Skip to Content

له‌ كارگه‌ی شه‌كری سلێمانی بۆ كارگه‌ی چنینی كورانی هه‌ولێر…ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب

له‌ كارگه‌ی شه‌كری سلێمانی بۆ كارگه‌ی چنینی كورانی هه‌ولێر…ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب

Closed
by كانونی دووه‌م 2, 2020 General


وانه‌كانی ژیان

له‌ كۆتایی ساڵانی شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو‌ ده‌ستكرا به‌ دامه‌زراندنی كارگه‌ی شه‌كری سلێمانی له‌لایه‌ن كۆمپانیای كافێی ئیسپانی و به‌نده‌ له‌ ده‌زگای گشتی دیزاین و دامه‌زراوه‌ی پیشه‌سازی سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی پیشه‌سازی ( سه‌رپرشتیاری كاروباری) كارگه‌كه‌ كارم ئه‌كردو كافێ كاری دابوو به‌ كۆمپانیایی سادێی ئیسپانی و ژماره‌یه‌ك به‌ڵێندر له‌وانه‌ : كریمی حاجی فه‌ره‌ج ئه‌فه‌ندی و نیازی توركمان و صلاح كه‌ركوكی و له‌ كۆتایی ساڵی 1973 وه‌ ماوه‌ی چه‌ند مانگێك رۆژانه‌ی كرێكاره‌كانیان نه‌داو كۆمپانیای كافێ رووی له‌ شكستی بوو بێ پاره‌یی رووی تێكردبوون و پاره‌ی به‌ڵێنده‌ره‌كانی نه‌ئه‌دا.
ئێمه‌ وه‌ك حزبی شیوعی عێراق شانه‌یه‌یه‌كی سه‌ره‌كی به‌هێزمان هه‌بوو هاورێیان عه‌لی فه‌تاح { له‌ كیمیا بارانی هه‌ڵه‌بجه‌} شه‌هید بوو‌، كۆچكردو حه‌مه‌ ره‌شید عازه‌بانی و ئه‌حمه‌ده‌ ره‌ش تیادا چالاك بوون و ، رۆڵی باشیان له‌ ناو كریكاران و سه‌ندیكا ئه‌گێراو، سه‌رۆكی سه‌ندیكای كارگه‌ی شه‌كری سلێمانی براده‌رێكی پارتی دیموكراتی كوردستان بوو به‌ناوی كاك ره‌حیم گه‌رمیانی { خه‌ڵكی كفری} بوو، مرۆڤێكی هێمن و رێزدارو چالاك بوو ئێمه‌ی خۆش ئه‌ویست و حه‌زی ئه‌كرد لیمان نزیكبیته‌وه‌و، رۆژێكیان پێكه‌وه‌ باسی كارگه‌و و كرێكاران و بێ پاره‌ییمان كردو وتی: چاره‌ چییه‌و، منیش یه‌كسه‌ر وتم بۆ له‌ گه‌ڵ یه‌كێتی سه‌ندیكای كرێكارانی سلێمانی باسی ناكه‌ێت و، له‌ وه‌ڵامدا وتی چه‌ند جارێك باسمكردووه‌و هه‌ر ئه‌ڵێن بوه‌ستن و په‌له‌ مه‌كه‌ن و، له‌ پاش گفتوكردن بریاری مانگرتنماندا.
