Skip to Content

فلاشباک-27- لە دەفتەری بیرەوەریی رۆژانەوە.. ستیڤان شەمزینی

فلاشباک-27- لە دەفتەری بیرەوەریی رۆژانەوە.. ستیڤان شەمزینی

Closed
by كانونی یه‌كه‌م 31, 2021 General, Opinion

ستیڤان شەمزینی
بەشی بیست و حەوت

هەناسەم سوار بووە، ناتوانم بە پێی پێویست لەم ژینگە پیسەدا هەناسەیەکی ئازاد هەڵمژم. ئەمە واتای ئەوە نییە تەندروستیم خراپە، نەخێر گیروگرفتی فەسڵەجیم نییە، تەنیا ئەوەندە نەبێ ئەو رۆحە یاخییەم لەهەر چوار لاوە لەلایەن سیخوڕەکانەوە گەمارۆ دراوە. هاوڕێیەکمان لە “یەکێتی خوێندکاران و لاوانی ئازاد” لە ئاسایش دەستگیر کرابوو. پرسیاریان لێکردبوو کێ بەرپرسی سلێمانییە لە رێکخراوەکەتان؟ ئەو هاوڕێیەش ناوی منی هێنا بوو، چوونکە من جێگری سکرتێر و بەرپرسی لقی سلێمانی یەکێتی خوێندکارانم. ئەفسەرەکەش سەرێکی بادابوو، وتبووی کە بە من بڵێ ئەو سەرەی سەری خۆی نییە، رۆژێ وەک تەماتە بۆی ئەفلیقێنینەوە بە فیشەک.
دەزگای ئاسایش کە دەزگایەکی “ئانکیزیسیۆن”ییە و کاری پشکنینی بیروباوەڕی خەڵکە کە ئەو زاراوەش لە سەدەکانی ناوەڕاست بۆ دادگاکانی پشکنینی بیروباوەڕ داتاشرا کە لقێکی سەرەکیی کەنیسەی کاسۆلیکی بوو. لەشکرێک سیخوڕیان خستۆتە کار بۆ چاودێریی بیروباوەڕی خەڵک. من هیچ کێشەم نییە، رای خۆم بە دەنگێکی دلێر بە هەموو کەس رادەگەیەنم، نەک بە شەرم و لەژێر لێوەوە قەناعەتەکانی خۆم بڵێم. ئەبێ ئەوان شەرم بکەن لە ئەجیندای رەشیان بۆ کۆمەڵگە نەک ئێمە کە خەونێکی جوانین و لە دەیجوری وڵاتدا وەک گوڵێک رسکاوین.
وەنەبێ زۆر خۆشەویست بم لە حزبەکەی خۆشمدا، چوونکە لەسەر هەموو شتێ قسەی خۆم هەیە، رای تایبەتی خۆم هەیە و تووتی نیم. بۆ وێنە پێرار لەسەر “فەرەیدون حسێن زادە” کردم بەو رۆژەی قەرەوەیسی تیا کوژرا، چوونکە “ئاسۆ کەمال”ی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی لەسەر ئەوە لێپرسینەوەی لەگەڵ ئەکرد کتێبی “ئەم بڵقە کەی دەتەقێ”ی کاک “عەبدوڵڵا مهتەدی” ئەخوێندەوە. ئەمە هەر لە رەوتاری فاشیستەکان ئەچێ!! چۆن دەکرێ کۆمۆنیست بیت لە کتێب بترسی؟ ستالینستەکان لە کتێب ئەترسان و چەندان شاعیری وەک “پاسترناک”یان لە رووسیا دەربەدەر کرد. فرانکۆ و فاشیستەکان لە کتێب ئەترسان کە شاعیرێکی وەک “لۆرکا”یان گولەباران کرد. نازی و هیتلەر لە کتێب ئەترسان. ترس لە کتێبی نەریتی دەسەڵات و گروپە فاشیست و تۆتالیتارەکانە.
هەر ئەمەش بوو لەکاتی کۆنگرەی یەکەمی یەکێتی خوێندکاران و لاوان، حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی و خودی “تاهیر حەسەن” بە ئەندامانیان وتبوو دەنگ نەدەن بە من، تەنانەت تۆمەتی ئەوەشیان دابووە پاڵم لەگەڵ “مەلا بەختیار” پەیوەندیی ژێراوژێرم هەیە. کەچی خۆشبەختانە بە خواستی ئەوان نەبوو، من دەنگی یەکەمم هێنا، هەرچەند بەزۆر “پشتیوان”ی برای “رێبوار ئەحمەد”ی سکرتێری حزبیان سەپاند وەک سکرتێری رێکخراو و منیش بە دیفاکتۆ بە جێگر و بەرپرسی لقی سلێمانی رازی بووم. لەگەڵ ئەوەش من دەیان گەنجم کۆکردۆتەوە بێ ئەوەی ئەندامی حزبی کۆمۆنیست بن، بەڵام چالاکانە بۆ یەکێتی خوێندکاران کار ئەکەن، ئەمڕۆش بۆ یەکی ئایار دوو سەد گەنجمان کۆکردۆتەوە بۆ ئەنجامدانی ماراسۆنێک لە تاسڵوجەوە تا بەردەم بارەگای رێکخراو.
کاتێ هاوڕێیەکمان بەناوی “فەلاح” لەلایەن خودی “کاردۆ محەمەد”ی سکرتێری “رێکخراوی ئازادی لاوان”ی سەر بە کۆسرەت رەسوڵ بە مستە دەمانچە لێیدرابوو، کێ چووە سەر بارەگای کاردۆ و داوای لێبوردنی پێکرد؟ ئەوە منم خۆم لەناو ئەو گەنجانە ئەبینمەوە، نەک پشتیوان کە وەک فەرمانبەر دێتە بارەگا. ئەوە منم کە لەناو خۆڵ و خاشاکی گەڕەکە میللییەکانی شاردا لەگەڵ ئەو گەنجانە دائەنیشم و قسەیان بۆ ئەکەم. چیرۆکی زۆرم هەیە بۆ باسکردن، مارکیز وتەنی “من بەبێ کۆمەکی چیرۆک و حکایەتەکان ناتوانم باسی دونیا بکەم”. راستە ئەم حکایەتانە رەنگە جگە لە خۆم هیچ کەسی تر نەیبینێ، بەڵام بۆ بیست ساڵی تر ئەگەر نەمردین، جارێکی تر ئەمڕۆی خۆمی پێ هەڵدەسەنگێنم. دووریش نییە بە پێکەنینێکی گریاناوییەوە ئەم لاپەڕانە هەڵدەمەوە.


29-4-2000

تێبینی: ئەم بەشە لە لاپەڕە 91-95 کتێبی “فلاشباک”چاپ و بڵاوکراوەتەوە. کتێبەکەش لە سەرەتای ساڵی 2017 چاپ بووە

Previous
Next
Kurdish