Skip to Content

دەنگێک ..لە ژێر پێیانەوە بۆ نێو دڵان!… مەولود ئیبراهیم حەسەن

دەنگێک ..لە ژێر پێیانەوە بۆ نێو دڵان!… مەولود ئیبراهیم حەسەن

Closed
by ئاب 4, 2022 General



ئەم وڵاتە کە ناوی کوردستانە…ئەم میللەتە کە پێیدەڵێن : کورد …پڕە لە گەوهەری نەدۆزراوەو ژێر پێخراوو پشتگوێ خراوو سەرکوتکراو … گەوهەری زانست و هونەرو ئەدەب.. لە زانای( زەویناس ) ەوە بیگرە تا دەگاتە زانای( فەلەکناس ) ؛ لە (کۆچەر بیرکار) ەوە بیگرە تادەگاتە( نزا ) ؛ لە ( زریاب ) ەوە بیگرە ..کە مرۆڤی لە گریانەوە دەهێنایە پێکەنین و لە پێکەنینەوە دەیخستە گریان و تادەگاتە (عەبدال خان ) کە شێعری حافزی بە حەوت ئاوازەوە دەخوێندو لە بەینی چوار تەپڵ دادەنیشت و هه رچواری دەکوتی و ئاوازی مەبەستی دەهێنایە بەرگوێ ! لە ( عەلئ تولابی) منداڵەوە بیگرە کە بە باڵێ هه ڵۆ هه ڵکشاو تا (ئێلخانی بابابەگی ) پیری بەدبەختانەوە کە بەدەنگی پڕ خەم و ئاوازی دڵنشینەوە وڵاتی تەنیەوە ؛ لە مامۆستا (ئازاد محەمەد ) ی جوتیاری زاناوە تا دەیان و سەتان زاناو پسپۆری جۆراوجۆر !! کە هه ر یەکیکێان زاناو دڵسۆز.. بەتەنیاو بێ پشتیوان خەریکی خزمەتن بەم وڵاتە پارچە پارچە کرا وو داگیرکراوە . بەڵێ ..ئەم وڵاتە پڕە لە ژن و پیاوو پیروگەنج و منداڵ.. کە دەنگ خۆش و لێهاتوون ..ئەگەر لێرە نووسینەکە تەنیا لەسەردەنگخۆشەکان چڕکەینەوە ؛ ئەو دەنگخۆشانە ئەگەر پشتگیری بکرێن .. لە کۆچە بنبەستەکانەوە دەچنە ئاستی جیهانەوە ! مخابن .. ئەم وڵاتە داگیرکراوو ئەم میللەتە دەمکوتکراوە .. کەوتووەتە ژێر دەستی داگیرکەرانێک و دەسەڵاتدارانێک کە پێیانوایە..( کیمیابارانی هه ڵەبجە ) بەس نیەو ( ئەنفالی بەدناو ) دوا مەبەس نیە!! هه ر چرایەک لەم وڵاتە داگیرسێ ..دەیکوژێننەوەو هه ر گوڵێ بپشکوێ پێشێلی دەکەن !؟
دوو سێ ڕؤژێکە .. دەنگێک وڵاتی تەنیوە تەوە .. دەنگێک هه تا بڵێی پڕ سۆز ..هه تا حەزدەکەی خەمگین..هه تا دەخوازی خۆش .. هه تا پێتخۆشە دڵنشین .. دەنگێک لە پێاوێکەوە کە لەژێر دوكەڵی ئاگری شەوە ساردو درەنگانی شار و سوتاندنی موقەوای بەردەم دوکانەکانەوە سەروو ڕوو و پشت مل وبنا گوێی ڕەش هه ڵگەڕاوە ! پێاوێک لەبەر گەراج دەخەوێ و لەسەر شەقام دەگەڕێ و لە کوچەو کۆڵانەکان پشوو دەدات و لە دەستی ئەم و ئەو نان دەخوات !! پیاوێک بەدەبەختی و بێکەسی کێشاویەتە بەنگخانە !! پیاوێک هه ناسەی پڕە لە دوکەڵێک کە هاوسەنگی کۆمەڵایەتی تێکدەدات ؛ بەڵام ؛ لە گەڵ هه موو ئەمانەش دا وەک مرۆڤێکی ئازار کێش خەمەگران و بێ ڵانەییەکەی کاری لە هونەرمەندیەکەی نەکردووە ! دەنگی دەنگی هونەرمەندێکە کە ساڵانێک بە هونەرەوە خەریک بووبێت ، سۆزی سۆزی مرۆڤێکە کە ئازاری خۆی و هه مووان دەردەبڕێ .. گوتنی گوتنی هونەرمەندێکە ئاستێکی بەرزی بڕێبێت !
