
١٧ى تەمموز.. بەشی یەکەم.. رەسووڵ بەختیار
-1-
گەمەى منداڵانى شەقامیش گۆڕا بوو، ئەوان لەجیاتى تۆپی پێ، کۆمەڵ کۆمەڵ لەکۆڵان و لا کۆڵانەکاندا کۆدەبوونەوە، بەدار و قایش تفەنگیان دروستکردبوو، لەناوەڕاستى شەقامەکەدا چەند بەردێکیان دانابوو، هەر کەس بەوێدا تێپەڕ بوایە وەک مەفزرەکانى حکومەتى پێشوو و پێشمەرگە داواى هەوییەیان لێدەکردن، یان ئەگەر هەر شتکێکیان پێ بوایە داوایان دەکرد، ئەو پیاو و ژنانەى بەوێدا تێپەڕ دەبوون تەنیا پێدەکەنین و دەستیان بەسەر ئەو منداڵانە دادەهێنا، لەکۆڵاندا پیر و گەنجەکان بەژن و پیاوەوە سەیرى ئەو دیمەنەیان دەکرد و پێدەکەنین، یاخود منداڵان دەبوون بەدوو کۆمەڵەوە بەشێکیان سووپا و ئەویتریان پێشمەرگە بوون، لەناکاوێکدا هێرشیان دەکرد سەر یەک دەبوایە هێزى پێشمەرگە لەو یاریەدا سەربکەوێ، بۆیە زۆربەى منداڵەکان حەزیان دەکرد ببن بەپێشمەرگە، هەرچۆنێک بێ رێکدەکەوتن، یاریەکە بەخۆشى کۆتایى دەهات، دایکان بەبزەوە سەیرى یارى منداڵەکانیان دەکرد.
لەو رۆژانە تا دەهات نیشتمانپەروەرى و خۆشەویستى بۆ نیشتمان لەدڵى هاووڵاتیاندا زیاتر دەبوو، لەگەڵ ئەوەى تا دەهات ژیان و گوزەرانى ماڵە هەژارەکان زۆرتر زەحمەتر دەبوو، لەتەک ئەمەشدا دزى و جەردەیى هێدى هێدى پەرەى دەسەند، بەعسیش دەیویست بۆ دووبارە دەست بەسەر هەموو جومگەکانى فەرمانڕەوایى دابگرێتەوە، گەنجانى وڵاتیش لەبێ ئومێدیدا نەیان دەزانى چى بکەن، بەڵام بەشێک لەو گەنجانەى لەپێشتردا ئەندامى رێکخستنى حزبە کوردییەکان بوون، هەردەم دەیانویست تۆڵە لەبەعس بکەنەوە و لەناکاوێکدا گوزرێک لەحکومەت و بەعس بدەن، لەو سەردەمەدا هیچ یاسا و پاسا و رێسایەک بوونى نەبوو، هەر کەسێک لەسەر شەقام کلاشینکۆفەکەى دەردەهێنا چەندین گوللە یان بەسەر شەقامەکەوە دەنا یاخود گوللەى بەئاسمانەوە دەنا، ئەوانەى دوژمنکاریان هەبوو، هەل بوو تا تۆڵەى خۆیان بکەنەوە، بەتایبەتى ئەو دوژمنکاریانەى چەندین ساڵ بوو چارەسەر نەکرابوو، یان کەسانى بکوژى پێشتر موستەشار و جاش بوون، لەو کاتەدا ئەوانە تەنیا خۆیان شاردبۆوە، بەڵام لێرەو لەوێ گوێبیستى ئەوە دەبووین بەهۆى کێشەى عەشارییەوە کەسێک کوژراوە.
