
تڕەکەڵەک یان تڕەگەڕەک.. کورتە چیرۆک: نەوزاد بەندی
ئەوانەی ڕیشیان سپی بوو ئەیانووت پێش سەد ساڵ هاتوونەتە ئەم گەڕەکەوە .. ڕیش ماش و برنجێکان ئەیانووت حەفتا ساڵ و قنچکێک نییە .. ئەوانەی ڕیش و سمێڵیان پاک ئەتاشی، ئەیانووت زۆر نییە هاتوون، ڕەنگە هەر سی چل ساڵێک بێ، بەڵام هەموویان کۆک بوون لەسەر ئەوەی لەگەڵ نیشتەجێ بوونیان لە گەڕەکەکەدا هەندێ دیاردەی سەیر ڕووی دا، وەک دیارنەمانی دەڕنەفیز و گسک و بەفرماڵ و کەو ..لە جەڕەسدانی دراوسێکان لە نیوەی شەودا ..شکاندنی پەنجەره .. تەکاندنی دارتوو ..دیارنەمانی گڵۆپی بەردەرگا ..
ئەڵێن کەس نەیدەزانی ژمارەی خێزانەکەیان چەند بوو، ژمارەی ژنەکانیشی نادیار بوون، بەڵام خۆی کۆتەرە زەلامێک بوو پێیان ئەوت پارچەئاغا هەندێ جار به نادر ئاغایش بانگ ئەکرا. مامۆستای مزگەوت ئەڵێ سەرەتا کە هاتنە گەڕەکەوە کرێچی بوون، بە زستان تاک شەڕواڵیان لە پێدابوو، لە دوای ڕەشەمێوە ئەیانکرد بە دەرپێی سەر خەرمان،ئاردی بەڕوویان ئەخوارد.
موختاری گەڕەک ئەیوت نەموێراوە پێیان بڵێم چەند کەسن، چونکە هەندێکیان چەقۆی ئەبو ئەڵقەی ئەڵمانییان لە گیرفاندا بوو، ئەو چەقۆیانەی وێنەی بەرازێکی بچکۆلەیان لەسەر هەڵکەنرا بوو، لەگەڵ سێ ئەستێرەی بە یەکترەوە نوساو، سەقای مزگەوتەکە ئەیووت نیگاری بەراز نەبوو، گامێشێکی نەخۆش بوو.
موختاری گەڕەک زۆر هەرزەکار بوو، هێشتا سمێڵی بۆر نەکردبوو، پیرەکان ئەیانووت هێشتا سمێڵی گوگرە نەبووە، نازانم ئەو هەموو زانیارییەی لە کوێوە کۆ کردبۆوە ؟ ئەیووت نەخێر، گامێش نییە و بەرازە چونکە سێبەری شفرەکانی دیارە و ملی ڕەقە ولار بۆتەوە بۆ سەر زەوی، مەیتەری گەڕەک ئەیووت بێجگە لە چەقۆ، دەمانچەی تۆپڵیشیان هەبوو، پوور خەجیج گۆڕی پڕ لە نوور بێ بە چاوی خۆی بینیبووی کە دەمانچەیەکی تۆپڵییان لە پۆلیسێکی هات و چۆ فڕاندبوو، کاتێکیش ڕای کردبوو بە دوایانا، کوشتبوویان .
موختار بە تووڕەییەوە پێی وتبوو، تۆ پیر بوویت و خڵەفاویت، کەس قسەت لێوەرناگرێ، کوا پۆلیسی هات و چۆ لەو سەردەمەدا هەبوو ؟ لەو سەردەمەدا شار ئوتومبیلی تیا نەبوو، ئیتر پۆلیسی هات و چۆی چی؟ تەنها پۆلیسی بەردەم فەرمانگەی دەفتەر نفوس هەبوو، جلێکی وەک لبادیان لەبەردابوو، سدارەی لبادیان لەسەردابوو، بۆنی گۆرەوییان لێ ئەهات، پێیشیان ئەووتن حەیتە نەک پۆلیس. خەڵکەکە سەریان سوڕمابوو لەوەی ئەم موختارە کە هێشتا سمێڵی گوگرە نەبووە، ئەم هەموو زانیارییە مێژووییەی لە کوێوە هێناوە ؟ هەبوو ئەیووت کوڕی نا شەرعیی نادرئاغایە،هەندێکیشیان ئەیانووت کوڕەکانی پارچە ئاغا دەستکاری شوێنێکیان کردووە به جورێک ناوێرێ بە موو له قسەیان دەربچێ، پیرەکان پێیان ئەووت ئینگڵیز، ئەیانووت باوکی جەردەیەکی عەجایب بووە، تەنانەت ئەسپی له عوسمانێکان دزیوە.
