Skip to Content

لە دەفتەری بیرەوەریی رۆژانەوە-35- ستیڤان شەمزینی

لە دەفتەری بیرەوەریی رۆژانەوە-35- ستیڤان شەمزینی

Closed
by شوبات 2, 2022 General

فلاشباک


بەشی سی و پێنج

ئەمڕۆ هەست بە شێتبوونی خۆم ئەکەم. رەنجەکەمان با بردی. کارمان کرد بۆ ئەم کۆتاییە تاڵە. سەرم خستۆتە ناو کۆشم و فرمێسک بۆ ئەو هەموو ماندووبوونە بێ ئەنجامە ئەڕژم، ئەوەی پێی دەوترا کارکردن بۆ شۆڕش گەمەیەکی دۆنکیشۆتانە بوو، پڕ بوو لە گاڵتەجاڕیی هەرزەکارانە، ئەو هەموو کار و هەڵسوڕانەی کردمان تەنیا یارییەکی سیزیفی بوو، چەند قێزەونە بە ناوی کۆمۆنیزمەوە، بە ناوی هیومانیستی و موبارەزەوە بێیتە مەیدان، کەچی هەموو ئامانج کورت بێتەوە، بۆ مافی پەنابەریی لە بەهەشتی سەرمایەداریی “ئەمەریکا و کەنەدا و ئەوروپا”!؟ هەر چەند لە روانگەی فەلسەفییەکەوە، کۆمۆنیزمم تەلاق نەداوە، بەڵام ئیتر هیچ کات ناتوانم لەگەڵ هیچ حزب و رەوت و دەستەیەک، کاری سیاسیی و رێکخستن بکەم، ئیدی خۆم بە تەنیام لە گۆڕەپانەکەدا. قەڵەمەکەم ئەخەمە کار و بە هێزی وشە مامەڵە لەگەڵ دنیا و واقیع ئەکەم. مارکس جارێک وتی “چەکی دەستم قەڵەمەکەمە”.
زیاتر لە دوو مانگە لەسەر فۆرمی “زەردەشت وەهای گوت”ی نیتشە، سەرقاڵی نووسینی چەند پرتە و بۆڵەیەکم، کە لە وڕێنەی شێتەکانی شار ئەچێ و چەند جار بۆ هاوڕێیەکم خوێندەوە هیچ لێی تێنەگەیشت. یان ئەوەتا ئاستی نووسینم چۆتە سەر یان شێت بووم و ئەبزڕکێنم، بەهەرحاڵ لەو دوو مانگەدا ئەمانەم نووسیوە:
*بێدەنگیم پڕە لە هاوار، هاوارەکانم پڕن لە بێدەنگی، من هەم هاوار و هەم بێدەنگیم.
*لە دەریا دەچم، ناتوانم تووڕەیی خۆم بشارمەوە، بەڵام تووڕەییەکەشم تابلۆیەکی جوانە.
*پێم خۆشبوو فێری بیرکردنەوە نەبم، چوونکە ئەوسا ئەم جیهانە بۆگەنەم نەدەناسی.
*هەموو رۆژهەڵاتییەکان تەنیا خەون دەبینن، ئیدی خەونیش هەرچی بێت واقیع نییە.
*زۆربەمان لاسایی فیزی جەلادەکان دەکەینەوە، لە ‌کاتێکدا ئێمە خۆمان قوربانین.
*ئێمە بە چەندان شێوە فێری مردن کراوین، تەنیا جارێک نەمانتوانیوە فێری ژیان بین.
*کاتێک سەرەو خوار هەڵمدەواسن، دڵنیام هاوڕێکەم دەستدەکاتە گیرفانم بۆ پارەیەکی ئاسن.
*ئەگەر پێتوایە مرۆڤێکی پاکژیت، بیر لەوە بکەرەوە پێت نەخستبێتە سەر شارە مێروویەک.
*لە کۆتاییدا ژیان دەڕوات و مەرگ دێت، کەواتە لە ئێستاوە لە دێوەزمەی مەرگ تێبگە.
*خەون بە دەوڵەمەندییەوە مەبینە، دەوڵەمەندەکانیش خەون بە بەختەوەرییەوە دەبینن.
