
خوێندنەوەیەک بۆ بەرهەمە شیعرى(عەورەتى نیشتمان)ى موحسین شوانى… کاروان حەسەن سلێمان
(عەورەتى نیشتمان) نوێترین بەرهەمى شیعرى مامۆستا (موحسین شوانى)یە. کە لەساڵى (2022)دا چاپ و بڵاو بوەتەوە، لەچاپخانەى(چوارچرا) (500)دانەى لێ چاپکراوە. لەدوو توێى (74) لاپەڕە، چاپى یەکەم، کورتەیەک لەژیانى شاعیر و بەرهەمەکانى ترى شاعیر لەکۆتا لاپەڕەدا ئاماژەیان بۆ کراوە.
ئەم بەرهەمە لەدوو بەش پێکهاتووە:
بەشى یەکەم: لە (43)دەقى نیشتمانى پێکهاتووە.
بەشى دووەم: لە (21) دەق پێکهاتووە کە خواناسى و باسى خۆشەویستى دایک دەکەن.
هەوڵدەدەین لەسەر ئەم بەرهەمەدا شتێک بنووسین و بڵێین.
چاوى شاعیر وردتر و باشتر شتەکان دەبینێ لە مرۆڤى ئاسایى بۆیە ئەوەى شاعیر دەرى دەبڕێ دەکرێ لاى مرۆڤێکى ئاسایش هەبێ بەڵام ئەو مرۆڤە ئاساییە بەهەندى وەرناگرێ یان ناتوانێ بیخاتە دووتوێى دەقێک و شیعرێکى لێ دروست بکات.
بەواتایەکى تر شاعیر تاڵى و سوێرى و ژەهراوى ژیان دەمژێ و لەدەقێکى شیعرى بەیانیان دەکات و بەرهەمێکى لێ دروست دەکات. ئەمە جیاوازى نێوان شاعیر و مرۆڤێکى ئاساییە.
شیعر ڕەنگدانەوەى شتە هەڵچووەکانى ژوورەوەى شاعیرە، شاعیر بەچاوى دڵەوە ئەو ئێش و ئازار و مەینەتیانە دەبینێ لەڕێگەى وشەوە دەیانکاتە دەق و شیعریان لێ دروست دەکات، واتا شاعیر لەجیاتى ئێمەش دێتە گۆ و قسەدەکات و ئێش و ئازار و مەینەتییەکان دەخاتە ڕوو.
لێرەوە دەچینە باغە ڕازاوەکەى (عەورەتى نیشتمان).
ئەم بەرهەمە لەدوو بەش پێکهاتووە، لەبەشى یەکەمدا شاعیر یاخییە، دڵپڕە، بێزارە، بێئومێدە ئەمانە و دەیان ماکى ترى نێو حەقیقەتى ژیانى ڕۆژانەى ئەم هەرێمە وایان کردووە مامۆستا موحسین شوانى دەست بداتە قەڵەم و لەڕێى وشە و ڕستەوە دەقێک دروست بکات و شیعرێکى چێژبەخشى لێ بەرهەم بێنێ. چێژ و ئێستاتیکا و بابەت ئەو ڕەگەزانەن کە شیعرى باشیان لێ بەرهەم دێت، ئەمەش وا دەکات کە خوێنەر چێژیان لێوەرگرێ و هەزمیان بکات.
شاعیر هەموو ئەو نائومێدى و بێهیوایەى لە بەرپرس و کاربەدەستانى وڵات هەیەتى دەیانخاتە دووتوێى چەند ڕستەیەک و دەقێکى شیعرى جوانى لێپێکدێنێ. ئەوەتا لە شیعرى(مارنج)دا دەڵێ:
گەر دەمتوانى وەک خۆڵ و کا
تێکەڵتان کەم
وەک قوڕە سوور
لە قالبى خشتتان بدەم
لە قولینچى دیوارى ماڵە هەژارێک
هەموو ساڵێک لە پێنجى سێ
بە مارنجى کوردەوارى
سواغتان بدەم .
