Skip to Content

سۆناتای زەمەن.. ستیڤان شەمزینی

سۆناتای زەمەن.. ستیڤان شەمزینی

Closed
by نیسان 6, 2024 General, Poems

دەزانم چۆن ئێستا بە ھاوارەوە ئەژیم
رۆژێک بە بێدەنگی ئەمرم
نامەوێت زاری قەڵەم ببەستم
با زریکەی بگاتە ئۆرانۆس
خوێنی لەشی بگاتە
بەردەم دەرگای ماڵی یار
تەنیا یەک وشە ئەھێڵمەوە
بۆ سەرەمەرگ:
خۆشم ئەوێی
دەزانم چۆن ئاوی ژیانم
لە سەرچاوەوە لێڵە
مەرگێکی تەڵخ
لەسەر رێی چارەنووسمە
رێ لە لافاوی فرمێسک ناگرم
با جۆگەلە ببەستێت بۆ بەردەم زیۆس
با بە ھاژەوە بەلای یاردا تێپەڕێت
تەنیا یەک دڵۆپ دەھێڵمەوە
بۆ سەرەمەرگ:
دڵۆپی دوا دێڕە شیعر


گوێ نادەم بەوەی
گروپێک شەمشەکوێرە
نیازی کوشتنی خۆریان ھەیە
ئاوڕ لەو گوڵە گەنمە سەوزە نادەمەوە
لە دەمی سن و کوللەی غەمێکی ئەزەلیدایە
بە لای تەرمی مەسیحدا تێدەپەڕم
لە خاچی بێھودەیی دایناگرمە خوارێ
رەنگە پێتان سەیر بێت ئەوەندە دڵڕەقم!
خۆم خۆر و گوڵە گەنم و مەسیحم
بەسەر تەرمی خۆمدا
بە تەنھا شیوەن ئەکەم
تۆش بەلامدا تێدەپەڕیت
وا دەزانی شۆخی ئەکەم


بایەقوشی بێزاریی
لەسەر رۆحی رۆشنایی دەخوێنێ
دەستم لەژێر چەنەم داناوە
تەنھا تەماشا دەکەم
پاسەوانانی ئەھریمەن
بە شمشێری رق
جەرگی شەوقی
ئاتەشتگایەکی دێرین ھەڵدەدڕن
بە بێدەنگی
کتێبی ھەڵھاتن ئەخوێنمەوە
راوچییە تووڕەکان
نیشانە لە سوێسکەی شیعر ئەگرنەوە
دەستم تێی نەچوو
لە دیوانێکدا بینژێم
رەنگە پێتان سەیر بێت
ھێندە دڵڕەقم!
خۆم رۆشنایی و شەوقی ئاتەشتگا و
سوێسکەی شیعرم
لە کەنارێکدا خەریکم
گۆڕ بۆ خۆم ھەڵدەکەنم
تۆش بەلامدا تێدەپەڕیت
وا دەزانی گەمە دەکەم


ئای چەند سەختە ئەم زەمەنە
بۆ دۆزینەوەی خۆشەویستی
دەبێت سەر بکەیت بە مۆزەکاندا
لە مۆزەی لۆڤەر
بەردێکی رەقم بینی
لەسەری نوسرابوو
پەیکەری خۆشەویستی
مێژووەکەی
بۆ چاخی بەردین ئەگەڕایەوە
بیرم کردەوە
لە چەرخی بەردینی دڵەکاندا
پەیکەرێک بۆ خۆشەویستی دابتاشم
رەنگە رەنج بەخەساریش دەربچم
ئای چەند زەحمەتە ئەم زەمەنە
بۆ دۆزینەوەی کتێب
دەبێت روو بکەیتە ئەرشیفخانەکان
لە ئەرشیفخانەیەکی بەرلین
کتێبێکم دۆزییەوە
لەسەری نوسراو بوو
کتێبی خۆشەویستی
تۆز و خۆڵی مێژوو
بە رووخسارییەوە بوو
لە پشتەوەیدا
دێڕێکی سەرنجڕاکێش ھەبوو:
ئەم کتێبە بۆ مرۆڤی دێرین نوسراوە
بیرم کردەوە
لە چاخی مەرگی کاغەزدا
کتێبێک لەسەر خۆشەویستی بنووسم
کێ ناڵێت دوای ئەوە
نامبەن بۆ شێتخانە؟

ستیڤان شەمزینی


Previous
Next
Kurdish