یادداشتی نێوان په‌نجه‌كانم كه هه‌میشه غلۆر ده‌بنه‌وه … ئه‌حمه‌د حاجی سامی
(مرۆڤ ده‌یهه‌وێ له ناخۆشییه‌كاندا ته‌نها نه‌بێت. هه‌میشه حه‌ز به‌وه‌ده‌كات، كه‌سێكی دیكه‌ی له‌ته‌ك بێت. چونكه هه‌موو ئازارێك پێویستی به دووباره گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ خوود، ئه‌و ئازاره‌ی هه‌میشه ویستووته كه‌سێكی تریش پێی بزانێت).
بیركردنه‌وه له ژیان، بوێری ده‌وێت. له‌ناو ئه‌و هه‌موو باڵه‌خانه شوومه‌دا، ترسم له ونبوونی خۆم هه‌بوو. به‌ڵام له ژێر سێبه‌ری باڵه‌خانه‌كان ونبووم. سه‌یری ئه‌و ژوورانه‌مان ده‌كرد، كه په‌نجه‌ره‌یه‌كیان نه‌بوو با بیگاتێ. ده‌لاقه‌یه‌كیان نه‌بوو ته‌نهاییم هه‌ڵبواسێت. كه‌چی من به زه‌ڕینی ئه‌و گوێدرێژانه‌ی پیرتربوون له با، دڕنده‌تربوون له بومه‌له‌رزه‌كان و تۆفانه‌كان و ڕه‌شه‌باكان، بانگی مه‌رگم كرد. له لێواره خامۆشه‌كانی قه‌راغ ده‌ریا، چاوه‌كانی خۆم نوقاند و په‌نجه‌كانم ناشت. كه تۆ یادداشتێكی و له نێوان په‌نجه‌كانم جێگه‌ت نابێته‌وه.
كه گه‌ڕامه‌وه، له هه‌وه‌ڵین لاپه‌ڕه‌ی لهدایكبوونهوهمدا، دۆڕانی خۆم به‌و ئه‌ستێرانه نووسییه‌وه، كه شه‌وێك به ڕووناكییه درۆینه‌كانی گومڕای كردم و چاوه‌كانی لێ سه‌ندم. به‌ڵام من گوێم به‌و ده‌نگانه نه‌دا، كه له ئاسمانه‌وه ده‌هاتن و وڕێنه‌یان بۆ ده‌كردم. گوێم به‌و فریشتانه نه‌دا، كه ده‌یانگوت: “مرۆڤ بۆ شكست به‌دینه‌هێندراوه”. نا .. من گوێم به نووزه‌نووزی كابووسه‌كان نه‌دا، كه به‌سه‌ر كڵپه‌ی ئاگری سینه‌مه‌وه، بته‌كانیان سه‌رخۆش ده‌كرد. چونكه تۆ له ڕه‌چه‌ڵه‌كی ئه‌و فریشته‌یه‌یی، تاریكتره له من. پیرتره له من. خه‌مگینتره له من.
وا بیر مه‌كه‌وه ئومێدێك نه‌ماوه بۆی بژین! با وه‌ك تارژه‌نێكی خه‌مگین و سۆزانییه‌كی پیر، سه‌رینه‌كانمان بگۆڕینه‌وه. جێگه‌كه‌مان بۆ ئاگر و كڵپه پاكه‌كانی دۆزه‌خ جێبێلین. با ئه‌مڕۆ له بیر بكه‌ین و بیر له داهاتوو بكه‌ینه‌وه. ڕه‌نگه ئیدی به‌یانییه‌ك نه‌بێت، كه‌له‌پچه‌كه‌ی ده‌ستمان داكه‌نین و كڕنووش بۆ ژیان به‌رین. وا بیرمه‌كه‌وه له كۆتا ساته‌كانی ژیانمانداین. كه من نه عه‌شقم ماوه پێتی بفرۆشم، نه وه‌سیه‌تێك له دوای خۆم جێده‌هێڵم. ئه‌گه‌ر له دوای ئه‌و ژیانه، ژیانێكی تر نه‌بێت، ئه‌و ژیانه نادادپه‌روه‌رانه‌یه. كه ئێره، شوێنی په‌زمه‌نده‌كردنی فرمێسكه وه‌ریوه‌كانی خاك و هه‌ناسه شه‌هیدبووه‌كانی ناو بایه.
