ڕەوتی مارکسیستی و ڕەوەندەکانی دۆخی ئێستای عێراق.. موئەیەد ئەحمەد
تێبینی: ئەم وتارە دەقێکی ئامادەکراوی ئەو باسەیە کە پێشکەشم کردووە لەو سیمینارەی کە (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق) پێی هەڵسا لە شاری بەسڕە لە (٣١ی ئایاری ٢٠٢٤)، لەگەڵ دەستکاریکردنێکی پێویست بە مەبەستی فۆرمی نوسین (ئەدیتینگ).
لە چوارچێوەی ململانێ جیۆپۆلەتیکی و ستراتیژیـیەکان و جیۆئابوورییە بەردەوامەکانی نێوان وڵاتانی ئیمپریالیست و جەمسەرە ناوچەییەکان، بۆ جێگیرکردنی نفوز و تێپەڕاندنی بەرژەوەندییەکانیان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، دوو زلهێزی دژ بەیەک، زلهێزی نێودەوڵەتی ئەمریکا و زلهێزی ناوچەیی ئێران، هێشتا لە بنەڕەتدا ئەوانن کە دۆخی سیاسی و ئابووری و ڕەهەندە ئەمنییەکان لە عێراقدا کۆنترۆڵ دەکەن، و هەژموون بەسەر هەموو ئەم ڕەهەندانە، و سیستەمی سیاسیدا پیادە دەکەن. ڕژێمی سیاسی و هێزەکانی دەسەڵات و دەوڵەت لە عێراقدا ڕۆڵی گواستنەوەی ئەم هەژموونە بەسەر وڵاتدا دەگێڕن.
ئەگەر لە گۆشەیەکی گشتگیرترەوە سەیری بارودۆخەکە بکەین، نەک تەنها لە ڕوانگەی ڕەهەندی سیاسی و ململانێ سیاسی و سەربازی و ئەمنییەکانەوە، بەڵکو بە دوای قووڵایی ئابووری و بنەمای ماددی ئەو ڕەوەندەدا بگەڕێین کە عێراق پێیدا تێدەپەڕێت، دەبینین کە جوڵەی سەرمایە لە ناوچەکەدا ئەم فاکتەرە ماددیەیە، و ئەمەش بناغەیـیـترین و گشتگیرترین پرۆسەیە. هەر بەوپێیەش توخمی ماددیی بنەڕەتیەیە بۆ شکڵدان بە پرس و ململانێ سیاسی و جیۆپۆلیتیکییەکان لەناوخۆی عێراق و لەسەر ئاستی ناوچەکە. ئەمەش بەو مانایەیە کە ئەم سیاسەت و ململانێیانە لەسەر ئەم بنەما ماددییە و ئەم پێشهاتانە کە لە ڕەوندە ئابوورییەکانی عێراق و ناوچەکەدا ڕوودەدەن، خۆیان بەرهەمدەهێننەوە.
پێش (٧)ی ئۆکتۆبەر و شەڕی جینۆسایدی ئیسرائیل لە دژی فەلەستینییەکان، ڕەوەندێک لەئارادابوو بۆ ئاسایـیکردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیلدا، لەلایەن سعودیە، ئیمارات، بەحرەین، سودان و وڵاتانی دیکەی عەرەبیەوە، و ئەم ئاسایـیکردنەوەش لەژێر فشاری گۆڕانی بارودۆخی ماددیدا بوو، کە مەبەستم فشاری بەرژەوەندیـیەکانی سەرمایە و واقیعی هەرچی زیاتری ڵیکهەڵپیکرانی سەرمایەی ئەم وڵاتانەیە بە سەرمایەی جیهانییەوە. هەر بەم پێیەش لەژێر فشاری بەرژەوەندییەکانی ئەم بلۆکە ئابوورییانەدا بوو کە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدان وهەر چی زیاتر تێکەڵاون لەگەڵ سەرمایەی ئمپیریالیستی ئەمریکا و ڕۆژئاوا و ئیسرائیلدا.
