
ئه‌نتۆلۆژیای ده‌نگ.. به‌ختیار محه‌مه‌د
ده‌نگ: گه‌وره‌ترین نیشانه‌ی زیندووییه (گه‌وره‌ترین نیشانه‌ی ژیان). ده‌نگ چ خۆش بێ چ ناخۆش، نیشانه‌ی ژیانه (نیشانه‌ی بوون). ته‌نانه‌ت له جه‌نگه‌كانیشدا، به‌ر له مه‌رگ و كوشت و كوشتار، ده‌نگ (هاوار و ناڵه و قیژه و قریشكه و گرمه و زرمه و ڕمبه…) هه‌یه. له كوێدا ده‌نگ هه‌بوو، له‌وێشدا ژیان هه‌یه. ناوه‌رۆكێكی ژیان ده‌نگه: ده‌نگه جیاوازه‌كان. ته‌قینه‌وه گه‌وره‌كه‌ی سه‌ره‌تای دروست بوونی گه‌ردوون، ده‌نگه (ده‌نگ بوو). واته سه‌ره‌تای دروست بوونی گه‌ردوون ده‌نگه؛ كه منداڵیش (كۆرپه‌له‌ش) له دایك ده‌بێ، هه‌ر له یه‌كه‌مین چركه و ساته‌وه‌ختی به‌جێ هێشتنی پزدان، ده‌نگی دێ (به گریانه‌وه دێته ناو ژیان)؛ كه‌واته سه‌ره‌تای بوون و ژیان دیسان ده‌نگه؛ تا ژیان هه‌بێ ده‌نگ هه‌یه، كه ده‌نگ نه‌ما، مه‌رگ هه‌یه (ده‌بێ بزانین بێده‌نگیی مه‌رگ ده‌گه‌یه‌نێ: مه‌رگی واقیعی و مه‌رگی ڕه‌مزی. مه‌رگی واقیعی مه‌رگی فیزیكییه، لێ مه‌رگی ڕه‌مزی مه‌رگی پێویستی بێده‌نگبوونمانه له‌به‌ر هه‌ر هۆیه‌كی ئه‌رێنی و نه‌رێنی بێ. هه‌ڵبه‌ت ئێمه كه بێده‌نگ ده‌بین، ده‌نگ ده‌مرێ. ئا ئه‌م بێده‌نگییه خۆكرده مه‌رگێكی ره‌مزییه). ڕاستییه‌كه‌ی ماده‌م جه‌وهه‌رێكی ژیان (بوون) بریتیه له ده‌نگ، كه‌واته هه‌موو بێده‌نگییه‌ك – هه‌ر هیچ نه‌بێ به ڕوواڵه‌ت – دژی ئه‌م جه‌وهه‌ره‌یه. ئێمه نابێ لێره ئه‌وه له‌بیر بكه‌ین، كه به شێوه به‌رهه‌سته فیزیكییه‌كه باسی دیارده‌ی ده‌نگ ده‌كه‌ین، واته به شێوه ماددییه‌كه‌ی، نه‌ك به شێوه مه‌عنه‌وی و سایكۆلۆژییه‌كه‌ی. له ڕاستیشدا له ده‌ره‌وه‌ی مه‌جازدا (ڕه‌مزدا)، ده‌نگ دیارده‌یه‌كی به‌رهه‌ستی فیزیكییه و به‌رهه‌می ڕووداو و دیارده سروشتی و ماددییه‌كانه. له سروشتدا و له ژیانی مرۆڤدا، یان ده‌نگ هه‌یه، یان بێده‌نگی هه‌یه. واته، كه ده‌نگ نه‌بوو، به حه‌تمی بێده‌نگیی هه‌یه. مه‌رگیش بێده‌نگییه‌كی ڕه‌هایه، كه كۆتایی به ده‌نگه زیندووه‌كانی ژیان ده‌هێنێ. ژیان به‌رده‌وامه و مه‌رگ به‌رده‌وامه. واته ده‌نگ به‌رده‌وامه و بێده‌نگیش به‌رده‌وامه؛ تا ده‌نگ هه‌بێ، بێده‌نگیش هه‌یه. ئا ئه‌م لێكدژییه له نێوان ده‌نگ و بێده‌نگیدا، یاسای دیالیكتیكی ژیان و بوونه. واته بێده‌نگی مه‌رجی بوونی ده‌نگه. هه‌روه‌ك چۆن مه‌رگیش – له ناو یاساكانی سروشتدا – مه‌رجی بوونی ژیانه. (1)
