Skip to Content

چەند شیعرێکی شاعیری مارکسیستی ئەمریکی جان گوودمان… و: عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

چەند شیعرێکی شاعیری مارکسیستی ئەمریکی جان گوودمان… و: عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

Closed
by نیسان 10, 2022 General, Poems



چۆن بتوانم ببم بە شاعیر
ئایا کۆمەڵگە, وک هونەر دان بە شیعری مندا دەنێت؟
لەم کۆمەڵگە هەناسە لەبەربڕاوە
من چۆن بتوانم شیعر بنووسم
کاتێک منداڵان دەبینم دەکوژرێن؟
چۆن بتوانم شیعر بنووسم
کاتێک ئینسانە بەساڵاچووەکان خواردنی سەگ دەخۆن؟
چۆن بتوانم شیعر بنووسم
کاتێک کچان دەستدرێژی سێکسییان دەکرێتە سەر؟
چۆن بتوانم شیعر بنووسم
کاتیک ڕۆژانە خەڵکانی بێتاوان دەکرێنە قوربانی؟
چۆن بتوانم شیعر بنووسم
کاتێک تۆ بڕیاری ئەوە بدەی چی شیعرە و چی شیعر نییە؟
ئەی چۆن بتوانم شیعر بنووسم
کاتێک ڕۆژانە لەسەر ئەم هەسارەیە بیر لەوە دەکەمەوە کە ئەمڕۆ ئاخرین ڕۆژە؟

ئەم سیستەمە دەمکوژێت

من ئینسانم
پەرەسەندووترین شێوەم لە گشت شێوەکانی تری ژیان
بەڵام ئەفسووس من هەر گۆشت و ئێسقانم
گەر مرۆڤایەتی تا ئەوپەڕی گەشەکردن، گەشەش بکات،
من تەنانەت لە زۆربەی هەرە زۆر زیرەکتر و
لە هەموو خۆشەویستترم
بەڵام ناتوانم بچمە ئەودیو ئەم سیستەمە
ئەم سیستەمە ناتوانێت وەکو ئێمە زیرەک بێت
ئەم سیستەمە بناغەکەی لەسەر قازانج و نەخۆشی و شەڕ بنیادنراوە
ناتوانێت وەکو چۆن ئێمە زیرەکین، ئەویش وابێت
ئەم سیستەمە منی زیرەکترین شێوازی ژیان و
نێو زیرەکترین توخم دەکوژێت
ئەم سیستەمە دەمکوژێت
ئەم سیستەمە دەمکوژێت

ئێمە

من تۆم
تۆش منی
من و تۆ ئێمەین
ئێمە دەتوانین ببین بەوەی دەمانەوێت
ئێمە پێویستە ببین بەوەی دەمانەوێت
ئێمە دەبین بەوەی دەمانەوێت.

باڵندەی ئازادی
باڵندەی کۆیلەتی جیهانگیری
بەرەو زستانی سەرمایەداری کۆچ دەکات
دەبێت بە باڵندەی ئازادی
کە بەرەو باکوور دێتەوە
چیرۆکەکەی دەگێڕێتەوە.

جەنگینێکی باش جەنگیم

دوواجار چی بە نەوەی داهاتوو بڵێـم لەدوواجاردا؟
بەنەوەی داهاتوو بڵێم جەنگینێکی باش جەنگیوم
بەنەوەی داهاتوو بڵێـم ڕاپەڕیم بۆ ڕاستی
چی بەنەوەی داهاتوو بڵێم
ڕاپەڕیم دژ بە خراپە و ستەمکاری
چی بە لیۆن ترۆتسکی بڵێم ئەگەر بەسەر ئەسپێکی سپییەوە بیبینم (1)
چی پێبڵێم ئەگەر لەلای دەروازە مروارییەکان بینیم(2)
پێی بڵێم جەنگینێکی باش جەنگیوم
نازانم چی پێبڵێم
پێی دەڵێم دەترسام
پێ دەڵێم دەترسام
پێی دەڵێم ئازا و نەبەرد بووم
پێێ دەڵێم نەجیبزادە بووم
پێی دەڵێم کۆیلە بووم
پێی دەڵێم دڵ و دەروون باش بووم
پێی دەڵێم بەهێز بووم
پێی دەڵێم سەرکز و بەستەزمان بووم
پێی دەڵێم ئاسوودە بووم
پێی دەڵێم دڵخۆش بووم
پێی دەڵێم غەمبار بووم
پێی دەڵێم چێژم وەردەگرت
پێێ دەلێم تووڕە بووم
پێی دەڵێم ڕۆشنبیر و چاوکراوە بووم
پێی دەڵێم نەخوێندەوار بووم
بەڵام پێی دەڵێم جەنگینێکی باش جەنگیوم.

خەونی ڕاستەقینەی ئەمریکیی

تەنها دەمەوێت بتوانم بۆت بنووسم و
پێت بڵێم
خۆشم دەوێی
دەمەوێت بتوانم پێت بڵێـم
کە جیهانێکی تازەم دەوێت
دەمەوێت بتوانم پێت بڵێـم
لەوەی پێویستمە زێترم ناوێت
هەر ئەوەندەم دەوێت ژیانێکی شایستە بژێم
تا بتوانم خزمەت هاوڕێکانم بکەم
بۆیە ئەوەت لەقووڵایی ڕوحی ئەمریکاوە پێ دەڵێـم
ئەمە خەونی ئەمریکایە
ئەمە خەونی ئینسانە
ئەمە خەونی قارەمانانی وڵاتەکەمە
کە خوازیارین بۆ هەموو جیهان.

بۆ ئەو هونەرمەندەی ناخمان

من بۆ ئەو هونەرمەندەی ناخمان دەنووسم
دەنووسم بۆ ئەو هونەرمەندە،
ئەو زانایە،
ئەو کرێکارە.
چونکە ئەوەی من ئارەزوومەندیم ئەوەیە بە هونەرەکەم
شارستانییەتێکی نوێ بنیادبنێم
جیهانێک بخوڵقێنم کە گشت کەس تیایدا هونەرمەند بن.

ئامادەکردن و وەرگێرانی لە ئینگلیزییەوە: عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

———————————————————

(1) ئەسپی سپی هێمای زانیاری و ڕۆشنبیرییە
(2) دەروازە مروارییەکان، هێمایە بۆ دوانزە دەروازەکەی بەهەشت کە لە ئینجیلدا باسی لێوە کراوە.


تێبینی : ئەم بابەتە لە گۆڤاری هانا ژمارە ٧ ی ساڵی ٢٠٢٢ بڵاوبۆتەوە.

mm

ساڵی 1964 لە شاری کەرکوک لە دایک بووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی وپاشان پەیمانگای تەکنەلۆجیای لە ساڵی 1986 هەر لە کەرکوک تەواو کردووە. لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردووەوە شیعر دەنووسێ و لە زۆربەی گۆڤار و رۆژنامەکانی کوردستان و دەرەوەی کوردستان و سایتە ئەلەکترۆنییەکان شیعر و وتاری رەخنەیی ئەدەبی و سیاسی و جەماوەری بڵاو کردۆتەوە.

Previous
Next
Kurdish