له‌تیف هه‌ڵمه‌ت و شیعری منداڵان … زیاد ڕەشاد قادر
یه‌كه‌م: كورته‌یه‌ك له ژیانی
له‌تیف كوڕی مه‌حموود كوڕی محه‌مه‌د حه‌سه‌ن ناسراو به (له‌تیف هه‌ڵمه‌ت) له ساڵی (1947) له شارۆچكه‌ی (كفری)ی سه‌ر به پارێزگای كه‌ركووك له باشووری كوردستان له دایك بووه، هه‌ر له منداڵییه‌وه له‌نێو كتێبخانه‌ی بابیدا چاوی كراوه‌ته‌وه و به دونیای خوێندنه‌وه و كتێب ئاشنا بووه، وه‌ك خۆی ده‌ڵێ: “هه‌ر كه له دایك بووم گوێم له شیعر بووه، چونكه له ماڵێكدا گه‌وره بووم پڕ بووه له كتێب”،(1) سه‌رده‌می پێگه‌یشتن و ده‌ستدانه نووسینی له‌تیف هه‌ڵمه‌ت له كاتێكدایه كه ڕه‌وتی ئه‌ده‌بی و ڕۆشنبیری له كوردستانی باشوور و ناوچه‌كه به‌گشتی به قۆناغێكی تازه‌دا تێپه‌ڕ ده‌بێت.
ئه‌و، یه‌كه‌م شیعری له ساڵی (1963)دا نووسیوه و له ساڵی (1970)شدا كۆشیعری (خوا و شاره بچكۆله‌كه‌مان)ی چاپ كردووه،(2) هه‌ر له هه‌ڕه‌تی لاوییه‌تی نووسینی له‌تیف هه‌ڵمه‌تدا، ده‌سته‌یه‌ك له شاعیرانی نوێخوازی عێراقی گروپی شیعری (69)یان دامه‌زراند، هه‌روه‌ها ژماره‌یه‌ك شاعیر و نووسه‌ری ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی باشووری كوردستانیش مانیفێستی ڕوانگه‌یان ڕاگه‌یاند، له‌م سه‌روبه‌نده‌شدا له‌تیف هه‌ڵمه‌ت و چه‌ند شاعیرێكی دیكه‌ی هاوڕێی، له حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا، گروپی شیعری كفرییان دامه‌زراندووه و هه‌ڵمه‌ت تێیدا ڕۆڵێكی دیاری دیوه له نوێكردنه‌وه‌ی شیعری كوردی له باشووری كوردستان، پاشتر كه به‌یاننامه‌ی یازده‌ی ئادار ده‌رچوو و گۆڕانكارییه‌كی جۆرایه‌تی به‌سه‌ر ڕه‌وشی ژیانی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی خه‌ڵكی باشووری كوردستاندا هات، ئه‌و گۆڕانكارییه زمانی نووسین و ڕه‌وتی ڕۆشنبیری و ڕۆژنامه‌گه‌ریشی گرته‌وه، ئیدی دوای ئه‌وه له‌تیف هه‌ڵمه‌ت له‌پاڵ نووسین بۆ گه‌وره‌ساڵان له دوای ناوه‌ڕاستی حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی ڕابردووه‌وه، ده‌ستی داوه‌ته نووسین و وه‌رگێڕانی شیعر و چیرۆك بۆ منداڵان، سه‌باره‌ت به نێزیكبوونه‌وه‌ی هه‌ڵمه‌ت له دونیای منداڵان، ڕه‌نگه وه‌ك خۆی ده‌ڵێ: “ئێستاش هه‌ست ده‌كه‌م جۆرێك له جۆره‌كانی منداڵێتی له‌ناومدا ده‌ژی، جگه له‌و شیعرانه‌ی ده‌مخوێنده‌وه، كۆمه‌ڵێ به‌یت و بالۆره‌ی منداڵانه هه‌بوو كه من له‌ناویاندا گه‌وره بووم و هانیان داوم بچمه دنیای منداڵانه‌وه…”.(3)
دووه‌م: له‌تیف هه‌ڵمه‌ت و ئه‌زموونی نووسین و وه‌رگێڕان بۆ منداڵان
(له‌تیف هه‌ڵمه‌ت) یه‌كه‌م شیعری بۆ منداڵان له ساڵی (1975) نووسیوه و له ڕۆژنامه‌ی (پاشكۆی عێراق)دا بڵاوی كردووه‌ته‌وه،(4) یه‌كه‌م كۆبه‌رهه‌می چاپكراوی بۆ منداڵانیش له ساڵی (1979) به ناوی (جوانترین دێ) چاپ كردووه. كه له ژماره‌یه‌ك شیعر و چیرۆكی منداڵان پێكدێ و له ناویاندا ده‌قی وه‌رگێڕدراویش هه‌یه. دوای ئه‌وه به‌رهه‌مه‌كانی (ده‌نگخۆشترین مه‌ل)، (هێلانه‌یه‌كی تر)، (مناڵ و باران)، (مناڵ و چۆله‌كه)، (كاتژمێر)، (گوڵی ناو ئینجانه‌كه)، (پرسیار له مناڵ)، (چۆله‌كه‌ی سه‌ر داره‌كه)، (مناڵ و بووكه شووشه)، (گوێدرێژ و پاشا)، (پشیله‌یه‌ك پاسكیل لێده‌خوڕێ)، (هه‌ڵه‌بجه) و (مانگ له نێوانی هه‌زار و یه‌ك ئه‌ستێره‌دا ده‌نوێ). وێبسایتی وێكپیدیادا سه‌باره‌ت به‌و نووسیویه‌تی: “له‌تیف هه‌ڵمه‌ت له ساڵی (1979)ده‌ستی كردووه به نووسین له بواری منداڵاندا. یه‌كه‌م به‌رهه‌می جوانترین دێ بووه كه بڵاوی كردووه‌ته‌وه، تا ئێسته (17) بڵاوكراوه‌ی بۆ منداڵان هه‌یه. ساڵی (2006) به‌رهه‌مه‌كانی كۆكراوه‌ته‌وه كه ده‌كاته (500) لاپه‌ڕه، هه‌روه‌ها خه‌ڵاتی ئاپیكی له‌سه‌ر دیوانی منداڵان وه‌رگرتووه، چه‌ند جارێكیش خه‌ڵاتی وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری وه‌رگرتووه”.(5)
هه‌روه‌ها ساڵی (2008) خه‌ڵاتی زێڕینی بله‌ی پێ به‌خشراوه. له‌تیف هه‌ڵمه‌ت له بواری ئه‌ده‌بی منداڵان سه‌ر به نه‌وه‌ی حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی ڕابردووه و ده‌كه‌وێته قۆناغی دوای گۆران و فه‌ره‌یدوون عه‌لی ئه‌مین و ع.ع.شه‌ونم و كاكه‌ی فهللاحهوه، وه‌ك له پێشدا ئاماژه‌ی پێدرا ئه‌و جگه له شیعر، چیرۆكیشی بۆ منداڵان نووسیوه، بۆیه ده‌توانین بڵێین ئه‌زموون و ته‌مه‌نی نووسینی بۆ منداڵان زێتر له چل ساڵ ده‌بێت. به‌ر له‌وه‌ی شیعر و چیرۆكیش بۆ منداڵ بنووسێت و به‌ناوی كتێبی منداڵانه‌وه بڵاوی بكاته‌وه، له شیعری گه‌ورانیشدا هه‌ندێ كۆپله و خورپه و وێنه‌ی وای هه‌ن، ئه‌گه‌ر به ته‌واوی سه‌ر به ئه‌ده‌بی منداڵانیش نه‌بن، ئه‌وا نێزیكن له فه‌رهه‌نگ و دونیای منداڵه‌وه، وه‌ك له كۆشیعری (گه‌رده‌لوولی سپی)دا، له شیعری (ئه‌گه‌ر)دا كه ساڵی (1973) نوسیویه‌تی، ده‌ڵێ:
ئه‌گه‌ر نه‌خشه‌ی هه‌موو جیهان
تێكدهنهوه
ئه‌گه‌ر زه‌وی وه‌كو لۆكه
شیكهنهوه
كه سنووریان كێشایه‌وه
دووباره
هه‌ر دێمه‌وه بۆ ئه‌م شاره
هه‌ر كوردستان
ده‌كه‌مه‌وه به نیشتمان(6)
هه‌روه‌ها له هه‌مان كۆشیعردا، هه‌ردوو شیعری (پاشه‌ڕۆژ) و (گیان)، كه یه‌كه‌میان ساڵی (1976) و دووه‌میان ساڵی (1977) نووسراون، هه‌م خۆی له‌ژێر ناوی (شیعر بۆ مناڵ)دا بڵاوی كردوونه‌ته‌وه، هه‌م وشه و گوزارشته‌كانی نێو هه‌ردوو شیعره‌كه، زۆرێك له توخم و ڕه‌گه‌زه‌كانی ئه‌ده‌بی منداڵانیان تێدایه.
سێیه‌م: له‌تیف هه‌ڵمه‌ت له لێكۆڵینه‌وه و تێزه ئه‌كادیمییه‌كاندا
تا ئێستا ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له توێژه‌ر و ڕه‌خنه‌گرانی ئه‌ده‌بی، له‌سه‌ر كۆی كاره ئه‌ده‌بییه‌كانی له‌تیف هه‌ڵمه‌تیان نووسیوه له ماوه‌ی نیو سه‌ده‌ی ڕابردوودا و له ڕۆژنامه و گۆڤاره‌كاندا بڵاو كراونه‌ته‌وه، له‌ناویشیاندا چه‌ندین لێكۆڵینه‌وه له‌سه‌ر ئه‌و به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بییانه‌ی نووسراوه كه سه‌ر به ئه‌ده‌بی منداڵانن، له خواره‌وه به‌شێك له‌و لێكۆڵینه‌وانه ئاماژه پێده‌ده‌ین، كه له‌سه‌ر به‌رهه‌مه منداڵانییه‌كانی له‌تیف هه‌ڵمه‌تیان نووسیوه:
1 – (نه‌وزاد عه‌لی ئه‌حمه‌د) له كتێبی (منداڵ و ئه‌ده‌ب)، كه چاپی یه‌كه‌می له ساڵی (1998)دا چاپ كراوه و چاپی سێیه‌كی ئهلكترۆنییشی له ساڵی (2007)دا بڵاو بووه‌ته‌وه، له پاڵ قسه‌كردن له ئه‌زموونی ژماره‌یه‌ك له‌و نووسه‌ره كوردانه‌ی بۆ منداڵیان نووسیوه، نموونه‌ی به‌شێك له كاره ئه‌ده‌بییه‌كانی هه‌ڵمه‌تیشی باس كردووه.
