Skip to Content

تڕاژیدیای گوێزانەوە لە شیعری ژیان لە موسافیرخانەدا.. لێکۆڵینەوە: عەلی شێخ عومەر

تڕاژیدیای گوێزانەوە لە شیعری ژیان لە موسافیرخانەدا.. لێکۆڵینەوە: عەلی شێخ عومەر

Closed
by كانونی یه‌كه‌م 2, 2022 General, Literature, Slider



گەر تێشووی دەق لە ڕێگای گومانەوە، نهێنی گەشتێکی یەقینی هەڵگرتبێ، بییەوێت بگات بە ویستگەیەک، وەرگر ئاڵودەی پرسیارێ بکات، ئایا تا چ ئاستێ نووسینی شیعر و ئەدەب لە ژیانەوە نزیکن! ئایا هەردووکیان بە جۆرێک لە جۆرەکان بە دوای نەمریدا ناگەڕێن! ئایا نووسین دەرخەی مانەوەی یەقین نییە! سڕکردن و تیمارکردنی ئازارەکانی گومان نییە، سیحری ونبوونێکی کارامەش نییە، دۆزینەوەی خود نیشتەجێبوونی لەنێو پێدراوەکانی دەق دا، ئایا ئەزموونی کردنەوەی سەرجەم ئەو دەرگاو دەروازانەنین کە بنووس بە دەقەوە گرێدەدات! ئایا لە دەنگی سادەی دەقەوە ئاوێزانی سەدایی ئالۆزو ڕۆحی دووەمی نووسەر نابین، یان لە هاوسەرگیری شیعر سەفەردا، لەنێو کردەی ڕێککەوتنی نێوان نووسەرو وەرگردا، ناکەوینە نێو دەرهاویشتەکانی یەقین و گومان، ژیان و مردن، بیرۆکەی هەڵگرتنی تێشووی سەفەرێک لە مووسافرخانەی ژیاندا، لە وێنەیەکدا ڕەتووش ناکرێت، لە دوالیزمەی هاودژەکاندا تڕاژیدیای گوێزانەوە لە شوێنەوە بۆ ناشوێن، لە وێنەوە بۆ ئاوێنە، فشارێک ناخاتە سەر فاکتەرەکانی ئاسۆی بوون، لەنێو سروشت و خەون دا، تێڕامان و قەیرانی هاوکێشەیەک دروستناکات، هەڵبەت پێداچوونەوەی خەون و بەرجەستەکردنی لە داکەوتەکانی بەردەست دا، مونتاج کردنی فاکتەکانی ژیانە، زەقکردنەوەی ڕێساکانی مردنە، لەنێو خود دا وێنە و ڕەنگدانەوەی خۆی دەبێت، ئایا نمایشکردنی وێنە لەنێو ئاوێنەدا، بەسە بۆ ناساندنی خودی شاعیر، کاتێ هیچگەرای ژیان وەک سەفەرێک، ڕێگای ئەوەی لێدەگرێت خود بە نەمری لەنێو دەقدا ببینێت، هەڵاتن لە پرسیارەکانی جێگیربوون لەنێو دەقی شیعر و شوێندا، دەتوانێ لە ناشوێندا وەڵامی پرسیارەکانی گومان بداتەوە، بۆ دەژین ئەی بۆ دەمرین، بۆ دەنووسین، لە زیندگیدا هەمیشە حەزدەکەین هەوێنی بۆشاییەکانی سەفر بگرینەوە، خۆمان بنووسینەوە، بیرۆکەی سەرەکی سەفەرکردن، گەر خۆ جیاکردنەوە نەبێت لەوانی تر، ئەءا گەشتێکە بۆ خۆ دۆزینەوەی وێنەیەک، زیاتر لەو وێنیەیەی لە ئاوێنەی گەشتەکەیدا، خۆمان بەدی دەکەین، شیعری “ژیان لە موسافیرخانەدا”1، شیعرێکی نایابی “موحسین ئاوارە” یە، ئەم شیعرە لە نۆ کۆپلە پێکهاتووە، هەر لە ناونیشانەکەیەوە، بەرکەوتنی ڕاستەوخۆ لەتەک ژیاندا دەکات، ئاماژە بە خەسڵەتی بێ لایەنی شوێندەکات، پابەندنەبوونی