(٧)ی ئۆکتۆبەر هات و شۆکێکی گەورەی لێکەوتەوە بۆ ئەم بارودۆخ و ئاڕاستەیە، و بووە هۆی پاشەکشە و خاوبوونەوەی کاتیی ئەم ڕەوەندە. هەرچەند ئەم خاوبوونەوەیە ڕوویدا، بەڵام ڕەوەندە ئابووریـیە بنەڕەتیـیەکان و لێکهەڵپێکانی هەرچی زیاتری بەرژەوەندیـیەکانی سەرمایەی جیهانی و سەرمایەی ناوچەیی لەگەڵ یەکتری هەر بەردەوامن.
هەر لەم ڕاستایەشدا، دەوڵەتی ئێران و ڕژێمی ئیسلامی ئێران، دەوڵەتی تورکیا و ڕژێمی ئەردۆغان، واتە ئەم دەوڵەتە ناوچەییانە کە زاڵن و هێژمونیان هەیە بەسەر ڕەوەندی بارودۆخی ناوخۆی عێراق، بەتایبەتی ئێران، کە ڕۆڵی سەرەکیی تێدا دەگێڕێت، تەنها هێزی سیاسی و سەربازی نین، بەڵکو هێزی ئابووریشن.
ڕژیمی سیاسی ئیسلامی ئێران و ئامانجە سەربازی و ئەمنی و فراوانخوازیەکانی و هتد، دابڕاو نیە لەو ڕاستیـیەی کە کۆمەڵگەی ئێران سیستمێکی سەرمایەداریـیە و هەر بەوپـێـیەش ناوەندێکی ئابووری و ناوەندێکی کەڵەکەبوونی سەرمایەیە، بۆیە دەتوانین بڵێین سەرمایەی نەتەوەیی ئێران لە لایەن ڕژێمی ئیسلامی واتە کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەپارێزرێ، و ڕژیمی ئیسلامیی دەسەڵاتدار نوێنەرایەتی بەرژەوەندیـیەکانی سەرمایەی نەتەوەیی ئێران دەکات. بە هەمانشێوە ئەو ڕژێمە سەرکوتگەرانەی کە لە کەنداودا هەن، نوێنەرایەتی بەرژەوەندیـیەکانی سەرمایەی کەنداو دەکەن، واتە سەرمایەی سعوودیە و ئیمارات و وڵاتانی دیکەی کەنداو، کە زۆر تێکەڵاو و لێکهەڵپێکراو بوون لەگەڵ یەکتری.
هەمان مەسەلە بە سەر سیاسەتی فراوانخوازی تورکیا و ئەردۆغان لە ناوچەکەدا تەتبیق ئەبێ و هەمان شت بۆ ئێران و سیاسەتە فراوانخوازیـیە ناوچەیـیەکانیشی دەگونجێت. هەم ئێران و هەم تورکیا بلۆکی ئابوورین و بەرژەوەندیـیە ئابووریـیەکانیان بە پلەی سەرەکی ڕێبازی سیاسی و سەربازی و ئەمنیـیان لە ناوچەکەدا دەجوڵێنن و دیاری دەکەن.
کاتێک باس لە عێراق دەکەین، دەبینین کە زۆریی و قەبارەی گەورەی هێزەکانی دەسەڵات و ڕژێمی سیاسی کە لە سەدان هەزار هێزی سەربازی و میلیشیایی و ئەمنی پێکهاتووە، هاوتا نیـیە لەگەڵ پێداویستییەکانی جوڵەی سەرمایەی نەتەوەیی عێراق لە بواری کێبڕکێی ناوچەییدا.
