Skip to Content

کتێبی مرۆڤ و ژیان خوێندنەوەیەک بۆ شیعرەکانی کتێبی (زەوی لە قەفەزدایە)ی (فەرهاد کەریم) دا.. هۆشەنگ شێخ محەمەد

کتێبی مرۆڤ و ژیان خوێندنەوەیەک بۆ شیعرەکانی کتێبی (زەوی لە قەفەزدایە)ی (فەرهاد کەریم) دا.. هۆشەنگ شێخ محەمەد

Closed
by ته‌مموز 13, 2023 General, Literature



(١)
فەرهاد کەریم، نووسەر و شاعیرێکە، زمانێکی تایبەتی هەیە، شێوازێکی سوریالی بە ناوەڕۆکی بابەتەکان دەدات، تەنانەت شێوازێکی سوریالی بە جیهان و ژیان دەدات!
لەم کۆمەڵە شیعرەدا، بەم زمانە، ناو و بابەتگەلی جۆراوجۆر، دەکاتە ناوەڕۆکێکی شیعری. مرۆڤ، جیهان، ژیان، خوا، ئیمان، جەنگ، شەڕ، جوانی، باوکبوون، دایکبوون، مردن، ماکەکانی سروشت، سەگ، باڵندە، هتد..، گشت ناو و وشەکان لە زمانی فەرهاددا، دەبنە ڕستە و وێنەی شیعری و بە ڕەوانی دەیانڕێژێتە سەر کاغەز، وەک ئەوەی شیعرەکانی، لەسەر دۆخی ڕاستەقینەی مرۆڤ و جیهان و ژیان بکاتە شایەد!
فەرهاد کەریم، گشت شیعرەکانی، لە نێو ژیاندا دەردەهێنێت، لە قووڵایی ئەزموونێکدا، کە بە هەستەکانی تا دوورترین پنت شۆڕدەبێتەوە و بەرز دەبێتەوە، ئەم ئەزموونە بە زمانێک بەیان دەکات، کە زادەی ئەم چەشن و چەشە ژیانەیە کە ئەدەب و شیعر و هونەری لێ دەردەکەوێت. واتا شیعرەکانی فەرهاد، لە ڕووی ناوەڕۆک و شێوازەوە لە ژیانەوە بەرەو ئەدەبەوە دێن، نەوەک بە پێچەوانەوە! ئەمەش بۆ خۆی جوانی ئەقڵێک پێشان دەدات، کە ژیان بە بنەڕەتی نووسین و ئەزموونی شیعری و هونەری دەبینێت.
لە ئەدەبی کوردیدا، شاعیرمان زۆرن، کە ئەزموونی شیعریان نابێتە ئەزموونی ژیان و جیهان، بەڵکو وەک ئەزموونێکی ئەدەبی، هونەری، شیعری تایبەت و سەربەخۆ دەمێنێتەوە، یان پتر ئەزموونەکە دەبێتە ئەزموونی مێژوویەکی ماددی و کۆمەڵێ ڕووداوی کەسی، تایبەتی، گشتی لە خۆ دەگرێت، بێ ئەوەی ڕووداوەکان ببنە بەردەبازێک بۆ بەرزبوونەوەی خوێنەر بۆ ئاستێکی مەعریفی باڵاتر، واتا وەرگر لە گەڵ ئەزموونی شاعیر، لە واقیع بەرزتر ببێتەوە و بە جیهان، یان ژیان یان بە مێژوویەک بگات کە ڕووحی و ڕەمزی و مەعنەوی بێت.
بۆ من شیعرەکانی فەرهاد کەریم، ئەزموونێکن بە هۆی توانا و وزەی زمان و دەربڕینیەکانی، دەتوانن منی خوێنەر بۆ نێو پڕۆژەیەکی ڕەخنەیی لە شارستانییەتدا شۆڕ بکەنەوە، ئەمەش وا دەکات، بزانم فەرهاد کەریم، بۆ خەمێکی گەورە، جدی، مرۆیی، جیهانی دەنووسێت.

