Skip to Content

چیرۆک/ دیدار.. نەوزاد بەندی

چیرۆک/ دیدار.. نەوزاد بەندی

Closed
by نیسان 26, 2023 General

تەنانەت لە لاویشدا ، توشی شتی وا نەبوو بوو ..باڵایەکی کورت و سەرێکی بەر زەبری بێشکە کەوتوو . . ئێسقانی پان و دوو چاوی بچووکی خڕ ..گیرفانی نیمچە بە تاڵ ، هەموو ئەوانە هۆکار بوون بۆ ئەوەی ژیانی ئەم بە بێ ژوان ودیدار و پیاسەی ئێواران بەسەر بچێ ..خۆیشی نەیدەزانی هۆکارەکەی چییە ، ئەوەندە هەبوو ئەم تەماشا نەدەکرا .. تەنانەت زۆر جار سڵاوی لێ نەدەکرا ..وەک سێبەرێک ئەچووە هۆڵەکانی وانە خوێندنەوە ..زانکۆیەکی وەک سەربازگای بەسەر برد ..
هەر زوو فەرشی سووری بۆ پیریی ڕاخست ..وەک پیرەکان تەزبیحێکی قەزوانی درێژی گرت بە دەستەوە ، جار جار ووتارێکیشی بۆ خۆی ئەخوێندەوە ، وەک ئەوەی ژیان هەر ئەوەندەیە و.. لەوە زیاتر بە تەمای چییە ؟ ئەژی و ..موچەی هەیە و ..خێزانی پێک هێناوە و ..مناڵی گەورە کردووە و ..خوا ناسە و . . ئیتر چیت ئەوێ ؟
هەر خۆی بە خۆی ئەووت : هیچ ..
بەڵام برینێکی نهێنی لەناوەوە ئازاری ئەدا ، وەک ئەوەی بە تەنیشت ژیاندا گوزەری کردبێ و .. حیسابی ژیانی لەگەڵدا کرابێ . . یان لە هۆڵی چاوەڕوانی و بلیت بڕیندا بەجێ هێڵرا بێ و ..نەیانهێشتبێ فیلمەکە ببینێ ..باشە ، چۆن ئەبێ بلیت ببڕێ و فیلمیش نەبینێ ؟ ئێ دە ئەم بلیتیشی بڕیبوو ، کەچی نەیانکردبووە ژوورەوە …
ماڵەکەی ئاوێنەی زۆر کەمی تیا بوو ..پێی سەیر بوو ، تەنانەت گەمژەیی بوو ساڵەهای ساڵ مرۆڤ له سەر و فەساڵی خۆی تێری نەخواردبێ و بەردەوام بێ لە تەماشاکردنی خۆی ..
لە جیاتی ئەوە بڕۆ تەماشای مێروولەیەک بکە ، بزانە چۆن ئەڕواتەوە بۆ ماڵەوە .. یان ئەو پشیلانەی لە کەلاوەکاندا ئەخەون ، نە پێخەف ، نە گەرمکەرەوە ..بەیانی زوو هەڵدەستن ، نە جزدانیان لە باخەڵدایە و نە ئەزانن ئاخۆ ئەو ڕۆژە ئەبێ چی بخۆن .. تەنانەت کە تینوویان ئەبێ ، تۆ بڵێی هەلی ئاو خواردنەوەیەکیان بۆ بڕەخسێ ؟ ..بە ڕاستی جێی داخە ..
هاوپیشەکانی هەر زوو لە فەیسبووک بلۆکیان کرد .. ئێ ئەوان لە کوێ تاقەتی ئەوەیان هەیه ئەشکەنجەی شەمشەمەکوێرەیەک بخوێننەوە کە ئێوارە تا بەیانی ، بە هەڵواسراوی لە ئەشکەوتێکی شێدار و تاریک ، بە سەر بەرەو خواریی ، بخوێننەوە ؟ یان کێ زاتی ئەوەی هەیە نوسینی ئاگراویی بخوێنێتەوە وەک ئەوەی موسوڵمانان هەتا وەک چۆن لە نوێژدا ڕیز دەبن ، لە دژی زاڵمانیش ڕیز نەبن ، نە لە دنیادا هیچ سەوز ئەکەن و نە لە قیامەت ؟ کێ ئەمانە ئەخوێنێتەوە ؟ ئەوان حەزیان لەوە بوو لە فەیسبوکدا نوکتەی خۆش بخوێننەوە .. یان باسی خواردنی خۆش ، یاپراخی پڕ لە گۆشت ..مەقەڵی پڕ لە شیش . . یان کچ و ئوتومبیلی جوان .. ڕووداوی هات و چۆ .. هەواڵی موچە .. ئەگەری پێکدادانی حیزبەکان ، ئەمانە شایانی خوێندنەوەن ، نەک باسی ئازار و خەمی مێروویەک ، کە به ڕێکەوت لە هاوڕێکانی دابڕاوە و لە هەورەبانی داخراوی ماڵێکدا ، هێواش هێواش لە برساندا و لە تینواندا ئەمرێت و به پەنجەرەکەوە ئەبێ بە پوش ..ئەمانە قسەی قۆڕن ..کەس تا ئێستا قازێکی بینیوە دەعوایەک لەسەر خاوەن کێڵگەیەکی پەلەوەر تۆمار بکا ؟ یان مارمێلکەیەک ناڕەزایی بەرامبەر نەعلێک نیشان بدا ؟؟ نییە .. ئەوانە هەموو قسەی قۆڕن ..
