Skip to Content

کاکل کونەبا و لاولاو و لاولاو.. تەنزە چیڕۆکی: عەبدولڕەحمان فەرهادی

کاکل کونەبا و لاولاو و لاولاو.. تەنزە چیڕۆکی: عەبدولڕەحمان فەرهادی

Closed
by نیسان 6, 2024 General, Literature

کاکل کۆپتەر، یەکێک بوو لە هاوڕێیانمان کە بۆ خوێندن لە تەیراوەوە دەهاتە دواناوەندیی زۆزان. کاکل، هەر بە هەرزەکاری درۆزنێکی داهێنەر بوو لە هەڵبەستن و فیشاڵ و فۆرتە و شێلمانوەشێنی، ڕمبەی شێلمانی درۆیەکانی، هیچ جۆرە ڕمبەیەکی ئەرز ئەرزی شەڕی عیراق و ئێرانی نەدەگەیشتێ، بۆیە لە شەشی ئامادەیی کلکەناوی (کۆپتەر)مان بۆ کردە (کونەبا)، لەوێوە بە (کاکل کونەبا) ناوبانگی دەرکرد، دواتر کاکل بووە بازرگان و بە زیتوزرنگیی خۆی، دەوڵەمەندێکی نەقۆڵای لێ دەرچوو. کاکل ئەوکات لە مانای کونەبا نەدەگەیشت، دەمانگوت: “کونەبا واتا تەوژمی بایەکی زۆر کە لە تونێڵ و کونەشاخان دێتە دەرەوە و دەنگەکەی هاششەیەکی گەورەی لێوە دێ، مانای بەهێزی دەدات، کاکل گیان، تۆیش بەهێزی بۆیە پێت دەڵێین کونەبا!” ئەو نەیدەزانی کلکەناوی کونەبا کە دەدرێتە پاڵ یەکێک، بە مانای کەسی درۆزنی بە شاتوشووت دێ، (شاتوشووت)یش دوو وشەی لێکدراون، شات واتا کەسی خۆهەڵکێش کە لە سلێمانی پێیدەڵێن فشەکەر، هەروەها شووت واتا درۆی هەڵبەستراو، کە چیڕۆکەکەی فانتازیایەک و بێ بنەمایە. کاکل، بەهەق کونەبایەکی بێئامان بوو و چیڕۆکی ئەفسانەییی ئەوەندە زۆر بوو، باوەڕ ناکەم هیچ چیڕۆکنووس و ڕۆماننووسێک دەرەقەتی نووسینەوە و کۆکردنەوەیان بێ، من هەوڵم داوە بەشێکیان بنووسەمەوە و بیانکەمە چیڕۆک، بەڵام تەواو تیایدا سەرکەوتوو نەبوووم. لەو سەتان سەرهات و چیڕۆکانەی وی، دەتوانم یەکێکیانتان بۆ بگێڕمەوە:
من کە قۆناغی ئامادەییم بڕی و چوومە زانکۆ، چەند ساڵێک لە کاکل کونەبا دابڕام. ڕۆژێکیان لەناو قەرەباڵغییەکەی شەقامی باتا، لووتم بە لووتی بووەوە، دوای چاکوچۆنی و یەکتر ماچکردن، دەستی گرتم و بردمیە چایەخانەکەی ئەبوو سامی کە هەر لەسەر ئەو شەقامەیە، دوای باسوخواسێکی زۆری خۆی و گێڕانەوەی سەرهات و چیڕۆکە لەبن نەهاتووەکانی. من بە سەری زمانی سوتاوم گوتم:
-ئەرێ کاکۆ، ئێستایش ماڵتان هەر لە تەیراوە ماوە؟ باگۆی دامەوە:
-ناااا، نەخێر برایێ من، ئێستا گوزەرانم زۆر باشە و خانووێکم لەسەر شەقامی سی مەتریی تەنیشت تەیراوە کڕیوە کە چەند کۆڵانێک لە دواوەی ماڵی پارێزگاری هەولێرە. وەسفەکەی وا بوو کە ماڵیان نزیکی چایەخانەی باییزە! ماڵی پارێزگار، زۆۆۆر لە پشت ئەوان ڕێک لەسەر شەست مەتری بوو، بەو پێیە بێ، زۆر لێک دوور بوون.
گوتمێ:
-کاکۆ، وەسفێکی تەواوم بۆ بکە کە کامە دەرگا هەوە، تا ڕۆژێک سەرێکت بدەم.
ئەوکات وەک ئێستا مۆبایل و لۆکەیشن و ئەو بەزموڕەزمانە نەبوون تا کارەکانمان مەیسەر بکەن. ویستم باشتر تێمگەیەنێ، کەچی ئەو قسەکانی پێ بڕیم و دەستی بە ئاسانکاری و وەسف و چۆنیەتیی دۆزینەوەی ماڵی خۆیانی بۆ کردم و گوتی:
-گوێبگرە کاکەی فەرهادی
-ئێمە لە ماڵەوە باخچەیەکی گەورەمان هەیە، ساڵانێکە بنە لاولاوێکمان چاندووە، لاولاوی سەگبابخێو، ڕەگی وا داکوتاوە و بە عەموودی بەردەرگاکەمان هەڵگەڕاوە و دارتێلەکانیشی تەنیوەتەوە و ڕۆیشتووە، نە عەموودێک نە دووان و نە سێیان، دەیان عەموود بەو کۆڵانانەدا ڕۆیشتووە و لاولاو نەوەستاوە و خەریکە تەواوی دارتێلەکانی گەڕەکەکە بگرێتەوە، باشییەکەی لەوەدایە هەر ڕۆییوە و تا بەردەرگای ماڵی پارێزگار نەوەستاوە، ئێستا لاولاو لەوێ وەستاوە، ئیتر خوا بزانێ بە کوێ دەگات! دڵنیام دەپەڕێتەوە و بەرەو تەیراوەیش دەڕوا، ئەو لاولاوە خێرێکی زۆری بۆ من داوەتەوە، بڵێ چۆن!
منیش تەواو چووبوومە ناو گێڕانەوە بەچێژەکەی.
کاکل بەردەوام بوو:
-بە برای خۆم بڵێم، ئەو لاولاوە سوودەکەی لەوەدایە کە هەر میوانێکم دێ، ڕێکەوت زۆر جار لە پاسەوانەکانی ماڵی پارێزگاریان پرسیوە:
-ئەرێ ماڵی کاکل بەگ لە کوێیە؟ ئەوانیش یەکەوسەر ئاماژەیان بە لاولاوی هەڵگەڕاوی سەر دارتێلەکەی بەر دەرگایان کردووە و پێیان گوتووە:
-ئەم لاولاوەت بینیوە بەسەر ئەو عەموودەدا ڕۆییوە؟
میوانەکەش سەر بەرز دەکاتەوە و تەماشا دەکا بەڵێ! لاولاو بە عەموودەکەوەیە و ئەولای دیار نییە و ڕۆییوە. پێی دەڵێن:
-کاکە گیان، خۆت ئەزیەت مەدە و چیتر مەگەڕێ، تەنیا ئەو لاولاوە بگرە، لاولاو و لاولاو بڕۆ، یەکەوسەر دەگەیتە ناو ماڵی کاکل بەگ.
تا میوانەکە لە پاسەوانەکان ئاودیو دەبێ، هەر هاواری دەکەنێ:
لەبیرت نەچێ لاولاو و لاولاو، لاولاو و لاولاو، لاولاو و لا…
-جا گوێ بگرە کاکەی فەرهادی.
تۆ ماڵی پارێزگار پێدەزانیی؟
-بەڵێ.