له‌و كه‌رنه‌ڤاڵی مردنه‌دا، به‌دگومانم له هه‌موو حه‌رفه‌كانت. شكسته‌كانی خۆم ده‌گێڕمه‌وه و خه‌ونه‌كانم كۆده‌كه‌مه‌وه. ئه‌و خه‌ونانه‌ی مزگێنی گه‌یشتنی من بوون؛ به‌و ده‌ریایانه‌ی به‌ڕۆژوون له خنكاندنی په‌پوله ئالووده‌بووه‌كانی نێو ئه‌و نه‌سیمانه‌ی به‌سه‌ر ئۆقیانووسه دووره‌كاندا، مۆسیقا كۆده‌كه‌نه‌وه. من به‌سه‌ر ئه‌و شه‌وانه‌تدا هاتمه‌وه، كه په‌نجه‌كانی خۆت ده‌ناشت. كه گۆڕت بۆ شه‌وه‌كانت هه‌ڵده‌كه‌ند. كه مه‌قامت بۆ ئاینده‌مان ده‌ژنه‌وت. به‌ڵام من گه‌ڕامه‌وه دۆزه‌خ و جێ په‌نجه‌كانی تۆم نه‌دۆزییه‌وه. چونكه ئه‌وه‌ی شه‌و لێمانده‌بات، ئاینده‌مانه. ئه‌وه‌ی دۆزه‌خ لێمانده‌ستێنێت، ئازادییمانه. كه تۆ له جنسی برووسكه‌كان و گێژاوهكانی هه‌قیقه‌تێكی ڕه‌های، من شه‌ڕ له‌گه‌ڵ ئه‌و تارمایییه بچووكانه ده‌كه‌م، كه ڕووناكییان لێ دزین. كه تۆ شیره‌خۆری مانگ بوویت و من له ئاسمانه‌وه؛ میراته به‌جێماوه‌كانی هه‌ور و بارانم كۆده‌كرده‌وه. كه هه‌موو شتێك وه‌همبوو. كه كۆتاییه‌كان ته‌نها جیابوونه‌وه بوو.
ئێمه كه له خۆڵه‌مێشییه‌كه‌ی خۆمان دروستبووینه‌وه، به عه‌رعه‌ر ئه‌و شه‌وانه‌مان شارده‌وه، كه گوناهه‌كانمان تێلاوه‌ت ده‌كرد و ده‌پاڕاینه‌وه .. به‌ڵام منی شه‌كه‌ت و ماندووی ناو ئه‌و جه‌نگه – كه ژیانه – ویستم ته‌نهایی خۆم بسووتێنم. ویستم سه‌ودای برینه‌كانم بكه‌م و به مردنێكی تر، ئه‌و یادداشتانه‌ت بۆ بنووسمه‌وه: كه به‌هه‌شت ده‌رگه‌كانی خۆی له‌سه‌ر من داده‌خات و دۆزه‌خ نامگۆرێته‌وه به لاشه‌یه‌كی زیندوو.¬¬¬¬¬¬ كه من سزای ئه‌و ڕۆژانه‌م وه‌ك ملوانكه‌یه‌كی زێڕین، له مل ده‌كه‌م و فرێ ده‌درێمه به‌رده‌م پاشماوه‌كانی به‌هه‌شت. به‌ڵام بیرت بێت، ئه‌وه‌ی له نێوان په‌نجه جوانه‌مه‌رگه‌كانی مندا غلۆربۆوه، تۆ بوویت .. كه له یادداشتێكی ڕه‌ش و برینێكی ئه‌به‌دی و فانۆسێكی كوژاوه، زێتر نیت. تۆ كه بایه‌كی تووڕه و په‌تێكی پساویی؛ له‌و مه‌یدانانه‌ی كه عاشقان فه‌نا ده‌بن و چیدی هۆگری مۆم و ده‌فته‌ر و شیعر نابنه‌وه.