خود بەپێی بنەماکانی هاوشێوەبوون، دەکاتە جەمسەری جیاوازی لە تێڕوانیندا، جووڵەی ڕاستەوخۆی خود بە ئاڕاستەی شوێن دەبێتە ڕەهەندێکی زیندوو، لە بیرەوەری شاعیر و لە زمانی شیعریدا شوێنی خۆی دەگرێت، زمانی شیعری خۆی لە خۆیدا، لەنێو زمانی سواوی ڕۆژانەدا گەشتێکە، پارادۆکسێ لە دژی دەستەمۆکردنی شوێن لە دۆگما دا فەراهەمدەکات، ژیان لە موسافیرخانە دا پۆلینکردنی شوێنە، دەرخەی وێنەیەکی تری شوێنە، لە جوگرافیایی خۆیدا دەتوانێ ئاسەوار و تێڕوانین و سنووری دەقی شیعری ئاسایی تێپەڕێنێ، کێشەی سنووری دەقی شیعری، سنووری وێنەی خود و ئاوێنە پێکەوە ببەستێ، گوێنەدانی خود بۆ سروشتی سەفەر، خۆ نەبینینی جیاواز، جۆرێک نییە لە مردن، گیرسانەوە بە هەستێکەوە، بە تاقە شوێنێکەوە، لێکەوتەی چ پەرچەکردارێ لە گووتاری شیعری “موحسین ئاوارە”دا فەراهەمدەکات، چۆن چۆنی لەنێو تێکستدا ئەو فێگەرانە دەخاتە سەرپشت، کە خۆی تێدا شاردووەتەوە، بەڕیزە پەیوەندییەکی دەلالیەوە دەورووخولی ئەو وێنانە دەدات، کە مانا لە ناوەڕۆک، پرسیار لە وەڵام، بنیاد لە هەڵوەشاندنەوە بەرهەمدەهێنێ، بۆ داگەڕان بە نێو دنیای شیعری “ژیان لە موسافیرخانە”دا هەر لە ناونیشانەکەیەوە، لەنێو کردەی ڕێکەوتنی نێوان نووسەرو وەرگردا، ئامبازی ئاخنینی کلیلی کردنەوەی دەروازەکانی دەق دەبین، بەرکەوتنێ لەنێوان دوو شتی جیاوازدا دەکەین، لە پتەوکردنی پەیوەندییەکدا، یەکتر تەواودەکەن، ڕەنگدانەوەی ژیان وەک بگۆڕێ، لە شوێنێکدا هاوشان لە تەکیدا دەگۆڕێ، هیچ مۆرک و پابەندبوون و شووناسێک هەڵناگرێ، نە خاوەن پێشگرێکە، نە پاشگرێک لە دوای خۆی بە جێدەهێڵێت، موسافرخانە چیرۆکی درزێکە، هەوێنی گومانێک، ڕیرەوی ناجێگیرییەک دەخاتە ڕیزی بوونێکەوە، لە دیاردەی نامۆبووندا، ناتوانێ لە خودی شاعیردا تێزی دڵنەوایی دروستبکات، هەمیشە هەستێکی جیاکەرەوە هەیە، پەیامداری لە کارڕایی گەشت، ژیان لە مردن، دنیای واقیع لە خەیاڵ جیادەکاتەوە، لە ناونیشانەکەوە، درک بەوە جیاکارییە نێوان واقیع و خەیاڵ دەکەین، کاروان عومەرکاکە سوور لە شوێنێکدا دەڵێت “ناونیشان خاڵی جیاکردنەوەی نێوان واقیع و خەیاڵە”2 دژوار نییە بۆ پێشچاوخستن، جێگرتنی دەق، ئاماژە بە دەستبژێری چەند کۆپلەیەک بکەین، هەر لە سەرەتاوە شاعیر بەم جۆرە دەرگای دەقە شیعرییەکەیمان بۆ واڵا دەکات، دەڵێت:

ژیانێک بۆ ڕەوت و سەفر
چراکەی داگیرساوە
بە بەهارستانی ویستگە و بازگەکاندا تێپەڕ دەبێ
تا لە دوا بازگەی مەرگەساتەکەدا
چراکەی لێ وەردەگرن و دەیکوژێننەوە
لە تاریکی وەردەپێچن و دەینێرنەوە ! !