تا ئەو کاتەى بەتەواویی خەڵک لەخۆى بێزار بوو، کەچى پیاوانى رژێم دەیانویست هەلێک وەربگرن تا وەک پێشتر دەسەڵاتیان بکەوێتەوە دەست، لەمبارەیەوە ماوەیەکى دوور و درێژە دەمەوێ چیرۆکێکى کورت یان درێژ، یاخود نۆڤلێتێک-کورتە رۆمانێک لەبارەى ١٧ى تەمموز بنووسم، پرسیارم زۆر لەهاوڕێیەکانم کرد، زۆر بەکەمى ئەو رۆژەیان لەبیر ماوە، هیچ کام لەحزبەکانیش خۆى لێ نەکردۆتە ساحێب، چونکە ئەو رۆژە گەنجانى شارى هەولێر دەتوانم بڵێم سەرتا سەد کەسێک دەبوو، لەسەرەتاى شەقامى باتەوە و لەتەک قەلا بەرەو پارێزگا دەرؤیشتن، هاواریان دەکرد بۆ دەرەوە بۆ دەرەوە حزبى بەعس بۆ دەرەوە، دواتر بووە خۆپیشاندانێکى زۆر گەورە، هەر کەس لەلاى خۆیەوە هاوارى دەکرد بۆ دەرەوە بۆ دەرەوە حزبى بەعس بۆ دەرەوە هێرشکرایە سەر پارێزگا، لەپێش چاوانمە چۆن بەعسییە کورد و عەرەبەکان رایان دەکرد، هەتدێک لەو بەعسیانە تەقەیان دەکرد، نەمبینى کەس بریندار بێ، بەڵام تا دەهات دەنگى تەقە زیاتر دەبوو، دواتر هێزى پێشمەرگە، ئەو کات هەموو شتێک بەناوى بەرەى کوردستانییەوە بوو، بەهاناى خۆپیشاندەرانەوە هاتن.
هەموو ئەوانەى داخ لەدڵ بوون لەبەعس، خۆیان وا ئامادە کردبوو، ئەگەر بشکوژرێن هەر دەبێ بەعسییەکان وەدەرنێن و چاوشکێنیان بکەن، چاوانى پڕ ئەسرینى دایکان لەم کاتەدا ناونیشانى هێرش و بەرخودان بوو، تا تۆڵەى هەموو دڵۆپە فرمێسکێنان بکرێتەوە.
شەقامەکانى شار بۆنى خوێنیان لێدەهات، وەک ئەو رۆژە بوو، کاتێک رژێمى بەعس گەڕایەوە شارى هەولێر بەهەموو زەبروزەنگێکەوە کەوتبووە قەڵاچۆکردنى ئەو کەسانەى لەناو شار مابوونەوە، وەکخۆم سێیەم رۆژ دواى هاتنەوەى رژێمى بەعس گەڕامەوە ناو شار، لەبەستۆڕە هێدى هێدى، لەگەڵ خێزانێکى دیکە رێگەمان گرت تا بێینەوە، لەتەک ئەوەى خەڵکێکى زۆر بەپێ و بەهیلاکى و بە ئۆتۆمبێل دواى چەند رۆژێک گەیشتبوونە سنوور تا ئاودیووى ئیران ببن، لەیەکەم بازگە لەنزیک کارگەى جگەرەى هەولێر چەند سەربازێک و ئەفسەرێک وەستابوون، داواى هەوییەیان لێکردین، دواى تەماشاکردنى هەوییەکان، ئەفسەرەکە هەندێک جوێنى پێداین و گوتى: بڕۆن لێرە نەمێنن.
کاتێک بەشەقامەکاندا تێپەڕ دەبوویت بەچاوانى خۆت دەتبینى، تەرمەکان لەسەر شەقام بۆگەنى بوو بوون، دەبوایە لووتى خۆت بگرى دەنا گێژ دەبووى لەبۆن، ئەو ئۆتۆمبیلانەى تووشى هێرشى هیلۆکۆپتەرەکان بوو بوون، لەهەموو لایەکەوە سووتابوون، دیار بوو چەندین تەرمیشى تیادایە، هەر چۆنێک بێ، بەلا کۆڵانەکاندا دواى چەند سەعاتێک خۆم گەیاندەوە ماڵ، بینیم، ماڵى ئێمەش بەتەواوى هاتوونەتەوە، ئەوان تا کەسنەزان رۆیشتبوون، دواى ئەوەى بەنزین لە ئۆتۆمبیلەکە نامێنێ دوو شەو لەکەسنەزان دەبن، دواتر بەهۆى لێبووردنى گشتى دەگەڕێنەوە.
گەڕەکەکانى شار تاکە تاکە ماڵى تیادا بوو، ژیان لەو گەڕەکانە نەمابوو، کاتێکیش دەتویست بێیە دەرەوە، ئەوا بەترسەوە دەبوایە رێ بکەى، نەوەک سەربازێک لەدوورەوە تەقەت لێ بکات، دواى چەند رۆژێک تاک تاک خەلک دەگەڕایەوە، دواى هەفتەیەک ئەو جارەیان خەڵک بەکۆمەڵ و بەکۆ دەگەڕانەوە ناو شار، بازگە و هێزى سەربازیش لەنێو شاردا کەمتر بۆوە، بەماوەى مانگێک شار بەتەواویى ئاوەدانى تێکەوتەوە، تا ناوەڕاستى مانگى پێنجى ١٩٩١ هێدى هێدى خەڵک دەگەڕایەوە، لەمانگى شەشى ئەو ساڵەدا زۆربەى خەڵک گەڕایەوە ناو شار، لەتەک ئەوەى لەشارۆچکەى شەقڵاوە هێزى پێشمەرگە و بەرەى کوردستانى بارەگایان هەبوو، زۆربەى حزبەکان بارەگان لەوێدا بوو.