ڕاستییه‌كه‌ی بێده‌نگی (چ به باره فیزیكییه‌كه‌ی بێ، چ به باره ڕه‌مزییه‌كه‌ی) عه‌ده‌مه. ژیان (بوون) نابێ بێده‌نگ بێ. مرۆڤ بێ ده‌نگ ده‌بێ – بۆ چه‌ند ساتێك – به‌ڵام گوێ له ده‌نگی ئه‌وانی دیكه و له ده‌نگی دیكه‌ی ده‌ره‌وه‌ی خۆی ده‌گرێ: گۆرانی، ئاخێوه‌ر، باڵنده، هاژه‌ی ڕووبار، گڤه‌ی با… تاد. (2) ئێمه كه ده‌شمرین بۆ موده‌تێك كه‌س و كارمان بارانی ده‌نگمان به‌سه‌ردا ده‌بارێنن (گریه و شین و ڕۆڕۆ). ئه‌مه هاواری ژیانه و گریانی ژیانه: ژیان (ئیرۆس) پڕ به ده‌م و به‌وپه‌ڕی هێزی خۆی به‌رانبه‌ر به مه‌رگ (بێده‌نگی = ناتانۆس) هاوار ده‌كا و ده‌قیژێنێ و ده‌نه‌ڕێنێ؛ به‌ڵام به‌داخه‌وه له ساته‌وه‌ختی مه‌رگدا بێده‌نگی سه‌رده‌كه‌وێ؛ لێ جارێكی دیكه و له شوێنێكی دیكه‌دا، ژیان دووباره ده‌نگی دێته‌وه (له ساته‌وه‌ختی له‌دایك بووندا). به‌ڵێ، ژیان به‌م شێوه‌یه به ده‌نگی خۆی، مه‌رگ (بێده‌نگی و عه‌ده‌م) هه‌راسان ده‌كا.
ده‌بێ بزانین، كه ژیان بۆ پشوودان بێده‌نگ ده‌بێ، جیاوازه له بێده‌نگی ئه‌به‌دیی مه‌رگ. ئێمه بێ ده‌نگ ده‌بین، تا بیر بكه‌ینه‌وه (خه‌یاڵ بكه‌ین)، تا گوێمان له ده‌نگی ئه‌وانی دیكه بێ. ژیان له كاتی داهێناندا بێ ده‌نگ ده‌بێ، هه‌روه‌ها له كاتی مه‌رگیشدا؛ به‌ڵام له یه‌كه‌مدا ئیرۆس هه‌یه، له دووه‌میشدا ساناتۆس. له یه‌كه‌میاندا ژیان خۆی نوێ ده‌كاته‌وه، به‌ڵام له دووه‌میاندا ژیان خۆی وێران ده‌كا. له ناو هه‌موو داهێنانێكدا نوێ بوونه‌وه‌ی ژیان هه‌یه (سه‌ره‌تای نوێ بوونه‌وه‌ی ژیان به پشووی بێده‌نگی ده‌ست پێ ده‌كا)؛ به پێی چیرۆكی ((سفری ته‌كوین)) ی (ته‌ورات) یش، ئه‌و كاته‌ی، كه خوا له شه‌ش ڕۆژه‌كه‌دا گه‌ردوونی دروست كرد و له حه‌وته‌مین ڕۆژیشدا پشووی دا، سه‌ره‌تا (به‌ر له دروستكردنه‌كه) پشوو و بێده‌نگی هه‌بوو. واته پێشتر خوا – به بێده‌نگی – بیری له داهێنانی دروستكردنی گه‌ردوون ده‌كرده‌وه (به ئاده‌م و حه‌وا