بە شێوازێکی ئەبستراکت، دوور لە دیاردەکانی نەرسیسی شاعیرانە، هاوشان لەتەک دنیایی ڕیالیزمدا، “موحسین ئاوارە”ی شاعیر وەک ئاماژەیەک باس لە دۆخی مرۆڤ دەکات، لە کێشانی وێنەیەکی خۆیدا، ناتوانێ خۆی لەو وێنەیە جیاکاتەوە، کە لە ئاوێنەی بێهودەییدا دەدرەوشێتەوە، جیاکارییەکی وەها بەهێز لەنێوان گەشتەکەی و کۆتاییەکانی ژیاندا نابینێ، بیرکردنەوەی شاعیر بوونێکی بریندارە، ئەزموونی ئەم برینداربوونە لە ئاست پێوەرەکانی سەقامگیری و جێگیربووندا، درزێک لەتەک ژیاندا دروستدەکات، لە وێنەیەکدا پارادۆکسێ لەتەک ئەو هێزە پەیدا دەکات، کە لە دوو دیوی یەک دیاردەدا، هەوێنی ترس و گومانێک لە داگیرسان و کوژاندنەوەی ئەو چرایەدا دەگرێتەوە، لە یەک کاتدا هەم هێمایە بۆ بەردەوامی مانەوەوەی ژیان، هەم بۆ کوژاندنەوە، هەموو هەبوونێک تۆی نەبوونی خۆی هەڵدەگرێت، زەقکردنەوەی کێشەکە، خۆی لە هاوشێوەبوونێکی ئەو وێنەیەدا دەبینێ، بەم کردەیەش شاعیر لێکچواندنێ لەنێوان ڕۆحی خۆی و چراکەدا دەستبەردەکات، لە هەمان کاتدا، شاعیر لە بارودۆخێکی دەروونیدا، بە چەمکی ڕیاڵی “لاکان”ی گوزارشت لە داکەوتێک دەکات، هەڵبەت سیستەمی “لاکان”ی بەم جۆرە باس لە ڕیاڵ دەکات و دەڵێت “ڕیاڵ ئەو جێگایەیە، کە نە خەیاڵ، نە ئاماژە، نە زمان، نە دەسەڵات تێدا ئیشناکەن”3، ئێمە لێرەدا لە بەردەم سیستەمێکین بژاردەی تێدا نییە، ساتە خۆشەکان تەمەن، وەرزە کورتە سەوزەکەی سروشت، کە لە بەهاردا خۆی نمایشدەکات، وەک حەزو بگۆڕێک، بە ناچاری دەبێ لەنێو لەمپەڕو ویستگە نەگۆڕەکان دا تێپەڕێت، لە پڕکردنەوەی درزی نەگۆڕەکاندا، بازگە نموونەیەکی گونجاوە بۆ شکستهێنان، هەڵبەت زنجیرەی پچڕانی خۆشییەکان هەمە ڕەنگن، هەمیشە لە سنوورێکدا جێگیرنین، لە گەمەی شاردنەوەو گەڕاندا، لە کۆتایی چاوشارکێی مردن و ژیاندا، ڕزگاری نابێ، لە کۆتایی دوا بازگەدا، دەستپێشخەری دوا ئەجیندای ڕادەستبوونی زۆرەملێ دەستپێدەکات، ڕادەستبوون بە گوێزانەوەی وێنەی زیندووەوە بۆ ئاوێنەی مردوو، لە ڕووناکییەوە بۆ تاریکی، لە داگیرسانەوە بۆ کوژاندنەوە، جوڵانەوە لە ژیان دا، لە ویستگەی یەکەمی گەشتەکەیەوە کارەساتی پەکخستنی بگۆڕەکانە لەنێو نەگۆڕەکان، کوشتنی دنیایی خۆشییەکانە لەنێو چاوەڕوانییەک، لە پڕ لە دوا بازگەدا لێت دەسەنرێتەوە، لێسەندنەوەی چاوەروانی لێسەندنەوەی هیوایە، جێگیربوونییەتی لە جەستەی ڕیاڵ دا، دەرکردنی ڕۆحی خەیاڵە، بە مردن کۆتایی دێ کە لە پەڕگەی یاخبوونەوە لەناوکۆی سیستەمێکی داخراوی ڕادەستبوون دا