زێدە بیابان.. شیعری عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا
بە دەربڕینەکانی هونەرمەندی شێوەکار (قەرەنی جەمیل) پێشکێشە
(١)
ئازادی لە نەخشەی بیابان دەتکێ
باران لە هاواری سەراب دەبێ بە ریشۆڵە
ریشۆڵەكان دەنووک لە تیشکى رووناکى دەگرن
لە ئاودا تیشکی رووناکی دووبارە هەڵدێ
ئەوەتا لێرەم وەک رووکاری رەشبردنەوە.
(٢)
جوانی رەفتاری بیابان هێشوو و هێشوو دەکا
رابردوو خۆڵەمێشییە
ئەوەتا لێرە دادەنیشم لەنێو ئێوە
ئاخۆ هەست بە گومانەکان دەپێون
ئاخۆ لە شکانی سەراب دەگەن
بزەی ئاو دەناسنەوە
ئاخۆ جیاوازی، وێناکردنی ناجیاوازییە، یان هاونشینی؟
(٣)
بە قاچی هیچ ناپەڕینەوە
ئاو دووبارە سەراب هەڵدەدا
مرۆڤ هێشوو و هێشوو لە بیابان دەکەوێ
با دێتەخوارێ
بۆ ژیان شامانایەک هەبوو
بۆ سەراب پێوانیەک نییە.
(٤)
بە قاچی هیچ ناپەڕینەوە
باران پێڵاوەکانی بیابان پڕ خۆڵ دەکا
با لە پرچی سەراب دەڕژێ
بە پێ خاوسی
بەبێ زیندووکردنەوەی شامانایەک
ناپەڕینەوە
لە پەنا رەنگی خۆڵەمێشی
لێرە دووبارە وەک روواڵەت لە ئێوە دەکەوم
مردن جێنشینی بینینە.
(٥)
بە قاچی هیچ ناپەڕینەوە
مرۆڤایەتی چەشنی نەخشەی بیابان
هێشووی هەتاو
نواندنەوە، زێدە مانا،
سەراب
بە ئاوەوە دەخورێتەوە.
(٦)
چیتر دابەزین نییە
بیابان لەبەر دەرگاتانە
رەنگی خاک جگە لەخۆی هیچ ناگەیەنێ
بە پێڵاوی پڕ لە خۆڵ
دووبارە وەک رووکەش لە ئێوە دەچم.
(٧)
ژیان شاراوەیەکی زێدە دیارە
رەنگ شاراوەیەکى زێدە گەرم
بە نمایشە شێواوەکانی
روو لە ئارەزوو دێتەخوارێ
بوونی مرۆڤ زڕوێنەیە
بە ئاسمانەوە کۆتایی بە حەقیقەت دێنێ.
(٨)
من نامەوێ ئاسمان لە خاک بچێ
زەوى لە ئاسمان بێتەوە
بەربوونەوەی ئەسڵ، شتێ لە شتێ ناکا
گەر دەرگا بکەنەوە
ئایکۆنەکان دەگەڕێنەوە
گەمەی نا- نواندنەوەیە.
(٩)
دنیا سەراب بێ یان وەهم
خاڵی گەشانەوەی هونەر وێناکردنی فریودانه
وێناکردنى زڕوێنە
خڕبوونەوەی ناتەبایی چێژە لێرە و لەوێ
من دەزانم
لە زێدە حەقیقەت دەبنەوە
تۆ دەزانی
شتێ لە پشت لەبەرگرتنەوە، بوونی نییە.
(١٠)
مردووەکان زیندووەکانیان گۆڕیووە بۆ ئاوەدانی
زیندووەکان مردووەکانیان گۆڕیووە بۆ زمان
ژیان گێڕانەوەی مرۆڤە بۆ دۆخی بێ شوناسی
ئەوەتا لێرە لەنێو ئێوە هەڵدەستمەوە
گەر دەرگا بکەنەوە
جەستەی بێ ئەندام دەبێ بە گۆڕ
لە پێگەی رەشبردنەوە و دابڕان
مردوو زیندووەکان دەردەکەون.
٢٠٢٤/٩/٢٨ هەولێر