و گشت گیانله‌به‌رێكیشه‌وه). له‌مه‌وه هه‌موو داهێنانێك پێویستی به بیركردنه‌وه‌ی پێشوه‌ختی بێده‌نگانه هه‌یه (واته پێویستی به ڕامان و تێڕامان هه‌یه). له ڕاستیشدا هه‌موو بیركردنه‌وه‌یه‌ك خۆی له خۆیدا له بێده‌نگیدا فه‌راهه‌م دێ. واته خه‌یاڵ و بیركردنه‌وه له بێده‌نگیدا سه‌ر هه‌ڵده‌ده‌ن، نه‌ك له ژاوه ژاو و هه‌را و هۆریادا. خۆ ئه‌گه‌ر خوا ته‌نیا نه‌با نه‌یده‌توانی – به باشی و به ئاشتی – گه‌ردوون بخوڵقێنێ. داهێنه‌ر سه‌ره‌تا ته‌نیایه، بێده‌نگه؛ واته ته‌نیا خۆیه‌تی و له‌گه‌ڵ خۆیدا بیر ده‌كاته‌وه و ده‌ژی؛ ئه‌مه‌ش پێویستی به بێده‌نگی فیزیكی و بابه‌ته‌كی (مه‌وزوعی) هه‌یه. ئایا هیچ شاعیرێك هه‌یه بتوانێ له قه‌ره‌باڵغیدا (له چایخانه و گازینۆدا) شیعر بنووسێ و داهێنان بكا (ته‌نها مه‌گه‌ر وه‌ك سۆفی به ته‌واوی گوێ له ده‌نگی ناوه‌وه‌ی خۆی بگرێ و گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ناخی خۆیدا بكا)؟ داهێنه‌ر ئه‌و كه‌سه‌یه، كه ته‌نها خۆیه‌تی، كه ته‌نها خۆی سه‌روه‌ری گه‌ردوونه. هه‌ربه‌ڕاستیش داهێنه‌ر خواوه‌نده، خواوه‌ندی بواره‌كه‌ی خۆیه‌تی.
بێده‌نگییه‌كیش هه‌یه، كه له ترس و له سه‌رسوڕمانه‌وه له دایك ده‌بێ و سه‌ر هه‌ڵده‌دا. له ئه‌لیاده‌دا هاتووه ده‌ڵێ: {ئۆدیسیۆس} ((وه‌ها دوا. ئه‌وانی دیكه‌ش له‌به‌ر خه‌می زۆر و سه‌رسوڕمانی زۆریان له قسه تونده‌كانی، له بێده‌نگییه‌كی ته‌واودا گوێیان لێ ڕاگرتبوو. ئاخییه‌كانیش بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر هه‌روا به بێده‌نگی مانه‌وه)).(3) هه‌ڵبه‌ت ئێمه له حاڵه‌تی ترس و سه‌رسوڕماندا بێده‌نگ ده‌بین و ده‌حه‌په‌سێین. هه‌موو حه‌په‌سانێكیش، بێده‌نگی (ده‌م به‌شبوونه‌وه‌ی) به دواوه‌یه. ئه‌م بێده‌نگییه بێده‌نگییه‌كی نه‌رێنییه، ترس و حه‌په‌سان به‌رهه‌می ده‌هێنن. هه‌ڵبه‌ت بێده‌نگی پاش هه‌موو حه‌په‌سانێك نه‌رێنیی نییه. حه‌په‌سان هه‌یه به‌رهه‌می جوانیی شتی له‌ناكاوی خۆش و شیرینه. ترس جیایه له حه‌په‌سان؛ ئه‌گه‌رچی هه‌ندێك جار و له هه‌ندێك بار و هه‌ڵوێستدا له‌گه‌ڵ یه‌كدا دێن، وه‌ك له به‌یته شیعرییه‌كه‌ی هۆمیرۆسدا بینیمان.
