 
	بزووتنەوەی( گۆڕان ) و نمایشی مەراسیمی مردنی نەوشیروان مستفا ! …و. سابیر
بەر لە هەر شتێک هەرێمی کوردستان لە ژێر کارکردی حیزبە چەکدارە قەومی یە کوردییەکاندایە هەر لەسەرەتای شەستەکانەوە ، وە لەژێر دەسەڵاتداریەتی ڕاستەوخۆی ئەواندایە لە سەرەتای ساڵەکانی نەوەتەوە دووای ڕووخانی رژێمی بەعس .
هەموو ئەم حیزبە قەومی و ئیسلامییە کوردی یانە لەسەر بنەمای بڵاوکردنەوەی کۆنەپەرستی و خواپەرستی و بۆچوونی کوێرانەی قەومی و ناسیۆنالیستانەی ڕەگەز پەرستانە  دامەزراون ، هەروەها  کۆک بوون لەسەر دوژمنایەتی  مارکسیزم و چینی کرێکار و زەحمەتکێشانی کوردستان  چ لە ڕووی پراکتیکی یەوە چ لە ڕووی تیئورییەوە .
پارتی و یەکێتی و لەم دووایانەشدا گۆڕان و هەموو حیزبە ئیسلامی یەکانی تریش بە دەستەجەمعی و هاوئاهەنگی لەگەڵ یەکتردا شان بەشانی سیاسەتەکانی ئیمپریالیستە کانی جیهان وه بەگوێرەی  ڕاوێژ  و فەرمانی  دەوڵەتە شۆفێنی و مەزهەبی و دیکتاتۆرە کانی ناوچەکە  و جیهان  وەک بەکرێگیراوێک هەڵسوکەوتیان کردووە .
بەرنامەی سیاسی و ئابووری هەر یەکێک لەم لایەنانە ناکۆکە بە بەرژەوەندی سەرەکی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی کوردستان و پشت بە کەڵەکەی سەرمایەو بووژاندنەوەی سەرمایە گوزاری و کارفەرمایی بۆ کۆمپانیا نێونەتەوەیی یەکان و دەوڵەتەکانیان کردووە لەسەر حیسابی ڕەنج و تەقەلا و ئارەقی ناوچەوانی ملیۆنەها خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێشی ئەم ناوچەیە ، بە کورتی وەبەرهێنان و چەوساندنەوەی هێزی کاری ئەم جەماوەرە بووە .
وێڕای وەبەرهێنانەوەی سەرمایە و بەهێزکردنی جێ و پێگەی دەوڵەتە ئیمپریالیستەکانی جیهان لەم ناوچەیە بۆ بە تاڵان بردنی داهات و سەروەتی سروشتی ئەم ناوچەیە خۆشکراوەو کارئاسانیان بۆ کردوون. سەرباری هەموو ئەمانەش بۆ گەوجکردنی مێشک و زه ینی خەڵکی هەرە زۆری ئەم ناوچەیە و بڵاوکردنەوەی هەرچی بۆچوونی کۆنەپەرست و دواکەوتوانەی عەشایەری و تایەفەگەری و ئیسلامی و خورافاتی هەزاران ساڵەی پێشوو لەم ناوچەیەدا ڕەواج و پەرەیان پێداروە .
