Skip to Content

چەند شیعرێکی چاڕڵس بوکۆفسکی.. ئامادەکردن و وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

چەند شیعرێکی چاڕڵس بوکۆفسکی.. ئامادەکردن و وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

Closed
by نیسان 6, 2024 General, Literature


شاعیری سەعلووکەکانی لۆس ئەنجلسی ئەمریکا

شیعر

بۆ نووسینی
چەند شیعرێکی پووخت
گەلێ نائومێدی و
بێزاری و
بەدبەختی پێویستن
ئەویش
نە بۆ هەموو کەسێک
دەنووسرێ و
نە بۆ هەموو کەسێکیش
دەخوێنرێتەوە.

                 ئێستا

گەیشتن بەئەمڕۆ و
پێنانە نێو ئەم تەمەنە زۆرەوە
دەیەکان تێپەڕین
بێئەوەی تەنانەت یەک کەسی بەڕاستی ئەهریمەنم تووش ببێ
بێئەوەی تەنانەت یەک کەسی بەڕاستی جیاوازم تووش ببێ
بێئەوەی تەنانەت یەک کەسی بەڕاستی چاکم تووش ببێ
بە پێنانە نێو ئەم تەمەنە زۆرەوە
دەیەکان تێپەڕین و
بەیانیانیش تا تۆ بڵێی خراپترن.

                                با پێت بڵێم

دۆزەخ بە پرۆسەیەکی لەسەرخۆ
نەک خێرا
پارچە پارچە و
خشت بە خشتی
بە چواردەورت هەڵچنرا.
ئێمە بەدەستی خۆمان
دۆزەخمان
بۆ خۆمان دروست کردووە و
گلەیش لە خەڵکانی تر دەکەین.
بەڵام دۆزەخ هەر دۆزەخە
پڕ بەپێستی وشەی دۆزەخ هەر دۆزەخە
دۆزەخی من و
دۆزەخی تۆ و
دۆزەخی ئێمە
دۆزەخ، دۆزەخ، دۆزەخ
گۆرانی دۆزەخ
سەر لە بەیانی پێڵاوەکانت لە پێبکە
ئەی دۆزەخ.

                         جەنگ 

جەنگ، جەنگ، جەنگ
ئەژدیهایەکی زەردی
عەقڵ و جەستەخۆرە
جەنگ،
شتێکە لە وەسف نەهاتوو
چێژێکە لەتووڕەیی،
دوا چەڵتەچەڵتی پیاوێکی عەقڵ ساوایە.

جەنگ هی ئێمەیە؟
ئێمە بەرپاکەری جەنگین؟
لەگەڵ نزیکتر بوونەوەمان
لە دوا ترووسکەی دەرفەتمان
تاقە گوڵێک مایەوە
تاقە چرکەیەک
هەناسەیەکی لەم جۆرە.

                                 باران

سەمفۆنیای ئۆرکێسترایە.

                               چ نووسەرێک بوو

ئەوەی ئێ ئێ کەمینگزم لا دڵگیر دەکات
دەهات لە پیرۆزی وشەی دەبڕی و
زۆر بە جوانی و لێزانانە
دێرەکانی نیشان دەداین
جوان و تەڕپۆش

چی پێ دەویست، ئەوەی دەکرد
ئێمەش لەنێو
سەرما و ماندوێتی
هەڵدەوەراین
ئینجا بێگومان لاسایی کەرەوەکانی دەهاتن
لاساییان دەکردەوە
وەک ئەوانەی لاسایی کیتس و شیڵی و
سوینبێرنس و باریۆنیان و تادواییان دەکردەوە.(٣)

بەڵام تەنها یەک ئێ ئێ کەمینگز هەبوو
یەک هەتاو.
یەک مانگ
یەک شاعیری لەو جۆرە.

                        هاودەم

من تەنها نیم
ئەوەتا لێرەیە
هەندێجار هەست دەکەم
ڕۆیشتووە
دوایی سەرلەبەیانی
یان نیوەڕۆ
یان بە شەو
لە شەقەی باڵ دەدا و دێتەوە
ئەو باڵندەیە کەس نایەوێ
لە من زیاتر
ئەوە باڵندەیە، باڵندەی منە
باڵندەی ناسۆرییە
گۆرانی ناڵێ
ئەو باڵندەیە
لەسەر لقی دارەکە لارە لارییەتی.

                          وەختێ شیعر خۆی دەدا لە

وەختێ شیعر خۆی لە هەزاران شیعر دەدا
ئەوسا هەست دەکەی
داهێنانت زۆر کەم بووە.

