Skip to Content

ژانری سایکۆ لە سینەمادا … و : شوان عەباس بەدری

ژانری سایکۆ لە سینەمادا … و : شوان عەباس بەدری

Closed
by تشرینی یه‌كه‌م 17, 2019 Cinema, General

                                                   

لەم ژانرە سینەماییەدا کاروکاردانەوەکانی کارئەکتەری سەرەکی فیلمەکە دەبێتە هۆی خوڵقاندنی کۆمەڵە ڕووداو و بەسەرهاتێکی جیاوازی هەمە چەشنە و ڕیتمی چیرۆکی فیلمەکە بەرەو سینەمای ڕووداوی و ترسناک و تێک هەڵکێش هەنگاو دەنێت هەر لە بەر ئەمەش دەتوانین ژانری سایکۆ بە ژێرخانی ژانری ترسناک و دڵەخۆرپێ پێناسە بکەین .

ژانر چییە ؟ لەنێو ئەو هەموو فیلمە سینەماییانەی کە لە سەر بناغەی ژانری سایکۆ بەبەرهەم هێنراون دەتوانین  فیلمی (سایکۆ ) ی  ئالفرید هیچکۆک کە لە ساڵی 1960 بەبەرهەم هێنراوە بە پێشەنگ و بناغە دارێژەری ئەو جۆرە فیلمانە ئەژمار بکەین .

لەم فیلمەدا کەسایەتی سەرەکی فیلمەکە بە ناوی (نۆرمەن بیتس ) کە کەسایەتیەکەی لەلایەن ( ئانتۆنی پرکینز ) ەوە بەرجەستە دەکرێت و کەسێکی دەروون شێواوە و بە دەست نەخۆشی دەروونییەوە ئەناڵێنێ ، ( نۆرمەن ) گەنجێکی تەمەن 30 ساڵە و مۆتێلێک بەرێوە ئەبات ولەبەر ئەوەی بە ڕووکەش هیچ جیاوازیەکی لەگەڵ کەسێکی ئاساییدا نییە  کەس ئاگاداری ئەو دۆخە دەروونیە شێواو و پەشۆکاوەی نییە بەڵآم لە ڕاستیدا (نۆرمەن) لە دوای مەرگی دایکی دووچاری شۆکی دەروونی بووە و نالەبارییە دەروونییەکەی گەیشتۆتە لووتکە و تەنانەت جەستەی دایکیشی لە ژوورێکی پشتەوەی هوتێلەکە بە بێ ئەوەی بینێژێ شاردۆتەوە .

هەروەها فیلمی ( شاتر ئایلەند) ی مارتین سکۆرسیزی دەرهێنەر یەکێکە لە فیلمە بەناوبانگەکانی ناو ئەم جۆرە ژانرە سینەماییە ، لیۆناردۆ دیکاپریۆ کە مارشالێکی ئەیالەتییە هەڵدەستێت بە کووشتنی هاوسەرەکەی و دوای ئەو تاوانەش دەخرێتە ژێرچاودێری پزیشکی و چارەسەری دەروونیەوە بەڵآم ئەو هەرگیز ناچێتە ژێرباری قبوڵ کردنی ئەو تاوانە و هێشتا خۆی با پلەدارێکی بەرزی ناو پۆلیس دەزانی .

لە فیلمەکانی دیکەی ئەم جۆرە ژانرەدا کاروکاردانەوەکانی کارئەکتەری سەرەکی چیرۆکەکە نابنە هۆی کووشتن و کاری تاوانکارانە بەڵآم ڕیتمی ڕووداوەکان بینەر ڕووبەڕووی چەندین بابەتی دەروون بەریشانە دەکاتەوە ، بۆ نمونە فیلمی دەروونناسیانەی ( سەرەتا) ی کریستۆفەر نۆلانی دەرهێنەر یەکێکە لەو جۆرە بەرهەمانە.

لە هەندێک فیلمی دیکەی  ژانری سایکۆدا ناوەرۆکی فیلمەکە بە گشتی لە دەوری کارئەکتەرێک دەخولێتەوە کە لە ئەنجامی چەند دۆخێکی دژواری بە زۆر بە سەردا سەپێنراو و لە ڕێی ژمارەیەک کورتە ڕوداوی جیاوازەوە کەسەکە کەم کەم دوچاری دەرۆن شێواوی و نالەباری دەروونی دەبێتەوە.

گەر لە فیلمی ( سایکۆ ) ی ئالفرێد هیچکۆکدا کەسایەتی ( نۆرمەن ) هەر لە سەرەتاوە خاوەن کەسایەتییەکی ناهاوسەنگ و لێوانلێوە لە کێشە و تەنگەژەی دەروونی مەترسیدار ئەوا لە فیلمی ( درەوشانەوە ) ی ستانلی کۆبریکی کۆچکردوو کارئەکتەری ( جاک تۆرنس ) کە ( جەک نیکلسۆن ) ڕۆڵەکەی بەرجاستە دەکات هەنگاو بە هەنگاو و بە پێی ڕووداوەکانی ناو فیلمەکە دووچاری نالەباری دەروونی دەبێت و دواجار هاوسەنگی هزری خۆی لە دەست ئەدات .

نابێت ئەوەش لە یاد بکەین کە ژانری سایکۆ یەکێکە لە سەختترین ژانرەکانی ناو سینەما و لە ڕاستیدا بۆ بەرهەم هێنانی ئەم جۆرە فیلمانە ئەوا دەبێت سیناریۆیەکی بەهێز و قوڵمان هەبێت کە بە باشترین شێوە کورتیلە چیرۆک و ڕووداوەکان پێکەوە ببەستێتەوە و لۆژیکیانە باس لە کەسایەتییەکان بکات و سیناریست و نووسەر و دەرهێنەر و تا ڕادەیەکیش ئەکتەرەکان شارەزاییەکی باشیان لە بواری دەروونناسیدا هەبێت .

Previous
Next
Kurdish