Skip to Content

ئەی یار هەموو شتم لە دەستدا… قەسیدە: ستیڤان شەمزینی

ئەی یار هەموو شتم لە دەستدا… قەسیدە: ستیڤان شەمزینی

Closed
by ئاب 4, 2022 General, Poems

لە پێناوی تۆدا هەموو شتم لە دەستدا
ئەو بەیانییە ئارامانەی گمەی کۆترێکی دڵشاد
لە خەوی ناو پێخەفی دڵنیایی خەبەری دەکردمەوە
ئەو شەوانەی بە مەستی
بەژێر دارتێلەکانی شاردا دەڕۆیشتم
لە ژێر هەنگاوەکانمدا
جۆگەلەیەکی بزێو سڵاوی لێ دەکردم
ئەو کتێبە نەخوێندراوانەی
لەسەر رەفەی کتێبخانەکەم
شۆڕشێک لەناویاندا کەوتۆتە لێواری هەڵوەرین
ئەو پیاسانەی لە باخەکانی عەقڵدا دەمکردن
ئەشکەنجەی هەوری هەوەسیان دەدا
بۆ ئەوەی هیچ نەبێت ببنە بارانێکی مەغرور
ئەو ژاوەژاوە ئاژاوەچییانەی گیانیان پڕ کردبووم
لە بەڵێنی درۆی بەهەشتێک لە تەنهایی
ئەو پاڵتۆ چەرمە ئەستوورەی ببووە رووپۆشی
ژانی ئەو هەژارییەی هەمیشە دەمشاردەوە
ئەو دەستکێشە گەرم و گوڕە لە هەقیقەت چنراوەی
دەمکردە پەنجە تەزیوەکانی دەبەنگییەوە
ئەو ئینجانە شپرزە و درزتێبوانەی
گوڵی کاولبوونی دەروونی تێدا روابوو
ئەو ژوورە گەورە و نەخشەدارانەی ماڵەکەم
مێژووی پیاوێکی خەیاڵپڵاویان
لەسەر هەڵکۆڵدرابوو
ئەو جێگە نێرگزڕێژکراوانەی لە ئەزەلەوە
بۆ ژنێکی رۆیشتوو ئامادە کرابوون
ئاه هەموو شتێکم لە دەستدا
بە خودی خۆشمەوە
تەنها بۆ بەدەستهێنانی ئەو دڵە شەکەتەی تۆ
کە شوێنەواری چەندین زامی دێرینە
لە پێناوی تۆدا هەموو شتێکم لە دەستدا
ئەو گیرفانە پینەکراوانەی پڕبوون لە ئومێد
لە هەر ئومێدێکیشدا هەزاران چرۆ رسکابوون
ئەو شیعرانەی وەک سیگارەکەی دەستم
بەدیار خەیاڵە فێدارەکانمەوە دەبوونە سوتوو
ئەو پەنجەرە ناسک و هەمیشە دڵکراوانەی
پرشنگی خۆریان وەک هەوا هەڵدەمژی
ئەو نەخۆشییە مەترسیدار و تۆقێنەرانەی
بە دەنکێک حەبی پێکەنین
هەواریان دەگواستەوە
ئەو سفرە لێو بەبزە و چاوبازانەی فریویان دەدام
بانگیان دەکردم بۆ خوانێکی وشک و برینگ
ئەو نزا رەنگاورەنگانەی بە لێزمە دەبارین
بەسەر رۆژانی نغرۆبوو بە هەستی ئاوارەیی
ئەو باڵندە جوانانەی نێو کۆشکی ئەندێشە
هەمیشە رازەکانی فڕینیان بۆ دەکردمەوە
نهێنی ئاسمانیان لەلا باس دەکردم
ئەو ئاگرە بەتینانەی نێو پوش و پەڵاشی ئاوەز
کە هەمیشە دەبن بە ژێر تۆفانی عاتیفەوە
ئەو پێنووسە مانگر و خۆ بەگەورەزانەی
نەیدەویست دێڕێک موحیبەت یاداشت بکات
ئەو کەشتییە رزگارەکە خوێن تاڵانەی هۆش
نەیاندەهێشت لە وەهمی خۆمدا نقووم بم
ئەو درۆ ئێسک سووک و وەفادارانەی
رێیان لە هەقیقەت دەگرت
دەستی بچێتە خوێنم
ئەو پێڵاوە رەق و تەقە دڕاوانەی
پێیەکانیان لە دڕکی دڵشکان دەپاراستم
ئەو یادگارە کزۆڵانەی بە تەنهایی
لەسەر دەفتەری خەمێک یادداشتم کردبوون
ئاه هەموو شتێکم لە دەستدا
بە خودی خۆشمەوە