                          عەشق و ناوبانگ و مردن

لەدەرەوەی پەنجەرەکەم دادەنیشێ و لێم دەڕوانێ
وەک کەنەفتەژنێک بیەوێ بچێ بۆ بازاڕ
دادەنیشێ و لێم دەڕوانێ
لە میانی تەل و تەم و وەڕینی سەگەوە
بە شپرزەییەوە ئارەقە دەتکێنێ
تا لەناکاو ڕۆژنامەیەک دەکێشم بە شاشەکەدا
ڕێک وەکو کوشتنی مێشێک
ئەوسا گوێت لە هاوارێک دەبێ
بەسەر ئەم شارە بێکەسە و
پاشان دەڕوا.
کۆتایی هێنانی شیعرێک بەم شێوازە
بێدەنگییەکی لە ناکاو دەخوڵقێنێ.

                                   هەندێ کەس

هەندێ کەس هەرگیز شێت نابن
بەس من، هەندێجار لە پشت قەنەفەکەوە
بۆ سێ چوار ڕۆژ پاڵ دەکەوم.
لەوێدا دەمدۆزنەوە
دەڵێن ئەوە فریشتەکەیە
ئینجا شەراب دەکەن بە گەروومەوە
سنگم ڕۆن پڕژێن دەکەن و دەمشێلن.(٤)

هێنری چارڵس بوکۆفسکی؛ شاعیر و چیرۆکنووس و ڕۆماننووسی ئەمریکی، لە شانزەی ئابی ساڵی ١٩٢٠ لە ئەڵمانیا هاتۆتە دونیاوە. بەرهەمە ئەدەبییەکانی ئەم شاعیرە بریتین لە هەزاران شیعر و سەدان کورتە چیرۆک و شەش ڕۆمان، کە زۆربەیان ڕوو بە خەڵکی هەژاری ئەمریکان. یەکێک بووە لەو شاعیرە زۆر تایبەتانەی کە لە مێژووی ئەمریکادا جارێکی هەرگیز دووبارە نابێتەوە. ئەم شاعیرە لەسەر گۆشە تایبەتەکەی (تێبینییەکانی پیرەپیاوێکی کەنەفت) نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵی پەروەندەی تایبەتی بۆ دەکاتەوە. بوکۆفسکی لە دایکێکی ئەڵمانی و باوکێکی ئەمریکییە و لەساڵی ١٩٢٣ ئەم خانەوادەیە لە ئەڵمانیاوە دەچنە ئەمریکا و پاش ماوەیەک لە ناوەندی باشووری لۆس ئەنجڵس جێگیر دەبن ، لەو گەڕەکەی کە پێشتر باوک و باپیری بوکۆفسکی کاریان لێکردووە و تیایدا ژیاون. ئەم شاعیرەی ئەمریکا باوکێکی بێکار و تووڕەی دەبێ و لەڕووی جەستەیی و دەروونییەوە زۆر ئەشکەنجەی بوکۆفسکی دەدات و ئەم گەنجە هەست ناسکەش هەر زوو تێکەڵ بە دونیای خواردنەوە دەبێ. دوای قۆناغی ئامادەیی، بوکۆفسکی بۆ ماوەی دوو ساڵ دەچێتە کۆڵیژی لۆس ئەنجڵس و ئەدەب و هونەر و ڕۆژنامەگەری دەخوێنێ. لەتەمەنی بیست و شەش ساڵیدا یەکەمین کورتەچیرۆکی بڵاو دەبێتەوە. لە هەڕەتی لاویدا تووشی نەخۆشی شێرپەنجەی خوێن دەبێت. لە سەرەتای دەیەی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو لە فەرمانگەی پۆست دادەمەزرێ. لەماوەی ژیانیدا چەند جاری کارەکەی دەگۆڕێت . ساڵی ١٩٥٧ لەگەڵ ژنە شاعیر بەربەرا فرای هاوسەرگیری دەکات و دوای دوو ساڵ لەیەکتر جیا دەبنەوە. لە ساڵی ١٩٦٩ لەلایەن “بلاک سپاڕۆ پرێس”ەوە کاری پێدەدرێ.(١) بوکۆفسکی لەگەڵ خواردنەوەدا دەژێت و خواردنەوە کاریگەری زۆری دەبێت بەسەر ژیانی کۆمەڵایەتی و نووسینەکانی. ساڵی ١٩٧٦ دووبارە هاوسەرگیریی دەکاتەوە و ئیتر بوکۆفسکی لە نێوان خواردنەوە و نووسیندا ڕۆژەکانی ژیانی بەسەر دەبات، تا لە نۆی ئازاری ساڵی ١٩٩٤ بە نەخۆش لوکیمیا گیان لە دەست دەدات. بوکۆفسکی ڕاستگۆیانە گوزارشت لە خۆی دەکات و گەورەترین ڕاستگۆیی لە نووسینەکانیدا بەدی دەکرێت. ڕاستگۆییەکەی بوکۆفسکی لە بەرجەستەکردنەوەی ئینسانییەتی ئینسان لە شیعر و نووسینەکانیدا لە خراپترین حاڵەت و دۆخی تێکشکان و کارەساتئامێزیی ڕەنگ دەداتەوە. نووسینەکانی بوکۆفسکی لەپەیوەندییەکی بەهێز دان لەگەڵ خەڵک، لەگەڵ ئەو مرۆڤانەی کە ڕەنگە هەر ئاگایان لە نووسین و ئێمە و بوکۆفسکی نەبێت. کرداری نووسین لای بوکۆفسکی لە نێوان دوو جەمسەریی مرۆڤ و کاری نەکردەدا لەهاتوچۆ دایە و بەهاکەشی بەهیچ ناخەمڵێنرێ. بوکۆفسکی ئەگەر چی خۆی زۆر بە ئاگاییەوە شوێنی ژیانی دەستەبەرکردووەو ئاگاداری پارەی خۆی بووە و زانیویەتی چۆنی خەرج بکات و هیچ کاتێک و هیچ شەوێ لەسەر شەقامەکانی شار نەماوەتەوە و سەعلووک نەبووە، بەڵام سەرجەم بەرهەمەکانی ڕەنگدانەوەی ژیانی سەعلوکەکانی لۆس ئەنجڵس و ئەمریکان و دەتوانین بە نووسەری سەعلووکەکانی ناو زەد بکەین.(٢)

