کورتەچیرۆک: کرێچی.. نووسینی: ئامانج شێروانی
تا دەهات ئازاری گورچیلەی لای دەستەڕاستی زۆرتری بۆ دەهێنا، دەستێکی خستە سەر تەنگەی و ئاخێکی هەڵکێشا. ئەوە حەفتەیەک دەبێت ژانی گورچیلەی هەر دێت و زیاد دەبێت، ڕەنگە چیتر ئەمانە وردەبەرد نەبن و کەرپووچ بن کە لەنێو گورچیلە قوڕبەسەرەکەیدا خۆیان مەڵاس دابن. ئای دەبێت کەی بەیانی ببێتەوە، تا خۆی بخاتە ژێر چەقۆی نەشتەر و لەم ئازارە ڕزگاری ببێت.
ڕۆندکی نۆ ساڵان هاتە ژوورەوە، هەر لە دوورەوە دەنگی هەڵبڕی: «باوکە، باوکە، ئەوە سەرداری خاوەنی خانووەکەمانە بانگت دەکات.» هەژار هەناسەیەکی ساردی هەڵکێشا، بۆ چەند چرکەیەک لە شوێنی خۆی ڕەقوتەق هیچ نەبزووت، هەستایە سەر پێیەکانی و بەرەو دەرگاکە ڕۆیشت. دەمێک تکای لە سەردار کرد تاوەکوو هەندێکی تریش مۆڵەتی پێ بدات، سەد جاران سوێندی بۆ خوارد هەر کە لە نەشتەرگەرییەکەی قیت ببێتەوە، با بە دەرۆزەکردنیش بێت کرێی هەر سێ مانگی ڕابردووی بۆ دەنێتە دەستی.
وەکوو خووی پێوە گرتبوو، چەند قسەیەکی ڕەقی بە هەژار گوت و بەردەرگاکەیانی بەردا، هەتا گەیشتەوە لای قەمەرەکەش و دەرگاکەشی کردەوە بۆڵەبۆڵی هەر دەهاتە گوێیەکانی هەژار: «ئەها بەو ئاسمانە شینەی، ئەگەر هەتا حەفتەکی دی کرێیەکەم هەموو نەدەیێ، دەرت دەکەم، بەلاشخانەمان دانایتەوە، بەلاشخانە!»
لەوەتەی ژنەکەی بەجێیانی هێشتووە، گوزەرانیان هەر مەمرە و مەژی بووە، سەرەتا لە کارەکەی بەیانیانی دەرکرا، گوایە داڵغەی زۆری لێدەدا، دواتر بەردەکانی گورچیلەی زۆریان بۆ هێنا و کاری ئێوارانیشی بەجێ هێشت. هەر لەم بیرانەدا بوو، کاتێک کە ڕۆندکی بەستەزمان سەیرێکی کرد و بەنووزەوە پێی گوت: «باوکە گیان دەرمان دەکات؟» «نا نا کچی خۆم، دەرمان ناکات!»
هەر لەگەڵ یەکەم گەردی بەیانی، هەگبەکەی خۆی پڕ کرد و لەگەڵ کچەکەی بەرەو نەخۆشخانە بەڕێ کەوت. ڕۆندک دیسان لێی پرسی: «هەر ئەمڕۆ دەرمان دەکات، وا نییە؟» «نا نا دڵەکەم، دەرمان ناکات!» بەرەو هۆڵی چاوەڕوانی ڕۆیشت، لە ڕێزی پێش پێشەوە دانیشتبوو و چاوەڕێی نۆرەی خۆی بوو. هەر کە ناوی خوێندرایەوە، توند توند کچەکەی کردە باوەشی، بە چاوانی پڕ لە فرمێسکەوە گوتی: «کچم هەر لێرە ڕاوەستە، هەر نیو کاژێرەکە و بەخۆ دێمەوە.» ئەویش دیسان لێی پرسی: «ئەدی ئەگەر دەری کردین، دایکم چۆن دەماندۆزێتەوە؟» «نا نا دڵیژگەکەم دەرمان ناکات، هەر لەوێ چاوەڕێی دایکت دەکەین، هەر دەگەڕێتەوە!»
لەسەر قەرەوێڵەکە پاڵکەوتبوو، بیری لەم چەند مانگەی ڕابردوو دەکردەوە، ئەو ڕۆژەی کە هاواری خێزانی دەرگای ماڵەکەی بە یەکجاری لەدوای خۆی داخست. دوو حەفتەی ڕێک لە ماڵەوە دەرنەچوو، ڕیشن ڕیشن، بۆگەن بۆگەن، تەنانەت ڕۆندکی کچیشی لێی دەترسا. تەلەفۆنێک، دوو تەلەفۆن، چەند تەلەفۆنێکی بەڕێوەبەرەکەی ناچاری کرد بگەڕێتەوە سەر کارەکەی، دوو ڕۆژی نەبرد و لەوێش دەرکرا، ئێ چۆن بتوانێت کار بکات، تازە ئابڕووی هەمووی هەڵڕژاوە!
ژانی گورچیلەکەی تا دەهات و زیاتر دەبوو: «ئەمە کەی ژیانە! تاوانم چی بوو تاوەکوو ئەم هەموو ناخۆشییە یەک بەدوای یەکانەم بەسەر بێت. ئێ سەردار چی بکات، ئەویش منداڵی هەیە و دەبێت نانیان بدات. خۆ ئەگەر سەردار کۆنە هاوڕێم نەبوایە و یەکێکی تر بوایە ڕەنگ بوو نیو ئەوەندەش لەسەرم ڕانەوەستابوایە. ئاخ لەم بەختە ڕەشەم، ئاخ!»
پەرستارە چاوشینە قژسوورەکە هاتە سەر سەری و دەربارەی کەشوهەوا پرسیاری لێ کرد، هێدی هێدی سۆندەی بەنجەکەی خستە سەر دەم و لووتی، تا دەهات چاوەکانی سستتر دەبوون. دەنگەکان دوورتر دەکەوتنەوە، سۆماشی لێڵتر دەبوو، سەیرێکی پەرستارەکەی کرد، هەر لە هاواری خێزانی دەچوو.
چەند کاژێرێک تێپەڕی، چاوەکانی کردەوە، سەیرێکی دەوروبەری خۆی کرد، نەیزانی بۆچی لێرە دانیشتووە. ڕووداوەکانی دوێنێی هیچ بیر نەمابوو. سەر ئێشەیەکی بەهێز تینی بۆ هێنا، دەستی بۆ پەرداخە ئاوەکەی بەردەمی خۆی برد. یەک دوو قومی لێدا. ڕۆندک بە هەڵەداوان هاتە سەر سەری، چاوەکانی لەخۆشییان بریسکەیان دەدایەوە، هاواری کرد: «باوکە، باوکە، ئەوە هەستای!»
سەیرێکی کچەکەی بەردەمی کرد، دەنگی خۆی خڕ کردەوە، دەنگە گڕەکەی هەڵبڕی: «بانگی هەژاری باوکت بکە، پێی بڵێ سەرداری خاوەنخانوو هاتووە، ئەگەر هەر ئێستا بە خۆی و بە کرێی هەر چوار مانگی ڕابردوو نەیەتە دەرەوە، با بە شتومەکەوە بێتە دەرەوە و ئێرەم بۆ چۆڵ بکات!»