ئه‌ده‌بیاتی گێڕانه‌وه له‌ناو مێژوودا ( حه‌لیم یوسف) به نموونه … غه‌مگین بۆڵی
ئه‌ده‌بیاتی گێڕانه‌وه ڕه‌گێكی قووڵی هه‌یه به ڕابردووه‌وه، وه‌لێ ئه‌وه‌ی له ڕێگه‌ی ئه‌ده‌بیاتی گێڕانه‌وه‌وه ده‌نووسرێته‌وه، ته‌واو جیاوازه له گێڕانه‌وه‌یه‌كی مێژوویی. تۆماركردنی مێژوو ئه‌وه‌نده‌ی نووسراوێكی ستایشئامێز و پیاهه‌ڵگوتن و دروستكردنی كاره‌كته‌ری پاڵه‌وانی جه‌نگه، ئه‌وه‌نده خه‌ریكی دیوه جوانه‌كانی مێژووی نه‌ته‌وه‌یی و مرۆیی نییه، یان ئه‌وه‌نده خه‌ریكی دیوه شاراوه‌كان نییه. بۆیه زۆرجار ئه‌وه‌ی به مێژوو ناكرێت، به ئه‌ده‌بیات ده‌كرێت. ئاخر زۆربه‌ی جاران نووسینه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌كانی مێژوو له پێناو مێژوودایه، مێژوویه‌ك ڕووت و به‌بێ هیچ ئێستیتیكایه‌كی هونه‌ری. ئه‌وه جگه له‌وه‌ی زۆرجارانیش له‌ناو مێژوودا غه‌دری گه‌وره ده‌كرێت له‌سه‌ر وه‌ختی تۆماركردندا. بۆ نموونه: له تۆماركردن و نووسینه‌وه‌ی مێژوودا هه‌رگیز باس له ئازایه‌تی و جوامێری سه‌ربازێك، یان پێشمه‌رگه‌یه‌ك ناكرێت، به‌ڵكو هه‌میشه گێڕانه‌وه و تۆماركردنه‌كه له ڕێگه‌ی پێشه‌وا و سه‌رۆكه‌كه‌وه ده‌بێت. مێژوو نووسراوێكی شانازییه بۆ ده‌وڵه‌ت و سه‌رۆك و نه‌ته‌وه‌یه‌ك، وه‌لێ نووسراوی ئه‌ده‌بی شانازییه بۆ هه‌موو كه‌سێك. چۆن ئه‌ده‌بیاتی گێڕانه‌وه وه‌ك نووسراوی مێژوویی ده‌سته‌مۆ ناكرێت و هه‌میشه له هه‌وڵی هه‌ڵفڕینه، هه‌میشه ده‌یه‌وێت سنووره‌كان ببه‌زێنێت و بچێته ئاسمانی ده‌وڵه‌تێكی دیكه، ده‌یه‌وێت له ڕێگه‌ی ئیستیتیكای نووسینه‌وه جوانی نیشانی سه‌رۆكه‌كان بدات، گه‌ره‌كیه‌تی ببێته موڵكی هه‌موو نه‌ته‌وه‌یه‌ك.
دیاره جیاوازییه‌كانی نێوان مێژوو و ئه‌ده‌بیات زۆرن، وه‌لێ خاڵێكی بنه‌ڕه‌تی كه له یه‌كیان جیا ده‌كاته‌وه ئه‌وه‌یه: مێژوو باس له شتێك ده‌كات كه ڕووی داوه، وه‌لێ زۆرجار ئه‌ده‌بیات باس له شتێك ده‌كات كه ده‌شێت ڕووبدات. له نووسینه‌وه‌ی مێژوودا گرینگ نییه زمانی نووسین و هونه‌ری جوانیناسی، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی گرینگه ستایشكردنی جه‌نگه‌كان و شانازیكردنی نه‌ته‌وه و تاكه‌كانیه‌تی به سه‌ركرده‌كانیان. وه‌لێ له ئه‌ده‌بیاتدا به به‌تایبه‌ت له ئه‌ده‌بیاتی گێڕانه‌وه‌دا، ئه‌وه‌ی گرینگه زمانێكی تۆكمه‌ی گێڕانه‌وه‌یه، چیرۆكێكی نایابه، …هتد. ئه‌وه‌ی ئێمه لێره‌دا ده‌مانه‌وێت له‌باره‌یه‌وه بنووسین، ئیشكردنی ئه‌ده‌بیاتی گێڕانه‌وه‌یه له‌ناو مێژوودا، دیاره له هه‌ردووكیاندا به‌ریه‌ككه‌وتنێك هه‌یه كه گێڕانه‌وه‌ی ڕۆژانی ڕابردووه، یان تۆماركردنی زه‌مه‌نێكه. واته: هه‌م له نووسینه‌وه‌ی مێژوودا و هه‌میش له ئه‌ده‌بیاتی