ئێمه بێده‌نگی ژینه‌كیی و له‌زه‌تاویشمان هه‌یه له‌گه‌ڵ كتێبدا (سرووتی خوێندنه‌وه‌دا). ئێمه له كاتی كتێب خوێندنه‌وه‌دا زمانمان (فیزیكمان) بێده‌نگ ده‌بێ و ناخمان قسه ده‌كا: ناخمان به بێ ده‌نگی ده‌نگی دێ. ناخمان ده‌كه‌وێته گفتوگۆ له‌گه‌ڵ كتێب و جیهانی خوێندنه‌وه‌دا. پاموك له كتێبی (من دره‌ختێكم) له‌سه‌ر زاری مامۆستایه‌كدا ده‌ڵێ: ((كاتێك كتێب ده‌خوێنیته‌وه به هیچ شێوه‌یه‌ك نابێت قسه بكه‌یت)).(4) بێگومان بێده‌نگی به‌شێكه له سرووتی كتێب خوێندنه‌وه، هه‌ر بۆیه‌شه له كتێبخانه‌كاندا ده‌نگه ده‌نگ شتێكی ناشیرین و بێزاركه‌ر و نامۆیه؛ ته‌نانه‌ت ڕێگه پێدراویش نییه. لێره‌دا بێده‌نگی هه‌ژموونی خۆی هه‌یه: هه‌ژموونی مه‌عریفیی. ماده‌م كتێب قسه ده‌كا، ده‌بێ هه‌موومان بێده‌نگ بین. لێره‌دا ئێمه گفتوگۆ له‌گه‌ڵ كتێب ده‌كه‌ین، ئه‌و قسه‌مان له‌گه‌ڵدا ده‌كا، بۆیه ده‌بێ بێده‌نگ بین و به بێ ده‌نگی گوێی لێ بگرین (زمانی كتێب وشه و ڕسته بێده‌نگه‌كانن). ماده‌م كتێب به بێ ده‌نگی قسه‌مان له‌گه‌ڵدا ده‌كا، بۆیه ده‌بێ ئێمه‌ش بێده‌نگ بین: به زمانی ناخ قسه‌ی له‌گه‌ڵ بكه‌ین و له ناخه‌وه گوێی لێ ڕابگرین. ئه‌لبێرتۆ مانگویل له كتێبی ((كتێبخانه له شه‌ودا)) ده‌ڵێ: ((شه‌وان، لێره له كتێبخانه‌دا، ده‌نگێك هه‌ن، كه هی ڕۆحن)).(5) ده‌شڵێ: ((له باخچه‌ی ماڵه‌كه‌مدا دوو داری سفۆرا هه‌ن، كه ڕێك له‌ودیو په‌نجه‌ره‌ی كتێبخانه‌كه‌مدان. هاوینان كه هاوڕێكانم سه‌ردانم ده‌كه‌ن، هه‌ندێك جار به ڕۆژ و زۆربه‌ی جاریش به شه‌و، له بنیان داده‌نیشین و قسه و باس و گفتوگۆ ده‌كه‌ین، به‌ڵام له ناو كتێخانه‌كه‌دا كتێبه‌كانم ناچارمان ده‌كه‌ن، كه واز له قسه‌كردن بهێنین و بێده‌نگی لێ بكه‌ین)).(6) ئه‌م بێده‌نگییه بێده‌نگییه‌كی مه‌عریفییه، بێده‌نگی داهێنانه. بێده‌نگییه‌كه ده‌سه‌ڵاتی كتێب (مه‌عریفه) به‌سه‌رمانیدا ده‌سه‌پێنێ، تا بتوانین له ناو بێده‌نگیدا بیر بكه‌ینه‌وه و تێبگه‌ین: تێبگه‌ین له جیهانی تایبه‌تی كتێب (وشه). له‌و كۆمه‌ڵگانه‌ی، كه بیركردنه‌وه و عه‌قڵ (كتێب) زاڵ و باڵاده‌ستن، ئا له‌وێدا بێده‌نگی و هێمنیش، بێده‌نگی و هێمنی له پێناو ئازادی و خۆشگوزه‌رانی و داهێناندا، زاڵ و باڵاده‌ستن. مرۆڤی خوێنه‌ر به سروشتی خۆی