من بۆم نه‌بوو به‌شداری بكه‌م و هاورێیان له‌ گه‌ڵ براده‌رانی پارتی و كرێكارانی تر ئاماده‌بوون و، له‌ رۆژی دیاركراودا كرێكاران مانیانگرت وله‌ پاش رۆژێك شاندی یه‌كێتی سه‌ندیكای سلێمانی هاتن ( ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌ نه‌بم بریتی بوون له‌ به‌رێزان ــ مه‌حمودی مه‌لا عیزه‌ت ئه‌ندامی لقی / 4 ی پارتی و كاك ره‌شید عارف سه‌رۆكی یه‌كێتی سه‌ندیكای كرێكارانی سلێمانی) و، كاك ره‌شید وتارێكی هه‌ره‌شه‌ئامێزی خوێنده‌وه‌ و داوی كردو وتی بگه‌رێنه‌وه‌ بۆ سه‌ر كاره‌كانتان و ئێمه‌ چاره‌سه‌ری بۆ كێشه‌كانتان ئه‌دۆزێنه‌وه‌و، ئه‌وه‌ بوو كرێكاران به‌ یه‌كده‌نگ و به‌ چه‌پڵه‌رێزان داوایان له‌و دوو به‌رێزه‌ كرد كه‌ له‌ كارگه‌ بچنه‌ده‌ره‌وه‌و بگه‌رێنه‌وه‌ بۆ سلێمانی و له‌ پاش هه‌فته‌یه‌ك كۆمپانیاو به‌ڵێنده‌ره‌كان ناچاركران پاره‌ی كرێكاران بده‌ن و رۆژێك له‌ پاش سه‌ركه‌وتن { وتارێكم له‌ ژێر ناونیشانی : سه‌ركه‌وتن له‌ یه‌كگرتندایه‌ نووسی و له‌ دوالاپه‌ره‌ی بیری نوی بڵاوكرایه‌وه‌}.
به‌ناوی سوكایه‌تی پێكردن به‌و شانده‌ی هاتبووه‌‌ كارگه‌ له‌لایه‌ن یه‌كێتی سه‌ندیكای كرێكارانی سلێمانییه‌وه‌ كاك ره‌حیم و هه‌ڤاڵه‌كانی سزادران و له‌ سه‌ندیكای كرێكارانی كارگه‌ لابران و، به‌ڵێنیاندابوو كه‌سانی تریش به‌ سزای خۆیان ئه‌گه‌ن و، رۆژیكیان كرێكارێكی كومپانیای كافێ به‌ ناوی ( ع. باوه‌مرده‌یی) 3 بلوكی ته‌خته‌ی نایاب و برێ فورمیكای له‌ پیكاپێكی دۆج باركردبوو منی بینی وتی : نازانم بۆم هه‌یه‌ ئه‌م بلۆكه‌ ته‌ختانه‌ ببه‌م له‌ ماڵه‌وه‌ پێویستیم به‌ كتێبخانه‌یه‌كه‌ ، یه‌كسه‌ر وه‌ڵاممدایه‌وه‌ وتم برای به‌رێز ئه‌و كاره‌ی جه‌نابتان به‌هیچ شێوه‌یه‌ك په‌یوه‌ست به‌منه‌وه‌ نییه‌ و، خۆتان ئه‌زانن من پاسه‌وان نیم و له‌ كۆمپانیای كافێ كار ناكه‌م.‌
له‌ پاش هاتنه‌وه‌م له‌ كاره‌كه‌م له‌ كارگه یه‌كسه‌ر ئه‌رۆیشتم بۆ باره‌گای حزب بۆ راپه‌راندنی كاروباری كرێكاران { لێژنه‌ی تایبه‌تی ــ موخته‌سه‌ ــ له‌ گه‌ڵ هاورێیان سه‌لاح ره‌شید و عمر كه‌ماڵانی و ، نووسینگه‌ی رۆژنامه‌گه‌ری‌ له‌ گه‌ڵ هاورێیان : شه‌هید ره‌ۆوف زهدی، كوچكردووان شاعیر حه‌سیب قه‌ره‌داغی و مامۆستا ئه‌حمه‌د ساڵح و هێرۆ گۆران و، لیژنه‌ی ئیداره‌ی باره‌گا له‌ گه‌ڵ هاورێیانی كۆچكردوو دوكتۆر عه‌لی و سه‌ید باقی } و، رۆژیكیان هاورێ ئه‌حمه‌د حامید هاته‌ ژوره‌كه‌م و پرسیاری كرد ئایا جنێوم به‌ كه‌س داوه‌؟ له‌ وه‌ڵامدا وتم نه‌خیرو، وتی باشه‌ به‌یانی له‌ ئه‌رۆێن بۆ باره‌گای لقی / 4 ی پارتی چونكه‌ ئه‌ڵێن ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب جنێوی به‌ مه‌لا مسته‌فا بارزانی داوه‌.