من وه‌ك كاغه‌زێك بۆ ته‌نهایی ئه‌و ڕۆژانه‌ت سووتام، كه له‌ناو به‌له‌مێكی كوندا، قه‌وزه‌كانی ده‌ریات به‌سه‌ركرده‌وه و ده‌ستت به‌سه‌ر تاشه به‌رده‌كان داده‌هێنا، به‌غیلیت به‌و شه‌پۆلانه ده‌برد، كه به‌ره‌وو ڕابردوو كێشیان ده‌كردی. به‌ڵام من بێزاری خۆمم؛ به خۆر و پڕشنگێك له زووڵمه‌تدا ئاواكرد. كه من عه‌وداڵی سفره‌ی سیحربازه‌كان و كابووسی سه‌رۆكه‌كان و جانتای په‌یكه‌ره‌كان و مه‌ره‌كه‌بی لافیتهنووسهكان بووم. تۆیش كه له‌و سه‌دده‌ی ڕۆبۆته‌دا، چیدی مرۆڤ نیت، بڕوا به پێشبینییه‌كانی ڕاهیبێكی دڕنده مه‌كه، كه سوێندی به ڕابردوو خواردوه و باوه‌ڕی به داهاتوو نییه. ئێمه هه‌رچه‌نده گومڕا بین، ڕۆژێك به‌و مێهره‌بانییه ڕه‌هایه ده‌گه‌ین، ئه‌وكات ده‌سته‌كانمان پڕ ده‌كه‌ین له نوێژی به‌جێماو له منداڵیماندا. له دووعای دووباره و كوشنده‌ی ته‌نهاییماندا. چونكه ده‌نگێك له یاده‌وه‌رییمان ده‌له‌رێته‌وه و ئه‌و خۆره ئهسیركراوهی سینه‌ت هه‌ڵده‌مژێت، كه قه‌ڕنێكه له‌نێوان په‌نجه‌كانی مندا ده‌سووتێت. كه تۆیش هه‌میشه له نێوان په‌نجه‌كانم غلۆرده‌بوویه‌وه. كه هه‌میشه له نێوان په‌نجه‌كانم ده‌كه‌وتی. كه هه‌میشه له نێوان په‌نجه‌كانی مندا، نامه‌كانی خۆت به شه‌مه‌نده‌فه‌رێكی هه‌تاهه‌تایی ده‌سپارد و به‌سه‌ر فه‌رشی سوور و قه‌ترانی ڕه‌شی وندا، دووكه‌ڵت ماچ ده‌كرد. كه‌وایه ئێمه له فیتنهگێڕهكانی ئاگرین. ئێمه له سه‌رخۆشه‌كانی جه‌هه‌نه‌مین.
ئه‌ی په‌ڕجوو .. به یادی تۆ، دڵه‌كان ئۆغژه‌ن ده‌گرن. ئه‌و فیڕاقه، ئه‌و دنیایه، سه‌به‌ته‌یه‌ك شه‌هوه‌ته، له خه‌نه‌ی ده‌ستی ژنێك؛ ژیان ڕه‌نگ ده‌كات. ماره‌ییت، جیابوونه‌وه‌ی دوو دڵ بوو، له دڵڕه‌قییه‌كانی ئێره. كه به‌یه‌كگه‌یشتنی من و تۆیان، كرده هیوایه‌كی چنراو، له ته‌ونێكی مێژوویی. له ڕۆژگارێكدا په‌یامبه‌ره‌كان له‌سه‌ر پشتی فریشته‌كانه‌وه، گره‌ویان له‌سه‌ر پاكێتی تۆ ده‌كرد، من وه‌ك پیاوێكی دڕنده، به گاڤی ڕاڕاوه ڕێم ده‌كرد. به‌ڵێ، ئیدی كاتیه‌تی شیعر و په‌نجه‌كانم، له‌و ئاسمانه‌دا بنێژم، كه تاعونی به‌سه‌ر ده‌باراندین. به‌سه‌ر ئه‌و خاكانهدا بفڕ‌م، كه تیری له حیكایه‌ته سپییه‌كانی مندا و چیدی نه‌بوومه‌وه مرۆڤ. چیدی په‌نجه‌كانم به شیعرم پیس نه‌كرده‌وه.
