Skip to Content

چیرۆک/ شەقامە بازنەییەکان -4- رەسوڵ بەختیار

چیرۆک/ شەقامە بازنەییەکان -4- رەسوڵ بەختیار

Closed
by ئایار 4, 2022 General, Literature

(4)

دوورکەوتنەوە لەشەقامە بازنەییەکان واتە دووری لەهەموو شتێک، ساتێک دوور بکەویەوە، وا دەزانی چەند رۆژێکە، لەشەقامە بازنەییەکان دووری، هەیە وادەزانی بەشێک لەگیانی ونە، بۆیە بەهەڵەداوان دەیەوێ بگەڕێتەوە نێو ئەو شەقامە بازنەییانە، هاوکات ئەم دوورییە زۆر بەئازارە، کەچی ناتەوێ بۆ جارێکی دیکە نزیکەکانی خۆت ببینیەوە، ئەو نزیکانەی بەشێکن لەخەم و هەردەم خەم و خەفەتت بۆ دروست دەکەن، ئەوانە بەشێکن لەگێژاوەی نێو کۆمەڵگە، خۆشیان بەپیاوچاک و باوەڕدار دەزانن، کەچی گەردێک باوەڕ و دادپەروەریان لەناخ و مێشکدا نییە، ئەی هەر ئەوانە نین، پشتگیری لەدەسەڵاتی خراپ دەکەن، بەناوی نیشتمانپەروەر زوڵم و زۆری لەنێو نیشتماندا دەهێننەئارا، گەردێک خۆشەویستی لەدڵ و دەروونیاندا نییە، لەکاتێکدا خۆشەویستی چیرۆکێکی دورودرێژی هەیە لێرە،، لەو سەردەمانەی خۆشەویستی نیشتمان وای لەخەڵکەکە کردبوو رووبەڕووی دوژمنان ببنەوە.
خۆشەویستی لەتەک ئەوەی مانای پاکی و گومان و باڵایی دەبەبەخشێ، بەڵام زۆر بەکەمی دڵدار و ئەویندارەکان دەگەن بەیەک، ئەو ئەوێندارانە لەتەک ئەوەی کێشەیان لەگەڵ خودی خۆیان هەیە، کێشەیان لەگەڵ هەموو دەوروبەرەکەشیان هەیە. سەردەمانێک بەهۆی تەماشاکردنێک کێشەی گەورە رووی دەدا، ئەگەر بهاتبووایە، بزاندرایە، دوو ئەویندار لەباخچەیەکی نزیک لەشەقامە بازنەییەکان ژووانیان هەبووە، ئەوا دوای چەند کاتژمێرێک لاپەڕە درۆزنەکان بەند و بالۆری سەیریان دەکوتی، کە ئەویندارەکان باوڕیان نەدەکرد، ئەو هەموو سینارێۆیە لەپای چی بووە. وایان دەزانی ئەوان پاڵەوانی فیلمێکن، کەچی ئەو پاڵەوانانە تەنیا چەند کاتژمێرێکی دیکە دەتوانن پێبکەنن، ژیان لەم خاڵەوە بەرەو مەترسی دەڕوا.