کەسایەتی نوشیروان مصطفی و گۆڕان لەم چوارچێوە سیاسی و بەرنامەیە بەدەر نی یە و لەسەر ئەم بنەما فیکری و عەمەلی یە چینایەتی هەڵئەسەنگێنرێت ، ئەو بەشێکە لەم سیستەمە بۆرژواییەی کە لەو ناوچەیەدا کۆمەڵگای هەرێمی کوردستانی ئەبات بەڕێوە ، وە بەشی هەرە زۆری کرێکاران و زەحمەتکێشانی تووشی بێکاری و نەداری و بێ خزمەتگوزاری کردووە و چەوساندنەوەی لە ڕادەبەدەری کرێکاران و هەلومەرجێکی سەخت کە ئەو جەماوەرە تیایدا ئەژی ، بێ مافی و سووکایەتی کۆنەپەرستانە بە ژنان و مناڵان و پیرو پەککەوتەکان و پەرەدان بە ڕاسیسزمێکی کوێرانە و ڕەگەز پەرستانە بەرامبەر بە کرێکارانی بیانی لەوانە عەرەبە عێراقی یەکان …
مێژووی سیاسی نوشیروان مصطفی ئەگەڕێتەوە بۆ بزوتنەوەیەکی پۆپۆلیستانەی چریکیانەی ماو تسی تۆنگی و بە پشت بەستن بە ئایدیای ستالینیستی بۆ سۆسیالیزمێکی قەومی و شۆفێنیایە ، کە لە هەناوی ئەم هەلومەرجە ناوچەیی و جیهانیە دا هاتۆتە دەرەوە . هەروەها ئەم بزوتنەوە پۆپۆلیستی و ڕیفۆرمیستە شەعبوییە بە ناوی ( کۆمەڵەی مارکسی – لێنینی ) و ( کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان ) و دواتریش وەک کەسایەتی دووەمی ناو یەکێتی نیشتمانی ڕۆڵی گێڕاوە تا پێکهێنانی بزوتنەوەی گٶڕان لە ساڵی ٢٠٠٦ دا .
لێرەدا پرسیارێک دێتە ئاراوە ئەویش ئەوەیە کە بۆچی لە ساڵی ٢٠٠٦ “گۆڕان ” دروستکرا ؟ قۆناغی سیاسی و حوکمڕانی بەرەی کوردستان دواتر هڵبژاردنی حیزبەکان بۆ پەرلەمان و ڕوخانی دەسەڵاتداریەتی حیزبی بەعس لە ٢٠٠٣ دا ، ئەم قۆناغە قۆناغی نەداری و بێکاری و سەرگەردانی و سەرکوت و دوژمنایەتی هەر بزووتنەوەیەکی شورایی و هەر بۆچونێک و جووڵەیەکی کۆمۆنیستانە ، وە تیرۆر کردنی چەندین هەڵسوڕاوی کۆمۆنیست و ڕادیکاڵ و تێکۆشەر و نوسەرانێکی تێکۆشەر ، کە دژ بە هەلومەرجی ناهەمواری ئەو ناوچەیە ناڕەزایەتیان دەربڕیوە ، دواتر ناچارکردنی چوونە دەرەوەی خەڵکانێکی زۆر لە گەنجان و لاوان لەو ناوچەیە بەرەو هەندەران ، هەموو ئەم تەنگوچەڵە ئابووری و سیاسیانەی کە لەم قۆناغەدا سەریان هەڵدا ، ببونە ماتیریاڵێکی باش بۆ بزوتنەوەیەکی کرێکاری مارکسیستانە دژ بە دەسەڵاتداری یەتی حیزبە حاکمەکانی هەرێمی کوردستان وەک بڵێسەیەکی ترسناک بۆ بۆرژوازی لەو ناوچەیەدا ، ئەمە وێڕای نەبوونی هێزێکی ڕێکخراوی لە م چەشنە ، یان هێزێکی سیاسی کە بتوانێ هەموو ئەم ناڕەزایەتیانە بە قازانجی شۆڕشی سۆسیالیستی لە ناوچەکەدا کۆبکاتەوەو هاوئاهەنگیان بکات و بەقازانجی چینی کرێکار و زەحمەتکێشانی ئەو ناوچەیە بشکێنێتەوە .
 هەموو بۆرژوازی کوردی و حیزبەکانیان و بەتایبەت یەکێتی نیشتمانی لە ناوچەی زۆنی سەوزدا ئەبوایە  بە هەر نرخێک بوایە ئەم هێزەی دروست بکردایە کە باس لە نەداری و نەهامەتی و فساد و بژێوی باشتر  بۆ ژیانی خەڵک بکات ، کە لە پێناو گەوجکردن و بەلاڕێدا بردنی ناڕەزایەتی  خەڵکی کرێکاراو زەحمەتکێشی کوردستان  بوو.