ئەوە ڕوونە کە بەرجەستەکردنەوەی بەرژەوەندیـیەکانی سەرمایەی نەتەوەیی لە ڕێگەی دەوڵەت و دەسەڵاتی ئەمرۆی عێراقەوە بەربەستی گەورەی لە بەردەمدایە، ئەویش بەهۆی ئەوەی کە سیستەمی سیاسی لەسەر بنەمای پشکپشكێنەی نەتەوەیی و تایفەگەری دامەزراوە و لەلایەن هێزە ئیسلامی و ناسیۆنالیستەکانی ڕکابەرەوە کۆنترۆڵکراوە، و هەروەها بەو هۆیەشەوە کە وڵاتەکە لە ژێر کاریگەری ئەمریکا و ئێراندایە، و تا ڕادەیەکـیش لە ژێر کاریگەری ئابووری تورکیادایە. ئەمەش بەو مانایەیە کە بەرژەوەندی سەرمایەی نەتەوەیی، واتە بەرژەوەندیی بۆرژوازی نەتەوەیی لەسەر ئاستی عیراق، لاواز و پەڕپووتە، و ئەم سەرمایە نەتەوەیـیە توانای کێبڕکێی لەگەڵ سەرمایەی نەتەوەیی وڵاتانی ناوچەکە و بلۆکە ئابووریـیە ناوچەیـیەکان و وڵاتانی ئیمپریالیست نیە.
سیاسەتی فەرمی بۆرژوازی حوکمرانی عێراق و بۆرژوازی نێودەوڵەتی دابەشکردن و سەرلەنوێ بەرهەمهێنانەوەی دابەشبوونی کۆمەڵگای عێراقە لەسەر بنەمای دین و نەتەوە و تایفە، و درێژەدانە بە ڕژێمی سیاسی بۆرژوازی بەم شیویە.
تەنانەت ئەگەر گریمانە بکەین کە دەسەڵاتی ئێستا، یان باشتر بڵێین دەوڵەتی عێراق، توانـیـبـێـتی کێشەکەی یەکلایی بکاتەوە و ستوون و باڵ و هێزە جۆراوجۆرەکانی ڕژێم لە چوارچێوەیەکی سیاسیدا یەکبخات بەجۆرێک کە هەمەلایەنەتر لە ئیستای نوێنەرایەتی بەرژەوەندیی سەرمایەی نەتەوەیی عێراق بکات، ئەوا ئەم دەوڵەتە، – لەلایەن بەشێک لە چەپ و ئەو ڕەوتە سیاسیانەی کە باس لە “نیشتمان” و “بەرژەوەندی نیشتیمانی” دەکەن، و دەربارەی دەوڵەتی “مەدەنی” و “دیموکراسی” ئەدوێن و برەوە بە بیرۆکەی جیگیرکردنی دەسەڵاتی ناوەندی و چەکداماڵینی میلیشیاکان و بلۆکە جۆراوجۆرەکانیان ئەدەن-، وا لە قەڵەم ئەدری کە خۆکارانە خزمەت بە جەماوەر دەگەیەنێت.
بەڵام ڕاستییەکە وانییە، ئەگەر دەسەڵات هێزەکانی یەکبخات و دەوڵەتێکی بەهێزی ناوەندی دامەزرێنێت، یان وەک دەڵێن “دەوڵەتێکی کۆنترۆڵکەر”، ئەوا ئەم دەوڵەتە نوێنەرایەتی بەرژەوەندی سەرمایە دەکات، واتە بەرژەوەندییەکانی چینی بۆرژوازی، هەربۆیە زەحمەتکێشان و ستەملێکراوان و کرێکاران و گەنجان و ژنان لە جەمسەری پێچەوانەدا دەبن و بەدەست چەوساندنەوەی بەرژەوەندیـیە چینایەتیـیە ناسیۆنالیستیـیەکانی سەرمایە و دەوڵەتەکەیەوە ئازاردەچێژن.
ئەوە بەرژەوەندی سەرمایەی گەورە و سەرمایەی ئەم بلۆکە سیاسیانە و دەوروبەرەکانیانە کە دەوڵەتە دامەزرەوەکە دەیانپاریزی و خزمەت بە بەرژەوەندی جەماوەر ناکات.