ئەیانووت دوای چەند مانگێک، خانووەکەیان کڕیوە و دوای ساڵێک دوو خانووی تریشیان لە هەمان گەڕەک کڕیوە. مامۆستای ئەلف و بێی نوێ، باڵا بەرزێ بوو بە دەست نەخۆشی سیلەوە گیری خواردبوو بەڵام ددانی پیانەئەنا و ئەیووت ڕۆماتیزمەیەکی ئاسانە، ئەو سەردەمە پێیان ئەووت باداریی، ئەیانووت بە خورما و ڕیقنەی مریشک ئەیپەڕێنی، ئەیووت : دوانزە سیانزە کوڕیانم ژماردووە ، ناوەکانیان : ڕەشید و حەمید و مەجید و لەبید و حەدید و زەبید و بەخیت و یەزید و مەزید و وەلید و فەرید و عەبید و ئەو جۆرە ناوانە بوون. مامۆستای ئەلف و بێی نوێ ئەیووت بە لە بەرچاو نەگرتنی نەخۆشی ڕۆماتیزمەکەم، چوار جار سەریان شکاندووم. ئەوانەی بڕوایان پێ نەدەکرد، ناچار بوو تەپڵی سەر و بناگوێکانیان پیشان بدات کە چۆن سەعدونی موزەمید بە دەرمانی سوور و هەندێ تەقەڵی خواروخێچ بەڕێیکردبوون بۆی. موختار ئەیووت ڕووی ڕەش بێ بۆ ڕاستی، کاتی خۆی هەر لە زگماکەوە گەڕ بووە و ئەو پەڵانەی سەری جێ بەرد نین، جێ برینی گەڕییەکەیەتی. کەس نەیدەزانی ئەم موختارەی کە هێشتا سمێڵی گوگرە نەبووە، چۆن ئەو هەموو شتەی دەزانی. پوور خەجیج بە میرزا بایزی وتبوو : ئەو سەگبابه قولی مامۆستا لەپزێڕینیشی گرتووە و بێحورمەتی بەرامبەر کردووە. میرزا بایز لە سەفەر بەلکا پەنجەی دۆشامژەی پەڕی بوو ، خۆی ئەیووت لە شەڕا پەڕیوە، موختار لێرە و لەوێ وتبووی ڕووی ڕەش بێ، سەگی کوێخا عەول گەستوویەتی و تا فریای شاریان خستووە، پەنجەکەی بۆگەنی کردووە و سەرتاشێکی قەراغشار بۆی بڕیوەتەوە. بە خۆیشی گەیشتبۆوە، زۆر لێی پڕ بوو، بە پورمەنیجی وتبوو : حورمە! خوا ڕۆحم بەرێ، خۆمی لێدەدەم، دەم وددانی هەڵئەوەرێنمە ناو زێرابەکەی قوڕگیەوە.
ئەڵێن ڕۆژێکیان میرزا بایز سێ چوار شینە زەلام کۆئەکاتەوە و پەلاماری موختار ئەدەن، ئەیانەوێ تێی سرەوێنن، کەچی دەستیان جەمام ئەبێ، بەرز نابێتەوە. ئەیانەوێ تفی تێ بکەن، تفەکە وەک چیمەنتۆ بە لێویانەوە ئەیبەستێ .. هەر بۆیە لەو ڕۆژەوە ئیتر بیر لەتەمبێکردنی نەکراوەتەوە و نازناوی شێخی دراوەتێ. ژنی نەزۆک و ئەوانەی نەخۆش ئەکەون و کوڕیان ئەچێ بۆ سەربازیی یان مناڵی کەمئەندامیان هەیە، ئەڕۆن بۆ لای، مریشکی ڕەش و دیاری تری بۆ دێنن ودەستی ماچ ئەکەن بۆ ئەوەی دۆعای خێریان بۆ بکا.