*کەوتوومەتە دژاورییەکەوە، بۆم دەرکەوت هاوڕێ نزیکەکانم هەموویان کەمتیار بوون.
جیا لەمەش، رۆژانە لەگەڵ خۆم ئەدوێم، تەنیا پێک و جگەرەکەم هاوڕێمن، دوورم لە هەموو کەس، جار جار لە رێی ئیمەیلەوە هەواڵی هەندێ برادەر ئەپرسم، بەڵام دیمەنەکە ئەڵێی رۆژی حەشرە، کەس لەسەر کەس ناوەستێ و کەس ئاوڕ لە کەس ناداتەوە. دوێنێ من و خۆم گفتۆگۆمان بوو کە بەمشێوەیە دایەلۆگمان ئەکرد:
خۆم: تۆ چۆن خۆت خستە گێژاوی سیاسەت و حزبایەتی. کە لە ئەزەلەوە بۆ عەشق و شیعر دروست ببوویت؟.
من: هەڵەیەک لە ئارادایە، ئێمە سیاسەت هەڵنابژێرین، بەڵکو ئەو ئێمە هەڵدەبژێرێ. دوو رێگە هەبوو، یان ببمە بەشێک لەو مێگەلەی رۆژانە دەسەڵات ملهوڕانە ئەیچەوسێنێتەوە یان ببمە ئەنتی دەسەڵات. تەنیا ئەو شتە بە دەست خۆم بوو، کە کامیان هەڵدەبژێرم! بە ناچاریی دووەمم هەڵبژارد، بەڵام دانی پێدا ئەنێم فاشیل بووم.
خۆم: رێگەی سێهەم لەبەردەمتا بوو، لە نێوان کۆیلە و ئەنتی دەسەڵات، کە لایەنگرییکردن بوو لە دەسەڵات.
من: جا کێشەکە لێرەدا دروست بوو، کە میتاڵەکەم بە کەڵکی ئەو کارە نایەت کە وەک رێگەی سێهەم باست کرد،
ئەو مۆراڵەی تائێستا هەمە ئەوەیە دژی هەر چەشنە چەوساندنەوەیەکم، نەخاسمە خۆم ببمە پشکداری چەوسێنەرەکان.
خۆم: هەست ناکەیت تۆ زۆر کەسێکی میسالیت؟ بڕوا ئەکەم لە بیرکارییدا قوتابییەکی باش نەبووبی!!.
من: شەڕی زاراوەم لەگەڵ مەکە، ئەوە منم و بەو جۆرەم، ئیتر میسالیم یان نا، ئێوە بڕیاری لەسەر بدەن. ئەگەر مەبەستت لەوە بێ تا ئێستا بیرم لە سامان و پارە نەکردۆتەوە، زۆر راستە زۆر کۆڵم لە بیرکاری و ژمێرەدا، چوون لەززەت لە ژماردنی پارە نابینم، هەرچەند تا ئێستا بەهۆی خانەوادەکەمەوە گیرفانم خاڵی نییە لەو کاغەزە نەفرەتییە.
خۆم: ئەکرێ پێمان بڵێی پڕۆژەی ئایندەت چییە؟ وەک خۆت ئەتەوێ چی کارێک بکەیت و چۆنیش؟.
من: پڕۆژەی ئایندەم ئەوەیە هیچ پڕۆژەیەکم نییە. بێ پڕۆژەییش خۆی پڕۆژەیەکە. چۆن بێلایەنی لە سیاسەت بۆ خۆی جۆرێکە لە سیاسەت، بێ پڕۆژەیش خۆی پڕۆژەیەکە بۆ هیچ شتێک.
خۆم: سەرم گێژ ئەخوات، سندانت لێ بدات، جا کێ سەر لەم بەیت و بالۆرە و بێنە و بەردەیەت دەرئەکات؟.
من: ئەوە کارێکی باشە کە تێناگەی. تۆش بڕۆ بە لای ئیشتەوە. سەرقاڵی پڕۆژەکەمم واتە پڕۆژەی بێ پڕۆژەیی.

5-4-2001

تێبینی: ئەم بەشە لە لاپەڕە 118-122 کتێبی “فلاشباک”چاپ و بڵاوکراوەتەوە. کتێبەکەش لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٧ چاپ بووە.

Previous
Next
Kurdish