گێڕانه‌وه‌دا، ده‌گه‌ڕینه‌وه ڕابردوو. دیاره مێژووی كوردیش له‌م لایه‌نانه‌وه پشكی شێری به‌ركه‌وتووه، چۆن زۆربه‌ی ئه‌و سه‌رچاوانه‌ی كه هه‌ن و له‌باره‌ی مێژووی كورده‌وه نووسراون، له‌لایه‌ن كه‌سانی بیانییه‌وه بوونه. بۆیه به‌بڕوای من دووباره ده‌ستبردن بۆ نووسینه‌وه‌ی ئه‌و مێژووه، باشترین ڕێگه‌یه و شێوازێكی نووسین، ئه‌ده‌بیاتی گێڕانه‌وه‌یه. دیاره نووسه‌رانی ئێمه‌یش دركیان به‌م بۆشاییه گه‌ورانه كردووه، بۆیه نووسه‌رانێك به پرۆژه‌ی به‌رده‌وام كار له‌سه‌ر پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌م بۆشاییه گه‌وره‌یه ده‌كه‌ن. یه‌كێك له‌و نووسه‌رانه‌یش (حه‌لیم یوسف)ه.
حه‌لیم یوسف نووسه‌رێكی ڕۆژئاوای كوردستانه و خه‌ڵكی شاری عامودێیه و ئێستا له وڵاتی ئه‌ڵمانیا ده‌ژیت. ئه‌م نووسه‌ره خاوه‌ن به‌رهه‌مگه‌لێكه، وه‌لێ له‌م چه‌ند ساڵه‌دا به‌رهه‌مه‌كانی له كرمانجییه‌وه كرانه سۆرانی. پێشتر وه‌ك ناو، ته‌نیا جارێك چیرۆكێكم بینی له یه‌كێك له ژماره‌كانی گۆڤاری (ڕامان)دا بڵاوكرابۆوه. بۆیه دووباره به‌ركه‌وتنم به ناو و به‌رهه‌می حه‌لیم یوسف نائاشنا نه‌بوو. وه‌ك خۆشی ئاماژه‌ی به ده‌سته‌واژه‌ی (نووسه‌ری نیوه‌كورد) ده‌كات، كه هه‌تا نووسه‌رانی كوردی سۆرانینووس به كرمانجی نه‌خوێنرێنه‌وه و نووسه‌رانی كوردی كرمانجینووسیش به سۆرانی نه‌خوێنرێنه‌وه، نابنه نووسه‌ری كورد. بۆیه پته‌وكردنی ئه‌و پرده، پته‌وكردنی كولتووری كوردییه و باشترین خزمه‌تێكه ئێمه به نووسه‌رانی نیوه‌كوردی ده‌كه‌ین.
كاتێك ماسییه‌كان تێنوو ده‌بن:
ئه‌مه ناونیشانی ڕۆمانێكی ڕۆماننووس حه‌لیم یوسفه و له ڕێگه‌ی كاره‌كته‌رێكه‌وه به‌ناوی (ماسی)یه‌وه، خۆڕاگری شه‌ڕڤانه‌كان و ژیان و مه‌ینه‌تی و دژوارییه‌كانی گه‌ریلاكان ده‌گێڕێته‌وه. ڕۆماننووس له ڕێگه‌ی (گێڕه‌ره‌وه‌وه) ته‌كنیكێكی جوانی بۆ هونه‌ری گێڕانه‌وه‌ی به‌كارهێناوه. كاتێك ده‌رگه‌یه‌كی كۆن ده‌بێته گێڕه‌ره‌وه، یان نووشته‌یه‌كی بن هه‌نگڵ، یان سه‌گێك، یان كڵاوێك، یان قه‌ڵه‌مێك …هتد. واته له هونه‌ری گێڕانه‌وه‌كه ئه‌وه‌نده ورد و هۆشیارانه گێڕه‌ره‌وه‌ی دروست كردووه، كه خوێنه‌ر به جۆرێك كه‌مه‌ندكێش ده‌كات، زۆرجار بڕوا به‌وه ده‌كات كه به‌ردێك له شاخه سه‌خته‌كانی كوردستان بۆ گێڕانه‌وه‌ی واقیعی ژیانی گه‌ریلاكان دێته‌گۆ. ڕۆماننووس ئه‌گه‌رچی ئه‌و هه‌موو گێڕه‌ره‌وه له‌ناو ڕۆمانه‌كه دروست ده‌كات، وه‌لێ به شێوه‌یه‌كی ئه‌وه‌نده تۆكمه و هونه‌رییانه‌یه كه خوێنه‌ر هه‌ست به بێزاری و پچڕانی ڕووداوه‌كان ناكات. چۆن له‌ناو هه‌موو چیرۆكه‌كه‌دا واقیعێك هه‌یه كه بوونی كورده. واته بوونی ئه‌و مێژووه‌یه كه گه‌لی كورد خه‌باتی بۆ ده‌كات.