ئاڤێستا باوەڕی نەدەکرد تووشی ئەم گێژاویە ببێ، چونکە باوک و برایەکی چەکدار هیچ کات ئەو بەزم و رەزمە قبووڵ ناکەن. ئەو برا و باوکانە زۆرن، خۆیان بەپیاو دەزانن، هەردەم خۆیان بەپیاوی سوڵح دەزانن. کارژین، لەگەڵ ئەوەی کەیفی بەهەموو سینارێۆیەکان دەهات، بەڵام دەیزانی داهاتوویەکی ترسناک چاوەڕێی دەکرد، بۆیە ئەویش پەنای بردە بەر مام و خاڵە چەکدارەکانی دیکەی چەندین بیانووی دەهێنایەوە و خۆێ بێ بەری دەکرد، لەهەموو شتێک، لەدواتردا مام و ئامۆزا چەکدارەکانی رازی کرد تا لەگەڵ باوک و برا چەکدارەکانی ئاڤێستا بدوێن، دوای کێشمەکێشمێکی زۆری نێوان هەردوو لایەنی چەکدار، بەتوڕەییەوە، لەسەر ئەوە رێککەوتن تابێ بەهیج شێوەیەک نەکچە و نە کوڕە پەیوەندییان بمێنێ، هەر کەس بەڕێی خۆیدا بڕوات، هەر کاتێکیش ئەمە دووبارە بۆوە، ئەوا جێگەی قبووڵ نییە، بەمشێوەیە کچە و کوڕە هەتا لەبینینی یەکتریش بێبەش دەکران، نەدەبوایە لەسەر شەقامە بازنەییەکانیش چاوان لەبەرامبەر یەکتر بەرزبکەنەوە.هەموو ئەوێندارە یاخیبووەکان، لەرووداوێکی تەماویدا کۆتایی بەژیانیان دێ، نەخاسمە کچ بێ، بەشانازییەوە لەلایەن برا و باوک و ئامۆزا چەکدارەکانەوە دەکوژرێ، نەوەک خەڵک بەبێ شەڕەف سەیریان بکەن و پێیان بڵێن نەیانزانی منداڵەکانیان پەروەردە بکەن. کەچی بۆ خۆیان ئاساییە لەگەڵ کچە سووری و لوبنانی و بیانییەکانی دیکە رابوێرن. کێشەیەکی دیکە، ئەم کێشەیەش لەدێرزەمانەوە یەخەی خەڵکی شەقامە بازنەییەکانی گرتووە، کچی هەندێک خێڵ و هۆز تەنیا دەبێ شوو بەکوڕانی هۆزی خۆیان بکەن، بەتایبەتی ئەوانەی خاوەن هێز و پارەن، ناکرێ کچێکی دەوڵەمەند شوو بەیەکێک بکات، لەهۆزێکی دیکەیە و باری ئابووریان کەمێک لەخۆیان نزمتر بێ.
کاتێک یەکێک لەو کچ و کوڕە یاخیبووانە خەڵتانی خوێن دەکرێ، هەموو ئەوانەشی دەستیان لەو تاوانە هەیە ئەوانیش دەنگیان بەرز دەبێتەوە دژایەتی ئەمجۆرە توندوتیژییە دەکەن، ئەمجارەیان داوای گۆڕان و وەرچەرخانی کۆمەڵگە دەکەن، تا لەو بۆتەیە دەربچن.
کێشەکە بەم دەنگ بەرزکردنەوەیە دانامرکێتەوە، بەڵکو گرفت و ناکۆکییەکان دەست پێدەکات، دواتر هەموو لە لاپەڕە درۆزنیەکانیان باس لەدابونەریت و پاکی و هاوسەنگی کۆمەڵگە و رەوشت دەکەن، ئەوەش لەبیر دەکەن خۆیان یەکێکن لەو قوربانییانە.
دوای ئەوەی کێشەی ئاڤێستا و کارژین پەرەی سەند، پاش چەند رۆژێک لاپەڕە درۆزنەکان فرمێسکیان دەڕشت، کە کچ و کوڕێکیان خەڵتانی خوێن کرد و جوانە مەرگیان کردوون، دانیشتنی هەردوو لای چەکدار تەنیا درۆیەک بوو، باوک و برای چەکدار سەرەتا ئاڤێستایان کوشت، دواتر کارژینیان لەنێو ماڵ دەرهێنا و لەپێش چاوی دایک و باوکیان کوڕە گەنجێکی بیست ساڵەیان کوشت.
سەرەڕایی ئەو هەموو پێشکەوتنە و خۆ بەرۆشنبیر زانین، کەچی رۆژانە قوربانییانی وەک کارژین و ئاڤێستا دووبارە دەبێتەوە، کارژین تەمەن بیست ساڵە قۆناغی دووەمی کۆلیژی هونەرە جوانەکان، ئەو زۆر حەز و ئارەزووی لەمیوزیک بوو، بۆیە لەبەشی میوزیکدا یەکێک لەو قوتابی و خوێندکارە زیرەکانە بوو، لەلایەن هاوپۆل و مامۆستایانی بەش زۆر خۆشەویست بوو، ئەو هەردەم بەئامێرە میوزەکەکەی لەنێو شاردا دەسوڕایەوە، هەتا رۆژانی پشووش هەر ئاوێزانی ئامێرەکەکەی دەبوو، زۆرجاران لەچایخانە و شوێنە گشتییەکان میوزیکی دەژەنی، ژەنینی میوزیکەکەی دەبووە خۆشحاڵی ئامادەبووان. چیرۆکی خۆشەویستی کارژین و ئاڤێستا بۆ قۆناغی ئامادەیی دەگەڕێتەوە، بەڵام لەزانکۆدا زیاتر یەکتریان ناسی، لەکۆلیژ و پۆلدا کەس بەو پەیوەندیەی نەدەزانی، زۆر بەنهێنی یەکتریان دەبینی، هەردەم لەچاوانیان دەخوێندرایەوە، کە داهاتوویەکی باش چاوەڕوانیان ناکات، هەمیشە دایکی ئاڤێستا دەیگوت: نەکەی تووشی بەڵایەکمان بکەی، تا کۆلیژ تەواو دەکەی باس لەبابەتی غەرامیات مەکە.