رۆژی دواتر من و هاورێیان ئه‌حمه‌د حامید و فكره‌ت جاوید هه‌ردووكیان ئه‌ندامی ( لوجنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان) بوون سێ قۆڵی چووین بۆ باره‌گای پارتی و ، ئه‌وان چوونه‌ ژووره‌وه‌ وله‌ پاش كاتژمێرێك هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ و وتیان ئه‌وه‌ی هه‌واڵه‌كه‌ی گه‌یاندوو شكاتی كردووه‌ نه‌هاتووه‌و واته‌ ( عمر باوه‌مرده‌یی) و، بۆ رۆژی دووه‌م دیسانه‌وه‌ سێ قۆڵی ملی رێگامانگرت و چووینه‌ باره‌گای لق وبراده‌ره‌كه‌ی پارتی نه‌هاتبوو، له‌ رۆژی سییه‌م چووین كابرای شكایه‌تكه‌ر ( موخبیر) ئاماده‌ نه‌بوو، له‌وێدا هاورێیان ئه‌حمه‌د و فكرت وتووبیان : براینه‌ هاورێكه‌ی ئێمه‌ تاوانباره‌و له‌ سی رۆژدا ئاماده‌ بووه‌ به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێوه‌ له‌ سێ رۆژدا ئاماده‌ نه‌بووه‌ و دیاره‌ راست ناكات و ئه‌مه‌ش دروستكراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی نێوانمان تێكبچێت ئه‌گێنا بۆ نایه‌ت له‌ كاتێكدا هه‌ر له‌ پۆلیسه‌كه‌وه‌ تا ئه‌گاته‌ پارێزگار خۆتانن و به‌ كوردییه‌كه‌ی ( حاكمن) بۆچی براده‌ره‌كه‌تان ناهێنن و، له‌ سه‌ر تووره‌بوون و قسه‌كانی هاورێیان هه‌ردو به‌رپرسی پارتی ( حه‌مه‌ی ره‌حیم و قادر جه‌باری) داوای لێبوردنیان كردبوو وتووبیان راست ئه‌كه‌ن و براده‌ره‌كه‌تان بێ تاوانه‌و ئه‌وه‌ی ئێمه‌ سه‌گوسه‌گبابه.‌ گرژی و ئاڵۆزی باڵی به‌ سه‌ر په‌یوه‌ندی حزبی شیوعی و پارتیدا گرتبوو رۆژ له‌ دوای رۆژ رووی له‌ خراپه‌و تووندوتیژی بوو، له‌و رۆژانه‌دا ته‌قه‌ له‌ هاورێ ئه‌حمه‌د حامید كراو چه‌ندگولله‌یه‌كی به‌ركه‌وت خۆشبه‌ختانه‌ رزگاری بوو، وله‌ سه‌ره‌تای مانگی ته‌موزی 1974 ته‌قه‌یان له‌ هاورێ { فكره‌ت جاوید} كردو شه‌هیدیان كرد.
له‌ سه‌ر درۆ شاخداره‌كه‌ی ( عمر باوه‌مرده‌یی) بلۆك دزو درۆزن به‌ بریاری كاك عه‌لی عه‌بدوڵلا سه‌ركرده‌و یه‌كێك له‌ دامه‌زرینه‌رانی پارتی دیموكراتی كوردستان و پارێزگاری سلێمانی گوازرامه‌وه‌ (نقل) له‌ كارگه‌ی شه‌كری سلێمانی بۆ كارگه‌ی چنینی كوران له‌ هه‌ولێر، دیاره‌ ده‌سه‌ڵاتی كاك عه‌لێ سنوردار بوو، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ بوو من له‌ سلێمانی دوور بخاته‌وه بۆ هه‌ولێر


30/12/2019‌.

Previous
Next
Kurdish
Powered by TranslatePress