2 – فازڵ مه‌جید جاف، له كتێبێكدا كه به ناوی (شیعری منداڵان له ئه‌ده‌بی كوردیدا)یه و ساڵی (2004) چاپی كردووه، ئه‌م كتێبه تێزی دكتۆرانامه‌ی نووسه‌ره، به‌شێك له شیعره په‌روه‌رده‌ییه‌كانی له‌تیف هه‌ڵمه‌تی به نموونه باس كردووه.
3 – كتێبی (ڕوخسار و ناوه‌ڕۆكی چیرۆكی منداڵان لای له‌تیف هه‌ڵمه‌ت)، كه له‌لایه‌ن (موزه‌فه‌ر مسته‌فا ئیسماعیل)ه‌وه نووسراوه و له ساڵی (2011) چاپ كراوه، كتێبه‌كه له بنچینه‌دا نامه‌ی ماسته‌ره و له ساڵی (2008) تاوتوێ كراوه. ئه‌م كتێبه له (208) لاپه‌ڕه پێكدێ و نووسه‌ر به تێروپڕی له‌باره‌ی زمان و كات و شوێن و ڕووداو… له چیرۆكه منداڵانییه‌كانی له‌تیف هه‌ڵمه‌ت ئاخاوتووه.
4 – (حه‌مه ساڵح فه‌رهادی) له به‌رگی یه‌كه‌می كتێبه‌كه‌یدا به ناوی (پێگه‌ی شیعری منداڵان لای شاعیرانی كورد)، كه له ساڵی (2013) چاپی كردووه و له (340) لاپه‌ڕه پێكدێ، باسی ژماره‌یه‌ك له‌و شاعیرانه‌ی كردووه كه بۆ منداڵانیان نووسیوه، له نێویشیاندا (35) لاپه‌ڕه‌ی كتێبه‌كه‌ی ته‌رخان كردووه بۆ قسه‌كردن له شیعره منداڵانییه‌كانی له‌تیف هه‌ڵمه‌ت.
5 – له كتێبی (چیرۆكی منداڵان له ئه‌ده‌بی كوردیدا 1970-1990)دا، كه (خالیده قادر فه‌ره‌ج) نوسیویه‌تی و له ساڵی (2013) چاپ كراوه، له به‌شێكی لێكۆڵینه‌وه‌كه‌یدا، نموونه‌ی به چیرۆكه منداڵانییه‌كانی له‌تیف هه‌ڵمه‌تی هێناوه‌ته‌وه، ئه‌م كتێبه‌ش له بنجدا نامه‌ی ماسته‌ره و له ساڵی (1999) تاوتوێ كراوه.
ئه‌م سه‌رچاوانه‌ی سه‌ره‌وه و هه‌ر گوتار و لیكۆڵینه‌وه‌یه‌كی دی، كه ئێمه ده‌ستمان پێی گه‌یشتبێ و له‌سه‌ر به‌رهه‌مه منداڵانییه‌كانی له‌تیف هه‌ڵمه‌ت كرابێ، به‌گوێره‌ی پێویست و له هه‌ر كوێ بزانین كۆمه‌كمان ده‌كان بۆ چاكتر خوێندنه‌وه و شرۆڤه كردنی شیعره منداڵانییه‌كانی، ئه‌وا سوود له ئه‌نجام و بۆچوون و خوێندنه‌وه‌كانیان وه‌رگیراوه.
چواره‌م: ناوه‌ڕۆكی شیعره‌كانی له‌تیف هه‌ڵمه‌ت
ئێمه لێره‌دا زێتر له‌سه‌ر ناوه‌رۆكی شیعره‌كانی له‌تیف هه‌ڵمه‌ت ده‌وه‌ستین، ئه‌وانه‌ی كه له نووسینی خۆیه‌تی، ته‌نیا له‌و شوێنانه‌دا چیرۆكه‌كان و شیعره وه‌رگێڕدراوه‌كانی به نموونه دێنینه‌وه، كه بزانین كۆمه‌كمان ده‌كات بۆ شیكردنه‌وه و تێگه‌یشتنی پتر له په‌یام و ناوهرۆِكی شیعره‌كانی.
له‌تیف هه‌ڵمه‌ت له هه‌موو ئه‌و شیعرانه‌ی بۆ منداڵانی نووسیون له زۆر جێگا به شێوه‌ی ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ، ئه‌وه به منداڵان ده‌ڵێ كه خۆشترین شوێنی سه‌ر ڕووی زه‌وی كوردستانه، دڵگیرترین گوند گوندی ئێمه‌یه، شار و شاخ و باخ و كانیاوی كوردهواری له هی هه‌موو دونیا ڕه‌نگینتر و ڕازاوه‌تره، وه‌ك له چیرۆكهشیعری (جوانترین دێ)دا، كه ده‌مه‌ته‌قێ ده‌كه‌وێته نێوان (ئازاد) و (په‌ڕه‌سێلكه)كه‌ی، پهڕهسێلكهكه به ئازاد ده‌ڵێ هاكا زستان هات ئیدی لێره كۆچ ده‌كه‌ین و ده‌چین شار و شوێنی دیكه ده‌بینین و ده‌ریات پیشان ده‌ده‌م، كه زۆر له كانیی چكۆله‌ی گوند جوانتر و گه‌وره‌تره، به‌ڵام ئازاد وه‌رامی ده‌داته‌وه كه هه‌رگیز گونده‌كه‌ی خۆی به‌جێناهێڵێ:
گونده‌كه‌م له هه‌موو جیهان قه‌شه‌نگتره و
كانیه بچكۆله‌كانیشیی له هه‌موو ده‌ریاكانی جیهان گه‌وره‌تر و
شۆخ‌و شه‌نگ تره.
(دیوانی منداڵان، ل21)
هه‌روه‌ها له شیعری (به‌چكه ماسی)دا ئه‌وه به گوێی منداڵاندا ده‌دات، كه وه‌ك چۆن ماسی بێ ئاو ناژیێت، ئاوا ئێمه‌ش له نیشتیمان و شار و شاخی كوردهواری و زێدی باب و باپیران دوور بكه‌وینه‌وه، گیان ده‌سپێرین، بۆیه پێیان ده‌ڵێ وه‌رن به‌ڵێن بده‌ین له چیا و دار و به‌رد و گڵ و لوتكه‌ی ئه‌م نیشتیمانه بێزار نه‌بین و بهجێینههێڵین و تا ماوین سترانی خۆشی بۆ بچڕین:
ڕۆژێ له ڕۆژان
به‌چكه ماسی یه‌ك تۆرا له سیروان
له لم و چه‌وی لێواره‌كه‌یدا
گڕی تینویه‌تی هه‌ڵی پڕوكان
مرد نیگای گه‌شی
هه‌ڵوه‌ری هه‌ردوو گلێنه‌ی ڕه‌شی
شاره مێرووله به‌ربوونه له‌شی
منیش چركه‌یه‌ك له تۆ بترازێم
له‌ناخی گڕی ئاوارهییما
ههڵدهكوڕووزێم
ده‌قرچێ گیانم
ئه‌مرێ گۆرانی خۆشی زمانم
ئه‌ی نیشتمانم من ڕۆڵه‌ی تۆم‌و
هه‌رتۆی شوێن‌و جێم
جێت ناهێڵم و جیا نابیه‌وه لێم
ئه‌ی نیشتمانم.. شار و شاخ و دێم..
هه‌تا هه‌تایه هه‌ر تۆی شوێن و جێم
له چیاكانت هه‌رگیز ناتۆرێم
هه‌ر گۆرانی خۆش
بۆ دار‌و به‌ردو لوتكه‌ی تۆ ده‌ڵێم…
ئه‌ی نیشتمانم ئه‌ی نیشتمانم
ئه‌ی شوێن‌و جێگای
هه‌زاران ساڵی
باو باپیرانم..!
ئه‌ی نیشتمانم..!
(دیوانی منداڵان، ل13و14)
له شیعری (مناڵێكی ئاواره)شدا، سه‌رگوزشته‌ی منداڵیك ده‌گێڕێته‌وه كه له شار و ڵاتی خۆی ئاواره بووه، له‌به‌ر ناڵه و گریانی، په‌ری و فریشته لێی ده‌چنه پێش و له‌گه‌ڵ خۆیاندا ده‌یبه‌ن بۆ چه‌ندین شاری جوان، كه پڕیه‌تی له گوڵ و هه‌نگوین و ئه‌ستێره و بووكه‌شووشه و شهكرهسێو و هه‌نار و ده‌بده‌به‌ی ڕه‌نگاوڕه‌نگ و میوه‌ی شیرین، ده‌یبه‌نه شوێنێك كه شار و وڵاتێكی ئاسایی نییه، به‌ڵكو به‌هه‌شتێكی فراوانه، كه‌چی منداڵه ئاواره‌بووه‌كه ده‌پرسێ و هاوار ده‌كا (ئێره كوێیه؟)، پاشان داوا ده‌كات بیبه‌نه‌وه بۆ نیشتمانه‌كه‌ی خۆی.