ئه‌و كارخانه گه‌وره‌یه‌یی كه مرۆڤی گه‌مژه به‌رهه‌مده‌هێنێت، له سووچێكی ئه‌و دۆزه‌خه‌دا به عه‌شق به‌ندمان ده‌كات. چونكه كۆمه‌ڵگه هی ئێمه نییه و ئێمه له ده‌ره‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ین. من ته‌پۆلكه‌یه‌كی با بردوو، كراسه خوێناویییهكهم خاوێن مه‌كه‌وه و بمخه‌ره ناو تابلۆیه‌كی خۆت. كه من له ته‌رمی باڵنده‌كان و لاشه‌ی دره‌خته‌كان و جه‌سته‌ی ئاگرینی ده‌رگاوانه‌كانی جه‌هه‌نه‌م، ڕه‌نگه‌كانم بۆ ته‌فسیر كردی. كه من به ڕووخساری ڕه‌شی خۆمه‌وه؛ به‌ناو زیندانه‌كانی مه‌رگدا غلۆربوومه‌وه و دواهه‌مین سووڕه‌تم بۆ خوێندیه‌وه: دروود بۆ ته‌نهایی و نه‌فره‌ت له سوێنده جوانه‌مه‌رگه‌كانی سه‌ر لاشه‌ت. من وه‌كوو ڕه‌به‌نێكی ته‌نیا، به‌سه‌ر خامۆشی ڕۆژگاردا چه‌قیم. ئه‌و ڕۆژگاره‌ی ناپاكی له ڕابردوومان كرد و ته‌نهای كردین. ئه‌و ڕۆژگاره‌ی فریوییداین و نه‌مری به برینه‌كانمان به‌خشی.
ئه‌و ئێواره‌یه، هه‌موو له خۆتان جێتان ده‌بێته‌وه، من نه‌بێت. هه‌موو له خۆتان هه‌ڵده‌گه‌ڕێنه‌وه، من نه‌بێت. هه‌موو له‌یه‌ك ده‌چن، من نه‌بێت. كه له زه‌خره‌فه و تاریكیی و خوێن ده‌چم. من كه له سێبه‌ری شه‌ودا قهقنهسهكانم ماچ كرد، له قه‌فه‌سێكدا زیندووبوومه‌وه، موڵكی خوداكانتان بوو. كه هیچ خودایه‌ك له‌سه‌ر زه‌مین بوونی نییه. جگه له‌و خودایه‌ی له ئاسماندا، باوه‌شی به حهرفهكانمدا كرد و زمانی بڕیم.
سروودی من و وه‌رزی تۆ. دۆزه‌خی من و زیندانی تۆ. برینی من و سوێندی تۆ. ته‌نهایی من و په‌نجه‌كانی تۆ. شه‌وێك ده‌ستی تۆ و په‌یكه‌ره‌كانت ده‌گرم. به سروود و دۆزه‌خ و برین و ته‌نهاییه‌كه‌ی خۆمت، ئاشنا ده‌كه‌م. شه‌وێك خۆڵهمێشییهكهت ده‌كه‌مه دیاری هاتنه‌وه پایزێكی تر و خه‌زێنه‌كانی تاڵاندهكهم. وه‌ك فاحیشه‌یه‌كی دووڕوو، به وه‌رز و زیندان و سوێند و په‌نجه‌كانت شۆڕده‌بمه‌وه. كه قیامه‌ت دێت و له‌یه‌كتر جیامانده‌كاته‌وه. كه تۆ له فریشته‌كان ماره ده‌كرێت و من له‌زه‌مهه‌ریردا، ده‌ستی شه‌یتانێكی به‌جێماو ده‌گرم. كه قیامه‌ت دێت و یه‌كتر نابینینه‌وه.