مشەختی بەندەی خودا، سواڵکەری گەڕەک بوو، ئەیووت کە یەکەمجار هاتنە گەڕەکەکەوە، کرێچی بوون، گیرفانی ئەو عەرەبە گەشتیارانەیان ئەبڕی کە ئەهاتنە شارەکەوە بە دوای خەنە و پسکیتی ئێرانیی و تۆزێ فێنکاییدا وێڵ بوون، ئەیووت: هەتا شەش مانگیش شەو تا بەیانی شەڕیان بوو، سێ بە سێ تەڵاقیان لە ژن ئەخوارد، مناڵیان بە شەق ئەکردە دەرەوە، ئەیاننەڕاند، ئەیانقیژاند، ئەیانبۆڕاند، مەرکانەیان ئەشکاند، جنێوی وایان به یەکتر ئەدا پێشتر نەبیسترا بوو، تەنانەت شارەزایەک له بواری کەلەپوردا ڕۆژێکیان بە تایبەت دێتە ماڵیان بۆ بە دۆکیۆمێنتکردنی ئەو جنێوە تازانە، ئەو لەو بڕوایەدا بوو جنێو مۆرکێکی گرنگە لە مێژووی هەر نەتەوەیەکدا، هیچ لە ئاڵا و سروودی نیشتمانیی کەمتر نییە، بە جۆرێک هێندە شارەزا بوو لە زانستی جنێودا، بە جنێودا ئەیزانی جنێودەکەرە سەر بە چ تیرە و بنەماڵە و گەل و نەتەوە و بنەماڵەیەکە، تەنانەت بە تەمابوو کتێبێک چاپ بکات به ناونیشانی : ( جنێوێکم پێ بدە ، پێت ئەڵێم تۆ کێیت ) کە لێیان پرسیبوو بە جنێوەکانیاندا لە خەڵکی کوێ ئەچن؟ وتبووی تێکەڵەیەکن لە هیند و عەرەبە کۆنەکان و نەختێ جولەکەیشیان تێکەڵە چونکە لە هەندێ جنێویاندا پیتی حا ئەکەن بە خا ، بۆ نمونە به تڕحێو ئەڵێن تڕخێو.
ئەیووت دوای شەش مانگەکە بەرە بەرە شەڕکردنەکانیان کەم بوونەوە، بوون بە شەڕی وەرزیی، دوایی مانگانە شەڕێکیان ئەکرد، تاکو وای لێهات جەژنا و جەژن شەڕێکیان ئەکرد، چونکە بەرە بەرە بوون بە خاوەنی ماڵ و سامان و پڕۆژە. ئەیووت ناوەکانیشیان گۆڕانکارییان تێکەوت ، بەڵام وەزن و قافیەی خۆیان پاراستبوو.
موختار، مشەختی بەندەی خودای بانگ کردبوو بۆ دیوەخانەکەی، چینێکی چاکی تێهەڵدابوو، به پیاوەکانی وتبوو سەربەرەوخوار بە کاریتەیەکی گەورەدا هەڵیواسن و میز بکەنە دەمییەوە، بێحورمەتی بێ ئەسڵ و فەسڵی وا، چ قورەتە باسی خێزانێکی بەڕێز و خەباتگێڕ و نانبدە و دەوڵەمەند و خاوەن پڕۆژە و مرۆڤدۆستی گەڕەکەکەمان بکات؟!
لەو ڕۆژەوە مشەختی دیار نەما، خەڵکەکەیش وەختی ئەوەیان نەبوو لە چارەنووسی سواڵکەرێک بکۆڵنەوە، یان تەنانەت پێیشیان خۆش بوو چونکە ئیتر کەسێ نییە لێیان بپاڕێتەوە و وایان لێ بکا پارە و خواردنی بدەنێ. هەر خۆی لە خۆیدا سوکایەتییەکیش بوو بۆ ئەوان دراوسێی سواڵکەرێک بن، وتوویانە قەل بە قەل و قاز بە قاز، با بچێتە کۆڵانی سواڵکەران. مناڵێک وتبووی جا کوا کۆڵانی سواڵکەرانمان هەیە؟ هیچ کەسێ وەڵامی نەدابۆوە، بستە مناڵێک کێ گوێی لێ ئەگرێ تا وەڵام بدرێتەوە؟
ژنانی گەڕەک زۆریان پێ خۆش بوو مشەختی گۆڕبزر کراوە، ئەیانووت چاوی پیس بووە و کراسێکی جوانی لەبەری هەر کەسێکا ببینیایە، مانگیک به گرانەتا و سێ بەڕۆوە ئەیناڵاند، ئەی فەرەجی زەڕەنگەری توشی ئاوڵە نەکرد ؟ کاتێ کابرا پێش ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ لای شێخ و دۆعایەکی بۆ بخوێنێ، ماشێنێکی شینی کاڵی دۆجی مەکینە خواری هێنابووە گەڕەکەوە، ئەڵێن فەرەج هەر لووتی بە لووتی مشەختیدا تەقیوە، یەکسەر عەرەقی کردۆتەوە و تەوێڵی خوراوە، ئیتر ئاوڵە ئەیدا بە زەویدا و هەردوو چاوی کوێر ئەبن، ئێستا حافزە و مەولوخوێنی گەڕەکە و مناڵی تازە لەدایکبوویش ناو دەنێ، هەرچەند هەندێ کەس باشیان لێ نەدەگێڕایەوە، گوایا لە کاتی ناونانی منداڵێکدا، بە دایکەکەی وتبێ : سەر قەڵەمانەکەی ماچێکە!