شاعیر هەمیشە شتە پەنگخواردووەکانى ناخى دەردەبڕێ و ئەوەى لەمرۆڤى ئاسایی جیاى دەکاتەوە ئەوەیە شاعیر ئەو شتانەى دەیبینێ بە شیعر بەیانیان دەکات و خەڵک و خوێنەریش ئەو وشە و دەق و شیعرانە دەبینن بۆیە شاعیر وردتتر لە شتەکان دەڕوانێ. وشەى (جاش) بووەتە باس و خواسێکى شاعیر لە شیعرێکدا و مامۆستا موحسین شوانى لەوێوە حەقیقەتى ئەو ڕۆژگارە تاڵ و تفتەى بەدەستى جاش، میللەت چەشتوویەتى بەڵام ئێستاش جاش ڕۆڵ و پێگە و قسەیان هەیە و دەستیان دەڕوات کەجێگەى داخ و ئەسەفە! تەنانەت هەندێکیان بەرپرسیشن شاعیر شیعرێکى بەناوى (جاش)ەوە داناوە و زۆر بەڕوونى و بە ئاشکرایی دەڵێ:
من دوێنێم بیرچۆتەوە
کەسیش ناناسمەوە، نەخراپ نەباش
تەنها دەزانم هەردوولا
ڕیشدار و چڵکن و دەست بە تفەنگ و
ڕانکو چۆغە لەبەربوون
پێیان دەگووتن (پێشمەرگە)
پێیان دەگووتن (جاش)
ئێستا هەردووک ئاوێتە بوون
لەنێو حەفتا و لەناو هەشتاش!
ئیدارەنەدانى باش و خراپ بەکارهێنانى دەسەڵات لەلایەن کاربەدەستان و هەندێ بەرپرسى نابەرپرس و گەندەڵ، کە نەیانتوانیوە بەباشى و بەچاکى خزمەتى گەل و نیشتمان بکەن، بێزارى شاعیر و ڕق هەستانى بەرامبەر ئەو جۆرە کاربەدەستانە گەیشتووتە ئەوەى کە شیعرێک لەدایک ببێ بەناوى (عەورەتى نیشتمان) کە ناوى بەرهەمەکەش لەو شیعرەوە سەرچاوەى گرتووە.
نیشتمان جێگەى ژیان و گوزەران وئازادى و کارکردنى تیا نەماوە هۆکاریش بۆ ئەمە زۆرن، ئەوەتا شاعیر لە شیعرى (هەرێم) هەندێ لەو هۆکارانە دەخاتە ڕوو کە لەناو وشەکاندا خۆیان حەشار داوە، ئەو نیشتمانە جێگاى ئازار و مەینەتییە و ژیان تێیدا ئیفلیج بووە و چى خەم و ئازار هەیە بۆتە بەشى هاوڵاتیانى ئەم هەرێمە، شاعیر دێتە گۆ و دەڵێ:
بڕۆ لێرە
ئیتر ئێرە
نە هەناسەى عەشق و جوانى
نە گوڵ نەپەپولەى لێیە
سەر هەڵگرە
مەملەکەتى خەم و ئازار جێ بهێڵە
بەسەردانیش
هەرگیز مەگەڕێوە ئێرە
چونکە لێرە
نە نەمامى خۆشەویستى لێ شین دەبێت
نە بەرهەمى برایەتى لێدەڕوێت
نە پیاو لێرە بوێرە
نە ئافرەت لێرە زێڕە !