پیاوێک.. بەناوی ( ئێلخانی بابابەگی ) لە گوتنا هونەرمەند ، لەدەنگدا کەم وێنە! لە سۆزدا دڵ پڕ سۆز و غوربەت ! هونەرمەندێک لە لاسایی کردنەوە دا هونەرمەند .. لە هه ڵبژاردنی هونەرمەند..هونەرمەند لە هه ڵبژاردنی گۆرانی هونەرمەند .. پیاوێک بە دەقیقەیەک و چەند چرکەیەک دڵی هه مووانی داگیرکرد ، هه مووان سۆزیان بۆی جوڵاو دڵیان بۆی سوتاو کەوتنە پەسن دانی ! پیاوێ جارێکی تر لە دایک بووەوە !! ئێستا هه مووان لە خەمی ئەوەدان ژیانی ئەو پیاوە بگۆڕن !
ئەنجامی ئەم وڵات هه ژاندنە .. دەشێ ژیانی ئەم ( ئێلخانی بابابەگی) یە بگۆڕێ ! لە ژێر پییانەوە بیهێنتەوە سەر زەوی و بیهێنێتەوە نێو دڵان ! هیوادارم ئەمە بکرێ ! چؤن ئەم هه ڵچوونە ئەنجامی هه ڵچوونی سۆزێکی کاتیە ؛ سۆزی کاتی هه میشە تەمەن کورتە و کار نیوە ناچل !؟ چۆن کاری کاردانەوەی هه ڵچوونی سۆز .. بێ بەرنامەو تەمەن کورت و بێ یاساو دوور لەزانستە !؟ هه ر بۆیە ئەم کاردانەوەیە ، ئەگەر لەسەر خێر ژیانی هونەرمەند ئێلخانی بابابەگی گۆڕی؛ ئەوا دەیان و سەتان ئێلخانی ترنابینێ و لەبیردەکات و نایانناسێ ؛ کە ئەوانیش ئەگەر هونەرمەند نەبن.. ئەوا خۆ مرۆڤن !؟
ئێلخانی بابابەگی کەسێکی نە بوو دەستی بگرێ ! سێبەرێکی نە بوو لە ژێریا بحەوێتەوە ! کاڕێکی نەبوو بیکات و نانێکی بە ڕەنجی شانی خۆی بەدەست بێنێ! ناچار ..بە عەشقەوە خۆی خستە سێبەری دەنگی پێاوێکی مەزن و دەستەو دامێنی هونەرمەندێکی مەزن بوو..هونەرمەندێک کە هه میشە باڵی کراوەتەوە .. بۆ خۆشەویستانی ، چ ئێستا کە هه ر تەنیا دەنگی ماوەو دەمێنێ ! چ ئەو ڕۆژگارەی کە بە جەستەش زیندوو بوو .. ژێر باڵی پڕ بوو لە بێکەس و لێقەوماوو نەخۆش و سەرخۆش ..سەرخۆش ونەخۆش لە پەنای دەنگە ئەفسوناویەکەی ئاسودە دەبوون و دەحەسانەوە ! ئەو پیاوە ئەو هونەرمەندە ( حەسەن زیرەک ) بوو ، ئەو حەسەن زیرەکە ( گەوهه رێ ) کی خۆی دابە ئێلخانی بابابەگی بێناوو دەس بەتاڵ و سەرلێ شێواو .. گەوهه رێک ؛ کە بە دەقیقەیەک و چەند چرکەیەک تەواوی ژیانی ئەو – ئێلخانی – یەی گۆڕێ ! گۆڕانێک کە داهاتووی بە هیچ شێوەیەک لە ڕابردوو نەچێ ! ئەوەیە هونەر کە حاڵان دەگۆڕێ ..گۆڕانێک کە هه رتەنیا بە هونەر دەکرێ !؟ ئەو هونەرە هونەری هونەرمەند (حەسەن زیرەک) بوو ؛ ئەو حەسەن زیرەکەی بەردەوام کەسان دەکات بە هونەرمەند ؛ بەردەوام کەسان نانی هونەرەکەی ئەو دەخۆن ؛ ئەو حەسەن زیرەکەی کە بە دڵێکی پڕ لە حەسرەتەوە پێش مردنی گوتی : هونەر بۆ من بە هرەیەکی نەدا ؛ هونەر بۆ من کارێکی نەکرد بە دوایەوەبچم ! چۆن کوردم و بەکوردی قسەدەکەم ؟!! حەسەن زیرەک هه ر تەنیا هونەرمەندێکی ئاواز بەخش نەبوو ؛ خێرۆمە ندێکی نان بەخشیش بوو ! هونەرمەندێک بەردەوام خەڵکانێکی زۆر لەسەر نانی هونەرەکەی ئەو دەژیان و دەژین !! هونەرمەندێک بە مردوویش بە هانای لێقەوماوانەوە دەچێ و یارمەتیان دەدات ، بەڵام، لە ڕۆژانی نەخۆشی ئەو کەس نە بوو بەهانای ئەوەوە بچێ و هاواری دەکرد .. جێم نیە تیا بسرەوم خاکم بەسەر بێ کەس و بێ دەر بێ مەی و مەیخانە خۆم ! هاواری دەکرد..لەتەنهایی شەوی ژینا ئەنێم هه نگاوی کوێرانە ؛ هاواری دەکرد .. لە سی و سیپەڵاکم دێتەدەر بۆسۆ !؟! بەڵێ زیرەک بێ کەس بوو .. بەڵام ؛ بوو بە کەسی کەسان ..
چی بۆ ئێلخانی بابابەگی بکرێت ؟! یارمەتی دانی ئەو هونەرمەندە زانست و پشوو درێژی و سەرمایەو بەرنامەی دەوێ ؛ بەرنامەیەک وەک مرۆڤێک بیگەڕێنتەوە نێو کەمەڵگاو چارەسەری نەخۆشیە دەروونی و جەستەییەکانی بکات و سێبەرێکی ئاسودەی پێ ببەخشێ ونانێکی سەربەرزانەی بخاتە بەردەم و هونەرمەندیەکەی بگرێتە باوەش !
بەڵێ .. ئەو ئێستا هونەرمەندە ، زۆرن ئەو دەنگخۆشانەی کە لاسایی حەسەن زیرەک دەکەنەوە ؛ بەڵام ، هیچیان ئەو سۆزە گەرم و خەمگینە یان لە دەنگدا نەبوو ؛ هه ر بۆیە لەماوەیەکی یەکجار کەمدا ئەو دەنگە بە دەقیقەیەک و چەند چرکەیەک سنووری وڵاتانی بڕی ولە بڵاوبوونەوە دا ژمارەی پیوانەیی شکاند ! هونەرمەندێک لە گوتنەوەی گۆرانی زیرەک دا تایبەتمەندی خۆی لەدەست نەداو داهێنانی زیرەکیشی نە شیواند و گۆرانی زیرەکی بە ئاوازو گوتن وشێعرەوە وەک خۆی گوت..نەک وەک زیرەک !
لە کۆتایی دا پێویستە سوپاسی بەڕێز ( سەعید مەنسووری ) بکەین کە وێنەی گرتووە ، وێنەیەک لە گۆشەیەکی یەکجار گونجاو لەگەڵ حاڵی ئێلخانی بابابەگی ، وێنەیەک دەنگەکەی بەرزکردەوەو ڕەنگ و ڕووی (ئێلخانی بابابەگی) خۆشەویستکرد ! وێنەیەک لە چەند چرکەیەک دا ..ئێلخانی بابابەگی لە موعتادێکەوە کرد بە هونەرمەند .. هونەرمەندێک لە ژێر پێیان دۆزرایەوەو یەکسەر چووە نێودڵان … هه روەها پێویستە سوپاسی ئەو هونەرمەندە فارسە بەڕێزە ش بکەین کە ناوی ( جابر بەهارمەست ) ە و گۆرانیەکەی ئیدیت کردوو مۆسیقای خستە سەر ، دیسان سوپاس ئەو بەڕێزە ش بکەین کە لەگەڵ چەند بەڕێزێک چووە سۆراغی ماڵەکەی … بەداخەوە حاڵی ماڵ و منداڵەکەی ئەگەر موعتاد بوونەکەی لێدەرکەین لە هه ژاری دا لە حاڵئ ئێلخانی خراپتر بوون !؟ خانوێک و ماڵێک کە دەتگوت تازە لە نێو تەپ و تۆزی شەڕی یەکەمی جیهان هاتووتە دەرەوە ! خانوێک و ناو ماڵێک و ئەندامانی خانوادەکە هه ژاری لە ڕەنگ و ڕوویان دەچؤڕایەوە ؛ بەجۆرێک چاوی وێنەگرو هاوکارەکانی پڕ فرمێسک کرد ..ئەو چاو پڕ فرمێسک بوونە چاوی بینەرانیشی گرتەوە … تا گەیشتە چاوی منیش !!