ئیتر وەک دەڵێن ڕۆژان دێن و ڕۆژان دەڕۆن، پارچە ئاغا هەموو گەڕەکەکە ئەکڕێ و ئەیکا بە تەویلەی گوێدرێژ وهێستر، خۆیشیان بە خێزانەوە ئەگوێزنەوە بۆ شوێنێک یان چەند شوێنێکی نادیار ودوورە دەست.
موختار ئەبێتە پیاوی یەکەمی گەڕەک و هەموو ئەوانەی ڕقیان لێ بوو، ئەمرن، یەکێ لە سەربان ئەکەوێتە خوار، یەکێ گورگ ئەیخوا، یەکێ باگردێن ئەکەوێ بە تەپڵی سەریا، یەکێ فیشەکی تاپڕی وێڵ قوڕ قوڕاگەی هەڵئەتەکێنێ، مامۆستای ئەلف و بێ بە سیل ئەمرێ ..تیایاندایه لە ئوتومبیلا ئەسوتێ یان وەرئەگەڕێ ..پیادەیە و بارهەڵگر ئەیشێلێ.
ئەوانیش هەر لە نەش ونمادان، کوڕ و نەوەیان لە ژماردن نایەن، کام کۆشکە جوانە هی ئەوانە، کام باخ وشاخ و زەوی بەراوە ئەبێ بەهی ئەوان .. ماشێنی گرانبەها، وای لێ دێ به پێڵاوی ئاڵتون ، کچۆڵە هەڵئەخەڵەتێنن و لەگەڵیدا دروست ئەبن و دوای چەند شەوێ بەرەڵایان ئەکەن، بیشڵێن پەردەیان بردووین و بەرەڵایان کردووین، شوێنبزر یان گۆڕبزر دەکرێن، ئەبوو بیانووتایە خۆمان ڕاژەکەمان گۆڕیوە و لە کاری پێشوومان ئازاد بووین.
ئەڵێن لەم دواییەدا لە دەم و فڵق و مەراییەکانی موختاریش بێزار ئەبن و گۆڕ بزری ئەکەن.
ئەیانووت دەستنوسێکی پارچە ئاغا لەو ماوەیەدا کەوتبووە بازاڕەوە به ناوێکی خوازراوەوە، دەستنوسەکەی لەسەر زەرفی سەمون نوسیبوو، ئەو زەرفە بۆرانەی کە هەرچەندیان ئەکرد دژایەتی عەلاگەی نایلۆنیان پێ نەدەکرا، خاڵی لاوازیشیان ئەوە بوو، دەسکیان نەبوو، ئەبوو وەک قەل بیخەیتە بن باڵتەوە ..
دەستنوسەکەی لاپەڕە و نیوێک بوو، نرخەکەی گەیشتبووە چوار ملیۆن دۆلار، باسی قۆناغەکانی پێشکەوتنی دەکرد و بەستبوونیەوە بە تیۆری ئیڤیۆلیوشنی چاڕڵس داروینەوە، تیایدا هاتبوو : ( پێویستە لە قاڵبێکا نەمێنینەوە، هەڵبەت تەنها گا له پێستێکدا ئەمێنێتەوە ..پێویستە قۆناغەکان بە ڕێک و پێکیی ببڕین و هەنگاو بە هەنگاو لەگەڵ سەردەمدا بڕۆین و پێش بکەوین و هەرگیز ڕێگا بە خۆمان نەدەین ئاوڕ بدەینەوە بۆ دواوە، چونکە دواوە باش بووایە هەڵمەتمان نەدەدا بۆ پێشەوە ..
قۆناغی مراوی فڕاندن تەواو ..قۆناغی ئێڵ ئێم پی فڕاندن تەواو .. قۆناغی کەرەستە و کەلەپور ئاودیوکردن، تەواو .. ئەبێ هەنگاو بۆ پێشەوە بنێین، بۆ فڕاندنە مۆدێرنە قازانجبەخشەکان ..وەک ووزە و تەکنۆلۆجیا و شەڕی ئەستێرەکان ….) ئەڵێن هەندێ شتی تریشی نوسی بوو کە ڕووی مەجلیسیان نەبوو.
ئیتر زۆر شتی تریشیان ئەووت.