مێژوویه‌كی بریندار و خوێنبه‌ر ڕۆیشتوو. ئه‌و مێژووه‌ی كه تێنووه و خه‌بات و تێكۆشان ده‌كات بۆ ئاوی سه‌ربه‌خۆیی. دیاره ڕۆماننووسیش به مه‌به‌ست په‌یڤی(تێنوو)ی به‌كارهێناوه و ده‌یه‌وێت وه‌ك ڕه‌مزێك به‌كاری بهێنێت بۆ گه‌یشتن به‌و ئاوه. زۆرجارانیش بۆ مه‌ینه‌تی و ئه‌و ناخۆشیانه‌یه كه گه‌ریلاكان له شاخه سه‌رخته‌كان به‌سه‌ری ده‌بن. ڕۆماننووس هێنده ورد و قووڵ چۆته ناو ڕووداوه‌كانه‌وه كه هه‌رگیز له مێژوودا وه‌ها باس ناكرێت. ئاخر مێژوو ناتوانێت ئه‌و هه‌موو ورده‌كاریانه‌ی ناو جه‌نگ باس بكات، یان باسی گه‌ریلایه‌ك بكات به‌درێژایی وه‌رزی زستان له ژێرزه‌مینێك، یان هه‌ڵگرتنی قووی ئاوه‌ته‌ماته، یان بوونی ئه‌ڤینێكی ڕاسته‌قینه له‌ناو شه‌ڕدا. ئه‌وانه بۆ مێژوونووس سه‌خته و مێژوونووس ناتوانێت هێنده ورد بچێته ناو قووڵایی ڕووداوه‌كانه‌وه، یان له‌ناو دڵی كاره‌كته‌ره‌كاندا دابنیشێت و هه‌سته‌كانیان بخوێنێته‌وه. بۆیه ده‌شێت ئه‌م ڕۆمانه به‌شێك بێت له مێژووی نه‌به‌ردی و قاره‌مانیه‌تی گه‌ریلاكان، كه بڕواناكه‌م هه‌رگیز له نووسینه‌وه‌ی مێژوودا، وه‌ها ورد و جوان بێته به‌رباسه‌وه.
ژنانی نهۆمه به‌رزه‌كان:
ئه‌وه‌یان ناونیشانی كۆمه‌ڵه چیرۆكی حه‌لیم یوسفه و دووه‌مین كتێبی چاپ و بڵاوكراوه‌یه‌تی و له‌دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی كۆمه‌ڵه چیرۆكی (پیاوی ئاوس)ه‌وه دێت. ژنانی نهۆمه به‌رزه‌كان له پێنج چیرۆك پێكهاتووه: “ئه‌ڤینی سه‌ركرمێ- له‌داردانی لووتێك- سه‌ردێڕی نووسین- لاشه‌یه‌كی خۆبۆغزێن (به‌شێك له ڕۆمانێكی ونبوو)- ژنانی نهۆمه به‌رزه‌كان.” به‌گشتی ئه‌م كتێبه‌یش باس له مێژووی كورد ده‌كات و له‌ناو مێژوویه‌كی كۆندا چیرۆك دروست ده‌كات، یان مێژوویه‌كی كۆن و ده‌مامكدار ده‌هێنێت و له‌گه‌ڵ مێژوویه‌كی دیكه‌دا لێكیان ده‌دات و چیرۆكێكی تازه‌یان لێ دروست ده‌كات. ئه‌وه‌ی له‌ناو هه‌موو چیرۆكه‌كانیش وه‌ك خه‌تێكی گشتگیر ده‌بینرێت، نه‌هامه‌تی و ناخۆشییه‌كانی نه‌ته‌وه‌كه‌یه‌تی كه نه‌ته‌وه‌ی كورده. له چیرۆكه‌كاندا ژیان و دۆخی خه‌ڵك و مێژووی به‌جێماو و تۆمارنه‌كراوی ئه‌و ڕۆژانه بوونه‌ته كه‌رسته‌ی نووسین و چیرۆكه‌كانی. واته بوونی دوو ڕۆژگاری له یه‌كتر دوور به یه‌كه‌وه گرێ ده‌دات و له ڕێگه‌ی هونه‌رێكی جوانی گێڕانه‌وه‌وه، ده‌یگێڕێته‌وه و ده‌یكاته چیرۆكێكی پڕ ڕه‌هه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی. لێره‌دا ده‌مه‌وێت باسی چیرۆكه‌كان بكه‌م و هه‌ر چیرۆكه‌ی به جیا، به كورتی له‌باره‌یه‌وه هه‌ڵوه‌سته ده‌كه‌م و ڕوانگه مێژوویه‌كه‌شی ده‌خه‌مه به‌ر ڕۆشنایی نووسینه‌وه.
