شیعر و شاعیریی و خوێندنه‌وه‌یه‌ك بۆ به‌رهه‌مه شیعری “به‌ره‌واژ”ی نارین ڕۆسته‌م-2-… سۆران محه‌مه‌ده‌سووره
-2-
سێیه‌م: شیعری كڵاو و شیعری حه‌مام
ا
له به‌رهه‌مه‌كه‌دا شیعری كڵاو یه‌كه‌م شیعره و شیعری حه‌مام كۆتا شیعریه‌تی، هه‌ڵبه‌ته ئه‌م دوو شیعره به مه‌به‌ست له دوو شوێنی تایبه‌ت و گرینگ داندراون، هه‌ر ئه‌م شوێنه‌شه كه هه‌ڵوه‌سته‌مان پێده‌كات. شیعری كڵاو به پێی ڕیزبه‌ندیی شیعره‌كانی نێو به‌رهه‌مه‌كه ده‌كه‌وێته ژماره یه‌ك و شیعری حه‌مامیش ده‌كه‌وێته ژماره نۆ. هه‌ڵبه‌ت هه‌ریه‌ك له ژماره‌كان ژماره‌ی تاكن. ژماره‌ی تاك هه‌ڵگری نهێنیی و پیرۆزیییه‌كی تایبه‌ت به خۆیانن.
ئه‌م دوو شیعره به‌ده‌ر له خوێندنه‌وه‌ی جیاوازی سه‌ربه‌خۆی شیعره‌كان، ئه‌وه ئه‌گه‌ر بێت و هه‌ردووكیان به‌یه‌كه‌وه به‌راورد بكه‌ین، ئه‌وه ئه‌و قسه‌یه‌ی كه وتمان به‌مه‌به‌ست له‌و شوێنه دانراون، ئاشكراتر ده‌بێت. ئه‌م دوو شیعره په‌یوه‌ندییه‌كی نهێنیی له‌نێوانیان دایه، په‌یوه‌ندییه‌ك كه نهێنیی پیرۆزی ژماره به‌ڕێوه‌یان ده‌بات.
به‌ر له‌وه‌ی سفر وه‌ك ژماره بخرێته پاڵ یه‌ك، ئه‌وه نۆ كۆ یه‌ك ده‌یكرد به یازده. واته شیعری یه‌كه‌م كه ژماره یه‌كه و شیعری حه‌مام ژماره نۆیه، هه‌ردووكیان به یه‌كه‌وه، وه‌ك چۆن تاكن، ئه‌وهاش نابن به ده، به‌ڵكوو ده‌بن به ژماره‌یه‌كی تر كه تاكه، ئه‌ویش ژماره یازده‌یه، دوو دانه یه‌ك كه ژماره‌ی تاكن، خراونه‌ته پاڵ یه‌كتر. یازده ئاماژه‌یه بۆ وزه‌یه‌كی گه‌وره، هه‌ر بۆیه‌ش ژماره‌یه‌كی پیرۆزی كۆمه‌ڵگه ڕۆژهه‌ڵاتییه‌كان بووه، ئه‌فسانه، دین و فه‌رهه‌نگی ئه‌م میلله‌تانه‌ی داگیر كردووه. هاوكات هه‌ردووك له شیعره‌كان “كڵاو و حه‌مام” به خستنه‌پاڵی یه‌ك سفر، ده‌بن به ژماره‌یه‌كی جووت، واته سفر به‌شداره له درووستكردنی بێبڕانه‌وه‌ی به‌رده‌وامیی، كه‌واته له‌م ڕوانگه‌یه‌شه‌وه ئه‌م دوو شیعره له‌گه‌ڵ یه‌كتردا گه‌شه‌ی به‌رده‌وام به فره‌مانایی و فره‌ڕه‌هه‌ندیی خۆیان ده‌ده‌ن.
