
پێشخستنی خزمەتگوزاریی تەندروستی.. دکتۆر ڕزگار شێروانی
لە سیستەمی تۆکمەی تەندروستیدا، ویست و پلان و دووربینی و وردبینی و هاوسەنگی کۆڵەگەی بنچینەیین.
سەرقافڵەی ئەم سیستەمە دەبێ کارا بێت، دیدەی ڕوون بێت، توانای هەبێ بۆ بڕیاردانی دانایانە و سوودبەخش و ئاڕاستەکردنی سێکتەری تەندروستی بە شێوەیەکی کاریگەر و ئامانجدار، ئامانجیش لە هەوەڵ و دواجارا هەر بەرژەوەندیی خزمەتگوزارییە بۆ وڵاتییان. نەخشەکێشانی ستراتیجی و دانانی پلانی گشتگیر و درێژمەودا پێویستە هەبێ بە شێوەیەک مەبەست و ئامانجەکان ڕوون بکاتەوە و بیانپێکێ و ئامرازی جێبەجێکردن و چاودێری دەستەبەر بکا.
دەستخستنی سەرمایە و مسۆگەر کردنی سەرچاوەی دارایی پێویستە بۆ بەکارخستن و پێشخستنی خزمەتگوزاریی تەندروستی. ژێرخانی پێشکەوتوو دینگەی خزمەتگوزارییە، وەک هەبوونی خەستەخانەی گەورە و بنکەی تەندروستیی پێشکەوتوو و پڕکراو لە ئامێرو تەکنەلۆجیای جیهانیی سەردەم و ئاسانکاری بۆ گەیشتنی هەموو هاوڵاتییەک بەو بنکانە.
بایەخدان بە خۆپاراستنی تەندروستی وڕاگرتنی تەندروستیی هاوڵاتییان بەر لە نەخۆشکەوتنیان. چەند پارە بۆ ئەو مەبەستە خەرجبکرێ، دوو ئەوەندە لە خەرجیی چارەسەرکردنی نەخۆشییەکان دەگەڕێتەوە.
کەواتە لەپێشینە بەرنامەی پارێزکاری و بەرچاوڕوونکردنی هاوڵاتییانە بۆ نەهێشتن یان کەمکردنەوەی نەخۆشکەوتن و بڵاوبوونەوەی و بۆ بەهێزکردنی تەندروستیی گشتی. سیستەمێکی بەهێزی زانیاریی تەندروستی بە بەکارهێنانی بەرنامەی نوێی زانیاری بۆ کۆکردنەوە و شیتەڵکردنی داتا تەندروستییەکان یارمەتیدەرە بۆ بڕیار دان بەگوێرەی بەڵگە و داتا.
هێزی کار دینەمۆی هەموو سیستەمەکەیە، پێگەیاندن و دامەزراندن و ڕاهێنان و پەروەردەکردن و پارێزگاری لە کارمەند و پزیشکان و ڕازیکردنیان بە پێدانی مافی شایستەی خۆیان بۆ دەستەبەرکردنی ژیانێکی شایستە و نواندنی ڕێز و ستایش لەبەردەم کۆمەڵگا زۆر گرنگە بۆ بەڕێوەچوونی کاروبارە زانستی و مرۆییەکان و بەردەوامیدان بە خزمەتگوزارییەکان.
ئەمانە پێویستە دڵیان ڕابگیرێ تا هەردەم بمێننەوەو دڵیان بەولاولادا نەڕوات و وابەستەی کارەکەیان بن.
ڕاست و ڕەوانی و ڕوونی و شەفافیەت و پاداشت و لێپرسینەوەو لێپێچانەوە بەگوێرەی ڕێکارێکی ئاشکرا و دادپەروەرانە گرنگە بۆ دابینکردنی جۆرێتیی زۆر باش لە خزمەتگوزاریییەکاندا.
هاوکاری و پشتیوانی وەرگرتن و هاوبەشی و ڕایەڵە دروستکردن لەگەڵ دامەزراوەکانی دیکەی حکوومەت و کەرتی تایبەت و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان بۆ گەیشتن بە ئامانجە تەندروستییە هاوبەشەکان کارێکی زۆر باشە.
بەدەنگەوەچوون و فریاکەوتن و بە هانا هاتن و بە دەمەوەچوونی دەسبەجێ بۆ داخوازییە هەنووکەییەکان و بارە لەنکاوەکان و حاڵەتی تەنگاوی و کارەساتی سروشتی و پەتایەکان توانست و لێهاتووییی سیستەمەکە دەردەخات.
دکتۆر ڕزگار شێروانی