ئەمیش بەرە بەرە ، لە کۆمەڵگا و فەیسبووکیشدا تەنیایی وشکی ئەکردەوە .. چەند کەسێک نەبێ ، کە هیچیانی نەبینیبوو …تەنها ئەوەندە هەیە لەگەڵ هەندێ قسەیدا هاوسۆز بوون .. ستیکەری گریانیان دەدا لە گۆشەی دەستەچەپی پۆستەکانی ..
ئەو ڕۆژە زۆر پێی سەیر بوو ، کە سۆزی خەزان ووتی ئەم عەسرە ئەچی بۆ کوێ ؟؟ ئاخر شتی وا چۆن ئەبێ ؟ ..ئەو تەنها کەسێک بوو لەو چەند کەسە کەمەی فێری ئەوەی کردبوو مانگی جارێ یان کەمتر ، ستیکەری گریان بدات لە بەشی خوارەوەی پۆستێکی ..پۆستێک کە باسی کوکوختییەک ئەکا ، مناڵە چەقاوەسووەکانی گەڕەک هێلانە و بێچووەکانیان وێران کردووە ، ئەویش بە بێ دەنگیی بە تەلی کارەباکەوە تەماشایان ئەکا
ــ( خۆت ئەزانی ڕەمەزانە .. )
ئەویش بۆی نووسی : ( ئێ با ڕەمەزان بێ ، خۆ ناچین وەک ئەبرەهە به نیاز بین کەعبە بڕوخێنین ..هەردووکمان بەڕۆژووین .. )
ویستی پێی بڵێ : من زۆر ناشیرینم .. نە باڵا .. نە قژی پڕی خورمایی .. نە لوتی باریک .. نە پەنجەی شمشاڵیی ..نە گەردنی بەرز .. هێندەی فەردەیەک کاسەی سەر و لولاقی پان و ناقۆڵا و سەری کەچەڵ .، پیریێتی و نەخۆشی شەکرە و زەغت و خلیسکانی بڕبڕەی چوار و پێنجیش با لەولاوە ڕاوەستن ..
ئەو بواری نەدا ، ووتی : ( من ئەچم قژم ئەبڕم ، دوایی دێم بۆ لات .. لە کوێی ؟؟ )
ئەمیش ناوی شوێنێکی بۆ هەڵدا ، لەو شوێنانەی کە هەموو شتێک ئەفرۆشن ..ئینجانە ، زۆپای غازی یابانیی نیو داشت ،بەس بە شەرت ..دەسکی گۆڵف .. کراسی چوارگۆشەکاریی سێ ئێکس لارج ..لامپی سەر مێز‌ ..پاکەتی ڕەنگا و ڕەنگی پەزڵ ..
ووتی : ( باشه ، لەوێ ئەتبینم ..!)
ئێ ئەبێ ئیشی بەم چی بێ ؟ یان ئەسڵەن ئەم چی پێ بڵێ ؟ بە زمانی بەڕۆژوو ..قوڕگی وشک .. سەر ئێشە ..
ناچار بوو ، بڕواتە بەردەم ئاوێنەی پشت دەرگاکە و تەماشایەکی خۆی بکا ..ڕوو بە ڕوو ، لەسەر لا ..ئاااهـ ..چەند ناشیرینیت ، سەیر ئەو ورگە ئاوساوە ..باشە قەینا ، دوو کەوچک برنج زیاتری نەخواردووە ، ئەم دەهۆڵە به چی هەڵساوە ؟
گەڕایەوە بەردەم دەستشۆرەکە ، دەم و ددانێکی شۆرد ..ڕیشێکی تاشی .. نەختێ بۆیاخ و ئۆکسجین و حەمام زەیتی تێکەڵاو کرد و هەڵی سووی لە قژی ، بلەی ئەختەر پێی وتبوو ، بەو جۆرە خۆڵەمێشیی دەرئەچێ ، ئەگینا قژی ڕش و پێستی چرچ و لۆچ حەیاچوونێکە بۆ خۆی ..
