Skip to Content

قەدری خۆڵ بگرن!.. فازیل شــەوڕۆ

قەدری خۆڵ بگرن!.. فازیل شــەوڕۆ

Closed
by ئاب 4, 2022 General

(إِنَّ مَثَلَ عِيسَىٰ عِندَ اللَّـهِ كَمَثَلِ آدَمَ خَلَقَهُ مِن تُرَابٍ)
صدق الله العظيم

لەو هەسارە بێسنوورە و لە ناو ئەو هەزاران هەزار پێکهاتە و توخم و گەردیلانەی دەووری ئێمەیان داوە و لە گەڵیاندا دەژین، قەت هیچ توخم و پێکهاتەیەکی ماددی وەکو خۆڵ و خاک، دووانە و هاوتا و هاوسەنگی بوونی مرۆڤ نیین. دەکرێ بڵێن مرۆڤ و بوون یەکسانن یان هاوتەریبن بە خۆڵ و خاک. با بە تێڕامانە قوولەکانی جیهانە ڕوحییانەکانەی پەیوەست بە (خۆڵ و مرۆڤ) ەوە سەرقاڵتان نەکەم ــ کە چەندان کتێبێکی مەزن و پیرۆز و قورسیان لەسەر نووسراوە. با لەوش گەڕێین کە زانست دەڵێ:” جەستەی مرۆڤ نزیکەی ٦٠٪ ئاوە و هایدرۆجین تەنها ١١٪ی ئەو بارستە ئاوە پێکدەهێنێت. هەرچەندە ئاو بۆ هەر ئۆکسجینێک لە دوو ئەتۆمی هایدرۆجین پێکدێت، بەڵام هایدرۆجین بارستەی زۆر کەمتری هەیە. دەتوانین بڵێین کە ٩٣%ی بارستەی ناو جەستەمان تۆزی ئەستێرەیە.”

تۆ وەرە، سەرنجێکی سەرپێی لەم خاڵانەدا بدە:
یەک: لەو ساتە وەختەی، مرۆڤ دێتە دونیا، تا گەڕانەوەی بۆ باوەشی خۆڵ، نەک هەر لەسەر ئەو خۆڵەیە (خاکەیە)، بەڵکو زۆر کەم بە میللیمیش لەو خۆڵە دووردەکەوێتەوە یان لێی جیا دەبێتەوە. هەمیشە پێیەکانمان، یان تەواوی جەستەمان لەسەر ئەو خاکەیە. ئەو کاتە هەست بە خۆشی ناو خۆڵ یان سەر خاک دەکەیت، کە بۆ چوار پێنج سەعاتێک لە ئاسماندا، لە نێو فڕۆکەیەکدا، دەفڕێت. واتا ئەو ساتانەی قاچەکانت لەسەر زەوی نیین. چەندە حەز بەوە دەکەی قاچە گۆد و گۆج و تەزیووەکانت بخەیتە سەر شتێک، نەرم و نیانی و تام و بۆن و بەرامەی لە خاك بچێ. هەست بە چ خۆشییەک دەکەیت کە لە فڕۆکە دادەبەزیت و قاچەکانت دیسان زەوی ماچ دەکەنەوە. هەر ئەو کەسانەی چەند شەو و ڕۆژێک بەسەر دەریادا دەمینێنەوە، دەزانن، دوورکەوتنەوە لە خاک و خۆڵ چەند هەستێکی ناخۆشە. سەرەسووڕە و گێژەخوولکە وتێکچوون و هێڵنج و کێژبوون بە شەپۆڵ و دابەز و هەڵبەزی کەشتی و پاپۆڕەکان، وات لێدەکەن دوعا دوعات بێ ساتێک زووتر بگەڕیتەوە سەر زەوییەکە ــ من بۆخۆم لە گەشتێکی دەریاییی پێنج شەش ڕۆژە، کە لە کەشتییەکە دابەزیم لە هۆشخۆم چووم. قەت هیچ شتێک وەک خۆڵ نەرم و نیانی و خۆشی و ئارامیی بە مرۆڤ نابەخشی، چ ئەوکاتەی بەسەر زەویدا دەڕوا، چ ئەو کاتەی لەسەریدا ڕادەکشێ. تەنانەی جار هەیە ئامۆژگاری دکتۆرەکانە بۆ نەخۆشەکانیان، کە لەسەر زەوی بنوون.

دوو: بە وردی دیقەتێک بدە لەو هەموو هەموو شتەی لە دەوروبەری تۆدا هەیە. ناوی یەک تاکە شتم پێ بڵێ، سەرچاوەکەی یان کانگەکەی یان ڕگەکەی کە خۆڵ و خاک نەبێ، تەنانەت بەفر و باران و تەزرە و تەمومژ و شەونمی سەر گەڵاکانیش.

سێ: هیچ کەسێک ناتوانێ پتر لە چەند ڕۆژێک بژی، گەر دەست بۆ خۆڵ و بەرهەمەکانی خۆڵ و خاک نەبات.

چوار: مرۆڤ، وەک بوونەوەرێکی زیرەک، توانای هەیە، هەزارەها داهێنان بکات و کەرەستە و شتومەکی (نەبوو) بهێنێتە، وجوود، بەڵام توانای درووستکردنی یەک گەردیلە خۆڵی نییە.