(٢)
فەرهاد کەریم، لە سەرەتای کۆمەڵە شیعرییەکەدا، بانگمان دەکات تا بچینە نێو زمان، چونکە لە نێو زماندا، دەتوانین لە ژیان و واتاکانی ڕابمێنین، زمان کە ڕەوانی مرۆڤ، نووری خودا، پەیامی گەردوون بە وەرگرەکانی دەدات، واتا زمان لەبەرانبەر ئەو لۆگۆسەمان دادەنێت، کە پێویستە پێیەوە بیر لە بوون بکەینەوە و تێی بگەین و دەربڕینیشی لێ بکەین!
ئەگەر بپرسین، بۆ زەروورە لە خوێندنەوەی ئەزموونێکی شیعریدا، بچینە نێو زمان؟ ئایا لە ڕێی زمانەوە، شاعیر بەرەو کوێمان دەبات؟ تێگەیشتن لە دەق؟ یان تێگەیشتن لە جیهان؟ یان لە ژیان؟ یان لەبوون؟ یان مێژوو؟
فەرهاد کەریم، زوو پێمان دەڵێت:
شارەوانی بۆی نووسیوم
تکایە پێکەنین فڕێمەدە ناو دڵتەنگی مرۆڤ “ل ٦”
جیهانی مرۆڤ، جیهانێکی دڵتەنگە! لەم جیهانە دڵتەنگەدا، مرۆڤی شاعیر، نابێت پێکەنین بخاتە نێو ئەم دڵتەنگییە، چونکە سەرچاوە و بنەڕەتی ئەم دڵتەنگییە، پڕۆژەی شارستانیەتی مرۆڤە. واتا مێژووی ماددی، مرۆڤ و سروشتی لە یەکدی جیاکردنەوە، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی مرۆڤ و ژیان لەیەکدی جیا ببنەوە!
وشەی شارەوانی لێرەدا، ئاماژەیەکی قووڵە بۆ پڕۆژەی مرۆڤ، کە بنیاتنانی شارەوانی و شارستانییەتی بوو، شارستانییەت، کە گەورەترین پڕۆژەی ئەم بوونەوەرە ئاقلە بوو، کە مرۆڤ بوو، بەم پڕۆژەیە خۆی لە تەواوی بوونەوەرەکانی تر جیاکردەوە، خۆی لە سروشت و ماکەکانی سروشت جیاکردەوە، خۆی لە بوونەوەرێکی سروشتی کردە ئەکتەرێکی شارەوانی، مرۆڤی کردە، کەسێک کە کۆمەڵێک ماڤ و بەرژەوەندی و قازانج و مەبەستی شارستانی هەیە، واتا لە مرۆڤی سروشتەوە بووە مرۆڤی شارستان، بەمەش مرۆڤ کەوتە نێو گەندەڵی و پیسبوون و فروفێڵ و درۆ و دڕندەییەوە، تا وای لێ هات، مرۆڤ تەنیا لە ڕێی هێزەوە پێوەندییەکانی خۆی لەگەڵ سروشت دابمەزرێنێتەوە، شارەوانی بووە، بنەڕەتی ئەم شارستانییەتە و سنووری بۆ ژیان و بوون دامەزراند، هەروەها دواتر سنووری نوێی ناسروشتی بۆ بوونەوەرەکانی نێو سروشت و جیهان دامەزراند، ئینجا سنووری بۆ خودی مرۆڤیش دامەزاند و وەک ماک و پێکهاتەکانی تری سروشت، خستییە نێو قەوارەیەکی دیاریکراو و سنووردار، سستمێکی شارەوانی بۆ دانا و وتی: ئەمە واقع و ژیان و جیهانی تۆیە ئەی مرۆڤ! ئەی کۆیلە!
مرۆڤ وەک ماک و توخم پێکهاتەکانی تری سروشت، بووە ماددەیەک و خرایە نێو پڕۆژەی شارەوانی و ئەو فۆرمەی وەرگرت کە شارەوانی دەیەوێت!
فەرهاد کەریم لە زۆر شیعری تریش، ئەم کێشەیە باس دەکاتەوە، لەوانە لە شیعری (ئاو دەمانباتەوە) هونەریانە ئەم وێنەیە دەکێشێ و شاعیرانە پێوەندی نێوان ماکێکی سروشت کە (ئاو)ە، لەگەڵ ژیان و مرۆڤ و ئاوەدانی بینا دەکاتەوە.
یەکێک لە گرفتە سەرەکییەکانی مرۆڤی ئێستا، تێکچوونی پێوەندیەتی لەگەڵ سروشت، ئەم پێوەندی تێکچوونە، بووەتە هۆی ئەوەی مرۆڤی نوێ لە نێو سروشت و ژیان و بوون و جیهان فڕێ بدرێت، بکەوێتە نێو واقع و بژێوی و گوزەرانەوە. ئەوەی ئەمڕۆ بەناوی ژیان- حەیات پێناسە دەکرێت، لە هەقیقەتدا لە واقعێکی تاڵی بژێوی و پارە کۆکردنەوە زیاتر نییە، مرۆڤ وەک ماک و بوونەوەرێکی سروشتی نەماوە بە ئازادی، بێ فشار ئەزموونی ژیان و جیهان بکات، مرۆڤی نوێ بووەتە پارەکۆکەرەوەیەکی بێ بەزەیی، بە پێچەوانەی ئاو، کە وەک شاعیر دەڵێت:
خاوەنی هەموو شتێکە و بێ گیرفانە ئاو
پارە کۆناکاتەوە و بەخشندەیە “ل ٣١”
هەژموونی ماددە، لە شارستانیەتی ئەمڕۆی مرۆڤدا، هەموو شتەکانی مرۆڤی پێشینی تێکداوە، نە بوونی، نە ژیانی، نە ئیمانی، نە هونەری، نە ماڵی بە ڕەسەنی ماوە. گشت شتەکانی گەندەڵ، خەوشدار، ناڕەسەن و تێکچوون. ئیدی ئێستا ژیان بۆ مرۆڤ ڕێگەیەک نییە بەرەو هەق و هەقیقەت، بۆیەشە مرۆڤ غەریب و بێ ماڵ کەوتووە!

