Skip to Content

پڕۆژەیاسای دەستەی دانوستاندن لە هەرێمی کوردستان.. نووسينى: دکتۆر نوری تاڵەبانی و دکتۆر مستەفا زەڵمی -١-

پڕۆژەیاسای دەستەی دانوستاندن لە هەرێمی کوردستان.. نووسينى: دکتۆر نوری تاڵەبانی و دکتۆر مستەفا زەڵمی -١-

Closed
by ئازار 15, 2026 General



بەشی یەکەم

پێناسە و ئامانجەکان
ماددەی یەکەم:
مەبەست لەم دەستەواژانەی خوارەوە:
١. دەستە: دەستەی دانوستاندن لە هەرێمی کوردستان
٢. ئەنجومەن: ئەنجومەنی دەستەی دانوستاندن
٣. سەرۆکی ئەنجومەن: سەرۆکی ئەنجومەنی دەستەی دانوستاندن
٤. ئەندام: ئەندامی ئەنجومەنی دەستەی دانوستاندن
٥. هەرێم: هەرێمی کوردستان – عێراق
٦. دەوڵەت: دەوڵەتی عێراق

ماددەی دووەم: ناوی دەستە و قەوارەی قانوون:
بەپێی ئەم قانوونه دەستەیەک دادەمەزرێت بەناوی “دەستەی دانوستاندن لە هەرێمی کوردستان” کە کەسایەتیی مەعنەوی و سەربەخۆیی دارایی و کارگێڕی هەیە، پەیوەستە بە پەرلەمانی کوردستان و لێی بەرپرسیارە، بارەگای سەرەکی لە هەولێری پایتەختی هەرێمە.

ماددەی سێیەم: ئەرکەکانی دەستە:
١. دانوستاندن لەگەڵ نوێنەرانی حکوومەتی عێراق و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەموو ئەو بابەتانەی پەیوەندییان بە دۆخی هەرێم و مافەکانی گەل و بەرژەوەندییە باڵاکانیەوە هەیە لە چوارچێوەی دەستووری و یاساییە کارپێکراوەکانی عێراقدا.
٢. پشتگیریکردنی نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق و ئەنجومەنی نوێنەران و هەموو دامودەزگا و تێکڕای دەستەکانی سەر بە دەوڵەتی عێراق، لەگەڵ چاودێریکردنی چۆنیەتیی جێبەجێکردنی ئەرکە دەستووری و یاساییەکانیان.

بەشی دووەم
ئەرکەکانی دەستە

ماددەی چوارەم: دەستە ئەم کارانەی خوارەوە ئەنجام دەدات:
١. هەماهەنگی و ڕاوێژکردن لەگەڵ سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و ئەنجومەنی وەزیران و پەرلەمانی هەرێم و قەوارە سیاسییەکان کە نوێنەرایەتیی کارایان لە پەرلەمانی هەرێم هەیە و دامەزراوە و ناوەندە زانستی و مەدەنییەکان لە ناوەوە و دەرەوەی هەرێم بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە پلان و توێژینەوە ستراتیژییەکانی پەیوەندیدار بە بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی هەرێمی کوردستان – عێراق.

٢. دانوستاندن لەگەڵ حکومەتی ناوەندی سەبارەت بە کێشە هەڵپەسێردراوەکان لە نێوان هەرێم و حکومەتی ناوەندی و بەرگریکردن لە ماف و شایستە دەستووری و قانوونييەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان و چەسپاندنیان بە شێوەیەکی ورد و ڕوون لە ماوەیەکی گونجاودا کە هەموو لایەنەکان لەسەری ڕێک دەکەون و پابەند دەبن بە جێبەجێکردنی.

٣. چاودێری ئەدای نوێنەرانی گەلی کوردستان لە دەسەڵاتی جێبەجێکردن و قانوون دانانی فیدراڵی و لە هێزە چەکدارەکان و دەستە و دامەزراوە فیدراڵییەکانی دیکە کە پۆستیان تێدا وەرگرتووە بەپێی شایستە نەتەوەیی و هەڵبژاردنەکانی گەلی هەرێمی کوردستان – عێراق، و ئامادەکردنی ڕاپۆرتی دەورەیی لەسەر چالاکییەکانیان بە مەبەستی خستنەڕووی بۆ پەرلەمانی هەرێم و ڕای گشتی، ئەگەر پێویست بێت.
٤. کارکردن بۆ گەڕاندنەوەی بەڵگەنامە و دۆکیۆمێنتەکانی تایبەت بە کورد و هەرێمی کوردستان کە لای هەندێک لە دامەزراوە و دەزگاکانی حکوومەتی ناوەندین، لەوانەش ئەوانەی کە لەلایەن هەندێک دەزگای ڕژێمی پێشووەوە گوازراونەتەوە بۆ ناوەند، و ڕادەستکردنیان بە لایەنە تایبەتمەندەکان لە هەرێم.
٥. بەڵگەنامەکردنی ئەو دانوستاندنانەی کە پێشتر لە نێوان سەرکردایەتییە سیاسییە کوردییەکان بە کۆمەڵ یان بە تەنیا لەگەڵ حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق یان لایەنە پەیوەندیدارەکانیان ئەنجام دراون و ئەوانەش کە ئێستا و لە داهاتوودا ئەنجام دەدرێن، لەوانەش ڕێککەوتنە سیاسییەکان کە لایەنە سیاسییە کوردییەکان یان هەندێک لایەن بەشدار بوون تێیدا، پێش نیسانی ٢٠٠٣ و دوای ئەو ڕێکەوتەش…