تەنها بۆ دزینی خەونی جاویدانیی تۆ
کە تێیدا پیاوێکی قەتیسماو راکشاوە
لە پێناوی تۆدا هەموو شتێکم لە دەستدا
ئەو پێغەمبەرە مژدەبەخشە نورانیانەی
مزگێنی راگرتنی نەزیفی گریان دەبەشنەوە
ئەو حەوزە بریقەدار و پڕ شپڵ و هوڕانەی
ماسی سۆز تێیاندا دەکەوێتە سەما
ئەو جیهانەی بە قوڵپ بەڕوومدا پێدەکەنی و
خۆی خستبووە نێو کەژاوەی زێڕینەوە
ئەو جلوبەرگە ئاوریشمیی و رووخۆشانەی
بە تەنافی چاوەڕوانییەوە
“با”ی نەگبەتی بردنی
ئەو جەنگە هەزار بارە و نەبڕاوانەی
لە دژی تەیری گولی نیگەرانی بەرپام کردبوون
ئەو نامە لاکێشەییانەی
دەمخستنە سندوقی سەرمەوە
هەتا ئێستاش
لە نۆبەتی خوێندنەوەدا وەستاون
ئەو ماچە هەڵچووە رەنگ بەهارییانەی
بەدیار لێوێکی ساردوسڕەوە دامرکانەوە
ئەو نەوڕەسە تاساو و خەفەتبارانەی
بەسەر دەریای غەمگینیدا سروودیان دەخوێند
ئەو خەیاڵە پەلکەزێڕینەییانەی منداڵی
لەگەڵ گەورەبووندا تووشی نەزۆکی بوون
ئەو چیرۆکە پڕ رووداو و هەیەجانانەی
لە بن پێی واقیعدا ئەنجن ئەنجن بوون
ئەو کاسێتە ریش چەرمۆ هەڵترووشکاوانەی
زەمەنیان لە ریخۆڵەکانیاندا هەڵگرتبوو
ئەو کامێرا رەنگاورەنگە کپ و بێزارانەی
وێنەی نیشتمانیان لە کاتی ژاکاندا دەگرت
کراسی رەشی ئەو دایکە بێوەژنانەی
میدالیای شەهیدەکانیان لە مل کردبوو
ئاه هەموو شتێکم لە دەستدا
بە خودی خۆشمەوە
تەنها بۆ ئەوەی لانکی پەژارەی تۆ رابژەنم
لە راڕەوی پێچاوپێچی ئەوینتدا ون ببم
لە پێناوی تۆدا هەموو شتێکم لە دەستدا
ئەو فریشتە نازدار و کەوا سپییانەی
لە لاپەڕەیەکی رەشدا ناویان سپی کردمەوە
ئەو رەشەبا غەزەبلێگرتووانەی
بەدەم هوتافکێشانەوە
راپێچیان دەکردم بۆ بەرەکانی شەڕ
پێش ئەوەی گوللەیەک بنێم بە دوژمنەوە
خۆم بە پەتی پەشیمانییەوە هەڵدەواسی
ئەو چەقۆ زمان درێژ و دەم زبر و تیژانەی
پیازی غوربەتم پێ قاش قاش دەکردن
ئەو شمشێرانەی ملی نیگاکانم دەپەڕێنن و
ناهێڵن سەری بڕدراوم
بۆ بینینی حەوایەک ئاوڕ بداتەوە
ئەو گەڵا لەش سەوزە تامەزۆرییانەی
لە شەڕی خەزاندا یەک یەک دۆڕاندمن
ئەو چەمە فێنک و پڕ عیشوە و مەکرانەی
بە چنگێک تۆزی حوزن بیناییان تار کرا
ئەو پرسیارە سەرکێش و ئۆقرە نەگرتووانەی
نەگەیشتنە وەڵام و بەگەنجی سەریان نایەوە
ئەو ئاسمانە شەفاف و شینباوانەی ژیان
هەوری مەرگێک بە ئەسپایی بەری گرتوون
ئەو وشانەی لە زاخاوی هەست هەڵدەکێشران
لە مێژە چەرخێکی ناماقوڵ شۆکی کردوون
ئەو خۆمەی وەک پەرداخێکی پڕ لە ویسکی
لە دەستی قەدەر کەوتمە خوارەوە
تک تک رژام
کەسێک نەبوو کۆم بکاتەوە
لە پێناوی تۆدا هەموو شتێکم لە دەستدا
تەنیا بۆ ئەوەی بەر لە مردن
بە عەشقی تۆوە
یەک دوو رۆژ بە ئاسودەگی بژیم
تەنیا یەک دوو رۆژ

زستانی 2018
بەهاری 2019
ستۆکهۆڵم – ڤێسبی

Previous
Next
Kurdish