(٣)
فەرهاد کەریم بۆ ئەو مرۆڤە نوێیە، کە لەنێو سروشت دەرهێندراوە و خستراوەتە نێو واقیعی ئەو شارانەی شارەوانی پەیدای کردوون، لە شیعری (هەنگاوێک دەمانباتەوە) وەسفی ئەو مرۆڤە دەکات و بە مرۆڤی ئاسن و کۆنکریت ناودێری دەکات، فەرهاد کەریم دەڵێت:
مرۆڤی ئاسن خەونی کۆنکریتە
مرۆڤی کۆنکریت خەونی ئاسن “ل٣٤”
مرۆڤی ئاسن و کۆنکریت، مرۆڤی شارە، مرۆڤی ئەو دەوڵەت هێزانەیە،کە مێژووی ماددی پەیدا دەکەن و دەنووسنەوە، ئەم مرۆڤە ئاسن و کۆنکریتە، نایەتە نێو ژیان، بەڵکو بەرەو دۆزەخ، بەرەو برسیەتی، تێنوویەتی، بەرەو مردن دەڕوات.
مرۆڤی ئاسن و کۆنکریت، مرۆڤی زەمانی مۆدرنە و پۆستمۆدەرنەیە، کە پشتی لە سروشت کردووە و ڕووە و دۆزەخی خۆی هەنگاو دەنێت، وەک مرۆڤی پێشین نییە، مرۆڤی قوڕ، کەسەر بە سروشت بوو:
مرۆڤ گەر لە قوڕ بایە
باران دەیگەڕاندەوە ناو ژیان “ل٣٥”
بەراوردکردنی مرۆڤی پێشین، قوڕ، وەک ئاماژەیەکیش بۆ گێڕانەوەی دینی بۆ پەیدابوونی مرۆڤ، وەک ڕەوانێکی بێگەرد و ڕەسەن و سروشتی، مرۆڤی پێش پڕۆژەی شارستانی و گەندەڵی و هێز و زاڵبوون و دەسەڵات و بندەستی، لەگەڵ مرۆڤی ئاسن و کۆنکریت، مرۆڤی دوای پڕۆژەی شارەوانی و بوونی بە شتێکی دەستکرد لە پڕۆژەی شارستانیدا.
مرۆڤی ئێستا مرۆڤی قوڕ نییە، ئەگەر قوڕ بوایە، باران کە نهێنی ژیانە، بەردەوامی زیندووبوون و ژیانکردنی سروشتی و ڕەسەنی دەدایێ، مرۆڤ لەم قۆناغە دەرچوو، تازە لە ڕێی ئاسن و کۆنکریت، وەک دوو هێمای گەورەی شارەوانیم ناگەڕێتەوە نێو سروشت و ژیان!