بڕیاری دا چاکەتە ڕەساسی و پانتۆڵە ڕەشەکەی لە پێ بکا ..کە تەماشای کردن ، هەستی کرد پیرتر نیشانی ئەدەن .. ئەگەر ساقۆ چەرمەکە و کاوبۆیەکی شین له پێ بکا ، ڕەنگە باشتر بێ ، کە کاوبۆکەی لە پێکرد و لەسەر لا تەماشای خۆی کرد ، لە دەسگرەیەک ئەچوو نیوەی کەوتبێتە ناو مەنجەڵێکی بەتاڵەوە .. هەربۆیە ئەوەیشی لابرد ..پانتۆڵێکی سپی کەتان و بلوسێکی یەخەداری کاکاویی لەبەر کرد و ..بڕیاری دا تەماشای‌خۆی نەکا .. تەواو ..پێڵاوێکی براندی کلارکیشی هەیە ، ئەوەیش لە پێ ئەکا ..
لەناکاو ، شتێکی بیر کەوتەوە ، بینینی کەسێک کە هێشتا نەیبینیوە و ناوی سۆزی خەزان بێ ، ڕەنگە تۆزێ قورس بێ و تەنها به قسە چارەسەر نەبێ ، بە تایبەت ئەمێک کە لە هەر گۆشەیەکەوە تەماشای بکەیت هێرۆشیمایەکە لە ساڵی 1945 دا ..هەر بۆیه وای بە باش زانی هەندێ دیاری تایبەت لە ناو کەل و پەلەکانیدا بدۆزێتەوە کە شیاو بێ بدرێ بە کەسێک به ناوی سۆزی خەزان ، کە هێشتایش نەیبینوە …بازی بەندێکی زیویی ، داپۆشراو بە نقێمی ووردی ڕەش ..ئەمەی لە یەکیک لە ئوتومبیلەکانیدا دۆزیبووەوە ..ئوتومبیلێکی ئەوروپیی دەستی دوو ، خوا ئەزانێ هی چ خاتوونێکی ئەوروپا بووە و لێی وون بووە .. ئەمەی وەک دیاریی پێ باش بوو ، بەڵام زۆر بچووک دیار بوو ..واتا هەستی کرد ئەگەر شتیکی تریشی لەگەڵدا دانێ ، ئینجا بگاتە ئاستی کەسێک هەڵگری ناوێکی وا تێکەڵاو و داڕێژراوی وەک سۆزی خەزان بێ .. دیسان به سندووقەکانیدا گەڕا ، سەرنجی کەوتە سەر سەعاتێکی خانمانی زۆر کۆن ، براندی تایمێکس ..کە ڕەنگە هی سەد ساڵ پێش ئێستا بێ ، ئەوەندەی دەنکە فستقێک ئەبوو ، شوشەکەی شەش پاڵوو بوو .. زنجیرەکەشی دوو دەزووی ڕەشی زۆر بەهێز بوون ، به دوو پارچە کانزای بریقەداری ناسک دادەخران . . ئەم سەعاتە بە قورمیش کاری ئەکرد ، قورمیشی کرد و نای به گوێچکەیەوە ، ئیشی ئەکرد .. ئەیویست بیر بکاتەوە ئاخۆ ئەم سەعاتە چۆن گەیشتۆتە لای ئەم ، بەڵام بواری بە خۆی نەدا و ..هەستی کرد کە لەوانەیە ئێستا ئەو قژبڕینەکەی تەواو بوو بێ و بەرەو فرۆشگا هەمە لایەنەکە بڕوات کە ئەم بۆی هەڵدابوو ، هەر بۆیه ، بە خێرایی پێڵاوی براندی کلارکی لە پێکرد و هەڵمەتی برد بۆ دەرەوە ..
لەوکاتەدا بۆی دەرکەوت هیچ ڕۆژێکی ڕەمەزان ، هێندەی ئەمڕۆ قوڕگی وشک و تاڵ نەبووە .. هێندە سەرئێشە و سەرخولخواردنی توش نەبووە ..خەریک بوو پەشیمان بێتەوە و بگەڕێتەوە ماڵ و هەتا بەربانگ لێی بنوێ ، بۆ ئەوەیش کەوتە خۆشکاندن : باشە ، پیری پەککەوتەی کورتە بنەی ڕەزا قورس بۆ کوێ ئەچی ؟ بۆ ژوان ؟ هەی نەیخۆی تاڵە ! ..تۆ بە لاویی ، هاوڕێکانت ئەیانووت بۆ مناڵ ترساندن یەکاو یەکیت ، ئێستا بەم تەمەنەوە بە تەمای چیت ؟ ها ؟ ئالان دیلۆن ..جاک نیکڵسۆن ..