لەشیعرى (بەراورد)دا مامۆستا شوانى بەراوردێک لەنێوان خەباتى ئێستا و پێشتر دەکات و زۆر بەڕوونى ئەوە دەڵێ کە پێشان خەبات و سیاسەت باشتربوو کە لەپێناو نیشتمان و میللەت و ئازادى دا بوو بەڵام ئێستا حزب و بەرپرس و کاربەدەست هەر بۆ کورسى و دەسەڵات کاردەکەن و میللەتیان لەبیر نەماوە. ئەوەتا دەڵێ:
نیشتمان ئەوسا خۆشبوو
لە ڕق و ترسى دوژمن
لەسەر دیوارى گەڕەک و قوتابخانە
دەماننووسى(بژى پێشمەرگە، بروخێ بەعسى)
بەڵام ئێستا
لەترس و ڕقى دەسەڵاتى کوردى
لەسەر دیوارى ئاو دەسخانەکان دەنووسین:
(بڕوخێ حزب و سەرکردە و کورسى)
لە شیعرى (دەسەڵات)دا ئەوە ڕوون دەکاتەوە کەوا تەمەن و جوانى و گەنجى دەیان ڕۆڵەى کورد تاڵ کراوە و ژەهرى پێچەشتراوە، بەداخەوە دەسەڵاتى کوردى نەیتوانیوە گەنج بۆ لاى خۆى کێش بکات و بتوانێ لە ئێش و ئازاریان کەمکاتەوە و کێشە و ئاریشەکانیان چارەسەربکات و دەستى باوکایەتییان بەسەردا بێنێ و بیان خاتە ژێرباڵى خۆى. ئەوەتا دەڵێ:
هەرچى جوانى و پاکى هەبوو لێتان سەندم
دونیایەک ناشیرینیتان بۆ جێهێشتم
شیرینى تەمەنم
پێشکەش کردن
ژەهرى ڕۆژگارتان پێ چەشتم
نیشتمان لەلاى شاعیر خۆشەویستە و ئەو خۆشەویستییەش وەک خۆشەویستى دایک وایە، بۆیە شاعیر شانازى بەوەوە دەکات و لە شیعرى(نیشتمان)دا بە ڕوونى ئەوە دەڵێ کە وەک دایک خۆشەویستە و وەک ڕێزگرتن لەباوکى رێز لەنیشتمان دەگرێ و دەنووسێ:
ئەى نیشتمان
بەقەد دایکم خۆشم دەوێى
بەقەد باوکم ڕێزت دەگرم
هەتا ماوم
لەگلێنەى چاوى خۆمدا
هەڵتدەگرم
ڕۆژێ سەدجار
لەپێناوت دەژیم، دەمرم.
لە شیعرى(کۆچ)دا بە دەربڕینى ئاخ و ئۆفى دەیان گەنج و لاوى ئەم نیشتمانە پڕ خەم و ئازارە دێتە گۆ، کە هەزاران گەنج سەرى خۆیان هەڵگرتووە و ڕوویان لەغەریبى و دوور وڵاتى و کەس و کار کردووە کەچى لە دەریاى ئیجە خنکاون و لەپێناو خۆشگوزەرانى ژیان ڕووە و مەرگ هەنگاویان نا.
شاعیر بۆ ئاسوودەیى دەروون و دامرکاندنەوەى گڕ و تینى ناخى قسەدەکات، ئەو قسە لەگەڵ دار و بەرد ڕووبار و دەریا ئاو و ئاگر و شاخ و چیا دەکات و ئەمانە دەدوێنێ و گفتوگۆیان لەگەڵ دەکات. ئەمەش لە شیعرى (ئیجە)دا بەڕوونى دیارە، ئەو دەریایەى هەزاران گەنجى وڵاتى نقوم کرد و کردنییە خۆراکى ماسى، شاعیر بە ئارامى و وەک پاڕانەوەیەک لە ئیجە داوا دەکات کە ئارامبێ و نەیخنکێنێ ئەوەتا دەڵێ:
ئیجە
بەهێواشى بەسەرتدا گوزەر دەکەم
مەمخنکێنە
نیشتمانم لەدەستداوە
بەدواى بستێ خاکدا وێڵم
شەپۆڵ مەدە
هەر ئەمجارە و نایێمەوە
نامۆم لێرە
ناخت مەکە بەگۆڕستان
توڕە مەبە
بە ئارامى
ببە پردى پەڕینەوە.
