
کەسێک لە ناو ژیانێک بۆ ژیانێکیتر دەگەڕێت.. داستان بەرزان
خەڵک هەیە
خەڵکی جۆراوجۆر
کە من مێشکم قبووڵیان ناکات
ئەوان پێدەکەنن و
قوبڵی ساوەر و برنج و بریانی دەخۆن و
ئەسپ و سەیارە و تەیارە دەکڕن
خەیار و قەیسی و ترێ و تەمەرهند و
مۆڵ و مۆم و هۆم و چۆم دەپێچنەوە!
من هیچم نییە لەو سەرمایەیەی ئەوان کردوویانە بە قەڵا بۆ خۆیان
ئەوەی هەمە جیهانی خۆمە
نایدەم بە تاج و ساج و باج و گەراجی ئەوان
خەڵک هەیە
باڵۆنی هەیە
من هەم
باڵۆنم نییە!
خەڵک هەیە
ساڵۆنی هەیە
من هەم
ساڵۆنم نییە!
من نیمە زۆرینەی ئەو شتانەی ئەوان کردوویانن بە قەڵا بۆ خۆیان.
ڕاستی بڵێم؟
من قەڵاکەم دەمێکە ڕووخاوە
پاڵم داوە بە تەنیایی شینی خۆمەوە!
من بەبێ پادشای چوارئینجی ڕۆم
من بەبێ گشت خاکی پانی عەجەم
من بەبێ عومری بازنەیی نوح
من بەبێ هێزی بەرینی نەمروود
من بەبێ چیای تیژی تەڵا
من بەبێ جەماڵی خڕی یووسف
من بەبێ دانایی ئاسۆیی لوقمان
من بەبێ گەنجی ستوونی سەلمان
تەنیام.. من زۆر.. زۆر تەنیام
تەنیام و جیهانی خۆمم گرتووە
من جیهانی خۆمم خۆشدەوێت
من جیهانی خۆمم!
من بەبێ گەنجی قاروون
بەبێ ڕەنجی فەرهاد
بەبێ تاقی کیسرا
بەبێ سەبری ئەیوب
بەبێ هەرەم
بەبێ حەرەم
بەبێ کەرەم
بەبێ دەوڵەت
بەبێ سەروەت
بەبێ، بەپێ
بەپێوەم، بێ چارە
بەپێوەم، بێ پارە
تەنیا خاوەنی جیهانی خۆمم.
سامانی سولەیمانم نییە
پەڕجووی موسا و
لێبوردەیی عیسا و
هەسپی بوڕاقم نییە.
زەینەفۆن و
دیاکۆ
هۆلاکۆ و
ئەسکەندەر نیم.
تەنیا خاوەنی جیهانی خۆمم
من جیهانی خۆمم خۆشدەوێت
من جیهانی خۆمم!
کێ خوێنی پاکی خۆی دەکێشێت؟
من نەبێت!
کێ کێشاویە بە بەرددا گیانی خۆی؟
من نەبێت!
کێ دەبینێت چ ڕووناکە؟
من نەبێت!
کێ خودا دەناسێت، بۆی دەگری؟
من نەبێت!
من دەنگدەداتەوە سینەم
چۆڵە بێ تۆ!
من دەشتێکم وادەخنکێم
دەمرم بێ تۆ!
من بارگەیەکی جێماوم
زامم بێ تۆ!
من قارەمانێکی دۆڕام
ژارم بێ تۆ!
تۆ دەمکێشیت بە چیا و دەشتەکاندا
کوێرانە!
تۆ دەمکێشیت بە مانگ و ئەستێراندا
عاشقانە!
تۆ لە گەروودایت
تۆ لە باخەکاندایت
تۆ لە سروەدایت
تۆ لە کڕێوەدایت
تۆ درەختی منی
تۆ گوڵزاری منی
تۆ ئاسمانی
تۆ هەردی
تۆ زەریای
تۆ فڕینی
هەر تۆش تەنیا
ژانی منی!
ڕۆژێک دادێت دەچیتە گەردوونی خۆتەوە
جیهانی خۆت دەناسیتەوە
من خەیاڵاویی بە ناو ئەو ڕۆژەدا دەڕۆم
بۆ ژیانێک واقیع نەخۆشی نەخستبێت.
شوێنک شوێن نییە
کاتێک کات نییە
تێیدا بمرم!
دەردی من ئەوەیە
دەردەکانمم پێوە دیارن
دیارن بە ڕۆژەکانمەوە
بە هەنگاوەکانمەوە
بە ئاگرەکەمەوە
لەسەر شوێن پێیەکانم جێماون
ئەو دەردانەی کەس نایانخوێنێتەوە.
من واقیع ئازارم دەدات
برینێکە لەسەر بوونم
تەمێکی قوورسە دەمخنکێنێت
لە هەموو شوێنێکم گیربووە
لە هەموو کاتێکم ڕۆچووە
من واقیعم ژانی هەیە!
فریا ناکەوم ئەوەی دەمەوێت بژیم
فریا ناکەوم ئەوەی دەمەوێت بمرم.
من پێویستم بە ژیانێکی دیکەیە
ئەمە ژیانە ڕاستەقینەکە نییە.