  • زۆۆۆر باشە. کە هاتیە بەردەم ماڵی پارێزگار، لە یەکێک لە پاسەوانەکان بپرسە ماڵی کاکل بەگ لە کوێیە، ئەوانیش بەهۆی ئەو لاولاوە ڕێک دەتگەیەننە سەر سەرم!
    من وام نەکرد! بڵێن چی؟ دوو سێ مانگ دواتر چوومە سی مەتریی نزیک چایەخانەی باییز؟ لەسەر جادەکە ڕیزە ماڵێک تا ئەوسەر هەن، هەر لەخۆوە دەرگایەکم کوتا، ژنێکی پێدەچوو خزمەتکار و ئەوانە بێ! دەرگای لێ کردمەوە، پرسیم: ماڵی کاکل کامەیە؟ بە ئاماژەی پەنجەی، ماڵەکەی تەنیشت خۆی پیشاندام.
    تەماشایەکی بەرودەرگاکەیان و زۆۆۆۆریش ئەولاترم کرد، هیچ عەموود و لاولاوی لێ نەبوو! پاشتر ئەوەبوو چوومە سەر سەری کاکل کونەبای فشەفشکەری بە هاشوهووش! پرسیم:
    -ئەرێ کاکۆ، ئەوە کوا عەموووود؟ کوا لاولاااااو؟ بەرسڤی دامەوە:
    -بەداخەوە چەند ڕۆژێک لەوەبەر، شارەوانی عەموودەکەیان گواستەوە و لاولاوەکەیشمان وشکی کرد!
    پێمگوت:
    -خوا ڕێی ڕاستت بە نەسیب بکا کاکل گیان، لاولاو و لاولاویش بتگەیەنێتە ئەو ڕێیە ڕاستە!

لە دڵی خۆمدا گوتم: “واچاکە لە درۆی درۆزنان نەکۆڵمەوە، چەندی لێبکۆڵمەوە، درۆی تر سەر قیت دەکەنەوە! ئەوەیە دەڵێن قەت هەوڵ مەدە درۆزنان بەدرۆ بخەیتەوە، چونکێ بە درۆیەکی دیکە جەوابت دەدەنەوە!”

هاوڕێی خوێنەر:
*ئێستامان کە ئێستایە، ئەگەر شوێنەکەی ماڵی پارێزگار و ماڵی کاکل کونەباتان بە سیستمی لۆکەیشن بۆ بنێرم، بڕواتان هەبێ سەتان مەتر و لەوانەیە سی کۆڵان زیاتریش لێک دوورن.
*ئەم چیڕۆکەم بەبۆنەی یەکی نیسان نووسی، کە جەژنی درۆزنانە. هیوادارم ئێوەیش لاولاو و لاولاو ڕێی ڕاست بگرنەبەر.

Previous
Next
Kurdish