منداڵێكی ئاواره بوو له شاران
هێنده گریا هێنده‌ی ناڵان
ده‌وره‌یان دا مه‌لائیكه‌و په‌ری ئاسمان
له‌گه‌ڵ خۆیاندا بردیان
بۆ هه‌زاران شاری جوان جوان
بۆ به‌هه‌شتی فراوان
به‌هه‌شتی پڕ گوڵ‌و هه‌نگوین
به‌هه‌شتی پڕ ئه‌ستێره‌ی شین
هه‌زار هه‌زار بووكه شوشه‌و
شه‌كره سێو‌و هه‌ناری زێڕینیان دایێ
هه‌زار هه‌زار پفیلكی ڕه‌نگاو ڕهنگو
میوه‌ی شیرینیان دایێ
گریاو گریاو فرمێسكی ڕشت وه‌كو باران
هاواری كرد: ئێره كوێ یه؟
ئه‌ڕۆمه‌وه بۆ نیشتمان.!
(دیوانی منداڵان، ل27)
له‌تیف هه‌ڵمه‌ت له زۆرێك له شیعره‌كانیدا، ئه‌وه پاته ده‌كاته‌وه كه هیچ شوێنێك وه‌كو نیشتیمانی خۆت خۆش نییه، بچیته هه‌ر لایێ، ئه‌وجا ده‌زانی كوردستانی زێدی باب و باپیران له هه‌ر هه‌موو دونیا دڵگیرتر و خۆشه‌ویستتره، وه‌ك له شیعری (به‌سته‌ی نیشتمان)دا ده‌ڵێ:
جێ نیه له گشت جیهان
خۆش بێ وه‌كو نیشتمان..!
(دیوانی منداڵان، ل112)
ئه‌و له شیعری (دیجله‌و فورات)دا، له‌سه‌ر زاری چۆم و ڕووبارهكانیشهوه، ئه‌وه به منداڵان ده‌ڵێ كه دووركه‌وتنه‌وه له نیشتیمان یانی ده‌رد و ژان:
كه دوور بین له نیشتمان
ده‌مان گوشێ ده‌ستی ژان
(دیوانی منداڵان، ل115)
له شیعری (خۆشترین جێ)دا، سه‌ربورده‌ی كه‌سێكی ئاواره ده‌گێڕێته‌وه، كه دوای ئه‌وه‌ی له هه‌نده‌ران ده‌گه‌ڕێته‌وه گونده‌كه‌ی خۆی، منداڵ و پیر و جوان و مامۆستا و شوانی لادێ له ده‌وری خڕ ده‌بنه‌وه و پێی ده‌ڵێن چۆنت به‌سه‌ربرد له شاران، ئه‌ویش له بهرسڤیاندا ده‌ڵێ نیوه‌ی دونیا گه‌ڕام، له هیچ شوێنێك وه‌كو ئه‌م دێیه‌ی خۆمان شادمان و دڵخۆش نه‌بووم:
ووتی نیوه‌ی جیهان گه‌ڕام
به فڕۆكه‌و تۆمبێل پێوام
له هیچ وڵات و جێیه
دڵخۆش نه‌بووم وه‌ك ئه‌م دێیه
(دیوانی منداڵان، ل302)
به هه‌مان شێوه له شیعری (نووسین)دا، دوای ئه‌وه‌ی به منداڵانی هاوڕێی ده‌ڵێ بنووسن (كوردستان، سه‌ركه‌وتن و نه‌ورۆز)، دیسان ئه‌وه به گوێیاندا ده‌چرپێنێ دێیه‌كه‌م خۆشترین دێیه:
بنوسه ئه‌ی هاوڕێ گیان
به پیتی -كاف- ده‌ست پێده‌كا كوردستان
بنووسه ئه‌ی هاوڕێی من
به پیتی -سین- ده‌ست پێده‌كا سه‌ركه‌وتن
بنووسه ئه‌ی هاوڕێی دڵسۆز
به پیتی -نون- ده‌ست پێده‌كا وشه‌ی نه‌ورۆز
بنووسه ئه‌ی هاوڕێكه‌م
خۆشترین دێیه دێكهم
(دیوانی منداڵان، ل327)
هه‌ڵمه‌ت شیعرێكی دیكه‌یشی هه‌یه هه‌ر به ناوونیشانی (نووسین)، له‌م شیعره‌شدا له‌سه‌ر زاری منداڵانه‌وه ده‌ڵێ بنووسن له‌سه‌ر ئاوێنه و گوڵی جوان و له‌سه‌ر دیوار و بیابان و دارستان… هه‌روه‌ها په‌سنی نیشتیمان و ئاوی سیروان و ناوی شه‌هیدان و خۆری پرشنگدار ده‌دات، تا له دوا دێردا ئه‌وه ڕاده‌گه‌یه‌نێ كه كوردستان جوانترین وڵاته:
ده‌نووسم له‌سه‌ر به‌ردان
جوانترین وڵاته كوردستان
(دیوانی منداڵان، ل341)
شاعیر هه‌ر ئه‌وه نییه به منداڵان بڵێ خۆشترین جێگای دونیا كوردستانه و بچینه هه‌ر جێگایه‌ك بۆی ده‌گه‌ڕێینه‌وه، به‌ڵكو له‌گه‌ڵ منداڵان ده‌ڵێ هه‌ر چیمان هه‌یه ده‌یبه‌خشینه نیشتیمان، وه‌ك له شیعری (پاك و خاوێنی)دا ده‌ڵێ:
هه‌رچیم هه‌یه.. دڵم.. گیانم
ده‌یبه‌خشمه نیشتیمانم
(دیوانی منداڵان، ل30)
هه‌روه‌ها له شیعری (پێشوازی زستان)دا، به زستان ده‌ڵێ وه‌ك چۆن تۆ فرمێسك ده‌به‌خشییه نیشتیمان، ئێمه‌ش ئاوا گیانی پێ ده‌به‌خشین:
ئێمه‌ش هه‌موو وه‌كو تۆین
ئه‌وینداری باخ‌و كۆین
تۆ فرمێسك و ئێمه گیان
ده‌به‌خشینه نیشتمان
(دیوانی منداڵان، ل49)
له‌تیف هه‌ڵمه‌ت گۆرانی بۆ باران و ڕووبار و جوتیار و شوان و كرێكار… ده‌چڕێ، وه‌لێ گۆرانییه هه‌ره جوانه‌كه‌ی، ئه‌وه‌ی كه له هه‌موو گۆرانییه‌كانی دی جوانتره، بۆ جوانی نیشتمانی ده‌چڕێ:
گۆرانی ده‌ڵێم بۆ باران
ده‌مان داتێ ئاو‌و نان
تا له كۆتایی شیعره‌كه‌دا ده‌ڵێ:
به‌ڵام كام گۆرانیم جوانه
بۆ جوانی نیشتمانه
(دیوانی منداڵان، ل159)
دیاره نیشتیمانی له‌تیف هه‌ڵمه‌ت پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستانیش له خۆ ده‌گرێ، وه‌ك له شیعری (پۆستی كوردستاندا) له‌سه‌ر زاری منداڵێكه‌وه گله‌یی له پۆسته‌چی ده‌كات:
ئه‌ی پۆسته‌چی
ئه‌ی پۆسته‌چی
له‌كوێوه دێی بۆ كوێ ده‌چی
بۆچی نامه‌ی براكهممم
بۆ ناهێنێ له قامیشلی..؟
ئه‌ی پۆسته‌چی ئه‌ی پۆسته‌چی
تكایه بۆ كوێ ده‌چی
هاوار…. فریاد
بۆچی نامه‌كه‌م نابه‌ی
بۆ خوشكه‌كه‌م له مهاباد…؟
ئه‌ی پۆسته‌چی… ئه‌ی پۆسته‌چی
هاواره بۆ كوێ ده‌چی
چه‌ند ساڵی تر
نامه‌كه‌ی من ده‌گه‌یه‌نی
به مامم له دیاربه‌كر..؟
هاواره ئه‌ی پۆسته‌چی
بۆ ئه‌وه‌نده دڵڕه‌قی
نامه‌ی منداڵێكی بچووك
نابه‌ی بۆ باوكی له كه‌ركووك..؟
(دیوانی منداڵان، ل322)
له شیعری (باڵ)یشدا له‌سه‌ر زمانی منداڵێكه‌وه خۆزگه‌ی ئه‌وه ده‌خوازێ له سلێمانییه‌وه بچووبایه بۆ لوڕستان یاریی له‌گه‌ڵ منداڵانی ئه‌وێ بكردایه.
ئه‌و ته‌نانه‌ت له‌و شیعره‌ی باسی یاری و تۆپیش ده‌كات، ئه‌وه ده‌خاته دڵی منداڵانه‌وه كه گه‌وره بوون ده‌بن به پێشمه‌رگه و پاسه‌وانی نیشتیمان، وه‌ك له شیعری (تۆپه‌كه‌م)دا ده‌ڵێ:
تۆپه‌كه‌م سركو شه‌نگه
پڕ له گوڵی ڕه‌نگ ڕه‌نگه
تا له كۆتاییدا ده‌ڵێ:
من مناڵێ به‌هێزم
تۆپی خۆم ده‌پارێزم
گه‌وره‌ش بووم پاسه‌وانم
بۆ گه‌ل و نیشتمانم
(دیوانی منداڵان، ل86و87)
ئه‌مه‌و له زۆرێك له شیعره‌كانی دیكه‌ی له‌تیف هه‌ڵمه‌تدا، گیانی خۆشویستنی نیشتیمان و به‌رز ڕاگرتنی ناوی شه‌هید و ستایشكردنی ڕاپه‌ڕین و لاواندنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌بجه و خۆشویستنی زمانی كوردی و یادكردنه‌وه‌ی نه‌ورۆز و هتد… به ڕوونی ده‌بینرێ.
