Skip to Content

له‌نێوان نه‌خشه‌ی كوردستان و نه‌خشه‌ی میساقی میللیدا.. ڕه‌سوڵ بۆسكێنی

له‌نێوان نه‌خشه‌ی كوردستان و نه‌خشه‌ی میساقی میللیدا.. ڕه‌سوڵ بۆسكێنی

Closed
by ئازار 14, 2021 General, Opinion


له‌كاتی سه‌ردانه‌ سێ ڕۆژه‌ ڕه‌سمیه‌كه‌ی پاپای ڤاتیكان بۆ وڵاتی عیراق و لە کاتی سەردانی پاپا فرانسیس بۆ هەولێر لە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لە كاتی پێشوازیدا ئه‌و پولانه‌ی نمایشكران، یەکێک لەو پولانه‌ وێنەی پاپا فرانسیس و نەخشەی کوردستانی گەورەی به‌ نیوەناچڵی لەسەر بوو، دوای بڵاوکردنەوەی ئه‌و پوله‌ دەوڵەتی تورکیا لە ئاستی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە دژ بەو کارە هاتنە سەرخەت و به‌توڕه‌یی و بە زمانێکی نا دبلۆماسیانە کە هەر لە خۆیان دەوشێتەوە، كه‌وتنه‌ هەڕەشە و سوکایەتی كردن بە كورد و كوردستان و بەرپرسانی هەرێم.
ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگانی سه‌رۆكی توركیا بارودۆخی سیاسه‌تی خۆی باش ده‌زانێ و به‌مه‌ش توشی ترس و دڵه‌ڕاوكێیه‌كی زۆر بووه‌، به‌تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی كۆنگرێسمانه‌ كۆماری و دیموكراته‌كان داواكاریان خسته‌به‌رده‌م جۆبایدن كه‌ گوشاری زیاتر بخرێته‌سه‌ر توركیا، به‌هۆی پێشێلكاریه‌كانی توركیا كه‌ له‌بواری مافه‌كانی مرۆڤ‌ ئه‌نجامی داون، بۆیه‌ کاردانەوەی به‌رپرسانی تورکیا ئەم جارە تەنیا لەبەرامبەر دەرکردنی ئەو پولە نیە، به‌ڵكو زیاتر له‌وه‌ ده‌چێت لە هاتنی پاپای ڤاتیکان نیگه‌ران بن، وابیرده‌كه‌نه‌وه‌ سەردانەکەی پاپا جگه ‌له‌ لایه‌نی ئاشتی و ئایینی مه‌به‌ستی تری سیاسی لە پشت بێت، كه‌ بۆ ئه‌وان مایه‌ی نیگه‌رانیه‌، بۆیە دێن پول و ناوه‌رۆكەکەی دەکەنە بیانوو بۆ گوشارخستنە سەر بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و ده‌ڵێن ده‌بێ سنووری خۆتان بزانن.
له‌كاتێكدا له‌م ‌ماوه‌ی ڕابردوودا بەرپرسانی تورکیا خۆیان به‌تایبه‌ت ئه‌ردۆگانی سەرۆک کۆمار و وەزیری بەرگری، چەندین جار نەخشەیەکیان بڵاوکردەوە، به‌ناوی نه‌خشه‌ی میساقی میللی توركی، لە نێو نەخشەکەدا بەشێکی خاکی هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستانیش خراوەتە سەر ئەو نەخشەیە، به‌بێ ئه‌وه‌ی حیساب بۆ ئه‌وه‌ بكه‌ن ئه‌وه‌ نیشتمانی كورده‌ و ‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ سنوور و به‌هایه‌ك بۆ سیاسه‌تی دراوسێیه‌تی و نێوده‌وڵه‌تی دابنێن، ئه‌گه‌ر كوردستانیشی لێ به‌ده‌ر بكه‌ن، خۆ له‌ڕووی نێوده‌وڵه‌تیه‌وه‌ باكووری هه‌ردوو وڵاتی عیراق و سوریا ده‌گرێته‌وه‌، كه‌چی تورکیا وه‌ك سنووری میساقی میللی ئاماژه‌ی بۆده‌كات و بە خاكی خۆی ئه‌ژمارده‌كات، به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ کەس لە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان بە تورکیا بڵێت ئه‌مه‌ خاك و نیشتمانی كورده‌ و خوا به‌نه‌ته‌وه‌ی كوردی به‌خشیوه‌ و بۆت نیه‌ به‌م شێوه‌یه‌‌ بێباكانه‌ ڕه‌فتاربكه‌یت.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش مایه‌ی سه‌رنجه‌ حکومەتی ھەرێم شه‌رمنانه‌ له‌باره‌ی‌ بابه‌تی‌ پوله‌كه‌وه‌ ڕاگه‌یاندووه‌، ئەمە ڕای حكومه‌تی هه‌رێم نیه‌ و تەنیا رەشنوسی دیزاینە و حکومەتی هه‌رێمی كوردستان خۆی ئەم دیزاینەی دروستنەکردووە، تەنیا چەند گرافیستێک ‌و ھونەرمەندێک وەک دیاری پێشکەشیان کردووە، وەزیریش بڕیاری چاپکردنی ھیچ کام لەو دیزاینانەی نەداوە، چاپکردنی پول چەند رێکارو یاسای تایبەت بەخۆی ھەیە و پێویستی بەبڕیاری حکومەت ھەیە.
هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ش به‌بیر توركیا دێنێته‌وه‌، ئه‌وانیش هه‌ڵه‌یان هه‌یه‌، به‌ڵام حكومه‌تی هه‌رێم دۆستێكی دڵپاكه‌ و هیچی لێ ده‌دڵنه‌گرتوون، ئه‌وه‌تا سەرۆکی پارتێکی تورکیا ساڵی رابردوو گوتبوی، کەرکوک 82مین و موسڵ 83مین شاری تورکیا دەبێت، ئێمەش ھیچ شتێکمان لەوبارەیەوە نەگوت.
له‌كاتێكدا تورکیا چه‌ند ساڵێكه‌ سەروەری خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان پێشێل دەکات، کەچی کەس لە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان له‌ گوڵ كاڵتر بە تورکیایان نه‌وتووه‌، ئه‌گه‌ر پێمانوایه‌ خاكی كوردستان‌ مافی ڕه‌وای نه‌ته‌وه‌كه‌مانه‌ و به‌سه‌ر ئه‌و وڵاتانه‌دا دابه‌ش كراوه‌ و به‌مافی خۆمانی ده‌زانین، له‌و ڕوانگه‌یه‌وه‌ تێده‌كۆشین بۆ یه‌كگر‌تنه‌وه‌ و یه‌كخستنه‌وه‌ی نیشتمانه‌كه‌مان، پێویسته‌ ئازایانه‌ و لێبڕاوانه‌ سه‌ره‌تا داوای پاك كردنه‌وه‌ی خاكی هه‌رێم له‌ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وان بكه‌ین، ئینجا هه‌نگاو باوێژین بۆ چه‌سپاندنی پلانه‌كه‌مان، ئه‌گینا هیچ پێویست ناكا بۆ جوڵاندنی سۆزی هاووڵاتیانی هه‌رێم ناوه‌ناوه‌ به‌هه‌ڵوێستێكی له‌م شێوه‌یه‌ بارودۆخی وڵاته‌كه‌مان بخرێته‌‌مه‌ترسیه‌وه‌.

Previous
Next
Kurdish