(٤)
مرۆڤی ئاسن و کۆنکریت، کە سەرگەرم و مەستی واقعی گەندەڵی خۆی بووە، هەمیشە هاوار دەکات کە کاتی نییە، کات نەبوون واتا مرۆڤ هیچ وانەیەک لە سروشت فێر نەبووە، شەو و ڕۆژ و وەرز و ساڵەکان نابینێت، کات نابینێت، بۆیە کەوتۆتە نێو بەتاڵی.
مرۆڤ کە کاتی نەبوو بۆ عیشق، بۆ ژیان ئیدی دەکەوێتە دەرەوەی بوون و جیهانەوە، ناتوانێت بە کردەکی ئەزموونی ژیان و جیهان بکات، چونکە ئەزموون بریتییە لە تاقیکردنەوەی جیهان، ڕووداو پەیداکردن، سەفەرکردن بە دنیا، دۆزینەوەی شتگەل لە نادیارەوە، کەشفکردنی شتگەلی بزر، خۆ ون کردن لە پێناو دۆزینەوەی خود، خەون بینین، خۆ ئەگەر مرۆڤ ئەمانەی نەکرد، واتا مردووە، زیندوو نییە، ئەزموونی بوونی خۆی ناکات.فەرهاد کەریم بەو واتایە دەنووسێت:
کاتت نییە بۆ ئەشق
ژیانت نییە، کاتت نییە بۆ ژیان
تۆ مردوویت و ئاگات لێ نییە و کاتت نییە “ل٣٨”
کاتت نییە، هیچ وانەیەک لە سروشت فێر نەبووی
بە بەتاڵی هاتیت و بە بەتاڵی دەڕۆی “ل٣٩”
هەر ئەو مرۆڤە کە ئاوای بەسەردێت، پێکەنین لە بیر دەکات، دەبێتە بەرد، ڕەق، لە بەردیش خراپتر و بێ یادەوەریتر، بیری دەچێت پێبکەنێت، لە کاتێکدا “مرۆڤبوون پێکەنینە!” “ل٤٢” پێکەنین جوانییەکە لە جوانییەکانی مرۆڤی سروشت، بەڵام مرۆڤی ئاسن، مرۆڤی کۆنکریت و بەرد، چۆن دەتوانێت لە جیهانێکدا پێبکەنێت، کە پێشتر شارەوانی فەرمانی کردووە، پێکەنین فڕێ نەدەیتە نێو دڵی تەنگ و خەمگینی مرۆڤ؟ کوا مرۆڤە پێکەنین؟ مرۆڤی شادمان!
سەردەمی ئێستای جیهان بۆ مرۆڤ بەتاڵییە، چونکە مرۆڤ لە وزەی ژیان و بوون بەتاڵ بووەتەوە، لە توانای حزوور و بوون و ژیاندۆستی بەتاڵ بووەتەوە، مرۆڤ لە مرۆڤبوون بەتاڵ بووەتەوە، ئەم بەتاڵبوونە؛ مرۆڤی هاوچەرخی خستووەتە دۆخی ڕوالەت و مەزهەر و بێ بەهایی، مرۆڤی ئەمڕۆ ناتوانێت، خاوەن ناوەڕۆک و ڕووح و مەعنەویات بێ، چونکە سەردەمەکە ؛ سەردەمی بەتاڵی ڕووحی و موقەدەسە.
مرۆڤی بۆش، بەتاڵ، هاتووەتە نێو جیهان و بێ شوێنەوار و دەستمایەیەکی هونەری، جوانگەری، پاک، موقەدەس، بەرەو مردن دەڕوات!