 هەروەها  بە ووشەی ( ئەیگۆڕین ) کە خستە سەر وێردی زمانی هەزارەها کرێکارو زەحمەتکێش وبەسوودوەرگرتن لە ساویلکەیی و  ئاسۆ تەسکی قەومیانەی خەڵکی  ، ناڕەزایەتیەکانی ئەوانیان بە قازانجی خودی بۆرژوا حاکمە کوردەکان وەرچەرخاند و دەسەڵاتداریەتی ئەوانیان بەناوی پارێزگاری لە دەستکەوتی هەرێم و  کوردایەتی و ترساندنی خەڵکی بە ئازارو ئەشکەنجەکانی سەردەمی دەسەڵاتداریتی دیکتاتۆرییەتی  حیزبی بەعس لە ڕێگەی میدیاو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە  پاراست .
 کە ئاکامەکەی بە  تەسلیم بوونی ئەم جەماوەرە بوو بە  دەسەڵاتداریەتی ئەم  چینە بۆرژوا تازە پێ گەیشتووە سەرمایەدارە فینانسییە نوێیە ی کورد ، کە لەسەر بەرهەمی نەوت و گومرگ و بودجەی ووڵاتە ئیمپریالیستەکان و فەراهەم کردنی هەموو زەمینەکانی بەستنەوەی بازاڕی  کەڵەکەی سەرمایەو جاسوسی کردن و دوژمنایەتی نەیارانی تێکۆشەرو شۆشگێر و تیرۆرکردنیان .
زۆربەی هەرەزۆری خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێشی کوردستانیان بە هۆشی کوردایەتی و ڕزگاری نیشتمانی و زەمینەسازکردن بۆ تەشەنەو بڵاو کردنەوەی بیڕوڕای ئیسلامی و مەزهەبی و خورافات و ..هتد گەوجێندران و مێشکیان لەباربرا .
ئەرک و فەرمانی چینایەتی نوشیروان مصطفی و گۆڕان نمایەندەیی کردنی ئەم بزووتنەوە دژ بە کۆمۆنیزم کرێکاران و زەحمەتکێشانەی ئەو ناوچەیە بوو . هەر بۆیە ئەوان سەرکەوتوو بوون لە درێژە دان بە تەمەنی دەسەڵاتداری یەتی پارتی و یەکێتی و حیزبە ئیسلامییەکان و بەکرێگیراوەکانی دەوروپشتیان .
ئەم نمایشەی کە بە بزوتنەوەی گۆڕان  بۆ بە گۆڕ سپاردنی  نوشیروان مصطفی سازکرا بۆ خودی نەوشیروان مصطفی نەبوو ، نمایشێکی هاوبەشی هەموو لایەن و هێزو حیزبە کوردیەکان بوو بەدەسەڵاتدارو بێ دەسەڵاتەوە وە لەڕیزی پێشەوە یان  یەکێتی و پارتی و حیزبە ئیسلامی یەکان بوو بۆ درێژە دان  بە تەمەنی  دەسەڵاتداریەتی خۆیان هەموو بەیەکەوە .
مەبەست لەم نمایشە درێژە دان بوو  بە تەمەنی بزووتنەوەی (گۆڕان ) وەک هێزێکی چەواشە سازو خڵەتێنەری کرێکار و زەحمەتکێش بۆ وەدی هێنانی ڕیفۆری سیاسی و ئابووری و پێکهێنانی دەوڵەتێکی سۆکۆلار و مەدەنی و عیلمانی و لێبڕال و باس کردنی لە چەسپاندنی یاسا کردن کە مەبەست لە یاسای ئابووری بۆرژوازیانەیە بۆ کەڵکەی سەرمایە بەشێوەیەکی چاودێرکراو لە لایەن دەوڵەت و یاسا  و کۆنتڕۆڵ کردنی لەدەستی بۆرژوازی حاکمدا .
