سۆشیال میدیای کوردیی … شوانە حسن ابوبکر
چەند ڕۆژێکە سۆشیال میدیای کوردیی سەرقاڵی وروژاندن و باسکردنی شتێکە بەناوی شکۆی تاکەوە لە کۆمەڵگای کوردییدا. وەک ئەوەی (شکۆ) شتگەلێک بێت، بۆ یەکهەم جارە زڕابێت و بووبێتە پارچە شوشەی وردو خاشکراو. بەبێ ئەوەی باس لە ڕەهەندە مێژووییەکانی پشت ئەم چەمکە بکرێت و ئەوە ڕاڤەبکرێت، کە شکۆی تاکی کورد لە باشووری کوردستان بەدرێژایی حوکمڕانیی حکومەتەکانی عێراق بووەتە پرزۆڵە.
دوای ڕاپەڕینیش هێزە حوکمڕانەکان تەنها لەسەر شکاندنی شکۆی خۆیان و شکۆی تاکی کورد کاریانکردووە. ئەوەندەی بەدواداچوونم کردبێت، هیچ شتێک کورد لەسەری هاوڕا نەبووە، جگە لە شکاندنی شکۆی تاکەکانی خۆی. بە جۆرێک دەتوانین بڵێین هەموو تاکێکی ئەم کۆمەڵگایە لە ڕووی ویژدانییەوە ئامادەگییەکی تەواوی تێدایە بۆ ئەوەی شکۆی ئەوی دی بشکێنێت و وەکو ڕەفتارێکی ڕەسەنی تاک لە کۆمەڵگادا وێنایبکات. بۆ ئەنجامدانی ئەم ڕەفتارەیش چەندین بیانووی دەرونیی و ئاینیی و کۆمەڵایەتیی و سیاسیی دەهێنێتەوە. بەکورتیی شکاندنی شکۆ تاکە ڕەفتاری ناچیزەیە، کە بەشی هەرە زۆری تاکەکانی ئەم کۆمەڵگایە وەک یەک ئەنجامیدەدەن و وەک یەکیش دژی دەوەستنەوە.
پیشاندانی ددانپێدانانی دەستگیرکراوەکانی جوڵانەوەکەی شاسوار عەبدولواحید هەرایەکی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا. هەندێک پێیانوایە، کە پیشاندانی ئەو دیمەنانە ڕەفتارێکی نامرۆڤانەیەو پاشماوەی کلتوری بەعسە و بەشێوەیەکی بەردەوامیش دەستگا ئەمنییەکان لە هەرێمی کوردستاندا بە بیانووی جۆراوجۆر دوبارەیدەکەنەوە. لە بەرانبەریشدا هەندێکی تر پێیانوایە، کە ئەو پیشاندانانە ئەرکێکی ئاسایشیی گرنگن و هۆکارێکن بۆ پاراستنی ئاسایشی تاک لە کۆمەڵگادا. بۆ ئەمەیش هەر دوو لایان بیانووی پاراستنی شکۆی تاک دەهێننەوە، کە لە بنەڕەتدا هەر دوو ڕەفتارەکە لەیەکدەچن.
سەرلەبەری تۆڕی کۆمەڵایەتیی لە کۆمەڵگای ئێمەدا کورد-کوژە و پرۆسەیەکە هیچی کەمتر نییە لە پرۆسەی ئەنفال
لێرەدا دەپرسم؛ دروستکردنی (48) پەڕەی ساختە لە تۆڕێ کۆمەڵایەتیی فەیسبوک بۆ تەفروتوناکردنی کەسایەتیی ئەو دەنگانەی، کە بەدرێژایی مێژووی دوای ڕاپەڕین دژی نادادپەروەریی وەستاونەتەوە ناودەنرێن چی؟! ئایا بیانووی بەرگریکردن لەو پەڕە ساختانە تەنها ئەوەیە، کە حیزبەکانی تریش هاوشێوەی ئەم جوڵانەوەیە پەڕەی ساختەیان هەیە؟ بێگومان ئەمە پاساوێکی لاوازە، چونکە بڕیار بوو ئەم جوڵانەوە گەنجانە نوێیە بە زمانی خۆیان لە حیزبە تەقلیدییەکانی تر نەچێت و کار بۆ پاراستنی شکۆی تاک بکات.
بەڕونیی ئەوە دەڵێم، کە حیزبی کوردیی تۆڕی کۆمەڵایەتییان کردووەتە زبڵخانە، لە زەردەوە بۆ پرتەقاڵیی وەک یەک مامەڵە لەگەڵ ئەم تۆڕەدا دەکەن. لەسەر دەستی پەڕەکانی تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبوک، کە حیزبە حوکمڕانەکان و ئۆپۆزیسیۆنەکان پاڵپشتیی مادییان کردوون، زۆر بێبەزەییانە پەلاماری چاک و خرابی ئەم کۆمەڵگایەیان داوەو هەرچی خودا پێیناخۆشە بە جوانییەکانی نیشتمانیان کردووە، بەڵام ئەوەیش ناشارمەوە، کە کاتێک بینیم خاوەنی هەندێک لە پەڕە پیسەکانی تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبوک، کە سەرۆکی جوڵانەوەی مۆدێرنە گەنجانەکە باربوی مادییان دەکات و ئاراستەیاندەکات، توشی شۆک بووم!
ئاخر چۆن دەکرێت کەسێک تەنها لەبەرئەوەی لە قۆناغێکی دیاریکراودا بە هەر بەهانەیەک نەیویستبێت بەشێک بێت لە جوڵانەوەکەی، بەو شێوە بێشەرمانە ڕۆژێک بیکەیتە پاراستن و ڕۆژێکی تریش وەک دەمڕاستی زانیاریی ناویبهێنیت! شەوێک وەک سەرسەریی پیشانیبدەیت و شەوێکی تریش بە خیانەتکار و کۆیلە ناوی بزڕێنیت!
لە کۆتاییدا دەمەوێت بڵێم، کە سەرلەبەری تۆڕی کۆمەڵایەتیی لە کۆمەڵگای ئێمەدا کورد-کوژە و پرۆسەیەکە هیچی کەمتر نییە لە پرۆسەی ئەنفال، لە پرۆسەی ئەنفالدا جەستەی کورد پاکتاودەکرا، لە پرۆسەی پەڕە ساختەکانی فەیسبوکدا ڕۆحی تاکی کورد پاکتاودەکرێت و شکۆی تاکەکان زۆر بەئاسانیی ئەتکدەن.
( شوانە حسن ابوبکر )