٦. ئامادەکردنی توێژینەوە و لێکۆڵینەوە بە یارمەتی پسپۆڕان سەبارەت بە کێشە هەنووکەییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی.
٧. دەستە ژمارەیەک لە پسپۆڕان و ناوەندە پسپۆڕەکان لە ناوەوە و دەرەوەی هەرێم ڕادەسپێرێت بۆ ئامادەکردنی توێژینەوە لەسەر ئەو کێشانەی کە لە بڕگەی (٦)ی سەرەوە ئاماژەیان پێکراوە، بەتایبەتی ئەو بابەتانەی کە کات تێیاندا ڕەگەزێکی بنەڕەتییە، وەک جێبەجێکردنی ماددەی (١٤٠)ی دەستووری عێراقی، و ئەوانەش کە کات تێیاندا ڕەگەزێکی سنووردارە لە جێبەجێکردندا، وەک بابەتەکانی دیکە کە ئێستا دانوستاندنیان لەسەر دەکرێت.

بەشی سێیەم
ئەنجومەنی دەستە و دەستەی سەرۆکایەتی

ماددەی پێنجەم:
لیژنەیەک کە لە حەوت ئەندام پێکدێت و نوێنەرایەتی هەموو فراکسیۆنە پەرلەمانییەکانی ناو پەرلەمانی هەرێم دەکەن، ئەرکی هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجومەنی دەستە دەگرنە ئەستۆ، بەو مەرجەی کە بە ڕابردووی پاک و دەستپاکی و لێهاتوویی ناسرابن هەر یەکە لە بواری پسپۆڕی خۆیدا، لەگەڵ شارەزایی تەواویان لە زمانی عەرەبی.

ماددەی شەشەم:
ئەنجومەنی دەستە لە حەوت ئەندامی سەرەکی و دوو ئەندامی یەدەگ پێکدێت، لەلایەن پەرلەمانی هەرێمەوە بە زۆرینەی دوو لەسەر سێی ژمارەی ئەندامانی پەرلەمان هەڵدەبژێردرێن.

ماددەی حەوتەم:
نابێت کۆکردنەوەی ئەندامێتی ئەنجومەن لەگەڵ هیچ پۆستێکی سیاسی یان پیشەیەکی فەرمی لە دامەزراوەکانی حکومەتی ناوەندی یان هەر کارێکی دیکە لە کەرتی تایبەت.

ماددەی هەشتەم:
١. بەتەمەنترین ئەندام سەرۆکایەتی یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجومەن دەگرێتە ئەستۆ بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەن.

٢. دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەن لە سێ ئەندام پێکدێت کە بریتین لە سەرۆک و جێگری سەرۆک و سکرتێر، لە نێو ئەندامە سەرەکییەکان بە دەنگدانی نهێنی ڕاستەوخۆ هەڵدەبژێردرێن، تەنانەت لە حاڵەتی نەبوونی کێبڕکێ لە نێوانیان بۆ وەرگرتنی یەکێک لەو پۆستانە.
٣. مەرجە سەرۆکی ئەنجومەن دوو لەسەر سێی دەنگەکان بەدەست بهێنێت، جێگری سەرۆک و سکرتێریش زۆرینەی ڕەهای دەنگەکان، هەموویان لە ڕێگەی دەنگدانی نهێنی لە نێوان ئەندامە سەرەکییەکان هەڵدەبژێردرێن.

ماددەی نۆیەم:
یەکەم: پێویستە سەرۆکی ئەنجومەن یان ئەوەی نوێنەرایەتی دەکات ڕاپۆرتێکی مانگانە پێشکەش بە سەرۆکایەتیی پەرلەمان بکات سەبارەت بە هەڵسەنگاندنی کاری دەستە بەپێی ئەرک و ئەو بەرپرسیارێتیانەی لەم یاسایەدا چەسپێنراون. پێویستە ڕاپۆرتەکە هەڵسەنگاندنی دەستە بۆ کارکردنی نوێنەرانی گەلی هەرێم لە دەسەڵاتەکانی جێبەجێکردن و یاسادانان و دامەزراوە فیدراڵییەکانی دیکە و ڕادەی هاوکارییان لەگەڵ دەستە و ئەو بەربەستانەی ڕووبەڕووی ئەرکەکانیان دەبنەوە لە خۆ بگرێت.