شاعیر لە گەورە بوون و ڕۆژگارى ئەمڕۆ بێزارە، دەیەوێ بگەڕێتەوە منداڵى و لەهەموو ئەو ماک و پیسى و درۆ و خۆپەرستى و مونافیقی سیاسیە بێزارکەرە کە ئێستا تووشى هاتووە پاک ببێتەوە. ئەوەتا لە شیعرى (گەڕانەوە)دا دەڵێ:
بمبەنەوە بۆ منداڵى
بەرائەتى ئەو سەردەمەم بدەنەوە
بمبەنەوە بۆ مناڵى
چڵکى حیزب و
مونافیقى سیاسەتم لێکەنەوە
لە کۆڵ پیسى و درۆى ڕۆژگارى
خۆپەرستیم بکەنەوە
لەنێو بەندى ژینى ساختە و
مۆدێرنى تەکنەلۆژیا ڕزگارم کەن
بمبەنەوە بەخۆڵ و گڵى پاکى
کۆڵانەکانى گەڕەک بمشۆنەوە
لەهەموو گوناهەکانى تەمەن پاکمکەنەوە.
بەداخەوە دواى زیاتر لە سى و پێنج ساڵ هەتا ئێستاشى لەگەڵدابێت حکوومەتى هەرێم نەیتوانیوە بەباشى و بەڕێکى ئاگادارى ژیانى کەس و کارەکانى ئەنفال بێت و ئاورێکى جددى و باشیان لێبداتەوە، شاعیر لە سۆنگەى خەمخۆرى و نیشاندانى سۆز و خۆشەویستى بۆ خانەوادەى ئەنفالەکان لەشیعرى (ڕووفات)دا ئەو بەرپرس و کاربەدەستانە ڕیسوا دەکات کە تا ئێستا کەس و کارى ئەنفالەکان ناناسن و ئاگادارى ژیانیان نین، مامۆستا شوانى بەزمانێکى سادە و ساکار لێیان دێتە گۆ و دەڵێ:
ئەم کاتژمێرە
ئەم جووتە پێڵاوە
بکەنە مەدالیاى ناپاکى
لە بەرۆکى جاش و ئەنفالچییەکان هەڵیواسن
یان بیکەنە هێماى ریسوایى
بیدەن لە ڕوخسارى
ئەو بەرپرسانەى
کە خانەوادەى ئەنفال ناناسن.
لە هەردوو شیعرى (کۆچ) و (ئومێد)دا کە دوو شیعرى دژبەیەکن لە واتادا شاعیر لە شیعرى (کۆچ)دا بێزارە، نائومێدە.بەڵام لەشیعرى (ئومێد)دا حاڵەتەکە پێچەوانە دەبێتەوە ئەوەتا لە شیعرى (کۆچ)دا دەڵێ:
ئەى نیشتمان !
زوویر مەبە
بەناچارى بەجێت دێڵم
ڕێگەى مەرگى هەندەران و
سەختى غەریبى دەپێوم
کەچى لە شیعرى (ئومێد) دا شاعیر پەشیمان دەبێتەوە بەو مانایەى خۆى دەخاتەوە سەر دۆخى بە ئاگایى و ئومێدێک لەدڵدا بەدى دەکات و لە وشە و ڕستەکانى پێشووى دێتە وەڵام و دەڵێ:
لێرە نارۆم
ئەم هەوارە جێناهێڵم
کەى توانیتان تیشکى خۆر و ڕووناکى مانگ
بشارنەوە
ئەوسا دەڕۆم
بەڕێکەوتیش
سەر لەو خاکە پڕ گەندەڵە نادەمەوە.
کاروان حەسەن سلێمان – هەولێر