Skip to Content

( ئەوان) و (ئەو).. چیرۆک.. نووسینی ئیبراهیم

( ئەوان) و (ئەو).. چیرۆک.. نووسینی ئیبراهیم

Closed
by حوزه‌یران 3, 2025 General, Literature
                  

ئەوان
ڕژامە سەر لاپەڕەیەک. بەڵام تواناى جووڵەم نییە! قەڵەمەکەى لە کۆتاییم گیرکردووە، وەک ئەوەى لە نووسینم دڵنیا نەبێت. چاوەڕوانم پیتەکانى تر دەرکەون و بەیەکەوە واتایەک ببەخشین. ڕاستە زۆر جار یەک پیتیش بەتەنیا بەکاردێت. بەڵام ئەوکات مەگەر تەنیا خاوەنەکەى بتوانێت مەبەستەکەمان بۆ شى بکاتەوە.
کاتەکەى لە شەو دەچێت. مۆمێک، تەنیا لاپەڕەکە و بەشێکى مێزەکەى ڕۆشن کردووە.
ئەوەتا خەریکە پیتێکى تر دێتە خوارەوە.
سڵاو.

  • بەخیربییت هاوڕێ.
    ئێمە لە کوێین؟
  • منیش نازانم! وەک دەبینیت ژوورێکى تاریکە، و لە سایەى ئەم مۆمەوە تەنیا چاویلکەکانى و بەشێکى ڕوخسارى دەبریسکێنەوە. لەوانەیە ئێرە ژوورێکى تاریکى سەدەکانى ناوەڕاست بێت. نووسینگەى کاربەدەستێک، ژوورێکى ناو پاپۆڕێک، بەندیخانەیەک، سەنگەرى شۆرشگێرێک، یان کۆشکى ستەمکارێک بێت. لەوانەشە لە خەڵوەتگەى شاعیرێک، زانایەک، فەیلەسووفێک، یان عاشقێکدا بین!
    هەرچییەک بێت ئیتر ئەوە چارەنووسى ئێمەیە. هەرجارە و لە سەردەمێک دەردەکەوین، و هەر کەسێک بۆ مەبەستێک بەکارمان دەخات. لەوانەیە بکەوینە ناو ووتارێکى سیاسى، دروشمێکى درۆ، بڕیارێکى دادگا، جاڕنامەیەکى فریودەرى مافەکان. لەوانەشە بکەوینە ناو بیردۆزى زانایەک، ووتەى دانایەک، شێعرێکى ناسک، چیرۆکێک یان نامەیەکى پڕ لە سۆز.
    • بۆچى ئێمە بەو جۆرە خولقاوین، نەتوانین خۆمان چارەنووسمان هەڵبژێرین؟ بۆچى ئەمانە بە ئارەزووى خۆیان بەدواى یەکدا بۆ مەرامى خۆیان ڕیزمان بکەن؟ من لە سەرەتاى بوونمەوە تاکو ئێستا ملیۆنان جار کەوتوومەتە سەر دیوارى ئەشکەوت و پێستە و کاغەز و شاشە و لاپەڕەکان، و بێ ویستى خۆم هەرجارە و بە شیوازێک دەرکەوتووم! ڕێگەیەک نییە لەم چارەنووسە ڕزگارمان بکات؟
  • دەى ئەمەیان جوانترین چارەنووسە! گەورەیى ئیمە لەوەدایە لەهەر سەردەم و شوێنێکدا بین، پوختەى بیرکردنەوەى مرۆڤەکان و ڕازى ناخیان ئاشکرا دەکەین. بەیەکەوە کۆدەبینەوە و بیردۆزێکى زانستى پێکدێنین، کە لەوانەیە جیهان بگۆڕێت. یان لە پەیامێکى خۆشەویستیدا دوو کەس بەیەکتر دەگەیەنین. یان لە نووسینێکدا حەقیقەتى ناخى نووسەرێک ئاشکرا دەکەین. لە هەواڵێکدا دڵى بێ نەوایەک دەخەینە سەما.