شیعری ژماره یه‌ك “كڵاو”ـه، یه‌ك نیشانه‌ی خواست، سه‌ربه‌خۆیی، وزه‌ی ئه‌رێنیی، هه‌روه‌ها له‌خۆگری نارسیزم، ئاواتی زۆر و زانینه. سه‌رباری ئه‌وه یه‌ك نیشانه‌ی ده‌سپێكێكی نوێی ژیانه، له به‌رهه‌می به‌ره‌واژدا شیعری كڵاو ده‌ستپێكه. هه‌موو شتێكی نوێ سه‌ره‌تایه‌كه، واته به یه‌ك ده‌ستپێده‌كات، هاوكات له‌نێو هه‌موو شتێكیشدا، شتێك هه‌یه، ئه‌م شته‌ش ناوی ده‌نرێت تاقانه. مرۆڤی كۆن به‌م تاقانه‌یییه له په‌یوه‌ندییدا بوون، ئه‌و شتگه‌له‌ی كه له‌به‌ین ده‌چن، دواجار یه‌ك شتیان لێده‌مێنێته‌وه. بۆ نموونه خودا تاقه، به‌ڵام به‌رله‌وه‌ی تاق بێت، به فره‌خودایییدا ڕۆیشتووه و خوداكانی تر له‌به‌ین چوون. ئه‌و شتانه‌ی كه هه‌ن، تا دێت له‌به‌ین ده‌چن و وزه‌یان له یه‌كدا كۆده‌بێته‌وه. به‌هه‌ر حاڵ وه‌ك وتمان، یه‌ك ده‌ستپێكه و نۆش شا. به‌وپێیه له‌م به‌رهه‌مه شیعره‌دا به یه‌ك “كڵاو” ده‌ستپێده‌كات و له شیعری نۆ “حه‌مام”دا به كه‌ماڵی خۆی ده‌گات. ژماره نۆ، له‌نێو ژماره‌كاندا به ژماره‌ی شا ناسراوه، نیكۆلا تێسلا (Nikola Tesla)، كه تا ئه‌وكاته‌ی مرد، نزیكه‌ی 700 داهێنانی هه‌بوو، ژماره نۆ یه‌كێك بووه له‌و سێ ژماره ده‌گمه‌نه‌ی كه ئەم بلیمەتە نامۆیه هەمیشە جەختی لەسەر کردووەتەوە. تێسلا گوتوویه‌تی: ئه‌گه‌ر ده‌تزانیی ژماره3، 6، 9* چه‌نده گرینگن، ئه‌وه كلیلی هه‌موو دونیات له‌به‌رده‌ستدا ده‌بوو. باوه‌ڕبوونی تێسلا به‌م ئه‌ندازه‌یه، بووبووه هۆی ئه‌وه‌ی كه خاوه‌نی هه‌ڵسوكه‌وتێكی سه‌یریش بێت، به‌ڵام تا ئێستاش هیچ ڕوونكردنه‌وه‌یه‌ك بۆ وه‌ها ڕه‌فتاره‌كه‌ی نییه (ئه‌نته‌رنێت. 1). به‌هه‌ر حاڵ ژماره نۆ، ژماره‌ی ڕیزبه‌ندیی كۆتاییی شیعره‌كه‌یه و به‌رهه‌مه‌كه گرێ ده‌دات.
شیعری حه‌مام كه له ڕیزبه‌ندی نۆ دایه و شیعری كڵاو له ریزبه‌ندی یه‌ك دایه، ئه‌گه‌ر نۆ كه‌م یه‌ك بكرێت، ئه‌وه ژماره هه‌شت ده‌رده‌چێت، میسریییه کۆنه‌كان بڕوایان وابووه، کە ژماره هه‌شت نیشانەی هاوسەنگییە لە جیهاندا، هه‌روه‌ها فیساگۆرس نیشانە و هێمای خۆشەویستی و هاوڕێیەتیی پێبه‌خشییبوو (ئه‌نته‌رنێت:1). كه‌واته هه‌شت نیشانه‌ی هاوسه‌نگیی، هاوڕێیه‌تیی و خۆشه‌ویستییه. به‌مپێیه په‌یوه‌ندییه‌كی هاوخوێنیی له‌نێوان ئه‌م دوو شیعره‌دا هه‌یه:
ئه‌م دوو شیعره هه‌ردووكیان به‌پێی گرینگی ئه‌و شوێنه‌ی لێی داندراون، هه‌ریه‌كه‌یان له چه‌ند كۆپله‌یه‌ك پێكدێن، هه‌م دیسان كۆپله‌كان پێنج كۆپله‌ن، واته تاكن و جووت نین. ژماره پێنج له شاره‌ستانییه‌ته كۆنه‌كاندا به ژماره‌یه‌كی گرینگ و كاریگه‌ر دانراوه، له سه‌رده‌می فیساگۆرسدا ئه‌م ژماره‌یه به ژماره‌یه‌كی ته‌واو و پووخت بۆ مرۆڤ دانراوه. له ئایینه‌كانیشدا گرینگیی تایبه‌تی خۆی هه‌بووه، هه‌روه‌ها وه‌ك هێمایەکی گرینگی کو‌لتووریی بەکار هێنراوه (ئه‌نته‌رنێت:1). ژماره پێنج په‌یوه‌ندیی به سه‌ركێشیی و گۆڕانه‌وه هه‌یه؛ كاتێك گوێ له جه‌سته‌ت، له ده‌روونت ده‌گریت؛ له كۆتا كۆپله‌ی شیعری حه‌مامیشدا، وشه‌ی “هاوار” هه‌یه، واته گوێگرتن له جه‌سته، له ده‌روون هه‌یه. هه‌مان هه‌ڵگری نهێنیی ئه‌م كۆپله‌یه‌یه كه پێنجه‌م و دوا كۆپله‌ی شیعره‌كه‌یه. هاوكات منی ناو شیعری “حه‌مام” كه هاوار ده‌كات، تابلۆی قیژه‌ی ئێدڤارد مۆنك (1863- 1944)مان دێنێته‌وه پێشچاو.