دەجوڵێتەوە، لە جوڵاندنەوەی مردندا، ژیان دەوەستێ، گومان نامێنێ، چاوەڕوانی کۆتایی پێدێ، سڕینەوەی وێنەی خود لەنێو ئاوێنەی بێهوودەییدا دەبێتە درزێک، ژیان لە مردن، یاخیبوون لە چاوەڕوانی، ویستگە لە بازگە جیادەکاتەوە، لەنێو ئەم جیابوونەوەیەدا، شاعیر بە جۆرێکی پاسیڤ، ئاماژە بە ستراکتۆری دەقە شیعرییەکەی دەدات، لە کۆپلەیەکی دیکەی هۆنراوەکەیدا، لە دەروشاندنەوەی گۆشەنیگایەکی شاعیرانەوە لە بەرانبەر ژیاندا، پەیامە بەرزەکەی ئەدەب ئاشکرا دەکات، دەڵێت:

ڕۆژێ دێ و .
(ئەو) بە دوامدا ڕادەکا و هاوار دەکات
ئاوڕێکم لێ بەرەوە
دەفتەری بیرەوەریت لە لای من جێماوە
کەچی من
بەسەر باڵی سیمرخی تیژ ڕەوی مەرگەوە
تیژ تیژ تێدەپەرم
کاتێ زانی ناگاتە من و منی لێ بزر بووە
بێهودە و نائومێد دەگەڕێتەوە
ئەوە کێ یە؟ !
(ژیان)
دەرخەی کرۆکی ئەدەبی لە ڕووبەرێکدا لەنگەردەگرێ، تایبەتمەندی تاک لە وێنئارای ڕاستینەیەک نیشاندەدات، کە پێکهاتەی ئەدەب جومگەکانی هاوشێوەبوون، پارادۆکسێ لەتەک دامەزراوەکانی دەرەوەی خۆیدا دروستدەکات، شاعیر سیلەی ئەم پێدراوە دەکاتە دەرچەی بیرۆکەو هەستی جیاواز، لە کردەیەکی گرتنەخۆیدا، قسەکردن و داگەڕان لەسەر دۆخی مرۆڤدا دەکات، لە دنیادا گرنگی دەقی ئەدەبی، بە تایبەت شیعر، لەوەدایە، شاعیران بۆ گەیاندنی پەیامەکەیان ناتوانن ڕووداوەکانی واقیع وەک خۆیان بگێڕنەوە، بەم پێودانە “موحسین ئاوارە” لە هەڵڕژانێکی هەمەکیدا، پەنا دەباتە بەر ڕەگەزەکانی خەیاڵ و فانتازیا، هەر لێرەوە، شاعیر لە گێڕانەوەی تێڕوانینی بۆ واقیعی ژیان، لە ڕیگای منی بکەرەوە پێداگری لەسەر ئەگەری ئەدەبێک دەکات، گومانەکانی ترسی مردن، هەستە سادەکانی نێو واقیع بچووک دەکاتەوە، خۆیی پێی گەورە دەبێ، لە گۆشەنیگایەکی دیکەوە، بەرکەوتنێک لەتەک هەستە سادەکانییدا ڕەتدەکاتەوە، لە شوێنێک دا بە لاپرەسەنییکەوە پێدراوەکانی واقیع بەجێدەهێڵێ، ئاوێزانی دنیا بەرفراوانەکەی جەوهەری ئەدەب دەبێت، هەر سەبارەت بەم بۆچوونە “بەختیار عەلی” لە شوێنێکدا دەڵێت “جەوهەری ئەدەب وەک شوێنێک کە تێیدا هەستە سادەکان، ڕەهەندە ڕاستەوخۆ و پێدراوەکەی واقیع بە جێدەهێڵین”4، هەڵبەت لەنێوان ئێستای دەق و ئایندەی ڕۆژێ دێ، ئەو بۆشاییە لەنێودەبات کە هەرگیز منی شاعیر، بە ئەوی ترەوە نالکێنێ، هەرچەندە وێنەی من بوون، هیچ نییە، جگە لە گەڕانەوە و تەماشاکردنی ئەو ئاوێنەیی ئەویتر لە یادەوەریەکانیدا مانایەک هەڵدەگرێ، ئەمی شاعیر بێ سڕینەوەی ئەو مانایەی لە بیرەوەریدا