ئه‌ڤینی سه‌ركرمێ:
ئه‌م چیرۆكه ئه‌وه‌نده ئیشكردنه له‌ناو مێژوو و نیشاندانی مه‌ینه‌تییه‌كانی گه‌لی كورد، ئه‌وه‌نده باسی كاره‌كته‌ر و ڕۆژگار نییه. یان ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌و ئه‌ڤینه‌ی كه هاتۆته به‌ر گێڕانه‌وه‌وه ئه‌ڤینێكی نه‌ته‌وه‌یی و خاك و خۆڕاگرییه، ئه‌وه‌نده ئه‌ڤینی ئافره‌ت و سامان و ده‌سته‌ڵات نییه. ئاخر حه‌لیم یوسف ئه‌وه‌نده ڕاستگۆیانه باسی ئه‌و ئه‌ڤینه ده‌كات، كه خوێنه‌ر ناتوانێت له‌سه‌ر دێڕه‌كانی نه‌وه‌ستێت: ” من پێش دوو هه‌زار و شه‌ش سه‌د ساڵ مردبووم. كاتێك كه هه‌ڵوه‌دای ئه‌ڤینی خاك بووم، ده‌ستم به خواردنی خۆڵ كرد”.
له‌داردانی لووتێك:
ئه‌م چیرۆكه‌یش له هه‌وڵێكی چڕدایه بۆ گێڕانه‌وه‌ی چیرۆكێك له‌ناو چه‌ند پارچه چیرۆكێكی كۆن و په‌راوێز. كه هه‌موو ڕووداوه‌كان به ته‌نافێك به‌ستراونه‌ته‌وه، كه بوونی لووتێكی گه‌وره‌یه. كه ئه‌مه‌یش هه‌م وه‌ك سیمبووڵ به‌كارهاتووه، هه‌میش وه‌ك گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ك بۆ مێژوو. ئه‌و ڕووداوه مێژوویانه‌یش له چوارچێوه‌ی چیرۆكدا به‌رجه‌سته بوونه و خه‌م و ناسۆری و نه‌هامه‌تییه‌كانی تاكی ڕۆژهه‌ڵات و مرۆڤی كوردی و خاكی داگیركراو نیشان ده‌ده‌ن، كه ئه‌مه‌یش ڕوونه كه بوونی نه‌ته‌وه‌ی كورد به درێژایی مێژوو باجی بۆ ده‌دات و له هه‌وڵ و تێكۆشانه‌كانی به‌رده‌وامه بۆ گه‌یشتن به ئامانجه‌كه.
سه‌ردێڕی نووسین:
ئه‌م چیرۆكه ڕاسته‌وخۆ ئیشی له دیوێكی شاراوه‌ی ژیانی ئه‌حمه‌دی خانی ( نووسه‌ری داستانی مه‌م و زین) كردووه، هه‌موو چیرۆكه‌كه‌یش زه‌قكراوه‌ته‌وه بۆ نیشاندانی مێژوویه‌كی پڕ برین، كه مێژووی كورده و ئه‌م مێژوویه‌ش به ده‌ستی نه‌یارانه‌وه به‌رده‌وام بریندار كراوه و چڤاتی كورد به‌م هۆیانه‌وه خوێنی له‌به‌ر ڕۆیشتووه.
