ئاوازه ماندووه‌كانی یه‌كته‌نی-1 …نه ژاد عزیز سورمێ
به‌شی یه‌كه‌م
(( ئاخ سنگی قووڵی ئه‌م بێده‌نگییه چ پاك هه‌ناسه هه‌ڵده‌كێشێ…
بڕوانه چۆن ئه‌م بێده‌نگییه پیرۆزه گوێ ڕاده‌دێرێ..
نیتچه ))
-A-
وشه ته‌نیا باڵ نییه ،
له‌به‌ر پێی شازاده‌دا
به سوپاس بدره‌وشێته‌وه…
په‌رۆشیی،
كانگه‌ی پێسپارده‌یی و
ئاراسته‌ی ڕێ پێ هه‌ڵه‌كردن ده‌رچوو…
كه‌ژێ، هه‌ر له ده‌ستپێكدا
كێڵگه‌یه‌كی به‌ردراو بوو… دۆڕاو بوو…
كه‌ژێ به ڕووبه‌ندی وا ده‌رده‌كه‌وت
له قه‌نه‌وزی گۆمه وه‌ستاوه‌كانی ده‌كرد…
له ساوی ئاو ،
له ئه‌ندازه‌گیریی تۆزاڵی خۆلێگۆڕان…
له ده‌ستپێكه‌وه ،
چاوی لێ بوو
له تاڵ تاڵ و
سات سات و
چڵی چڵی ده‌وروبه‌ر فێر ببوو ،
چاو له ئاسمان
ورشه‌ی مانگ له زه‌ڵكاودا نقوم بكا…
وشه نوخشه‌ی ختوكه‌دانی ویژدانه!
ئه‌شقیای به كێوكه‌وتوو؛
هاوڕێی باران…
ئه‌وه نیگای هاوده‌م نه‌بوو
ڕوو له ئاسمان…
ئه‌وه چاوی ئاره‌زووبازی كه‌ژێ بوو
كه ده‌مگوت نه‌فره‌ت له ڕۆشنایی ده‌كا ؛
خۆی له پاكدامه‌نی ده‌دزێته‌وه ،
وا ده‌رچوو…
سپێده‌ی هاوین ،
له چاوی ته‌لیسماوی درۆینی كه‌ژێ دا
گڕی ده‌باراند…
خه‌یاڵم ده‌كرد ئه‌و ڕاڕه‌وه
به بێ تۆ نه‌چێته سه‌ر…
ئه‌ستێره بكوژێنه‌وه
جارێكی تر به‌یان نه‌دا…
به‌ڵام وشه هه‌رگیز ،
بوونه‌وه‌رێكی به ته‌نێ نییه.
مه‌گه‌ر جوانی و ڕه‌ندی دونیا
له كوێدا جێیان ده‌بێته‌وه…؟!
بۆ ڕوناهی ڕێ
من وشه‌م به‌سه.
تۆیش تا هه‌تایێ نوقمی
وه‌همه له‌ززه‌ت به‌خشه ،
ئایدزهێناكانی خۆت به…!
وشه ته‌نیا باڵ نییه كه‌ژێ !
كه‌ژێ ی ژووره تاریكه په‌نهانه‌كان
وشه ته‌نیا باڵ نییه…
من وشه‌م به‌سه…
كه‌ژێی فێڵباز!
12.8.2004
-B-
گریان… ختوكه‌ی خه‌یاڵه نووستووه‌كانی ناخ
له به‌هه‌ستترین ته‌جه‌للایدا..
گریان وه‌جدی شه‌فه‌ق و نامه‌ی سپێده ،
له‌و چركه كورتانه‌ی بنه‌وشه‌یی ده‌نوێنێ…
مرۆڤ چه‌ندی پێویستی به شیعره، پێویستی به گریانه…
شاعیر تا پتر له كڵپه‌ی ئاگر و
یه‌كته‌نی شاخ و
ته‌وژمی باهۆز بگا…
ده‌بێ بگری…
گریان ئیكسیری دارایی ڕوناهییه…
شاعیران ده‌بێ بگرین…
تا خه‌ڵوه‌تی نهێنیه‌كانیان گوڵی لێ بڕوێ…
به نابه‌ڵه‌دم مه‌زانه…
پێویسته قسه‌یه‌ك له‌و مه‌سه‌له‌یه بكه‌ین…
گریان… باڵی ئه‌و ڕه‌نگاڵانه‌شه
ئازادانه ئه‌م چڵ و ئه‌و چڵ ده‌كه‌ن…
گریان… بارانی ناوه‌ختی ڕێكه‌وتی خۆشه‌ویستی و
ڕه‌شه‌بای جودابوونه‌وه و
هاواری برسیه‌تی و به‌جێهێشتنی وار و نیشتمانیشه…
هه‌میشه سه‌رده‌می بێ گریان،
به ڕۆژگاری بێئومێدی و هیوابڕاوی ناوزه‌د ده‌كرێن…
گریان…ده‌سته‌واژه‌یه‌ك نییه ،
مانای لێكبدرێته‌وه ،
گریان نیازێكه
وێنه‌ی كه‌ڤاڵی هونه‌رمه‌ندێك ،
به كۆمه‌ڵێك ڕه‌هه‌ندی دیار و نادیار ده‌خوێندرێته‌وه…
ده‌سا بابگرین به سه‌ر سێبه‌ری ،
ئه‌و ئاوازانه‌ی گژوگیای بناریان به عه‌شق ده‌نه‌خشاند…
بابگرین
به سه‌ر تارمایی ئه‌و خه‌ونانه‌ی به شیعر ده‌ستیان پێكرد و
به شیعر كۆتاییان هات…
با بگرین !
به‌سه‌ر جوانییه‌ك
پێشه‌نگی كه‌ژاوه و
چرای سه‌فه‌ره…
بابگرین…
ئاسمان چاومان لێ ده‌كا…
ئاسمان لاساییمان ده‌كاته‌وه…
6.8.2004