ئەرشیفکراوە، ناتوانی لە ئاست نەرسیسی شاعیریدا خۆی بەسەرکەوتوو بەدیکات، ئەم خۆبینینەی منی شاعیر، لە ئاست نسکۆو پێدراوەکانی بێهوودەی ئەوی ژیان دا لادانێکە لە چەمکی یەک ڕەهەندی ماناو و خوێندنەوە، کە ئەمی شاعیر بە ئەوی واقیعەوە گرێدەدات، نە پەڕینەوە، نە بازدانی تێدایە، گوزارشتکردن لە ناسینی ئەوی دۆگما، گەڕانەوە نییە بۆ ئاشتەوایی و بەرکەوتن، بەڵکو هاوتەریبێکە، دەرخستنی یاخیبوونێکی بوونەگەراییە، پاراستنی شووناس و دۆزی مانەوەیە، ڕادەستنەبوونی ئەدەبە، بە جۆرێک شاعیر لە ڕێگای خەیاڵ و فانتازیا دا، بریاری ئەوە دەدات، خۆی لە دەست وپەیوەندییەکانی واقیعی ئەوی ژیان ڕزگاربکات، پێادەکردنی خەیاڵ، نزیکبوونەوە لە خود، ئاوێتەبوون لە دنیای شیعرو توانەوە لەنێو ئیستێتیکا، دوورکەوتنەوەو پچڕاندنە لە ڕایەڵە دزیوەکانی ئەوی ژیان، هەستی پێشگری گۆشەگیری گووتاری یاخیبوونە لە ئەوی پاشگری ژیان، ئەم پێشگرو پاشگرە لە ململانییەکی هاوتەریبدان، هیچ کات بەیەک ناگەن، وێناکردنی ئەوی ژیان، بە ڕاناوی کەسی یەکەمی تاکی نائامادە، لە چەمکی فانتازیادا فاکتەرێکی گونجاوە بۆ کرانەوەی ئاسۆکانی دەق بەڕووی وەرگردا، لە ڕیچکەی چەمکی فانتازیاوە شاعیر پەیوەندییەکانی بە ئەوی ژیان و شتەکانەوە دەگۆڕێت، لە گرتەیەکدا حزوری منی قسەکەری شاعیر، بەر لە خوێندنەوەی هۆنراوەکە، بوونی نییە، ئەوە کردەی خوێندنەوەی وەرگرە، منێکی نۆیی شایستە بە ئەدەب فەراهەمدەکات، منێک کە لە چەقگەرایی دەسەڵات و ئەزموونی هەستە سادەکانی ئەوی نائامادە دا خۆی ڕزگاردەکات، کە چیتر ئەمی شاعیر نابزوێنێ، بەرکەوتنی لەتەکدا ناکات، گوێ لە هاوارەکانی ناگرێ، ئاوڕی لێناداتەوە، هەرچەندە گووتاری شیعری پێ لە حەقیقەتی نەهێنی دەفتەری بیرەوەریەکان دەنێ، کە وەک شایەد حاڵ و بەڵگەیەک لای ئەوی نائامادە لە دنیایەک بەجێماوە، کە هیچ ڕەهەندی تازەی پێ نییە، وێنەی شیعری بگەیەنێتە ئەندێشەو سۆز، هەڵچوون لە خوڵقاندنی وێنەیەکی نوێدا، جیابوونەوەو جیاوازییەکی تۆکمە هەیە بە دیوێک لەنێوان تێڕوانینی منی شاعیر لە داڕشتنەوەی دونیا بە شێوەیەکی دیکە، بە دیوێکی تر دەرخستنی حەقیقەتی ئەوی ژیانە، لە درککردنی ئەو جیاوازییە، نەبوونی هاوسەنگی لەنێوانیاندا، شاعیر پەنا بۆ باڵندەیەکی ئەفسانی دەبات، سیمرخ دەکاتە هێمایەکی ئەکتیف، تەژی بە ئومێد، بە نەمری، لە کۆدەنگی پێشبڕکێیەکی هەستییدا، ڕوونان لە پیادەکردنی فانتازیا، دەتوانێ گریمانەی پێشوەختی ماهییەتی شیعری سەرخات، دژوارە ئەوی ژیان پێی بگات، دنیایی