ئاڤێستا: (بەپێکەنینەوە) دایە مەترسێ، هیچ شتێکی وام نییە.
دایکی ئاڤێستاش بەو قۆناغەدا تێپەڕیووە، بەڵام زوو زوو ئەویندارەکەی نێو شەقامە بازنەییەکانی جێهێشت، ئێستاش لەشارێکی دوور دەژی.
دایکی ئاڤێستاش بەفەرمان و رازیبوونی باوک و براکانی شووی کرد، هەرچۆنێک بێ، هەموو ئەوانەی باس لەو کێشەیە دەکەن، خۆشیان لەباوک و برای ئافێستا باشتر نین، چونکە کاتێک باس لەشارەکانی دیکە دەکەن، بڕوایان بەڕەوشتی کجان و ژنانی ئەو شارانە نییە، شتێکی وا سەبارەت بەئازادی کچان نازانن، لەلای ئەوان تەنیا قسەی گەورە و بێ ناوەڕۆک هۆیەکە بۆ دەربازبوون لەهەموو ئەو شتانەی لەدەوروبەریان روو دەدا.
کاتێک خەڵک بەگشتی گوێبیستی کوژرانی ئاڤێستا و کارژین بوون، زۆر تاسان، بەتایبەتی کەسانی شوێنە گشتییەکان ئەو شوێنانەی کارژین میوزیکی تیادا دەژنی.
دەبێ ئەوەش بڵێن، هەموو شەقامە بازنەییەکان هەمان کلتوریان نییە، دابەشبوونی شەقامە بازنەییە سەرەکییەکان چەندین هۆکاری لەپشتە، زۆرێک لەوانەی لەشوێن و گوندە دوورەکان هاتوون، ئەو شەقامە بازنەییە لاوەکییانەیان هەڵبژاردووە، کە رێگاکەی بەرەو شوێن و شار و گوندەکانی خۆیانە دەڕوانێ، هەندێک بازنە هەیە خۆشویستی و ئەوینداری تا رادەیەک بۆ کچ و کوڕانیان ئاساییە، بەمەرجێک هەردوو خانەوادە بەو پەیوەندییانە بزانن، زۆر ئاساییە بۆ کۆلیژ لەگەڵ یەکتردا بچن.
ئەو جۆرە دابەشبوونە وەنەبێ هەڕ لەخۆڕا هاتبێتەکایەوە، بەڵکو لەدێرزمانەوە هەر وابووە، مێژووی ئەم دابەشبوونە بۆ چەندین سەدە دەگەڕێتەوە، بەتایبەتی لەسەردەمی عوسمانییەکانەوە سەری هەڵداوە، کاتێک عوسمانییە دەسەڵاتدارەکان خۆیان لەخەڵکی گشتی جیاکردەوە، تەنیا ژن و ژنخواریان لەگەڵ نزیکەکانی خۆیان دەکرد، کاتێک کوڕە هەژارێک دڵی بەیەکێک لەکچانی ئەو خانەوادانەوە بوو، تەنیا بەزانینی لەلایەن یەکێکەوە، کوڕەیان دەهێنا دارکاریان دەکرد، سەرەڕایی ئەوەی کچە دەپاڕایەوە، کەهیچ پەیوەندییەکی لەگەڵدا نییە، بەڵام ئەو پاڕانەوە دادی نەدەدا، زۆرجار خانەوادەی کوڕەکەیان شار بەدەردەکرد.