ئەمەش ئەوەیە کە لە ساڵی (٢٠٠٣)ەوە تا ئێستا بینیومانە، واتە ئەوەی کە چۆن قۆناغە جیاوازەکانی شەڕی تایفەگەری، تیرۆر، ناسەقامگیری دەوڵەت و ڕژێم، و کۆنترۆڵکردنی داعش، تێپەڕین، و چۆن هەریەکێک لەو قۆناغە سیاسی و سەربازیانە دەسەڵات و دەوڵەتی بەهێزتر کرد، و چۆن ئەم دەوڵەتە لە بەرژەوەندی جەماوەر دابڕاوە و سیاسەتگەلێک جێبەجێ دەکات کە دژی بەرژەوەندی ئەوانە.
ئەوەی پێشتر ڕوویدا لە داهاتووشدا ڕوودەدات، بۆیە دەمەوێت جەخت لەسەر خاڵێک بکەمەوە، ئەویش ئەوەیە کە هەر خۆشباوەڕیـیەک بەوەی کە گوایە کێشەی جەماوەر چارەسەر دەبێت لەگەڵ سەقامگیری دەوڵەت و دامەزراندنی بەم ناوەڕۆکە چینایەتیـیە بۆرژوازییەوە، دوای یەکلاییکردنەوەی مەسەلەی میلیشیاکان و کێشەکانی دیکە، زیان دەگەێنێت بە پرسی ڕزگاربوونی ئینسانی زەحمەتکێش، چونکە لە واقعدا کێشە بنەڕەتیەکانی جەماوەری بەرینی خەڵک وەک خۆی دەمێنێتەوە و گۆڕانکاری لە بەرژەوەندی ئەوان ڕوونادات. تاکە گۆڕانێک کە دەتوانێت لە بەرژەوەندی ئەوان بێت ئەوەیە کە جەماوەری ستەملێکراو و زەحمەتکێش خۆیان ڕێکبخەن و ببنە هێزێکی سیاسی کە کاریگەریان لەسەر ڕەوەندە سیاسیـیەکانی وڵات هەبێت. تا ئەم ساتە هێزی بۆرژوازی ناسیۆنالیستی و ئیسلامی ناوخۆ و دەوڵەتانی ئیمپریالیستی و ناوچەیی کۆنترۆڵی ئەو ڕەوندانە دەکەن.
بەدەر لەوانە، جەماوەری کرێکاران، زەحمەتکێشان، گەنجان و ژنان بێدەنگ نەبوون. بینیمان چۆن ناڕەزایەتی کۆمەڵایەتی لە قۆناغە جیاوازەکاندا لە ساڵانی (٢٠١١) و (٢٠١٥) و (٢٠١٧) و (٢٠١٨) و پاشان ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەری (٢٠١٩) کە گەورەترین ڕاپەڕین بوو لە مێژووی هاوچەرخی عێراقدا سەریهەڵدا.
ئەم هەوڵانەی گەنجان و جەماوەری ستەملێکراو کە قوربانیی دەستی سەختیی ئەم هەلومەرجانە بوون، ئامانجیان فەراهەمهێنانی گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی بوو لە بەرژەوەندی خۆیان، بەڵام ئەمە نەهاتەدی. ئەویش هەر تەنها بەهۆی سەرکوتکردنەوە نەبوو، هەرچەندە سەرکوتکردن ڕۆڵیکی بنەڕەتی و سەرەکی هەبوو لە سەپاندنی پاشەکشەکەدا، و سەرکوتیک بوو لە ڕابردوودا بە دەگمەن بینراوە لە ناوچەکەدا و تەنانەت بەراورد ناکرێ بە ڕادەی سەرکوتکردنی شۆڕشی میسر کە سەرکەوتوو بوو لە ڕووخاندنی ڕژێمی موبارەک. واتای ئەمە ئەوەیە کە ململانێکان و بەرژەوەندیی ئەو هێزانەی کە کۆنترۆڵی دۆخی عێراقیان کردوە زۆر گەورەن، ئەمەش مانای ئەوەیە جەماوەر پێویستی بە جۆرێکی تری کار هەیە، واتە کاری ڕێکخراوتر و دیدگای سیاسی ڕوون و ڕێکخستنی بەهێز، و بەو مانایەیە کە ئەم هەوڵە پەرشوبڵاوانەی ئیساتیان پێویستیان بە یەکگرتوویی هەیە لە هێڵێکی سیاسی شۆرشگیڕانە و سۆشیالیستی ڕۆشندا.