ئه‌گه‌ر شیعری (تۆپه‌كه‌م) و به‌شێك له شیعره‌كانی دیكه‌ی له‌تیف هه‌ڵمه‌ت، زێتر كوڕانه بن و بۆ منداڵی كوڕ گوترابن، ئه‌وا به‌شی زێتریشی بۆ منداڵانی كیژ نووسیوه، له‌نێو هه‌موو ئه‌و شیعرانه‌ی كه خوێنه‌ر وا هه‌ست ده‌كات له‌گه‌ڵ منداڵی كچ ده‌دوێ زۆرترینیان له‌سه‌ر زمانی بووكه‌شووشه یا له‌گه‌ڵ بووكه‌ڵه ده‌دوێ، چونكه وه‌ك ئاشكرایه منداڵ و بووكه‌ڵه، به‌تایبه‌تی منداڵی كیژ زۆر به‌یه‌كه‌وه په‌یوه‌ستن، ئه‌گه‌ر منداڵێكی كچ بووكه‌ڵه‌ی نه‌بێ وه‌ك ئه‌وه وایه هه‌موو شتێك یا شتێكی زۆر گه‌وره‌ی لێ زه‌وت كرابێ، بۆیه منداڵ پێویستی به بووكه‌ڵه هه‌یه، چونكه ئه‌مه “ئاسوودهبوونێكه بۆی كه خه‌م و ئێش و ئازار و نه‌خۆشییه‌كانی پێده‌رده‌كات و متمانه‌ش له‌لای دروست ده‌بێ”.(7) جا ئه‌مه بۆ هه‌موو ته‌مه‌نێكی منداڵی كچ ڕاسته به شێوازی جیا، بۆ نموونه “منداڵ له ته‌مه‌نی 3 ساڵی چه‌ندین جار ئاره‌زوی ئه‌وه ده‌كات بووكهڵانهكهی بخه‌وێنێت، پاشان خه‌به‌ری بكاته‌وه، به‌ڵام كچه منداڵی پێنج ساڵان مه‌یلی چالاكی گه‌وره‌تر ده‌كات”..(8) بۆ نموونه له شیعری (بووكه شووشه)دا دوای ئه‌وه‌ی ستایشی پرچ و چاو و ڕومه‌ت و خه‌نده و جل و په‌نجه و ملوانكه‌ی بووكهڵهكهی ده‌كات، پاشان ده‌ڵی من شتی ده‌ده‌مێ به‌ڵام ئه‌و وه‌ریناگرێ و خه‌وی دێ:
بووكه شووشه‌كه‌م شه‌نگه
شه‌ڕ ناكات‌و بێده‌نگه…
تا ده‌گاته:
شتی جوانی ده‌ده‌مێ
ئاو‌و نانی ده‌ده‌مێ
وه‌ری ناگرێ نایه‌وێ
ماندوو بووه.. ئه‌خه‌وێ..!
(دیوانی منداڵان، ل31)
له شیعری (بووكه شووشه‌كه‌م)یشدا، باسی ئه‌وه ده‌كا كه باران باریوه بووكهشووشهكهی ته‌ڕ ده‌بێ و دوایی سه‌ری ژان ده‌كات و نه‌خۆش ده‌كه‌وێ، بۆیه ده‌ڵێ ده‌بێ جلی تازه‌ی لهبهركهم:
ده‌بێ دهستو برد بكه‌م
جلی تازه‌ی لهبهركهم
مه‌گری بووكه‌شووشه گیان
وا بۆت دێنم جلی جوان
(دیوانی منداڵان، ل323)
هاندانی قوتابییان بۆ چوونه قوتابخانه و خۆشه‌ویستی زانست و كتێب و ده‌فته‌ر و ڕێزگرتن له مامۆستاش، پانتاییه‌كی زۆری له شیعره‌كانی له‌تیف هه‌ڵمه‌تدا گرتووه، وه‌ك له شیعره‌كانی (باخچه‌ی فێرگه، قوتابخانه، مناڵانی باخچه، پاداشتی ماندووبوون، خه‌و و كه‌ڵه‌شێر…) ئه‌وه چه‌ند باره كراوه‌ته‌وه كه قوتابخانه و باخچه‌ی منداڵان خۆش و دڵگیرن، كه‌لوپه‌له‌كانی ده‌پارێزین و ڕێزی مامۆستا ده‌گرین، له قوتابخانه‌وه فێری زانیاری ده‌بین و مامۆستا كه ڕابه‌رمانه شه‌وه‌زه‌نگمان بۆ ڕووناك ده‌كاته‌وه، به خوێندنه‌وه و ئه‌نجامدانی ئه‌ركه‌كانی قوتابخانه پێش ده‌كه‌وین و سه‌رده‌كه‌وین، له شیعری (قوتابخانه)دا، ئه‌وها په‌سنی زانست ده‌دات و خوێندنگه به مه‌ڵبه‌ندی بیر و هۆش ناوزه‌د ده‌كات:
قوتابخانه زۆر خۆشه
مه‌ڵبه‌ندی بیر و هۆشه
ئه‌پارێزم باخچه‌كه‌ی
ده‌رگا و شووشه و په‌نجه‌ره‌ی
به‌رد ناهاوم بۆ داری
پڕ له گوڵ و هه‌ناری…
(دیوانی منداڵان، ل108-109).
ئه‌و ئاوڕ له چه‌ندین پرس و باسی په‌روه‌رده‌یی و فێركاری ده‌داته‌وه و تۆوی ڕه‌وشت و خۆشه‌ویستی و ڕێز له یه‌كدی گرتن له دڵ و ده‌روونی منداڵدا ده‌چێنێ و گیانی یه‌كتر قه‌بوڵ كردن و ته‌بایی لای زارۆ‌كان خۆشه‌ویست ده‌كات، هه‌روه‌ها له‌سه‌ر زمانی گیاندار و بێ گیان و منداڵانه‌وه، وانه‌ی ئازادی ده‌ڵیته‌وه و ئه‌وه ڕاده‌گه‌یه‌نێ دیلێتی و قه‌فه‌س زیان به ژیان و ماف و ئیراده‌ی مرۆڤ ده‌گه‌یه‌نن، هه‌ر وه‌ك له شیعره‌كانی (ده‌نگ، دارتاش، وێنه‌ی باخچه و باڵنده…)دا، جاڕی شكاندنی قه‌فه‌س ده‌دات و گۆرانی بۆ ئازادی ده‌چڕێ، له شیعری (دارتاش)دا سوێند ده‌خوات كه هه‌رگیز قه‌فه‌س دروست نه‌كات:
گه‌ر دارتاش بم به مشار
ده‌بڕمه‌وه ته‌خته دار
له داری چنار و گوێز
دروست ده‌كه‌م ته‌خته و مێز
كورسی قوتابخانه‌و ماڵ
بۆ گه‌وره‌و هه‌م بۆ مناڵ
جۆلانێ دروستده‌كه‌م
بۆ كۆرپه‌ی خه‌نده به ده‌م
به‌ڵام سوێند بێ… سوێندی به‌رز
قه‌ت دروست ناكه‌م قه‌فه‌ز
نه‌وه‌ك ڕۆژێ زۆردارێ
تیا به‌ند بكا باڵدارێ..!
(دیوانی منداڵان، ل113)
له‌تیف هه‌ڵمه‌ت له‌و شیعرانه‌ی كه بۆ منداڵانی نووسیوه، وه‌ك زۆربه‌ی شاعیرانی دیكه كه ئاوڕیان له منداڵ داوه‌ته‌وه، له‌سه‌ر زاری زۆرێك له گیانه‌وه‌رانی وه‌كو (سمۆره، ورچ، سه‌گ، پشیله، چۆله‌كه، كه‌ڵه‌شێر، گورگ، قه‌له‌ڕه‌ش، توتی، ڕێوی، په‌ڕه‌سێلكه، كۆتر، كرم و مێرووله…) شیعری نووسیوه، هه‌روه‌ها له گه‌شتی شیعره‌كانیدا منداڵ به گوڵ و دره‌خت و گیا و سه‌وزایی و باخچه و ده‌ریا و دارستان ئاشنا ده‌كات. هه‌روه‌ك له‌گه‌ڵ هه‌ور و مانگ و خۆر و ئه‌ستێره و به‌فر و با و باران… ده‌دوێت. به هه‌مان شێوه كۆلاره و بووكه‌شووشه و چه‌تر و قه‌ڵه‌م و تۆپ و ده‌فته‌ر… له بیر ناكات. ئه‌و به منداڵان ده‌بێژێ كامه مافیانه و سروود بۆ نان و ئاشتی و ئازادی ده‌چڕێ و نه‌فره‌ت له چه‌ك و جه‌نگ ده‌كات. هه‌روه‌ها بۆ خزمه‌تی شیعر و ئه‌ده‌ب و منداڵ سوود له كه‌له‌پوور و فۆلكلۆری میلله‌ته‌كه‌ی و گه‌لانی دیكه‌ش وهردهگرێَ. به بایه‌خه‌وه له وانه و ئاره‌زووی شیعر نووسین و تابلۆ و نیگار و فڵچه و پێشانگا ده‌ئاخفێت.
هه‌روه‌ها خۆشه‌ویستی خۆی بۆ دایك و باب ده‌رده‌بڕێ و به ئازیز و خه‌مڕه‌وێن ناویان دێنێ، به تایبه‌تیش به دایكی ده‌ڵێ به‌تۆوه ئه‌م دونیایه ڕووناكه و ته‌ماشاكردنت چون هه‌تاوی ئازادی خۆشه و هیچ وشه‌یه‌ك له‌م جیهانه‌دا به‌قه‌د وشه‌ی دایك ناسك نییه، ئه‌وه‌ش لای زارۆك جوان پیشان ده‌دات كه گه‌ره‌كه خوشك و برا و ئه‌ندامانی دیكه‌ی خێزانه‌كه‌مان خۆش بوێ. وا له منداڵ ده‌كات ڕێز بۆ كه‌مئه‌ندام و خودان پێداویستییه تایبه‌ته‌كان دابنێ، ئه‌و به منداڵان ده‌ڵێ هاوڕێ نابیناكانمان به دڵ سه‌یری ژیان ده‌كه‌ن:
گه‌لێ هاوڕێی نابینا هه‌ن
به دڵ سه‌یری ژیان ده‌كه‌ن
سه‌یری ڕه‌ش و سپی ده‌كه‌ن
به دڵ ڕاستی به‌دی ده‌كه‌ن
(دیوانی منداڵان، ل320).
هه‌روه‌ها شاعیر چه‌ندین شیعری په‌روه‌رده‌یی و فێركارییشی هه‌یه، كه له ڕێگه‌یانه‌وه ئه‌وه به منداڵ ده‌ڵێ كه (با) شێوه‌ی نییه و به‌فر سه‌ره‌تا له‌كوێوه دێ و ساڵ چه‌ند وه‌رز و هه‌ر وه‌رزه چه‌ند مانگه، ڕۆژانی هه‌فته چه‌ند ڕۆژن و ناویان چییه، ئه‌ته‌كێتی نان خواردن ده‌بێ كوو بێ و چۆن ڕه‌چاوی پاكژی بكه‌ین. هه‌روه‌ها له ڕێی شیعره فێركارییهكانییهوه باس له سوود و بایه‌خی شیری دایك بۆ منداڵ ده‌كات و له زیان و خراپییه‌كانی جگه‌ره ده‌دوێت.
له‌تیف هه‌ڵمه‌ت له چه‌ند ده‌قێكدا، به‌رگری له كێشه‌ی فه‌له‌ستین ده‌كات و به چاكه ناوی قودس و به‌یروت دێنێ و زه‌می ڕژێمی ئیسرائیلی ده‌كات، به‌تایبه‌تی له یه‌كه‌م كۆبهرههمیدا. ئه‌و ژماره‌یه‌ك شیعر و چیرۆكیشی له عه‌ره‌بییه‌وه وه‌رگێڕاوه‌ته سه‌ر زمانی كوردی، هه‌روه‌ك سوودی له ناوه‌رۆك و بیرۆكه‌ی كۆمه‌ڵی ده‌قی ئه‌ده‌بی ئازه‌ری دیوه و ئاماژه‌ی پێداون. جگه له‌مانه‌ش كۆمه‌ڵێ شیعری جیهانی كه له‌لایه‌ن منداڵه‌وه بۆ منداڵ نوسراون له عه‌ره‌بییه‌وه گۆڕیوه بۆ سه‌ر زمانی كوردی، كه ئه‌مه له ئه‌ده‌بی كوردیدا وێنه‌ی ده‌گمه‌نه.
پێنجه‌م: فۆرمی شیعره‌كانی له‌تیف هه‌ڵمه‌ت
زمانیی شیعریی له‌تیف هه‌ڵمه‌ت زمانێكی ڕه‌وان و پاراو و ناسكه، ئه‌و كوردیزانێكی كارامه‌یه و تابڵێی له مامه‌ڵه‌كردنی له‌گه‌ڵ وشه و ڕسته و وێنه‌ی شیعریدا، ڕه‌نج ده‌دات و خۆی ماندوو ده‌كات و وه‌ستایه‌تی به‌كاردێنێ، چون ئه‌ندازیارێكی زیره‌ك له وشه‌ی ڕۆژانه و په‌یڤی نێو فه‌رهه‌نگ و یاریی منداڵان، باڵاخانه‌ی قه‌شه‌نگی شیعر و په‌خشان بونیاد ده‌نێت. چوون نیگاركێشێكی به‌سه‌لیقه كه فڵچه و مه‌ره‌كه‌به‌كه‌ی هه‌قایه‌ت و داستانی خۆش خۆشن، وێنه‌ی قه‌شه‌نگی وه‌ها دروست ده‌كات، گه‌وره و منداڵ سه‌راسیمه ده‌كات، له شیعری (پێشوازی زستان)دا نووسیویه‌تی:
ئه‌ی زستانی باو باران
كچۆڵه‌ی چاو پڕ گریان
تۆی به فرمێسكی ڕه‌وان
گوڵڕێژ ده‌كه‌ی گشت جیهان
(له‌تیف هه‌ڵمه‌ت، ل49)
ڕاسته به‌ر له له‌تیف هه‌ڵمه‌ت، له ئه‌ده‌بی كوردیدا شیعری ئازاد بۆ منداڵان نوسراوه، به‌ڵام ئه‌و له ڕووی ژماره‌وه زۆرترین شیعری ئازاد و چیرۆكه شیعر و په‌خشانه شیعری بۆ منداڵان نووسیوه، كه به‌شێكیان زۆر درێژن، هه‌روه‌ها له‌و شیعرانه‌شی كه ئازاد نیین و شیعری كێشدار و سهروادارن زۆربه‌یان له‌سه‌ر كێشی حه‌فت بڕگه‌یی و هه‌شت بڕگه‌یین، به‌ڵام له‌تیف هه‌ڵمه‌ت به‌هۆی ئه‌وه‌ی شیعری ئازادی زۆره و له شیعری گه‌ورانیشدا شیعری ئازاد ده‌نووسێ، هه‌روه‌ها بۆ منداڵانیش جگه له شیعر چیرۆكیشیان بۆ ده‌نووسێ، بۆیه له‌و شیعرانه‌ی كێشدار و سهرواداریشن، هه‌ندێ جار زۆر گوێی به ژماره‌ی بڕگه‌كان نه‌داوه و هه‌ندێ شیعری بۆ نموونه كۆپله‌یه‌كی حه‌فت بڕگه‌ییه، دوایی له كۆپله‌یه‌كی دی ده‌بێته هه‌شت بڕگه‌یی، شیعری وای هه‌یه هه‌مووی هه‌شت بڕگه‌ییه، له نیوه دێری كۆتاییدا بڕگه‌یه‌كی بۆ زیاد ده‌كا یا كه‌م ده‌كا، بۆ نموونه له شیعری (خه‌ون)دا ده‌ڵێ:
من خه‌ونێكی خۆشم دی
مانگ هاتبوو بۆ سه‌ر زه‌وی
له شه‌وی ئه‌نگوسته‌چاوا
مه‌له‌ی ئه‌كرد له ئاوا
به‌درێژایی شه‌و تا به‌یان
مانگی ده‌م به‌خه‌نده‌و جوان
له‌گه‌ڵ سه‌دان ماسی ورد
هه‌ر یاری و مه‌له‌ی ده‌كرد
(دیوانی مناڵان، ل191)
وه‌ك ده‌رده‌كه‌وێ ئه‌م چه‌ند دێره‌ی سه‌ره‌وه حه‌فت بڕگه‌یی و هه‌شت بڕگه‌یی و نۆ بڕگهییشی تێدایه.
له شیعری (زستان)یشدا، ژماره‌ی بڕگه‌كانی هه‌موو نیوه به‌یته‌كانی وه‌كو یه‌ك نین، ئه‌وه‌تا ده‌ڵێ:
كاتێ من دێم به‌فر دێ
سپی ده‌بێ شار و دێ
مناڵ بۆ كۆڵان ڕاده‌كه‌ن
شێره به‌فرینه‌ی تیا ده‌كه‌ن…
(دیوانی مناڵان، ل220)
هه‌روه‌ها له شیعری (ئاسمان)دا كه شیعری وه‌رگێڕدراوه و به‌م شێوه‌یه ده‌ست پێده‌كات:
ئاسمان هه‌تا بڵێی به‌رزه
زستان هه‌ر بارانه‌و ته‌رزه
(دیوانی مناڵان، ل169)
كه به كێشی هه‌شت بڕگه‌یی نووسراوه، كه‌چی له نیوه‌ی شیعره‌كه‌دا بووه به حه‌فت بڕگه‌یی، وه‌ك ده‌ڵێ:
هه‌نگاو بۆ هه‌ر كوێم ده‌بات
ئاسمان ته‌ماشام ده‌كات
(دیوانی مناڵان، ل169)
ته‌نانه‌ت له نیوه دێری كۆتاییدا ده‌بێته شه‌ش بڕگه و ده‌ڵێ:
مانگ و ئه‌ستێره و هه‌تاو
بۆ ئاسمان بوون به چاو
(دیوانی مناڵان، ل169)
هه‌م كێش و هه‌م سه‌روا له‌كن منداڵ بایه‌خی زۆری هه‌یه و زۆربه‌ی ئه‌و گۆرانی و یارییه فۆلكلۆرییانهش كه لای منداڵ خۆشه‌ویستن گرنگیی به كێش و سه‌روا دراوه، له‌تیف هه‌ڵمه‌ت یه‌كێك له‌و شاعیرانه‌یه زۆر بایه‌خی به سه‌روا (قافیه) داوه، له شیعره ئازاد و چیرۆكهشیعرییهكانیشیدا، كه كێشی شیعر فه‌رامۆش ده‌كرێ، به‌ڵام به به‌رده‌وامی یه‌كێتیی قافیه‌ی پاراستووه، ئه‌وه‌ش خاڵێكی هێزی شاعیره له‌و ڕوانگه‌وه‌ی كه وه‌ك عه‌زیز گه‌ردی ده‌ڵێت: “سه‌روا دیارده‌یه‌كی زه‌قی شیعری جیهانییه به‌گشتی و شیعری كوردییه به‌تایبه‌تی، شیعری كوردی هه‌ر له سه‌ره‌تاوه تا بیسته‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌م، به هه‌ردوو جۆریه‌وه (نووسراو و زارگۆتن)، به هه‌موو زارهكانییهوه، زۆر پابه‌ندی سه‌روا بووه، ده‌ستبه‌رداری كێشی یه‌ك ڕه‌نگیش بووبێ (وه‌كو هه‌ندێ به‌یتی فۆلكلۆری) ده‌ستبه‌رداری سه‌روا نه‌بووه”.(9) له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش له چه‌ند شوێنێكی كه‌می شیعره‌كانیدا قافیه‌ی زۆر دووباره‌بووه‌وه و سواوی به‌كار هێناوه، یا هه‌ندێ قافیه و پاش قافیه‌ی وای به‌كار هێناوه ڕیتم و ئاوازی شیعره‌كه‌ی له‌نگ كردووه، بۆ نموونه له شیعری (كه‌ڵه‌كێوی)دا، كه وه‌ك خۆی ده‌ڵێ بنه‌ڕه‌تی شیعره‌كه له ده‌قێكی ئازه‌رییه‌وه وه‌رگیراوه ده‌ڵێ:
له‌پڕ شاخی كه‌ڵه‌كێوی
گیر بوو له شوره‌ی ته‌له‌زی
(دیوانی مناڵان، ل256)
لێره‌دا بۆ وشه‌ی (كه‌ڵه‌كێوی) كه هاوقافیهی (ڕێوی، پشێوی، بزێوی، به‌دنێوی…)یه، ئه‌و هاتووه (ته‌له‌زی) هه‌ڵبژاردووه! هه‌روه‌ها له به‌شێكی دیكه‌ی شیعره‌كانیدا بۆ وشه‌ی (بده‌رێ)، وشه‌ی (مه‌ده‌رێ)ی كردووه‌ته هاوسه‌روا، یا بۆ هه‌ردوو وشه‌ی (قه‌ڵای) و (گوڵاڵه‌ی) پاش قافیه‌ی (خۆی ده‌دوێ)ی به‌كار هێناوه، بۆ وشه‌ی (ببینم)، وشه‌ی (ده‌چم) و بۆ وشه‌ی (پێكه‌نی)ش وشه‌ی (گه‌وجێتی) كردووه‌ته هاوسه‌روا و هتد… هه‌روه‌ها له هه‌ندێ شوێندا به (كۆ) قسه ده‌كات، كه‌چی بۆ ڕاگرتنی قافیه‌ی شیعر ده‌یكات به (تاك) یا به پێچه‌وانه‌وه، بۆ نموونه له شیعری (بووكه‌شووشه)دا ده‌ڵێ:
چاوه‌كانی ڕه‌ش ڕه‌شه
ده‌می پڕ خه‌نده‌ی گه‌شه
(دیوانی مناڵان، ل31)
لێره‌دا مادام باسی چاوه‌كان هاتووه، ده‌بوو بنووسرێ (ڕه‌شن)، نه‌ك (ڕه‌شه)، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ (گه‌شه) ببێته هاوقافیه وای نووسیوه. هه‌روه‌ها له شیعری (تابلۆیه‌ك)دا ده‌ڵێ:
دوكه‌ڵێكی ڕهشو چڵكن
به‌ده‌وریدا ورووژاوه
به‌هه‌زاران مناڵ‌و ژن
له ناوه‌ندی تابلۆكه‌دا كوژراوه
(دیوانی مناڵان، ل295)
لێره‌شدا بۆ هه‌زاران منداڵ و ژن، (كوژراون) به‌كار دێ نه‌ك (كوژراوه)، لێ بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ (وروژاوه) ڕێك بكه‌وێ كردوویه‌تی به (كوژراوه). له شیعری (په‌ڵه هه‌ور)یشدا، چه‌ند كۆمه‌ڵێ به‌رخی هه‌یه، به‌ڵام له‌بری ئه‌وه‌ی بڵێ بێ لهكهن، ده‌ڵێ بێ له‌كه‌یه، تا ببێته هاوسه‌روای (هه‌یه):
چه‌ند كۆمه‌ڵێ به‌رخم هه‌یه
سپی سپی بێ له‌كه‌یه
(دیوانی مناڵان، ل50)
سه‌باره‌ت به ناوونیشانی شیعره منداڵانییه‌كانی له‌تیف هه‌ڵمه‌ت، پێویسته ئه‌وه بگوترێ كه له هه‌ڵبژارنی ناوونیشاندا، توانیویه‌تی زیره‌كانه مامه‌ڵه بكات و هه‌ر ناوونیشانێك گوزارشتێكی زۆر نێزێكی ناوه‌رۆكه‌كه‌ی بێ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش به‌شێك له ناوونیشانه‌كانی زۆر له‌یه‌كه‌وه نێزیكن، بۆ نموونه ئه‌و شیعرێكی هه‌یه به ناوی (بووكه‌شووشه)، شیعرێكی دیكه‌ی هه‌یه به‌ناوی (بووكهشووشهكهم)، ته‌نانه‌ت ناونیشانی دووبارهبووهوهشی هه‌یه، دوو شیعری هه‌یه به‌ناوی (دارستان)، دوو شیعری هه‌یه به‌ناوی (مامۆستا)، زێتر له شیعرێكی هه‌یه به‌ناوی (باران) و هتد… هه‌روه‌ها هه‌ندێ له ناوونیشانه‌كانی زۆر درێژن، وه‌كو: (مار نابێته هاوڕێی كه‌س)، (وه‌رزه‌كان چه‌ند مانگن)، (ناونیشانی مناڵانی كوردستان)، (دهنگو ئاوازی كۆتر) و (دیرۆكی شه‌ڕی دوو بزن) و هتد…
له‌تیف هه‌ڵمه‌ت هه‌ندێ كه‌ره‌سته و وشه و خوازه‌ی نوێی هێنایه نێو ئه‌ده‌بی منداڵانی كورد، كه پێشتر یا نه‌بوون، یا زۆر ده‌گمه‌ن بوون، ئه‌و له‌گه‌ڵ نووسینی شیعر، چیرۆكیشی فه‌رامۆش نه‌كرد، له هونه‌ری شیعر نووسینیشدا، شیعری ئازادی زۆری هه‌یه، هه‌روه‌ها ئه‌و هونه‌ره‌ی كه پێی ده‌گوترێت (چیرۆكه‌شیعر) زۆر په‌ره‌ی پێدا، ژماره‌یه‌كی به‌رچاو ده‌مه‌ته‌قێ و ئۆپه‌رێتی نووسیوه، سوودی له بیرۆكه‌ی شیعر و چیرۆكی گه‌لانی دیكه وه‌رگرتووه و له به‌رهه‌می منداڵانه‌ی ئه‌وانیشی كردووه به كوردی، له‌ناو به‌رهه‌مه وهرگێڕدراوهكانیشیدا ئاوڕی له‌و شیعره بیانییانه داوه‌ته‌وه كه منداڵ بۆ منداڵی نووسیوه.
هه‌رچه‌نده كۆی به‌رهه‌مه منداڵانییه‌كانی له‌تیف هه‌ڵمه‌ت پۆلین نه‌كراون بۆ كام ته‌مه‌نی منداڵ گونجاون، وه‌لێ به خوێندنه‌وه‌ی به‌شی زۆری شیعره‌كانی ده‌رده‌كه‌وێت كه بۆ منداڵانی سه‌رووی (10) ساڵی گونجاون، ئه‌مه بۆ چیرۆكه‌كانیشی هه‌ر ڕاسته و چونكه ئه‌و “له‌و نووسه‌رانه‌یه كه زۆربه‌ی چیرۆكه‌كانی بۆ قۆناغی پێش چوونه قوتابخانه ناگونجێت و زۆربه‌ی چیرۆكه‌كانی له‌تیف هه‌ڵمه‌ت بۆ منداڵانی ته‌مه‌ن 8-12 ساڵی شیاوترن وه‌ك ته‌مه‌نی بچووكتر”.(10) له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش به‌شێك له شیعره‌كانی بۆ ته‌مه‌نی خوار ده ساڵییش گونجاون و له‌گه‌ڵ منداڵی شه‌ش ساڵان و حه‌فت ساڵان ده‌ئاخفن، له كۆمه‌ڵه به‌رهه‌می (جوانترین دێ)دا شیعره‌كانی (دایكم) و (پاك‌و خاوێنی) و (باخچه‌ی فێرگه) بۆ منداڵانی سه‌ره‌تای قۆناغی خوێندن و ته‌نانه‌ت هی باخچه‌ی منداڵانیش گونجاون. بۆ نموونه له شیعری (مناڵانی باخچه)دا ده‌ڵێ:
ئێمه مناڵی باخچه‌ین
داده‌كانمان
فێرمان ده‌كه‌ن هۆنراوه‌ی جوان
له‌به‌ر كه‌ین…
(دیوانی مناڵان، ل276)
به هه‌مان شێوه له كۆمه‌ڵه به‌رهه‌مه‌كانی دیكه‌یدا، چه‌ند شیعرێكی تری هه‌یه كه بۆ منداڵانی گچكه ده‌ست ده‌ده‌ن، له‌وانه شیعری (مناڵانی باخچه) و (ڕۆژانی هه‌فته) و (نان خواردن) و (باوك و دایك)… شیعری ساده و ئاسانن، وشه‌كان سه‌ر به فه‌رهه‌نگی منداڵن و دوورن له به‌كارهێنانی وێنه‌ی قورس و ئاڵۆز، بۆیه ئه‌و ئه‌نجامه‌ی (موزه‌فه‌ر مسته‌فا ئیسماعیل) له لێكۆڵینه‌وه‌كه‌یدا كه له‌سه‌ر چیرۆكی منداڵانی (له‌تیف هه‌ڵمه‌ت) نووسییه‌تی له چیرۆكی (جوانترین دێ)دا پێیگه‌یشتووه، ئه‌وا له‌سه‌ر به‌شی زۆری شیعره‌كانیشی جێبه‌جێ ده‌بێ، به‌ڵام له‌سه‌ر كۆی شیعره‌كانی نا، چونكه ئه‌و شیعرانه‌ی باس كران ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌ن كه به‌شێكی كه‌م له شیعره‌كان بۆ منداڵی خوار ده ساڵییش گونجاون.
به‌شێكی ده‌قه‌كانی له‌تیف هه‌ڵمه‌ت كه بۆ منداڵان نوسراون، پهخشانهشیعرن، كه دیاره “په‌خشانه شیعر نووسینێكه له ڕواڵه‌تی په‌خشاندا به‌ڵام هه‌ڵگری توخمه باوه‌كانی شیعره، وه‌ك: كێش، هونه‌ره كه‌لامیه‌كان، له‌حنی تایبه‌ت، سه‌روای ناوه‌كی، هاوئاهه‌نگی پیته‌كان و وێنه دیداری و ژنهفتهنیهكان”.(11) به‌شێك له په‌خشانه شیعرییه‌كان وشه‌ی قورس و خوازه و وشه‌ی جوت مانای وای تێدا هه‌یه، كه‌م منداڵ هه‌یه تێی بگات. له په‌خشانه شیعری (دارستان)دا وه‌های نووسیوه:
بۆ نایه‌ڵن تاوێ له‌سه‌ر
سه‌وزه گیای قژ نه‌رما بۆ خۆم
له‌سه‌ر گازهرای پشت ڕاكشێم
كاژی ماندوێتێ دووریی ڕێم
دابماڵم له ئه‌ستۆم..
له گۆمی خه‌وی شیریندا.. هێمن هێمن..
تهپو تۆزی كۆچ‌و بارم له خۆم بشۆم..
(دیوانی مناڵان، ل43)
ئایا منداڵ له‌م وه‌سف و گوزارشت و ڕه‌وانبێژییه تێده‌گات؟ دیاره ئه‌م وێنه شیعرییانه بۆ منداڵ قورسن، به‌تایبه‌تی بۆ منداڵانی خوار ته‌مه‌نی ده ساڵان، وه‌لێ ئه‌و خۆی باس له‌وه ده‌كات كه ناتوانێ له (10-12) ساڵ زێتر خۆی بچووك بكاته‌وه، بۆیه ده‌بینین به‌شێك له چیرۆكه‌كانیشی بۆ منداڵان قورسن “چیرۆكه‌كانی له‌تیف هه‌ڵمه‌ت زۆربه‌یان بۆ منداڵانی قۆناغی (8-12) ساڵی نووسراون. هه‌روه‌ك خۆی ده‌ڵێت من ناتوانم له 10-12 ساڵی زیاتر خۆم بچووك بكه‌مه‌وه”.(12)
ئه‌و له شیعره‌كانیشیدا وه‌ك كه‌سێكی زمانپاراو و كوردیزانێكی كارامه ده‌ركه‌وتووه، وه‌لێ ئه‌و كوردیزانییهی ئه‌گه‌ر له زۆر باردا كۆمه‌كیان كردبێ تا شیعری به‌پێز و قه‌شه‌نگ بۆ منداڵان بنووسێ، ئه‌وا له هه‌ندێ شوێندا، بوونه‌ته هۆی گرانكردنی فۆرمی شیعره‌كانی و وه‌ك ده‌قێكی ئاڵۆز و ته‌مومژاوی خۆیان پیشانی منداڵ بده‌ن، بۆ نموونه منداڵ چ له وشه‌كانی (ڕهزن، یادگه، ده‌غه‌زار، قه‌قنه‌س، مهڵۆش، هه‌ژگ، تیلماسك، زگار، كاكێشان، چنچڵی، ڕچی، پۆرخز، ناقڕه و بۆقه‌ته…) تێده‌گات، یان ئه‌گه‌ر له ناوچه‌یه‌كیش به‌كار بێن، به‌شی زۆری منداڵی ناوچه‌كانی دیكه‌ی كوردستان، كه دیالێكت و به‌شه دیالێكتی دیكه ده‌ئاخفن، له‌وه ناچێ تێی بگه‌ن.
له‌تیف هه‌ڵمه‌ت كۆمه‌ڵێ وشه و زاراوه‌ی جوانی له ده‌قه ئه‌ده‌بییه‌كانی به‌كار هێناوه، ئاخر ئه‌و فه‌رهه‌نگی شیعره منداڵانییه‌كانی پڕن له وشه‌گه‌لی (گوڵ، نیشتیمان، به‌هه‌شت، په‌ری، خه‌نده، باخچه، هێلانه، جۆلانێ، په‌پووله و ئاسمان و هتد…)، به‌ڵام له به‌كاربردنی زۆر وشه و زاراوه‌یش كه ڕه‌نگه زۆر پێویست نه‌بن له تێكستی منداڵاندا به‌كار بێن، كه‌چی ئه‌و به‌كاری هێناون، به‌تایبه‌تی له ئه‌زموونه بهراییهكانیدا، وشه‌گه‌لی (قه‌ناره، خوێن، په‌ژاره، تابووت، چه‌په‌ڵ، دێزه، نه‌گریس، به‌دكار، دڕنده، بۆگه‌ن، ناپاك، بێ ئه‌مه‌ك، تف، تفه‌نگ، تانك…) له تێكسته‌كانیدا ده‌بینرێن، كه ئه‌مه‌ش ئه‌گه‌ر زیانی به ئه‌ده‌بی منداڵانی ئه‌و نه‌گه‌یاندبێت، ئه‌وا هه‌رگیز قازانجی نه‌بووه، ئه‌مه بهلهربهچاوگرتنی ئه‌وه‌ی كه هه‌ندێكیان به‌ر له سی چل ساڵ له‌مه‌وبه‌ر نووسراون، بۆیه ئه‌گه‌ر بكه‌ونه به‌ر دادگای ڕه‌خنه‌ش ده‌بێ ڕه‌چاوی ئه‌و سه‌رده‌مه بكرێت و به چاوی ئه‌و قۆناغه هه‌ڵبسه‌نگێنرێن. به‌ڵام ئه‌و چونكه فه‌رهه‌نگی زمانی ده‌وڵه‌مه‌نده و له به‌كاربردنی وشه و ڕسته‌دا خودان ئه‌زموون و وه‌ستاییه‌كی چاكه، زێده‌ڕۆییی نییه گه‌ر بڵێین هیچ ڕسته و به‌یت و وێنه‌ی كرچوكاڵ و بێ واتا نادۆزیته‌وه، ئه‌گه‌ر هه‌شبێ زۆر ده‌گمه‌نه، هه‌روه‌ها له وشه و زاراوه‌ی نێو دیالێكتی كرمانجی خواروودا شاره‌زایه و تا ڕاده‌یه‌كی زۆریش ڕه‌چاوی ڕێنووسی جوانی كردووه و جوان مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا كردووه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش له هه‌ندێ شوێندا له پێكه‌وه‌لكاندنی وشه و پاشگرێك، یا له یه‌ك جوداكردنه‌وه‌ی پێشگرێك و وشه‌یه‌كدا، وه‌كو پێویست ورد مامه‌ڵه‌ی نه‌كردووه، بۆ نموونه له چیرۆكه شیعری (جوانترین دێ)دا نووسیویه‌تی:
گونده‌كه‌م له هه‌موو جیهان قهشهنگترهو كانیه
بچكۆله‌كانیشیی له هه‌موو ده‌ریاكانی جیهان گه‌وره‌ترو
شۆخ‌و شه‌نگ تره
(دیوانی مناڵان، ل21)
ئه‌مه له كاتێكدا ئه‌گه‌ر بۆ (كانییه)ش یه‌ك (ی) به‌كار بێنێ و بنووسێ (كانیه)، به‌ڵام دیار نییه بۆچی له‌باتی (بچكۆلهكانیشی)، نووسیویه‌تی (بچكۆله‌كانیشیی)! یان له (قه‌شه‌نگتر) و (گه‌وره‌تر) دروستی نووسیوه، كه‌چی هه‌ر له دوای ئه‌وه له‌باتی (شۆخ‌و شه‌نگتر)، نوسیویه‌تی (شۆخ‌و شه‌نگ تر). هه‌روه‌ها (بووكه‌شووشه)ی به (بووكه شووشه) و (بووكه شوشه)ش نووسیوه، له‌باتی (جوانیی دایك)، ئه‌و (جوانی دایك)ی نووسیوه، له هه‌مان ده‌مدا (با نابینرێ)ی كردووه‌ته (با نابیینرێ)، (گۆرانیی پیته‌كان)ی نه‌نووسیوه و (گۆرانی پیته‌كان)ی نووسیوه، وشه‌ی (له‌سه‌رخۆ)ی به (له سه‌ر خۆ) نووسیوه، كه‌چی له‌جیاتی (با پیر نه‌بین) ئه‌و (باپیر نه‌بین)ی نووسیوه… ئێمه ده‌زانین به‌یه‌كه‌وه لكاندنی وشه له‌گه‌ڵ پێشگر و پاشگر، یا نووسینی یه‌ك (و) و دوو (و)، یا به‌كار هێنانی یه‌ك (ی) و دوو (ی) له زمانی كوردیدا به‌تایبه‌تی له ڕێنووسی ئه‌لفبای عه‌ره‌بیدا كێشه‌ی زۆری هه‌یه و یه‌كلا نه‌كراونه‌ته‌وه، چونكه “چه‌ند جارێك كۆڕ و كۆبوونه‌وه و سیمیناری تایبه‌ت ڕێك خراوه بۆ یه‌كخستنی ڕێنوسی زمانی كوردی و ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر هه‌ندێك وشه و زاراوه كه كێشه‌ی تێدا هه‌یه، به‌ڵام به‌شی زۆری ئه‌و گردبوونه‌وانه ئه‌نجامی دڵخۆشكه‌ری لێ نه‌كه‌وتووه‌ته‌وه”.(13) به‌ڵام ئه‌م نموونانه‌ی باسمان كردن ده‌كه‌ونه ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و كێشانه‌وه.