لەلایەکی دیکەوە دابەشبوونەکان شێوەیەکی دیکەی بەخۆیەوە دەگرت، ئەوانەی لەگەڵ عوسمانییەکان خزمەتیان دەکرد، لەگەڵ رۆژگاردا فێری تورکی بوو بوون، ئەوانە لەبنەڕەتدا لەهۆزە کوردییە رەسەنەکان بوون، بەڵام دواتر نکۆڵیان لەرەسەنایەتی خۆیان کرد و بوون بەتورکمان، هەموو ئەمانە لەبازنەی یەکەمی شاردا دەژیان، وایان لەمنداڵ و نەوەکانیان کرد، هەر بەتورکمانی قسە بکەن و بدوێن، لەبنەچەی هەر کامێکیان بکۆڵیتەوە، خەڵکی گوندێکە و بەکوولەمەرگی گەیشتۆتە بازنەی یەکەمی شار دواتریش لەگەڵ عوسمانییەکان دەستی تێکەڵ کردووە و بوونەتە سەرباز و خزمەتکار، زۆر بەکەمی یەکێکیان باش کاتبی یەکێک لەسەرا و قشەڵەکان بووە، تەنیا بەردەست و خزمەتکار بوونە، بەڵام بەهۆی کۆچی جووەکان، ئەوانە دەوڵەمەند بوون و بوون بەپیاو ماقووڵی بازنەی یەکەمی شار، هەتا وایان لێهات دژایەتی بازنەکانی دیکەی شار بکەن، لەتەک گۆڕانی سەردەمەکان زۆرێک لەوانەی لەبازنەی یەکەمدا بوون گواستیانەوە بۆ بازنەی دووەم، وایلێهات کاریگەری هەبێ بەسەر خەڵکی رەسەنی بازنەی دووەم، هەروا زۆرێک لەمانە لەگەڵ رژێم و سیستەمە یەک لەدوای یەکەکان دەستیان تێکەڵ کرد، هەمیشە دژایەتی خەڵکی رەسەنیان دەکرد، بەڵام ئەمجارەیان بوون بەخوێندەوار خۆیان بوون بەسەرکار، دیارە بەردەوام دژایەتی خەڵکی ڕەسەنیان دەکرد، خەڵکە رەسەنەکەش وەنەبێ سڵ بکەنەوە بەرامبەریان، بەڵکو هەموو شێوەیەک بەرپەچیان دەدانەوە، ئەمەش تا ساڵی پەنجاکان ئەم کێشانە لەو پەڕی دابوو.
خەڵکی رەسەنی ئەم شارە کوردن، سێ بەش و نیوی شارەکە خەڵکە رەسەنەکەن، ئەوانی دیکە بەشێکیان کلدان و ئاشوورن، خەڵکێکیش بۆ سامان و دەسەڵات خۆیان کردۆتە تورکمان، وەنەبێ لەنێو بازنەکان تورکمان نەبێ، بەڵکو لەسەدا دووی بازنەی یەکەم تورکمانن، ئەوانەشن کاتی خۆی لەئازەربایجانەوە بەشێکیان بەهۆی جەنگ و برسییەتی ئاوارە بوونە ئەم بازنەیە، ئەم بەشەیان کارامە بوون لەپیشەکان وەک چەغماخچی و دەباغ و دارتاش و قەساب.
هەروا کەسانێکی بەتوانا و خوێندەوار لەنیوەی یەکەمی سەدەی بیست لەوڵاتانی دەوروبەر خوێندیان و بڕوانامەی بەرزیان بەدەستهێنا، هەندێک لەوانە نیشتمان پەروەری و سەربەخۆیی وڵاتەکەیان کەوتە مێشک و هەموو هەوڵێکیان دەدا ژیانیان لەپێناو سەربەخۆیی بەخت بکەن، بەڵام هەوڵەکانیان زۆر بڕی نەکرد، تەنیاش بووە بەشێک لەمێژوویەکی درەوشاوە.