ڕۆڵی ڕەوتی مارکسیستی
سەبارەت بە ڕۆڵی ڕەوتی مارکسیستی لە ڕەوەندی بارودۆخی عێراقدا، هەروەک لە ناونیشانی سیمینارەکەدا هاتووە، پێویستە دوو بابەت لەبەرچاو بگیرێت. یەکەم، جەماوەر بە بێدەنگی دانەنیشتووە، و کرێکاران و زەحمەتکێشان و خەڵکی زەرەرمەند لەم بارودۆخانە ناڕەزایەتیان دەربڕیوە و بەردەوام دەنگیان هەڵبڕیوە، و دووەم، ئەرکی بنەڕەتیـش گۆڕینی ئەم ڕەوندە و یەکخستنی خەبات و ڕێکخستنیەتی.
خۆتان ئەوە دەبینن کە ڕەوتی ناسیۆنالیستی هەیە و بەرچاوە، و خەڵکی تێدا ڕێکخراوە و دەسەڵات و حزبیان هەیە و کاریگەرییان لەسەر ڕەوەندی بارودۆخەکە هەیە. هەروەها، بزووتنەوه ئیسلامییه جۆراوجۆرەکان، لە ئاڕاسته جۆراوجۆرەکان، نفوز و سیاسەت و کاریگەڕییان لەسەر کۆمه ڵگه هەیه، بەڵام ئەگەر سەیری ڕەوتی مارکسیستی بکەین، دەبینین تا ڕادەیەک لاوازە، هەرچەنده بەسروشتی ڕەوتێکە لە ناو کۆمەڵگەدا هەیه و پەیوەندیداره بە خەباتی جەماوەری کریکار و زەحمەتکێش و چەوساوەکان لەبەرامبەر چەوساندنەوە و نادادپەروەری و ستەمکاریدا، و پەیوەندیدارە بە خەباتیان لە پێناو بەدەستهێنانی خۆشگوزەرانی و یەکسانی و ئازادیدا. ئەمانە توخمە ماددیـیەکانی ڕەوتی مارکسیستین و توخمگەلێکن کە بە زۆری لەناو کۆمەڵگادا بوونیان هەیە، بەڵام لە فۆرمێکی سیاسی ڕێکخراو و کاریگەردا نین.
ىیگومان گوشاری هێرشەکانی بۆرژوازی نێودەوڵەتی و هێرشی هێزە ئیسلامی و ناسیۆنالیستەکان بۆ سەر کۆمۆنیزم، تا ڕادەیەک ئیمیجی کۆمۆنیزمی شێواندووە لەنێو جەماوەردا بەڵام تاکە هۆکاری نێگەتیڤ نیە لەسەر ڕەوتی مارکسیستی.
ئەو پارتانەی کە بە ڕووکەش بانگەشەی کۆمۆنیستی و مارکسیستی دەکەن، پاشەکشەیانکردووە، وڕۆلی نێگەتیڤیان هەبووە، ئەویش بەهۆی سیاسەتی سازشکارانە لەگەڵ بۆرژوازی دەسەڵاتدار، سیاسەتی سازشکردن لەگەڵ نەریت و بەها کۆنەپەرستانەکان کە لە کۆمەڵگادا هەن، هەروەها سیاسەتی تێکەڵبوونیان لەگەڵ دەسەڵات و ڕەوتە دەسەڵاتدارە ئیسلامییەکان و ئەوانی تر، ئەوەش بۆ ئەوەی ڕژێمی سیاسی بورژوازی بنیات بنێن و بەسەر کۆمەڵگادا بیسەپێنن.