به‌هه‌رحاڵ، ئه‌م دوو شیعره به‌تایبه‌تیی و به‌رهه‌مه‌كه به گشتیی له‌ڕووی ڕه‌مز و ڕازی ژماره‌وه نهێنیی زۆرتر له‌خۆ ده‌گرێت و وردبوونه‌وه و گه‌ڕانی زۆرتری پێویسته.
ب- پێكهاته‌ی شیعره‌كان:
بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه له هه‌ردووك شیعره‌كه بگه‌ین، ئه‌وه پێویسته پێكهاته‌ی هه‌ردووك له شیعره‌كان و په‌یوه‌ندیی هه‌ر یه‌كه‌یان به‌وی تر بخه‌ینه‌ڕوو. به‌ڵام به‌ر له‌وه ده‌بێ ئه‌وه بزانین كه هه‌ریه‌ك له شیعره‌كانی “ده‌ستێك به شه‌ش په‌نجه‌وه، سێ براده‌ر، بووكه‌ڵه‌ی سووپه‌رمان، ئێكسپایه‌ر و شه‌ڕه‌پشیله” بگێڕه‌وه‌كه‌یان هه‌ر ته‌نیا منداڵێك نییه، به‌ڵكوو منداڵییه‌كی گه‌وره‌بووشه. واته ده‌توانین بڵێین، ئه‌و منه زیاتر و به چاوێكی قووڵی منداڵیی، پێگه‌یشتوویی و شاعیریییه‌وه، ڕۆده‌چێته ناخی ڕووداوه‌كانه‌وه.
شیعری كڵاو
كۆپله‌ی یه‌كه‌م:
ئه‌و: باوك، خه‌مۆكیی و شاردنه‌وه
كڵاوی چه‌رمیی، شاعیر
له كۆپله‌ی یه‌كه‌می شیعری كڵاودا باوك هه‌یه، كه ده‌یه‌وێت خه‌مۆكییه‌كه‌ی بشارێته‌وه، بۆیه كڵاوێكی چه‌رمیی ده‌كاته سه‌ری و ده‌بێته شاعیر.
كۆپله‌ی دووه‌م:
ئه‌و: برا، برینی سه‌ر، سه‌رتاشین
كڵاوێكی ڕه‌ش، ئیماندار
من/شاعیر: كڵاوی جادوویی، بزربوون.
كۆپله‌ی دووه‌م دوو به‌شه، له به‌شی یه‌كه‌مدا برا هه‌یه، كه به‌هۆی هه‌ژارییه‌وه سوود له مووسی هه‌رزان، وه‌رده‌گرێت، كه سه‌ری بریندار ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ی برینه‌كانی سه‌ری بشارێته‌وه كڵاوێك له‌سه‌ر ده‌نێت. به مانایه‌كی تر، سه‌ری براكه ده‌كه‌وێته ناو كڵاوێكی ڕه‌ش، واته ده‌بێته ئیماندار و مێشكی خۆی ته‌سلیمی دین ده‌كات. “سه‌ری لوول دا و فڕێی ددایه ناو بازنه‌ی كڵاوێكی ڕه‌ش” (هه‌مان: 5)
به‌ڵام كۆپله‌ی چواره‌م ئه‌نجامی كۆپله‌ی دووه‌مه و به بێ كۆپله‌ی چواره‌م ئه‌م كۆپله‌یه له‌م شیعره‌دا بێ ئامانج ده‌رده‌كه‌وێت، چونكه كڵاوی ڕه‌ش، كه سه‌ره‌نجامی ژیانی برایه‌كه‌یه، فڕێده‌درێته نێو كڵاوه‌كه‌وه، ئه‌وه‌ی ئه‌م فڕێدانه‌ش ئه‌نجام ده‌دات، چاره‌نووسه.
له به‌شی دووه‌می كۆپله‌ی دووه‌مدا من “نارین/ شاعیر” هه‌یه. كه كڵاوێكی جادووییی له‌سه‌ری ده‌نرێت و بزر ده‌بێت. له كۆپله‌ی پێنجه‌مدا “من” به‌دوای كڵاوه جادوویییه‌كه‌دا ده‌گه‌ڕێت.
كۆپله‌ی سێیه‌م:
كڵاوی چه‌رمیی= شاعیر (باوك)، پاڵكه‌وتن/مردن
كۆپله‌ی سێیه‌م ئه‌نجامی كۆپله‌ی یه‌كه‌مه، كه باوك ده‌یه‌وێت خه‌مۆكییه‌كه‌ی بشارێته‌وه و دواجار ده‌بێت به شاعیر. خه‌مۆكیی له كۆپله‌كه‌دا نیشانه‌ی دڵه‌ڕاوكێ، په‌رۆشیی و خه‌مخۆریی باوكه بۆ ئه‌و و من/ ڕۆڵه‌كانی. به‌ڵام له‌م كۆپله‌یه‌دا ئه‌وه ئه‌و كڵاوه‌ی كه ده‌یكات به شاعیر، له جه‌كمه‌جه‌ی دۆڵابه‌كه كڕ ده‌كه‌وێت، واته پاڵ ده‌كه‌وێت. له شیعره‌كه‌دا دوو ململانێمان نیشان ده‌دات، ململانێی زانین و دین. ململانێی یه‌كه‌م كه زانینه په‌یوه‌سته به كۆپله‌ی یه‌كه‌م و سێیه‌م، به‌ڵام ململانێی دووه‌م كه دینه په‌یوه‌سته به كۆپله‌كانی دووه‌م و چواره‌مه‌وه. به‌وپێیه یه‌كه‌میان هه‌رده‌م له گۆڕاندایه، یان مرۆڤ تێیدا جێگیر نییه، بۆیه تووشی خه‌مۆكیی ده‌بێت و ئه‌وه‌نده‌ی دینیش ناخایه‌نێت و نامێنێته‌وه. بۆیه ململانێی دووه‌م كه ئایینه ڕیشه و ڕه‌گی قووڵتره و به ناخی مرۆڤدا ڕه‌گ داده‌كوتێت. كه‌واته لایه‌نی یه‌كه‌م ده‌بێت پاڵ بكه‌وێت، واته پاشه‌كشه بكات، له‌به‌رانبه‌ر كاریگه‌ریی لایه‌نی دووه‌مدا.
كۆپله‌ی چواره‌م:
كڵاوی ڕه‌ش= ئیماندار، قیر
له كۆپله‌ی چواره‌مدا، هه‌م دیسان كڵاوی برا هه‌یه، كه له كۆپله‌ی دووه‌م كڵاوێكی ڕه‌ش بووه. به‌ڵام له‌م كۆپله‌یه‌دا ئه‌م كڵاوه ده‌بێت به قیڕ و به‌سه‌ریه‌وه ده‌نووسێت، كه ده‌كرێت ئایدۆلۆژیای دینیی بێت، كه مرۆڤ به‌زۆر ده‌توانێت لێیه‌وه بێته ده‌ره‌وه، چونكه زووتر و خێراتر مرۆڤ گیرۆده‌ی دین ده‌بێت.
كۆپله‌ی پێنجه‌م:
كڵاوی جادوویی= بزربوون، گه‌ڕان، بزربوون
به‌شی دووه‌می كۆپله‌ی دووه‌م، په‌یوه‌سته به كۆپله‌ی پێنجه‌م. له كۆپله‌ی پێنجه‌مدا كڵاوی جادوویی هه‌یه، كه منی شاعیر به‌دوایدا ده‌گه‌ڕێت، به‌ڵام بزری ده‌كات و بزر ده‌بێت. له‌نێوان كڵاوی چه‌رمیی و كڵاوی ڕه‌شدا، كڵاوی جادوویی گوزارشته له من، كه منی نووسه‌ر/شاعیره. شاعیر له‌نێوان ئه‌م دوو كڵاوه‌دا، ون ده‌بێت، یان سه‌رگه‌ردان ده‌بێت، نازانێت كامیان هه‌ڵبژێرێت و بچێته ژێر كام ململانێوه، ئایه ڕێچكه‌ی باوك بگرێته به‌ر، یان ڕێچكه‌ی برایه‌كه‌ی، ئاخۆ ببێته شاعیر یان دیندار؟ بۆیه ئه‌و منه سه‌رگه‌ردانه، ڕۆڵی نه‌رێنییه و بزر ده‌بێت.
شیعری حه‌مام
كۆپله‌ی یه‌كه‌م:
ئه‌و: باوك شاعیر
گۆی زه‌وی، خه‌مخۆریی و ئه‌رك.
له شیعری حه‌مامدا باوك هه‌یه، به‌ڵام ئیتر ناڵێت بوو به شاعیر، چونكه پێشتر شاعیر بووه، بۆیه ده‌ڵێت، “باوكم شاعیر بوو” (ڕۆسته‌م. 2021: 33).
كۆپله‌ی دووه‌م:
ئێمه: كاغه‌زی زه‌رد، كه‌ره‌سته.
ئه‌م كۆپله‌یه نوێنه‌رایه‌تیی كۆپله‌ی سێه‌م ده‌كات، واته ئێمه له كۆپله‌ی سێیه‌مدا دابه‌ش ده‌بێت به‌سه‌ر من كه نووسه‌ره، هه‌روه‌ها برا، له‌گه‌ل ئه‌وه‌شدا له به‌شی یه‌كه‌می كۆپله‌ی چواره‌مدا كه وشه‌ی خوشك ده‌هێنرێت، ده‌رگه‌ی خێزانێكمان به‌ڕووداده‌كاته‌وه، بۆیه ئه‌م خوشكه‌ش هه‌مان “من”ـه‌كه‌ی شاعیره.، یان ئه‌ویدیكه‌ی شاعیره، من ئه‌ویتره (ڕامبۆ، 2007: 20). “خوشكم…/ به‌دوای شانه‌ی پرچیدا ڕۆیشت/ نه‌گه‌ڕایه‌وه.” (هه‌مان: 35)
ئێمه گوزارشته له ئه‌ندامانی خێزان، به‌تایبه‌ت خوشك و برا، له به‌شێك له شیعره‌كانی نێو به‌رهه‌مه‌كه‌دا ژینگه‌ی خێزان، منداڵیی و ژیانی شاعیر به‌رگیان به‌سه‌ر ڕووخسار و ناوه‌ڕۆكی شیعره‌كاندا پۆشیووه، به‌ڵام ئه‌م كاره زۆر به وردیی و هونه‌رییانه كراوه. هه‌ر بۆیه‌شه جێناوی كه‌سی سه‌ربه‌خۆی “ئێمه” ده‌ستوپه‌نجه‌ی له‌گه‌ڵ شادییدا نه‌رم نییه، ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌و “ئێمه”یه مانای خه‌مناكیی ده‌گه‌ینێت. له كۆپله‌كه‌دا ئێمه هاتووه، نه‌ك من، ئه‌مه‌ش ئه‌وه نیشانده‌دات كه “من” ناتوانێت له‌نێو كۆده‌نگیی و ئه‌واندا خاوه‌ن هه‌ڵبژارده‌یه‌ك بێت، بۆیه له‌و شوێنه‌ی كه جێناوی كه‌سیی سه‌ربه‌خۆی “ئێمه” دێته گۆڕێ، ئه‌وه مرۆڤ ده‌كه‌وێته نێو خه‌مناكیی و نه‌خۆشیییه‌وه. ئێمه: كاغه‌زی زه‌رد= خه‌مناكیی و نه‌خۆشیی.
سه‌رباری ئه‌وه له‌كۆتایی كۆپله‌كه‌دا ته‌كه‌ز ده‌خرێته سه‌ر ئه‌وه‌ی كه ئێمه “خوشك و برایه‌كان” ئه‌ركیان پێئه‌نجامده‌درێت، نه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌رك ئه‌نجام بده‌ن. واته ئێمه له‌ژێر خواست و فه‌رمانی خۆماندا نین، به‌ڵكوو له‌ژێر خواست و فه‌رمانی ئه‌ویگه‌وره‌ترین.
“جوان بیانشۆن،/ چڵك و برینه‌كانیان داماڵن/ ده‌مه‌وێ به پاكی بیانبه‌مه ناو شیعرێكمه‌وه” (هه‌مان، 34)
كۆپله‌ی سێیه‌م:
من/ شاعیر: سابوون، هه‌ڵخلیسكان و هاوار
ئه‌و: برا، گه‌وره‌بوون
عه‌بایه‌كی ڕه‌ش، بزماری ژه‌نگاویی، هه‌ڵواسران
ئه‌و: خوشك، ڕۆیشتن و نه‌گه‌ڕانه‌وه.
كۆپله‌ی سێیه‌م به‌سه‌ر سێ به‌شدا دابه‌ش ده‌بێت، به‌شی یه‌كه‌م په‌یوه‌سته به منی شاعیر. شاعیر هه‌رده‌م منداڵه، منداڵێك دوای گه‌وره‌بوونی له قوڕنیچكێك یان گۆشه‌یه‌كی ماڵه‌وه سه‌یر ده‌كات، نه‌خۆش و ڕه‌شبینكراوه، هه‌ربۆیه‌ش ده‌یه‌وێت بژێت، وه‌ك دایكێك ئه‌م نه‌خۆشیی و خه‌مۆكییه په‌روه‌رده بكات و ده‌ست به‌سه‌ریه‌وه دابێنێت، چونكه زۆربه‌ی خه‌ڵكان لێی ده‌سڵه‌منه‌وه، له‌كوێدا نه‌خۆشیی و خه‌مۆكیی هه‌بوو، له‌وێدا تاسه‌ی ده‌رده‌منیی خوویایه.
هه‌ربۆیه‌ش ئه‌م منداڵه گه‌وره‌بووه له‌م گۆشه‌یه‌وه ده‌بینێت كه منداڵێك -كه ده‌كرێت هه‌مان منداڵیی خۆی بێت- قاچی له سابوون هه‌ڵده‌خلیسكێت، سابوون لێره‌دا گوزارشته له داڕمانی به‌ها، ململانێ و بێته‌كووزیی كۆمه‌ڵگه، هه‌ربۆیه‌ش ئه‌م ئاڵۆزیی و ململانێیه واناكات ڕه‌شبینێكی ناچالاك و دژه‌ژیان بێت، به‌ڵكوو ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی هاوار بكات، ده‌مه‌وێت بژیم. هه‌رچه‌نده دوای وشه‌ی هاوار یه‌كڕاست سێ خاڵ دانراون. ئه‌مه‌ش ده‌رگه بۆ فره‌ماناییی و لێكدانه‌وه زیاتر ده‌كات. هه‌ر له‌م ڕوانگه‌یه‌وه‌ش ئێمه ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ی خۆمان هه‌ڵهێنجاوه.
به‌شی دووه‌می كۆپله‌ی سێیه‌م په‌یوه‌سته به ئه‌و، كه برایه. نێر هه‌ر له وه‌سه‌رپێكه‌وتنیه‌وه ده‌بێته میراتگری باوك، هه‌ر بۆ ئه‌مه‌ش ئاماده ده‌كرێت. بۆیه شاعیر كه له سووچێكی ماڵه‌كه، یان له قووژبنێكه‌وه وه‌ستاوه، سه‌یری برای ئه‌و منداڵه‌ی تر ده‌كات، به‌ڵام له هه‌ڵسوكه‌وت و مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ به‌رانبه‌ره‌كه‌یدا ده‌بینێت كه ئه‌و منداڵه به منداڵیی گه‌وره بووه. چ سه‌یره ئێمه منداڵییش وه‌ك منداڵیی تێیدا نامێنینه‌وه و ناژین.
بۆیه ئه‌و منداڵه، كه ئیتر منداڵ نه‌ماوه، وه‌ك عه‌بایه‌كی ڕه‌ش، وه‌ك پاسه‌وانی نه‌ریت چاودێره و هه‌رده‌م له ڕوانینی به‌رانبه‌ره‌كه‌یدا هه‌ڵواسراوه. هه‌ڵواسرانی ئه‌و برایه به مزمارێكی ژه‌نگاوویی حه‌مام، گوزارشته له‌وه‌ی كه برا هه‌ر دوای ئه‌وه‌ی كه منداڵ نامێنێت، ده‌بێته پارێزه‌ری نامووس، یان شه‌ڕه‌فی به‌رانبه‌ره‌كه‌ی، به‌ڵام بزماری ژه‌نگاویی، ئه‌وه نیشانده‌دات، كه ئه‌م ده‌سه‌ڵاته ساخته و له‌رزۆكه، نۆڕمێكی ژیانه و زوو یان دره‌نگ ئاواده‌بێت.
له به‌شی سێیه‌می ئه‌م كۆپله‌یه‌دا، خوشك هه‌یه، كه ده‌كرێت هه‌مان منی شاعیر بێت، كه شاعیر هاتووه وه‌ك یارییه‌ك، یان وه‌ك هونه‌رێك بۆ ئه‌وه‌ی من دووباره نه‌كاته‌وه، سوودی له خوشك بینیووه. یان ده‌یه‌وێت له‌ڕێگه‌ی هێنانی خوشكه‌وه بڵێت ڕۆیشتم، به‌ڵام هاواركردنم منی نه‌گه‌ڕانده‌وه و بزری كردم. بۆ؟ چونكه ده‌نگی شاعیر له ته‌واوی به‌رهه‌مه‌كه‌دا هه‌رده‌م ده‌نگێكی بزر و خۆحه‌شارده‌ره، كه‌سێك نییه كه ببینرێت، ده‌نگێكی كزه و له په‌راوێزدا ئاماده‌یی هه‌یه.
یان ده‌كرێت ئه‌و مانایه بدات، كه ئێمه‌ی خوشكان، هه‌رده‌م به‌دوای شانه، بووكۆڵه و… دا ده‌بردرێین، تا له ڕوانینی ئه‌واندا جێگه‌مان ببێته‌وه، تا چه‌ند دوای ئه‌مانه‌ش بكه‌وین، ئه‌وه له ناسینی خۆمان دوورتر ده‌كه‌وینه‌وه و بزر ده‌بین. به‌مپێیه ئه‌و خوشكه هه‌مان منی شاعیر ده‌رده‌كه‌وێت.
كۆپله‌ی چواره‌م:
ئێمه: به‌كارهێنان و به ئامراززانینیان بۆ كه‌ره‌سته‌ی شیعر.
شاعیر له كۆپله‌ی یه‌كه‌مدا به‌بێ ئه‌وه‌ی بڵێت “ئێمه”، ئه‌وه سوود له جێناوی لكاو وه‌رده‌گرێت، له كۆپله‌ی دووه‌مدا “ئێمه”ی هێناوه و له كۆپله‌ی سێیه‌مدا ئێمه هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه، به‌ڵام وه‌رباره له كۆپله‌ی سێیه‌مدا ئێمه دێنێته‌وه و له دوا كۆپله‌دا هاواری ناڕازیی من ده‌بیسترێت.
كه‌ره‌سته‌كان كه باوك بۆ شیعر ده‌یه‌وێت به‌كاریان بێنێت “ئێمه”یه، ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ی براوه بێت، براوه‌بوون پشته‌ستووره به قه‌بووڵی ئه‌وان، به‌ڵام قه‌بووڵی ئه‌وان هه‌رمان نییه، بۆیه گۆی زه‌وی، كه “ئێمه/خێزان”ـه له ده‌ستیدا ده‌خزێت.
كۆپله‌ی پێنجه‌م:
من/ شاعیر: هه‌ڵاتن و هاتنه‌ده‌ره‌وه له تێكچرژاوویی و حه‌مامی بازاڕ. حه‌مامی بازاڕ گوزارشته له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی نه‌ریتیی خاوه‌ن مقۆمقۆ و ده‌نگه‌ده‌نگ.
له‌م كۆپله‌یه‌دا كه كۆتاییی شیعره‌كه‌یه به سووڕی به‌ره‌واژبوونی خۆی ده‌گات. ئه‌وه‌تا من/شاعیر ده‌یه‌وێت له‌نێو حه‌مامی بازاڕ، ژیانێك كه تێ‌یان خزاندووه هاوار ده‌كات و ده‌ڵێت ده‌مه‌وێت بێمه ده‌ره‌وه. چیتر نامه‌وێت كه‌ره‌سته‌ی ئه‌وانی تر بم، هاتنه‌ده‌ره‌وه له شیعری باوكدا، هاتنه‌ده‌ره‌وه‌یه له‌ژێر چه‌تری هه‌ره‌وه‌زیی، پچڕاندنی زنجیره‌ی نه‌ریتی كۆمه‌ڵگه و بازاڕیی.
ج- په‌یوه‌ندیی هه‌ردووك له شیعره‌كان به یه‌كتره‌وه:
{له پێشتردا هه‌ندێك خاڵ ئاماژه‌یان پێكراوه بۆیه لێره‌دا ئاماژه به هه‌موویان نادرێته‌وه.}
1- شیعری كڵاو “پێنج كۆپله”یه، شیعری حه‌مام “پێنج كۆپله”یه.
2- كۆپله‌ی یه‌كه‌می شیعری كڵاو سێ كۆپله‌یه و شیعری حه‌مام پێنج كۆپله‌یه، به‌یه‌كه‌وه ده‌بن به هه‌شت، هه‌شت مانای خۆشه‌ویستیی ده‌گه‌ینێت. به‌وپێیه په‌یوه‌ندییی هاوخوێنیی یان خۆشه‌ویستیی نێوان ئه‌م دوو شیعره به‌یه‌كه‌وه ده‌رده‌كه‌وێت.
3- كۆتایی هه‌ردووك له شیعره‌كان به‌پێچه‌وانه‌ی كۆپله‌ی یه‌كه‌م كه به باوك ده‌ستپێده‌كه‌ن، ئه‌وه به منی شاعیر كۆتایی‌یان دێت. دیسان پێنج هه‌مان جادوو و نهێنیی ژماره له‌خۆ ده‌گرێت، كه هاوكاته له‌گه‌ڵ هاوژماره‌ییی هه‌ردووك له شیعره‌كان.
4- له یه‌كه‌م كۆپله‌ی شیعری “كڵاو”دا باوك هه‌یه، كه ده‌یه‌وێت خه‌مۆكییه‌كه‌ی بشارێته‌وه، بۆیه كڵاوێك ده‌خاته سه‌ریه‌وه و ده‌بێت به شاعیر. هاوكات له یه‌كه‌م كۆپله‌ی شیعری “حه‌مام”یشدا باوك هه‌یه، به‌ڵام ناڵێت بوو به شاعیر، به‌ڵكوو پێشتر له یه‌كه‌م شیعری نێو به‌رهه‌مه‌كه‌دا كه شیعری “كڵاو”ـه ده‌بێته شاعیر، بۆیه له شیعری حه‌مامدا، ده‌ڵێت “باوكم شاعیر بوو” (هه‌مان: 33).
5- خه‌می باوكی نێو هه‌ریه‌ك له شیعره‌كان هه‌مان خه‌م و په‌رۆشییان هه‌یه.
