Skip to Content

پاڵەوان.. چیرۆک\ نووسینی:‌ ئامانج شێروانی

پاڵەوان.. چیرۆک\ نووسینی:‌ ئامانج شێروانی

Closed
by ئاب 14, 2024 General, Literature



هەنگاو بە هەنگاو بەرەو ناوەڕاستی گۆڕەپانەکە دەهات، متمانەیەکی زۆری بە خۆی هەبوو، سەیرێکی ئەملا و ئەولای کرد، بزەیەکی هاتێ، تا چاو بڕ دەکات خەڵکە، تا دڵ حەز دەکات هاندەرە. لە شوێنی خۆی ڕەق ڕەق ڕاوەستا، سەری هەڵبڕی، ناوی ڕکابەرەکەی خۆی خوێندەوە، لە دوازدە جاران، دەی پێکابوو.
چاویلکە تایبەتەکەی لەچاو کرد، هێدفۆنەکەشی خستە سەر گوێیەکانی، دەستەکانی لەسەر دەمانچەکە و نووکی دەمانچەکەشی ئاڕاستەی نیشانەکە کرد. سەیرێکی دەوروبەری خۆی کرد، ئاڵای سووری وڵاتەکەی ئەو گۆڕەپانەی پۆشیبوو. مووچڕکێکی پێدا هات و لە دڵەوە سڵاوێکی بۆ سەرۆک و باوکی نەتەوەیی وڵاتەکەی نارد.
لاقی چەپی هەنگاوێک بەرەو پێشەوە هانی، پێیەکانی لەسەر زەوییەکە توند توند چەسپاند، ملی خۆی بۆ پێشەوە برد و سەیری کونی نیشانەی دەمانچەکەی کرد. پلی خۆی هێدی هێدی گرژ کردەوە، گوللەی یەکەمی تەقاند. شرااق، حەپەساو ما، گوللەکە بەسەر سەری نیشانەکەدا ڕۆیشت و نەیپێکا.
کەمێک شڵەژا، سەیری ڕاهێنەرەکەی کرد، نائومێدی لە چاوانییەوە خوێندەوە، خۆی خڕ کردەوە، ئەمجارەیان جوانتر لە نیشانەکە وردبووەوە، لە دڵی خۆیدا گوتی: «ئەمجارەیان دەیپێکم و سەری ڕاهێنەر و سەرۆکەکەمان بەرز دەکەمەوە.»
گوللەیەکی تری تەقاند، ئەمەشیان کتومت وەک ئەوەی پێشوو بوو. هاندەران شڵەژان، ڕاهێنەرە دڵپڕەکەی سەری خۆی وەکوو پەندۆلی کاژێرێکی دیواریی کۆن دەلەقاند. شەرم سەرتاپای داگرت، سەری خۆی نزم کردەوە، ئارەقە بە لەشیدا وەکوو باران دەچۆڕاوە، «ئاخ، چیم بەسەر هات! ئەوە چ ئابڕووچوونێکە!»
زۆری لە خۆی کرد، تا هەرچی بیری خراپە لە مێشکی دەربکات، بەهێواشی لەبەر خۆیەوە دووبارەی دەکردەوە: «دە هەوڵم ماوە، ئەگەر هەر هەموویان نەپێکم ئەوا دەبمە بنێشتە خۆشەی سەر زاری منداڵان، ئەوا سەری سەرۆکەکەمان شۆڕ دەکەم، دە هەوڵ، تەنها دە هەوڵ!»
چاوەکانی خۆی نوقاند، ویستی بە هەر جۆرێک بێت هزر و هۆشی خۆی چڕ بکاتەوە، هێدفۆنەکەی لەسەر گوێیەکانی لادا و بەرەو لایەک فڕێی دا، چاویلکەکەی داکەند، چاوەکانی نوقاند، بۆ ساتێک کەوتە نێو گێژاوی ئەندێشان، هاواری منداڵە بێباوکەکانی هێنایەوە پێش چاوانی. هاوارە پڕ لە داخوازییەکان، هاوارە پڕ لە پاڕانەوەکان. زیڕەی دایکەکانی هێنایەوە یادی خۆی، زیڕە پڕ لە ترسەکان، زیڕە پڕ لە تکایەکان. لاشەی باوکەکانی هێنایەوە یادی، لاشە تێهەڵدراوەکان، لاشە شلمکوت کراوەکان.
بە بیری خۆی هێنایەوە، کە ئەمەیان بۆ باوکی نەتەوەییانە، ئەمەیان بۆ نەژادەکەیانە. گورگەکانی هێنایەوە یادی خۆی، گورگە دڕەکان، گورگە بۆرەکان! خۆی خزاندە نێو گێژاوێکی قووڵ، خۆی لە پەنا گاشەبەردێکەوە بینییەوە، لە نێچیرەکەی مۆڕ ببووەوە، لە باوکە بێتاوانەکەی بەرانبەری. دەستێکی لە گیرفانی و دەستەکەی تریشی لەسەر دەمانچەکەی، گریانی منداڵەکان و دایکەکان لە گوێیەکانی دەزرنگانەوە، چێژێکی بێپایانیان پێ دەبەخشی!
بەبێباکییەوە پلی بە دەمانچەکەوە نا، یەک، دوو، سێ، دە گوللەی ڕەبەقی پێکاند، هەر هەموویانی خێواندە کەللەسەری ئەو باوکە بێتاوانە! قیژەی منداڵەکان بەرزبوونەوە، زیڕەی دایکەکان ئەم گۆڕەپانەیان خستە لەرزە! دەنگی هاندەران هەتا کەڵەکەی ئاسمانێ بەرز بووەوە! ئاڵا سوورەکان بەری ئاسمانێیان گرت! گورگە بۆرەکان کەوتنە لوورەلوور، ڕاهێنەرەکەی لە خۆشیاندا شاگەشکە بوو!

نووسینی:‌ ئامانج شێروانی

==============================
تێبینی: هەوێنی ئەم چیرۆکە (یوسف دیکێچ)ە، کە زۆربەی ژیانی خۆی وەکوو جەندرمەیەک و بکوژێک لە سوپای تورکیا بەسەر بردبوو، دواتر وەکوو پاڵەوانێکی نیشانەگرتنەوە لە ئۆڵۆمپیادی پاریسی ٢٠٢٤ ناوبانگی دەرکرد.

Previous
Next
Kurdish
Powered by TranslatePress