ئەوە ڕوونە کە ڕژێمی سیاسی قەت لەسەر بنەمای گشتی و بەرژەوەندییە گشتیەکانی کۆمەڵگا بنیات نەنراوە، بەڵکو لەسەر بنەمای چینایەتی بنیات نراوە. هیچ دەوڵەتێک و ڕژێمێکی سیاسی نیە لە جیهاندا کە چینایەتی نەبێت. دەوڵەت یان لە بەرژەوەندی چینی کرێکار و زەحمەتکێشان و چەوساوەکانە، یان لە بەرژەوەندی بۆرژوازیە، واتە بەرژەوەندی سەرمایە. بڵاوکردنەوەی خۆشباوەڕی لەم بارەیەوە، بەربەستدانانە لەبەردەم بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی خەڵکی زەحمەتکێش و زیانگەیاندنە پێی ، و یەکێک لەو هۆکارانە بووە کە بۆتە هۆی زەربەدان لە بزووتنەوەی کۆمۆنیستی و ڕەوتی مارکسیستی.
لە هەمان کاتدا ڕەوتی تریش هەن وەک چەپە ڕادیکاڵە سیاسیـیەکان هەرچەندە ئەوان دوورن لە کۆمەڵگا، بەڵام ڕەخنەی سیاسیـیان دانەپچراوە لە ڕەوتی ناسیۆنالیستی و لیبڕاڵی بۆرژوازی، و شێوازی کارکردن و سیاسەت و ئاسۆکانیان جیا نییە لەو ڕەوتانە، و ئەم دانەپچرانەش هۆکاری سەرەکی ناکامیەکانی ئەم جۆرە چەپەیە.
بەشێکی تریش هەیە، کە ئەوانە ڕۆشنبیرانن لێکدانەوە بۆ جیهان دەکەن و هۆگری سیاسەت و کولتوورن، بەڵام بەکردەوە هەنگاو نانێن بۆ هێنانەدی گۆڕانکاری، واتە مارکسیزم و ڕەوتی مارکسیستی گرێنادەنەوە بە بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و چینایەتییەکانی ناو کۆمەڵگە و بەو بزووتنەوە کۆمەڵایەتییانەی کە پێشتر ئاماژەم پێکردن.
ئەوە ڕوونە کە بوونی ڕەوتی مارکسیستی شتێکی بابەتییە و تەنیا سوبژێکتیڤ نییە و پێکهاتەکانی ئەم ڕەوتە لەناو کۆمەڵگادا بوونیان هەیە.
هەروەها سپێکترۆمێک (طيف) لە ڕۆشنبیران و ڕەوت و گرووپگەلێک هەن کە لەسەر بنەمای چینایەتی بیر لە سیاسەت ناکەنەوە، بەڵکو لەسەر بنەمای جەماوەر بەگشتی و بەرژەوەندییە گشتییە هاوبەشەکان بیر لە سیاسەت دەکەنەوە، وە ئەو ڕاستیـیە لەبەرچاو ناگرن کە کۆمەڵگا دابەشبووە بەسەر چین و توێژەکاندا کە بەرژەوەندیی جیاوازیان هەیە و ناکۆکەکن. پێویستە هێڵێکی جیاکەرەوە لە نێوان ڕەوتی مارکسیزم و ئەم جۆرە ئاراستانەشدا بکێشرێت.
ئاشکرایە، پێگەی سیاسی و فیکری هەر کەس و لایەنێک لەسەر بنەمای بەرژەوەندی ئەم چینە یان ئەو چینە دیاریدەکری، و هەربۆیە بە گشتی بژاردەی سێیەم نییە، بەڵام هەندێک لە بەناو مارکسیستەکان ئەم ڕێبازە سێهەمیە هەڵدەبژێرن. هەڵبژاردنی ئەم ڕێگای سێهەمە تەنیا ئاکامەکەی دوورکەوتنەوەیە لە چینە کۆمەڵایەتیەکەیان، و گەنجان و ژنان و لە پرسەکانی ئەم چین وتوێژانە.