هه‌روه‌ها له‌تیف هه‌ڵمه‌ت له به‌كارهێنانی هه‌ندێ وشه‌دا، وه‌كو پێویست و ورد مامه‌ڵه‌ی نه‌كردووه، ئه‌گه‌رچی ئه‌و وشانه زۆر ده‌گمه‌نیش بن، به‌ڵام مادام له به‌رهه‌می سه‌ر به ئه‌ده‌بی منداڵاندایه، زووتر هه‌ستی پێ ده‌كرێ و كه‌متر بواری ئه‌وه‌ی تێدایه له‌ژێر ناوی گه‌مه‌كردن به وشه و لێسه‌ندنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌م وشه و پێدانی به‌و وشه‌دا جێگایان بكرێته‌وه، نازانم بۆچی ئه‌و (مه‌ڕ و په‌ز)ی پێكه‌وه به‌كارهێناوه، له‌كاتێكدا یه‌ك ما‌نایان هه‌یه و له‌نێو ئه‌و ده‌ربڕینه جوتپهیڤانهشدا جێگای نابێته‌وه كه له كوردیدا باون، وه‌كوو (به‌ژن و باڵا)، (جێ و مه‌كان) و (به‌خت و مراز)… كه یه‌ك ما‌نایان هه‌یه و هه‌ندێ جار هه‌ردوو وشه‌كه كوردین و هه‌ندێ جاریش وشه‌یه‌كیان كوردییه و ئه‌وه‌ی دیكه هی زمانێكی دیكه و هاتووه‌ته نێو زمانی كوردییه‌وه.(14) هه‌روه‌ها وشه‌ی (پڕمه) بۆ گریان به‌كار دێ، كه به واتای (شیوه‌ن، گریانی به‌هێز، گریانی له‌ناكاو) دێ،(15) كه‌چی ئه‌و (پڕمه‌ی پێكه‌نین)ی به‌كار هێناوه. له شوێنی دیكه‌دا (فرمێسكی قاڵ) و (كۆتری مۆر)ی به‌كار هێناوه! هه‌روه‌ها له شیعری فێركاریدا وه‌ك چۆن گرنگه شاعیر زمانێكی ساده و نه‌رم به‌كار بێنێ و خۆی دوور بگرێ له زمانی ئامۆژگاریی ڕاسته‌وخۆ، له‌ویش گرنگتر ئه‌وه‌یه زانیاریی نادروست به منداڵ نه‌ڵێت، كه‌چی دیار نییه بۆچی ئه‌و به منداڵان ده‌ڵێت سه‌رچاوه‌ی ئاوی ڕووباری دیجله ده‌ریاچه‌ی وانه!
ئه‌نجام
له‌تیف هه‌ڵمه‌ت وه‌ك شاعیر و چیرۆكنووسێكی دیار له نیوه‌ی دووه‌می حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی ڕابردووه‌وه ده‌ستی داوه‌ته نووسین و وه‌رگێڕانی شیعر و چیرۆك بۆ منداڵان و تا ئێستاش به‌رده‌وامه، ئه‌گه‌ر زێوه‌ر و به‌شێك له هاوڕێكانی ڕێبه‌رایه‌تی ئه‌ده‌بی منداڵانی كورد بكه‌ن له بیسته‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردووه وه تا كۆتایی نیوه‌ی یه‌كه‌می سه‌ده‌ی ڕابردوو. گۆران و ئه‌دیبانی دوای خۆیشی به نه‌وه‌ی دووه‌می ئه‌ده‌بی منداڵانی كورد دابنرێن، ئه‌وا له تی‌ف هه‌ڵمه‌ت له چاره‌گی كۆتایی سه‌ده‌ی بیسته‌م به نوێكه‌ره‌وه‌ی زمان و فۆرم و ناوه‌رۆكی شیعر و چیرۆكی منداڵان داده‌نرێت. ڕاسته به‌ر له له‌تیف هه‌ڵمه‌ت، له ئه‌ده‌بی كوردیدا شیعری ئازاد بۆ منداڵان نوسراوه، به‌ڵام ئه‌و له ڕووی ژماره‌وه زۆرترین شیعری ئازاد و چیرۆكه شیعر و په‌خشانه شیعری بۆ منداڵان نووسیوه، جگه له پێشخستنی هونه‌ره‌كانی چیرۆكه‌شیعر و ده‌مه‌ته‌قێ و شیعری ئازاد له ئه‌ده‌بی منداڵانی كورددا، هه‌روه‌ها چ وه‌ك وه‌رگێڕان یا سوود وه‌رگرتن له بیرۆكه‌ی ده‌قی ئه‌ده‌بی بێگانه، به‌رهه‌مگه‌لێكی عه‌ره‌بی و ئازه‌ری و هی تری كردووه به كوردی، ئه‌و یه‌كێكه له‌وانه‌ی بایه‌خی زۆری به وه‌رگێڕانی ئه‌و ده‌قه ئه‌ده‌بییانه داوه كه له‌لایه‌ن منداڵانه‌وه بۆ منداڵان نووسراون. ئه‌گه‌رچی مێژووی نووسینی له‌سه‌ر هیچ یه‌كێك له تێكسته‌كانی نه‌نووسیون، به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ی له ڕێگه‌ی ساڵی بڵاوكردنه‌وه‌ی چاپی یه‌كه‌می كتێبه‌كانییه‌وه ده‌رده‌كه‌وێ ئه‌وه‌یه كه زمان و ستایلی نووسینی هه‌موو شیعره‌كانی وه‌كوو یه‌ك نیین. ئه‌ویش وه‌كوو شاعیرانی پێش خۆی و هاوسه‌رده‌می خۆی، سه‌ره‌تا به شیعر و نووسین بۆ گه‌وران ده‌ستی پێكردووه، دواتر ئاوڕی له بواری ئه‌ده‌بی منداڵان داوه‌ته‌وه. هه‌روه‌ها به سه‌رنجدان له كۆی به‌رهه‌مه‌كانی له‌تیف هه‌ڵمه‌ت به شیعر و په‌خشانییه‌وه، ئه‌وه‌ش ده‌رده‌كه‌وێت كه ناوبراو هه‌رگیز شیعری ئایینی و شیعری گاڵته‌وگه‌پ و مه‌ته‌ڵه شیعری نه‌نووسیوه. چیرۆكی كورت و درێژیشی هه‌یه، به‌ڵام له ئه‌زموونی نوسینیدا هیچ ڕۆمان و نۆڤڵێتێكی بۆ منداڵان نه‌نووسیوه.
—————————————–
په‌راوێز
– چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ له‌تیف هه‌ڵمه‌ت، سازدانی: فریاد محه‌مه‌د، گۆڤاری (په‌یامی ڕاستی)، ژماره (84)، زستانی (2009)، ل54-59.
2 – سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل54-59.
3 – سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل54-59.
4 – حه‌مه ساڵح فه‌رهادی، پێگه‌ی شیعری منداڵان لای شاعیرانی كورد، له بڵاوكراوه‌كانی ئه‌كادیمیای كوردی، به‌رگی یه‌كه‌م، چاپخانه‌ی حاجی هاشم، هه‌ولێر، 2013، ل177.
5 -https://ckb.wikipedia.org
6 – له‌تیف هه‌ڵمه‌ت، گه‌رده‌لوولی سپی، له چاپكراوه‌كانی كۆڕی زانیاری كورد، چاپخانه‌ی كۆڕی زانیاری كورد، به‌غدا، 1978، ل33.
7 – كۆمه‌ڵێ پسپۆڕی ئه‌مه‌ریكی، گه‌مه له ژیانی منداڵاندا، وه‌رگێڕانی: كه‌مال فاروق، له بڵاوكراوه‌كانی ده‌زگای وه‌رگێڕان، چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده، چاپی یه‌كه‌م، هه‌ولێر، 2005، ل53.
8 – سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل54.
9 – عه‌زیز گه‌ردی (د.)، سه‌روا-لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی شیكاریی به‌راورده له شیعری كوردیدا، ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاراس، چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری، چاپی یه‌كه‌م، هه‌ولێر، ل6.
10 – مڤفر مصگفی اسماعیل، ڕوخسار و ناوه‌ڕۆكی چیرۆكی منداڵان لای له‌تیف هه‌ڵمه‌ت، له بڵاوكراوه‌كانی ئه‌كادیمیای كوردی، چاپخانه‌ی حاجی هاشم، هه‌ولێر، 2011، ل180.
11 – به‌ختیار سه‌جادی و محه‌مه‌د مه‌حموودی، فه‌رهه‌نگی شیكارانه‌ی زاراوه‌ی ئه‌ده‌بی، ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاراس، چاپی یه‌كه‌م، هه‌ولێر، 2004، ل 113.
12 – مڤفر مصگفی اسماعیل، ڕوخسار و ناوه‌ڕۆكی چیرۆكی منداڵان لای له‌تیف هه‌ڵمه‌ت، له بڵاوكراوه‌كانی ئه‌كادیمیای كوردی، چاپخانه‌ی حاجی هاشم، هه‌ولێر، 2011، ل183.
13 – زیاد ڕه‌شاد قادر، زمان و میدیا، چاپخانه‌ی ڕۆژهه‌ڵات، چاپی یه‌كه‌م، هه‌ولێر، 2013، ل 33.
14 – بۆ زانیاریی زێتر بڕوانه: (Nezir Ocak, Waneyen Rezmana Kurmanci, wzsanen hesrane2, Capxane Kayhan matbazcilik, capa yakamin, rezber 2014, R51.)
15 – بۆ زانیاریی زێتر بڕوانه: (هه‌ژار، هه‌نبانه بۆرینه، انتشارات صدا و سیمای جمهوری اسلامی ایران، تهران، 1368، ل106) و (موحه‌ممه‌د مه‌ردۆخی كوردستانی، فه‌رهه‌نگی مه‌ردۆخ، لێكۆڵینه‌وه و ئاماده‌كردنی: ڕه‌ئوف ڕه‌هنموون، به‌رگی یه‌كه‌م، خانه‌ی بڵاوكردنه‌وه‌ی پڕتهوبهیان، چاپی یه‌كه‌م، سنه، 1388ی هه‌تاوی، ل 347) و (عه‌بدولوه‌هاب شێخانی، فه‌رهه‌نگی شێخانی، ده‌زگای توێژینه‌وه و بڵاوكردنه‌وه‌ی موكریانی، چاپخانه‌ی خانی، دهۆك، 2009، ل122).
تێبینی:
سه‌رجه‌م نموونه شیعرییه‌كان له‌م سه‌رچاوه‌یه وه‌رگیراون: (له‌تیف هه‌ڵمه‌ت، دیوانی منداڵان- شیعر‌و چیرۆك بۆ منداڵان، له بڵاوكراوه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی ڕووناكبیری و كۆمه‌ڵایه‌تیی كه‌ركوك، چاپی سێیه‌م، كه‌ركووك، 2013).