    گەرچى ئێمە ژمارەمان سنووردارە، بەڵام بەیەکەوە ملیارەها ئەگەرى شێوازى ڕیزبوونمان لەبەردەستە، و لەسەرەتاى بوونمانەوە مێژووى ڕاستەقینەى مرۆڤەکانمان تۆمارکردووە. هەر لەڕێگەى ئێمەوە دەزانرێت پاکەکان چۆن مرۆڤیان بونیاد ناوە و شەڕانگێزان چۆن ڕوخاندوویانە! چۆن ژییارەکان بونیادنراوون و کێ وێرانى کردوون! ئێمە نەبواین، کێ فیرعەون و مووساکانى دەناسى؟ شکسپیر ئەم ناوبانگەى لەکوێ دەبوو؟ ئەى هیگل و دیکارت و ئۆشۆ و مەولانا و مەحوى …هتد؟
    سەیرکە سەیرکە! پیتێکى تر هات!…یەکێکى تریش…ئەوەتا یەک بەدواى یەک پیتەکان دێنە خوارەوە! ڕیزدەبین و دەستى یەکتر دەگرین و دەبین بە ووشە و بە ڕستە. بەو هیوایەى لەژێر ڕۆشنایى ئەم مۆمەدا وەک دەقێک لەدایک بین، و بە دەستى خوێنەرێک بگەین.
    ئەو:
    ئەمشەو نووسین جیاوازە. وشەکان هەست بە نامۆیى دەکەن. وەک چۆن کچۆلەیەکى لادێیی کاتێک لەناکاو خۆى لەناو ئاوەدانییەکى نامۆدا دەبینێتەوە شەرم دایدەگرێت. ئەم ئێوارەیە وشەکان لە ئاست ئەو داواکارییەى من کوڵمیان سوور هەڵگەڕاوە. ناهەق نین شەرم بکەن بۆ وەسفى کاراکتەرێکى لەو جۆرە برژێنە سەر لاپەڕەکەم. هەست بە شەرمەزاریى دەکەن لە دوو توێی گۆڤارێک یان کتێبێکدا بچنە بەردەم خوێنەرێکى خوێندەوار. ئاخر لەوانەیە بەهۆى ئەو کاراکتەرەوە ناویان بزڕێت و ئیتر لە کونجى کتێبخانەدا بەند بکرێن و جارێکى تر بە چاوى خوێنەرێکى تر ئاشنا نەبنەوە. تەنانەت لەوانەیە حوکمى تاهەتاییان بەسەردا بدرێت و ئیتر پێنووسەکانیش لەبیریان بکەن. هەر چۆنێک بوو، بریاریاندا لە نووکى پێنووسەکەم بێنە دەرەوە و سەرکێشییەک ئەنجام بدەن. خۆ جیهان هەر ئاوا نامێنێتەوە. لەوانەیە رۆژێک بێت ئەو کاراکتەرە ببێتە بووکەڵەیەکى مێژوویی و مناڵەکان لە کەلاوەیەکدا یارى پێبکەن.
    تک…تک…تک…دەنگى کاتژمێرى سەر دیوارەکە بێزارى کردبوو. پیخەفەکەى هەلدایەوە، تیشکى خۆر لە پەنجەرەکەوە نەیهێشت بەتەواوى چاوى هەلبێنێ.
    -ئاى خوایە! دیسانەوە پەردەکەیان هەڵداوەتەوە. ناهێڵن بە ئارامى بخەوم. ئاخر من چیم داوە لە ڤیتامین و تیشکى خۆر و چاڵاکبوون و نازانم چى و چى؟!
    پێخەفە چلکنەکەى کێشایەوە سەرخۆى. دەنگى کاتژمێرەکە بەردەوام بوو…تک…تک…تک… لەناکاو پێخەفەکەى هەلدایەوە و سەیرێکى تەنیشتى لاى چەپى خۆى کرد، بووکەلەی سەر مێزەکەى هەلگرت و بە کاتژمێرەکەیدا کێشا و بێدەنگى کرد. ساتێکى تر لەژێر پێخەفەکەیدا بێدەنگ مایەوە، بیرى کەوتەوە بە تەنیا لە ماڵەوەیە و هەموویان ڕۆیشتوون. هەندێکیان بۆ سەر کار و ئەوانى تریش بۆ قوتابخانە.