سەبارەت بە ڕۆڵی تیۆری مارکسیستی، گەر بەکورتی باسی بکەم؛ مارکسیزم لەجەوهەردا تیۆری خەباتی چینایەتییە، تیۆری ڕزگاری شۆڕشگێڕانەی چینی کرێکارە، و تیوری و ڕەوتی ڕیفۆرمیستی سوود بە چینی کرێکار و زەحمەتکێشان و بەهەژارکراوان ناگەیەنێ. ڕەوتی مارکسیستی، پەیڕەوی لە تیۆری شۆڕشگێڕانەی مارکس دەکات، وە ئەم ڕێباز و تیۆریـیە بەکاردەهێنێ بۆ لێکدانەوەی واقیع و لایەنگریکردن لە هەوڵەکانی ستەملێکراوان و بەهەژارکراوان و خەباتەکەیان. ئەمەیە گرنگی تیۆری مارکسیـزم، ئەم تیۆرییە تەنیا کۆمەڵێک دەق و بابەتی تیۆری و زانستی نییە، بەڵکو ئامرازێکی ڕەخنەیە لە دەستی چینی کرێکار و ستەملێکراواندا کە پێویستیانە بۆ تێگەیشتن لە جیهان و فەراهەم هێنانی گۆڕانکاری شۆڕشگێڕانە لە کۆمەڵگادا. ئەگەر کرێکاران و زەحمەتکێشان لەژێر کاریگەری بیرۆکەکانی بۆرژوازیدا دەستبەرداری ئەو تیۆرییە ببن، ئەمە مانای ئەوەیە کە بەدەستی خۆیان خۆیان لە چەک دادەماڵن، و خۆیان ئەم چەکە فیکرییە وەلادەنێن کە پێویستیانە بۆ گرتنەبەری تیۆری و بەرنامەیەکی کاری شۆڕشگێڕانە بۆ گۆڕانکاری.
جارێکێ تر ڕەوەندی سیاسی بارودۆخەکە
جارێکی تر دەگەڕێمەوە بۆ باسی ڕەوەندەکانی دۆخی سیاسی عێراق و ئەو خاڵە بنەڕەتییەی کە دەستم پێکرد، مەبەستم بەرژەوەندیی سەرمایەی نەتەوەیی عێراق و لاوازیەکەیەتی لە نێو کێبڕکێی وڵاتانی ناوچەکەدا، هەروەها بۆ تاوتوێکردنی هەندێک لایەنی دیکەی بابەتەکە. بە نموونەی ئێران دەست پێدەکەم: ڕژیمی ئێران پێویستی بە هێزێکی سەربازی و ئەمنی و میلیشیایی زۆر بەهێز هەیە، بۆچی، چونکە بەرژەوەندیی سەرمایەی نەتەوەیی ئێران گەلێک قەبەیە و توانای کێبڕکێی لەسەر ئاستی ناوچەکە هەیە، هەروەتر سەبارەت بە تورکیا کە سوپا و هیزی سەربازی گەورە و بەهێزی هەیە، و ئەمەش ڕێکدێتەوە لەگەڵ بەرژەوەندی سەرمایەی نەتەوەیی و وەبەرهێنانەکانی و بەرژەوەندییە ئابوورییە گشتییەکانی لە ناوخۆی وڵات و لە ناوچەکەدا. هەمان شت بۆ دەوڵەتانی کەنداو و ستەمکاری و میلیتاریزم و شەڕیان لە یەمەن و فراوانخوازیەکانی دیکەشیان دەگونجێت کە دێتەوە لەگەڵ قەبارەی گەورەی سەرمایە و قەبارەی گەورەی بەرژەوەندییەکانیان لەم وڵاتانەدا.
بەڵام کاتێک سەیری عێراق دەکەین، بەرژەوەندییەکانی سەرمایەی نەتەوەیی لە بنەڕەتدا پەرشوبڵاوه، و وەک ئاماژەمان پێدا، تاڕادیەک دابەشبووە له نێوان بەرژەوەندییەکانی سەرمایەی نەتەوەیی لە هەرێمی کوردستان، و سەرمایەی ناوەندی و سەرمایەی ڕۆژئاوای عێراق، وە ڕژێمی سیاسیش لەلایەن ڕەوتە نەتەوەیی و تایفگەریەکانەوە باڵی بەسەردا كیشراوە، و دەوڵەتی ناوەندیـش دەستی بەسەر ڕەوەندە سەربازی و سیاسی و ئەمنییەکانی ناو وڵاتدا نەگرتووە بەتەواویی.