ناتوانێ زۆربڵێ بێ؛ چونكه ئه‌و له‌گه‌ڵ كتێب ده‌دوێ (هاوڕێی خوێنه‌ر هه‌ر ته‌نیا مرۆڤ نییه، به‌ڵكو وشه‌شه. ڕاستییه‌كه‌ی نزیكترین هاوڕێی ئێمه وشه‌یه {زمانه}، به‌ڵكو وشه به‌شێكه، به‌شێكی بنه‌ڕه‌تییه له بوونمان)؛ ئه‌و بێده‌نگی ده‌ره‌وه جێ ده‌هێڵێ و تووڕی هه‌ڵده‌دا، بۆ ئه‌وه‌ی بگاته بێده‌نگی ناوه‌وه: بێده‌نگی له‌گه‌ڵ بیركردنه‌وه و كتێبدا، واته ئاخاوتن (مۆنۆلۆگ) له‌گه‌ڵ كتێب و بیركردنه‌وه‌دا. مانگویل و هاوڕێكانی له جیهانێكی (ماڵێكی) بێده‌نگدا هه‌مان كار ده‌كه‌ن. به چاو و زه‌ین له‌گه‌ڵ كتێبدا گفتوگۆ ده‌كه‌ن (ئه‌وان له بنه‌ڕه‌تدا بێده‌نگ نین، به‌ڵكو ده‌نگی مه‌عریفییان {ده‌نگی مه‌عنه‌ویی و ده‌نگی كتێبیان} زاڵ كردووه، تا بوار بۆ بیركردنه‌وه بڕه‌خسێنن و خۆش بكه‌ن)؛ بۆیه ئێمه ده‌بێ پانتاییه‌كی زیاتر ببه‌خشینه بیركردنه‌وه (خوێندنه‌وه)، تا بتوانین له‌م بێده‌نگییه مه‌عریفییه‌دا، ده‌نگی زوڵاڵی ژیان هه‌ڵهێنجین و به‌رهه‌م بهێنین؛ ئه‌و ده‌نگه‌ی، كه ده‌نگی ئاشتییه و ده‌نگی خۆشگوزه‌رانی و ئازادییه؛ ده‌نگی دادپه‌روه‌ری و سه‌ربه‌خۆییه… ده‌نگی ژیانه، كه گاڵته به بێده‌نگی مه‌رگ (عه‌ده‌م) ده‌كا.(7)
له ئۆدیسه‌شدا گوێمان له ده‌نگی هه‌نگوینیی ده‌بێ:
((نزیك به‌وه، ئه‌ی ئۆدیسیۆسی به‌ناوبانگ
ئه‌ی شانازی ئاخییه‌كان و شكۆمه‌ندییان
كه‌شتییه‌كه‌ت له كه‌ناره‌كه‌مان له‌نگه‌ر بكه و
گوێ له گۆرانییه‌كه‌مان ڕابگره
هیچ پیاوێك نه‌بووه
كه به به‌له‌مه ڕه‌شه‌كه‌ی
به به‌رده‌م ئه‌م دوورگه‌یه‌دا ڕه‌ت بووبێ و
گوێی له ده‌نگی تێكه‌ڵاو به هه‌نگوین نه‌بوو‌بێ
كه له ده‌ممانه‌وه ده‌تكێ
پاش ئه‌وه‌ش، كه پڕ به دڵ چێژ له گۆرانییه‌كانمان وه‌رده‌گرێ
ئیدی په‌ڕینه‌وه‌كه‌ی له ده‌ریادا ته‌واو ده‌كا و حیكمه‌تیشی زیاتر ده‌بێ…)). (8)
ئێمه بێده‌نگی پیرۆزیشمان هه‌یه، كه ئه‌مه‌یان تایبه‌ته به خوا و به خواپه‌رستییه‌وه. واته هه‌موو بێده‌نگییه‌ك به‌رانبه‌ر به خوا پیرۆزه. كاتێك خوا قسه ده‌كا ده‌بێ هه‌موومان بێده‌نگ بین: ده‌نگی ئینجیل و ته‌ورات و قورئان ده‌نگی پیرۆزی خوان، ده‌بێ له ئاستیاندا وه‌ك به‌نده و وه‌ك خواپه‌رست بێده‌نگ بین (ئێمه‌ی موسڵمان له منداڵییه‌وه پێمان ده‌گوترێ، كه نابێ له كاتی قورئان خوێندندا