    -من تاقەتى ئەمانەم نییە. بەلاى منەوە ژیان خەوتنە. بخەویت و خەونى خۆش ببینیت. کاتێکیش خەبەرت دەبێتەوە، خەونەکانت بگێریتەوە و وەک یادگاریى چێژیان لێ وەرگریت. بەلام چۆن دووبارە بخەومەوە؟!
    پێخەفەکەى هەلدایەوە…ئیتر تاقەتى ئەوەم نییە سەیرى ئەم ژوورە کاولبووە بکەم. هەمیشە دیمەنى ئەو بنمیچە لەبەرچاومە و بیزارى کردووم.
    هەستى بە تینوێتى کرد. ویستى بچێتە ژوورەکەى تر بۆ ئەوەى ئاو بخواتەوە. بەڵام پاشگەز بووەوە و نەیویست بە تەواوى بێدار بێتەوە. پێخەفە چلکنەکەى کێشایەوە سەرى…خەوى لێ زرابوو بیرى دەکردەوە. لەناکاو هەستیکرد کەسێک خەریکە نزیک دەبێتەوە. ئەوەتا هاتە ژوورەوە…بەرە بەرە و بە ئەسپایى نزیک دەبێتەوە…ویستى پێخەفەکە هەلداتەوە، بەڵام پاشگەز بووەوە. گوێ قوڵاغ خۆى بێدەنگ کردبوو، نوقەى لەخۆى بڕیبوو. دلى بەخێرایى لێیدەدا…گوێى لە هەناسەکانى کەسەکەیە…نزیکتر بۆتەوە. هەرچەند هەولیدا، جورئەتى نەبوو خۆى بجوولینێت. دەستێک بەر پیخەفەکەى کەوت، زۆر ترسا. خۆى وا نیشاندا خەوتووە. کات زۆر بە هێواشى تێدەپەرى. تواناى بیرکردنەوەى نەما…نەیدەزانى چەند کات تێپەریوە. هەستیکرد دزەکە بەرەو دەرگاکە دەڕوات، هەناسەیەکى هەڵکێشا. ماوەیەک بوو هەولیدەدا پێخەفەکەى هەلداتەوە، جورئەتى نەدەکرد. دواى ماوەیەکى زۆر، پێخەفەکەى هەلدایەوە. نەیدەزانى دلخۆش بێت کە لە ژیاندا ماوە، یان نیگەران بێت لەو نامەردییەى لە بەرامبەر پارێزگاریکردن لە مالەکەیان نواندوویەتى. چاوى کەوتەوە سەر بنمیچەکە، زیاتر نیگەران بوو. جالجالۆکەیەک خەریک بوو بە دەزووە تەونەکەیەوە هێدى هێدى بەرەو روخسارى دەهاتە خوارەوە. نیازى ئەوەى کرد هەلسێتەوە و لاى بدات. بەلام نەیویست بەتەواوى لە خەوەکەى بێداربێتەوە. ویستى پێخەفەکەى بەرەو روخسارى بێنێتەوە، بۆنى زۆر ناخۆش بوو. چاوێکى بە ژوورەکەدا خشاند، جامانەکەى باوکى لەسەر مێزەکەى تەنیشتى هەڵگرت و خستییە سەر روخسارى و بەرەو خەونەکانى گەایەوە.
    من:
    ئیتر قەڵەمەکەى دانا.
    بۆ ماوەیەک کەوتە بیرکردنەوە..
    دواتر لاپەڕەکەى پچڕاند و لەناو لەپیدا گەچراندى و فرێیدایە سەر زەوى…
    مۆمەکەى کوژاندەوە و دونیا تاریک بوو.
    ✍️/ ئیبراهیم

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish
Powered by TranslatePress