پێنج: سەرەڕای ئەو پێشکەتوونە مەزنانەی مرۆڤ، بە تایبەت لە بواری زانست و تەکنەلۆژیا، کە بە چاوی خۆمان دەیانبینین، تاوەکو ئێستا ئێمە، ناوی نیوەی بونەوەرەکانی سەر زەوی و بن زەوی و ناو ئاوەکان دەزانین. هەر بۆ نموونە، تاکو ئێستا نیوەی مێش و مێشوولە و مێروولەی سەر ئەو زەوییە، نەک ناویان نییە، بۆشمان وەگیر نەبوون. جا لە نیو ئەو هەموو هەموو بوونەوەرە، مرۆڤ، تاکە بونەوەرە، کە خۆڵ و خاک پیس دەکات. هیچ هیچ بونەوەرەیەک نییە، زەرەر و زەڕری بۆ خاک و خۆڵ هەبێ، بە پێچەوانەوە، ئەوان ڕاگری هاوسەنگی تەندرووستیی خاک و خۆڵن. میروولە نەبێ، یان قڕ بێ، ئەوەندە ژیانەی هەشە، لەم هەسارەدا نامینێ.

تۆ دەزانی؛ بەگوێرەی توێژەرانی بانکی نێودەوڵەتی، جیهان لانیکەم، ڕۆژانە، ٣ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار تۆن پاشماوەی پلاستیک و پاشماوەی تری ڕەق لە ڕۆژێکدا بەرهەم دەهێنێت، کە ١٠ هێندەی ئەو بڕە زیاترە لە سەدەیەک لەمەوبەر. ئەمریکا پاشای زبڵە، ساڵانە ٢٥٠ ملیۆن تۆن زبڵ بەرهەم دەهێنێت کە پێشەنگی جیهانە- نزیکەی ٤.٤ پاوند زبڵ بۆ هەر کەسێک لە ڕۆژێکدا.

دەبێ، دوای سەد ساڵێکی دیکە، چەندان هەزار تۆن ژەهرمان لەو خۆڵ و خاکە پیرۆز و جوانە کردبێ؟
گەر باسی خۆمان بکەین، لە لای ئێمە تەنها خاک و خۆڵی ناو (ماڵ)ی خۆمان، (سەردوکان و کارگە)ی خۆمان، (باخ و کێلگە و ڕەز و باغچە)ی خۆمان ــ تا ڕادەیەک، ئەوەیش نازانستییانە و بە دەر لە ئایین و ڕەوشت و بەهاکانی مرۆڤەوە، بە هی خۆمانیانیان دەزانین و دادەنێن. بڕوانە دوکاندارەکە، کە دوکانەکەی گەسکدا، خۆڵ و خاشاکە فریدەداتە بەر دوکانەکەی خۆی. بۆچێ؟ چونکە ئەو هەر دوکانەکەی بە هی خۆی دانەوە، ئەمە بۆ هەموو شوێنەکانی دیکەش ڕاستە، بە ناو ئۆتۆمبیلەکانیشەوە.

خەتا لە کێیە؟
خەتا لە هەموومانە، بەڵام بە نمرەی یەکەم، خەتای سیستەمی پەروەردەی سەقەتی ئەو سەت ساڵەی عیراق و کوردستانە، کە نەیانتوانی (مامۆستای ژینگەدۆست و مرۆڤدۆست) بەرهەمبهێنن، تا بتوانن شاگرد و خوێندکارەکانیان هۆشیار و ڕۆشنبیر کەن. لێرە خەتای مامۆستا ناگرم ــ ئەوان ڕێزیان سەرسەرم، پەروەردە سەقەتەکەی زانکۆکان، ئەوانی بە سەقەتی بەرهەم هێناوە.

پیاوانی ئایینی، بە پلەی دووەم خەتاباران، کە نەیانتوانییوە، تا ئەمساتە وەختە، ناوەڕۆک و ڕۆحی ئایینە پیرۆزەکان، بە جوانی و بە تەواوی بگەێنن. ــ من بۆ خۆم هەر کاتێک بە نیو دەرگای مزگەوتی گەورەی کۆیە، تێپەڕی بم، لە نزیک ئاودەستخانەکانی، لووتی خۆم دەگرت. ئەدی بەرپرسەکان هەستیان بەوە نەدەکرد؟ بۆ بە (٥٠) ساڵ، نەیانتوانی خزمەتی ماڵی خوای خۆیان بکەن؟
چیبکەین؟
هیچ مەکەن، تەنها قسەکانتان بکەنە کردار. سەیری سمبوورە و بزنە کێوی و ئاسک و چولەکە و قاز و مراوی بکەن، وەک ئەوان خزمەتی ژینگەی خۆتان بکەن.

کۆتا قسە. خاک و خۆڵ، دووانەی مرۆڤن، خۆ بە مردنیشمان ناتوانیین، دەستبەرداریان بین. ئەدی لە کوردرەواری، جاران کە یەکێکیان بە خاک دەسپارد، دەیانگوت:”خۆزگەم بە خۆی، خاک و خۆڵی وراتی خۆی بە نسیب بوو، ئەوەش شوکری خوای پێدەوێ!”

مرۆڤایەتیی ئێمە، نقوستانە، تا ئەو کاتەی قەدری خاک و خۆڵ دەزانین.

Previous
Next
Kurdish