(٥)
فەرهاد کەریم لە زۆربەی شیعرەکاندا، دەیەوێت مرۆڤ بە ژیان ببەستێتەوە، مرۆڤ بوێر بێت تا بژیەت، لە ژیان نەترسێت، بۆیەشە دەگەڕێتەوە سەر ماکەکانی سروشت، وەک با و ئاگر لە شیعری “ترس لە ژیان”دا، سیفەتی ئاگر و با بە مرۆڤ دەبەخشێت، مرۆڤە ئاگر، مرۆڤە با، دیارە ماکی ئاگر بۆ ئێمە پیرۆزییەکی دێرینی هەیە، ماکێکی پێشینە بۆ بوون و جیهان و مرۆڤ خۆی، ئەم ماکە لای کورد پیرۆز و تایبەتە، فەرهادیش کە دەگەرێتەوە سەر ئەو ماکە، دەگەڕێتەوە سەر مێژووە ڕووحییەکەی ئەم ماکەش، ئاگر، با هەروەها ماکەکانی ئاو و خۆڵیش، لای ئێمە موقەدەسن، هەمووشیان نهێنی جیهان و مرۆڤن، لە ڕێی ئەم ماکانەوە مرۆڤ و جیهان پێوەندییەکی پتەو و بنەڕەتی دادەمەزرێنن، تا ئەو ڕادەیەی لە سۆفیگەریدا، مرۆڤ بە جیهانی بچووک و جیهانیش بە مرۆڤی گەورە وەسف دەکرێت! فەرهاد کەریمیش، سوود لەم دوو توخمە وەردەگرێت بۆ ئەوەی مرۆڤ بێ ترس خۆی فڕێ بداتە نێو ژیان و بەرەو مردن بڕوات، چونکە تەنیا ئەو مرۆڤانەی بوێرن، دەتوانن ئازادانە بێ ترس، بە نێو ژیاندا بەرەو مردن بڕۆن! بەرەو مردن ڕۆیشتن بابەتێکە هەم عرفان و هەم فەلسەفە ئیشیان لەسەر کردووە، فەرهاد کەریمیش شاعیرانە کردوویەتی بە بابەتی چەندان شیعرەکانی نێو ئەم کتێبە، ئەو جگە لەم دوو ڕەهەندە، ڕەهەندێکی شیعری بە بابەتەکە دەبەخشێت. ئامانجیشی ئەمەیە مرۆڤ لە ژیان بگەڕێت، تەنانەت لە نێو مردنیشدا ئامانجی ژیانی هەبێت!
“چوونە ناو مردن گەڕانە بە دوای ژیان” (ل ٥٥)
شاعیر، لێرەدا ئەم دژایەتییەی کە لەنێوان مردن و ژیاندایە هەڵدەگرێت، هەردوو بابەتەکە دەکاتە تەواوکەری یەکتری، واتا بێ مردن ناکرێت لە واتاکانی ژیان بگەین، بێ ژیانیش لە واتاکانی مردن تێ بگەین. مردن و ژیان دژ و نەیاری یەکدی نین، بەڵکوو لە نێو یەکدیدا پەیدا دەبن. هەر یەکەیان نیوەی بازنەیەکی سەرانسەری و گشتگیرن، مردن و ژیان، بازنەی بوونی مرۆڤ تەواو دەکەن، بە هەردووکیان زاتی مرۆیی بەرەو کاملبوون دەبەن.

(٦)
جەنگ وەک ڕێگەیەک بەرەو مردن، بەرەو هیچێکی ڕەش، بەرەو نەبوونێکی بێ واتا و مەدلوول، بابەتێکی دیکەی شیعرەکانی فەرهاد کەریمە.
جەنگەکانی مرۆڤی شارستانی، لە پێناو دەسەڵات، هەژموون، زاڵبوون، هێز، پاوانکردنی ژیان، کۆیلەکردنی مرۆڤ، جەنگی بێ وەستان بۆ هیچ، جەنگی بێ واتا، مرۆڤیان بە خێرایی بەرەو هیچەوە ڕاپێچا، هیچی بووە ناونیشان و ناوەڕۆکی ژیانی مرۆڤ. بە واتایەکی تر جەنگ واتای مردن بە ژیان دەدات، بۆیەشە دەبینین دوای شیعری “جەنگ” چەند شیعرێک دەخوێنینەوە، کە باس لە پێوەندی نێوان ژیان و مردن دەکات.
فەرهاد کەریم، لەم شیعرانەدا، بە وردی لەسەر هەندێ ڕەهەندی ژیان دەوەستێت، بۆ نموونە دەڵێت:
ژیان پێویستی بە خۆشەویستییەکی درێژترە لە زمان “ل٦٥”
گەر تەمەن کورتترە لە کەوتنی گەڵا و بێ کۆتایە وەک ژماردن “ل٦٧”
ئینجا دوای ئەم وێنە شیعرییانە، دێتە سەر باسی (لەتە مرۆڤ) وەک پاشماوەی جەنگ و مردن و ناشتنی خەون و ئارەزوو و پاکی مرۆڤ.
جەنگ ئەو گۆڕستانەیە
تەنها لەتە مرۆڤ لێی ئارامە “ل٧١”
بابەتی جەنگ و مردن و کاریگەری لەسەر چارەنووس، ڕەوان، گیان، ژیان، بوونی مرۆڤ لەسەر زەوی، بێ بنە، مرۆڤ وەردەگەرێنێتە سەر لەتە مرۆڤ، مرۆڤێک کە بوونەوەرەکانی تر نایبینن، چونکە وەک بەشێک لە سروشت نەماوە و وەرگەڕاوەتە سەر لەتە مرۆڤ، لەتلەت بووە! بەجەنگ هەناسە دەدا، بۆ مردن و بۆ گۆڕ دەژی، لەگەڵ لەتلەتبوونی خۆیدا هەموو بوونەوەر و شتگەل و ژیانیش لەتەلەت دەکات!