له جه‌نگێكدا، كه سه‌ودای جه‌نگاوه‌ره شه‌كه‌ته‌كان ده‌كه‌م، مس به‌سه‌ر لافاوه‌كان ده‌به‌خشمه‌وه. زێڕ به‌سه‌ر گیاكان و ئاگر به‌سه‌ر له‌نگه‌ره‌كان بهشدهكهم. به‌سه، من ئیدی مه‌رجانه‌كانی ناو ده‌ریاتم خۆشناوێت، كه وه‌ك شه‌قاوه‌یه‌ك ده‌رده‌كه‌ون. ئیدی بۆ دواجار حوورمه‌تی دواهه‌مین شه‌وی مه‌ستت ده‌گرم و ده‌ڕۆم. ئه‌ی ستوونێكی بڕاو له‌و زه‌مه‌نه پلاستیكییهدا، من له‌و شیعرانه تێناگه‌م كه تۆ ده‌یانخوێنیته‌وه. حه‌ز به بایانه ناكه‌م، كه شه‌ڕانگێزییه‌كانی خۆتی تێدا ده‌شاریته‌وه. وه‌ك ئه‌و ڕاوچییه سه‌رسه‌خته مه‌به، كه قولاپێكی له ڕۆح و قولاپێكی له كه‌مه‌رم چه‌قاندوه. وه‌ك ئه‌و سیمرغه مه‌سته مه‌به، كه تاڵه تیژه‌كانی له سینگمدا كۆكرده‌وه. من مرۆڤێكم له حوزن، له گۆرانی، له ئایین، له شیعر. تۆیش كه مرۆڤێكی حه‌زینی، خه‌م بۆ ڕابردوومان مه‌خۆ، كه ئێمه پێیه‌كمان له ڕابردوو و پێیه‌كمان له داهاتوودایه. ئه‌و خۆئهشكهنجهدان و شه‌ونخونی و دابڕان له دنیای ماددییه، تاكه ڕێگه‌ی نزیكبوونه‌وه‌یه له خودا. ئه‌ی ئاگر .. خه‌م مه‌خۆ، ڕۆژێك ئه‌وانه كۆتایی دێت و ده‌بیته‌وه مرۆڤ. كه تۆیش ده‌ستت به پیرۆزییه‌كانی دره‌خت و گه‌ڵا مه‌ست كردوه، له ئۆقیانووسه‌كان یاخیبوویت و خیانه‌تت له به‌له‌مه‌كان كرد. نه‌كه‌ی به خه‌ونی ڕه‌ش و ئاڵۆزی شاعیران ههڵخهڵهتێی. به‌خشنده‌به و ته‌نهایی من پینه بكه، كه له نێوان په‌نجه‌كانم غلۆرده‌بییه‌وه و شیعر دهرگهكانت له‌سه‌ر داده‌خات. ته‌واو من چیدی شیعرم خۆشناوێت.
ئه‌وه‌ی سواغی ئازاره‌كانی ئێمه ده‌كات، پێكه‌نینه .. هه‌رچه‌ند تووڕه‌بین، هه‌رده‌بێ هێور ببینه‌وه. هه‌رچه‌ند دوور بڕۆین، چاره‌مان نییه ده‌گه‌ڕێینه‌وه. هه‌رچه‌ند بنووسین و هه‌رچه‌ند هاوار بكه‌ین، ناتوانین نه‌مرین، چونكه عاشقان هه‌رگیز ناگه‌ن به نه‌مری. هه‌رچه‌ند به‌هێزبین، دواجار له نێوان په‌نجه‌كان غلۆر ده‌بینه‌وه. ئه‌ی ئه‌فسانه‌یه‌ك، كه هه‌رگیز بوونت نه‌بوه، چهرچهفهكهت له ده‌سته‌كانم قوفڵ مه‌ده، لێگه‌ڕێ با پێكه‌نین ببێته سواغی ئازاره‌كانی ئێمه.
ئه‌حمه‌د حاجی سامی – 2019