ئەدەب وەک واقیعی ژیان شکست و خرتوخاو نییە، تێڕوانینی سادەنییە، بۆیە لە چوارچێوەی فانتازیادا، تێکەڵی دنیای ئەدەب دەبێت، کە هاوشێوەبوون لەتەک پێدراوەکانی دونیایی دەرەوەدا، دروستناکات، وەک نووسەرێکی کارامە، یاخی، لە ڕیساکانی ژیان نارەزاییە، شاعیر لە ڕێگای وێناکردنی هەست و خەیاڵەوە، ئاوێتەی دەقە شیعرییەکەی بووە، لەنێویدا دەژی، لەم کۆپلەیەدا، “موحسین ئاوارە” پێچەوانەی کۆپلەکەی پێشوو، ئەو بەدحاڵیبوونە ڕاستدەکاتەوە، دەتوانێ وێنەی نەرسیسی خۆی لە ئاوێنەی بێهوودەیی جیاکاتەوە، تیژرەو بەسەر ئاستانەکانی مەرگدا تێپەڕێ، سنووری شاردنەوەو گەڕان، ونبوون ودۆزینەوەی ئەو گەمەیە، ببەزێنێ کە لە ژێر ڕیساکانی یەک ئاسماندا بۆی کێشراوە، چیتر تێزی شیعربوون لە تەنگەژەیی گیربووندا ناسرەوێ، بەڵکو لە دەرهەستەکی فانتازیدا، بەسەر باڵی سیمرخەوە سیمرخ ئاسا، لە مردن و سووتانی خۆیدا، سەر لەنوێ زیندوو دەبێتەوە بە نەمری دەمێنێتەوە، نووسینی هەر دەقێکی ئەدەبی، دەرهاویشتەی مردنی واقیعێکی ژیانە، نەمری لە دووی خۆی بەجێدەهێڵێت، باڵابوون و فراوانکردنی ئاسۆکانی دیدەی شیعریی، بانگەشەی پۆلینکردنی بەهرەی منی شاعیرە، گەشەسەندنێکی ناوەخنی خودە، دەروشانەوەی منێکی لێدەکەوێتەوە کە چیتر نایەوێت، ئەوی ژیان، لە ئاوێنەی بێهوودەیی دا بدۆزێتەوە، نە دەیناسێت، نەپێیدەگات، ئەوە جێهێشتن و جیاکردنەوەی ئەو وێنەیەی ژیانە، کە لەتەک وێنەی نەرسیسی خود دا لە دنیایی شیعردا یەکنایەتەوە، کە لە دەسپێک و کۆتایی کۆپلە شیعریەکەیدا، بە هەژاری، بە سادە تێڕوانین لەنێو دوو کەوانەدا، بە مردن و بە ڕەهەندەکانی بێئومیدی داخراون، ناتوانن خۆیان لە فانتازیا و ئەدەبی ڕاستەقینەدا زیندووبکەنەوە، بۆیە شاعیر چیتر نایاناسێت، دەکەونە دەرەوەی بازنەی فانتازیا، لەتەک خەیاڵدا لێکەوتن ئەنجام نادات، لەنێو دوو کەوانەدا دیاریدەکات، بە سەرسووڕمانەوە دەڵێت ئەوە کێیە ژیانە، بەرپرسی شاعیر لە پرسی چیگووتن و جوانگووتندا، لە گەشتە شیعرییەکەیدا لە دیمەنێکی ناوازەدا، بە چاوگێڕانەوەیەکی نێو موسافیرخانە، لە ڕیچکەی لادانی واتاییەوە، لە گرتەیەکدا ئەدگارەکانی لێکچواندن و خواستن دستبەردەکات، دەڵێت:
قفڵی داخراو، بە کلیل دەڵێ
وەرە بخزیوە نێو گیانمەوە
بسوورێ بە نێو بەنی هەناومەوە
با رووناکی بگەڕێتەوە ئەو ژوورەی لە تاریکی ترساوە
پاڵکەوتووانی هەڵسنەوە سەر پێ
چیتر باویشک نەدەن لە نێو جێ
ئەی ئەوانەی دۆستی چرا و گوڵ و خۆرن
ئێوە لەگەڵ تاوان و بەدگۆیدا ناجۆرن !!