(٧)
لێگەڕێ با تیشک بەناو ئاودا تێپەڕێ
ئەڤین لەناو ئاوێنەدا بدوێ “ل٧٥”
لەم کتێبەدا بەسەر چەندین وێنەی شیعری ئاوا جوان قووڵ دەکەوین و دەوەستین! فەرهاد کەریم هەمیشە قسە لەگەڵ مرۆڤ دەکات، پەیامێکی بۆ دەنێرێت، پەیامی ژیان و جوانی. پەیامی ئەوەی مرۆڤ خۆی بێت.
هەموو ئەو بوونەوەرانەی لێ دەگەڕێن تیشکی ڕووناکی بەنێویاندا تێ بپەڕێت، دووبەدەریان بکات، دەبنە بوونەوەری نوورانی و ڕووناک، پاک و بێگەرد و شەفاف، تەنک، ناسک و نەرمین، تەنانەت ماددەیان بۆ سەر ماددەیەکی تر دەگۆرێت، کە زۆر لە ماددەی سروشتی جیهانی مرۆڤ تەنک و نەرم و ڕوونترە، دەبنە ماددەیەکی نەرمین، کە لەگەڵ نووردا دەبێتە یەک پارچە و بێگەرد دەبێتەوە، دەگاتەوە جیهانی ڕووناکی و لە گەرد و خەوشی ماددەی ئەم جیهانە دەردەچێت.
ئەگەر مرۆڤی هێز و ئاسن و کۆنکریت لێ بگەڕێت، ئەڤین لەنێو ئاوێنەدا بدوێت، واتا مرۆڤ خۆی لەنێو دواندنی ئەڤیندارانەی خۆی، خۆی ببینێتەوە، ئەوەندە ڕوون و ڕووناک ببێت، کە نووری ئەڤین و عیشق و جوانی خۆی ببینێت، ئەو کاتە مرۆڤ دەبێتە تیشک، ناخ و ناوەوەی بە ئەڤین ڕووناک دەبێتەوە!
فەرهاد کەریم لەم شیعرەدا، وەک ئیشراقییەکی نوێ، داوای ڕووناکی و ئەوین و جوانی و عیشق دەکات، چونکە ئەمە ڕێگەی مرۆڤی ڕووناکە بەرەو هەق و هەقیقەت، بەرەو قووڵایی ژیان، قووڵایی ڕووناکی، قووڵایی ئاو، کە نهێنی ژیانە!
مرۆڤ ئەگەر بیەوێت بە نهێنی ژیان بگات، خۆی بێت، بە خودی ڕووناک و ئازاد و سەربەخۆی خۆی بگاتەوە، دەبێت وەک تیشک ڕووناک بێت، نەرمین و تەنک بێت، تا بەنێو ژیاندا بڕوات.

(٨)
مرۆڤی قەفەز، وەسفێکی دیکەیە بۆ ئەو مرۆڤە نوێیەی زەوی کردۆتە ئاودەست! خەریکی قەفەز دروستکردن و ڕێگرتنە لە فڕین، لە ئازادی، لە گۆرانی، لە هونەر، لە خۆشەویستی و هەر بەهایەک و شتێکی جوان.
مرۆڤ لە فڕین دەگەڕێتەوە سروشتی خۆی “ل٧٨”
فەرهاد کەریم لەم شیعرە و زۆربەی شیعرەکانی تریش، ئەم سوێیە بە ئازارە ڕەنگ دەکات، کە مرۆڤی لەسەر زەوی بە شتی پڕوپووچ و نزم و بێ واتا قانگ داوە، زەوی کردۆتە قەفەزێک و مرۆڤی تێدا گرتووە، ئەم نەزعەیە بۆ ئازادی، بۆ فڕین بە شێوازێکی هونەری، نەخشی موقەدەسێکی زەمینی و مرۆیی دەنەخشێنێت، فەرهاد بە زمانە سوریالییەکەی، موقەدەسێکی جوانگەری، نوێ بە ئەدەبی کوردی دەدتەوە، ئەم خەمە بۆ خۆشی، بۆ ژیان، بۆ فڕین، بۆ ئازادی و هەقیقەت، لەهەموو دەقەکاندا ڕەنگی داوەتەوە، فەرهاد کەریم بەردەوام ئەوە دووپات دەکاتەوە، کە مرۆڤ شایانی جیهانێکی باشتر و ژیانێکی خۆشتر و پایەیەکی بەرز و باڵاترە!
مرۆڤ ئە بوونەوەرە سروشتییە، لە پڕۆژەی شارستانیدا، بووەتە ڕێگر لەبەردەم مرۆڤ خۆی، یان وەک فەرهاد کەریم دەڵێت:
مرۆڤ داهێنەرێکی نەخۆش و باڵایە “٧٨”
ئەم داهێنەرە، زەمینی کردووەتە قەفەز و فڕینی ئازادی تێدا نامۆ کردووە، واتا مرۆڤ بە ڕووحی ئازادی خۆی نامۆیە ولە غوربەتێکی گەورە و غەریبییەکی تۆقێنەردا دەژیەت. مرۆڤی قەفەز وەک مرۆڤگەلی نێو ئەشکەوتی ئەفلاتۆنە، بەڵام لە سەردەمی پۆستمۆدەرنە و جیهانگیری و تەکنەلۆجی نوێدا، زەوی کراوەتە ئەشکەوتێک و مرۆڤی تێدا فڕێ دراوە و لە وەهم پتر هیچی تر نابینێت، هەموو ئەو ژیانەی لەنێو ئەم ئەشکەوتە-قەفەسەدا دەیباتە سەر لە وەهمێک زیاتر نییە، وەک ئەو باڵندەیەی لە سروشت دەیڕفێنن و دەیخەنە قەفەزێکەوە، باڵندەی نێو قەفەز، مرۆڤی نێو قەفەز، هەمان ژیانی بندەستی و وەهمی بەسەردەبەن!