پەراوێز و سەرچاوەکان :
(١)بلاک سپارۆ پرێس؛ دەزگای چاپ و بڵاوکرانەوەی بلاک سپارۆ لە ساڵی ١٩٦٦ لە لایەن جان مارتینەوە لە لۆس ئەنجلسی کاریفۆڕنیا دامەزراوە تا بەرهەمەکانی چاڕڵس بۆکۆفسکی و نووسەرە پێشڕەوەکانی تری ئەمریکا بڵاوبکاتەوە. دوای زیاتر لە ٣٥ ساڵ و چاپکردنی نزیک بە ٧٠٠ کتێب، جان مارتین دەزگاکەی لە ساڵی ٢٠٠٢ فرۆشت.
(٢)بۆ نووسینی ئەم کورتە ژیاننامەیەی بوکۆفسکی سوودم لەم سەرچاوەیە وەرگرتووە. http://en.wikipedia.org/wiki/Charles_Bukowski
(٣)ئێ ئێ کەمینگز؛ شاعیر و وێنەکێش و شانۆنامەنووس و نووسەری ئەمریکی ١٨٩٤ – ١٩٦٢
کیتس؛ جان کیتس شاعیری ئینگلیزی ١٧٩٥ – ١٨٢١
پێرسی شێڵی؛ شاعیری ڕۆمانتیکی ئینگلیز ١٧٩٢ – ١٨٢٢
ئەلگێرنۆ چارڵس سوینبێرن: شاعیر ڕەخنەگر و شانۆنامەنووس و ڕۆماننووسی ئینگلیزی ١٨٣٧ – ١٩٠٩
جۆرج گۆردن بایرۆن؛ شاعیری ڕۆمانتیکی ئینگلیزی ١٧٨٨ – ١٨٢٤
(٤)ئەم شیعرانەی سەرەوەم لەم دوو سەرچاوەیەی خوارەوە وەرگرتووە.
1-The Last Night of the Earth Poems
Charles Bukowski
An Imprint of Harper Collins Publishers
New York, USA 2002 page 94,136,147,337, 338, 345.
2- http://www.poemhunter.com/poem/as-the-poems-go/

تێبینی : ئەم بابەتە لە گۆڤاری ڕامان ژمارە ٣١٨ ی سالی ٢٠٢٤، بڵاوبووەتەوە.

mm

ساڵی 1964 لە شاری کەرکوک لە دایک بووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی وپاشان پەیمانگای تەکنەلۆجیای لە ساڵی 1986 هەر لە کەرکوک تەواو کردووە. لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردووەوە شیعر دەنووسێ و لە زۆربەی گۆڤار و رۆژنامەکانی کوردستان و دەرەوەی کوردستان و سایتە ئەلەکترۆنییەکان شیعر و وتاری رەخنەیی ئەدەبی و سیاسی و جەماوەری بڵاو کردۆتەوە.

Previous
Next
Kurdish