دوا هه واڵ…
پێش کەمێک بەڕێزان ( سەعید مەنسوری) و هاوکارانی بەڕێز ( ئێلخانی بابابەگی ) یان لە کەمپ دەرهێناو بەڕەنگ و بەرگێکی نوێوە کە دەستی منداڵە بچووکەکەی خۆی گرتبوو زۆر ئاسایی هه ڵس و کەوتی دەکردو لە نێو ئاپورای خەڵک دابوو وگوتی: ئەو خەڵکە کە یارمەتی منیان داوە ئێستا ، منیش هه وڵدەدەم لە داهاتوو یارمەتی کەسانی تر بدەم . بەو هیوایەی ژیانی داهاتووی ئەو بەڕێزە ، ژیانێکی نوێ بێت و سەرکەوتوو بێت لەو گۆڕانکاریە گەورەیەو بە هونەرو ژیانی کۆمەڵایەتیەوە ، وەک لە هه ڵس و کەوتیشی دەردەکەوێ دوور نیە بە ئاسانی ..ئاسایی ببێتەوە مرۆڤێکی نێو کۆمەڵ و جارێکی تر هونەرمەندانە بێتەوە سەر شانۆی ژیان .

**

**
https://www.youtube.com/watch?v=dZavlyHdv74
لینکی گۆرانی گەوهه رێ بەدەنگی ( ئێلخانی بابابەگی )
**
https://www.facebook.com/100075325327041/videos/476773627610881
لێنکی سەردانی بەڕێزان بۆ ماڵی ( ئێلخانی بابابەگی

**
وێنەی بەڕێز ئێلخانی بابابەگی دوای دەرهێنانی لە کەمپ )

مەولود ئیبراهیم حەسەن – هه ولێر ٢٨/٧/٢٠٢٢

Previous
Next
Kurdish