
سێ چیرۆکی زۆر کورت بۆ باوکم.. بڵند باجەڵان
بابه
ده‌سته‌سرێكی له گیرفانی ده‌رهێنا و بۆ منی ڕاگرت. گیرفانه‌كانم پڕ بوون له كلێنكس، بۆیه گوتم: پێویستیم پێی نییه. دواتر بیرمكرده‌وه، چی ده‌بوو ئه‌گه‌ر ده‌سته‌سڕه‌كه‌م لێ وه‌ربگرتایه و فرمێسكه‌كانی چاوم نا، ئه‌وانه‌ی دڵم پێ بسریبایه‌وه. چه‌ند ڕۆژێك بوو دڵم ئازاری هه‌بوو. ڕۆیشتم بۆ لای دختۆر، گوتی: خۆت تاقیبكه‌وه بزانه ده‌توانی له ماوه‌ی ڕۆژێكدا چه‌ند كیلۆ هه‌نار و ترێ بخۆی. من ده‌مزانی كێشه‌ی دڵم ئه‌وه نییه كه گه‌ده‌م گیراوه و ناتوانم هیچ بخۆم، كێشه‌ی دڵم دووری ئه‌و كه‌سه‌یه ده‌سته‌سڕێكی له گیرفانی ده‌رهێنا و بۆ منی ڕاگرت و من گیرفانه‌كانم پڕ بوون له كلێنكس و نه‌مگوت: بێنه بیخه‌مه سه‌ر دڵم. ئای بابه گیان چه‌ند بیری تۆ و ده‌سته‌سڕه‌كه‌ت ده‌كه‌م!
مردوو
په‌رۆشی من بۆ ئه‌وه بوو، جارێكی تر تۆ ببینمه‌وه و به‌یه‌كه‌وه له باخچه بچوكه‌كه‌ی ماڵه‌وه‌مان دابنیشین و چایه بخۆینه‌وه، چونكه تۆ باوکی من بووی. کراسێکت كڕیبوو، كات ده‌رفه‌تی نه‌دای له‌به‌ری بكه‌ی. كه تۆ ده‌چوویته نێو باخچه، هه‌موو باڵنده‌كان ده‌هاتن و له چوارده‌ورت كۆده‌بوونه‌وه، هه‌میشه ده‌سته‌كانت پڕبوون له نوقڵ، بۆ باڵنده‌كان نا، بۆ ئه‌و ئازارانه‌ی من كه هه‌میشه داگیریان ده‌كردم. ئه‌و كه‌سه‌ی كه ته‌رمه‌كه‌ی ده‌شۆردی، هاواری كرد: ئه‌و هه‌موو باڵنده‌یه چی ده‌كه‌ن له‌سه‌ر ئه‌و تاته‌شۆره سپییه؟ ژووره‌كه‌ت پڕ ببوو له باڵنده، بۆ ناشتنی تۆ نه‌هاتبوون، ئه‌وان بۆ ئه‌وه له‌وێ بوون، ببینن كه ئه‌و ئازارەی تۆی كوشت، نه‌بووه به نوقڵ؟
( و )
سه‌رپۆشه‌كه‌ی دا به‌سه‌ریدا و ڕووخساری سوور ببوو. دایكم هه‌میشه هه‌ر وابوو، هه‌ر كاتێ بیری باوكمی ده‌كرد، له‌چكه‌كه‌ی ده‌دا به‌سه‌ریدا و ڕووخساری سوور. وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌ستی به دوودڵی و په‌شۆكاوی من كردبێت، گوتی: به‌فر هێنده باریوه‌ته نێو حه‌وشه‌كه‌مان، مرۆڤ نیگه‌ران ده‌بێت. ده‌مزانی دایكم نیگه‌رانی بارینی به‌فر و حه‌وشه‌كه‌مان نییه، ئه‌و ته‌نیا بیری باوكمی ده‌كرد، كه به‌یانییه‌ك به‌ر له نوێژی به‌یانی، كڵاوه‌كه‌ی كرده سه‌ری و گۆچانه‌كه‌ی له ده‌ستی گرت و كفنه سپییه‌كه‌ی له‌به‌ر كرد و چه‌ند كتێبێكی سه‌وزی خسته بن هه‌نگڵی و ڕۆیشت و نه‌گه‌ڕایه‌وه و دایكم و سه‌رپۆشه‌كه‌ی دایكمی بۆ ئه‌به‌د ته‌نیا كرد و دایكم گوتی: نه‌گه‌ڕایه‌وه باوكت!