(٩)
مرۆڤی زیرەک، بابەتێکی تری شیعری فەرهاد کەریمە و لە شیعرێکی نەرمین و قووڵدا، ناوی مرۆڤی زیرەک بۆ ئەو خودە بەکاردێنێت، کە دەتوانێت بۆ باوەشی سروشت بگەرێتەوە و وەک بوونەوەر و ماکەکانی سروشت ئاوێتەی جیهان ببێتەوە.
چەقۆکەت فڕێدە مرۆڤ “ل٨٦”
ئەمە مانیڤیستۆی بەشێکی گەورەی ئەم کتێبەیە، بۆ ئەوەی مرۆڤ تێ بگات ژیان مریشکێک نییە و سەری ببڕێت! بەڵکوو مرۆڤ لەنێو ژیاندا وەک ماسی، باڵندە، ئاژەڵەکانی و تر لەیەک ڕووباردا ئاو دەخواتەوە، ژیان دەخواتەوە! مرۆڤی زیرەک بە پێجەوانەی مرۆڤی ئاسن و کۆنکریت و قەفەز، دەزانێت ئەم سروشتە بۆ هەمووانە، هی هەمووانە، ئەم سروشتە بوونی هەموومانە، بەڵام شتەکانی تر وەک دین، ئایدیۆلۆژیا، قەفەز ئەمانە سەر بە بوونی نین و لە هۆشیارییەکی بالای مرۆڤی زیرەکەوە نەهاتوون، بۆیە دەبێت لەگەڵ بوونەوەرەکانی تر خۆمان هەڵدەینە نێو ڕووباری ژیانەوە!
فەرهاد کەریم لەم شێعرەدا پێشنیاز دەکات، مرۆڤ بۆ فەرهەنگی پێش دین و ئایدیلۆژیا بگەرێتەوە، وات بۆ حیکمەتی قەدیم، پێشین، سەرەتای زانین و حیکمەتی مرۆڤی بەرز و بالا، کە بەهای ژیان و بوون و جیهانی دەزانی، کە بەهای ئیمانی دەزانی و لە دڵەوە کاری پێ دەکرد و خواناسانە و خۆناسانە دوور لە هەر فۆرمێکی فەرمی وەک ئەوەی ئێستا لە جیهانی ئێمەدا دەگوزەرێت، دینی کردبووە ڕێگەیەک بۆ هەق، بۆ جوانی، بۆ چاکە و خێری ڕەها!
لەم شیعرە و شیعرەکانی تریش، ئەم ئاماژە ناسک و نەرمینانە دەبینینەوە، کە شاعیرانە، سۆفییانە واتایەکی باڵا، بە ژیان مرۆڤ دەبەخشن، دەخوازێ مرۆڤ زیرەک بێت و تێ بگات کە ژیان هی ئەوە نییە بکوژرێتەوە، بەڵکوو هی ئەوەیە بە خۆشەویستی و جوانی و ئارامی و ئاشتەوایی ئەزموون بکرێت.
فەرهاد کەریم، لە گشت شیعرەکان ئەم پەیامە بۆ مرۆڤ ئاشکرا دەکات، کە مرۆڤ دەبێت بچێتە نێو ژیان، نەوەک لێی دەربچێت، ئەو مرۆڤە دەتوانێت بچێتە نێو ژیان، کە زیرەکە، کە سروشتییە، کە حیکمەتی پێشینی هەیە، کە سۆفییە، کە شاعیر و هونەرمەند و حەکیمی ژیانە.