نمایشێک بوو کە بەهەر شیوەیەک بێت خەڵکی گەوج بکەن و بیانخەنە گریان و قوڕبکەن بەسەری خۆیاندا ، لە پێناو دەرکەوتنی سەرانی تازەو کەسایەتی تازەی  بزووتنەوەی گٶڕان وەک دڵسۆزانی خەڵکی نەدارو زەحمەتکێشی کوردستان .
لە هەمو بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسیدا خەڵکی کارێزمای خۆی  ئەهێنێتە سەر شانۆی سیاسی ، بەڵام ئەوەی کە خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشانی کوردستان نایزانن و سەریان لێشێوێندراوە ئەوەیە کە بزوتنەوەی ( گۆڕان ) و نوشیروان مصطفی نمایەندەی چ چین و توێژێک بوو لە کۆمەڵگای کوردیدا !
 بەرنامەی سیاسی و فیکری ئەم بزووتنەوەیەو خودی نوشیروان مصطفا ش کە  کارگێڕی بزووتنەوەکە  بوو ، ئەویە کە ئەمان تەواوی بزووتنەوەکەیان نمایەندەی بۆرژوالێبڕالە نوێکانی  کوردستانن و تێئەکۆشن بۆ کەڵەکەی سەرمایەی زیاتر بە ناوی گەشەی بازاڕی هەرێمی کوردستان ، هەموو ئەم بەرنامەیەش بەبێ  چەوساندنەوەو تەقەشوف و مووچەبڕین  لەسەر سفرەی خاڵی کرێکار ان و زەحمەتکێشانی کوردستان مەحاڵە بێتە دی .
ڕۆشەنبیرانێکی  گرگنی ( قەزەمی )  ووردەبۆرژوازی و ئاسۆتەسکی نیشتمانپەروەری قەومی و پاشکۆی بۆرژوازی  بەناوی مرۆڤ دۆستی و ئیشارەدان بە گرنگی مرۆڤ  و دڵسۆزی بۆ نیشتمانی کورد و نیشتمانپەورەری بە شێوەیەکی گشتی  ، ئەیانەوێت چاوپۆشی لەم ڕۆڵە چینایەتی یەی دژ بە کرێکارو زەحمەتکێشی کوردستانی بزووتنەوەی ( گۆڕان ) بکەن   و بزووتنەوەی کوردایەتی و حیزبەکانیان و ڕۆڵی سەرەکی  نوشیروان مصطفی  لە بردنە پێشەوەی ئەم سیاسەتەدا بشارنەوەو بە پیرۆز لە قەڵەم بدەن .
ڕۆڵی تێکۆشەران و کرێکارانی مارکسیست ئەوەیە ، کە هەنگاو بەهەنگاو ڕۆڵ و کارکردی هەموو سەرانی بۆرژوازی کورد و ووردە بۆرژوابەکرێگیراوەکانی ئەو ناوچەیە بە هەر شێوەیەک کە بتوانن  بخەنە ڕوو و مۆڵەت نەدەن کە ئەوان  بتوانن یاری بە مێشک و نەبوونی زانیاری و تێگەیشتنی ووشیاری چینایەتی  کرێکاران و زەحمەتکێشان لە ڕۆڵی  خۆیان و هاوپشتی چینایەتیان لە گەڵ کرێکارانی ناوچەکە و ڕزگاری ئەوان و ناوچەکە لە گرەوەی هێنانەخوارەوەی دەسەلاتداری یەتی بۆرژوازی و بنیاتنانی سۆسیالیزمێکی ئەنتەرناسیۆناڵە لە گەڵ هاوچینەکانیان لە ناوچەکەدا .  
و. صابر ٣/ ٦/ ٢٠١٧

 
			 
			 
			