قسان بكه‌ین و قسه‌كردن گوناحه. واته ده‌بێ گوێی لێ بگرین). ئا ئه‌م بێده‌نگییه بێده‌نگییه‌كی پیرۆزه، چونكه بێده‌نگییه‌كه له پێناو خوا‌یه و بۆ خوا‌یه. له ئه‌لیاده‌شدا هاتووه ده‌ڵێ: ((با ئێستا ئاو بێنین ده‌ستمان بشۆین، بێده‌نگی پیرۆز بپارێزین و له‌به‌ر زیۆسی كوڕی كڕۆنۆس بپاڕێینه‌وه، تا ڕه‌حممان پێ بكا)). (9) له‌مه‌وه تێده‌گه‌ین، كه بێده‌نگی پیرۆز به‌نده به سرووتێكی خواپه‌رستییه‌وه. واته ئێمه ده‌بێ له ئاست خوادا پیرۆزانه بێده‌نگ بین؛ ئه‌مه‌ش له كاتی سرووته ئایینییه‌كانی وه‌ك نوێژكردن و نزاكردن و پاڕانه‌وه له خوادا به‌ده‌رده‌كه‌وێ و به‌رجه‌سته ده‌بێ. خوا چونكه ده‌نگی نییه، ئێمه‌ش به بێ ده‌نگی له‌گه‌ڵی ده‌دوێین. ئه‌م بێده‌نگییه پێی ده‌گوترێ بێده‌نگی پیرۆز، كه له نوێژكردن و نزاكردن و زیكر و پاڕانه‌وه‌دا به‌ده‌رده‌كه‌وێ و به‌رجه‌سته ده‌بێ. واته ئێمه ده‌بێ له ئاست خوادا به‌بێ ده‌نگی (له‌ناخماندا) بدوێین و لێی بپاڕێینه‌وه و قسه‌ی له‌گه‌ڵدا بكه‌ین (ئه‌م بێده‌نگییه پێی ده‌گوترێ بێ ده‌نگی پیرۆز). هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌شه، كه نوێژكردن و دوعاكردن به بێ ده‌نگی ده‌كرێن. ئا ئه‌م بێده‌نگییه هۆمیرۆس به‌ر له ئه‌وه‌نده هه‌زار ساڵه پێی ده‌ڵێ بێده‌نگی پیرۆز.
بێده‌نگی پیرۆز هه‌رگیز به واتای وسكت بوون نییه، به‌ڵكو به واتای گفتوگۆیه له‌گه‌ڵ زاتی خوا؛ به‌ڵام بێده‌نگییه‌ك – زۆربه‌ی جار – ڕۆحی و مه‌عنه‌وییه و زمانی ناخ له‌گه‌ڵ خوادا قسه ده‌كا، نه‌ك زمانی ده‌نگی فیزیكی. خۆی خواپه‌رستی له‌سه‌ره‌تاوه بریتییه له تێڕامانی بێده‌نگانه له نهێنی بوونی خوا و گه‌ردوون. له‌مه‌وه خواپه‌رستیی پێویستی به ژاوه ژاو و هه‌را و زه‌نا و ده‌نگه ده‌نگ نییه، به‌ڵكو بریتییه له فه‌لسه‌فه‌ی خه‌یاڵ و تێڕامان. واته فه‌لسه‌فه‌ی بیركردنه‌وه‌ی بێده‌نگانه له واتای بوون و ژیان و گه‌ردوون. كه‌واته بێده‌نگی پیرۆز بریتییه له یاد و زیكری به‌رده‌وامی خوا. هه‌ر بۆیه‌شه به پێی ئینجیلی یۆحه‌ننا وشه خوا‌یه، نه‌ك ده‌نگ ((له ده‌سپێكدا وشه هه‌بوو، وشه‌ش له‌لای خوا بوو. وشه خوا بوو، ئه‌و له ده‌سپێكدا له‌لای خوا بوو. به‌و هه‌موو شتێك چێ بوو، به بێ ئه‌و هیچ شتێك چێ نه‌ده‌بوو