دووەم: پێویستە دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەن لانیکەم جارێک لە هەر سێ مانگ جارێک لەبەردەم پەرلەمانی هەرێم و لیژنە پەیوەندیدارەکانی ئامادە بن، بۆ پێشکەشکردنی ڕاپۆرتی وردەکاری دەربارەی ڕەوتی کاری دەستە و ئەو ئەرکانەی لە ماوەی دیاریکراوی سەرەوەدا ئەنجامیان داوە.

سێیەم: پەرلەمانی هەرێم مافی لێپرسینەوەی لە سەرۆکی دەستە هەیە بەپێی لێپرسینەوە لە وەزیرەکان بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان.

ماددەی دەیەم:
١. نابێت ئەنجومەن مافی دانوستاندن بە ناوی ئەنجومەن یان دەستە بدات بە هیچ کەس یان لایەنێک.

٢. نابێت ئەنجومەن واژۆی هیچ ڕێککەوتننامە یان بەڵگەنامەیەکی دانوستاندنی کۆتایی بکات لەگەڵ هیچ لایەنێک، تەنها دوای خستنەڕووی ڕێککەوتننامە یان بەڵگەنامەکە بۆ پەرلەمانی هەرێم و وەرگرتنی ڕەزامەندی نووسراوی لێی نەبێت.

٣. سەرۆکی ئەنجومەن یان ئەوەی نوێنەرایەتی دەکات بە ناوی دەستەوە واژۆی ڕێککەوتننامە و بەڵگەنامە دانوستاندنەکان دەکات.

٤. ئەنجومەن ڕەزامەندی لەسەر ڕەشنووسی کۆتایی ڕێککەوتننامە و بەڵگەنامە دانوستاندنەکان دەدات، پێش ئەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان یان سەرۆکی پەرلەمانی هەرێم، یان سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە چوارچێوەی کۆماری عێراقدا واژۆی بکەن.

ماددەی یازدەهەم:
ماوەی ئەندامێتی لە ئەنجومەن چوار ساڵە و تەنها بۆ یەک جار دەکرێت نوێ بکرێتەوە.

ماددەی دوازدەهەم:
یەکەم: نیسابی گرێدانی دانیشتنەکانی ئەنجومەن بە ئامادەبوونی زۆرینەی ڕەهای ژمارەی ئەندامانی دێتە دی.
دووەم: بڕیارەکان لە دانیشتنەکانی ئەنجومەن بە زۆرینەی دوو لەسەر سێی ژمارەی ئەندامانی وەردەگیرێن.

ماددەی سێزدەهەم:
پێویستە ئەنجومەن پەیڕەوێکی ناوخۆ بۆ دەستە دابنێت بەپێی ئەم قانوونه بە زۆرینەی دوو لەسەر سێی ژمارەی ئەندامانی، و بیخاتە بەردەم پەرلەمانی هەرێم بۆ پەسەندکردنی لە ماوەی مانگی یەکەمی دەستپێکردنی کاری دەستە، بە مەرجێک ئەمانەی خوارەوە لە خۆ بگرێت:

١. پەیکەری ڕێکخستنی دەستە.
٢. دابەشکردنی ئەرک و دۆسیەکان بەسەر ئەندامانی سەرەکی و یەدەگی ئەنجومەنی دەستە.
٣. قانوونی تایبەت بە خزمەت و ستافی کارمەندانی دەستە.
٤. قانوونی تایبەت بە ڕاوێژکاری و توێژینەوە و لێکۆڵینەوەکان کە لەلایەن پسپۆڕانی دەرەوەی دەستە ئامادە دەکرێن و ئەوانەی پەیوەندییان بە ئەرشیفکردن و کۆکردنەوەی زانیاری بۆ دەستە هەیە.
٥. میکانیزمی دامەزراندنی بەڕێوەبەرە جێبەجێکارەکان و فەرمانبەران و ڕاوێژکاران لە خاوەن شارەزایی و پسپۆڕی و وەرگرتنی دەستلەکارکێشانەوەیان یان لادانیان بەپێی قانوون.
٦. دیاریکردنی پاداشتی کارمەندانی دەستە و مەرجەکانی بەخشینی.

ماددەی چواردەهەم:
١. سەرچاوە داراییەکانی دەستە لەو بڕە پارانە دێن کە لە بودجەی گشتی داراییی هەرێم بۆی تەرخان کراوە.
٢. ئەنجومەن بودجەی دارایی تایبەت بە دەستە پێشنیار دەکات و پێشکەشی پەرلەمانی هەرێمی دەکات بۆ پەسەندکردنی.
٣. ژمێرەکانی دەستە ملکەچی وردبینی و چاودێری دیوانی چاودێری دارایی لە هەرێم دەبن.