بەڵام لە هەمان کاتدا ، بیری لەوە کردەوە کە ڕەنگە بابەتەکە فیکریی بێ و ..ڕەنگە ئەویش نوسەر بێ و .. هەندێ نوسین و دەستنوس و شتی پێ بێ حەز بکا ، ڕای ئەم وەربگرێ ..هەر بۆیه ڕاست نییە هەموو یەکتر بینینێ ، عەشق و شتی بکرێ بە بەردا .. کێ ناڵێ ئەویش پیرەژنێکی ناشیرین نییە ؟ کێ ناڵێ پیاو نیە و ناوی سۆزی خەزانی بۆ خۆی هەڵنەبژاردووە ؟ کێ ناڵێ پڕۆژەیەکی کۆمەڵایەتی گەورەی پێ نییە و ڕای ئەمی پێویست نیە ؟
کە گەیشتە فرۆشگاکە ، یەک چارەکی مابوو بۆ نوێژی عەسر .. چووە ناو فرۆشگاکەوە ، چەند پیاو و ژن و منداڵی تێدا بوو ، هەر یەکەیان سەرقاڵی کاڵایەک بوو ، ئەمیش خۆی بە هەندێ شتەوە سەرقاڵ کرد ، لە شێوەی ئەوانەدا هەستی نەکرد هیچ یەکێکیان سۆزی خەزان بن .. هەموویان تینووی شتکڕین بوون ..
بانگی مزگەوت ، هوشیاری کردەوە ، بڕیاری دا نوێژەکە بە جەماعەت بکا ، یەک بە بیست و حەوتە .. لەناو ئاپۆڕەی خەڵکەکەدا ، ڕیز بوو ..مامۆستا ئەوەندە بە هێواشیی پێش نوێژیی بۆ دەکردن ، ئەتووت فێری نوێژیان ئەکا ..نوێژخوێنانیش برسێتی و تینوێتیی بڕستی لێ بڕیبوون ، هەندێکیان بە تەما نەبوون ئەو نوێژە تەواو بکەن ، جا کێ خوا ئەیداتێ ، لە مانگێکی وا پیرۆز و لە کاتی نوێژی جەماعەتدا ، ڕۆحی دەرچێ ؟
کە لە مزگەوتەکە دەرچوو ، بڕیاری دا جارێکی تریش بگەڕێتەوە بۆ فرۆشگاکە ، ڕەنگە ئێستا لەوێ چاوەڕێی بێ ..دەستی خستە گیرفانی چەپی پانتۆڵەکەی ، بازیبەندی ئەورورپی و سەعاتی هەزار ساڵ پێش ئێستای تایمێکس وەک دوو پارچە سەهۆڵ ، بەر سەری پەنجەکانی کەوتن ..
ئەمجارە فرۆشگاکە چۆڵ و هۆڵ .. خاوەنەکەیشی خەریک بوو دایئەخست ..ڕەمەزانە و سەعات و نیوێکی ماوە بۆ بەربانگ ، خوا ئەزانێ ماڵیان له کوێیە ..
ئەیویست له بیری خۆی بباتەوە .. ئێ کوا ئەسڵەن ئەم دیدارەکەی داناوە ؟ ئەو بوو .. ئەم تەنها پیاسەیەکی عەسرانی کردووە .. هەروەها زەرەری نەکردووە ، بە جوانترین شێوە خۆی ڕازاندۆتەوە ،کە ڕەنگە جەژنیش وای لە خۆی نەکردایە …
دوای بەر بانگ .. تەماشایەکی فەیسبوکەکەی کرد .. سۆزی خەزان لەسەر هێڵ بوو ..هیچ قسەی نەکرد .. ئەمیش هیچی نەووت …هێندەی نەبرد ، ئاماژەیەکی بۆ هات کە سۆزی خەزان خەریکە شتێ بنوسێ :
( شلەی کولەکە و گۆشتم لێنا بۆ مناڵەکان .. هاوسەریشم حەزی لێیە ! )
ئەم چی بڵێ؟
( عافێتتان بێ ! )
(ئەی ئێوە چیتان هەبوو بۆ بەربانگ ؟ )
(شفتە و دۆی شارباژێر )
( خۆشە.. دەمم پڕ بوو لە ئاو )
( ئەی .. )
(ٚئەی چی ؟ )
(هیچ )
( چۆن هیچ ؟ )
(ووتم : نەهاتی بۆ فرۆشگاکە ؟ )
( کاتم نەبوو بێم ! )

Previous
Next
Kurdish