له‌وانه‌ی كه چێ بوون…)) (10) له ڕوانگه‌ی نووسه‌رێكی وه‌ك (نیكۆس كازانتزاكی) شه‌وه بێده‌نگی پیرۆز پێوه‌ندی به هه‌ندێك ساته‌وه‌ختی تاكگه‌راییه‌وه هه‌یه، ئه‌و ده‌ڵێ: ((من حه‌ز ده‌كه‌م ڕۆژی یه‌كشه‌ممان به ته‌نیا بۆ خۆم بچمه ده‌رێ و پیاسان بكه‌م، چونكه هه‌ست ده‌كه‌م، كه ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ براده‌ران بم – ئه‌وا قسه و پێكه‌نین و نوكته‌كانیان – له به‌های بێده‌نگی پیرۆز كه‌م ده‌كه‌نه‌وه)).(11)
با له‌بیر نه‌كه‌ین، بێده‌نگییه‌كیش هه‌یه سامناكه (ره‌نگه زۆربه‌مان ڕۆژانه له ناویدا بژین)، كه له‌گه‌ڵ یاده‌وه‌ری مه‌رگدایه. واته ئه‌وكاته‌ی ئێمه ته‌نیاین و له كه‌شێكی ته‌واو كڕ و كپ و بێده‌نگدا، بیر له رابردووی كه‌سه مردووه ئازیزه‌كانمان ده‌كه‌ینه‌وه، كه ئه‌وان جاران له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا ده‌ژیان و به‌ڵام ئێستا ساڵانێكه له ژیاندا نه‌ماون… ئا به‌م شێوه‌یه شوێنی (یادگه‌ی) ئه‌وان له خه‌یاڵماندا، شوێنی چۆڵی واقیعی و ماددی ئه‌وانمان وه‌بیر ده‌هێنێته‌وه… ئا له‌مه‌شه‌وه پێوه‌ندی پته‌وی نێوان ئه‌م هه‌ستی چۆڵه‌وانی و ئه‌م یادگارییه، پێوه‌ندییه‌كه، كه هه‌ستی سۆز و حه‌سره‌ت و سامناكیمان پێ ده‌به‌خشێ. واته ئێمه له‌ناو نائومێدی واقعیدا و حه‌سره‌تی خه‌یاڵاویدا، ده‌بینه به‌شێك له ملانێی سامناكی نێوان غه‌ریزه‌ی ئیرۆس (ژیان) و غه‌ریزه‌ی ساناتۆس (مه‌رگ).
بێده‌نگی له هه‌موو ئاستێكدا به‌ده‌ردكه‌وێ. به‌نموونه: بێده‌نگی هه‌یه خه‌مۆكییه، له خه‌مه‌وه له‌دایك ده‌بێ؛ خه‌م توانای دواندنی سروشتییمان ده‌كوژێ. له ئه‌لیاده‌دا هاتووه ده‌ڵێ: ((ڕۆڵه‌ی ئاخییه‌كان به‌هۆی خه‌می زۆریان، له بێده‌نگییه‌كی زۆردا مانه‌وه)).(12) نابێ له‌بیر بكه‌ین، كه شه‌رمیش بێده‌نگی به‌رهه‌م ده‌هێنێ. شه‌رم وه‌ك خه‌م ئیراده تێكده‌شكێنێ: ئیراده‌ی جووڵه و ئیراده‌ی قسه‌كردن. ڕاستییه‌كه‌ی شه‌رم و خه‌م به‌رهه‌مهێنی یه‌كن. واته هه‌م شه‌رم خه‌م به‌رهه‌م ده‌هێنێ، هه‌م خه‌م شه‌رم به‌رهه‌م ده‌هێنێ. شه‌رم به‌ر له هه‌ر ئه‌ندامێك زمان ده‌شكێنێ (ده‌به‌ستێ). به‌واتای مرۆڤی شه‌رمن مرۆڤێكی به‌سته‌زمانه. مرۆڤی شه‌رمن زۆربه‌ی وه‌خت بێده‌نگه: بێده‌نگییه‌كی نه‌رێنیی.