ماددەی پازدەهەم:
یەکەم: ئەندامێتی سەرۆک و ئەندامانی دەستە بە یەکێک لەم هۆکارانەی خوارەوە کۆتایی دێت:
١. دەستلەکارکێشانەوە.
٢. مردن.
٣. ئامادەنەبوون لە کۆبوونەوەکانی ئەنجومەن بۆ سێ جاری یەک لەدوای یەک بەبێ پاساوی ڕەوا.
٤. سەلماندنی ناڕاستی ئەو زانیارییانەی پێشکەشی کردوون یان دەریبڕیون لە کاتی خۆپاڵاوتنی بۆ وەرگرتنی ئەندامێتی ئەنجومەن.
٥. سەلماندنی بێ توانایی لە ئەنجامدانی ئەرکەکانی بەهۆی تووشبوونی بە کەمئەندامی جەستەیی یان دەروونی.
٦. حوکمدانی بە تاوانێکی ئابڕووبەر.
٧. سەلماندنی ئەنجامدانی پەیوەندی نهێنی لەگەڵ کەس یان لایەنێکی پەیوەندیدار بە ئەرکەکانی دەستە بەبێ مۆڵەت یان زانینی پێشوەختەی ئەنجومەنی دەستە.

دووەم: سەرۆکی ئەنجومەن ڕاسپاردە پێشکەش بە پەرلەمانی هەرێم دەکات بۆ کۆتاییهێنان بە ئەندامێتی لە ئەنجومەنی دەستە و بە زۆرینەی ڕەها پەسەند دەکرێت لە حاڵەتی هاتنەدی یەکێک لەو حاڵەتانەی لە بڕگەی (یەکەم)ی سەرەوە هاتوون.

سێیەم: سەرۆکی ئەنجومەن لە پۆستەکەی لادەبرێت بە بڕیارێک لە پەرلەمانی هەرێم کە بە زۆرینەی ڕەها دەریدەکات لەسەر داوای زۆرینەی ئەندامە سەرەکییەکانی ئەنجومەن لە حاڵەتی هاتنەدی یەکێک لەو حاڵەتانەی لە بڕگەی (یەکەم)ی سەرەوە هاتوون.
چوارەم: ئەندامی یەدەگی یەکەم بەپێی ڕیزبەندی پەسەندکراو لە بڕیاری پەرلەمانی هەرێم جێگەی ئەو ئەندامە دەگرێتەوە کە ئەندامێتییەکەی بە یەکێک لەو هۆکارانەی لە بڕگەی (یەکەم)ی سەرەوە هاتوون کۆتایی هاتووە.

بەشی چوارەم
مافەکانی سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەن

ماددەی شازدەهەم:
سەرۆکی ئەنجومەن بە پلەی وەزیر دەبێت، جێگری سەرۆک و سکرتێر و ئەندامە سەرەکییەکانی ئەنجومەن بە پلەی بریکاری وەزیر دەبن، ئەندامە یەدەگەکانیش بە پلەی بەڕێوەبەری گشتی دەبن.

ماددەی حەڤدەهەم:
پێویستە ئەنجومەنی وەزیران حوکمەکانی ئەم قانوونە جێبەجێ بکات.

ماددەی هەژدەهەم:
ئەم قانوونه لە ڕێکەوتی بڵاوکردنەوەی لە ڕۆژنامەی فەرمی جێبەجێ دەکرێت.

هۆکارەکانی دەرکردنی ئەم قانوونه:
لە پێناو ئەوەی پرۆسەی دانوستاندن لە نێوان نوێنەرانی هەرێمی کوردستان – عێراق و حکومەتی ناوەندی لە عێراق بە شێوەیەکی دروست و هاوسەنگ بەڕێوە بچێت و نوێنەرانی هەموو دەسەڵاتە فەرمی و دەستەکان تێیدا بەشداری بکەن و بەرپرسیارێتی ئەنجامەکانی بگرنە ئەستۆ بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە کێشە هەنووکەییەکانی نێوانیان، لەگەڵ چەسپاندنی مافە دەستوورییەکانی گەلی هەرێم و بەرگریکردن لە بەرژەوەندییە باڵاکانی، ئەم قانوونه دەرچووێندرا.

هەولێر، ١٥ی نیسانی ٢٠١٢

  • ئەم پڕۆژەیە لەسەر داواکاری سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن هەریەک لە دکتۆر نوری تاڵەبانی و دکتۆر مستەفا زەڵمی، خوا لێی خۆش بێت، ئامادە کراوە.

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next