بۆ مانگى حەوت شار جوولەیەکى تێکەوت، کەمێک لەدووکان و بازاڕەکان کرایەوە، بەڵام ترس لەهەموو شتێک هەبوو، بەشێک لەهێزى پێشمەرگەش لەنێو شاردا بوو.
شار بەتەواویی خرۆشا بوو، هیچ کار و کاسبییەک نەمابوو، ئەوەى هەبوو، چۆن بتواندرێ رۆژانە شتێک بخۆین، چەند مانگێک بوو، خەڵکى شار و گوند و شارۆچکەکانى دیکە لەئاوارەیی گەڕابوونەوە، دواى ئەوەى راپەڕینێک هەموو کوردستانى گرتەوە، دواتر سووپاى رژێمى بەعس بەسووپایەکى زەبەلاحەوە هێرشى کردە سەر شارە گەورەکانى کوردستان، کەس بەتەماى ژیان نەبوو، نەوەک لەلایەکەوە پیاوانى رژێمى بەعس، گوللەیەک بتەقێنن لەلایەک تەرمەکەت بکەوێ، سەربازەکانى بەعس هەندێکیان بۆ پاراستنى ئەمن و ئیستغباراتى رژێم لەلایەکەوە مۆڵگەیان کردبوو، لەهەموو شتێک دەترسان، هەتا لەخۆیان و لەدەوروبەر و ئەفسەرەکانیان دەترسان، ترس باڵى بەسەر هەموو شتێکدا کێشابوو، دایکان لەگەڕەکە جوان و میللییەکان هەردەم دڵیان بەمنداڵەکانیانەوە بوو، لەشەواندا هیچ شتێک نەدەجوولا تەنیا ئەوە نەبێ ئۆتۆمبیلە تیژڕەوەکان تاک تاک بەسەر شەقامەکاندا دەڕۆیشتن، کەس نەیدەزانى ئەمانە پێشمەرگەن یان جاش و پیاوانى ئەمنى رژێمن، شەوان شار دەبوو بەیەک پارچە ئاگر، هەر کەس لەلاى خۆیەوە تەقەى بەئاسمانەوە دەنا، زۆر کەس لەو تەقە و تۆقە بریندار دەبوون و دواتر بەهۆى تلانەوە و ئازارەکانیان دەمردن، رۆژ نەبوو خەڵک بەکۆ نەچنە گۆڕستانەکان، بۆ ناشتنى تەرمى ئازیزەکانیان، ئێستا ئەگەر بچییە گۆڕستانەکان رێککەوتەکانى سەر گۆڕەکان ئەم راستییەمان بۆ دەردەخەن.
سەرەتا لەوانەیە بپرسن بۆ ١٧ى تەمموز، ئەوە رۆژى کودەتا یان ئەگەر بەزمانى بەعسییەکان بدوێین، دەڵێن شۆڕشى ١٧-٣٠ى تەمموز، یان یادى لەدایکبوونى حزبى بەعسى عەرەبى ئیشتراکییە، ئەو کاتەى بەسەرکردایەتى ئەحمەد حەسەن ئەلبەکر و سەدام حسێن عێراق کەوتە دەست کۆمەڵە چەتەیەک، ناویان لەخۆ نابوو حزبى بەعس، نەوەى ئێستا نازانێ ئەو بەعسە چ کارەساتێکى بەسەر خەڵکى عیراق بەگشتى و بەتایبەتى خەڵکى کوردستان-باکوورى عێراق هێنابوو، کوشتن و بڕین لەهەموو لایەک بوو، بەتایبەت بۆ ئەوانەى بزاندرایە بەخەیاڵیش بڕوایان بەبەعس نییە، یان دژ بەبەعسن.
ئێستا خۆم لەنێوەندى ئەم باسەدا لەدڵەڕاوکێدام نازانم چۆن هەموو جوولە و بزاوتێکى گەنجان باس بکەم، نامەوێ لەنێوەندى چیرۆکێکدا بیبەستمەوە بەخەیاڵ، ناشکرێ رۆژێکى مێژووى شارێک بەچەند دێڕێک باس بکەم.