ئەو پرسیارەی کە دێتە ئاراوە ئەوەیە؛ لەکاتێکدا جوڵەی سەرمایە لەعێراقدا بەم شێوەیەیە و لە ژێر هیژمۆنی ئێران و ئەمەریکا و کاریگەریی ئابووری تورکیادایە، کەوایە بۆچی ئەم قەبارە گەورەیەی میلیشیا و هێزی سەربازی و ئەمنی و هەواڵگری و پۆلیسـیان هەیە، کە بە سەدان هەزارن ؟ هۆکاری ئەم زۆریەی هێزی سەرکوتگەرانە چیـیە؟ بێگومان هۆکاری سەرەکی بۆ بەکارهێنانیەتی لە ناوخۆدا، بۆ سەرکوتکردنی ڕاپەڕین و ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان و کۆنترۆڵکردنی بارودۆخی هەنووکەیی و ڕێگرتنە لە سەرهەڵدانی هەر بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕانەی کۆمەڵایەتی بەهێز لە وڵاتێکدا کە دەرگیری قەیرانی هەمەچەشنەی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی و کولتوورییە.
سەرەڕای ناکۆکییەکانی نێوانیان، هێزە ئیسلامی و ناسیۆنالیستەکان، بەرژەوەندیی سیاسی و ستراتیژیی هاوبەشەیان هەیە لە پاراستنی ڕژێمەکەیان و ڕووبەڕووبوونەوەیان بەرامبەر جەماوەر. بەدەر لەهەر جیاوازیـیەکی نیوانیان هاوبەشن لە چەوساندنەوەی کرێکاران و زەحمەتکێشان و سەرکوتکردنی ناڕەزایەتیی جەماوەر و زەوتکردنی مافەکانی ژنان و سەرکوتکردنی بەرهەڵستیان. ئەو هێزانە هاوبەشن لە سیاسەتی ئابووری دەوڵەت کە بێکاری و هەژاری دروست دەکات، و هەروەها هاوبەشن لە خنکاندنی خواستەکانی گەنجان و فراوانکردنی ڕادەی دواکەوتوویی فیکری و مەعنەوی لە وڵاتدا. هەروەها ئەو حزبانەش کە خۆیان به ئۆپۆزسیۆن دەزانن لە واقعدا بەشێکن له دەسەڵات تەنانەت گەر وەزارەتێکیشیان نەبێت و نەگێشتبنە پەرلەمان. فەلسەفەی هەبوونیان لەبرەوخستنی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانه و نەهێشتنی هەر جوڵەیەکی جددیـیە بەرەو گۆڕانکاری.
ئێمە لە (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی) ئەم سیمینارەمان سازداوە لە بەسرە و شانازی دەکەین کە لەم شارە دێرین و كریکاریـیەدا لەگەڵتانداین. ئێمە ئەو ئاڕاستە بنچینەییانەمان گرتۆتەبەر کە باسمانکردن، هەروەها لەکار و تێکۆشانێکی بەردەوامیش داین بۆ گەشەپێدانی بزووتنەوە و ڕەوتێکی مارکسیستی بەهێز، و بۆ زیندووکردنەوەی مارکسیزم و گۆڕینی بۆ هێزێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی و فیکریی بەهێز لە کۆمەڵگەدا.
(ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی) کراوەیە بۆ هەموو کەسێک، بۆ هەر مارکسیستێک، هەر شۆڕشگێڕێک، و هەر کەسێکی کرێکار و زەحمەتکێش و هەر کەسێک کە بیەوێت سەرکەوتنی خەباتی جەماوەری کرێکاران، زەحمەتکێشان، گەنجان و ژنان سەرکەوتن بەدەستبهێنێت. (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی) ئامرازێکی ڕێکخراوەییە بۆ ئەوان، و بەشێکە لەوان، خەباتی ئێمە لەگەڵیان هاوبەشە.
٤-٧-٢٠٢٤