(١٠)
بارانە مرۆڤ، ئەم ناونیشانە دەکەوێتە کۆتایی ئەو بەشە شیعرانەی کە لە ساڵانی ٢٠٢١-٢٠٢٢ نووسراون، لەم بەشەدا، دەبینین فەرهاد کەریم، بەم دەقە باس لە مرۆڤی باران دەکات، کە نهێنی ژیانە! کە ژیان پەیدا دەکات، بۆیە بارانە مرۆڤ دەبێتە مرۆڤە ژیان!
فەرهاد کەریم بە درێژایی ئەم شیعرانە، دەیەوێت وەک پێغەمبەرێکی هونەر، کە موقەدەسەکەی خودی مرۆڤە، کە پەیامەکەی بۆ ژیانە، دەڵێت: ئەی مرۆڤ وەک باران بە، وەک ژیان بە، دەرگە بەسەر مرۆڤ و ماسی و دەریا و کۆتر و پەپوولە و مامز و چیا و گوڵ و زەوی بکەوە بۆ ژیان، چونکە بێ مرۆڤی ژیان، هەموو شتێک دەمرێت و لەنێو دەچێت.
فەرهاد کەریم، لە گشت ئەم بەشەی شیعرانەدا، دەنگێکی یاخییە، بەڵام هونەرییانە دژ بە پڕۆژەی مرۆڤی نوێ، مرۆڤی هێز، مرۆڤی سارد، ئاسن و کۆنکریت دەوەستێتەوە، دژ بەم پڕۆژەیە؛ وشە، نووسین، شیعر دەکاتە هونەر و پەیامێکی جوانگەرانەی پێ دەنێرێت.
فەرهاد کەریم باس لە گەورەیی و موقەدەسی مرۆڤ دەکات، باسی بێگەردی و باڵایی ژیان دەکات، شاعیرانە، مێژووی موقەدەسی مرۆڤ دەپارێزێت و دژ بە موقەدەسی ماددی دەنووسێت.

(١١)
لە کۆتایی ئەم خوێندنەوەیەدا، خۆشحاڵ بووم کە توانیم ئەم وشانە بۆ فەرهاد کەریم وکتێبە شیعرییەکەی بنووسم، وەک وەرگرێک قەرزداری ئەم ڕەنج و ئازارەم کە وەک کەسێک و نووسەرێک لەنێو ئاسن و کۆنکریتدا دەیکێشێت و ئازارەکان بە وشە و شیعر دەکات و پێشکەشی مرۆڤی دەکات.
فەرهاد کەریم، بێدەنگ دەنووسێت، کەم کەس دەیناسێت، خوێنەرەکانی بە ژمارە زۆر نین و ڕەنگە ئەوانەی تێشی دەگەن کەمتر بن، بەڵام من دڵشادم کە خوێنەری فەرهاد کەریمم، کە لە نووسەرانی نێو میدیا و سۆشیالمیدیا و دەزگەکانی ڕاگەیاندن و پەخشان و بڵاوکردنەوە و چاپکردندا جیاوازە، فەرهاد نە ئەستێرەیە، نە پاڵەوانە، نە قارەمانی جیهانی نووسین و شیعر، بەڵکوو کەسێکە شاعیرانە، ڕاستگۆیانە ئەزموونی ژیانی هەقیقی و شیعری و ئەدەبی و هزری خۆی دەکات، خوێندنەوەی بەرهەمەکانی لە کەشی دیار و بەرچاوی نووسینی کوردیمان دوور دەکاتەوە، دەمانباتە نێو ئەو نووسینانەی بە ڕاستی دەبنە ئەزموونی خوێندنەوە.
لێرەوە سوپاس بۆ فەرهاد کەریم و ئەو دیارییە جوانەی!

هۆشەنگ شێخ محەمەد
هەولێر- تەمموزی ٢٠٢٣

زەوی لە قەفەزدایە. فەرهاد کەریم. ساڵی چاپ ٢٠٢٣ لە بڵاوکراوەکانی کولتوور.

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish