Skip to Content

کاندیدی ژمارە ١٣.. نووسینی : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

کاندیدی ژمارە ١٣.. نووسینی : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

Be First!
by تشرینی دووه‌م 3, 2025 General, Literature, Theatre


شانۆگەرییەکی یەک پەردەییە لە سێ دیمەنێکدا

کارەکتەرەکان
ڕەئوف : پیاوێکی کەڵەگەتی چوارشانەیە، تەمەن نزیکەی چل ساڵ دەبێت. چاکەت و پانتۆڵی لەبەردایە و بۆینباغی بەستووە. قژی ماش و برنجی تێکەوتووە. لەدەزگایەکی حیزبیی کار دەکات.
عوسمان : هاوڕێی ڕەئوفە. تەمەنی نزیک بە چل ساڵ دەبێت. قاتی شاڵی لەبەردایە. خاوەنی چێشتخانەیە لەناو جەرگەی شار.
کامیل : برای شەوبۆیە. تەمەنی دەوروبەری بیست و هەشت ساڵێک دەبێت. کابۆیەک و تیشێرتێکی لەبەردایە. خاوەن کۆگای فرۆشتنی جلوبەرگی ژنانەیە.
شەوبۆ : هاوسەری ڕەئوفە. تەمەنی سی و پێنج ساڵ دەبێت. مامۆستایە و جلێکی ئاسایی لەبەردایە.
گێلاس : هاوسەری عوسمانە. تەمەنی سی و شەش ساڵ دەبێ. جلی ئاسایی لەبەردایە. فەرمانبەرە لە کتێبخانەی گشتی شار.
ماکوان : کورێکی هەشت ساڵانی ڕەئوف و شەوبۆیە. جلێکی ئاسایی ماڵەوەی لەبەردایە.
فرمێسک : کچێکی شەش ساڵانی ڕەئوف و شەوبۆیە. جلێکی ئاسایی ماڵەوەی لەبەردایە.

تێبینی : جلەکان بەپێی دیمەنەکان دەگۆڕێن.

دیمەنی یەکەم
شوێنکات : ئێوارەیە و ماڵی ڕەئوف و شەوبۆیە. شانۆ بەجۆرێک دزاین کراوە کە ڕێک وەک ژووری دانیشتنی ماڵێکی ئاساییە. یەک دوو قەنەفە و دوو سێ تەپڵەکی بچووک و گوڵدانێکی بچکۆلانەی پڕ لە گوڵ لەسەر یەکێک لە تەپڵەکەکان دانراوە. دەرگایەک لەلایەکی شانۆوە هەیە. پەنجەرەیەکیش لەناوەڕاست دیواری شانۆوە هەیە کە بە پەردەیەک داپۆشراوە. ماکوان و فرمێسکیش لەلایەکی شانۆکە و لەسەر قەنەفەیەک دانیشتوون و لە زمانی جەستەیانەوە دیارە کە سەرگەرمی یاریکردنن. ڕووناکی تا ئاستێکی یەکسان لەسەر ڕەئوف و منداڵەکانە.
ڕەئوف : ( ڕوو بە ماکوان و فرمێسک) ئەرێ ماکوان ڕۆڵە دایکت لەکوێیە و خەریک چییە؟
ماکوان : ( ئاوڕ بەرەو لای باوکی دەداتەوە) بابە دایکم خەریکی چێشت لێنانە و وا لە مووبەقەکەیە.
ڕەئوف : باشە کوڕم خەریکی یاری خۆتان بن.
( زەنگی موبایلەکەی ڕەئوف لێدەدات و ڕەئوف موبایلەکە هەڵدەگرێت و وەڵام دەداتەوە.)
ڕەئوف : ئەلو.. قوربان سڵاوتان لێبێت. (کورتە وچانێک) نا، نا ناوەخت نییە و بۆ بەڕێزتان هەمیشە وەختەکەی گونجاوە.(بێدەنگییەکی درێژ) بەڵێ ، بەڵێ، قوربان ، هاوڕاتم. وەک جەنابیشت فەرمووت ئێمە بەرژەوەندیمان لە سەرکەوتنی حیزب دایە. بێ حیزب ئێمە هیج نین و هیچیشمان پێناکرێت. ( تۆزێک دەوەستێت وەک بڵێی گوێ بۆ قسە هەڵبخات) زۆر ڕاستە قوربان چارەنووسی ئێمە و حیزبیش بە خەڵکەوە پەیوەستە. ئەگەر خەڵک نەبێت ئێمە چین؟ هیچ!.(وچانێک دەدات) ئێمە هەوڵ دەدەین و شەو و ڕۆژ پێکەوە گرێ دەدەین تا زۆرترین خەڵک بەرینە سەر سندوقی دەنگدان.
( ڕەئوف بێدەنگ دەبێ و وا دیارە گوێی بۆ ڕێنماییەکانی بەرپرسەکەی هەڵخستووە. لەسەر قەنەفەکە هەڵدەستێت و لەسەر شانۆ دەکەوێتە هاتوچۆ. موبایلەکەی لە گوێیەکەوە دەگوازێتەوە گوێکەی تری.)
ئینجا قوربان چۆن دەهێڵین ئەوە ڕوو بدات. ئەی ئێمە ئیشمان چییە. من خۆم لەم شارە سەرپەرشتی ئەم پرۆسەیە دەکەم و جگە لە هەڤاڵانمان، تەواوی کەس و کار و عەشیرەت هەڵدەخڕێنم. عەشیرەت بۆ ئەمڕۆ نەبێت بەکەڵکی چی دێت. ( پێدەکەنێ و ئینجا ڕوو لە جەماوەر یان بینەر دەوەستێت) من دەبێت سەرپەرشتی ئەم پرۆسەیە بە ڕێک و پێکی ئەنجام بدەم. دوای ئەوە بەرژەوەندی حیزب و بەڕێزتان و هەموولایەکی تیایە. ( کۆخەیەکی بۆ دەکات و وچانێک دەدات)
( لەو کاتەدا ماکوان و فرمێسک لەسەر قەنەفەکە هەڵدەستن و بەڕاکردن بەسەر شانۆدا بۆ ماوەی چەند چرکەیەک ڕاوی یەکتر دەنێن. ڕەئوف دەیەوێت هێوریان بکاتەوە. منداڵەکان دەچن لەگۆشەیەکی شانۆ لەسەر پارچەیەک لە قەنەفەکە دادەنیشنەوە)
ئەی چۆن قوربان ڕاست ئەفەرمووی نەیارەکانمان چاویان بە حیزبمان هەڵ نایەت. ئێمە دەبێت کارێک بکەین ئەو ناحاڵییانە فێر بن ڕێز لە حیزبمان بگرن. دەزانم ئەوانیش خۆیان مەڵاس داوە بۆ تەزویر و ساختەکاری. بەڵام خەیاڵیان خاوە. (بێدەنگییەک وەک ئەوەی گوێ بۆ قسەی جەناب هەڵخات) بەسەرچاو قوربان وا دەکەین و ئەوەی تۆ دەیڵێی وەکو خۆی پیادەی دەکەین.( وچانێکی کورت) بەچاوان .. قوربان.. بەچاوان بێخەمبە. ( وچانێکی کورت) مەمنوونم قوربان من جگە لە تۆ و حیزب و خوا کەسی ترم نییە. پشتم بە ئێوە قایمە.(وچانێکی کورت)ئەمر دەکەی قوربان. لە خزمەتدام. (وچانێکی کورت) سەرچاوم قوربان..خوا ئاگادارت بێت.
(ڕەئوف موبایلەکەی دەکوژێنێتەوە و لەسەر مێزەکەی دادەنێ. خۆشی لەسەر قەنەیەک ڕوو بە جەماوەر دادەنیشێت.)
ڕەئوف : ( لەبەر خۆیەوە دەست بە قسەکردن دەکات) وەی ئەمجارە سەربگرێت کاندید بکرێم و دەربچم، خۆش ئەبێ. لەلایەکەوە پۆستی ئەنجوومەنی شار بەدەست دێنم و لەلایەکی تریشەوە وەزعی مادیم باش دەبێت و موستەقبەلی منداڵەکانم مسۆگەر دەبێت و شەوبۆش دڵخۆش دەکەم و خزم و کەس و کاریش دەورەم دەدەن و ئیتر ڕۆژ ڕۆژی پۆزە و ئەوەی ڕۆژێک پۆزی بەسەرمدا لێدابێت، دەبێت ڕۆژانە پۆزی بەسەردا لێدەمەوە. (پەنجەی هەڕەشە ڕادەوەشێنێ) دەردتان لە گیانم. جارێ با وابێت، ئیستا قسە خۆش و گوفتار شیرینم، بەڵام دوایی خۆم ئەزانم چی ئەکەم.
(شەوبۆ لە دەرگای شانۆوە دێتە ژوورەوە. سەدرییەکی مووبەقی لەسەر جلەکانەوە لەبەردایە کە نیشانەی ئیشکردنی ناو مووبەقە. دێتە نزیک ڕەئوف و لەسەر قەنەفەکە دادەنیشێت)
شەوبۆ : (بەجۆرێک لە حەپەساوییەوە) ئەرێ بێقەزا بیت پیاوەکە ئەم بۆڵەبۆڵەت لەچییە؟ تۆ مێشکی سەری خۆت و من و مناڵەکانیشت بردووە. لەمووبەقەکەوە گوێم لە هەڕەشە و گوڕەشە بوو! پێمناڵێی هەڕەشەت لە کێ دەکرد؟
ڕەئوف : ( ڕوو لە شەوبۆ دەکات) کچی ژنەکە تۆ بۆ لەخۆتەوە تێ هەڵئەچی بێئەوەی ئاگات لە هیچ بێت. من هەڕەشەم لە کەس نەکردووە. بەس ئەوەندە وتم با کاندید بکرێم ئەوسا خۆم ئەزانم چۆن قسە لەگەڵ هەندێ کەس دەکەم.
شەوبۆ : ( ڕوو بە بینەران) ئینجا ئەگەر کاندید نەکرایت؟
ڕەئوف : کاندید دەکرێم.
شەوبۆ : ( ڕوو بە ڕەئوف) بە چی ئەزانیت کاندید دەکرێیت؟
ڕەئوف : ( خۆشی لە ڕووخساریدا دیارە) ئەی ئاگات لێنەبوو ئێستا تەلەفۆنم بۆکرا و پێم ڕاگەیەنرا کە من بە فەرمی لەلایەن حیزبەوە بۆ ئەنجوومەنی شار وەک کاندید دەستنیشان کراوم.
شەوبۆ : ( بە سەرسوڕمانەوە) توخوا بەڕاستتە؟
ڕەئوف : ( بزە لەسەر لێوەکانییەتی) ئەری وەلڵا بەڕاستمە و ژمارەکەشی پێدام.
شەوبۆ : ژمارە چەندیت؟
ڕەئوف : ژمارە ١٣م.
شەوبۆ : ( هۆپێک دەکات یان ئیستێک دەکات) ئەی خاک بەسەرم بۆ ژمارە ١٣؟ ژمارە بڕان بوو، سیانزە نەبێت.
ڕەئوف : بۆ ژمارە ١٣ چییەتی؟
شەوبۆ : ئەی ژمارە ١٣ نیشانەی شووم و نەگبەتی نییە؟
ڕەئوف : ( خۆشییەکەی سەر ڕووخساری نەماوە) نەخێر ، من گوێ بەو قسە بێمانایانە نادەم. گرنگ ئەوەیە من کاندیدم و هەموو حیزب لە پشتمە. دڵنیاشم دەردەچم و دەگەین بە ئاواتەکانمان.
شەوبۆ : دەی بزانین چۆن دەبێت. (ڕوو بە ڕەئوف) هەستە بچینە ئەودیو نانەکەمان بخۆین. (ئینجا ڕوو لە ماکوان و فرمێسک دەکات) دەی ڕۆڵە ماکوان، فرمێسک هەستن با بڕۆین نان بخۆین.
( ماکوان و فرمێسک پێکەوە هەڵدەستن و ڕەئوفیش موبایلکەی دەخاتە سەر شەحن و ئینجا هەر هەموو لە دەرگاکەی شانۆوە دەچنە دەرێ و شانۆ تاری دەبێت.)

دیمەنی دووەم
هەمان دیمەنی یەکەمە . ژووری دانیشتنی ماڵی ڕەئوفە و هەریەک لە ڕەئوف و شەوبۆ و عوسمان و گێڵاس دانیشتوون و خەریکی دەمەتەقێن. سەرەتا دەنگی مۆسیقایەک دێتە گوێ. پاشان وردە وردە دەنگی مۆسیقاکە خامۆش دەبێت و ڕووناکی دەچێتە سەر دانیشتنەکە.
ڕەئوف : ( ڕوو لە عوسمان دەکات) ئا بەسەری تۆ کاک عوسمان، خۆت دەزانی من چاوم لە پۆست و پلە و پایە نییە. ئەمەی دەیکەم لەبەر دڵی حیزبە. من دڵی حیزبم پێناشکێت. ئێ مەعلوومیشە بنەماڵەی ئێمە هەر هەموومان سەر بەو حیزب و ڕێبازەین و لەڕابردووشدا قوربانیمان داوە. ئێ خۆ ناکرێت دەست لەو سەروەرییانە هەڵبگرم. من ئامادەی خەبات کردنم. ئەمڕۆش حیزب ڕووم لێدەنێ تا خۆم کاندید بکەم. منیش ناتوانم ئەو داوایەی ڕەت بکەمەوە.
عوسمان : بەڵێ کاک ڕەئوف ئێوە و بنەماڵەکەتان درێخیتان نەکردووە. بەڵام خۆت دەزانی نە ئەم حیزبە حیزبەکەی چل ساڵ بەر لەئێستایە و نە خەباتیش ئەو خەباتەی جارانە. ئێستا هەموو شتێک گۆراوە.
ڕەئوف : ئێ وایە زۆر شی گۆراوە، بەڵام خۆ مەبدەء و بیروباوەڕ نەگۆڕاوە.

گێلاس : (بە جۆرێک لە تەوازوع) ببوورە کاک ڕەئوف هەموو شتێک گۆڕاوە. دنیای ئێستا دنیاکەی جاران نییە. ڕێز و خۆشەویستی و تەنانەت ئەخلاقیش گۆڕاوە. جاران خەڵکی شار ڕووحیان لەسەر یەکتر بوو، ئێستا پاشقوول لەیەکتر دەگرن. جاران دڵسۆزی و وەفا دەتتوانی حیسابیان لەسەر بکەی، ئێستا خەڵک گاڵتەیان بە دڵسۆی و وەفا و مەبدەئیش دێت. (وچانێکی ئێجگار کورت)پەیوەندی نێوان مرۆڤەکان لە پارەدا کورت بۆتەوە.(پژمینی دێ و دەپەژمێت)
عوسمان : ( بە سوود وەرگرتن لەو پژمینە) ببوورە گێلاس ئەگەرچی قسەکەشت تەواو نەکرد. ئەمڕۆ پارە جێی هەموو شتێکی گرتۆتەوە. پارە حوکم بەسەر شتەکاندا دەدات. ‌هێزی پارە زۆر لە ‌هێزی بیروباوەڕ کاریگەرترە. جاران برا پشتی برای دەگرت، ئەمڕۆ لەسەر پارە و تەماح برا برا دەکوژێت. جاران باوک ڕەزمی پیرۆزی و ڕێز بوو، ئەمڕۆ باوک لەژێر سایەی دەسەڵاتی پارەدا فڕێ دەدرێتە سەر شەقامەکان.
ڕەئوف : ( ڕوو بە عوسمان) ئێ هەر لەبەر ئەوەشە من خۆم کاندید کردووە یان با بڵێین کاندید کراوم تا ئاوڕێک لە باری ژیانی خەڵک بدەمەوە و لەسەریان هەڵبڵێم.
شەوبۆ : ( بە هێمنییەوە دەدوێت) ئێوە ئاگاتان لێ نییە و من ئاگادارم کە ڕەئوف شەو و ڕۆژ خەمی ژیانی خەڵکییەتی. دوێنێ دەیوت ئەگەر بەخت یاوەرم بێت و دەربچم، دەبێ شەو و ڕۆژم پێکەوە گرێ بدەم بۆ خزمەتکردنی ئەم خەڵکە هەژار و دەستەنگە.
گێلاس : (لەسەرەخۆ ڕوو بە شەوبۆ ) شەوبۆ خان من مەبەستم ئەوە نییە بڵێم کاک ڕەئوف خەمی خەڵکی نییە. بەڵام لەماوەی دوو دەیەی ڕابردوو بینیمان کاندیدکراوان لەسەروبەندی هەڵبژاردندا قسەی شیرین دەکەن و دیاری دەبەخشنەوە و کاتێکیش دەردەچن و دەستیان لە پلە و پایە گیر دەبێت، ئیتر موبایلەکانین هەمیشە داخراوە و کەس نایان بینێت.
ڕەئوف : ( ڕوو بە گێلاس) نا گیلاس خان لەڕابردوودا ڕاستە شتی لەوبابەتە ڕوویداوە و کەسی وا هەبووە، بەڵام ئێمە نەک هەر وا نابین، بەڵکو بەکردەوە دەبمە خزمەتکاری دەنگدەرانم و بەدوای کێشە و گرفتەکانیانەوە دەبم.
عوسمان : هیوادارم کاک ڕەئوف بتوانیت بەرنامەکانت جێبەجێ بکەیت و نیشانی بدەیت جیاوازیت و وەکو ئەوانی تر نەبیت. ئەوکات (تەماشایەکی گێلاس و شەوبۆ دەکات) هەم ئێمە و هەم خەڵکیش شانازیت پێوە دەکەن. بەڵام بیرت نەچیت گەر تەسلیمی پارە و پلە و پایە ببیت و پشت لە خەڵک بکەیت، ئەوا خەڵکیش پشتت تێدەکەن و بەباشە ناوت ناهێنن.
ڕەئوف : (ڕوو بە عوسمان) نا کاک عوسمان من چۆن خۆم خەجاڵەتی هاورێکانم و خەڵک دەکەم. تا بۆم بکرێت و لەتوانامدا بێت بۆ خزمەتی خەڵک درێغی ناکەم.
گێلاس : ( ڕوو بە ڕەئوف) بیریشمان نەچێت زۆر شت دەکرێن و گەلێ بڕیاری هەڵە و پێچەوانە دەدرێن بەناوی خزمەتی خەڵکەوە و لەڕاستیشدا دژ بە خەڵکن. گرنگ ئەوەیە بەرژەوەندی خەڵک بناسن و پێی لەسەر دابگرن.
ڕەئوف : ( سەر دەلەقێنێ) وایە ، زۆر ڕاستە.
( بۆ ساتێکی کەم دەنگەکان کز دەبن و هەر چواریان بە زمانی جەستە خەریکی گفتوگۆن. ئینجا عوسمان و گێلاس ماڵئاوایی دەکەن و دەڕۆن و لە دەرگای شانۆوە ئاودیو دەبن. ڕووناکی لەسەر ڕەئوف و شەوبۆ چر دەبێتەوە)
شەوبۆ : ( ڕوو بە ڕەئوف) گوێت لێ بوو چۆن قسەی دەکرد؟
ڕەئوف : مەبەستت کامیانە؟
شەوبۆ : گێلاس، مەبەستم گێلاسە. ئەو گێلەیە خۆی لێ کردبووین بە فەیلەسوف و ئامۆژگاری دەکردین. ( بەتووڕەییەوە) لەبەر تۆ نەبێت ناهێڵم گێڵی پێ بخاتە ئەم ماڵەوە. ئەو چاو بەللە چییە ئاوا مامۆستاییمان بەسەرەوە بکات.
ڕەئوف : کچێ تۆ بۆ وا خۆت تێکداوە. ئەوان هاتن سەردانیان کردین و بەس. ئێ منیش کادیدکراوم و دەبێت گوێ لەوانیش بگرم.
شەوبۆ : ئەزانم.. بەڵام با لەناو نانێکی گەرم بێت بۆی. بەس دەربچیت، دەبێت کارێک بکەم ئەم گێلاسە و هاوشێوەکانی بە سێ پرسگەش نەگەنە لام.
ڕەئوف : خوا ئەکا دەرئەچم و دەنگ دێنم. ئەوکات دەزانم چی دەکەم. دەزانم چۆن خۆم لە هەرچی و پەرچییانە جیا دەکەمەوە. دەزانم چۆن لەگەڵ هاوشانی خۆم هەڵسوکەوت دەکەم. بڕوا بکە ئەوکات ئاوڕ لە هەزاری وەکو ئەم عوسەیە نادەمەوە. ( ڕوو بە شەوبۆ) گوێت لێبوو هەر پارە پارەی بوو. خۆی وا دەردەخست ڕقی لە دەوڵەمەندی و پارەیە. بەڵام ڕاست ناکات و ئێستا بۆی بکرێت پارەی ئەو دنیایە دەخاتە گیرفانییەوە.
شەوبۆ : ( بە گاڵتەپێکردنەوە) کوڕە با هەر بۆ خۆیان بڵێن. ڕێوی دەمی نەدەگەیشتە ترێ و دەیوت ترشە.
( هەردووکیان پێدەکەنن. وردە وردە بەدەم قسەکردنەوە دەنگیان کز دەبێت و ڕووناکیش بەرەو خامۆش بوون دەچێت)

دیمەنی سێیەم
هەر هەمان ژووری دانیشتنی ماڵی ڕەئوفە. دزاینی ماڵەکە دەستکاری نەکراوە. کامیل و شەوبۆ دانیشتوون و قسان دەکەن. ڕووناکی لەسەریانە.
شەوبۆ : یاخوا بەخێر بێی کامیل گیان. ئیش و کار چۆنە، ئەوە چییە ماوەیەکە کەم کەم دەردەکەوێت؟
کامیڵ : خراپ نییە شەوبۆ گیان. چی بکەم خەریکی دوکان و کەسابەتم و سەرم قاڵە. ( سەیری شەوبۆ دەکات) ئەی پێمبڵێ کاک ڕەئوف کوا، لەکوێیە؟ بۆ نەهاتۆتەوە؟
شەوبۆ : ڕەئوف لە کۆبوونەوەیە و وتی ئێوارە درەنگ دێمەوە و ئێوە نانی خۆتان بخۆن و چاوەڕێی من مەبن. ( وچانێکی کورت) خۆت دەزانیت کامیل گیان؛ لەوەتەی ڕەئوف کاندید کراوە بۆ ئەنجوومەن، زۆر سەرقاڵە و هەر خەریکی کۆبوونەوەیە لەگەڵ بەرپرسان و حیزب.
کامیڵ : ( بە سوعبەتەوە) ئەزانم، خەریکن دەبنە بەرپرس و خێزانە بەرپرس. ئەوسا ڕەنگە کەس نەناسن.
شەوبۆ : ( کەیفی بەو سوعبەتانەی کامیل دێت وەک ئەوەی ختووکەی بدەن) نا کامیل وا مەڵێ.. ئێمە چۆن لە خۆمان ئەگۆڕێین.
(دەنگی دەرگا کردنەوە دێت و ڕەئوف لە دەرگای شانۆوە دێتە ژوورەوە.)
ڕەئوف : ( دەست بەرز دەکاتەوە.) ئای سڵاوتان لێبێت.
کامیل : (هەڵدەستێتە سەر پێ و تەوقەی لەگەڵ دەکات). بەخێر بێیتەوە کاک ڕەئوف گیان. ئەوە چییە کوڕی باش لەوەتەی بۆ ئەنجوومەن کاندیدکراویت، کەس ناتبینێت و بوویت بە هەنارە شیرینە.
ڕەئوف : ( بەجۆرێک لە خۆباییەوە) نە بەخوا کامیل گیان وا نییەو زۆر سەرقاڵی کۆبوونەوەم. خۆ ئەزانیت ئەمجۆرە بەرپرسیارەتییانە گاڵتە نین و دەبێ خۆمیان بۆ ئامادە بکەم.
کامیل : ڕاست ئەکەیت. لەشت ساغ بێت. ( بە شۆخییەوە) بەس کوڕی باش ئاگات لە پیاوی فەقیریش بێت.
ڕەئوف : کوڕە ئەوە ئەڵێی چی.. من چۆن ئاگام لێت نابێت. بەس دەنگ بهێنم و دەربچم دەتکەم بە بەرپرسی ڕاگەیاندنی خۆم و هەروەها بەرپرسی پاسەوانەکانم.
کامیل : وەی بەسەرچاو. لەخزمەتدام.

(زەنگی تەلەفۆنی ڕەئوف لێدەدات. ڕەئوف تەلەفۆنەکەی وەڵام دەداتەوە.)

ڕەئوف : ( بە هێنمییەوە) ئەلو سڵاو. ( وچانێکی کورت) لەخزمەتدام جەناب گیان. ( موبایلەکەی بەگوێوەیە و بێدەنگە و گوێ دەگرێت. دوای یەک دوو دەقیقە زەوق و ڕەنگ تێک دەچێت و دەنگی کز دەبێت.) باشە بەسەرچاو جەناب گیان . نا ئاساییە. کێشە نییە. بەس بەڕاستی زۆر ناخۆشە. من دنیام تێگەیاندووە کە کاندیدکراوم و حیزب بڕیاری داوە و بڕاوەتەوە، کەچی ئێستا بە بڕیارێک لا دەبردرێم؟ ( بێدەنگییەک) ئەزانم بڕیار و بەرژەوەندی حیزب لەسەرووی هەموو شتێکەوەیە. ( کامیل و شەوبۆ ئەبڵەق بوونە و بە حەپەساوییەوە سەیری ڕەئوف دەکەن و گوێیان هەڵخستووە) من گوێرایەڵی بڕیارەکانی حیزبم قوربان. بەڵام بەداخەوە بێئومێد بووم. دامنابوو خزمەت بکەم. بەس ئەو دەرفەتەم بۆ نەڕەخسا. ( لەسەر قەنەفەکە دادەنیشێت) چی قوربان چوار ساڵی تر؟ ئینجا کێ ئەڵێ وەکو ئەمجارە لانادرێم؟ ( وچانێکی کورت) باشە قوربان بەسەرچاو.. باشە ئاسایی وەری دەگرم. سوپاس قوربان گیان سوپاس. خوات لەگەڵ.

شەوبۆ : ( بە حەپەساوییەوە) ها چیبوو، بۆ وا قڵپ بوویتەوە؟
ڕەئوف : بەبڕیاری حیزب منیان لە پرۆسەی کاندیکردن دەرهێناوە.
شەوبۆ : ( بە تووڕەییەوە) چی چی؟ چیت وت؟ ئێ بۆ؟
ڕەئوف : ( بە مەلوولییەوە) نازانم، خۆشم نازانم بۆ لابردراوم.
کامیل : ئەی پێت نەوت من دنیام تێگەیاندووە و ئێستا ئەمە دەبێتە ئیحراجییەکی زۆر بۆم؟
ڕەئوف : با وتم. (ڕوو لە کامیل دەکات) ئەی گوێت لێنەبوو پێموت. بەس چیبکەم . بڕیار لای حیزبە حیزب چی بڕیار بدات هەر ئەوەیە.
شەوبۆ : (ڕوو لە ڕەئوف دەکات) وتم، هەر زوو وتم ئەو ژمارە ١٣ یە شوومە. کەچی تۆ دەتوت وا نییە. بزانە قسەکەم ڕاست دەرچوو یانا نا؟
ڕەئوف : ( تووڕەیی بە دەنگ و ڕووخساریدا دیارە) بڕیاری حیزب چ پەیوەندییەکی بە ژمارە ١٣ وە هەیە؟
شەوبۆ : ( بەدەم هەنسکەوە) ئەی خوایە بۆچی وات لێکردین؟ گوناهمان چیبوو؟ تازە ناگەینە ئاواتەکانمان.
کامیل : ( ڕوو بە شەوبۆ) دەی گوێی مەدەرێ و تازە هەرچی بووە گەڕانەوەی نییە. کاک ڕەئوفیش چی بکات فەقیرە هەوڵی زۆریدا و سەری نەگرت.
ئیتر بەمجۆرە هەرسێکیان بە زمانی جەستە نیشانی دەدەن کە لەقسەکردن بەردەوامن . دەنگیان کز دەبێت و ڕووناکیش کز کز دەبێت تا شانۆ تاریک دادێت.

کۆتایی

نووسینی : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)
کەنەدا / ٢٠٢٢

mm

ساڵی 1964 لە شاری کەرکوک لە دایک بووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی وپاشان پەیمانگای تەکنەلۆجیای لە ساڵی 1986 هەر لە کەرکوک تەواو کردووە. لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردووەوە شیعر دەنووسێ و لە زۆربەی گۆڤار و رۆژنامەکانی کوردستان و دەرەوەی کوردستان و سایتە ئەلەکترۆنییەکان شیعر و وتاری رەخنەیی ئەدەبی و سیاسی و جەماوەری بڵاو کردۆتەوە.

Previous
Next

Leave a Reply

Kurdish
Powered by TranslatePress