ترپەی ڕەش.. شیعری سمکۆ ئەحمەد ڕەشید
1
دڵتان ڕاخەن،
خۆشەویستی ئەستێرەیەکی دوورە دەست نییە
ڕاستگۆیی باڵندەیەکی ماڵییە
حەز ناکەم دڵتان بە تاریکی بمێنێتەوە
حەز ناکەم نێو لەپتان چۆڵ بێت
ئاخر کێ تۆوی پلاستیکی چاندووە و سێبەری چنیوەتەوە
کێ دڕکی لاواندۆتەوە و
لاولاو بە بەژنی ژیانیدا هەڵگەڕاوە
کێ چەند ڕوخسارێکی پۆشیووە و
هەیوانی جوانیی ناسیووە!
2
هەندێک نهێنییم هەیە
دەمەوێت، لە باخەڵی چەند ڕستەیەکدا بیانشارمەوە
نامەوێ کەس بزانێت چەند کۆترم هەیە
ئۆتومبێلەکەم لە دایکبووی ساڵی چەندە
منداڵەکانم ناویان چییە
ڕۆژی چەند جار دەچمە بەر ئاوێنە
نامەوێ کەس بزانێ تەنیاییم چەند گیرفانی هەیە
لە هەر گیرفانێکیدا چەند دەنک شادی هەیە
شوێنە بڵندەکان باش نین
من شادییەکانی خۆم نابەمە شوێنە بڵندەکان
سادەیی ڕێگەیەکە دەتباتەوە سەر پیسایی گوفەکەکان
ناهێڵم هیچ دەنکە شادییەکم بکەوێتە تەڵەی چاوە نەخۆشەکان
سادەیی کراسێکە بەبەر ئەم زەمەنە ناکات
سادەیی بۆ ڕۆژگارێک باش بوو
درەختەکان یەک ڕوویان هەبوو
مرۆڤەکان لە دوورەوە
دڵیان وەک پارچەیەک کریستاڵ دەبریسکایەوە
3
پێم ناخۆشە مێروولەیەک درەنگ بگاتە ماڵەوە و
تاریکیی بەسەردابێت
پێم خۆش نییە حەماڵێک
دڵی وەک عەرەبانەکەی وەرگەڕێت و
خەونەکانی بەگۆڕێ وەربن
بۆچی باشم
ئەگەر پەنجەکانم وەک چرا دانەگیرسێنم
ئەگەر بەردەکان فڕێ نەدەمە
ئەوبەری ئاوەدانی
4
بەم پەڵە ڕەشانەوە
نوێژەکانت ناگەنە ئاسمان
خۆت بدەرە بەر بارانی پەیڤەکانم
دڵت بەهەڵمی هەناسە سپییەکانی بەفر بشۆ
ئەوین دەستێکی خاوێنە
گوێ لە هیچ ترپەیەکی ڕەش ناگرێ