دواجار هیچ شتێك هێنده‌ی ده‌نگ مرۆڤ نه‌مر ناكا: ده‌نگی گۆرانی و ده‌نگی گۆرانیبێژ. به‌پێچه‌وانه‌ش هیچ شتێك هێنده‌ی بێده‌نگی (بێده‌نگی تۆماركراو) مرۆڤ نه‌مر ناكا: بێده‌نگی وشه و بێده‌نگی وێنه. كه‌واته ئێمه له‌ناو پارادۆكسی ده‌نگ و بێده‌نگیدا ده‌ژین. ده‌نگی ئێستامان نیشانه‌ی ژیان و زیندووییمانه. ده‌نگی ڕابردووشمان (گۆرانی) و بێده‌نگی ڕابردووشمان (وشه و وێنه) نیشانه‌ی بوونمان بووینه: نیشانه‌ی ئه‌وه‌ی، كه ئێمه هه‌بووین و هه‌ین. لێره‌وه ئێمه به‌رهه‌می ناكۆكیی و ملانێی نێوان ده‌نگ و بێده‌نگین. واته نێوان بوون و عه‌ده‌م. به‌ڵێ، ده‌نگ بوونه و بێده‌نگی عه‌ده‌مه. له‌مه‌وه منیش له‌گه‌ڵ كازانتزاكی ده‌ڵێم: ((له‌گه‌ڵ ده‌نگی جیهانی بینراو و تێكه‌ڵكردنی به ده‌نگی شاراوه‌ی ناخمدا، توانیم دڕ به تاریكی سه‌ره‌تایی ژێرزه‌مینی عه‌قڵم بده‌م و ده‌رگای قه‌فه‌زه‌كه‌ش بكه‌مه‌وه و دنیا ببینم)). (13)
ژێده‌ر و په‌راوێزه‌كان:
1- سیفه‌تێكی ده‌نگ ئازادییه، چونكه خۆی دیارده‌یه‌كی سروشتییه. هه‌موو دیارده‌یه‌كی سروشتییش به‌نده به ئازادییه‌وه و له‌ناو سروشتی ئازادی‌دا هه‌ڵده‌قووڵێ.
2- ((هه‌ڵبژاردنی بێده‌نگی ته‌نها به مانای قسه‌نه‌كردن نایه‌ت، به‌ڵكو به مانای ئه‌وه‌یش دێت، كه چۆن فێر ببین گوێ بۆ هه‌موو ده‌نگه‌كانی چوارده‌ورمان شل بكه‌ین)). بڕوانه: پاولۆ كۆیلۆ، حیكایه‌ته‌كانی دوێنێ و ئه‌مڕۆ، وه‌رگێڕانی ئازاد به‌رزنجی (چاپی دووه‌م 2017)، ل 28
3- هومیروس، الالیاذة، ترجمة: احمد عثمان (الطبعة الاولی – 2004 م)، ص 351
4- ئۆرهان پاموك، من دره‌ختێكم، وه‌رگێڕانی سامان كه‌ریم (چاپی یه‌كه‌م 2018)، ل 139
5، 6- ألبرتو مانغويل, المكتبة في الليل, ترجمة أحمد م. أحمد (دار الساقي, الطبعة الثانية – 2016), ص 21, 202
7- كازانتزاكی ده‌ڵێ :((ئێمه دئاخڤین، لێ به بێ ده‌نگی، به زمانی فریشتان)). بنۆڕه: نيكوس كازانتزاكيس, تقرير ال غريكو (سيرة ذاتية فكرية), ترجمة: ممدوح عدوان (الطبعة الثالثة – 2004), ص 239
8- هوميروس, الاوديسة, ت: دريني خشبي (دار التنوير, الطبعة الاولى – 2013), ص 196
9- هوميروس, ألالياذة, ترجمة: أحمد عثمان (الطبعة الاولى – 2004), ص 330
10- التفسير التطبيقي للكتاب المقد‌س, انجيل يوحنا, ص 2168
11- نيكوس كازانتزاكيس, تقرير الى غريكو (سيرة ذاتية فكرية), ترجمة: ممدوح عدوان (الطبعة الثالثة – 2004), ص 157
12- هومیروس، ألالیاذة, ترجمة: احمد عثمان (الطبعة الاولى – 2004), ص 324
13- نيكوس كازانتزاكيس, تقرير الى غريكو (سيرة ذاتية فكرية), ترجمة: ممدوح عدوان (الطبعة الثالثة – 2004), ص 26
به‌ختیار محه‌مه‌د