6- له شیعری كڵاودا باوك، برا و منی شاعیر هه‌یه، له شیعری كڵاودا هه‌ر سێكیان هه‌ن و خوشكیش زیاد كراوه، كه ئه‌ویدیكه‌ی شاعیره. یان ڕوونتر كۆپله‌ی یه‌كه‌می شیعری كڵاو په‌یوه‌سته به كۆپله‌ی سێیه‌می. كۆپله‌ی دووه‌می برا و منی شاعیر هه‌یه، كه به‌سه‌ر دوو كۆپله‌دا دابه‌شكراون، و په‌یوه‌ستن به كۆپله‌ی چواره‌م و پێنجه‌من. كۆپله‌ی یه‌كه‌می شیعری حه‌مام په‌یوه‌سته به: كۆپله‌ی دووه‌م، به‌بێ ئه‌وه‌ی ناوی باوك بهێنرێت، كۆپله‌ی چواره‌م، كه ناوی ده‌هێنرێت. كۆپله‌ی دووه‌میش “ئێمه” هه‌یه و به‌سه‌ر من، ئه‌و/برا و خوشك دابه‌شكراون. منی كۆپله‌ی دووه‌م ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌سته به كۆپله‌ی پێنجه‌مه‌وه.
7- له هه‌ردووك شیعردا، منی شاعیر، وه‌ك ئه‌وه‌ی بڵێت من شاعیرم، ده‌نگی نییه، به‌ڵكوو وه‌ك كاره‌كته‌ر، داشێك له یارییه‌كه‌دا ڕۆڵی هه‌یه، یان به‌كار ده‌هێنرێت. ئه‌مه سه‌باره‌ت به ته‌واوی شیعره‌كانی نێو به‌رهه‌مه‌كه ڕاسته.
8- له شیعری یه‌كه‌مدا منی شاعیر بزربووه، له شیعری حه‌مامدا پێمان ده‌ڵێت كه ئه‌وه‌ی بزری كردووین كۆمه‌ڵگه/حه‌مامبوونی ژیانه و ده‌یه‌وێت بێته ده‌ره‌وه.
9- خه‌مۆكیی باوك له شیعری یه‌كه‌مدا یه‌كسانه به كاغه‌زی زه‌ردی ئێمه‌ی شیعری حه‌مام.
10- كڵاوی باوك له شیعری یه‌كه‌مدا پاڵده‌كه‌وێت و له شیعری حه‌مامدا گۆی زه‌وی له ده‌ستی ده‌خزێت.
11- كڵاوی ڕه‌ش، مووسی خراپ و سه‌رلوولدان له شیعری یه‌كه‌مدا یه‌كسانن به عه‌بایه‌كی ڕه‌ش، بزماری ژه‌نگاویی و هه‌ڵواسران.
12- هه‌ردووكیان هه‌مان منداڵیین، زمان منداڵییه، ڕوانین تێكه‌ڵه له منداڵیی و ترس كه له گه‌وره‌ییدا له‌به‌رده‌م ئه‌و دیمه‌نانه‌ی منداڵییدا هه‌بوون، سه‌راسیمه و په‌شۆكاوه.
13- له هه‌ردووك شیعره‌كه‌دا منداڵییه‌كی بچووك و گه‌وره‌بوونێكی منداڵییپێوه‌ماو هه‌یه.
14- له هه‌ردووك شیعره‌كه‌دا منی شاعیر لاته‌ریك و ده‌نگێكی كزه، ڕۆڵی زه‌ق نییه و له‌به‌رده‌م ڕووداوه‌كانی منداڵییدا كه ئه‌و ده‌م وه‌ك كایه بینیونی، به‌ڵام له گه‌وره‌ییدا له‌نێوانیاندا له بزربوون و هه‌ڵاتندایه.
15- دوا كۆپله‌ی هه‌ریه‌ك له شیعره‌كان، منی شاعیره، كه له یه‌كه‌میاندا گه‌ڕان و بزربوون هه‌یه و له شیعری “حه‌مام”دا خۆدۆزینه‌وه/هاتنه‌ده‌ره‌وه هه‌یه. هاوكات كۆتاییی هه‌ردووكیشیان وێنای ئازار نیشانده‌ده‌ن.
ئه‌مانه‌ی سه‌ره‌وه چه‌ند خاڵێك بوون نه‌ك هه‌مووی، كه په‌یوه‌ندیی هاوخوێنیی له‌نێوان ئه‌م دوو شیعره‌دا نیشان ده‌ده‌ن. چه‌ندین خاڵی لێكجیاوازیشی تێدایه، كه ئه‌مه‌ش بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی كه وه‌ك دوو شیعری سه‌ربه‌خۆ، ده‌وڵه‌مه‌ند، ته‌ڤله‌هه‌ڤ و پر له جوانیی ببینرێن.
ماویه‌تی…