گەر وێنەی ئەدەب، شیعر بە تایبەت، ڕەنگدانەوەی وێنەی ئەوی ژیان بێت لە منی شاعیردا، دڵەڕاوکێ و بێهودەیی لێبکەوێتەوە، مانەوەی ژیان بەم شێوەیە لە خود دا یەکنایەتەوە، نە لەتەک ناسنامەی شیعرەکەو ناونیشانەکەی، نە لەگەڵ چەمکی گشت و سەفەرکردندا، سەفەرکردن داخراو نییە لە شوێنێکدا، بەڵکو پرۆسەی گەڕان و گۆڕین و کرانەوەیە بە ڕووی دنیا دا، ئەزموونی تازەیەی دەوێت، خۆ تەکاندنە لە گەردو تۆزی ڕابردوو، خۆپاککردنەوەیی دەروونە، ئیلهامە، تیمارکردنی نەرسیسی بریندارە، “موحسین ئاوارە” زیرەکانە لە ڕێگای “خوازەی ژیرییەوە” مامڵەی لەگەڵدا دەکات، “خوازەی ژیرەیی” هەر وەک عبدولعەزیز عەتیق دەڵێت “بریتییە لە دانەپاڵی کار، یان هەرشتێکی دی کە هاوتای کارەکە بێت، جگە لەوەی بۆی دانراوە”5، خۆنووساندنی شاعیر بەم سیلەنیگایەوە، پێدزێکی لەبارە بۆ گوزارشتکردن، لەو ئاخاوتنەی کە دەتوانێ ئەو واتا باوانە تێپەڕێنێ کە پێی ناسراون، مانایەکی دیکە بخاتە سەر واتاکە کە هەڵگری وشە بەکارهێنراوەکەیە، لە وێنەیەکدا بە کردەی دانەپاڵ لە بەکارهێنانی خوازە بەپەیوەندی ئامێری، وشەی قفڵ بەکاردەهێنێ، قفڵ بنڕێژی هێمای نیشانکەرێکە”دالە” ئاماژە بە بنیادی جوومگەکانی گووتاری هۆنراوەی داخراو دەکات، بە دیوێک قفڵ وەک نیشانکەرێک وێنەی خۆیەتی، نەرسیس و بەهرەی شیعری بە نیشانکراوی”مەدلول” نەبێ کە کلیلە ناتوانێ خۆی لە وێنەکە جیاکاتەوە، بە دیوێکی تر، بە بەکارهێنانی کلیل، گومان بە یەقینەوە پەیوەستدەکات، گووتاری هۆنراوەکەی بە ئاخنینی کلیل لەنێو قفڵ دا دەکاتەوە، کلیل وەک نیشانکراوێک بانگەشەی کارکردنێکی ئەکتیڤی خەیاڵ و فانتازیایە، پەڕینەوەیە لە واقیعی داخراو، بۆ خەیاڵ و خەونی بەربڵاو، ئەوە قفڵی داخراوی واقیعە، ئاخاوتن لەتەک کلیلی ڕزگارکەری خەیاڵ دەکات، ئەوە خودی دەقە، گوزارشت لە تەنیایی خۆی دەکات، وێنەی خۆی لە ئاوێنەی واقیع جیادەکاتەوە، بە کلیل دەڵێت وەرە ناو منی شاعیرەوە، تا لە ئەوی تر جیابمەوە، پۆلگرتنی ئومێد لە ئێستای زەمەنی نووسینی شیعردا، بەرخوازێکە، هێشتا نە هاتووەتە دی، ئەگەری شوێنێک لە بۆشاییەکانی دەقدا فەراهەمدەکات، دەروشانەوەی خەیاڵ دەکاتە بزوێنەری گەڕانەوەی ئومێدێک کە لەچوارچێوەی فاکتێک