خانووی نێو شەقامە بازنەییەکان لەسەرەتاکانی سەدەی بیستەم و تا نیوەی یەکەم زۆربەی بەقوڕ دروستکرابوون، تەنیا خانووی دەوڵەمەندەکان نەبێ لەکەرپووچ دروستکرابوو، بەڵام خانووی جووەکان زۆربەی لەبەرد و کەرپووچ بنیاتنرابوو، دیارە خانووی هەژارەکان تەنیا ژوورێک و بەرهەیوانێک بوو، بەڵام خانووی دەوڵەمەند و جووەکان دوو نهۆم بوون، لەتەک ئەوەی خۆی لەچەندین ژوور دەنواند، خانووەکانی بازنەی یەکەم دەیڕوانییە دەشتاییەکان، خانووی جووەکان لەخوارەوە بوو، بازاڕیان بەتەواوی لەژێر دەستدابوو. ئەوەی سەیرە خانووی جووەکان بەردەکانی گەورە و پان بوون تا لەزستاندا ژوورەوە سەرما نەبێ و لەهاویندا تینی گەرما نەگاتە ژوورەکان.
شلۆمۆ تەمەن پەنجا ساڵ هەموو کات لەگەڵ هاوڕێ موسڵمانەکانیدا باسی لەوە دەکرد، ئێمە لەهەموو شتێک لەئێوە زیرەکترین: سەیرەکە لەکاسبیدا هەردەم ئێمە زیاتر قازانج دەکەین،لەگەڵ ئەوەی هەموو شتێکمان هەرزانترە، ئێمە کاتێک فەردە شەکرێک بەکیلۆ دەفرۆشین بەهەمان نرخ دەیفرۆشین، چەند قرۆشێک قازانج دەکەین، دوای تەوابوونی فەردە شەکرەکە، ئێمە سوود لەگونیە و فەردە شەکرەکە دەبینین یاخود دەیفرۆشین، ئێوە هەردە سەرسوڕمانن چۆن دەتوانین کیلۆی شەکر بەهەمان نرخ دەفرۆشین، ئێوە فێری کاسبی نابن، تەنیا دەزانن جوێن بەئێمە بدەن.
شلۆمۆی دوکاندار لەبازنەی یەکەمی خوارەوە لەخانوویەک دەژیا، هەموو خەڵکە دەوڵەمەندەکەی بازنەی یەکەمی سەرەوە ئێرەییان پێدەبرد، ئەویش زۆرجار بەتەوسەوە بەبرادەرە مووسڵمانەکانی دەگوت: ئێوە نازانن لەخانوویەکی خۆشیشدا بژین، تەنیا دەتوانن پارە کۆ بکەنەوە لەبەینی دەرز و دەلاقەکانی دابنین، کاتێکیش دەچن پارەکە دەربهێنن لەبیرتان دەچێ لەکوێ شاردیتانەوە، بۆیە دوای ماوەیەک هەموو پارەکەتان،دەڕزی، کاتێکیش دەیدۆزنەوە بەکەڵکی هیج نایەت.
مامۆستا پۆڵس لەبازنەی دەرەوەی ناوەندی شاردا دەژی، ئەو هیچ کات هەستت نەدەکرد کریستیانە، تەنیا بەناوەکەی جیا دەکرایەوە، ئەو کلدانی بوو، بەقسەی خۆی ئەو باوەڕدارە و هەردەم دەچێتە کڵێسا، وەک مامۆستای بیرکاری لەپۆلدا زۆرجار ئاین بیرکاری لەیەکتر نزیک دەکردەوە، ئەو دەیگوت : ژمارەی یەک زۆر گرنگە، چونکە هەموو شتیک لەسفرەوە دەست پێدەکات، کە گەیشتییە ژمارە یەک واتە هەنگاوی گەورەت ناوە، ئەوەتا خوا تەنیایە و یەکە، خوای هەمووشمانە، دەکرێ ئێمە هەردەم خوامان لەبیر بێ.
مامۆستا پۆڵس زۆرجار لەگەڵ مامۆستا مووسڵمانەکان گفتوگوی ئاینی دەکرد، کاتێک مامۆستا مووسڵمانەکان قسەی مامۆستا پۆڵسیان نەدەسەلماند، ئەو دەیگۆت: ئێوە باوەڕداریتان لاوازە.
مامۆستا مووسڵمانەکانیش بەپێکەنینەوە دەیانگوت :بەڵێ کەسێکی گاوەر نابینی چ باوەڕدارێکی بەهیزە.

رەسوڵ بەختیار

Previous
Next
Kurdish