لەسەرەتاى راپەڕین، مانەوەى بەرەى کوردستانى تەنیا بیست رۆژێک بوو، واتە لە ٧-٣-١٩٩١ تا ٣١-٣-١٩٩١ تا ئەو کاتەى شارى کەرکووک ئازاد کرا، لەدواتر رژێمى بەعس بەهەموو هێزێکەوە هێرشى کردە سەر شارەکانى کوردستان و بەتایبەتیش شارە گەورەکان وەک هەولێر و سلێمانى و دهۆک، خەڵکى کوردستان هەر یەک لەلاى خۆیەوە بنە و بارەگەى خۆى تێکنا و بەرەو سنورەکان ملى نا، بەبێ ئەوەى هیچ ئاسۆییەکى هەبێ، ئەگەر هێزە نێودەوڵەتییەکان و دانوساتەکان نەبوایە، لەوانەیە بۆ ماوەى چەند مانگێک شارەکان جەنجاڵ نەدەبۆوە، دواى گەڕانەوەى بەشێک لەخەڵک بۆ ناو شارە گەورەکان، جوولە گۆڕا، وەک لەسەرەتادا گوتم: زۆربەى باوکان دەیانویست هەر چۆنێک بێ بژێوى رۆژانەیان دەستبکەوێ تا بتوانن منداڵ و خێزانەکەیان لەبرسییەتى رزگار بکەن، دایکانیش دەستیان لەسەر دڵیان بوو نەوەک گوللەیەک خۆیان و منداڵەکانیان بپێکێ.
ئەو کات تەمەنم بیست و یەک ساڵان بوو، دیمەنەکە لەپێش چاومە، ئەو کات لە چاپخانەى هەولێر دواتر ناوەکەى گۆڕا بۆ کوردستان لەدووکانەکانى نزیک باڵەخانەى پارێزگاى هەولێر شاگردى چاپخانەى کوردستان بووم، دەمبینى پیاوانى بەعس لەپێش رۆژى ١٧ى تەمموز بەهەمان شێوەى پێشتر بەخۆنیشاندانى جەبوورەتیانە دەیانویست خۆیان وا نیشان بدەن، بەوەى حزبى بەعس و دەسەڵاتییان لەم شارە هەر ماوە، بەڵام ترسێکى گەورەیان لەهەموو جوولەیەک هەبوو،
ترس لەخۆیان، ترس لەخەڵک، ترس لەجاش و چڵکاوخۆرەکانیان، ئەمنەکانم دەبینى رووخساریان هەڵبزرکابوو، ئەوانیش نەیاندەزانى داهاتوویان چۆنە، بەڵام دەیانویست وەک پێشتر لێبخوڕن، کەچى منداڵێک بەلایاندا تێپەڕ بووایە، ئەوان گومانیان لێى هەبوو، نەوەک نارنجۆکێک لەلایان بتەقێنێ، هەروەها بەچاوە ترسنۆکەکانیان سەیرى ئافرەتانیان دەکرد، دەیانویست وەک پێشتر گاڵتە بکەن، کەچى خۆیان لەکونجەکانیان نابوو، بەلەرزەوە سەیرى دەوروبەریان دەکرد ئەوانەى پێشتر لەگەڵ ئەمنەکان ئاشنایەتى هەبوو، دیار بوو بەچاو ئاماژەیان بە کێشە و رووداوەکانى رۆژانە دەکرد، ئەوان لەیەکتر تێدەگەیشتن، کەچى نامەکان بەنیوەچڵى دەگەیشت، تا دەهات ترسی زیاتریان لەسەر دەنیشت، بەڵام خەڵکیش بەگشتى نەى دەزانى بداهاتوویان چۆن دەبێ.
ئەوەى لێرەدا دەیخەینە روو باسکردنى تەواوى راپەڕینەکەى بەهارى ١٩٩١ نییە، بەڵکو لەنێوەندى ئەم چەند دێڕەدا باسکردنى چوار مانگە ، بەتایبەتیش رۆژى ١٧ى تەمموزى ١٩٩١. لەدواى ئەم رێککەوتە و خۆپیشاندانە، حکومەتى عێراق، یان راستتر بڵێین بەتەواوى بنە و بارەگەى خۆى تێکنا و هەرچى ئیدارە و چەک و تفاق هەیە بردییەوە ناو ئەو شارانەى دەسەڵاتى بەسەردا هەیە.