دیاره له‌سه‌روه‌ختی خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م چیرۆكه‌دا، ڕۆمانی (میرنامه)ی رۆماننووسی كورد (جاندۆست)م بیركه‌وته‌وه، وه‌لێ هیچ یه‌كێكیان وه‌ك ئه‌وه‌ی دیكه نه‌بوون و هه‌ردووكیان به شێواز و دیگه‌ی جیاواز و تایبه‌تی خۆیانه‌وه ژیانی ئه‌حمه‌دی خانییان گێڕاوه‌ته‌وه و ڕووداوه‌كانیشیان موتوربه كردوون به نه‌هامه‌تی و ناسۆرییه‌كانی كورد و خه‌می كوردبوون.
لاشه‌یه‌كی خۆبۆغزێن – (به‌شێك له ڕۆمانێكی ونبوو)
یه‌كێك له چیرۆكه تایبه‌ته‌كانی نێو ئه‌م كۆمه‌ڵه چیرۆكه‌یه، چۆن نووسه‌ر ده‌ستی بۆ بابه‌تێكی زۆر هه‌ستیاری نێو مێژووی كورد بردووه، كه ئه‌ویش گوشتاری ئه‌رمه‌نییه‌كانه له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵێك كوردی به كرێگیراوی ده‌ستی تورك. نووسه‌ر له ڕێگه‌ی ئه‌م بابه‌ته هه‌ستیار و مێژووه ڕه‌شه‌ی كورده‌وه، ده‌یه‌وێت له ڕێگه‌ی چیرۆكی ئه‌ڤیندارییه‌وه بڵێت: كورد گه‌لێكی خوێن‌ڕێژ نییه، به‌ڵكوو گه‌لێكه پڕه له خۆشه‌ویستی و ئه‌ڤین. بۆیه له ڕێگه‌ی ئه‌ڤینداری كوڕێكی كورد و كچێكی ئه‌رمه‌نی، ده‌یه‌وێت تیماری به‌شێكی بچووكی ئه‌و برینه گه‌وره‌یه‌ی مێژووی ئه‌رمه‌نه‌كان بكات. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌یش بڵێت كه ئه‌ڤینداری هیچ سنوور و ئایین و نه‌ته‌وه‌یه‌ك ناناسێت و كورد به ته‌نیا بڕوای به ئه‌ڤین هه‌یه.
ژنانی نهۆمه به‌رزه‌كان:
ئه‌م چیرۆكه ئه‌گه‌رچی ڕه‌هه‌ندی جیاوازی هه‌یه و ئێمه‌یش ده‌مانه‌وێت باسه‌كه‌مان مێژوویی بێت و باس له گێڕانه‌وه‌ی مێژوو بكه‌ین به زمانی ئه‌ده‌بیات، یان باسی ئه‌ده‌بیاتی گێڕانه‌وه بكه‌ین له‌ناو مێژوودا. بۆیه ته‌نیا ڕۆشنایی ده‌خه‌ینه سه‌ر ئه‌و لایه‌نه.
ئه‌م چیرۆكه باسی ژیانی سترانبێژی كورد محه‌مه‌د شێخۆ ده‌كات و له ڕێگه مه‌ینه‌تی و ئازاره‌كانی ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌وه، نه‌هامه‌تی و ئازاری كورد باس ده‌كات. واته ژیانی محه‌مه‌د شێخۆ به‌هانه‌یه‌كه بۆ نیشاندانی ئازاری مرۆڤی كورد، كه بێگومان دواجار محه‌مه‌د شێخۆیش تاكێكی كورده و نموونه‌ی هه‌زاران كوردی دیكه‌یه كه له‌ناو نه‌هامه‌تی و ئازاری كوردبوون ده‌ژین.
په‌راوێز و سه‌رچاوه:
1- كاتێك ماسییه‌كان تینوو ده‌بن – ڕۆمان – حه‌لیم یوسف – وه‌رگێڕانی: سه‌ڵاحه‌دین بایه‌زیدی. له بڵاوكراوه‌كانی ڕۆشنبیری و هونه‌ریی ئه‌ندێشه – چاپی یه‌كه‌م: 2015.
2- ژنانی نهۆمه به‌رزه‌كان – چیرۆك – حه‌لیم یوسف – وه‌رگێڕانی: فه‌رهاد چۆمانی. له بڵاوكراوه‌كانی ڕۆشنبیری و هونه‌ریی ئه‌ندێشه – چاپی یه‌كه‌م: 2017.