دا، ڕووناکی دەبەخشێت، لەنێو نەستی شاعیردا یەقدەداتەوە، گووتاری ئەوی دیی هەڵدەگرێ، کە پێشتر ئامبازی تاریکی بووە، سڵی لێکردووە، نائارامی پێ بەخشییوە، تاریکی ترس و نارەحەتییە، شاعیر لە کرانەوەیەکی بژوێنەردا، وەک نووسەرێک، لەنێو کردەی نووسیندا، بەدیوێک بیر لە پێگەی خۆیدەکاتەوە، ووریا دەبێتەوە، بەدیوێکی دیکە، بیر لە بەشێک دەکاتەوە کە موسافیری نێو دەقی سەرکەوتوو نین، بێئاگان لە سەفرەکەی نووسەر، بە حسێبی وەرگر، بنووس داوای ووریابوونەوەو هۆشیاریان لێدەکات، دەق شوێنی ئەوەی تێدا نییە، تێیدا بخەویت یان باوێشک بدەیت، لە کۆتایی دەستبژێرێک دا، ئەو وەرگرانە، بۆشاییە تاریکەکانی واقیع بە خەیاڵ و فانتازیا پڕدەکەنەوە، بە کاریگەری تەمەڵی و پاشکۆکانی، گەشتی سەفرەکەی ئەدەب، لە ڕێساکانی نووسەر، وەرگرو دەق تێکنادەن، لەنێو خودی هۆشیارییەوە، ئاشق و مەئشوقی سروشت و ڕووناکی و خۆرن، کە هەردووکیان بە جووتە دوو دیوی یەک دونیان، کە لەتەک تاریکی و ناپاکی دا یەکنایتەوە، کاتێ بەم ڕێچکەیە لە ڕێگای دەقەوە وەرگر ئاگادار دەکاتەوە، لە گومانەوە دەیانپەڕێنێتەوە بۆ یەقین، لە تاریکییەوە بۆ ڕووناکی، لە داخرانی دەقەوە بۆ کرانەوە، لە تاک ڕەهەندییەوە بۆ فرە ڕەهەندی، پەیگیری وەرگر بەم ڕێرەوە، پارادۆکسێ لەتەک چەمکی تێنەگەیشتن لە دەقدا دروستدەکات، کە شاعیربە تاوان و بەدگۆیی دەیخوێنێتەوە.


ئابی 2022

——————————
ژێدەرەکان
1 ـ موحسین ئاوارە ـ عەترێکەو لەنەوەی گوڵخانە ـ چاپخانەی ڕۆژهەڵات ـ هەولێرـ ساڵ 2019 ـ لاپەڕە 12
2 ـ کاروان عومەر کاکەسوور، دواڕۆژ کاکەسوورـ سوارەکان بە قاچاغ بووکیان گواستەوە (ڕۆمان) ـ چاپخانەی ڕۆشنبیری ـ هەولێرـ ساڵ 2011 ـ لاپەڕە 9
3 ـ بەختیار عەلی ـ جوانییەکانی ناڕێکی ـ چاپخانەی تاران ـ چاپی یەکەم ـ ناوەندی ڕۆشنبیری ئەندێشە ـ سلێمانی ـ لاپەڕە 89
4 ـ بەختیار عەلی ـ زنجیرەکانی دۆنکیشۆت ـ چاپخانەی ئەڵوەن ـ چاپی یەکەم ـ ناوەندی ڕۆشنبیری ڕهەند ـ سلێمانی ـ لاپەڕە 154
5 ـ ئیدریس مەحەمەد رەزا ـ وێنەی شیعری لە دیوانی “تەمەن”ی ئەحمەد مەحەمەد داـ چاپخانەی چوارچرا ـ چاپی یەکەم ـ هەولێرـ سال 2021 ـ لاپەڕ 98

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish