵگەکەی بەکار بهێنێت؟! پەیامبەری ئیسلام، ئەوێ ڕۆژێ، ئەنگار و تێگە و پێودانکی ئەستێرەناسیی گەشەکردووی ئەو سەردەمەی بەکار هێناوەتەوە و گەر لە ئەمڕۆدا ژیابا، دۆخبەند دەهزرا و هی ئەمڕۆی بەکار دەهێنا.
جگە لەوە:
_ لە کاتێكدا ئیسلامییەکان، تەنانەت پاژ و پەیامە ناکۆکەکانی مەککەیی و مەدینەیی نێو قورئان لەیەکتر جیادەکەنەوە و دەیانبەستنەوە بە بارودۆخەوە، کەچیی پێشکەوتنە زانستییەکانی ئەم چاخە، کە زۆر جیاوازە لەوانەی هەزاروچوارسەد ساڵ لەمەوبەر، ئەفەرۆز دەکەن!
_ کاتێك زانست هەر شتێکی نوێ دەدۆزێتەوە، ئیسلامییەکان لە قورئاندا لێکدانەوە و چوواندنی واتایی بۆ دەدۆزنەوە و جێگەی دەکەنەوە، کەچیی هێشتا لەسەر دیاردەی بینیینی مانگ بەچاوی مرۆڤ هەڵەتاو و قیرسیچمەن (کە لە هیچ جێگەیەکی قورئانیشدا فەرمانی ئەو بینیینە نەدراوە و تەنها دوێردی پەیامبەرە!).
بەڵام با بزانین، دیاردەی بینیینی مانگ بە چاوی مرۆڤ لە ڕووی زانستییەوە چەند ڕاستە:
_ دیاردەی هەیڤی مانگیی (الشهر القمري/ لونا مۆنز) لە دێرزەمانەوە لە ڕۆژژمێردا پشتی پێ بەستراوە؛ یەکەمجار، لە هەزارەی سێیەمی پێش زاییندا، لە میزۆپۆتامیا و پاشان گریك ڕەچاو کراوە و ئیسلامیش لە شارستانییەتەکانی پێش خۆی وەرگرتووە.
_ مانگیلە (مانگی یەك شەوە/هیلال) ماوەی ٢٩ یان ٣٠ ڕۆژی دەوێت بۆ ئەوەی سووڕی پڕبوونەوەی خۆی تەواو بکات. هەربۆیە ئەو مانگە هەمیشە ٣٠ رۆژ نییە.
_ دیاردەکە ئەو کاتە دەست پێدەکات کە خۆر و زەوی و مانگ لەسەر یەک هێڵی ڕێك ڕیز دەبن و پرشەی مانگ دادەپۆشرێت… یەکەم ڕۆژ، مانگیلە (هیلال) دەردەکەوێت. پاشان مانگ بە سووڕی پڕبوونەوەی ڕوناکییەکەیدا دەڕوات، تا پاش ٢٩ یان ٣٠ ڕۆژ پێدەگات و بۆ ڕۆژی دوای ئەو، مانگیلەیەکی نوێ دەست پێدەکاتەوە. بەو شێوازە، هەیڤی مانگیی دەگوزەرێت.
_ لە زانستدا، گومانی تێدا نییە کە ئەو دیاردەیە پەیوەندیی بە هیچ جێگەیەکی گۆی زەوییەوە نییە و سەبارەت بە هەموو ناوچە جوگرافییەکان هەمیشە لە یەك کاتدا ڕوو دەدات.
_ زانست دەتوانێت، زۆر زوو کاتی دەرکەوتنی مانگیلە و مانگی چواردە دیاریی بکات، هەروەك چۆن کاتی چەند جەژنێکی کولتوورەکانی تر، کە هەمیشە کاتەکانیان دەگۆڕێت، دیاریی کراون.
بۆ نموونە، جەژنی هەستانەوەی مەسیح (ئیستەر/قیامە)، هەموو ساڵێك لە یەکەم یەکشەممی دوای مانگێکی پڕ (مانگی چواردە)ی پاش ٢١ی مارت ڕوودەدات؛ دەبینین کە ئەوەی ئەوانیش بەگرێوگۆڵە، لێ هەمیشە بە زانست دەزانن کە ساڵانێکی تریش لە کامەڕۆژدا ڕوودەدات.
بینیینی مانگ بە چاو هەمیشە پێکاو نییە. لە هەندێك جێگە، بەهۆی بارودۆخی جیاجیاوە، هەر ئەستەمە مانگ ببینرێت… نەخاسمە خۆڵبارین بێت، ئاسمان ساماڵ نەبێت، یان کەشوهەوا بەتەم بێت، مانگ بە سانایی نابینرێت.
هەروەها، ئێمە دەزانین، بەهۆی جیاوازیی ژمارەی ڕۆژەکانی ساڵی زایینیی و کۆچییەوە، هەموو ساڵێك مانگی ڕەمەزان ١٠ یان ١١ ڕۆژ پێش دەکەوێت؛ ئەوە وادەکات، جەژن نێزیکەی دەیەیەکی تر بکەوێتە نێو وەرزی زستان. ئەوکاتە بینینی مانگ، بە چاوی مرۆڤ، لەوانەیە هەر مەحاڵ بێت.
ڕاست وایە، ئیدی کۆتایی بەو هەتڵەکارییە بهێنرێت، دیاردەکە دۆخبەند بکرێت و پەنا بۆ زانست ببرێت، نەخاسمە بۆ کۆتاییهاتنی ئەو دژایەتییە ئاوەریی و ڕامیارییەی ڕابەرانی شییعە و سوننە و ئەو دەوڵەتانەی خۆیان بە ڕابەری موسوڵمانان دەزانن، کە هەنجاریان نییە و هەموو ساڵێك بەسەر چەند بەرەیەکی جیاوازدا دابەش دەبن و گەمە بە هەستوسۆزی موسوڵمانان دەکەن؛ ئەوانە هەر لایەکیان شەیدای ئاوەر و هەڵیتەیەکە و ئەوەی بۆ گرینگە بڕیارەکە لای خۆی بێت!
سیروان بابەعەلی
سەرچاوە:
المجلس الأوروبي للإفتاء والبحوث. (2020). تقويم أم القرى بين النظرية والتطبيق. دبلن: منشورات المجلس.
مركز الفلك الدولي. (2022). حساب الأهلة بين الرؤية والحساب. أبوظبي: المركز الدولي.
الزحيلي، وهبة. (2001). الفقه الإسلامي وأدلته. دمشق: دار الفكر.
Moonsighting.com. (2023). The Science of Moon Sighting. Available at: https://www.moonsighting.com (Accessed: 30 March 2025).
The Islamic Council of Europe. (2021). Unified Hijri Calendar: A Scientific Approach. Dublin: ICE Publications.
Wael Hallaq (2009). Shari’a: Theory, Practice, Transformations. Cambridge University Press.
Kunitzsch, P. (2004). Der Mond in der Astronomie des Mittelalters. Wiesbaden: Harrassowitz Verlag.